ئارامتر بخوێنەوە

بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە زاری چالاکێکی مەدەنی

وێڕای سپاس. جەنابت لە نزیکەوە ئاگاداری کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان بووی. تکایە بیروڕای خۆتان سەبارەت بە چۆنییەتی دروست بوون و کاریگەریی ڕێکخراوەکانی مەدەنی لەسەر کۆمەڵگای کوردی بفەرموون.

کوردستان کە وڵاتێکی بێ‌دەوڵەتە. دەبوا بۆ قەرەبووکردنەوەی کەلێن و بۆشاییەکان چەندین هێندەی ئێستا، ڕێکخراو و بزاڤی کۆمەڵایەتی لە گۆڕەپانی چالاکییەکاندا هەبوایە و بەهێز و وزەیەکی زیاترەوە تێکۆشانیان بکردایە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر بەراوردێکی سەرپێیی و خێرای بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بکەین دەبینین کە ڕۆژهەڵات هەم لە ئاستی چوارپاچەدا و هەم لە ئاستی ئێراندا زیاتر لە هەموو نەتەوەکانیتر ڕێکخراوی مەدەنی و کۆمەڵایەتی هەیە. لە دەیەی حەفتای هەتاوی بەدواوە، دەیەی سەرهەڵدان و تەقینەوەی بزاڤە ناحوکوومی و مەدەنییەکان بوو لە کوردستان.

لە دوای خەباتی سەخت و خوێناوی دەیەی شەست و ئاگربەستی شەڕی ئێران و عێراق و هەروەها کاڵبوونەوەی خەباتی چەکداریی، باڵی نەرمئامێری گەل لە ڕۆژهەڵات بە هێز و لەخۆبوردووییەکی زۆرەوە لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت قوڵایی ستراتێژیکی ئێراندا (تاران و زانکۆکان) لە قەوارەی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا سەریان هەڵدا و هاتنە گۆڕەپان. پێش لە هەموو باسێک دەبێ دان بەو ڕاستییە دابنێین کە بزاڤە کۆمەڵایەتیەکان لە سەرەتادا هەموو وزە و ورە و مێکانیزمەکانی کارکردنیان لە ژێرکاریگەریی بزوتنەوە نەتەوەیی کوردستان دابوو.

چەخماخەی بزوتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردی بە پێکهێنانی ناوەندی ڕۆشنبیریی سەلاحەدینی ئەیوبی لە ورمێ دەستی پێکرد. مامۆستا هێمن کە یەکێک بوو لە ئەندامانی کۆنگرەی چوار کە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دابڕابوون، وەک بەرپرسی ئەو ناوەندە چالاکیی دەست پێکرد. دەسەڵاتی تاران ویستی لەو هەلە کەڵک وەرگرێ و بە دروستکردنی بزاڤێکی مەدەنی و ڕۆشنبیریی، کەلێن و بۆشاییەک لە نێوان بزوتنەوی نەتەوەیی و چینی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستی ناوخۆدا دروست بکات، بەڵام بە هۆی ڕەسەنایەتی ڕۆشنبیری کوردی، نەک ئەو ویستە نەهاتەدی بەڵکوو بزوتنەوەی ڕۆشنبیریی هەم بوو بە سەرانسەریی و هەم بوو بە یارمەتیدەر و پێشڕەوی خەباتی نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

بە گشتی لە سەردەمی شادا بزاڤێکی ڕۆشنبیریی ئەوتۆ سەریهەڵنەدا کە لێرەدا شایانی ئاماژە بێت. ناوەندی سەلاحەدینی ئەیوبی ڕۆڵێکی گرینگی لە ڕۆشنبیریی کوردی و خزمەت بە زمان و کلتووری کوردیدا گێڕا. کار و چالاکی ئەو ناوەندە لە ورمێ و موکریانەوە قەتیس نەمایەوە، بەڵکوو بەشە خوارووەکانی کوردستانیشی گرتەوە.

