ئارامتر بخوێنەوە
وتووێژ لەگەڵ سەعید شەمس
سازدانی وتووێژ: شەهلا دەباغی
بینەرانی بەرێز بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەی گۆڤار
لەم بەرنامەیدا میوانداری بەرێز دوکتور سەعید شەمس دەکەین. دوکتور سەعیدی شەمس بەخێربێن.
زۆر سپاس هاوڕێ شەهلا
دوکتور گیان ئێوە وتارێکی تاڕادەیەک دوور ودرێژتان نووسیوە لەسەر ئیڕانییەت و کوردییەت لەوێ لە کەوانەدا چەمکی هەمزیستی [پێکەوەژیان] هێناوەتە گۆڕێ. لەو وتارەی بەرێزتاندا ئاماژە بە زۆر شت کراوە، ناسیۆنالیزمی ڕەسمی، ناسیۆنالیزمی مەشروتە و ناسیۆنالیزمی دوای جمهوری ئیسلامی. لەباری مێژووییەشەوە باستان لەوە کردووە کە ئەو مۆدێلە لە ناسیونالیزمانە لەو ناوچەیدا مۆدێلێکی ڕووسییە. ئەو ناسیۆنالیزمەی لە ئێراندایە زیاتر لە ژێر کاریگەری مۆدێلی ڕوسیدایە. دواتر ئاماژەتان بە هەندێک مژاری پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزمی کوردی و ئێرانی کردووە. ئەمن پێمخۆشە جەنابت سەرەتا کۆبەندی وتارەکەی خۆتان باس بکەن. بۆ ئەوەی ئەو دۆستانەی وتارەکیان نەخوێندووەتەوە بزانن ئێوە لە چ ڕوویەکەوە ئەو باسە شی دەکەنەوە.جا دواتر من پرسیارەکانی خۆم ئاراستەی بەرێزتان دەکەم.
زۆر سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی بە منتان داوە. سەرەتا ئەوە بڵێـم سەردێری وتارەکە ئەوەیە “ایرانیت و کوردیت: هەمزیستی یا هەمستیزیی؟” ئەم ناونیشانە لە دوو بەش پێکهاتووە کە پەیوەندی نێوان ناسنامەی کوردی یا کوردییەت لەگەڵ ناسنامەی فارسی یا ئێرانی تیایدا نیشان دەدرێ و باس لەوە دەکرێ ئایا ئەو پەیوەندییە هەمزیستییە یا هەمستیزییە؟ پێکەوە ژیانە یا دوژمنایەتیی وشەڕە لە گەڵ یەک؟
ئەگەر لە یادم مابێ ئەو وتارەم ساڵی ٢٠٠٨ یا ٢٠٠٩ نووسیوە. هۆکاریشی ئەوە بوو کە لەڕاستیدا لە ٢٠٠٨ تا ٢٠٠٩ سەرەتا قانوونی بنچینەیی عێراقی بڕیاری لەسەر درا بوو. لە ماددەکانی ئەو قانوونەدا دۆخی کورد تاڕادەیەک لە بەرچاو گیراوە. بەشێوەیەک دەکرێ وەک مانگی هەنگوینی هەرێم و بەغدا سەیری بکەین. ئەو دۆخە کە لە عێراق ساز بوو ڕەنگدانەوەی یا پرچەکردارێکی زۆری لە نێو ڕووناکبیرانی فارسدا هەبوو. بەتایبەت ئەو کەسانەی من دەمناسین کە سەردەمانێک لەگەڵ من چەپ بوون یا هەر دەیانگوت چەپین، بەڵام زۆر نیگەرانی ئەو دۆخە بوون. لە قسەوباس و مشتومڕەکاندا نیگەرانی سونییەکان بوون! دەیانگووت دۆخەکە باش نییە، کورد و شییعەکان خەریکن سونییەکان قەڵاچۆ دەکەن! منیش هەمیشە ئەوەم پێدەکووتن کە باشە لە ساڵی ١٩٢١ کە عێراق پێکهاتووە تا ٢٠٠٣ هەمیشە سونییەکان حاکم بوون و هەمیشە کورد سەرکووتکراوە. ئێوە خۆ کورد بە ئێرانی دادەنێن بۆ قەت ئەوەتان بە فکر نەدەگەیشت و لە پڕڕا ئەو شتە بۆ هاتۆتە گۆڕێ؟
لە نامیلکەکەشدا ئەم باسەم شی کردووەتەوە کە گۆڕانکارییەیک ساز بووە، گۆڕانکاری بەو مانایەی کە هەمیشە وەک ئەزموون وەختێک گۆڕانکارییەکی ژیئۆپۆلیتیک ڕوو دەدا زۆربەی کات ئاسۆیەک بۆ باسە فکرییەکان دەکرێتەوە. بەهاتنی ئەمریکا بۆ عێراق ڕژیمی سەدام ڕووخاوە و دەرگا بۆ کورد کراوەتەوە تا لە دەسەڵآتدا بەشدار بێ. ئەم ڕووداوە پرچەکردارێکی زۆری لە ئێران و تورکییە لێ کەوتەوە. ئەوەی مەبەستی من بوو لەڕاستیدا زۆرتر ئەوە بوو ئەو بەشە لە ڕووناکبیرانی ئێران بکەمە بەردەنگی خۆم. لەو دەمانەدایە کە دەبینی لە نێو چەپی ئێرانیشدا گۆڕانکارییەک ڕوو دەدا، لە بیرمان نەچێتەوە پێش ئەو گۆڕانکارییانە مەنسووری حیکمەت وتارێکی نووسی بە نێوی سناریۆی ڕەش و سپی کە زۆری دەنگ دایەوە و ئەو نیگەران بوو لە ئێران سنارێوی ڕەش وەک یوگوسڵاوی سەر بکەوێ. دوای ئەوەش وتارێکی دیکەی ڕاشکاوانەی نووسی کە مافی دیاریی کردنی چارەنووسی گەلان