ئارامتر بخوێنەوە

زانست و چالاکی: دوورەدیمەنێکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

لۆرێنس کاکس

زانستگای نەتەوەییی ئیرلەند، مەینووس ئیرلەند

وەرگێڕان: چیا ڕۆژهەڵات


کورتە

ئەم وتارە چۆنیەتی کەڵک‌وەرگرتنی بارکێر و کاکس لە جیاوازییدانانی گرامشی لە نێوان ڕووناکبیری نەریتی و ئۆرگانیکی تاوتوێ دەکا، بۆ ئەوەی لە پێوەندی لەگەل بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵسەنگاندن بۆ جۆرەکانی تیۆریدانانی چالاک و ئاکادێمیانە بکرێ. جیاوازییەکە، کە زۆرجار وازاندراوە هێرشێکە بۆ سەر کار و نووسینی بژاردە تاکەکەسییەکان، لەڕاستیدا مەبەستیەتی کە ئەو ئامانج، بەردەنگ، و پێوەندییە کۆمەڵایەتییە جیاوازانە زەق بکاتەوە کە بەهۆی ئەم جۆرە لە سازکردنی تیۆرییەوە درووست بوون. ئەو وێژمانانەی کە “زانست” بە خاڵی دەستپێک دەزانن، جۆری “چالاکانە” وەک هەڵبژاردنێکی تاکەکەسی لە بەستێنێکی دامەزراوەییدا دەبینن، و ئەم گرێدراوییە ئەخلاقییە دەخەنە جێگای هەڵسەنگاندنێکی کاریگەری سیاسییەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، ژمارەیەکی کەم لە ئاکادێمیسییەنەکان ئەو هێڵی چەمیوی فێربوونی سیاسییەیان[1] ئەزموون کردووە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەیخەنە بەردەست. سەرەڕای هەر جۆرە پشتبەستنێکی تاقیکارانە یان ڕوناکبیرانە، ئەمە ڕەنگە هۆکاری مانەوەی بەربڵاوی بڕوا بە “زانستێکی ڕەخنەگرانە”ی دابڕاو لەوەی کە کێ نوێنەرایەتیی دەکات ڕوون بکاتەوە و، لەپێناو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکاندا ئاراستەی داڕشتنی سیاسەت و ڕاگەیاندنە سەرەکییەکان وەک بەردەنگی سەرەکی و گرێدراویی بێئەملاوئەولا بە چوارچێوە دامەزراوەییە هەنووکەییەکانەوە پێک دێنێ. ئەم وتارە، بە کەڵکوەرگرتن لە سێ دەیە بەشداری لە بزووتنەوەکاندا و باس لە دوو کاری ئاکادێمیک، دوو پێڤاژۆی ڕاهێنانی چالاک لەناو ئاکادێمیادا دەکا. هەروەها باس لە ڕێکارەکانی ئەزموونە جیاجیاکانی بڵاوکردنەوەی تیۆریک بۆ بەردەنگی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. باسەکە لەسەر کۆنترۆڵی “ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی هزری”، و سیاسەتەکانی دابەشکردن ورد دەبێتەوە (مارکس ،١٩٦٥). بەشی کۆتایی بەدوای ئاماژە بەربڵاوترەکانی ئەم ئەزموونانە لە پێوەندیی نێوان بزووتنەوەکان و توێژینەوەدا دەگەڕێت.



وشە کلیلییەکان

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، فێربوون و بەرهەمهێنانی و زانیاری، گرامشی،  ڕووناکبیرانی ئۆرگانیک، زانستی چالاکانە .


پێشەکی : ڕۆمییەکان تا ئێستا چییان کردووە بۆ ئێمە؟

کاتێک من و کالین بارکێر ١٥ ساڵ پێش ئێستا ئەم پرسیارەمان کرد (Barker and Cox ,2011,  لەمەو بەدوا بەم وتارە وەک ڕۆمییەکان سەرچاوە دەدەم)، پێمان وانەبوو تیۆریی ئاکادێمیکی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هیچ یارمەتییەک بە تێگەیشتن لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نادات؛ بەڵکوو بۆ پیشاندانی ئەوە بوو کە یارمەتییەکانی بەدیاریکراوی کامانەن؟ ئێمە کەڵکمان لە جیاوازیدانانەکەی گرامشی (١٩٧١) وەرگرت کە ڕووناکبیری نەریتیی (ئەوانەی کە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبەسترانەوە بە تاقمە کۆمەڵایەتییە لەپێشووەکانەوە بەڵام هەمووکات نامۆ یان سرووشتی بوونەتەوە و وازانراوە کە لەسەرەوەی کۆمەڵگادا جێگایان هەیە) لە ڕووناکبیری ئۆرگانیک (ئەوانەی درووستکراوی تاقمی نوێی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن و نوێنەرانی هەردوو کاپیتالی مۆدێڕن و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە بەستێنی کۆمەڵگادا لەخۆ دەگرن) جیا دەکاتەوە. لە ڕێگەی تیۆریزەکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەو پێوەندییە کۆمەڵایەتییانەی ساز بوون، بەم شێوەیە دیاری دەکرێن: ئا) پەیوەندی ئاکادێمیک – کە لە کۆتاییدا لە لایەن پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئاکادێمیاوە، وەک دامەزراندن، تەرخانکاری، بڵاوکراوەی زانستی، پێشنیاری ماڵییەوە فۆڕم دەگرن؛ و ب) پەیوەندی چالاکانە  – کە لە کۆتاییدا لە هەناوی پێوەندییەکانی ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە فۆڕم دەگرن. باسی ئەوەمان کرد کە ئەم پێگە کۆمەڵایەتییانە لەگەل جۆرە جیاوازەکانی درووستکردنی زانیاری بۆ ئامانجی کۆمەڵایەتیی جیاوازدا یەکیان گرتووە کە بە شێوازی زانیارییەکان فۆڕم دەدەن . بە سەرنجدان بە میناکی دیاریکراوی جۆراوجۆر، بەتایبەتی ئەزموونی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ناتوندوتیژی باشوور (SNCC)، “تیۆریزەکردنی بزووتنەوە”مان وەک “لایەنێکی کارێک کە خەڵک بەئامانجی درووستکردنی دامەزراوە (بزووتنەوەکان) دەیکەن و لەو ڕێگایەوە (ناڕاستەوخۆ، لەڕێگای گۆڕان لە نەزمی کۆمەڵایەتیدا) ئەو پێویستییانە دەناسن کە تا ئێستا پێیاننەزانیون “، لێكداوەتەوە . (Barker and Cox , 2011 ,p.31) .

 وەڵامی ئاکادێمیک و چالاک بە ئەم باسوخواستانە ڕێنوێن بوون. لە لایەکەوە، ئەم نووسراوەیەم سەرەڕای بڵاوکردنەوەی تایبەتی بۆ “سامیزدات” بۆماوەی یەک دەیە پێش ئەوەی دیسان لە ماڵپەڕی ڕێکخراوێکی ناحکوومیی فەنلاندیدا بڵاو ببێتەوە، زۆرترین پشتی پێ‌بەستراوە. سەرەڕای ئەو شتانەی من نووسیومن توێژەرە چالاکەکانیش لە باسکردن لە ئەزموونی تایبەتیی خۆیان لەناو ئاکادێمیادا، کە بە ئاسانیش دەستیان نەخستووە، وەها باسیان کردووە بۆم کە: بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆیاندا بەرهەمهێنەری زانیارین  (Everyman and Jamison,1991; Wainwright , 1994) بەڵام ئەمە زۆر کەم لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ڕۆژانەکانی بەرهەمهێنانی زانیاریی ئاکادێمیکدا پێیدەزانرێت.

 لەلایەکی ترەوە، توێژەرە ئاکادێمیکە تۆخەکان پێیان خۆش نەبوو کە ناوی کۆمەڵناسیی زانیاری (ئەو بۆچوونە ڕەخنەگرانەیەی کە چۆن پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەناو هەر جۆرە زانیارییەکدا،  لە بۆچوونەکان لەسەر لەشساغیەوە بگرە، تا ڕێوشوێنی ئاساییە ڕۆژنامەوانییەکان، زانستە سرووشتییەکان، و دین، بەرهەم دێت) بۆ کارەکانیان  بەکار ببرێت. زۆربەی کات هەروەک بکەرە کۆمەڵایەتییەکلانی تر، ئارێشە درووستکردن بۆ بۆچوونە جێکەوتووەکان، بۆ چالاکییە ڕۆژانەکانیش نەخوازراوە (Garfinkel , 1967). تەنانەت باوترینی ئەم وەڵامە بەرگریکارانانەیەش کۆمەڵناسییەکی زانیاریی جیاوازیان بەرهەم نەهێنا، لەبریی ئەوە  ئا) هەرجۆرە دابەشبوونێکی نێوان ئاکادێمیا و چالاکییان ڕەتکردەوە، وەک ئەوەی پلاندانان بۆ کردەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەبنەڕەتەوە هەر شتێکە وەک پێدانی پێشنیاری یارمەتی ئابووری، یان ب) جیاوازییەکانیان وەها لێکدایەوە کە گوایە پێوەندییان بە ڕەواییی ئەخلاقیی هەڵبژاردنە تاکەکەسییەکان بۆ کارکردن بەشێوەی جۆراوجۆرەوە هەیە. کاتێک توێژەرە “کاردانەوەیی”، ” ڕەخنەیی “یەکان ئەو پێوەندییە کۆمەڵایەتییانە کە لەناویاندا کار دەکەن دادەشکێنن بۆ پرسی پاساوە ئەخلاقییە تاکەکەسییەکان، ئەمە ئاماژەیە بۆ بنیاتنانی ڕاستییە ئاکادێمیکەکان بەشێوەیەکی کۆمەڵایەتی (Berger and Luckman , 1967) .

زۆربەی ئەم وەڵامانە بەتایبەتی لە هەلومەرجی ئاستەمی زانستگای بریتانیای دوای تاچێردا، لەلایەن ئاکادێمیکەکانەوە باس کران کە لە دیالۆگی چالاک لەگەل بەرهەمهێنەرانی تری زانیاریدا (وەک بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان) کەڵکیان لێوەرنەگیرا و بۆیە زۆربەی کات لە ڕوانین بۆ دنیای کۆمەڵایەتیدا، نوقمبوونیان لە دنیای بەرتەسکی زانستگاییی خۆیانیان دەگشتاند. تیۆریستێکی ڕەخنەگر بەئاشکرا (لە وۆرکشاپێکی چالاک/ ئاکادێمیک لەسەر پەروەردەی ڕەخنەگرانە) ڕەتی کردەوە کە کەسێک لە دەرەوەی نەریتی تایبەتیی ئەوەوە بتوانێت بە هیچ جۆرێک  لەگەڵ ڕاستییە کۆمەڵایەتییە جێکەوتووەکاندا مەودا بگرێت. کەسانی تریش زۆر بەساکاری وەک بابەتێکی سرووشتی و ئاسایی لەگەل پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی زانستگادا هەڵسووکەوتیان کرد (هەرچەندیش خوێندکارەکان ناچار بن ڕابهێنرێن کە چۆن قانوونە ئاڵۆزەکانی بەرهەمهێنانی ئاکادێمیک بەکار ببەن). ئەوەی دەرکەوت ئەوە بوو کە تاقمێکی بکەرە کۆمەڵایەتییەکان کە زۆر ناپەرچدەرەوەن[2] بەسەر ئاڵۆزبوونی پێکهاتەی ئاکادێمیکدا چاویان دەبەستن (لەکاتێکدا لە هەلومەرجەکانی تردا کاتێک بۆ سەرکەوتن لە باسەکاندا شەڕیان دەکرد ، خۆیان گلەییشیان لەو ئاڵۆزییە هەبوو). هەروەها باس لەوە دەکرا کە جیا لە پێکدژی، جیاوازی نێوان زانستگاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا نەماوە.

