ئارامتر بخوێنەوە

ڕاسیسمی کولتووری و پاکتاوکردنی نەتەوەیی: کۆماری ئیسلامی

 ئێران و مافی کەمینەکان

سەعید شەمس

وەرگێڕان: هیوا تاسە


پوختە

شۆڕشی گەلانی ئێران بارودۆخێکی لە باری بۆ گرووپ و بزووتنەوە ئیسلامییەکان خۆلقاند. لە چەندین تیۆریی سیاسیدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەم تەوەرە و ئیسلامی سیاسی کراوە. ئەو تیۆرییانە، زۆرتر لە فۆڕمێک لە توندوتیژی کە ئیسلامی سیاسی بەرهەمی هێناوە تەکەزیان کردووە و ئەو پاڵنەرە ڕەگەزپەرستییانەی کە لەناو ئیسلامی سیاسیدا بوونی هەیە، چاوپۆشیی لێ کراوە ونەخراوەتە بەر لێکۆڵینەوە.

لە حاڵێکدا کە ئەم پاڵنەرە ڕەگەزپەرستییانە، کە لە لایەن گرووپە ئیسلامییەکانەوە دژی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەکارهاتوون، دەکرا وەکوو فۆڕمەکانی جینۆسایدی کولتووری دەستنیشان بکرێن، بەڵام ئەمە تا ئەم دواییانە چاوپۆشیی لێ کراوە. کاتێک ئەو دڕندەیی و تاوانەی کە داعش دژی ئێزیدییەکان و مەسیحییەکان لە باکووری عێراق بەڵگەمەند کرا و بڵاو کرایەوە، سەرنج بۆ ئەم بابەتیشە ڕاکێشراوە. لە گەڵ ئەمەشدا ئەو مەیلە تەنیا وە پاڵ داعش و گرووپە توندڕەوە جەهادییەکان دراوە.

 ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات کە ئەم چوارچێوە تیۆریکانە کە بنەمای زۆربەی لێکۆڵینەوەکان لە سەر ئیسلامی سیاسین، بۆ بەرچاوڕوونی یان تێگەیشتن لە ڕەوتی ڕەگەزپەرستیی شاراوە لەم ئایدۆلۆژیا سیاسییەدا یارمەتیدەر نین. کەوایە ئامانجم ئەوەیە ئەم ئارگیومێنتە بە پشتبەستن و دووبارە بنیاتنانەوەی تیۆریی بایۆپۆلیتیکی فۆکۆ و پڕۆژەی تەواونەکراوی ڕەچەڵەکناسیی ڕەگەزپەرستی، ئەم باسە پێش بخەم. ئەم توێژینەوەیە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی کورد وەک نموونە وەردەگرێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە گۆڕانی دەسەڵات لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە سیاسەتی ئێران بەرانبەر بە کەمینەکان بە گشتی و کورد بە تایبەتی، بە چ شێوازێک خۆی دەرخستووە و لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەم سیاسەتە چۆن شەرعییەتی[ڕەوایی] پێ دراوە.


وشە سەرەکییەکان:

ئیسلامی سیاسی، بە ئیسلامیکردن، ڕەگەزپەرستیی کولتووری، پاکتاوی نەتەوەیی، مافی کەمینەکان


پێشەکی

رێک سێ مانگ پێش ئەوەی داعش دەست بەسەر شاری موسڵ لە عێراقدا بگرێت، لە کۆنفڕانسێک لە پاریس بەشداربووم و وتارێکم پێشکەش کرد. لە کاتی پرسیار و وڵامدا لە لایەن بەشداربوویەکی کۆنفڕانسەکەوە تەحەدام لێ کرا، چونکە لە کاتی پێشکەشکردنەکەمدا باسم لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جینۆسایدی دژی کورد ئەنجامداوە. تەحەداکەرەکە، زانایەک و ئەکادیمیکێکی کوردستانی عێراق بوو کە ئەنجامەکەی منی خستە ژێر پرسیارەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە دڕندەیی بەرامبەر بە کورد هەبووە، بەڵام ئەوە زیادەڕەوی دەبێت ئەگەر بە جینۆساید پێناسەی بکەین و بەم شێوەیە پرسیاری لێ کردم کە ئایا دەتوانم میناکێک باس بکەم. من بە بێ بیرکردنەوە ئەم  میناکانەی خوارەوەم گوت:

  • قارنێ[1] ٦٨ کوژراو لە ڕێکەوتی ١٩٧٩-٠٤-٠٢

  • قەڵاتان[2] ٥٠ کوژراو لە ڕیکەوتی ١٩٨٠-٠٥-٠٢

  • ئێندرقاش[3] ٥٣ کوژراو لە ڕێکەوتی ١٩٨٩-١١-٠٣

  • ساروقامیش[4] ١٨ کوژراو لە ڕێکەوتی ١٩٨١-٠٥-١٢

  • مەهاباد ٥٩ کوژراو لە ڕێکەوتی ١٩٨٣-٠٦-٠٢

   پرسیار ئەوەیە ئەم میناک گەلە چ شتێکمان پێ دەڵێن؟ یەکەم، لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا خەڵکی مەدەنی بەکۆمەڵ قۆڵبەست کران  و دواتر بەبێ هیچ دوودڵییەک لە سێدارە دران. بۆ نموونە لە قاڕنێ ٦٨ قوربانی کە تەنیا ژن، منداڵ و بەساڵاچوو بوون، کۆکرانەوە و بەشێوازی دڕەندانە کۆژران. لە مەهاباد، ٥٩ قوربانی کە تەمەنیان تەنیا ١٤بۆ١٧ ساڵ بوون، تەنیا لەبەرئەوەی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە بزووتنەوەی خۆڕاگریی کورد دژ بە ئیران چالاکییان هەبوو، دەستبەسەرکران و دواتر لە سێدارە دران. دووەم: هەموویان حاڵەتی ناسراو بوون بەو هۆکارەی کە لە میدیاکان ڕاپۆرتی ورد و بانگەشەیەکی زۆر لەسەریان بڵاوکرایەوە. سێیەم: لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٣، کە بەرخودانی جەماوەریی توند لە دژی حکوومەتی تازە لە ئارادا بوو، ڕوویان دابوو. لەم  قۆناغەدا سیستەمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، لە هەوڵی سەپاندنی نەزمێکی ئیسلامی بەسەر کوردستاندا بوو[5].

لە پێش چاوی هەموو جیهان، ئیسلامییەکان ئەو شەڕە ناڕەوایەیان بە سەر کورددا سەپاند. ڕۆشنبیرانی کورد و هاوپه‌یمانه‌کانیان و هه‌روه‌ها پارێزەرانی مرۆیی، ئەم کردەوانەیان وەکوو جینۆساید پێناسە کرد، به‌ڵام دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌وانە ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و زلهێزه‌کان له‌وباره‌یه‌وه‌ بێده‌نگ بوون. هاوکات لەگەڵ ئەو خاڵەی کە باس کرا، پرسیارێک دێتە ئاراوە – بۆچی دوای نزیکەی سی و دوو ساڵ کەسێک گومان دەخاتە سەر سروشتی جینۆسایدی ئەو کەیسانە؟

بۆ وڵام بەم پرسیارە، تێکڵاوێک لە سێ خاڵ هەیە کە دەبێت تەکەزی لەسەر بکرێت. یەکەم: بۆ هەندێک لە زانایان “ئیسلامی سیاسی” سەرەڕای گرینگیی بەرفراوانی لە تیۆریی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخدا، وەک چەمکێکی ناڕوون ماوەتەوە. دووەم: لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، زۆربەی  تیۆرییە چەپ و دیموکراتیک لیبراڵەکان بە شێوەیەکی سەرەکی گرینگییان بە ڕۆڵی ئایین لە مۆبۆلیزەکردنی خەڵکدا دابوو. لە ئەنجامی ئەم دوو فاکتەرەدا، ڕۆڵی ئایینیان وەک شوناسێکی سیاسی لەبەرچاو نەگرتبوو، هەرچەندە لە نووسینەکانیاندا پشتیان بە چەمکگەلێکی وەک “ئایدۆلۆژی”، “کولتوور” و “ناسنامە” بەستبوو[6].

سێهەم، بەشێک لە بەر ئەو دوو فاکتەرەی سەرەوە و بەشێک بە هۆی مانای ناڕوونی چەمکی جینۆساید، دوودڵییەکی زۆر هەبوو کە کۆمەڵکوژیی ئیسلامییەکان لە کوردستان وەکوو جینۆساید بێتە ئەژمار. بێگومان داڕشتنی چەمکی جینۆساید بۆ ئەو تاوانانەی کە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ڕوویان دابوو دەسکەوتێکی گەورە بوو، بەڵام لە سەر ئەوەی دەبێت چی ڕووبدات تا وەکوو جینۆساید پێناسەی بۆ بکرێ، ئەوکاتیش ناکۆکی هەبوو و ئێستاش هەر بەردەوامە. بەداخەوە، وەک زۆربەی چەمکەکانی تیۆریی کۆمەڵایەتی، ئەم چەمکە موناقشەی لەسەرە، بەو مانایە کە لێکدانەوەی دژ بە ماناکەی هەیە کە کاریگەریی نۆرماتیڤی جیاواز لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن. پێش ئەوەی بەردەوام بین، ڕەنگە بەسوود بێت هەندێک چەمک شرۆڤە بکەین کە دەتوانێت لەگەڵ دوو چەمکی ” ئیسلامی سیاسی” و ”جینۆساید”، وەسەر یەک بکەوێت.

  
چوارچێوەی مەفهوومی:

لەم ساڵانەی دواییدا، لێکدانەوەی دژبە یەک و جیاواز لە نێو شارەزایان، سەبارەت بە  چەمکی “ئیسلامی سیاسی” و ” ئیسلامی هاوچەرخ” بینراوە. لە لایەکەوە هەندێک لە شرۆڤەکاران ڕێبازێکی جەهەرگەرایانەیان گرتووەتە بەر و دیاردەکە گرێدراوی ئایدۆلۆژیی “فاندامێنتالیزم” بە ئەژمار دێنن کە پەردە لەسەر ئارەزووی بەردەوامبوونی فۆڕمی مێژوویی و تاکە حەسرەتێک بۆ گەڕانەوە بۆ کولتووری ئیسلامیی ڕەسەن نیشان دەدات[7].