دەبێ لە بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیست بێتە دەرێ و ئەوە باسە ئیتر کۆن بووە. مەبەستم ئەوەیە ئەو گۆڕانکارییەی ڕوویدا قسەوباسی زۆری بەدواوە هات. جا لەو بەستێندا بوو من پێموابوو کە مەسەلەی ناسیونالیزم بۆتە مژارێک کە ئیستاکە هەموو کەس قسەی لەسەر دەکا ت. بەڵام بەداخەوە مۆدێلێکی زۆر تایبەت لەم ناسیونالیزمە کە لە باری تێۆریکەوە پێی دەڵێن ناسیونالیزمی ڕەسمی لەو باسانەدا ون بووە. گرنگییەکەشی لێرەدایە کە هەم مۆدێلی ئێرانی و هەم مۆدێلی تورکی نموونەیەکن لەو ناسیونالیزمە ڕەسمییە. ئەوەی جێی باسە ئەوەیەکە ئێمڕۆ ڕووناکبیرانی چەپی کۆنی ئێرانی هاتوونەوە سەر ئەو ناسیونالیزمە. ئەمە چ واتایەکی هەیە؟ بەو واتایەی ئەگەر ئێوەش لەبیرتان بێت، چەپەکان هەمیشە بۆشاییەک یا گۆشەیەکیان لە گەڵ ڕەزا شادا هەبووە. بە واتایەک بەگاڵت چەلەچەلە دەمکوت ناسیونالیزمی ئێرانی، ناسیونالیزمی بێ بابە، دیار نییە بابی کێیە! بەڵام ئیستا یا ئەو کاتەی کە من ئەوەم نووسی یانی تەقریبەن ١٢ساڵ لەوە پێش، هەموو کەس بە شموولی ئەو هاوڕێ چەپانە یا ڕووناکبیرانی ئێرانی قەبوڵیان کردبوو کە ڕەزاشا درێژە و بەردوامیی مەشروتە بووە و لەواقعدا یەکەم کەس بووە کە مەشروتەی لە ئێران جێبەجێ کردووە. لەم مانایەدا، پێداچوونەوەیەکی زۆر بنەڕەتی بەنیسبەت ناسنامەی دەسەڵاتی ڕەزاشا کرابوو و من لەو ڕوانگەوە پێموابوو پێویستە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ ئەو بابەتە بکرێ. هەر بۆیە نامیلکەکە بە سەر سێ بەشدا دابەش بووە. بەشێکی لەسەر ناسیونالیزمی ڕەسمییە کە ئەگەر پرسیارتان هەبوو شرۆڤەی زیاتری بۆ دەکەم. بەڵام زۆر بەکورتی ئەمە مۆدێلێکی زۆر تایبەتە کە لە ١٨٢٠ بەو لاوە دەردەکەوێ و یانی چۆن لە بەدواوە ئورۆپا دەکەوێتە سەردەمی ناسیۆنالیزم و کۆمەڵێک جووڵانەوە و شۆڕشی ناسیونالیستی دەست پێدەکا. بەڵام بۆ ئەوان مۆدێلی جووڵانەوە و شۆڕشی فەرانسە و ئەمریکا سەیر دەکەن. یانی وەک مۆدێلێک لە بەرچاویانە، جا چێکسڵۆڤاکی بێ، لێهستان بێ یا هەر شوێنێکی دیکە بێ. هاوکات لەگەڵ ئەوە لە ڕووسیەش گۆڕانکارییەکە ڕوو دەدا. هەر بۆیە من هاتوومە سەر ئەو باسە، یانی مۆدێلی ئەوانەی کە لە ئورۆپان و لە ڕووسییە بە شێوەیەکی دیکە ڕەچاوی دەکرێ و دەبێتە ئەو ناسیونالیزمە ڕەسمییەی کە من هەوڵم داوە زۆر بەکورتی شی بکەمەوە. دوابەدوای ئەوە دەتوانین لەسەر ئێران و تورکییە قسە بکەین.
ئێمە دەتوانین بڵێین کە ئەم مۆدێلیە ڕەسمییەی کە لە ڕوسییە بوو، و ئێوە لە مۆدێلی ئێرانیشدا باسی لێ دەکەن، لەڕاستیدا مۆدێلێکە بەژێردەستکردنی نەتەوەکانی دیکە پێک دێ. ئێوە لەوێدا هەوڵتان داوە ئەو مۆدێلە شی بکەنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە دەگەن کە دەکرێ ئەو ئێرانییەت و کوردییەتە بەشێوەیەک پێکەوە بژین. لەحاڵێکدا ئێمە دەبینین هەر لە سەرەتای باسەکەشتاندا نەموونەی باشوورتان هێناوە کە تا ئیستاش ئەو مۆدێلە کێشەی هەیە. بەغدا زۆر جار کێشە دەخوڵقێنێ و لە ئێرانیشدا ئەو مۆدێلە هەر هەمان کێشەی دەبێ. ئەگەر ئیستا ئێمە بمانهەوێ بۆ چەمکی ناسیونالیزمی ڕەسمی بگەڕێینەوە، دەبینین بەهێنانە کایەی ڕەزا پەهلەوی، ئێرانییەکان دەیانهەوێ هەمان نەموونەی ڕەسمی دووبارە زیندو بکەنەوە. لەم بارەدا ڕای جەنابت چییە؟ ئایا لە کێشمەکێشی پەیوەندی دەسەڵاتدا دیسانەوە چاوپۆشی لە نەتەوەکانی ژێردەست دەکەنەوە و نەتەوەی باڵادەست بە نێوی چەمکی ئێرانییەتەوە دەیهەوێ نەتەوەکانی دیکە بچەوسێنێتەوە؟ بۆ خۆشتان زۆر بەجوانی ئاماژەتان پێداوە کە هەر کاتێک ئێمە باسی ئیرانیبوون دەکەین ئێرانییەکان قەبووڵی دەکەن، بەڵام کە باسی پرسی کورد دەکەین کێشە دێتە گۆڕێ.