ئەو توێژەرە پەرچدەرەوەییانە[3] کە ڕیشەیان لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە، زۆرتر بەدوای ئەوەوە بوون کە سنوورە لێڵ و دووبەشبووەکان تێپەڕێنن. لێرەدا من پێموایە کە سەرلێشێوانێکی پێکهێنەرانە هەیە. دیارە ڕەنگە تاکەکان تێکەڵی کۆمەڵە پێوەندییەکی جیاجیا ببن، بەڵام زۆر هەڵەیە ئەگەر پێمانوابێ زانیاری لە دەرەوەی وەها پێوەندیگەلێکدا بەرهەم دێت، یان ئەو ڕیچکانەی کە زانیارییان تێدا بەرهەم دێت، ئەو بەردەنگانەی پاڵپشتن و متمانە بە زانیارییەکان و بڵاوبوونەوەیان دەدەن. ئامانجەکەیان لەبەر هۆی بەرهەم هاتنیانەوە نییە وکار لەسەر ناوەرۆک و ئەو کەڵکە سیاسییانە ناکەن کە هێشتا بەکار نەهاتوون. دەکرێ بپرسین کە ئەگەرچی ڕەنگە زانیاری بتوانێت لە ئەو ڕێگایانەوە بەرهەم بێ کە لەناو هەردوو کۆمەڵە پێوەندییەکەدا [ئاکادێمیا/چالاک] کار دەکا، بەڵام ئەمە لە وەها پێوەندیگەلێک ڕزگارمان ناکات. لەبڕی ئەوە، پرسیارە ڕاستییەکە دەبێ ئەوە بێ کە سیاسەتەکانی کردەییکردن کامەن، و کام کۆمەڵە پێوەندی و لە چ هەلومەرجێکدا سەردەکەوێت. جیا لە ڕەتکردنەوەی هەبوونی توێژەرەکانی بزووتنەوەکان لەناو ئاکادێمیادا (کە خۆمان سەردەمێک وابووین) بەشێکی سەرەکیی “ڕۆمییەکان” کە نووسیمان تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر ئەو ئاستەنگ و پێکدژییانەی کە ئەم دۆخە سەپاندبوونی.

ئەم وتارە دوای زۆرتر لە دەیەیەک هەوڵدان بۆ بەکاربردنی ئاماژەکانی (ڕۆمییەکان) وەک چالاکێک لە ئاکادێمیادا هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەم پرسیارانە. ئەمە لەسەر بنەمای ئەزموونی تاکەکەسی و بیرکردنەوە لە ئاکار، بە باسێکی کورت لەسەر هەوڵدان بۆ گۆڕینی قەوارەی بواری ئاکادێمیکی خوێندنەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێدەکات؛ دەپەرژێتە سەر ئەو ڕێگایانەی کە تێیاندا تاکەکان ڕەنگە هاوکات خۆیان لەناو هەر دوو کۆمەڵە پێوەندییەکاندا (ئاکادێمیک و چالاک) ببیننەوە؛ و بەدوای دابەشبوونی زانیاریدا وەک ڕەهەندێکی ناوەندیی و ستراتێژیکیی بەرهەمهێنانی زانیاری دەگەڕێت. باسەکە لە ئاکامدا سەرنج دەخاتە سەر هێندێک ئاماژەی بەربڵاوتری بەریەککەوتنی نێوان بزووتنەوەکان و خوێندنی باڵا.

 ئەزموونی تایبەتیی خۆم دەکەوێتە نێوان دوو کۆمەڵە پێوەندی: یەکەم فێربوونی بەربڵاوی بەکۆمەڵ کە لەناو “بزووتنەوەی جیهانیی بزووتنەوەکان”، و چالاکیی کۆمەڵگای چینی کرێکاردا ڕەنگی داوەتەوە و هەر لەو ڕێگایەیشەوە گواستراوەتەوە، کە هەردوو بەڕێگای زۆر جیاوازدا پێوەندییان بە پێڤاژۆی فێربوون، بیرکردنەوە، و ڕاهێنان وەک ئەرکە سەرەکییە سیاسییەکانەوە هەیە؛ و دووهەم ئەزموونە فرەچەشنەکانی ئاکادێمیای ئۆرووپایی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خوێندندا کە سەرقاڵی توێژینەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، و سەیروسەمەرەییە تایبەتەکانی سیستێمی زانستگاکانی ئیرلەندن. من خۆم سەرنجم بۆلای ئەوە دەڕوا کە کاتێک کە بیچمە بزووتنەوە – تەوەرەکانی زانیاری و کردەوە ڕووبەڕووی مەنتقەکانی دامەزراوە ئاکادێمیکەکان دەبنەوە چی ڕوودەدات. وتارەکە لە ئاڵووێرەکانی پشت پەردە لە پێگەی زانستگادا کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی دوورەدیمەنی “ڕوانینی باوی” کردەییی ئاکادێمیکەکان (لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا) و جۆرەکانی پێکدژی[4] کە لە ئاکاری ڕۆژانەدا ڕوو دەدەن، ڕوون بکاتەوە. لەباری تیۆرییەوە، لەبەر ئەوەی لەناو مارکسیزم و فێمینیزمدا پەرەی سەندووە، لە تیۆریی پەروەردەی گشتی، و توێژینەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا کەڵک لە وێژەی بزووتنەوەکان، و فێربوون، و بەرهەمهێنانی زانیاری وەردەگرێت.


ڕوانگەی بزووتنە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پێوەندییە ئاکادێمیک و چالاکانەکان

 بە دڵنیاییەوە دەکرێت کە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڕۆیتە ناو ئاکادێمیا، ئەگەرچی لە هێندێک بواردا لە ئەوانەی تر ئاسانترە. زۆربەی ئەو کەسانەی کارم لەگەلدا کردوون بەزۆری لەپێشدا چالاکن، و دواتر خوێندکار و ئاکادێمیکن؛ ئێمە مەودایەکی زۆرمان لە دامەزراوە زانستگاییەکانەوە هەیە، و هاوکات کە هەوڵ دەدەین خۆمان لە کۆتوبەندی دامەزراوەیی بپارێزین، لە وتووێژی بنیاتنەرانەیشدا پاڵپشتیی یەکتر دەکەین. “وتووێژکردن” بەگشتی وشەیەکی بەئەدەبانەیە بۆ ئەم پێڤاژۆیە. هەروەک ئی. پی. تامپسۆن نووسیویەتی ” کەسەکان ئەگەر بڕیار نەبێت کە لەلایەن تۆڕێکەوە پاڵیان پێوەبنرێت بۆناو پشێوییەکی جیهانی لە گریمانە بەردەستەکانی فەرهەنگی ڕۆشنبیری، دەبێت هەستیاریی خۆیان بەتەواوەتی دەربخەن”( 1978, pp.393-394). هەروەها، ڕێیمۆند ویلیامز تێبینیی هەبوو لەسەر ئاریشەی تێکەڵکردنی گرێدراوییە سیاسییەکان لە شوێنەکانی تردا لەگەل کار لە ئاکادێمیادا: “هەست بە بوونە حەرامزادەیەک دەکەم لە تەنیشتمدا [کەسایەتییەکەی ماتیڤ پرایس]، بەڵام پێموایە یان هیوادارم زۆرتر بتوانم کار بکەم و بەرەو پێش بچم ” (1979,p.295).

هێندێک کەس بە شوناسێکی تەواو “ئاکادێمیک”ەوە  دەست پێدەکەن و دواتر بەرەو چالاکیی سیاسی دەڕۆن، بەڵام ئەوە، لانیکەم لە ئەو بوار و وڵاتانەدا کە من دەیانناسم، و بەهۆکاری جۆراوجۆر زۆر دەگمەنە. ئەگەر هەمووکات و لە هەموو شوێنێکدا لە “کۆمەڵگایەکی [خاوەن ] بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیدا” ناژین (Meyer and Tarrow , 1998)، ئاستەمە لە سەدەی ٢١ دا بەبێ ئەوەی کە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەرکەوتبێت کە کۆمەڵگاکانمان لە کێبڕکێدان، بگەینە زانستگا. خەباتی بەکۆمەڵ و جیاوازیی بیروڕا شتێکی باوە؛ بۆیە کەسەکان بە گرێدراوی یان خۆدوورگرتنی چالاکانە لە ئەم پێکدژییانە بێت، دەبێت کاردانەوەیان ببێت. بەواتایەکی تر، ” سیاسی نەبوون ” بژاردەیەکی بەهێزە، و ئەوانەی کە زووتر لە ژیانیاندا خۆیان لە هاوتەمەنە ڕەخنەگر و دەروەستترەکانیان جیا کردووەتەوە ئەگەری کەمترە کە دوایی بیروبۆچوونیان بگۆڕن.

جیا لەمە، زانستگا هاوچەرخەکان لە باکووری دنیادا ڕێگا خۆش دەکەن بۆ ئەوەی کە چالاکیی کەسێک لەخۆیدا بە سیاسی لەبەرچاو بگیرێت (Cortese ,2015). بۆوێنە، ئاکادێمیکەکان دەتوانن لەجێدا کاریگەریی خۆیان لەسەر خوێندکارەکان بەرز بنرخێنن. هەروەها، لەکاتێکدا کە کۆلۆنیاڵیزەکردنی بەشێک لە ئاکادێمیا لەلایەن بەشداربوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دوای ١٩٦٨ ەوە، کۆمەڵێک ڕێبازی نوێی هانییە بوونەوە (Rojas ,2004)، پێڤاژۆ نەسڵییە ئاساییەکان بەو مانایەیە کە ڕادیکاڵ، ڕەخنەگر، مارکسیست و فێمینیست و هەتا دوایی بوون، بۆ خۆیان لەئێستادا لەناو وێژمانی زانستگادا بەزۆری پێگەیەکی بەنرخیان هەیە. ئەمە بووە بەهۆی دیاردەی سەیری ڕەخنەی ئاکادێمیک، بۆ وێنە، لە پارێزکردن [5]و نیۆلیبراڵیزم کە لەگەل بنەما تیۆریکییەکەیان لە ئاکاری ڕۆژانەیاندا، وەک بەڕێوەبەرێکی نیۆلیبراڵ،کە (بۆوێنە ) لە ئۆپۆزسیۆنی چالاکدا بۆ ڕێکخستنی شوێنی کار  خەبات دەکەن  دژایەتیی هەیە. ئاکادێمیکێک، کە ئێستا مامۆستایە، و بەبێ لەبەرچاوگرتنی کردەوەکانی،  وەها دەردەکەوت کە لەخۆیدا کەسێکی “ڕادیکاڵ” بێت بە جددیبوونەوە لە منی پرسی “ناکرێت لەیەک کاتدا ڕادیکاڵ بیت و خوازیاری چاکسازیی بەرەبەرە لەناو سیستێمیشدا بیت ؟ “ئەم گوتارە” سیاسەتە بیروبۆچوونییە” بەربڵاوترەکانی نیۆلیبراڵیزم دووپات دەکاتەوە، کە بیروبۆچوونە باوەکان لە ئاکاری کردەییی بەکۆمەڵ دادەبڕێت، هەر لەوکاتەدا بەهۆی بایەخی زۆر بۆ
شوناسی تاکەکەسی و بەهای ئەخلاقییەوە زەقیان دەکاتەوە. هەردوو مەودای نەسڵی و جوگرافی(ئەمەیان بەتایبەتی لە ئیرلەنددا)، لە ئەو بەستێنە سەرەکییانەی کە ئەو تیۆرییە ڕادیکاڵانەی کە بەشێوەی هەڵبژێردراو بەستراونەتەوە بە ئاکادێمیاوەی تێدا بەرهەم دێت، بوون بەهۆی دابڕانێک، کە پیشان دەدات پێوەندیی نێوان ئایدیا و کردەوە (کە لەجێدا، بۆوێنە، لە پێشوازیی ئیتالیا لە گرامشیدا بەرچاو دەکەوێت) پچڕاوە (cf. Hadot ,1995 for historical parallels).