لە لایەکی دیکەوە، هەندێکی دیکە هەڵوێستی ڕەخنەگرانەیان گرتووەتە بەر و ئاماژەیان بەوە کردووە کە “ڕیشەی دیاردەی ئیسلامی” کێشەی ئابووری و دیمۆگرافی و سیاسین کە بۆ حکومەت ساز دەبن”[8].

لەم توێژینەوەیەدا من تەکەز لەم بۆچوونەی دوایی دەکەم، هەربۆیە لە نێوان “فاندامێنتالیزم” وەک بووژانەوەی ئیسلامی و فاندامێنتالیزم وەک ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی مۆدێڕن کە نیگەرانییە سەرەکییەکانی کاتی و سیاسین، جیاوازی دادەنێم. پێشتر ئاماژەم بەوە کردووە کە چەمکی “فاندامێنتالیزم” لەو جێگایەی کە بە واتای گەڕانەوە بۆ جۆرێک لە ئیسلامی جەوهەری و ڕەسەنە، کێشەیەکی گەورە ساز دەکات. بە ڵام، ئیسلامییەکانی ئێران بە شێوازێکی داهێنەرانە خەریکی تێهەڵکێش کردنی تۆخمە سەرەکییەکانی ئیسلام لە گەڵ بیرۆکە و تێکنۆلۆژی و دامەزراوەی مۆدێڕن بوون تا بە سەر قەیرانەکانی دەهەی ٦٠ و ٧٠ی زایینیدا زاڵ ببن[9].

جگە لەوەش من لە کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی فۆکۆ سەبارەت بە بایۆسیاسەت و هەروەها ڕەچەڵەکناسیی ڕەچەڵەکی ئورووپی کەڵک وەردەگرم. ئەگەر بە کورتی ئاماژەیەک بە بایۆسیاسەت بکەین، بریتییە لە بەڕێوەبردنی ژیان یا بە واتایەکی دیکە بەرگری لە شێوەیەک لە ژیان  کە پەیوەندیی بە “پڕۆسەی ژیان” و ئەگەری “کۆنترۆڵ کردن” و “دەسکاری کردنی” هەیە. کلیلی تەکنەلۆژیای بایۆسیاسەتی دەسەڵات بریتییە لە ناساندن و دامەزراندنی نەزمێک و هەروەها پاراستن و نیشاندانی ئاسایی بوونی ئەو نەزمە نوێیە لە ئاستی کۆی گشتیی حەشیمەتەکە[10].

لێرەدا فۆکۆ  لە نێوان دەسەڵاتی کلاسیکی سەروەری و “بایۆدەسەڵات”ی مۆدێڕن و  هەروەها لە نێوان دیسیپلین و بایۆدەسەڵاتدا جیاوازی دادەنێت بەڵام ئیدیعای ئەوە ناکات کە شێوازی دەسەڵاتی سەروەری و دیسپلینیی لە ناو دەچێت.

“ئێمە دەبینین لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەدا، شتێکی نوێ سەرهەڵدەدات: تەکنەلۆژیایەکی نوێی هێز، بەڵام ئەمجارەیان دیسپلین نییە. ئەم تێکنۆلۆژییەی هێز، تێکنۆلۆژیی دیسیپلین لە نێو نابات بەڵکوو لەگەڵی تێکەڵ دەبێت و تا ڕادەیەکیش دەسکاریی دەکات [. . . . ]  بە پێچەوانەی دیسیپلین، کە ئاراستەی جەستە دەکرێت، دەسەڵاتی نادیسیپلین، مرۆڤ وەک جەستە بەکارناهێنێت بەڵکوو بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی زیندوو بەکاردێت؛ لە کۆتاییدا، ئەگەر حەزت لێیە، بۆ مرۆڤ وەک جۆرێک. . . [11]

دووەم بریتییە لە ڕەچەڵکناسیی فۆکۆ بۆ ڕەگەزپەرستیی ئورووپی. ڕەنگە مرۆڤ بپرسێت چۆن و بە چ شێوەیەک ڕەگەزپەرستی گرێدراوی هێزی زیندووە. چۆناوچۆن ڕەگەزپەرستی بەستراوەتەوە بە جۆرێک لە دەسەڵات کە ژیانی تەواوی دانیشتووان دەکاتە ئامانج؟ بە بڕوای فۆکۆ، ڕەگەزپەرستیی مۆدێڕن تەنیا ڕەگەزپەرستییەکی ناعەقڵانی یا جۆرێک لە هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی-سیاسی، یان پاڵنەرێکی ئایدیۆلۆژیی لە دوکتۆرینێکی سیاسیدا نییە؛ بەڵکوو جۆرێکە لە حکوومەت کە بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتووانێک داڕێژراوە.

ئەو لە وتارەکانی لە کالێجی دوفرانس لە ساڵی ١٩٧٦ ئاماژە بە وێژمانی شەڕ دەکا کە لە ساڵەکانی دوایی سەدەی ١٩ بە شێوازێکی دیکە خۆی نیشان داوە. بە وتەی فۆکۆ، ئەم دەرکەوتنە بە شێوازی تایبەت پەیوەندی بە سێ دیاردەوە هەبوو: بیرکردنەوەی ڕەگەزیی بایۆلۆژی بە مانایەکی خەست، ڕەگەزپەرستیی کۆلۆنیالیزم لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمدا و فۆڕمی جۆراوجۆری ناسیۆنالیزمی ئێتنیکی[12].