من پێش ئەوەی بێمە سەر پرسیارەکەت، ئاماژەیەک بەوە بکەم کە لە دەسپێکی نامیلکەکەدا باسی پارادۆکسێک یا ناتەباییەکی فکری دەکەم. لە لایکەوە ئێرانییەکان یا بەپێی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە لایکەوە کوردیان پێی ئێرانییە، لە لایکی دیکەوە هەر جووڵەیەکی کوردی وەک مەترسییەک یا هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوایەتی خۆیان سەیر دەکەن. بەڵام سەبارەت بەوەی باستان کرد، من لە کۆتاییدا باسی ئەوەم کردووە. بەڵێ! دەتوانین بڵێین باسی هاوژیانی ئێرانییەت و کوردییەت بکەین. بەڵام بە مەرجێک کە چەمکی ئێرانییەت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو قەتیس نەبێتەوە. قسەکەی من ئەوەیە ئێرانییەت بە مانای شارستانییەتێک دێ کە تەنیا فارس ناگرێتەوە، بەڵكوو سێسەد میلوێن خەڵک لەخۆ دەگرێتەوە. ئەو خەڵکەی لە پێدەشتی ئێران یا لە پێدەشتی زاگرۆس دەژین، هەم لەباری کولتوورییەوە و هەم لەباری زمانییەوە، هەم لەباری مێژووییەوە لە بەرانبەر شارستانیەتی سامی و توورانیدا و دواتر ڕۆژئاواییدا شارستانیەتی تایبەت بەخۆیان هەبووە. کەواتە کۆمەڵێک هاوپەیوەندیی زمانی، کولتووری و مێژووییان پێکەوە هەیە. کێشەکە لەو تێڕوانینەی ناسیونالیزمی ئێرانیدایە کە تەنیا لە چوارچیوەی دەوڵەتی ئێرانیدا باس لە ئێرانییەت دەکا، یانی لە دەرەوەی ئەوە شتێک بە نێوی ئێرانییەت بە ڕەسمییەت ناناسێ. لەکاتێکدا بە ڕای من چەمکی ئێرانی بە مانای دەڵەتێکی میللی نییە، ئێران بۆ خۆی و لە دەرەوەی ئێرانیش، وەکوو تاجیک یا بەشێک لە ئەفغانییەکان کە خۆیان دەوڵەت و ناسنامەی میللییان هەیە بەشێکن لە ناسنامەی ئێرانی و سێ چوار ئیتنیکی جێاوازییان لەناو سنوورەکانیاندا هەیە.
بەڵام دوکتور سەعید با هەر لێرە ڕاوەستین! کاتێک ئێوە باسی ناسنامەی ئێرانی دەکەن جۆرێک پێداگری لە زمان و کولتوور دەکەن. لە حالێکدا ئێمە کێشەکەمان لەو ئاستەدا ناوەستێ و دەبێتە کێشەیەکی سیاسی و پەیوەندیی دەسەڵات. ئێوە بۆ خۆشتان ئاماژەتان پێدا وەختێک ئێمە باسی ئێرانییەت دەکەین لە نەزەر وانەوە یا هەمان ناسیونالیزمی ڕەسمی، خۆیان دەبنە نەتەوەی باڵادەست و چیتر نافارسەکان نەتەوە نامێنن. ئەوانی دیکە تەنیا قەومن کە هەر ئەزقەزا هەر لەو چوارچێوەی نەزمی کولتوورییەدا دەمێننەوە. بەنەزەری ئێوە ئایا لەبنەڕەتدا ئەوە چارەسەر دەکرێ؟
پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانەوە هەیە. بە هەر حاڵ ئێمە لەو ناوچەیە پێکەوە دەژین یا دەتوانین پیکەوە بژین، یا دەبێ پێکەوە شەڕ بکەین. ئێمە مێژووی ئۆرووپامان لەبەر چاوە. ئەوان دوو شەڕی جیهانییان کردووە، بەڵام ئیستا سنوور لە نێوانیاندا نەماوەتەوە. کێشەکە لە ئێران لەسەر ئەوەیە چ عەقلیەتێک یا ئیدیۆلۆژییەک حاکم بێ. مەبەستم لە دەوڵەتی ئێرانییە نەک ئێران لە مانای کولتوورییەکەیدا. من ئەوە ڕەت ناکەمەوە و مومکینە پێکدادان ساز ببێ. بەڵام هەموو شەڕەکەی ئێمە ئەویە بتوانین ئەو مۆدێلە لە ناسیونالیزمی ڕەسمی بگۆڕین. چوونکە ناسیونالیزمی ڕەسمی بە شێوە ئاوێتیەک لە پاشماوەی ئێمراتۆرییەکی چەند قەومی و چەند زمانی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوە پێناسەی بۆ کراوە. کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکا. یانی شتێکی زۆر کۆنی نەریتی و باستانی دێنن لە گەڵ شتێکی مۆدێرن تێکەڵ دەکەن و مۆدیلیکی تایبەتی دروست دەکەن. ئەم تێگەیشتنەش لە ڕوسییەوە دەستی پێکردووە. لە لایەکەوە دەڵێن میللەت بەڵام لەلایەکی دەڵێن ئۆرتۆدۆکسی – ئۆتۆکراسی. تێکەڵکردنی ئەم ئەم سێ چەمکە مۆدێلێکی زۆر تایبەت ساز دەکا.
هەم لە ئێران و هەم لە تورکییە تەواوی هەوڵیان ئەوە بوو ئەو شتەی کە لە دوو ئیمپڕاتۆری کۆن کە لە دەرنجامی شەڕی یەکەمی جیهانی خەریک بوون بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕۆیشتن، ئێمپڕاتۆریی قاجار و ئیمپڕاتۆریی عوسمانی، دەیانویست ئەو شتەی کە دەکرێ ڕایگرن. بەتایبەت لە ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و کەماڵیستەکان دەیانزانی پانئیسلامیزم ئیتر کار ناکا. چوونکە پێشتر سوڵتان عەبدولحەمید بەکاری هێنابوو. بۆ ڕزگاکردنی تورکییە لە دابەشبوونی زیاتر هاتنە سەر باسی نیشتمانپەروەری؛ لە ئیرانیش هەروەتر. لە ئێران دوو گروپەی کە چوونە پشت ڕەزاشا ڕەنگە بەستێنی فکریان یەک نەبێ، بەڵام لە یەک نوختەدا یەکیان گرتەوە. ئەویش ڕزگارکردنی ئێران بوو و هەر بۆیە ڕەزاشا بۆ ڕزگاریدەری ئێران.
قسەی من لێردا ئەوەیە ئەو هاوڕێ چەپانەی کە بۆ نموونە ٢٠ ساڵ سنووری فکرییان هەبوو لەگەڵ دیکتاتۆری ڕەشی ڕەزاشا و پێیان وابوو ڕەزاشا لە مەشروتییەت لایداوە، ئیستاکە گەڕاونەوە سەر شتێکی دیکە و پێویستە ئێمە باس لە تێگەیشتنی خۆمان بکەین. بۆ چیش پێویستە؟ لەبەر ئەوەیکە لەو مێژووییەی ئەوان سازیان کردووە خەڵک لەبیر دەکرێ. ڕەزاشا دەکەنە بناغەی مەشروتەخوازی و لەبیری خۆیانی دەبەنەوە کە ڕەزاشا یەکەم شا و یەکەم فەرماندەیەک بوو لە ئێران کە دژی پاشای مەشروتەیەکی بێ ئیختیار بە ناوی ئەحمەدشا ڕاپەڕی. دەزانی چۆنە؟ یانی ئەحمەدشا چونکە پاشایەکئ زۆر بێ ئیختیار بوو کاری بە هیچ نەبوو! هاتن کودەتایان لێ کرد و لەگەڵ سەید زیائەدین دەسەڵآتیان لە پاشا سەندەوە. ئەحمەدشایان دەرکرد و بۆخۆیان بوونە حاکم؛ ئەوان ئەم لایەنەیە مێژووییەی ڕەزا شا لەبیر دەکەن. هەر ئەوانە دەهاتن و دەیانگووت قانوونی ئەساسی مەشروتە زۆر تەواوە. هەموومان هەر یەکین و ئەقوامی ئێرانی یەکسانن. منیش دەمگووت باشە لەکوێی ئەو قانوونەدا نووسراوە ئەقوامی ئێرانی بەرانبەرن؟ لەکوێی ئەو قانونەدا باسی کورد کراوە؟ لە ئەقوامی ئێرانی گەرێن من باسی کورد دەکەم!