لە ڕەهەندێکی تری دابەشبوونی نێوان ڕێبازە هزر تەوەر و کردەوە تەوەرەکانەوە، “زانستی ڕەخنەیی”ی پەرچدەرەوەی ڕاستەقینە ئەو ڕاستییە لەخۆ دەگرێت کە تێگەیشتن لە نایەکسانییەکی سیستێماتیک یان پێکهاتەیی، بەگەرموگوڕی نووسین لەسەری،  یان بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی ئاست بەرز لەسەر ئەو بابەتە، بەتەنیایی شتەکان ناگۆڕێت. دەبێت بەدوای بەرژەوەندیگەلێکەوە کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان بنیات دەنێن، و ئاکارێکی گشتییەوە بین (ی دەسەڵاتداران، دەوڵەمەندەکان، و خاوەن پێگە بەرزە فەرهەنگییەکان) کە بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێت بۆ دامەزراوە(Cox and Nilsen ,2014). لەلایەکی ترەوە، بایەخی ڕۆشنبیری و تاقیکارانەی هەرکام لە ڕەخنەکان پرسیاری جددیان لەسەرە ، کە وەک ئامرازێک بۆ ئەو گۆڕانکارییەی کە بەدوایەوەیە، یان لایەنگری نەماوە یان بێئەملاولا بەستراونەتەوە بە دامەزراوە هەنووکەییەکانەوە (سیاسەت داڕێژەکان، ڕاگەیاندن، فێرکردن، هتد.). ئەم تێگەیشتنە خاڵی دەستپێکی مارکس لە نزیک بە ١٧٠ ساڵ پێشدا بووە.

ئەمە هێڵی چەمیوی فێربوونێکە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەجۆری خۆیاندا بەکۆمەڵ، و زۆر قووڵتر لە زۆربەی ڕاهێنانە ئاکادێمیکەکان ئەزموونیان کردووە. ئەوان بەوە گەیشتوون کە باسوخواستی باش و توێژینەوەی تاقیکارانە تەنیا هێندەی نوێنەرە کۆمەڵایەتییەکان کە برەویان پێدەدەن کاریگەرن. ئەمە لەلای ئەوانەی کە حەزێکی ڕاستەقینەیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان بە پرسیار تەنانەت گرینگیش نییە، بەڵکوو زۆرتر هین ئەوانەیە کە دەیانەوێت بەکۆمەڵ لەسەری کار بکەن، بەرەوڕووی ئەو بەرژەوەندییە قووڵانە ببنەوە کە شتەکان بەوجۆرە دەهێڵنەوە کە هەن، و پەرە بە ڕێکخراوی پێویست دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی داهاتوودا (Touraine ,1981).

بەجۆرێک کردەوەی خۆم لە ئەم بوارەدا پراگماتیکە: مانای کردەییی و دنیاییی ڕەخنە (Marx, 1969)، دەبێت پاڵپشتیی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانە بکات کە لەڕاستیدا ئاریشە بۆ نایەکسانی و چەوساندنەوە درووست دەکەن؛ بە واتایەکی تر، یارمەتیی درووستکردنی زانیارییەک بدات کە بتوانێت یارمەتیدەری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە خوارەوە بێت. لەلای من، ئەمە تەنیا پێگەی ڕۆشنبیری جددی بایەخی سیاسییە کە لەوێوە ڕوانگە دەدات بە ڕادیکاڵەکان بۆ ئەوەی لەگەل ئاکادێمیادا تێکەڵ ببن.


هێندێک بنەمای سەرەکی: تێفکرین لە کردەوە

بەدوای کاری ڕۆژانەدا  دەگەڕام کە لە چالاکییەوە هاتم بۆ ئاکادێمیا. لە قۆناغی کارناسیدا، کاری مەیدانیم لە بزووتنەوەکانی هامبوورگدا لەگەل دۆزینەوەی کۆمەڵناسی و بواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا تێکەڵ کردبوو، کە وادەردەکەوت ئاماژە بێت بۆ ئەگەری تێگەیشتنێکی قووڵتری ئاکاری ڕێکخستنی خۆمان لە ژمارەک لە بزووتنەوەکاندا، و من وەک چالاکێک کە بەدوای زانیاریی کاریگەردا دەگەڕا ڕووم کردە ئەو بوارە. بەگشتی، لەناو ئەو بوارەدا، بەوجۆرەی کە جاری پێشوو لە ئیرلەنددا ڕووبەڕووی بوومەوە، بیروبۆچوونێکی وەها نەبوو کە بزووتنەوەکان زانیاریی تایبەت بە خۆیان دەخولقێنن (Casas-Cortes ,Osterweil & Powell ,2008;Marchart ,Adolphs & Hamm ,2010;Stromquist and Hennessy ,2012) .

 کەسێکی ئاکادێمیک کە ئەزموونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هەبوو پرسی بۆ لەبریی ئەوەی خۆم بە وێژەکەمەوە ببەستمەوە، من دەمویست پێداچوونەوەکەی لەو ناوەدا هەر دەبێت هێندێک تیۆریستی چەپی ئاڵمانیا لەخۆ بگرێت. بە خوێندنەوەی هێندێک بابەتی ئینگلیسی زمانەکان لەسەر چەپی ئاڵمانی کە زۆر هەڵە تێگەیشتبوون، و  پشتیان بە وەرگێڕانەکان بەستبوو و لێوەشاوەییی کردەیی و سیاسییان نەبوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو چالاکییانەی کە باسیان دەکرد، ڕێگاکەم بەرەو تێگەیشتنێکی جیاواز لە زانیاری برد کە زۆرتر لە گریمانەی خۆبەخۆی سەردەستبوونی زانیاریی زانستگایی، لە ڕێزلێگرتنەوە هەڵقوڵابوو. بەتایبەتی، پێگەی من بەهۆی باسکردن لەگەل چینی کرێکار و خوێندکارە پێگەیشتووەکان لە دامەزراوەی تێکنۆلۆژیی واتێرفۆرد، وتاردانی گشتی بۆ تاقمە چالاکەکان، و باسکردن لەگەل دوو توێژەری چالاکی بەرچاو بەناوەکانی جیۆگیگان و مارگارێت گیلان گەشەی کرد.

جیۆگیگان (e.g.,1999) و گیلان (e.g., 2010) هەردوو بە فەرهەنگی چالاکیی کۆمەڵگای چینی کرێکارەوە سەرقاڵ بوون (یەکیان وەک کرێکارێکی لاو و ئەویان وەک چالاکێکی ڕاگەیاندن) و خۆیان تەرخان کردبوو بۆ تێکەڵکردنی ڕێچکەی فێربوونی خۆیان لەگەل قازانجە ئەرێنییەکان لەپێناو بزووتنەوەکەیاندا. بە کار کردن لەگەل ئەواندا، تێگەیشتم کە رێگای باوی توێژەنەوە، کە تواناییی دەدا بە ئەو لاوە ڕادیکاڵە بەرچاو و خەڵکە لاوە ناوبەدەرەوانەی کە لە بەستێنێکی دواکەوتووەوە هاتوون، بە فێربوونی چەشنی دەربڕینی لادانیان لە ئەو بابەتانەی کە پێشتر و بەر لە دەستپێکردنی توێژینەوە لەگەلیدا ئاشنا بوون، هەرچەند ئێستا لە زمانێکی ئاکادێمیکی داڕێژراوی جێکەوتوو کەڵک وەردەگرن، خۆیان بگەیەنن بە خولە ئاکادێمیکەکان، بەباشی لەبەردەستدا بووە و بە زۆریش بڵاوبووەتەوە و من کاری بەکەڵکترم پێدەکرێت لەوەی کە چاوەدێریی ئەم چەشنە کارانە بکەم.

لە ئەم بەستێنەدا ستراتێژیی توێژینەوەی ئاکاری بەشداریکارانە[6] لە ئاکاری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندام پەرەپێدا؛ کە بریتییە لە، توێژینەوە کە بیچم دەدات بە بەشێکی سەرەکیی بیرکردنەوەی بزووتنەوەکان و باس لەسەر چالاکییەکانیان بەمەبەستی باشترکردنی کاریگەرییەکانی. ئەمە منی خستە دۆخێکی پێکدژەوە چونکە بە فەرمی هیچ کەسێک ئەم بنەمایەی لە PhD ی خۆمدا بەکار نەبردبوو، ئەگەرچی بنەمای پرۆژەی مێژوویەکی زارەکیی کۆمەڵگا-تەوەریان داڕشت، کە من لە مڵکی گەورەی چینی کرێکاری بالیموندا(دۆبلینی باکوور) ڕێکمخستبوو، و  لە مێژوویەکی ڕادیکاڵی دوورودرێژدا جێگایان هەیە. بۆ ساڵانێک دوای PhD  یەکەم و ئەم پرۆژەیە، هەوڵم دایەوە کە دەست بکەمەوە بە کاری توێژینەوە، نەک هەر لەبەر ئەوەی تێزەکەم– کە لە ئەزموونی درووستکردنی تۆڕ لەنێوان بزووتنەوەکانی ئیرلەندەوە هەڵقوڵابوون – چەند مانگ بەرلەوەی بزووتنەوەی دژە کاپیتالیستیی بزووتنەوەکان لە ١٩٩٩ بەدواوە بەئامانج بگات تەواو بووبوو، و هێندێک شتی تر و بابەتی پێویستتر هەبوون کە دەبوو لەناو بزووتنەوەکاندا بکرێن (Cox ,2006). ڕەنگە من بەڕادەی پێویست چالاک بووبم، کە هێندێک کاری پێویست بکەم بەڵام ئەوەندەیش ئاکادێمیک بووم کە ئاگاداری پێکدژیی ڕوونی ئەوە بم کە کەسانی تر بۆ کارێک هان نەدەم کە بە فەرمی شارەزاییم تێیدا نەبوو.