 هاوکات و لە دوای ناوەندی سەلاحەین،  ناوەندگەلی دیکە وەک بڵاوگەی ئیحسان و کوردستان هاتنە نێو بەرەی ڕۆشنبیریی کوردییەوە کە ئەو دو ناوەندە زیاتر لە بواری مەزهەبی و ئەدەبییدا جێ پەنجەیان دیار و بەرچاوە.

لە سەرەتای دەیەی 70ی  هەتاوییدا لە شارەکانی کوردستان ئەنجومەن  و ناوەندگەلی ئەدەبی ـ فەرهەنگی دەستیان بە چالاکیی ئەدەبی و فەرهەنگی کرد و بەرەیەکی دەروەست و ئەدەبپەروەریان ڕاهێنا و پەروەردە کرد. بە هۆی زۆربوون و چوونە سەری ڕێژەی خوێنەران و نووسەرانی کوردی نووسەوە، بێجگە لە  گۆڤاری سروە، گۆڤاری ئاوێنە و دو حەوتەنامەی وەک ئاویەر و سیروان بوونە زمانحاڵی قەڵەم بە دەستانی کورد. جێی خۆیەتی لێرەدا ڕۆڵی ڕادیۆ کوردییەکانی سنە، مهاباد، کرماشان و بەغدا کە لەو سەردەمەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبیسران، بەرز بنرخێنین. وێستگەکانی ڕادیۆ، بە هۆی بڵاوکردنەوەی چیرۆک، شێعر، گۆرانی، سرود و وتووێژی تایبەت بە ژیانی لادێ و کشتوکاڵ، دەورێکی گرینگییان لە سەر زیندوو ڕاگرتنی هەستی نەتەوەیی لە سەر هەموو بەردەنگی کورد بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە دادەنا و تەنانەت بە هەموو زاراوە کوردییەکان بەرنامەیان بڵاو دەکردەوە.

بزوتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵات ئێستا لە چ ئاست و بوارێک دایە؟

پۆلێن کردنی بزوتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵات لە ئاستی بەربڵاو و گشتییدا سێ بڕگە دەگرێتە خۆ. یەکەم: دەیەی حەفتا کە بڕگەی یەکەمە و دەتوانین بڵێین هەموو چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان کە لە دەیەکانی پێش حەفتا بە شێوەی پچڕپچڕ و تاکەکەسی و لە زمانی ڕادیۆ و گۆڤارەکانەوە ئاراستەی جەماوەر کرابوو، لە دەیەی حەفتادا بە هۆی دروستبوونی ئەنجوومەن و بنکە ڕۆشنبیرییەکانەوە چەقی بەست و کاناڵیزە کرا. دەیەی حەفتا دەیەی بناخەی بزاڤی مەدەنی و کۆمەڵایەتییە. دروست بوونی ژێرخانی فەرهەنگی لە دەیەی حەفتادا لە سەر پاشخانێکی دەوڵەمەند و نەشەمزاوی کۆمەڵگا پێکهات و بە بڵاوبوونەوەی دەیان دیوانی شاعێران، شانامەی کوردی، شەرح و شرۆڤە لە سەر ئەدەبی کوردی، بڵاوکردنەوەی چەندین فەرهەنگ و وشەدانی کوردی و هتد، بە ڕاستی نەوەی نوێی بە ڕابردوو گرێدرا. ڕۆڵی مامۆستایانی ئاینی بێجگە لە گەشەدانی ئەدەبی کوردی، لە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز و تەفسیر و شرۆڤەی کتێبە ئاینییەکان بە زمانی کوردی دیسانەوە وەک بزوێنەرێک لە خزمەت ئەو ڕەوتە ڕۆشنبیرییەدا باسێکی تایبەتی دەوێت.