بەڵام ئەوەی ئێوە دەفەرموون، بەڵێ! ئەمن لەگەڵ ئەو ڕوانگەیەدا نیم کە لەگەڵ هەموو شێوازێکی چەمکێکی ئێرانییەت دژایەتی و دوژمنایەتی بکرێ. چوونکە پێمواییە وەکوو چوارچێوەیەکی جوغرافیایی واقعیەتێکە و خەڵک وای پێێ دەڵێن و دەتوانین تەنانەت شتێکی دیکەی ناو بنێن، بەڵام ئێمە لە پێدەشتێک، جا زاگرۆس بێ یا ئێران بێ یا ئەلبورز بێ هەر چی نێوی بنێن، پێکەوە دەژین. کۆمەڵێک خەڵکی جێاواز دەژین ئەمە شارستانیەتێکە بەرانبەر بە شارستانیەتی سامی و دواتریش توورانی. ئەمە واقعیەتێکە ناتوانین ڕەتی بکەینەوە.
باشە لەو شارستانیەتەدا پێگەی نەتەوەکانی ژێردەست چۆنە؟
باش ئەمن باسی شارستانیەت دەکەم، نەتەوەکان دواتر پێک دێن. ئێمە نابێ ئەودوو شتە پێکەوە تێکەڵ بکەین.
تێگەیشتم! باسەکە ئەودەم دەچێتە سەر شتێکی دیکە. تەنانەت ئەو ئێرانییەتە کۆنە ئایا لە ئەساسدا بوونی هەیە یا نا؟ با باسەکە نەچێتە سەر ئەوە! با هەر لەو ئێرانییەت و کوردیەتەدا بمێنیەوە. ئەو کات لە بەرانبەر ئەو ئێرانییەتدا، ئێوە چ پێناسەیەک لە کوردییەت دەکەن؟
لە بەشی سێیەمدا من باس لە پرسی کورد یا کێشەی کوردم کردووە. لەوێدا لە نێوان پرس و کێشە جیاوازیم داناوە. کورد پرسێکی هەبووە بەڵام کردوویانە بە کێشە. ئێمە بەرپرس نین لەو کێشەیە، یانی بەرپرسی سەرەکی ئێمە نین. کەسانی دیکە بەرپرسن کە ئەم پرسەی ئێمەیان لە لا بووەتە کێشە. بەڵام بووەتە کێشەیەکی ناوچەیی و تەنانەت نێونەتەوەیی کە دەبێ چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە. ئێمە لێرە باسی پەیوەندیجووڵانەوەی کورد لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانی یا ناسیونالیزمی ئێرانی دەکەین. من زۆر نەچوومە سەر وردەکاری لە سەر باشووری کوردستان، چوونکە سەبارەت بە باشوور و تورکییە دەبێ جیاوازی دابنێین. کورد میللەتێکە بە چەندین هۆکار لە دوای شەری یەکەمی جیهانییەوە ئیمکانی هەبوو دەوڵەتی هەبێ بەڵام ئەو دەرفەتەی لەدەستدا. خۆی وەک ناسیونالیزم ئەوەندە ئامادە نەبوو. دۆخەکە کۆمەڵێک ڕێکەوت یا گۆڕانی زۆر خێرای تێدا بوو و دوای ئەوەش ئێمە کۆمەڵێک جووڵانەوەمان لە بەستێنێکی تایبەتدا هەبووە وەک کۆماری کوردستان کە پاش ماوەیەک بەداخەوە نەماوە؛ ئەیلولمان هەبووە و گەیشتوونە بەو دۆخەی ئیستا. بە ڕای من کورد میللەتێکە مافی خۆی هەیە کە دەوڵەت نەتەوەی خۆی هەبێ.
ئەگەر دیسان بگەڕێینەوە ئەو باسەی کە کەسانێک ئەجێندایەکیان هەیە تیایدا ئێرانییەتەکەیان قەبووڵە بەڵام نەتەوەکانی دیکەیان قەبووڵ نییە. لەوێدایە کێشەکە دروست دەبێ. ئێمە چۆن دەتوانین بەو پێکەوەژیانە بگەین کە تیایدا سەروەریی خۆمان هەبێ بەڵام لە هەمان کاتیشدا تووشی شەڕێکی وێرانکەر بۆ هەموو لایەک نەبین؟ یانی زیاتر بمانهەوێ بەدوای چارەیەکدا بگەرێین. چەندە لایەنی بەرنابەرت ئامادەیە کە بۆچوونی ئێمە پەسەند بکا؟ خۆ ئیستا ئێمە دەبینین بۆ نموونە هەر ئەو هەفتەیە چ بەزم وهەرایەک لەسەر ڕەزا پەهلەوی سابوو کە دەیانەوێ وەک ڕێبەری خەڵک بیسەپێنن، وەکوو ڕێبەری کورد، رێبەری بەلوچە و ئەوانی دیکە… ڕاستییەکەی ئەوەیە بۆ خۆم ئاسۆیەکی ڕوون نابینم.