لە نووسینی ئەم وتارەدا، بۆم ڕوونتر بووەوە کە ئاکاری خۆم لەخۆیدا جۆرێک لە توێژینەوەی ئاکاری بەشداریکارانە بووە : وەک چالاک ، ڕاهێنەری بزووتنەوە، و بڵاوکەرەوەی بزووتنەوە، من لە درێژماوەدا (لەنێوان ٥ بۆ ١٦ ساڵ لەکاتی نووسیندا)بەبێ ئەوەی بزانم خۆم تەرخان کردووە بۆکۆمەڵە پرۆژەیەکی بەکۆمەڵ کە بەڵگەیەکی توێژینەوەی ئاکاری بەشداریکارانە بووە. لەلایەکی تریشەوە، توێژینەوەی ئاکاری بەشداریکارانە هێندەیش ئیدەیەکی ئاکادێمیکی تەواو نییە، بەڵکوو تەنیا ڕێگایەکی بەفەرمیکردنی ئاکاری ڕێکخستنی باشە، کە وەرگێڕدراوەتەوە بۆ چەمکەکانی توێژینەوە.

بەتایبەتی، ڕستەی “فێربوون لە هەوڵەکانی یەکتر”[7] کە من بۆ پێناسەی ئەم پرۆژانە کەڵکی لێوەردەگرم، پیشاندەری پێڤاژۆیەکی فێربوونی تێروتەسەلە لەنێوان بەشداربوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەرچەندیش لە کۆبوونەوە سیاسییەکان، پرۆژە گشتییەکانی پەروەردە، یان لە بیاڤە ئانلاینەکان بۆ وتووێژ لەنێوان بەشداربوانی بزووتنەوە و توێژەرەکانیشدا(Finnegan and Cox ,2007) باس کرابێت. هەرکام لە ئەم پرۆژانە لە خۆیاندا ئەزموونێکی فێربوونیش بوون، کە تێیدا ئێمەیان ناچار کردووە یان هانیان داوین کە پرسیار بکەین کە ” ئێمە دەتوانین ئەم کارە بکەین؟” و “ئەگەر بیکەین چی ڕوو دەدات؟” وەڵامەکان بە ئەم پرسیارانە ڕەنگە وەک پارڤەکردنی بەربڵاوتری سامان بن. لە چەمکی بەربڵاودا، ئەو وەڵامانە دانپێدانانێکی کردەییی بۆ ئەوانەمان پیشان دەدەن کە پێمانوایە” فێربوون لە هەوڵەکانی یەکتر” ستراتێژییەکی بەردەوامە بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوە.


ڕاهێنانی چالاک لە ئاکادێمیادا؟ دوو ئەزموونی فێرکاری

ئەوە بەشێک لە ئەلفوبێی چالاکییە (Cox,2010,p.303) کە چۆنیەتیی بنیاتنانی پێوەندییەکان – ڕێبازی ڕێکخستنمان – کاریگەریی گەورەی هەیە. ئەمە نەک تەنیا لە سیاسەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵکوو لە جۆرەکانی فێرکاریشدا ڕاستە: لە هەردوو بەستێنەکەدا چەشنە جۆراوجۆرەکانی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاگاییەوە بنیاتنراون بۆئەوەی کە هێندێک دەرفەتی تایبەت بخاتە بەردەست و دەرفەتەکانی تر بسڕنەوە. بەواتایەکی تر، درووستکردنی جیاوازی و بژاردەی ڕوون بەگوێرەی چۆنیەتیی پێکهێنانی هاوپێوەندییەکانمان بەشێکی بنەڕەتییە لە کاری باش ڕێکخستن و ئاکاری باش فێرکردن، هەر ئەوەندەیش بۆ بیرکردنەوەی ڕوون لە ئەو بابەتانە پێویستە. لە بنەڕەتەوە دژایەتیکردنی “سنوورەکان” و “دووبەشییەکان”، لەبەر ئەوەی شتەکان لە خۆیاندا خراپ بوون، وامان لێدەکات نەتوانین بۆخۆمان و ئەوانی تری ڕوون بکەینەوە، ئەوەی کە دەیکەین چییە و چۆن لە شتەکانی تر جیاوازە.

کۆبوونەوە جەماوەرییەکان میناکێکی ئەم شتەیە. لە سەرەتاکانی ٢٠٠٠ ەکاندا، ئەو چالاکانەی کە کۆبوونەوەکانیان بەمەبەستی پێوەندیگرتن بە بزووتنەوەکانی ئیرلەندەوە پێكهێنا لەسەر دوو تایبەتمەندیی سەرەکی هاوڕا بوون. یەکەم، ئێمە دانیشتنی کەسە بەناوبانگەکانمان نەدەویست بۆ ئەوەی بەهۆیانەوە ئەو خەڵکە ڕابکێشین کە پێشتر لە بزووتنەوەکاندا چالاک نەبوون. کۆبوونەوەکان، بە کەڵکوەرگرتن لە جیاوازییەکی لەمێژینەی بزووتنەوە، زۆرتر لەوەی ڕووداوێکی هەڵخڕێنەرانە و بەمەبەستی جماندنی خەڵک بێت، شوێنی ڕاهێنان و ڕێکخستنی خەڵکێکن کە پێشتر بەشداریان لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیدا کردووە. ئەمە بۆخۆی ڕێگا دەدات بەشداربوان لەئاستی تاڕادەیەک یەکساندا خۆیان ببیننەوە، و لەو لایشەوە دەرکەوتنە فەرمییەکان دەگاتە کەمترین ئاستی خۆی. دووهەم، کۆبوونەوەکان زۆرتر لەوەی بۆ باس لەسەر ڕاستی و هەڵەبوونی بابەتێکی تایبەت، یان ڕوانگە تیۆریکەکان بێت بە ئامانجی ڕێکخستنی کردەیی و لێهاتووییە کردەوەییەکانە: ئەو باسانە دەتوانێت ئەوانەی کە حەزیان لە سیاسەتەکانی بیروڕا هەیە بۆلای خۆی ڕابکێشێت، بەڵام لەپێشدا بۆ زۆربەی ئەو خەڵکەی کە لەڕاستیدا دێن بۆ ڕووداوی چالاکییەکانی کۆتایی حەوتوو ئاشنایە.

ئاکامەکەی ئەوە بوو کە وامان کرد شوێنگەلێکی وەها درووست بکەین کە لانیکەم سێ چارەکی بەشداربووەکان لەپێشدا لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بوون؛ بەمجۆرە، دەتوانین پێڤاژۆی بەسیاسیکردن و گرێدراوییە کردەییەکانی یەکتر بە تەواوبوو بزانین  و بپەرژێینە سەر پێشخستنی کارەکان. بەواتایەکی تر، بۆ درووستکردنی ئەم جۆرە لە گفتوگۆی کردەوە –تەوەر  لەنێوان هاوتەمەنەکان و هاوڕێکاندا پێویست ناکات لەدەست هەموو ئاکادێمیکەکان ڕزگارمان ببێت، بەڵکوو زۆرتر دەبێت شوێنێک درووست ببێت کە خەڵک تێیدا وەک ئاکادێمیک بەشداری نەکەن – بەبێ وتاری سێمیناریی دوورودرێژ یان باسوخواستی توند لەپێوەندی لەگەل ئەوەی کە هەڵوێستی ڕاست کامەیە. ئەمە لەدواییدا، باسوخواستی ڕاستی لەنێوان ئەو خەڵکەدا ئاسان دەکات کە پێشتر لە قسە و بێڕێزییەوە پەڕیونەتەوە بۆ کردەوە و دەیانەوە زۆرتر کاردانەوەیان ببێت.

لە ئەم بەستێنەدا، ” فێربوون لە هەوڵەکانی یەکترەوە ” دژی جۆرە ڕێبازێکی پاڵپشتیکارانەیە کە لە خاوەندارییەتیی تیۆری (Thompson,1978) بۆ ئەو بانگەشەیە کەڵک وەردەگرێت کە ئەو خاوەنی ڕاستییە ژیاوەکان و ئەزموونە کردەییەکانی خەڵکانی ترە. پێڤاژۆکە پێ لەسەر ڕێزی دوولایەنە، بەشێک لە سرووشتی زانیاریی هەموو کەسێک، و لەولایشەوە ئەگەری پەرەپێدانی بیچمەکانی تێگەیشتن کە زۆتر لەگەل ئامانجەکانی بزووتنەوەدا یەکدەگرنەوە، (Bevington and Dixon,2005)، و ناسینەوەی پێوەندییەک لەنێوان هەوڵە جیاوازەکانماندا لەپێناو بەکۆمەڵ بەڕێوەبردنیدا، دادەگرێت. هەروەها ڕێگایەکی تیۆریکیش بۆ ناو ئەم دوورەدیمەنە لە ڕێگای تیۆرییەکانی زانیاریی مارکس  و گرامشییەوە هەیە (Marx ,1965; Gramsci , 1991)، بەڵام بەکاربردنی ئەو تیۆرییانە بۆ پیشاندانیان  وەک بابەتی هەڵقوڵاوی هزر و بەشداری لە هەوڵە ڕۆژانەکانی بزووتنەوەدا شتی زۆرتر دەست دەخات (Cox and Nilsen , 2014). لە بابەتی کۆبوونەوەکاندا ، ئەمە لە بزووتنەوەی بەربڵاوتری دژە کاپیتالیستیی بزووتنەوەکانەوە فێر بووین (Players ,2010). زاپاتیستاکان، گلێرگەی[8] کۆمەڵایەتیی جیهانی، و ناڕەزایەتییە لووتکەکان بایەخی تێکەڵکردنی چەشناوچەشنییەکی ڕاستەقینەی بزووتنەوە کۆمەڵآیەتییەکان و زمانە سیاسییەکان لەگەل هاوکاریی کردەیی لە دژی دەسەڵاتی نیۆلیبراڵیان پیشان داوە (Marcos ,2002;Conway,2011).


PhD یەکی چالاک؟

من کاتێک بەرنامەی PhD  یەکەم لەبزووتنەوەکانەوە و بۆ بزووتنەوەکان پەرە پێدەدا ئەم ئەزموونی ڕێکخستنانەم خستە سەریەک. گرێدراوییە سیاسییەکانم گەیاندوومیان بەوەی کە بەکەڵکترین شتێک کە بتوانێت وەک چاودێرێکی PhD پاڵپشتم بێت ئەو چالاکانە بوون کە لە بزووتنەوەکەی خۆیاندا توێژینەوەی ئاکاری بەشداریکارانەیان ئەنجام دەدا، و خۆشحاڵ بووم بەوەی کە هێندێک چالاکی باشم دۆزییەوە کە هاوڕا بوون. ئەمە، پێکەوە لەگەل مارتین جیۆگیگان و مارگارێت گیلان، و تێکەڵ لەگەل ئەزموونی بالیمووندا، بوو بە پێکەوەگرێدراوییەکی درێژماوە لەگەل هێندێک خەڵکی بەرچاودا؛ تاقمێک لە چالاکەکان کە لە ئاستی PhD  دا بە سەرنج خستنە سەر ئاکاری بزووتنەوەکەی خۆیان توێژینەوەی ئاکاری بەشداریکارانەیان ئەنجام دا.