 سوارە، ئەحمەدقازی، ئاسۆ،عەتا نەهایی، فەتاح ئەمیری، ماجد ڕۆحانی و سەدان قەڵەم بەدەستی دیکە پەروەردەی قوتابخانەی کوردایەتی هەژار، هێمن، حەقیقی، زەبێحی و گەورەکانی دیکەن.

قۆناخی دوهەم دەیەی هەشتای هەتاوییە. بە هۆی زۆربوونی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران و کوردستاندا بزوتنەوەی ڕۆشنبیری کوردی بە ئەنجومەنەکانەوە نەبەسترایەوە، بەڵکوو خوێندەوارانی کورد لە ئاستێکی بەربڵاو و ئاکادیمیکتردا بزوتنەوەی مەدەنی ـ فەرهەنگی کوردستانیان گوازتەوە ناو قوڵایی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی. بە دەیان ناوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری لە زانکۆکانی تاران، تەورێز، ئیسفەهان، کرماشان، ورمێ و سنە پێکهاتن. بە دەیان گۆڤاری تایبەت و پسپۆڕانە بە زمانەکانی کوردی و فارسی بڵاکرانەوە. دەیان کۆنگرە و کونفراسی تایبەت بە پرسی کورد لە زانکۆکان بەڕێوەبەران. بە سەدان و هەزاران خوێندکار بڕوانامەی نووسین و خوێندنی زمانی کوردییان بە شێوازی ئاکادێمیک بە دەست هێنا. گرینگترین و پڕبایەخترین خاڵی ئەو قۆناخە، گەیاندنی هەستی نەتەوەیی و ڕۆشنبیریی کوردی، لە لایەن خوێندکارانەوە بە خوێندکارانی بەشە لەبیرکراوەکانی دیکەی کوردستان وەک ناوچەکانی ئیلام، کرماشان، لوڕسانات، کوردەکانی خۆراسان، تاران و هتد بوو.

 بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان بێجگە لە زیندوکردنەوەی شعووری کوردی، کاریگەریی و شوێنیان لە سەر خوێندکارانی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران دانا و بە جۆرێک ئەوانیان بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکانی خۆیان هاندا. لاوانی دەروەستی ئەو قۆناخە بێجگە لە بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی لە ئاست کوردستاندا دەیان کتێب و توێژینەوەی زانستی  ئاکادیمییان لە سەر پرسی کورد لە ئاستی ئێراندا بە زمانی فارسی و لە ئاستی جیهانییدا بە زمانی ئینگلیزی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکاندا بڵاوکردەوە. بە گشتی ئەو بڕگەیە بۆ کورد پڕ دەسکەوت بوو.

قۆناخی سێهەم لەو پۆلێنبەندییەدا قۆناخێکە کە بە هۆی گەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە شەوق و تامەزرۆیی کاری دەستەجەمی دائەبەزێ بۆ نێو دنیای مەجازی و چالاکییە فەرهەنگی و مەدەنییەکان، تاکەکەسی و تایبەتی دەبێتەوە. ئەگەر لە قۆناخی دوهەمدا بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک تێچووی مرۆیی و ماڵی دەویست لەو قۆناخەدا هەر کەسێک بە درووستکردنی پەیج و لاپەڕەیەکی تاکەکەسییەوە بە ئاسانی ئیدە و بۆچوون و وتارەکانی بڵاو دەکردەوە و دەیگەیاندە بەردەستی خوێنەر. لەو بڕگەیەدا ڕێژەی گۆڤارە زانکۆییەکان بە تەواوی کەمڕەنگ بۆوە، تەنانەت ئەو دیاردەیە کاریگەریی لەسەر بڵاوکراوە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا هەبوو. لەو بڕگەیەدا بە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ژینگەییەوە، ڕێکخراوە سەوز و ژینگەییەکان چالاکیی مەیدانیان چڕوپڕتر بۆوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چ کاریگەرییەکیان بووە؟