منیش ئاسۆیەکی ڕوون نایبینم. بەڵام ئێوە سەرنج نادەن خۆ ئەو وتارە ١٤ ساڵ لەوە پێش نووسراوە و بۆ ئیستە نەنووسراوە. لە دۆخێکی زۆر تایبەت نووسراوە کە پێموابوو پێویستە کە بەو کەسانەی کە پێشتر چەپ بوون و چەپ نەماون و بوونەتەت ناسیونالیستی ئێرانی یا بوونەە لیبڕاڵ و ئەو شتەی کە پێشتر قەبووڵیان دەکرد ڕەت دەکەنەوە، بەڵگە بهێنمەوە کە ئێران وڵاتێکی چەند نەتەوەییە یا کەسیرولمیللە. لەو ڕوانگەوە ئەوان زۆر نیگەرانی پرسی کورد بەتایبەت دەسەڵاتی کورد لە عێراق بوون. بەڵام بەهەر حاڵ ئەمن پێموابوو پێویستە وڵامێک بەوانە بدرێتەوە یا ئەو باسە لەگەڵیان بکرێ. بەگشتی ئێمە لە نێو ئێران یا لە هەموو جێگایەک بمانەوێ سەرکەوین دەبێ لە شەڕی ئیدەکاندا بیبەینەوە، یانی بتوانین کۆمەڵێک خەڵکی دیکە قانع بکەی؛ یانی ئەو ناتەباییانەی کە لە وتار یا لە دیسکۆڕسی ناسیونالیزمی ڕەسمیدایە نیشانی بدەین. ناسیۆنالیزمی ڕەسمیی ئێرانی لە نێوان نەریت و مۆدێرنیتەدا ئاوێتەیەک ساز دەکا و پێویستە ئێمە لەوە ڕەخنە بگرین و هەوڵ بدەین باڵانسی هێز بگۆڕین. یانی ئەگەر بمانهەوێ سەرکەوتوو بین دەبێ باڵانسی هێز لانیکەم لە ڕێگەی دەسەڵاتی نەرمەوە و لە ڕووی فکرییەوە بە قازانجی خۆمان بگۆڕین. بەڵگە بێنیتەوە کە ئەم مۆدێلە لە ڕوسیە سەرکەوتوو نەبووە، لە تورکییەش سەرکەوتوو نەبووە، لە سەردەمی پەهلەویشدا سەرکەوتوو نەبووە و لە زەمانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیشدا سەرکەوتوو نابێت. ئەگەر سبەینێ هەر کەس و لایەنێک جێگرەوەی ڕژیم بێ دیسان ئەو مۆدێلە سەرکەوتوو نابێت.
ئێوە لەو مۆدێلەدا ئاماژەتان بەوە کرد کاتێک کە ڕەزاشا دێتە سەرکار لەڕاستیدا لەوێدا کورد هەر بەشدار نەکراوە. هەر ئەو جورەی لە تورکییەشدا بەشدار نەکراوە. تەنیا نموونەیەکی کە ئێمە ئیستا هەمانە باشوورە کە ئەویش دەبینین بەردەوام چەندەی کێشە بۆ ساز دەکرێ. ئەو مۆدێلەی کە ڕەزاشا هاتە سەر کار و کوردی تێدا بەشدار نەبوو؛ لەڕاستیدا لەو قۆناغەدا بە قەولی خۆیان چەندین عەشیرەی کوردی چەکدار تیایدا بەشدار بوونبوون. ئئەگەرچی لە بنەڕەتدا سازبوونی ئێران لە سەر ئەوە نەبووە کە کورد وەکوو نەتەوە یان نەتەوەکانی دیکە تیایدا بەشدار بێت. دەمهەوێ بزانم ئایا ئیستا لە دۆخێکی نزیک بەو سەردەمە نین؟ ئەگەرچی هەندێک فاکتۆری دیکەش لەئارادیە، بەڵام ئەوانە دیسان دەیان ەوێ شایەکیدیکە بێننەوە و ئەو شایە بەخەڵک دەڵێ عەشایر و قەبایل؛ کەواتە ئەو کێشەیە هەر دەمێنێتەوە.
خۆ ئەگەر بێینە سەر ئەو باسە، هەڵوێستی ئێمە ڕوونە و پێموابێ هیچ گۆمانێکی تێدا نییە ئەم پلانەی کە ئەوانە هەیانە بە ڕای من سەر ناکەوێ. دژایەتییەکەی ئێمە لەبەر ئەوەیە سەردەمی ئەوە گۆڕاوە کە هەر کەسێک بێ نە کوڕی شا هەر کەسێکی دیکەش بێ وەک حاکمێک هەمو حیزبەکان یانی هەموو لایەنەکانی ئێرانێکی چەند نەتەوەیی کۆ بکاتەوە و لە ژێر ئاڵایەک یەکیان بخاتەوە. ئەو شتە گۆڕاوە! یانی ئەسەڵەن بە کەس ناکرێ، نەک بەکوڕی شا بە کەسی دیکەش ناکرێ. ئێران وڵاتێکی چەند نەتەوەیە چەند کولتوورییە و دەبێ ئەوانە بە هەر حاڵ لە چوارچێوەی جیددیدا پێکەوە کار بکەن. ئێمە لانیکەم وەک کورد بە هیچ شێوازێک ناچینە ژێر باری ئەوەیکە ئەوان بیانهەوێ شتێکی ئاوا بەسەر ئێمەدا بسەپێنن.
هەڵوێستی ئێمە ڕوونە و ئەو مەترسییەش لەئارادایە. بەڵام خۆ بەهەر حاڵ سیاسەت بۆ خۆی هەمیشە پڕە لە مەترسی. مەسەلەکە ئەویە ئەتۆ چۆن ئەو مەترسییە لە مەیدان دوور دەکەیتەوە، جگە لەوە دەبێ ئێمە دیسکۆڕسێکی ڕوونمان هەبێ تا بزانین لە چوارچێوەی ئێراندا بە چ شێوازێک دەتوانین بمێنینیەوە و فکر لە چارەسەری پرسی کورد لە ئێران بکەینەوە. ئەوە بۆ لایەنەکانی دیکە ڕوون کەینەوە و باسیش لەوە بکەین لە چ حاڵەتێکدا ئێمە ڕێگایەکی دیکە دەگرینە بەر. بەدڵنیاییەوە لە حاڵەتێک کە ئێوە باسی دەکەن یا کوڕی شا باسی کردووە، بۆ ئێمە ئیمکانی نییە ئەوە قەبوڵ بکەین و وڵامیشی دراوەتەوە.