زوو دەرکەوت ئەگەر بمانەوێت بنەمای سەرەکیی “فێربوون لە هەوڵەکانی یەکترەوە” بمێنێتەوە، هەرجۆرە بەپیرۆزکردنێک – ی شێوازناسیی توێژینەوەی ئاکاری بەشداریکارانە بۆ بەکاربردن لەپێوەندی لەگەل بزووتنەوەکان و یان ئەوەی کە دەبێت لە هەموو هەلومەرجێکدا چ مانایەکیان ببێت – دەبوو بخرێتە لاوە (cf.Autonomous Geographies Collective ,2010;Cockburn and Mulholland,2000). ئەو چالاکانەی کە بەشدارییان کرد لە بەرنامەی PhD دا بەدڵنیاییەوە نوێنەرایەتییەکی خەڵکیی بەرزیان بەدەستهێنا، بەڵام ئەوە هەمووکات بەڕێگا باوەکانی شێوازناسیی فەرمیدا پێکنەهاتبوو. ئەمە لەپێوەندی لەگەل لاوەکانی چینی کرێکاردا کە دەرمانیان بەکار دەبرد و ئەزموونی خۆیان و هۆکارە پێکهاتەییەکانیان لە کۆمەڵگای پەروەردەییدا دەگێڕایەوە ڕاست بوو؛ هەروەها بۆ تاقمە ژینگەییە ئیرلەندییەکانیش ڕاست دەگەڕا کە پێیان باشتر بوو خۆ لە جۆرە ستراتێژیکەکانی پەروەردە و بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببوێرن. توێژینەوەی ئاکار هەروەها دەتوانێت لە کاتێکدا کە بزووتنەوەکە تەواو بووبێ یان لە شوێنێکدا کە بزووتنەوەیەک دابەش یان بەرەوڕووی سەرکوتی توند بووبێتەوە، ببێت بەهۆکاری پێواری[9] بابەتێگەلی بەکۆمەڵ. لێرەدا پێویست دەبێت دیسان پرسیاری گشتیتر لەسەر مانای کردەوە و بەشداری لە وەها بەستێنگەلێکدا بکەین. لە وەها دۆخێکدا، توێژەرەکان وەک چالاکەکان بیریان لە پەرەپێدانی ستراتێژییەکی لەبار لەپێناو تێکەڵاوبوون لەگەل ئەو ڕاستییانەدا دەکردەوە کە بەرەوڕووی دەبنەوە.

بەگشتی، ئەزموونی ئەنجامدانی PhD لەباری تاکەکەسییەوە بۆ زۆربەی بەربژێرەکان، سەرەڕای هاوڵی تایبەتی خۆم لەگەل پێکهاتەکانی دەسەڵات لە ئاکادێمیا و بەردەوامیی تاکەکەسی، تێچووی زۆر زۆرتر بوو لەوەی من چاوەڕوانیم دەکرد. هاوکات لەگەل ئەزموونە ئاساییە بیۆگرافیکەکانی وەک خەمباری و خەمۆکی، هێندێک لە توێژەرانی PhD  ئاڵۆزیی توێژینەوە لەسەر بزووتنەوەیان لەلا ئاستەم بوو و یان درێژەیان نەدەدا یان بەسەر سەردێڕەکەدا تێدەپەڕین یان بە تەواوەتی دەیانگۆڕێ. ئەوانی تر تێچووە کردەییەکان کە بۆ بەڕێوەبردنی PhD تەرخان کرابوون، و گوشار لەلایەن دامەزراوەکانیانەوە وەها لێکدەدایەوە کە وادەکات شوناسیان بکەوێتە مەترسییەوە و لە “چالاکێکی  بیرمەندەوە” بگۆڕێن بۆ “ئاکادێمیکێکی ڕادیکاڵ”. هەوڵەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەم پێڤاژۆی بەئاکادێمیکردنە لەڕێگای پەرەپێدان بە لاگیرییەکی بەکۆمەڵ لەناو تاقمەکاندا لە پێوەندییە پێشوو یان تازە پەرەپێدراوەکانی بەشداربوان لەدەرەوەی ئاکادێمیدا، لەسەر بزووتنەوە و کۆمەڵگاکانیان یان هاوتەمەنەکانیان کەمتر کاریگەریی هەبووە، کە ئەمەیش تاقیکارییەکی ڕاستی بووە بۆ کردەوەکانیان. لە کۆتاییدا، بەگشتی، کەس بە ڕێگایەکی ساکاردا لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی پاشگەز نەبووەوە، یان لە ئاکادێمیادا جێگیر نەبوو.

    
چالاکێک MA[10]  ؟

تاقمێک لە لێکۆڵەرە چالاکەکان لە مەینووس بەشێک لە ئەو شتانەی کە لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکان و بەرنامەکانی PhD دا فێر بووبوونیان گواستەوە بۆ دەستپێشخەرییەک لەپێناو پەرەدان بە MA لە پەروەردەی کۆمەڵگا، یەکسانی و چالاکیی کۆمەڵایەتیدا (Cox,2014b).بەرنامەکە، بەپێی پاشخانی کاری پەروەردەی ڕەخنەگرانەی کۆمەڵگا (Connolly ,2010)، تێگەیشتن لە ئاکاری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئەوەی لەخۆیدا بەسترابێتەوە بە بەرهەمهێنانی زانیارییەوە (Conway, 2006)، و ئەزموونی کۆرسە هاوتاکانیان لە شوێنەکانی تردا (Chase , 2006)، لەسەر ئەوە دانرابوو کە ئەگەر بەشداربوانی بزووتنەوە نوێنەرەکان بناسن، بە کۆبوونەوە لەدەوری یەکتر دەتوانن بەتایبەتی لە ئەزموونی ئەو بزووتنەوانە کە لە بزووتنەوەکەی خۆیان ناچێ فێر ببن. بەرنامەکە بەکەڵکوەرگرتن لە شێوازە پەروەردەییە باوەکان و بە گفتگۆی بەردەوام لەگەل ئاکاری خودی بەشداربواندا و لەنێوان جۆرە جیاوازەکانی ئاکاردا ڕێی بۆ خۆشکرا. ئێمە بایەخی زۆرمان دا بە پەرەپێدان بە تاقمەکان و سەرنجڕاکێش بوو کە خوێندکارەکان دژی هەندێک لە کۆتوبەندەکانی ئاکادێمیا ، و هەروەها شێوازەکانی وانەوتنەوەی ئێمە- و لەو بابەتەدا دژی توێژینەوەی ئاکاری بەشداریکارانەیش وەک جۆرێک لە توێژینەوە، شۆڕشیان کرد.

دیارە، تەرخانکاریی یەکساڵە بۆ ئەنجامدانی MA  بە دوو ڕۆژ لە حەوتوودا زۆر کەمترە لەوەی کە لە PhD دا هەیە، و ژمارەیەکی کەم لە بەشداربوان لە خولەکە بۆ پەڕینەوە بۆ ئاکادێمیا لە درێژماوەدا کەڵکیان وەرگرتووە. هەروەها لە سەرەتاوە لەلای ئێمە ڕوون بوو کە بەرنامەکە بۆ ڕاهێنانی تێکنیکی بۆ ئەو کارانە نەبووە کە لە پێشدا لە ڕێکخراوە دابینبووەکاندا هەبوون. دوای تێکچوونی “هاوبەشیی کۆمەلایەتیی” لە ئیرلەنددا، دەستمانکرد بە خستنە بەردەستی ئەو لێهاتووییە بەربڵاوتر، ستراتێژیک، و ڕێکخستنییانەی کە ڕێگادەدەن بە چالاکەکان جۆرە نوێکانی ڕێکخراو درووست بکەن و یان ئەو ڕێکخراوانەی پێشوو بخەنە خزمەت ئامانجە سەرەکییەکانیانەوە. هاوتەریب لەگەل ئەمەدا، زۆرێک بۆ گۆڕانکاری لە چالاکییەکانی خۆیاندا کەڵکیان لە بەرنامەکە وەرگرت، و هێندێک پرۆژەی نوێ و بەرچاو پەرەیان سەندووە.

لایەنێکی بنەڕەتیی بەرنامەکە پێناسە کردنی بوو وەک شارەزایەک[11]، کە بابەت و تێزەکانی بە چەمکی کردەیی پێناسە کراون، و پێویستە زانیاریی ئاکادێمیک سەرچاوەکانی خۆی باس بکات و لەوەڵامی بەردەنگە ڕەخنەگر و بەئەزموونەکانیدا “ئەم دنیایی بوونی” خۆی پیشان بدات؛ کە هەموو ئەمانەیش لەلایەن ناوبژیوانێکی شایان لەدەرەوەوە هەڵدەسەنگێندرێت. سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەت بڕە بوودجەی کارناسیی باڵای بڕی، کە بەهۆیەوە نزیک بە یەک لە سێی کەسانی ناو بەرنامەکەی کەم کردەوە، ئەوەی کە بەرنامەکە دەکات بە شوێنێکی لەبار ڕێک ناسینەوەی جیاوازییەکان، و پێکهێنانی سنوورەکان بەشێوەیەکی کاریگەر و بەکارهێنانی جیاوازییەکانە. چوارچێوەی بەرنامەکە شارەزایانەیە بەڵام تاڕادەیەک جیا لە کاری ڕۆژانەی ڕێکخستنە؛ بەشداربوان بەتایبەتی لەگەل هاوتەمەنەکانیاندا لە جۆرەکانی تری بزووتنەوەدا کات بەسەر دەبەن، و بەهۆیەوە جۆرەکانی چالاک و ئاکادێمیکی زانیاری ناو دەنرێن، دەناسرێنەوە و لەناو گفتوگۆیەکی پێکهێنەرانەدا بەکار دەبرێن.

لە گەڕانەوە بۆ “ڕۆمییەکان” و گرامشیدا: تاڕادەیەک ڕێیتێدەچێت “درووستکردنی تیۆریی چالاکانە[12] ” – چالاکیی هزریی ئۆرگانیکی بزووتنەوەکان – لە ناو زانستگاکاندا ڕوو بدات؟ من بە پارێزەوە دەڵێم بەڵێ، بەڵام نەک بەبێ هەوڵێکی سیستماتیک بۆ ڕێکخستنی کاریگەر لەهەموو ئاستێکی پێڤاژۆکەدا. بەبێ پێناسەی باشی بەرنامەکە، ستافی ئاکادێمیک و تاقیکارە دەرەکییەکان کە لە ئامانجەکانی تێبگەن، ئەو خوێندکارانەی کە پاڵنەری تاکەکەسییان بەشداریکردنە لە بزووتنەوەدا ، شێوازناسیی شایانی توێژینەوە، و پێڤاژۆیەکی بەکۆمەڵی پاڵپشتیکار، بەدڵنیاییەوە هێزی ڕاکێشانی “چالاکی هزریی نەریتی” براوە دەبێت.