دەستپێڕاگەیشتنی هەمووان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گشتگیربوونەوەی چالاکییەکان، کاریگەریی خێرای لە سەر ڕۆشنبیریی لاوان و نەوەی نوێ دانا. تایبەتمەندیی سەرەکی ئەو قۆناخە، خێراییە لە گەیاندنی زانیاری بە نووسراوەی کورت و دەنگ و ڕەنگەوە، کە کاریگەریی ئەو شەپۆلە لە خۆپیشاندانە مەزن و سەرانسەرییەکانی ئێراندا ڕەنگدانەوەی هەبوو. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندە پرسی زمان و فەرهەنگ و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانیان زەق و بەرجەستە کردەوە، لە بەرامبەریشدا بە سڕکردنی هزری لاوان گۆشەگیری و دوورەپەرێزی لە کاری کۆمەڵایەتی لە نێو لاواندا سەقامگیرکرد و دیاردەگەلی وەک کتێب خوێندنەوە، نووسین و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی لە نێو بەرنامەی لاواندا سڕیەوە.

بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات تەندرووستتر لە هەموو بەشەکانیتر هاتۆنەتە گۆڕەپانەوە. ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستانی باشوور درێژەی ئەحزاب و زمانحاڵی دەسەڵاتن، لە باکوور بە هۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیای پەکەکەوە بزاوە کۆمەڵایەتییەکان هەم ڕێژەیان کەمە و هەم ئیدئۆلۆگن . لە تورکیا دەرەتان بۆ چالاکیی ڕێکخراوەکان لە ئێران زیاترە و لە ئیستەدا ڕێکخراوەکان لە حاڵی گەشەدان بەڵام ڕەنگ و بۆنی کوردییان کەمتر پێوە دیارە.

هیچ جیاوازییەک لە  دەورە جیاوازەکاندا هەبووە؟

 لە قۆناخی دوهەمی بزوتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردیدا، ڕێژەی بەشداریی ژنان هەم لە نێو بزاڤدا و هەم وەک هزروبیر بەرزتر بۆوە. دروستکردنی ئەنجومەنی ژنان لە هێندێک شاری کوردستان و چاپ کردنی گۆڤاری تایبەت (ڕاسان ) بە پرسی ژن، بێجگە لە نووسینی سەدان بابەتی تایبەت بە پرسی ژن، نموونەی چالاکیی ژنانە. کاریگەریی بزوتنەوەی سیاسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات بێگومان لە هەموو بڕگەکاندا هۆکاری وزە و ورەی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بووە. لەماوەی ئەو چەند دەیەدا بە سەدان چالاکی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان تووشی گرتن و هەڵاتن لە وڵات بوونەوە. عەدنان حەسەنپوور حووکمی ئیعدامی بۆ دەرکرا و پاش دە ساڵان لە زیندان ڕزگاری بوو. ژینگەپارێزانی مەریوان و هەورامان لە ئاگری نەزانیی داگیرکەراندا سووتان، بە دەیان گۆڤار و دەرگای ئەنجومەنەکان داخران، لە بوومەلەرزەکەی کرماشان و لافاوەکەی لوڕساناتدا  ڕێکخراوە مەدەنی و خێرخوازییەکان هێز و ڕاستەقینەبوونی خۆیان سەلماند.

 لە دەییەی هەشتا بەدواوە بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆی تێکەڵبوون دەگەڵ بزاڤە سیاسییەکان، ڕادیکاڵتر بوونەوە و بوونە زمانحاڵی ئەحزاب. گرتن و ئەشکەنجە و هەڵاتنی چالاکە کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەییەکان لە دەیەی نەوەدی هەتاوییدا زیاترین ڕێژەی تۆمار کردووە.