لەو سێ مۆدێلەی کە ئێوە باسی دەکەن، مۆدێلی مەشروتییەت، مۆدێلی ڕەزا شا و دواتر مۆدێلی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، جۆرێک لە بەردەوامی نابیندرێ کە تیایدا سەرکوتی نەتەوەکانی دیکە هاوبەشە؟
لە سەداسەد وایە! تایبەتمەندی ناسیونالیزمی ڕەسمی بە قەولی سۆنی ئاتسۆن ئەوەیەکە دەیهەوێ جلوبەرگ یا کۆت و شەڵواری دەوڵەت نەتەوە لە جەستەیەکی گەورەی ئیمپراتۆری بکات. کە بۆ بەریشی تەنگە و جێ نابێتەوە! بێگومان هەر ئەو خولیاییە کە ئیستا ڕووسەکان هەیانە و هەمان خولیا ئەردۆغان هەیەتی، هەمان خولیا کۆماری ئیسلامی هەیەتی و ڕەنگە کوڕی شایش هەیبێ. ڕەنگە ئەو نە تەنیا بیر لەو نەتەوانە بکاتەوە کە ئیستادا لە چوارچێوەی ئێراندان، بەڵکوو نەتەوەکانی دیکەش کە لە دەرەوەی ئەو خاکەن بە هی ئێران دەزانێ و وایدادەنێ ڕۆژێکی بیانگرێتەوە و وەک میللەتی ئێرانی ناویان لێ دێنێ. هەر بۆیەشە کە خۆ ناشارنەوە و وەک ئەردۆغان و داود ئۆغڵوو وەک قوڵایی ئیستراتیژیک باسی لێ دەکەن، و ئەمە هەمان قسەیە کە پۆتین و لاوڕۆف دەیکەن؛ بە هەمان شێواز کۆماری ئیسلامی باسی لەوە دەکا کە بۆ نموونە عێراق قوڵایی ئیستراتیژیکی ئێمەیە و بۆ ئەوەی ئەمنیەتی خۆمان بپارێزین دەبێ لە عێراق دەستێوەردان بکەین. چوونکە زەمانێک بەشێک لەو عێراقە یا ئەو وڵاتە بەشێک لە وڵاتی من بووە. لەو تیۆرییەدا بازنەیەکی هاوبەش دەبینی و ئەمە مەترسییە نە تەنیا لەسەر کورد هەیە بەڵکوو لەسەر هەموو دواڕۆژی ناوچەکە مەترسییە. ئێمە نزیکەی ٤٠ ساڵە لە ژێر مەترسی ئیسلامی سیاسیدا بووین، تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین تێکچووە و ئیستا خەریکە ئاسۆیەک دەکرێتەوە. مەترسی دواتر، دووبارە بەرهەم هێنانەوەی ئیمپراتۆری، ناسیۆنالیزمی ڕەسمی و ئەو سێ فکرە دەبێ. لەسەر بنەمایەک کە ئیستا پۆتین لە ئۆکراین دەیکات یا سبەینێ ئوردۆغان مومکینە لە ڕۆژاوا بیکات، یا کۆماریی ئیسلامی سبەینێ لە باشوورێ دەیهەوێ جێبەجێی بکا. هەر بۆیە ئێمە دەبێ ئەو شەڕانە بکەین.
ئایا لەو مۆدێلەیدا ئێمە وەک کورد سەرچاوەی ئابووری خۆمان هەیە و دەتوانین لەسەر پێی خۆمان ڕاوەستین. هەروەها بە پێچەوانەوە ئەوە مەرکەزە کە پێویستی بە ئێمەیە. چ زەروورەتێکی هەیە ئێمە خۆمان بەوان ببەستینەوە و لە چوارچێوەی ئێرانییەتدا کار بکەین؟
لەبەر ئەوە ناچارین چونکە باسی سیاسەت دەکەین؛ لێرە خۆ حیزبەکانی ئێمە هەموو حیزبەکانی ئێمە یا با بڵێم حیزبە سەرەکییەکانمان هیچ کامیان داوای سەربەخۆیی ناکەن. ئیستاکە دوو حیزبی سەرەکی دێموکرات و دوو کۆمەڵەی سەرەکیمان هەیە کە زۆر گرنگن . من دەڵێم خەڵکی دیکە هەن بەڵام ئەو چوار لایەنە پێشنیاری چارەسەری پرسی کورد لە چوارچیوەی ئێران دەکەن، وایە؟ ئەمە ڕاستییەکی سیاسییە. ئەو هاوڕێیانەی کە لایەنگری سەربەخۆیین یا دەبێ بچین حیزبێک دروست کەین یا دەبێ ئەمانە لە مەیدان بەدەرکەین و یا وەختێ مادام چوار حیزبی سەرەکی ئێمە ئەو داوایە دەکەن یانی ئێمەش وەک بەشێک لە لایەنگران یا دۆستانی ئەو حیزبانە باسی ئەوە دەکەین؛ هەر چۆنێک بێ ئەگەر لەو چوارچێوەدا قسە دەکەین خۆ دەبێ ئاوا قسە بکەین؛ ئەگەر ئیمکانی ئەوەمان هەیە و پێداویستییەکانمان بۆ دابین کردووە با هەر ئیستە جیابینەوە و بچین دەوڵەت دروست کەین. ئاڵۆزیی پرسی کورد لەوەدایە.
قسەکەم ئەوەیە ئەگەر ئێمە باسی چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێران دەکەین، بەشێوەی مەرجدار دەبێ ئەو باسە بکەین. لەبەر ئەو دۆخەی کە ئێمە تێداین، نابێ لەوەی شەرم بکەین. ئەگەر تەنانەت ئیمکانمان نییە ڕاستەوخۆ جیابینەوە لە ئێران، خۆ دەبێ بچین ئامرازەکانی ئامادە بکەین و لانیکەم دەبێ بە فکری ئەوە بین بتوانین ئەوەندە هێزمان هەبێت کە سەربەخۆیی ڕابگەیەنین. خۆ ئێمە ڕێفراندۆمی باشوورمان لەبیر نەچووەتەوە کە ئومیدێکی گەورەی ساز کرد.. دواتر ئەو پرچە کردارەی لێ ساز بوو. چوونکە تۆ کۆمەڵێک بەربەستی جێۆپۆلیتیکیت سەبارەت بە پرسی کورد لەبەر دەمە، یا دەبێ فکرێکی بۆ بکەیتەوە یا ئەگەر دەستت پێکرد سواری ملت دەبێ. مەبەستم ئەوەیە بە ئیحساسات جێبەجێ نابێ. ئێمە لێرە باسی سیاسەت دەکەین. ئەمن پێموایە مادام چوار حیزبی سەرەکیمان باسی چارەسەری پرسی کورد لە چوارچیوەی ئێراندا دەکەن، ئێمە دەتوانین لەو چوارچێوەیدا قسە بکەین و مەعقولیشە، چوونکە جگە لەوە ئێمە تاکوو ئیستا ڕێگایەکی دیکەمان لەبەر دەست نییە. مەگەر ئەوەندەمان هێز هەبێ کە ئەسڵەن کارمان بەوەی نەبێ لە ناوچە چی دەگوزەرێ و دەوڵەت ڕابگەیەنین و بەرگری لە خۆمان بکەین و ئابوریشمان هەبێ و ئەڕتەشیشمان هەبێ؛ ئەگەرچی تاکوو ئیستا نەمانتوانیوە تفاقی ئەو شتانە ئامادە بکەین.