بە بۆچوونی فۆکۆ ئەم سێ ڕووداوە، دژبەیەکی لە نێوان کۆمەڵگا و دەرەوەی کۆمەڵگا و هێزی کوشتنی دەرەوەی کۆمەڵگا بە گریمانە دەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا مەبەست لە دەرەوە، دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت نییە، بەڵکوو وەکوو دەرەوەی  ناوکۆمەڵگا خۆی نیشان دەدات.

” دەسەڵاتی کوشتن کە لە هەمووی کۆمەڵگای نازیدا هەبوو، بۆ یەکەمجار کاتێک دەرکەوت کە هێز گرتنی ژیان، دەسەڵاتی ژیان و مردن، نەک تەنها بە دەوڵەت، بەڵکوو بە کۆمەڵێک لە تاکەکان، بە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک درا (وەک شوتزستافل و ستورمابتێیلونگ و هتد)، لە کۆتاییدا هەموو کەسێک لە دەوڵەتی نازیدا دەسەڵاتی ژیان و مردنی بەسەر دراوسێکەیدا هەبوو. ئاگادارکردنەوەیەکی بچکۆلە دەیتوانی بە مانای لە ناوبردنی خەڵکی دراوسێ یان دوورخستنەوەیان بێ[13]. “

ڕەنگە باسەکەی فۆکۆ ئەگەر تەنیا ئاماژە بەوە بکات کە لە سەدەی بیستەمدا پێویستییەکی بەپەلە هەبووە بۆ تێپەڕین لە ڕوونکردنەوە دیسکرێپتیوی ڕەگەزپەرستی بەرز بنرخێنێت. بۆ نموونە ڕەگەزپەرستی لە شێوەی نازیسم لە سەدەی بیستەمدا وەک جۆرێک لە ڕەگەزپەرستیی دەوڵەتی کە لە ئاستێکی گشتیدا بوونی هەبوو، کاری دەکرد و چەمکی شەڕی لەگەڵ دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ژیان و مردنی خەڵکدا تێکهەڵکێش دەکرد. زۆر زەحمەت نییە کە بڵێین ئەم ڕەگەزپەرستییە دەوڵەتییە، لە دەیەکانی ڕابردوو لە سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەکی جیاواز سەریان هەڵداوەتەوە. وەک یۆحەننا سولۆمۆس کە بە شێوەیەکی دروست ئاماژە دەکات:

” بەدڵنیاییەوە ڕوونە کە ڕەگەزپەرستی لە ژینگەی سیاسیی ئێستادا لە فۆڕمی نوێدا خۆی دەردەخات وسەرلێشێواوییەکی باو سەبارەت بە سنوورەکانی شوناسی نەتەوەیی و ڕۆڵی جیاوازی فەرهەنگی و ئایینی و زمانی بوونی هەیە. ئەزموونی یوگۆسلاڤیای پێشوو مێناکێکی باشە. لە دوای دابەشبوونی یوگۆسلاڤیای پێشوودا، ئێمە نە تەنها گەشەسەندنی “پاکتاوی نەتەوەیی”مان بینیوە بەڵکوو خستنەڕووی جۆرە نوێیەکانی ڕەگەزپەرستیمان بینیوە کە لەسەر بنەمای بنیاتنانی سنووری ئایینی و کولتووری جێگیر بوون[14]. “

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا فۆکۆ ئەم چەمکە نوێیەی دەسەڵاتی بە ڕێگەی مۆدێلەکانی شەڕ و تێکهەڵچوون داڕشت. ڕەنگە پرسیارێک سەرهەڵبدات – تا چەند ئەم ڕوانگە تیۆرییە بۆ ڕەوتە ئیسلامییەکانی ئێستای ناوچەکە دەگونجێت؟ یەکەم: ئەگەر ئێمە ئەوەمان زانی کە ئیسلامیزمی هاوچەرخ یان ئیسلامی سیاسی دیاردەیەکی مۆدێڕنە و هەربۆیە دەبێت لە چوارچێوەی مۆدێڕنیتەدا شرۆڤەی بکەین، تێدەگەین کە سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی وەک دەرئەنجامی پرۆسەیەکی دیاریکراوی مۆدێڕنیزاسیۆن و کارلێککردن لەگەڵ ڕۆژئاوادایە.