خاڵی لاوازی ڕیکخراوە مەدەنییەکان چییە؟

لە ڕاستییدا دەبێ بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان هەم لە باری ڕێکخستن و هەم لە باری هزرییەوە سەربەخۆ بن و لە پەیام و بەرنامەی کاریی خۆیان لانەدەن و دەستێوەردانی بوارەکانی دیکە نەکەن. وادیارە هۆکاری توندوتیژبوونەوەی بزاڤە مەدەنییەکان، کەم بایەخ دانان و گوێنەگرتنی ویست و داخوازەکانیانە لە لایەن دەزگای دەسەڵاتەوە.

 بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان سەرمایەی مەعنەوی کۆمەڵگان و هەر وڵاتێکیش بە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان دەوڵەمەند بێ ئەوە نیشانەی زیندویی و گەرم و گوڕیی لەشی کۆمەڵگایە. ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، لاوان و ژنان، ڕێکخراوە زانستی، توێژینەوەیی، هونەری، وەرزشی و هتد، هەریەک بۆ خۆیان دەتوانن ببنە سێبەر بۆ بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا و لە پەروەردە و ڕاهێنانیاندا ڕۆڵیان هەبێ. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان دەرەتان بۆ چالاکی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پێک بێت بێگومان کولتوور و ناسنامەی کوردی لە هەموو بوارکاندا دەگەیەننە لوتکە. ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان هەم گرێدراوی زمان، فەرهەنگ و عورفی کۆمەڵگای کوردین و هەم داهێنەر و بونیاتنەری هزر و بیرۆکەی سەردەمن.

 حیزبی سیاسی دەبێ سنووری تێکەڵی و نزیکی لە هەمبەر بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بناسێ و تا ئاستێک دەستێوەردان لە کاروبارەکانیاندا بکات کە ببنە هۆی هاندان و بەرزکردنەوەی ورەیان نەک ئەوەیکە لە ڕێبازی ڕاستەقینەیان لایان بدەن.

داهاتووی کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان چۆن دەبینن؟

داهاتووی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ناڕوونە و لە بەرامبەر مۆدێڕنیتە و جیهانیبووندا ڕوون نیە بەڕەو چ ئاقارێک دەڕۆن. ئەوەیکە گرنگە ئەوەیە کە ڕابڕدووی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پرشنگدار و بەڕێزە.

هەڵوێستی دەوڵەت سەبارەت بە کاروچالاکیی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان ناڕوون و گوماناوی و دوور لە پرینسیپ و یاساکانە. بەرنامە و پێڕەوی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان پێشوەختە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی ئیرشادەوە ئامادە کراوە و هەیئەت مودیرە و گروپی بەڕێوەبەر لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەتدا دەبێ ڕەچاوی ئەو یاسا و بەندانە بکەن. بە هۆی ئەوەیکە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکی و ناحوکوومین، خەرج و  تێچووی کاروبارەکانیان لە ئەستۆی بەڕێوەبەران و خەڵکی کوردستانە. کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوە هەوڵ دەدا  مۆڵەت و کاروچالاکیی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان وەک دوایین مافی نەتەوەیی و یاسایی کورد پێناسە بکات و پرسی نەتەوەیی بچووک بکاتەوە بۆ بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. کاروچالاکیی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان بێجگە لەوەی بەردەوام لە ژێرچاوەدێری نهێنی دەزگا ئەمنییەکان دایە، دەبێ هەموو بەرنامە و کارەکانیان لە فیلتەر و چاوەدێریی ئۆرگانە پێوەندیدارەکانەوە تێپەڕێ و گوڵبژێری بەرهەم و نووسراوەکان بکەن. لە ئیستادا مەریوان بە هۆی زۆرترین ڕێکخراوی کۆمەڵایەتییەوە، بە شاری ڕێکخراوەکان ناسراوە و ئاستی بەربڵاوی کار و چالاکیی ڕێکخراوەکان، کاریگەریی لە سەر گشت شارەکانی کوردستان داناوە. سەبارەت بە کاروباری ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بە شێوەی فرەڕەهەند و مەیدانیی لە سەریان بنووسرێ و توێژینەوە بکرێ.

داگرتنی بابەت