باشە کاک سەعید دیسان ئەگەر بگەڕێینەوە سەر چەمکی ناسیونالیزمی ڕەسمی کە ئێوە سەرەتا ئاماژەتان پێ کرد کە بۆ نموونە لە وڵاتی ئاڵمان یا فەڕانسە، و ناسیۆنالیزمی ڕوسی و ئێرانی و تورکی نموونەیەکی دیکەن. بە بڕوای من دوو چەمکی بنەڕەتی دێتە گۆڕێ. یەکیان زەبروزەنگ و سەرکوتە، ئەوی دیکەیان دێموکراسییە. لە نەموونەی یەکەمدا بە جۆرێک تێکەڵاوی دێموکراسی بووە. ئەو نموونەی ئەولاتر نە تەنیا دێموکراسی نەپاراستووە بەڵکوو بە زەبروزەنگ و کوشتنو ژینوسایدی نەتەوەکانی ژێردەست فۆڕمی گرتووە. دەی ئیستا ئێمە ئەگەر هەر بمانەوێ شوێن ئەو پێکەوەژیانە بکەوین ڕێگاچارەمان چییە؟
من نەمکوتووە دوای پێکەوەژیان بکەوین، من پرسیارم کردووە. ئایا پێکەوەژیانی کورد و ئێرانی لە ناو وڵاتی ئێراندا ئیمکانی هەیە یا نییە؟ من باسی ئەوەم کردووە. چوونکە ئەگەر بەهەر حاڵ ئیمکانی نەبێ پەزیر نەبێ دەبێ شەر بکەین ئیدی.
لە کۆتایی نامیلکەکەتدا جۆرێک لە گەشبینی دەبینم. ڕەنگە ئەو بیرۆکەیە ئیمکانی هەبێ کە جێبەجێ ببێ. بەڵام دۆستانمان لە گۆڤاری تیشکدا کە هەر ئەو بەرنامەی گۆڤاریش لەڕاستیدا بۆ پەرە پێدان بەو باسانەیە کە لە گۆڤاری تیشکدا پەرەی پێدراوە. بۆخۆشت وەک نووسەر لە گۆڤاردا بەشداریت هەبووە. لەوێدا هەندێک چەمک هاتوونەتە بەرباس و بۆ وێنە باس لەوە دەکرێ ئە ناسیونالیزمە ئێرانییە ڕەسمییە جۆرێک تێکڵاوی لەگەڵ کۆلۆنیالیزمدا هەیە. ئێوە چ بۆچوونێکتان چییە؟
لە وتووێژێک لەگەڵ گۆڤاری تیشکدا هەمبوو باسم لەوە کرد کە بەدڵنیاییەوە ناسیۆنالیزمی ڕەسمی جۆرێک لە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی تێدا هەیە. ئەوە شتێک نییە ئەمن بیشارمەوە و لە هەمو جێگایەکدا ئەوە وا بووە. لە ڕوسیەش وا بووەو لە تورکییە، ئێران وبریتانیاش دەبیندرێ. کەوابوو ئەو شێوە ناسیۆنالیزمە شێوەیەک لە کۆلۆنیالیزمی لەگەڵدایە. مەسەلەکە لەسەر ئەوە نییە، بێگومان ڕەفتاری ڕژیمی پەهلەوی و کۆماریی ئیسلامی لەگەڵ نەتەوەی کورد ڕەفتارێکی کۆلۆنیالیستییە. دەزانی چۆنە؟ بەتایبەت لە دوای کۆماری ئیسلامییەوە کوردستان داگیر کراوە و ئەمە واقعیەتێکە؛ یانی ئەوە شتێک نییە شاراوە بێت. کوردستان بەشێک لە کۆماری ئیسلامی نییە و ئەگەرچی پێشمەرگە موسڵمانی درووست کردوە، بەڵام کوردستان لە ڕێگەی ئەرتەشێکی بێگانەوە داگیرکراوە. من لەگەڵ ئەو ڕوانگەدا کێشەم نییە. کێشەی من ئەوەیە کە تۆ بتهەوێ ئەم چەمکی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییە هیندە پەرە پێبدەی و لە سەر کۆمەڵێک مۆدێلی دیکەی زۆر جیاواز بەکاری بیهێنی. لەڕاستیدا بڵێی ئەسڵەن ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە پەیوەندی ئێمە لە گەڵ ئەم دەوڵەتە بە شێوەی کۆلۆنیالیزم بووە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە و هیچ ڕێگایەکی دیکەشمان نییە. دەزانی چۆنە؟ یانی لەڕاستیدا ئەو قسەیە ئاوای لێدێ کە لە پڕۆسەی سازکردنی دەوڵەت نەتەوە لە ناوچەی ئێمەدا باشە چ ئێرانێ ، چ لە تورکییە، چ لە وڵاتانی دیکە ئیمکانی ئەوەی ئێمە ڕەوتێکی دیکەمان هەبێت نابێ. بۆچی؟ چوونکە سروشتی ئێرانی ئەوەیە. ئەم قسەیە لە لای منەوە زۆر مەنتقیی نییە، یانی ئەمن پێموایە دەتوانن ئێرانییەت ناسنامەیەکی دیکەشی هەبێ و، ئێرانییەکان بتوانن لەگەڵ ئێمەدا بژین. بەڵام ئەگەر هەر ئەوە بێ، ئێـمە شەڕی لەگەڵ دەکەین. گومان لەوەدا نییە چوونکە ناتوانین لەگەڵی بە تەوافوق بگەین. ئەوە ئێمە ٤٠ ساڵە بە هەر حاڵ قەڵاچۆ کراوین، لە سەر ئەوەی نەمانتوانیوە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی کۆماریی ئیسلامی تەحەمول بکەین. لانیکەم لەباری سیاسییەوە دەڵێـم و لەوەشدا بەرهەق بووین، و ئیستا هەموو کەس دەزانێ کورد بەهەر حاڵ بەرهەق بووە.
ئێوە ١٢ ساڵ لەوە پێش وتارەکەتان ڕوو بە چەپی ئێرانی نووسیوە بووە، ئەگەر بتانهەوێ کۆی وتارەکەی خۆتان کورت بکەنەوە بۆ ئەوەی بینەر تێبگا، تکایە باس لە دوایین سەرنجی خۆتان بکەن.