دووەم، ئەگەر ئەوەمان لە بەرچاو بێت کە دیسکۆرسی ئیسلامی هاوچەرخ گرێدراویی ئێتنیکی و زمانی، بە سوودی بەها ئیسلامییەکان بێ بایەخ دەکات، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم چوارچێوە شیکارییە وەک ئاڵتێرناتیوێکی نایاب و ئامێرێکی لێکچوون بۆ تێگەییشتن لە ئیسلامی سیاسی کاردەکات. بۆیە ئیدیعای ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە ئەم فۆڕمە نوێیەی ڕەگەزپەرستیی کولتووری کە لەسەر سنووری ئایینی و کولتووری جێگیرکراوە، تەنیا لە کارەساتەکانی وەک جینۆسایدی سرێبرێنتسا قەتیس نییە بەڵکوو لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاردەکا و بێ گومان لە نێوان ئەم ڕەگەزپەرستییە کولتوورییەدا لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی ئێستای بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە ڕەگەزپەرست و ڕادیکالەکان لە چەندین کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا، لێکچوونی بەهێز هەیە، وەک عەزیز ئەلعەزمە بە شێوەیەکی دروست دەیخاتە ڕوو:

ڕەنگە ئەمە ئەو ساتەوەختە بێت کە دەبێت گرینگی بەو یەکگرتنە بەڕواڵەت سەیرە، لە نێوان گوتاری فاندامێنتالیست و گوتاری باوی ڕۆژئاواییدا  بدەین (تەنانەت هەندێک جار ئەو ڕۆژئاواییانەی کە زانیاریی باشیان هەیە، یان پێیان وایە زانیاریی باشیان هەیە). هەردووکیان لەسەر گرینگیدان بە تایبەتمەندییە نامۆ یاخۆد سەرنجڕاکێشەکان و بۆچوونێک کە نوێ نییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ڕابردوو، کۆکن. تازەگەریی ڕاستەقینەی پانزە ساڵی ڕابردوو ئەوەیە کە ئەم گوتارە ڕۆژئاواییە، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوەی(لە سەردەمی ڕیگاندا) پێی دەگوترا “خەبات دژی تیرۆر” خۆی دەرخست و  لە ئەورووپا و ئەمریکا، لەگەڵ سەرهەڵدانی ناعەقڵانییەتی سیاسی لەسەر پرسە ڕەگەزییەکان، هاوکات بووە. تەواو ڕوونە کە لە بیرکردنەوە و سیاسەتدا، لە نێوان ئیسلامگەرایی و پرسی ناسنامە و هەروەها  ڕاسیسمی ئورووپایی و ئەوی تری خۆی، پەیوەندیی بابەتی هەیە. هەردووکیان فاندامێنتالیست و ئایزلەیشنیستن  و هەردووکیان ئەفسانە ئاسا چاو لە مێژوو دەکەن. کەواتە، شتێکی سەیر و سەمەر نییە کە ژان ماری لی پێن هاوپەیمانی بناژۆخوازانی ئیسلامی واتە برا سروشتییەکەی دەزگای هەواڵدەریی نازیسمە  [15].

چارەنووسی کورد لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

لە سەر ئەوە کۆدەنگی هەیە کە شۆڕشی ١٩٧٩، ئاڵوگۆڕێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەورە بوو. ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاریگەریی دوور مەودای لەسەر چارەنووسی ئێرانییەکان و هەروەها تەواوی ناوچەکە هەبووە. ئەم شۆڕشە وەکوو ڕووداوێکی مێژووییی گرینگ، کۆمەڵێک کتێب، وتار و لێکۆڵینەوەی تری لە سەر هۆکار و دەرهاوێشتەکانی سەرهەڵدان و هێژموونی ئیسلامی سیاسی بە دوای خۆیدا هێنا. لە گەڵ ئەوەشدا، بوارگەلێک هەن کە بە شێوازیکی دیار، کەمتر لێکۆڵینەوەیان لە سەر دەکرێت، کە بریتین لە:

پەیوەندیی نێوان هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جێگیرکردن و پاراستنی ئەو نەزمە نوێیە لە گەڵ کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران، کە بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان لە بەرانبەر ئەم هێزە یەکدەستە خەریکی تێکۆشانن. تێگەیشتنی ئەو پەیوەندییە بێ ئەوەی کە بگەڕێینەوە بۆ بابەتی ڕاسیسمی ئایدۆلۆژیای هاوچەرخی ئیسلامی، تێگەیشتنێکی ناتەواو دەبێت.

شۆڕشی ١٩٧٩ ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی کۆنی ئێراندا داکوتابوو و ئێرانییەکانی لە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکان و گرووپە ئایینییەکاندا کۆکردەوە. ئەو هاوپەیمانییە سیاسییەی کە لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی وەڕێ کەوتبوو، بریتی بوو لە پیاوانی ئایینی، ئیسلامییە میانڕەو و توندڕەوەکان[16]،  چەپ و ناسیۆنالیستەکان و کەمینە نەتەوەیییەکان، لەوانە کورد، ئازەری، بەلوچ، تورکمان و هتد. هەموو ئەم گرووپانە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی بوون و لە کەفوکۆڵی شۆڕشی ئەو کاتەدا پێیان وابوو یۆتۆپیای شکاندنی چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆن و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ کارێکی ئاسان دەبێت. ئیسلامییەکان کە ئاڵای گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتیشیان بەرزکردبووەوە، بەرەیەکی فراوانی گرووپە میانڕەو[17] و ڕادیکاڵ[18] و فاندامێنتاڵیستەکان بوون. لە پڕۆسەی شۆڕشدا ئیسلامییەکان لە گەڵ ئایدیا و بەها گشتگیرەکانی گرووپەکانی دیکە هاوڕاییان کرد، بەڵام دوایی دەرکەوت شۆڕش بە بۆچوونی زۆربەی ئەوان ڕووداوێکی تایبەت بوو کە دەبێ ئارمان و بەهاکانی شیعە بپارێزێ.