تیۆریدانان، توێژینەوە، و خوێندنەوەی چالاکانە جیاوازن لە هاوتا ئاکادێمیکەکانیان، چونکە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان  و جۆرەکانی کردەوە، و هەوڵی تەواو کە بۆ ئەنجامدانی کاری چالاکانە لەناو بەستێنی ئاکادێمیکدا دەدرێن ئەم ڕاستییە دەردەخەن (Szolucha,2014 ). بەهێزترین “سنوورەکان” و “دووبەشبوونەکان ” درووستکراوی ئێمە نین بەڵکوو ئەوانە زانستگا بەشیوەیەکی سیستماتیک دایاندەنێت بۆ دڵنیایی لە سەرکەوتنی مەنتقی دیسیپلینی بەسەر مەنتقەکانی تردا: بەکۆمەڵایەتیکردنی خوێندکاران ؛ وانەی تیۆری وتنەوە، شێوازەکان، ناوەرۆکی تاقیکارانە[13]؛ ئەو ئامرازانەی کە لەڕێیانەوە خوێندکارەکان دادەمەزرێن و ڕێکدەخرێن؛ دامەزراندن و ڕاهێنانی ستاف؛ پێڤاژۆکانی تاقیکردنەوە[14]؛ و پەرەپێدانی بەرنامەی خوێندن. ئەم ڕاستییانە بەتایبەتی لەکاتێکدا بەرچاون کە هەوڵ بدرێت ” لەناو یان بە دژی دەوڵەت ” بەکار ببرێن (London-Edinburgh weekend Return Group ,1980)، واتا ئەو شوێنەی کە تێیدا ناچارین هەم ڕۆتینە دەروونیبوو و پەنامەکییەکان بناسینەوە و هەمیش جێگرەوەیەک درووست بکەین کە بتوانێت دژی ئەمانە کار بکات و بەباشیش ڕوون کرابێتەوە (for a particularly sharp distinction , see Cox ,2014b).

              
وەشاندنی چالاک / ئاکادێمیک: سیاسەتەکان دابەشکردن

ئێستا بەکورتی، دەپەرژێمە سەر سیاسەتەکانی دابەشکردن[15]. هاوکارەکان هێندێک جار پرسیویانە ئێمە چۆن خوێندکارە باشەکان بۆ بەرنامەیەکی MA وەردەگرین. وەڵامەکە تاڕادەیەک ڕوونە، چ لە ڕوانگەی “کۆمەڵناسیی گشتییەوە” (Burawoy,2005)  یان لە ڕوانگەی چالاکێکەوە بێت: ئێمە دیاریی دەکەین کە کێ دەتوانێت لە ئەم ڕێگایەدا کار بکات، وەک یەک لێیان نزیک دەبینەوە، و بەپێی هەلومەرجی خۆیان ئەوەیان پیشان دەدەین کە ئێمە خەریکی چین. مەنتقی جێگرەوە و ئاکادێمیک لە زۆر لایەنەوە سەیرترە: لە باسە بەردەوامەکان لەگەل هاوکارەکاندا دەرکەوتووە کە ئاکادێمییەکان بەزۆری بەوەوە دەست پێدەکەن کە کام بەرنامانە لایەنی دامەزراوەیییان هەیە تا لە ئەو ڕێگایەوە پێشنیار بکەن و هیوادار بن کە خەڵک بۆ چارەسەری ئەم پرسە پێکهاتەییانە بێنە پێشەوە. چەند وێنەیەکی لێدەرچێت ، ئەوانەی لەبەرەبەری چوونە زانستگادان، تەنانەت خوێندکارانی کارناسیی باڵا، وەک جەماوەرێکی یەکدەست دەبینرێن کە دەکرێت لەلایەن ڕاگەیاندنە سەرەکییەکانەوە ڕابکێشرێن: ئەمە واتا تێگەیشتنێکی گشتی لە دنیا کە ئەگەر لەباری تیۆریکەوە باس بکرێت زۆرینە ڕەتی دەکەنەوە.

 لە ڕوانگەی ڕێکخستنییەوە، پرسی دابەشکردن هەمووکات پرسێکی کردەییی سەرەکییە. دەمانەوێت لەگەل کێ قسە بکەین؟ لەکوێ دەیاندۆزینەوە؟ و چۆن ڕوانگەکەمان  بە زمان و لە چوارچێوەیەکی باشدا دەخەینە بەردەست؟ ئەگەرچی لایەنە کردەییەکانی ئەم کارە بەهەڵسەنگاندن لەگەل ئەو ڕۆژانەدا کە من بەسەر سەری مەکینەیەکی چاپەوە[16] دەوەستام یان بابەتە چاپکراوەکانم بە بێدەنگی کۆ دەکردەوە و دەبوو دواتر بەمەیلدا بیاننێرم و لە شوێنی شایاندا دایانبنێم بۆ خوێنەرەکان،گۆڕاون ، بەڵام مەنتقە سەرەکییەکە نەگۆڕاوە: هەر جۆرە ڕێکخستنێکی سیاسی کە پێوەندییە تاکەکەسییەکان تێپەڕێنێت  لە هەمان کاتدا سیاسەتێکی دابەشکردنیشە (Downing ,2000; cf.Mattoni ,2012).

دیارە ئەمە لە ڕوانگەی تیۆریک و سیاسیشەوە هەر بەو ڕادەیە ڕاستە، و هێندێکجار وادەردەکەوێت کە، تێگەیشتن لێی بۆ ئاکادێمییە ڕادیکاڵەکانیش کە ئەزموونی ڕێکخستنیان نییە هەر بەوجۆرە ئاستەم بێت. ئەو باوەڕەی کە ئەوەندە بەسە لە دژی ڕوانگە زاڵەکان لە شوێنی بژاردەکاندا باس بکەین– یان لەو پێوەندییەدا لە شوێنێکی نیوە تایبەتی ئاکادێمیکی تێز یان بلاگێکدا – زۆر جێکەوتووە و لە دواییدا دەگات بە ئەوەی پێتوابێت کە بژاردەکان نیازپاکن، یان شوێنێکی “ڕاستی و یەکسانی” هەیە کە دەکرێت لەدەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەکی مرۆڤەکانەوە بەدوایدا بڕۆیت. لە ئیرلەنددا، ڕەنگە تێکەڵکردنی مێژووی پۆست –کۆلۆنیاڵیی” ئەو بزووتنەوانەی بوون بە دەوڵەت” (Cox , 2012)، بیچمە نوێکانی هاوکاریی بزووتنەوەکان لەگەل دەوڵەت، و ڕاکێشانێکی زۆرتر بەلای پاساوی هزری بۆ بڕیارە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئەم باوەڕانەی کردووە بە بابەتی سەرنجڕاکێش. بۆچی ناکرێت کەسێک پێیوابێت،  تەنیا ڕاستییەکان بۆ ئەو خەڵکەی کە پشتیان پێدەبەستێت دەڵێت؟ بەکردەوە، باشییەکانی کێبڕکێ لە ناو بژاردەکاندا هەرچی بێت – کە کەم کەس پێگەی ئەوەیان هەیە کە بەباشی بەڕێوەی ببەن – لەباری سیاسییەوە گرینگە ئەوەیە لەگەل ئەوانەدا قسە بکرێت کە حەزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان هەیە بۆ ئەوەی ڕوانگە ڕادیکاڵەکان ببیسن. ئەمە هاوکات بەمانای ئەوەیە کە کاتێکی کەمتر تەرخان بکرێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە شتەکان بۆ ئەوانەی خۆیان ئەزموونیان کردووە چەندە مەترسیدارە، یان بەمانای خستنە بەردەستی چارەسەرە تەواو سیاسی و تێکنیکییەکانە کە ڕەنگە تەنیا ئەگەر دەسەڵاتدارەکان نیازپاکانە بەڕیوەیان ببەن کاریگەر بێت، و تەرخان کردنی کاتی زیاترە لەناو خۆماندا بۆ باس لەسەر ئەو ڕاستییەی کە شتەکان خراپن و بەرژەوەندییە قووڵەکانیش خراپتری دەکەن: باواتایەکی تر، باسی هۆکاربوونی خۆمانە.

دەمەوێت بە کورتی باسی هێندێک لە ئەو ستراتێژییە جیاوازانە بکەم کە لە کاری خۆمدا لەپێشم گرتوون، نەک بۆ ئەوەی کە تاقەڕێگایەکی ڕاست بۆ کارکردن پیشان بدەم، بەڵکوو زۆرتر وەک تێفکرینێکی سیاسی لەسەر دابەشکردن. بۆ دەستپێکردن بە میناکێکی باش، ئەو نووسراوەیەی کە لە قوتابخانەیەکی هاوینەی ڕادیکاڵدا ناساندم (Cox,2001) لەلایەن تاقمێکی چالاکی سەرەکییەوە دەستی پێکرد و ژێرنووسەکانیان سڕییەوە و کۆپییەکانیان خستە بەردەستی ئەو ئەندامانەی، کە بۆ ڕێکخستنی زۆربەی بزووتنەوەکان لە ئەو سەردەمەدا زۆر پێویست بوون. ئەزموونێکی وەها بەڕوونی پیشاندەری وردبوون لە بیچم و ناوەرۆکدا بوو، کە لەجێی خۆیدا بەهۆی پێوەندیی بەربڵاوی ڕووبەڕوو و ئانلاین لەگەل چالاکەکانی تردا درووست بوو.

دواتر، و بەدوای باسەکانی ویلیامز (1989)لەپێوەندی لەگەل زانیاریی گشتیدا مەبەستم ئەوە بووە کە بۆ ئەو چالاکانە بنووسم کە لە تیۆری و مێژوو نەترساون. سەرنجی بوونی شوێنە ڕادیکاڵەکانی بیرکردنەوەم داوە کە چەشنی کارەکانی خۆم – تیۆریزەکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەجۆرێک کە مەبەستی یارمەتیدان بە هۆکاربوونیانە – تێیدا دەتوانێت بەکار بێت.  بۆ ساڵانێکی زۆر، ڕێژەی ئەو چالاکانە کە لەپێشدا تێکەڵی وەها شوێنگەلێک بووبوونم بە زۆر دەزانی، و لاموابوو کاتێک کە نووسراوەیەکم بە کۆبوونەوەیەکی چالاکان ناساند و کۆپییەکانی بڵاو بوونەوە ئیتر کاری من تەواو بووە. لەم دواییانەدا، قەیرانی ئابووری ناچاری کردم کە زۆرتر پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی ئانلاین ببەم، بۆ ماڵپەڕە بەناوبانگەکان و وەشاندنگەی کتێبە بازرگانییەکان بنووسم. هێندێک لە ئەم کارانە سەرنەکەوتوون، بەو مانایە کە تەنیا لە بەستێنی ئاکادێمیکدا و تەنیا بۆ مەبەستی ئاکادێمیک دەخوێندرێنەوە. سەرەڕای ئەوەیش، سەرنجڕاکێشە کە ببینین کە چۆن ئەم ڕێبازی وەشاندنە پردی پێوەندیی لەگەل شوێنی چالاکە هزرییەکانی تردا درووست دەکات کە من تەنانەت یان پێوەندیم لەگەلیان نییە یان ئاگاداریان نیم.

ئەوەی کە ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە کە بە زۆر ڕێگای جیاوازدا نەسڵە چالاکە سەرکەوتووەکان، شوێنی خۆیان لە ئاکادێمیادا چەسپاندووە، بەڵام بەڕێگایەکی لێڵدا. هەروەک تامپسۆن لەسەر چینی کرێکار نووسیی:

ئەوان کە نەیانتوانی کۆمەڵگای کاپیتالیستی بڕووخێنن ، هەوڵیان دا بەربەستی بۆ دابنێن … ئەوە بەشێک لە مەنتقی ئەم ئاراستە نوێیە بوو کە هەر پێشکەوتنێک لەناو چوارچێوەی کاپیتالیزمدا هاوکات قووڵتر چینی کرێکاری لە دۆخی هەنووکەییەوە تێوەگلاند (Thompson ,1965,p.343) .