لەسەر ڕێفراندۆم باشوور لە ساڵی ٢٠١٧ نیشان درا کە ئێرانییەکان لە لایەکەوە پێیانوایە کورد ئێرانییە و، لە لایەکەوە هەر جووڵەیەکی کوردی هەموو ئێرانییان نیگەران دەکا. کاتێک ڕێفراندۆمی باشوور دەستی پێکرد زۆرینەی ڕووناکبیرانی لیبراڵ و ڕادیکاڵی ئێرانی وەک مەترسییەکەی گەورە بۆ هەموو ناوچەکە سەیریان دەکرد. من ویستوومە ئەو پاڕدۆکسە پر ڕەنگ بکەمەوە کە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو پاڕادۆکسە لە فکرێک بەنێوی ناسیونالیزمی ئێرانی کە ناسیونالیزمی ڕەسمییە سەرچاوەی گرتووە و مۆدێلێکی زۆر تایبەتە. دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی لەگەڵ شتێکی زۆر کۆن کە چیتر نەماوە تێکەڵ کردووە و هەر بۆیە مەترسی بۆ ساز دەبێ. لەڕاستیدا قسەی من بۆ ئەو کەسانە ئەوەیە ئەگەر بەڕاستی دەتانهەوێ لە داهاتوودا بژین، ڕاستییەکە ئەوەیە نەتەوەکانی دیکەش لە دەژین و یان دەبێ ئینکاریان بکەی یا شەڕیان لەگەڵ بکەی؛ لێرەدا ئێمە بەرهەقین و لەو ڕوانگەیەوە لە کۆتاییدا ویستوومە وڵآم بدەمەوە. شرۆڤەی من ئەوە بووە کە سەبارەت بەوە بووە کە ئێرانییەکان و دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەرپرسن لەوەی پرسی کورد وەکوو کێشەی کوردی لێهاتووە. هەڵبەت ئەو پرسە هەر ماوتەوە و دەبێ چارەسەر کرێ. لە کۆتاییشدا وتوومە: ئێمە ئیمکانی پێکەوەژیانمان هەیە. بەڵام ئەگەر ناسنامەی ئێرانی ئەو شتە بێ کە ئیستە هەیە یا ئەو ناسیونالیزمە نوێنەرایەتی بکا، هیچ وەخت ئێمە ناتوانین پێکەوەژیانمان هەبێ. بۆیە ناسنامەی ئێرانی پێویستیە گۆڕانکاری زۆر بنەڕەتی بەسەردا بێ تا بتوانێ ئەو شتە قەبووڵ بکات.
باشە ئێوە ئەو توانایە لەواندا دەبینن؟
ئەشی بیبینین! خۆ ئەتۆ دەبێ شەڕی خۆت بکەی. دیارە لێرەدا مەبەستم شەڕی ئیدەکانانە.. بە هەر حاڵ ئەوانیش میللەتەکن، هەزار گۆڕانکاریی ساز دەبێ. گۆڕانکاری ژیئۆپۆلیتیک و تەنانەت فکریش دەگۆڕدرێ. بۆ نا؟! ئیمکانی هەیە. بە هەر حاڵ ئێمە نازانین جارێ چارەنووسی ئەو شەڕەی ئۆکراین چی لێدێت. بەڵام دەکرێ نەزمێکی نوێی جیهانی بە لایەکیدا دەرکەوێ و هەر ئەوەش دەتوانێ ئاسۆی باسەکان بگۆڕێت. بەڵام ئێمە دەبێ بەرگری لە خۆمان بکەین؛ بۆچی پرسی کورد پرسێکی هەق بووە، قەڵاچۆ کراوین، ژینۆساید کراوین، لینگۆساید کراوی… ئەگەر هەر ئەو ژینۆسایدانەش درێژەی هەبێ ئێمە هەر لە بوونی خۆمان بەرگری دەکەین. ئەگەر ئێوە لەگەڵ ئێمە کێشەتان هەیە، یانی دەبێ ئەم دیسکۆڕسە، ئەم ڕوانگەیە بگۆڕن و پێداچوونەوە بۆ سەر ناسنامەی خۆتان بکەن، یان هیوادارین کەمینەیەک لناو ئێرانییەکان پەیدا بن کە لەوە بیر بکەنەوە. ئەگەریش نەبن هەرچۆنێ بێ ئیمە هەر بەردوام دەبین لەو شتەی کە تا ئیستە بووین.
زیاتر دەبێ ئومێدمان هەبێ کە فاکتۆرە نێودەوڵەتییەکان بگۆڕدرێن تا ئەو ئاسۆیە بکرێتەوە.
بێگومان! لە دۆخی ناوچەکەی ئێمەدا نە تەنیا هەر پرسی کورد، بەڵکوو داهاتووی ئێرانیش و تورکییەش هەر وایە. بە ڕای من هێزە دەرەکییەکان بەتایبەت یەکیەتی ئۆرووپا دەورێکی زۆر کاریگەریان دەبێت. هەر وەک ئاماژەم پێدا ئەنجامی شەڕی ئۆکراین زۆر گرنگە. مومکینە زۆر ئەرێنی بێ و ڕەنگە نەرێنیش بێ، جارێ نازانین.
زۆر باشە دوکتور گیان . ئێمە کاتەکەمان تەواو بوو، یەک خولەک کاتمان ماوە. ئەگەر پێتوایە شتێک ماوە نەوتراوە تکایە بفەرموون.
سپاستان دەکەم. هیوادارم وتووێژەکەمان سودی هەبێ. هەر وەک وتم ئەو نامیلکەیە چەندین ساڵ لەوە پێش و بۆ مەبەستێکی تایبەت نووسراوە. بەدڵنیاییەوە پرسەکان بە هۆی گرنگی ئەو باسە سیاسییە و ئیستاش ودوای قسەکانی ڕەزا پەهلەوی مومکینە واتایەکی دیکەی لێ وەربگیرێ. لە کاتێکدا مەبەستی من زیاتر شیکردنەوەی ناسیۆنالیزمی ڕەسمیی ئێرانی بووە. بەڵام سپاس بۆ ئێوە و بۆ گۆڤاری تیشک و بۆ ئەو هاوڕێیانەی کە لەباری فەنییەوە ئەو دەرفەتەیان ڕەخساند.
زۆر سپاست دەکەم. هیوادارم بۆ باسی دیکەش لەگەڵمان بەشدار بی. زۆر مەمنوون کە هاتی.
داگرتنی بابەت