کوردەکان بەشداریی چالاکانەیان لە شۆڕشی ١٩٧٩ بوو. دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی، گڕووپە جیاوازەنەتەوەیی و ئێتنیکییەکان داوای مافی دێمۆکراتیک و خۆبەڕێوبەریی خۆیانیان کرد. لە ژێر فشاری ئەو گرووپانەدا، بە تایبەتی کورد، ئیسلامییەکان هیچ ڕێگایەکیان جگە لە دان نان بە فرەنەتەوەیی بوونی ئەو وڵاتەدا نەبوو. خۆشحاڵیی ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی بووە هۆی گەشبینییەکی لە ڕادەبەدەر سەبارەت بەوەی کە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای دیموکراسی دەرفەت بۆ ئۆتۆنۆمی دەڕەخسێنێت[19].

لە فێوریەی ١٩٧٩ دەوڵەتی کاتی بە سەرۆک وەزیرانێتیی مێهدی بازرگان بەڕێوەبردنی وڵاتی گرتە ئەستۆ. پێکهاتەی دەوڵەتی کاتی بریتی بوو لە نێهزەتی ئازادیی ئێران و چەند کەسایەتی لە بەرەی میللیی ئێران و چەندین کەسی سەربەخۆ. بەگشتی ئەوان موسڵمانی میانڕەوی چینی ناوەڕاست و ناسیۆنالیست بوون و هیچ کەسایەتییەکی بناژۆخوازی تێدا بەشدار نەبوو. هەر لەسەرەتاوە سەرۆکوەزیران، بازرگان لە چەند وتاریدا دانی بە فرەچەشنیی ئایینی و نەتەوەیی ئێرانییەکان دانا و ئیدیعای کرد کە ڕێز لە مافی کەمینەکان دەگیرێت[20].

بەڵام دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر بوو. کاتێک کە دەسەڵاتی پاشایەتی ڕووخێنرا، کورد توانیبووی بۆشاییی دەسەڵات پڕ بکاتەوە و کۆنترۆڵی دوو پارێزگای کوردنشین، لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بەدەستەوە بگرێت. لە ڕاستیدا گەلی کورد لەم دوو پارێزگایەدا خاوەنی ئۆتۆنۆمیی دیفاکتۆ بوو. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتییەوە خەباتی نەتەوەییی کورد وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵتری بەخۆیەوە بینی و توانی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لەسەر بنەمای دروشمی “دیموکراسی بۆ ئێران و خۆدمۆختاری بۆ کوردستان” کۆبکاتەوە. هەروەها بزووتنەوەی تری ئۆتۆنۆمی وەک تورکمانەکان لە پارێزگای گورگان، بەلوچەکان لە سیستان و بەلوچستان و عەرەبەکان لە پارێزگای خوزستان سەریان هەڵدا.

شەڕی دەسەڵات لە نێوان ئیسلامییە میانڕەوەکانی دەوڵەتی کاتی  و ئۆردووگای فاندامێنتاڵێستەکاندا هەبوو. مەرجی پێشوەختە بۆ سەرکەوتنی فاندامێنتاڵێستەکان، دەرکردنی میانڕەوەکان لە دەسەڵات، پەڕاوێزخستنی هەموو گرووپە توندڕەوەکان و پێکهێنانی کۆمەڵەی جەماوەری و میلیشیایەکی ناڕێک بوو کە هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ بەشێک لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا دروست کرد[21].

هەر لەسەرەتاوە بناژۆخوازان ڕووبەڕووی دژایەتییەکی گەورەی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بوونەوە. لە پرۆسەکەدا لەگەڵ لیبراڵەکان، موجاهدین، چەپ و ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەیی، لە تورکمان سەحرا، ئازەربایجان، بەلوچستان و خوزستاندا مامەڵەیان کرد. “دۆخی کوردستان تەواو جیاواز بوو. بزووتنەوەی بەرخودانی نەتەوەییی کورد سەرەڕای سنوورداربوونی بنکە ناوچەییەکانی، وەک بەربەستێکی گەورە لە دامەزراندنی نەزمێکی ئیسلامی لە ئێراندا مامەڵەی کردبوو”[22].

لە کۆتایی مانگی مارچی ساڵی 1979، شاندێکی کورد بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکانیان، کە ئۆتۆنۆمیی لەخۆگرتبوو، دیدارێکیان لەگەڵ خۆمەینی لە شاری قوم پێکهێنا. هەرچەندە لەنێوان دەوڵەتی کاتی و کورددا ڕێککەوتنێک کرا[23]، بەڵام زۆری نەخایاند شکستی پێ‌هێنرا. دەرکەوت کە فاندامێنتاڵیستەکان ئامادە نین دان بە مافی کەمینەکاندا بنێن. لە سەروبەندی ساڵی نوێدا لە شاری سنە ناوەندی پارێزگای کوردستان، شەڕێکی قورس لە نێوان کورد و دەوڵەت ( سپای پاسداران و ئەرتەش) ڕوویدا. دوای خوێنڕشتنکی زۆر، شاندێکی پلە باڵا بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کەوتنە دیالۆگەوە[24].