هەروەها ‌هێندێک شتی ئەمە بۆ چالاکەکانی ناو ئاکادێمیایش ڕاستە. بەتایبەتی، لە ساڵی ١٩٦٨ەوە ، زۆرێک لە جۆرە جیاوازەکانی شوێنە بەناو ڕادیکاڵەکان لە بەستێنی جیاوازدا خولقاون، بەڵام هەموویان ناچار بوون لەگەل مەنتقی بەربڵاوتری ئەو دامەزراوانەدا شەڕ بکەن کە گرێدراون پێیانەوە . خولە جیاوازەکانی ئەم شەڕە جۆراوجۆرانە (لە وڵات، دیسیپلین، و دامەزراوە جیاوازەکاندا) ڕێگا دەدەن بەشداربوان بە توانای کەمتر یان زۆرترەوە  لە ئەم شوێنانەدا نەک بەتەنیا وەک ئاکادێمیکێک بەڵکوو وەک بەشداربووی بزووتنەوەیش هەڵسوکەوت بکەن.


بڵاڤۆکێک لە بزووتنەوە و بۆ بزووتنەوە

لە نزیکەی ساڵی ٢٠٠٧ ەوە، تاقمێکی زۆرتر لە ١٢ کەسی لە توێژەرە چالاکەکان، کە بازنەیەکی هاوکاریی جیهانی و بەژمارەیەکی زۆرتری هاوکارەوە ڕێکخرابوون، و پەرەیان داوە بە هێڵێکی پێوەندیی[17] ڕۆژنامەوانیی چالاک / ئاکادێمیک بۆ دەستپێڕاگەیشتنی گشتی(Wood et al., 2013). لە کاتی دامەزرانیدا ئەمە تاقە بڵاڤۆکی بۆ دەستپێڕاگەیشتنی گشتی بوو لە بواری خوێندنەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا؛ ئەوە لەگەل سەردێڕەکانی باسوخواستی “ڕۆمییەکان”دا پێکدژ نییە، کە سێ بڵاڤۆکی ئینگلیسی زمانی کە پێشتر لە ئەم بوارەدا هەبوون و هەموویان لەپشت دیواری پێدانەکانەوە[18] بوون، تەنیا لەبەردەستی یەکەمین زانستگا جیهانییە دابینبووەکاندا بوون. لە هەر ڕوانگەیەکەوە کە بەشداربوانی بزووتنەوە بە بکەری وریا و بیرمەند ببینێت، ئەم هەلومەرجە شەرمەزاری بوو. شتێکی زۆر باشە کە لە ساڵ یان دوو ساڵی پێشوودا بڵاڤۆکێک پەرەی بە بلاگێکی بۆ دەستڕاگەیشتنی گشتی داوە (ئەگەرچی هێشتا شوێنی داوەتکراوەکانە)، بڵاڤۆکێکی تر هێندێک لە وتارەکان دەخاتە بەردەستی هەموان، و کۆمەڵێک بڵاوڤۆکی نوێ دانراون کە بۆ دەستڕاگەیشتنی هەموانە.

وەک پێشتر لەگەل پرۆژەی “فێربوون لە هەوڵەکانی یەکتری” دا باسی کرا، هێڵی پێوەندی ناچار بووە چەندین بژاردەی ستراتێژیکی کلیلی بخاتە بەردەست، و بەردەوام خۆی لە بەرەنگاری لەگەل هێزی ڕاکێشانی ئاکادێمیدا بینیوەتەوە. ئەوە بۆ دەستڕاگەیشتنی هەموانە، قازانجی تیا نییە، و تەنیا بەستراوەتەوە بە کاتی خۆمانەوە، نە بە پاڵپشتە ماڵییەکانەوە (کەوابوو، لەگەل گوشار بۆ بەرهەمهێناندا ناتەبایە). هێڵێ پێوەندی وەک بڵاڤۆکێکی شارەزا دەردەکەوێت بەو مانایە کە هەر وتارێک هاوکات لەگەل توێژەرێکی ئاکادێمیکدا لەلایەن شارەزایەکیشەوە پێداچوونەوەی پێدادەکرێت؛ بەدڵنیاییەوە هێندێک کەس دەتوانن هەردوو ڕۆڵەگە بگێڕن، بەڵام بۆوێنە، چالاکانی ئاستی کارناسی باڵا، دەبێ چالاکانە داوایان لێبکرێت تاکوو زۆرتر لەوەی ئەو مەنتقە ئاکادێمیکانە بەرهەم بهێننەوە کە سەرقاڵن بە فێربوونیانەوە، بیروبۆچوونە چالاکانەکان پەرە پێبدەن.

لەولاوە، ئەگەرچی سەخت کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی ئەو بابەتانەی کە پێمانوایە لەبزووتنەوەکاندا لەگەل چالاکاندا دەبێت باس بکرێت – وەک سەرکوت ، فێرکاریی بزووتنەوە، خولقاندنی ڕاگەیاندنی، گؤڕانی کۆمەڵایەتی، جەندەر لە بزووتەوەدا- هەوڵیش دەدەین بۆ پەرەپێدان بە چوارچێوەی لەبار و زمانێکی کراوە. لەگەل هەر بابەتێکدا ئێمە ناونیشانی ڕێژەیەکی تایبەت لە خوێنەران دەدەین کە لەگەل بزووتنەوەیەکی تایبەت یان چەشنێک لە چالاکیدا تێکەڵ بوون و هەوڵ دەدەین لەناو تۆڕێکی بەربڵاوتردا لەخۆیان بگرین. بەوجۆرە لە درێژماوەدا تۆڕێکی بەربڵاو لە چالاکە تیۆری باوەڕەکان و توێژەرە دەروەستەکانمان درووست کردووە. هێندێکیان هەمان کەسن، بەڵام لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانیاندا؛ ژمارەیەکی کەمی بەبەختیان ئەتوانن لەیەک کاتدا و بەبێ ئاستەنگی ئەوتۆ هەردوویان بن.

دیارە کە هاوکات لەگەل سیاسەتەکانی دابەشکردندا، پرسیاری خاوەنداریەتیی ئامرازە هزرییەکانی بەرهەمهێنان دێتە ئاراوە،کە چارەسەری ئاسان نییە. خاڵی گرینگیی چۆنیەتیی ڕێکخستنی هێڵی پێوەندی ئەوەیە کە ئێمە لە بەستراوەیییمان بە بزووتنەوەکان و نەریتە سیاسییەکانەوە زۆر جیاوازین، لەو لایشەوە لە پێوەندیمان لەگەل ئاکادێمیادا هەر وەهاین. وەک خۆم، ئاگاداری ئەوە هەم کە چۆن زۆربەی کات بڵاڤۆکە ڕادیکاڵەکان بوون بە پرۆژەگەلی وەها کە بە نەسڵێکی تایبەت لە چالاکانی ناو ئاکادێمیادا دەناسرێنەوە، و هەوڵ دەدەن ئەو ستراتێژیانە پێشنیار بکەن کە دەکرێت لەڕێگایانەوە خۆ لە ئەم چارەنووسە لابدەن یان بەگشتی بیگۆڕن. ئەو ڕاستییەی کە هێڵی پێوەندی نە مڵکی زانستگایە و نە هین دامەزراوەی بزووتنەوەیەک یان بۆچوونێکت سیاسیی تایبەت، بەشێکی گرینگی ئەو یارمەتییەیە کە دەتوانێت بیدات. ئەگەر بڕیارە هەوڵ بدەین لەسەر “بزووتنەوە وەک یەکەیەکی گشتی” قسە بکەین(Marx ,1969b)، ئەمە دەبێت بەهۆی ئەوەیش کە بزووتنەوەکە وەک یەکەیەکی گشتیش لەخۆیدا لەبەرچاو بێت، و لەناویاندا بیچمە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی زانیاریی بزووتنەوەیش لەخۆدەگرێت. (ئەمە سەردێڕی یەکەم  بابەتی ئێمە بوو: Cox and Flesher Fominia , 2009).

بەمجۆرە، هەوڵ دەدەین دەسەڵاتی شوێنی ناوەندە ئاکادێمییەکانی تیۆریدانان لەسەر بزووتنەوە، لەڕێگای خستنیانە ناو پێوەندی لەگەل زمانەکان، چوارچێوە و شوێنەکانی تردا کە بزووتنەوەکان لە ناویاندا زانیاری بەرهەم دەهێنن، کەم بکەینەوە. هەروەک لە بڵآوکردنەوەی کتێبدا، لێرەیشدا خەریکین شوێنێک درووست دەکەین کە لەناویدا هێندێک جەماوەری دیاریکراوی جێگرەوە لە وڵاتانی تایبەت و هەرێم، بزووتنەوە و ڕێکخراو، ڕەوتی سیاسی، و بوارە ئاکادێمیکە جیهانییەکاندا بتوانن یەکتر ببینن یان لانیکەم دەست بکەن بە فێربوون لە یەکترەوە. دیارە، لێرەدا خەریکین لە مەنتقی بزووتنەوەکان، بەتایبەتی مەنتقی بزووتنەوەی دژە-کاپیتالیستیی بزووتنەوەکان[19] باس دەکەین (Cox and Nilsen , 2014) کە یەکەمجار لەلایەن تاقمەکانی وەک زاپاتیستاکان، کردەی جیهانیی خەڵک[20] ، و ئیندیمێدیاوە بڵاو بوویەوە و دۆ سۆسا سانتۆس وەک ” کۆژینگەی زانیاری[21] ” ناوی برد (2006 , p.18).


هێندێک ئاماژەی بەربڵاوتر

ئەم وتارە بە بابەتی ڕاگەیاندن، لەگەل هێڵی پێوەندی و MA کە هێشتا لە پێشکەوتندایە، کۆتاییی پێدێت و زۆرترین کاتم دەگرێت. تا ئەو ڕادەیە، هێشتا بەتەواوەتی پشتم بەستووە بە ئەم ڕێباز و ئەزموونە تایبەتانەوە وەک شوێنێک بۆ ئەوەی لەناویاندا پێوەندیەکی بنیاتنەرانە لەنێوان بزووتنەوەکان و توێژەرەکاندا دەتوانێت پەرە بستێنێت. لێرەدا هەوڵم داوە بیر لە ئەوە بکەمەوە کە بە بەستنەوەی ئەم ئەزموونانە بە توێژینەوەوە، و بە خستنە بەرچاوی پێکدژییەکان لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا کە بیچم بە فێربوون و بەرهەمهێنانی زانیاری لە ئاکادێمیادا دەدەن، دەتوانین چی لەسەر بابەتی فێربوون و بەرهەمهێنانی زانیاری لە بزووتنەوەکاندا فێر ببین. ئایا بەگوێرەی ئەوەی کە بزووتنەوەکان چۆن دەتوانن لە بەستراوەیی نایەکسان بە ئاکادێمییەوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بچەسپێنن، ئاماژەی بەربڵاوتر بۆ ئەم ئەزموونە تاکەکەسییانە هەیە؟ لەکاتێکدا ئەمە دەنووسم، حکوومەتی یۆنان و نەیارە نیۆلیبراڵەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دراماتیکدان لەسەر ئەوەی ئەگەری هەیە ڕێگایەگی تر لەبەردەستدا ببێت. بەبێئەوی هێشتا دەرهاویشتەکەی بزانین، ڕوونە کە گوشارەکانی نیۆلیبراڵیزم لەسەر تێگەیشتنی ویلیامز(2005, p.32) لە چەمکی ” دانانی سنوور، گوشار خستنە سەر”دا یەکلاکەرەوەن. بۆیە، یۆنانیەکان بیبەنەوە یان بدۆڕێن، ئەگەر ڕەنگیان لە کۆڵەکەکان نەدابا، و لەسەر جیاوازییەکانی نێوان پێگە و ئەمەگناسییەکانیان، و ئەو بنەمایانەی نیۆلیبراڵیزم پێکدەهێنن بەرچاوڕوون نەبان، کاریگەرییەکی وەهایان نەدەبوو. لە یەکەم ڕوانیندا توانای بەرەنگاریی پێکدژییەکان ئاسانە بەمەرجێک بوێری ببێت کە وەک پێکدژی دانیان پێدابنرێت و لەسەر ئەو بنەمایەیش ڕێکبخرێن.