لە ئاپریلی ١٩٧٩ ڕێفراندۆم ئەنجام درا. لە دەنگدەران داوا کرابوو بە “بەڵێ” یا “نەخێر” بۆ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەنگ بدەن. کوردەکان بە کۆ بەشداریی ڕێفراندۆمیان نەکرد. فاندامێنتاڵیستەکان،  لە داواکاریی خۆبەڕێوەبەریی کورد ترسیان لێ نیشتبوو و چاوەڕێی دەرفەتێکی گونجاویان دەکرد کە کوردەکان لە چەک دابماڵن و ئیدۆلۆژییان لاواز بکەن.

لەو ماوەیەدا دوو ڕێبەری ئایینی سەریان هەڵدا: یەکەم: شێخ عێزەدین حوسەینی لە مەهاباد؛ و دووەم: ئەحمەد موفتیزادە لە سنە. یەکەمیان، پیاوێکی ئایینی وباکگراوەندێکی ناسیۆنالیستیی هەبوو و داوای ئۆتۆنۆمیی بۆ کوردستان و  پێکهێنانی دەوڵەتێکی عەلمانی و دیموکراتیک  لە ناوەندی دەکرد. دووەمیان، بە بیرۆکە کەسێکی ئایینی بوو بەڵام بۆ خۆی مەلا نەبوو و بانگەشەی بۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی دەکرد. ڕژیمی ئیسلامی لە هەوڵدا بوو کە جێ پێی خۆی لە کوردستان بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پشتی بە مۆفتیزادە بەستبوو وەکوو بەدیلێک بۆ لاواز کردنی ئایدیا ڕادیکاڵ، سێکۆلار و دیموکراتیکەکانی گەلی کورد. زۆربەی کوردەکان سوننەن[25] بەڵام موفتی زادە و گرووپەکەی هەر زوو پەڕاوێز خران. کەواتە جیاوازییە ئایینییەکان ڕۆڵیان هەبوو لە دژایەتیکردن بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی، بەڵام کۆمەڵگای سیاسیی کورد زۆرتر سێکۆلار  بوو و هەر بەو شێوەیەش مایەوە.

بە درێژایی بەهار و هاوینی ساڵی ١٩٧٩ پێکدادانی چکۆلە و مامناوەند لە نێوان کوردەکان و سوپای پاسداران یا هێزەکانی دیکەی لایەنگری حکوومەت دووپاتە بوو. حێزبی دێموکڕات  و کۆمەڵە و فەداییەکان هەتا دەهات بەهێزتر دەبوون و بە خێرایی هێڵەکانی بەرگرییان پۆشتە دەکرد و بۆ بەرگری بەرانبەر هێرشی فاندامێنتالیستەکان، خۆبەخشی چەکداری زیاتریان ڕادەهێنا.

خاڵی وەرچەرخان لە مانگی ئاگۆستی 1979(گەلاوێژی ١٣٥٨) ڕوویدا. لە ناوەڕاستی مانگی ئاگۆست شەڕێکی قورس لە نێوان پێشمەرگە وسوپای پاسداران ڕوویدا کە لە هەوڵدا بوون ‌هێزی نیزامی لە نێو شاری مەریوان جێگیر بکەن[26]. خومەینی دوای ئەوەی خۆی بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ناساند، فەرمانی بە ئەڕتەش و سپای پاسداران کرد کە لە ٢٨ی گەلاوێژدا هێرش بکەنە سەر کوردستان. دوای ئەوەی خومەینی کوردەکانی بە “کافر” وەسف کرد کە دەبێت لە خاکی ئیسلام “پاک بکرێنەوە”، “شەڕی پیرۆز”ی ڕاگەیاند. دوای شەڕێکی سەخت، هێزەکانی حکوومەت شارە کوردییەکانیان کۆنترۆڵ کردەوە و پێشمەرگە بەرەو ناوچە گوندنشینەکان پاشەکشەیان کرد[27].

هێرشی مانگی گەلاوێژ هاوکات بوو لە گەڵ ڕۆژی دەسبەکاربوونی مەجلسی پسپۆڕان[28] کە ئەرکی ئامادەکردن و تێپەڕاندنی ڕەشنووسی کۆتایی دەستووری پێ سپێردرابوو. ئەمە نیشانی دا کە تا چەند فاندامێنتالیستەکان بەرخودانی کوردیان بە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامی دەزانی.

لە گەڵ ئەوەشدا، فاندامێنتالیستەکان تەنها لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیدا سەرکەوتنیان بەدەست هێنابوو و لە ماوەی شەڕی سێ مانگەدا نەیانتوانی هەژموونی خۆیان، جگە لە لە ‌هێزی سەربازی و خاڵی پشکنین لە سەر ڕێگاکان، بە سەرکورستاندا بسەپێنن. [29]. لە سێدارەدانی خۆسەرانە و لە دەرەوەی یاسا لەلایەن سادق خەڵخاڵییەوە، ناڕەزایییەکی قووڵی لە دژی ڕژێمی ئیسلامی لێ کەوتەوە[30].