هەمان بابەت بۆ بزووتنەوە و مەنتقە ئاکادێمیکەکانیش ڕاستە. ڕیچارد پیسووز (2014)، جێگری سەرنووسەری interface  هێندێک تێبینیی باشی لەسەر ئەوە خستووەتە بەردەست کە بۆچی بزووتنەوەی خەڵکانی هەژار لە باشووری ئافریقادا پێویستی بە دابڕانێکی ڕادیکاڵ لە ئاکادێمیی چەپ، و هەروەها دەوڵەتی مامەڵەچی[22] و NGO  کان  هەیە، بۆ ئەوەی زۆرتر لەوەی لەپێناو ئامانجی دەرەکی و لەلایەن نوێنەرە بەهێزترەکانەوە بەکار ببرێن، پەرە بە تێگەیشتن و پێویستییەکانیان بدەن و بیانچەسپێنن. لەکاتێکدا هەلومەرجمان لە ئیرلەنددا تاڕادەیەک جیاوازە (هەرچەند هاوتەریبی گرینگ لە بابەتی چالاکیی کۆمەڵگای چینی کرێکاردا هەیە)، دیسان لە گەمەی نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و زانستگاکاندا دوو مەنتق و کۆمەڵە بەرژەوەندیی زۆر جیاواز هەیە، و بەبێ دیاریکردنی ئەم جیاوازییە هیچ ئاکامێکی بەرچاو دەست ناکەوێت (Holloway ,2010).

بەواتایەکی تر، ئەگەر بکرێت”لەناو یان بە دژی دەوڵەت” یش بجووڵێینەوە، ڕێگای ئەوە نییە کە وەها پیشان بدرێت کە مەنتقی دەوڵەت(لێرەدا، مەبەست مەنتقە پێکهاتەییەکانی زانستگاکانە) دژایەتییان لەگەل مەنتقی نوێنەرایەتییە جەماوەرییەکان و پەرەسەندنی لێوەشاوەییی هزریی ئۆرگانیکی بزووتنەوەدا نییە(Hamm ,2013). لەبریی ئەوە، بە دیاریکردنی ڕوونی جیاوازییەکان، وەک جیاوازیی لە دەسەڵات، بەرژەوەندی، و پێگەی فەرهەنگییە کە دەتوانین ستراتێژییەکی جددیی وەها دابڕێژین کە تەنیا بۆ پاساوی ئەو کردەوانەمان نەبن کە بەهەرجۆرێک بێت ئەنجامیان دەدەین. ئەوە پێڤاژۆیەکی ئاستەم و بەئازارە، کە هەروەک پیسووز دەنووسێت  (2014)، پێویستی بە بیرکردنەوە و باسی بەردەوام هەیە. گوشارە بنەڕەتییەکان بەجۆرێکن کە بەئاسانی دەکرێت ئامانجی چەمک، تیۆری، شێواز، و بوارەکانی خوێندن بگۆڕدرێت بۆ دژی ئامانجی ڕادیکاڵی پێشوویان، و  تەنیا سەرنجێکی وردی ناواخنی شتەکە دەتوانێت بەر بە ئەمە بگرێت.

سەرهەڵدانی بزووتنەوەکان لە ٢٠٠٨ەوە  لە دنیادا پاڵی بە خەڵکێکی زۆری ڕاهاتوو بە خوێندنی نەریتییەوە ناوە بۆناو پێوەندییەکی دۆستانە بەڵام لە بنەڕەتەوە بیرمەندانە (Gramsci ,1999 , p.535, following Marx , 1969) لەگەل بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا. هێندێک لە ئەم خەڵکانە ڕەنگە بەباشێ بتوانن ئەم پێوەندییە بگۆڕن بۆ پێوەندییەکی چالاکتری یەکگرتووانە. هەروەها، هەوڵێکی زۆریش هەیە کە بەخێرایی ئەو شتەدا کە وادەزانرێت بازاڕێکی بەربڵاو (ی وەشاندن، یارمەتییەکانی توێژینەوە، ناوەندەکان و هین تر ) بێت بسڕدرێتەوە: وەک ئەوەی سۆسیال دێموکراتەکان وەها پیشان دەدەن کە دژی پارێزن و لەپاڵ بزووتنەوەکاندا وەستاون، ئەمانە دەبێت بەپێی ئەو شتانەی کە هەن ناویان لێبنرێت.

لایەنێکی ئەرێنیی سەرهەڵدانەکە ئەوەیە کە ئێستا شوێنی گەورەتر بۆ دەستپێشخەرییە ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەوە بوونی هەیە، و نەسڵی نوێی چالاکەکان خەریکن دەچنە ناو شوێنە ئاکادێمیکەکان و هەوڵ دەدەن کە بۆ ئامانجی خۆیان بیانگۆڕن. ڕۆڵی ئێمە لێرەدا نابێت وەرگرتنی کڕیار بۆ  پرۆژە پێشووەکانی خۆمان بێت بەڵکوو دەبێت بەپیری تاقیکاری و پرۆژە نوێکانەوە بڕۆین، و یەکگرتوانە شوێنە ئاکادێمییەکانمان بەڕوویاندا بکەینەوە و لە شوێنەکانیاندا بەشداری بکەین. بەگوێرەی بیرکردنەوەکانی گرامشی لەسەر پرسی باشوور (1966)، بە دیاریکراوی  پێوەر بۆ” زانستی چالاکانە” دەبێت ئەوە بێت کە تا چ ڕادەیەک بیچمدانەوە بە پێکهاتە دامەزراوەییە دیاریکراوەکانی ژیانی ئاکادێمیک– فێرکاریی لە کارناسیدا، ڕاهێنان لە کارناسیی باڵادا، توێژینەوە، وەشاندن، دابەشکردن و هەتا دوایی – بەڕێوە دەبەین، بەجۆرێک کە: ئا) لەبریی فێرکردنی چالاکە پێشووەکان بۆ ئەوەی شتە سەلمێندراوەکان بەڕێگای لەبار و ئاساندا بڵێنەوە، زۆرتر پەرە بە تیۆریی ئۆرگانیکی بەهێز دەدات  ب) باسێکی ڕەخنەگرانە لەسەر یەکگرتوویی لەنێوان پێڤاژۆکانی فێربوونی بزووتنەوە و بەرهەمهێنانی زانیاری و هاوتا ئاکادێمییەکانیاندا دەخاتە بەردەست ؛  پ) ڕێگا خۆش دەکات بۆ پێوەندییەکی قووڵ لەگەل ئەو بزووتنەوە جەماوەرییانەدایە کە لە پێڤاژۆگەلی وەک دامەزراندن (وەرگرتن)، دەق، توێژینیوەی ئاکار، ڕێچکە تاکەکەسییەکان، بڵاوکردنەوە، و – بەخۆشییەوە –  سەرکەوتنەکاندا بەرچاون.

تواناییی ئێمە بۆ بیچمدانەوە بە پێکهاتە ئاکادێمیکەکان لە ئەم ڕێگایانەوە هیچکات لە زانستگای کۆمەڵگا کاپیتالیستییەکاندا گشتی – یان بەڕێکەوت – نابێت. ئەوە پێویستی بە هەوڵ و ویستی بەکۆمەڵ هەیە، کە لەگەل بزووتنەوەکاندا یەکبگرێت و بەو جۆرەی بلەیک دەیڵێت خواستی بەرەڕووبوونەوەی هەردووی پێوەندییەکانی دەسەڵاتی ئاکادێمیک و کۆتوبەندە هزرییەکانی درووستکراوی بیری خۆمانی ببێت. بەواتایەکی تر، نەک تەنیا لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە پێگە و پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکانمان، بەڵکوو دەبێت لە کردەوەکانی پێوەندیدار بە گۆڕینی ئەو هەلومەرجە و درووستکردنی پێوەندیی ڕادیکاڵی زۆرتریش فێر ببین .



سەرچاوەکان

Autonomous Geographies Collective. (2010). Beyond scholar Activism: Making Strategic Interventions inside and outside the neoliberal university.ACME: An International E-journal for Critical Geographies,9(2),245-275

Baker,C.,& Krinsky , J.(2009) . movement strategizing and developmental learning. In H. Johnson(Ed.), culture, protest, and social movements (pp.209-225).Farnham: Ashgate

Baker, C., & Cox, L (2002/2011). What have the Romans ever done for us? Activist and Academic forms of theorizing. Helsinki: Into. Retrieved from http://www.into-ebooks.com/essay/what-have-the-romans-ever-done-for-us/

Berger ,P.,&Luckmann, T.(1967).The social construction of reality.Harmondsworth: Penguin.

Bevington, D.,& Dixon, C.(2005). Movement-relevant theory. Social movement studies,4(3),185-208.

Bobel ,C.(2007). I`m not an activist, Though I have done a lot of it. Social movement studies,6(2), 147-159.

Burawoy ,M.(2005). For public sociology. American sociological review, 70(February),4-28.

Cahill, C(2007). Repositioning ethical commitments: Participatory action research as a relational praxis of social change. ACME: an international E-Journal for critical geographies, 6(3), 360-373.

[1] Political learning curve

[2] Unreflexive : ئەوانەی پێیانوایە کە بیروبۆچوون ، ئەزموون ، و گریمانەکان کاریگەرییان لەسەر پێڤاژۆی توێژینەوە نابێت

[3] Reflexive: ئەوانەی پێیانوایە بیروبۆچوون ، ئەزموون و گریمانە کاریگەرییان لەسەر پێڤاژۆی توێژینەوە دەبێت

[4] Contradictions

[5] Austerity

[6]PAR: participatory action research

[7] Learning from each other`s struggles

[8] forum

[9] Absence

[10] MA: Master of Arts

[11] Practitioner

[12] Activist theorizing

[13] Empirical content

[14] Processes of examination

[15] Distribution

[16] Gestetner

[17] Interface

[18] Paywalls

[19] Anti-capitalist movement of movements

[20] People’s global action

[21] Ecology of Knowledge

[22] Clientelist state

داگرتنی بابەت