کۆتایی مانگەکانی ئۆکتۆبر و سێپتامبر، پێشمەرگە، هێزەکانی حکومەتیان بەرەو پادگانەکان پاشەکشە پێکرد`و ئێدارەی ناوچەکەیان بەتەواوی گرتەوە ئەستۆ. دوای ڕووداوی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران[31]، خۆمەینی سەبارەت بە پرسی کورد وەرچەرخانێکی تەواوی کرد و فەرمانی ڕاگرتنی دەستێوەردانی سەربازیی دا. ئاگربەست لە لایان هەردوولاوە ڕاگەیاندرا و خومەینی پەیامێکی بۆ کوردەکان نارد و داوای لێ کردن لەگەڵ باقیی نەتەوەکانی مۆسڵمانی ئێراندا بن و ڕووی تفەنگەکانیان بکەن لە ئامریکا[32]. هەروەها دڵنیایی دا بە کوردەکان کە بەڕێوبەری ناوخۆییان پێدەدات. پاشان خومەینی شاندێکی دەوڵەتی کە لە بەشێک لە وەزیرەکانی دەوڵەتی کاتی پێکهاتبوو، ئەرکدار کرد بۆ وتوووێژ و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کوردەکان. کوردەکان لەو کاتەدا نوێنەرایەتییەکیان پێکهێنابوو. ئەوەی جێگای سەرنجە، خومەینی بە درێژایی دانوستانەکان هەرگیز دانی بە شەرعیەتی شاندی کوردیدا نەنا[33].

لە نوامبری ١٩٧٩ دا باڵوێزخانەی ئامریکا لە لایان فاندامێنتالیستەکانەوە بە بارمتە گیرا و دەوڵەتی کاتی و دەسەڵاتی  بازرگان، وەکوو سەرۆک وەزیران کۆتایی پێ هێنرا. لە ١٥ی نوامبری ئەو ساڵەدا مەجلسی پسپۆڕان [34]، مۆناقشەی خۆی لە سەر یاسای بنەڕەتی تەواو کرد و بەڵگەنامەکەی وەکوو بناغەی دەوڵەتێکی ئیسلامی تەواو پەسەند کرد. هاوکات ئاگربڕ لە کورستان بەردەوام بوو، بەڵام دەسەڵاتی نوێ لە تاران ئامادە نەبوو بچێتە ناو دانوستانێکی جددی لە گەڵ نوێنەرانی گەلی کورد[35].

لە زستانی ١٩٨٠، فاندامێنتالیستەکان خەریکی خۆڕێکخستنی سەربازی بوون بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان. لە ئاوریلدا دوای ئەوەی حەسەن بەنی سەدر، سەرۆک کۆماریی گرتە دەست، هێرشی دووبارە بۆ کوردستان دەستی پێکرد. دوای چەندین هەفتە شەڕ و تێکهەڵچوون، شارەکانی کامیاران، سنە، مەریوان، سەقز، بانە و مهاباد  کە چەندین جار کەوتبوونە بەر هێرشی زەمینی و هەوایی، کەوتنە دەست هێزەکانی دەوڵەت[36].

ئەو کاتەی کە ئەڕتەش و سوپای پاسداران شارەکانی کوردستانیان داگیر کرد، شەڕی ئێران و عێراق دەستی پێکرد. شەڕی ئێران و عێراق ئەو دەرفەتەی ڕەخساند کە کوردەکان کە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران خەریکی شەڕی پارتیزانی بوون، بتوانن کۆنترۆڵی لادێکان بەدەست بێننەوە. بەڵام لە کۆتایی ساڵی 1982ەوە کوردستان بووە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕی عێراق و ئێران. هێزەکانی ئێران لە ساڵی 1983دا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر کورد دەست پێکرد و دواجاریش بووە هۆی دووبارە جێگیرکردنەوەی کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر ناوچە کوردستانییەکاندا. تا ساڵی ١٩٨٥ کۆماری ئیسلامی  لە ڕووی سەربازییەوە لە شەڕەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو بەڵام لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە سەرکەوتوو نەبوو. دوای نزیکەی چوار دەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بە ئیسلامیکردن، دەسەڵاتداران لەم دواییانەدا دانیان بەوەدا ناوە کە پڕۆژەکەیان تا ئێستا ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوە[37].

شەڕ دژی کورد دەریخست کە  جینۆسایدی گەلی کورد بە پلان و سیستماتیک بووە و لە لایان دامەزراوە ئیسلامییەکانەوە ڕەواییی پێ دراوە. ژمارەی کوژراوەکان بۆ زیاتر لە 50 هەزار کەس بەرزبووەوە کە  45 هەزار کەسیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون[38]. دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ لەو ڕووداوانە، هێشتا هیچ کۆدەنگییەک سەبارەت بە ئیسلامیزاسیۆن و شەڕی پیرۆز دژی کوردەکان بوونی نییە و پرسی چارەسەر نەکراوی کورد هێشتا ڕۆژەڤی کۆمەڵگای ئێران و کوردستانە. بەم شێوەیە پرسیارێک دێتە ئاراوە کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئەو پەیوەندییە پڕ کێشەیەی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامی و کورد ڕوون بکاتەوە کە تەنیا ویستوویانە شوناسی خۆیان بپارێزن و داوای ئۆتۆنۆمییان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا دەکرد.


ئیسلامگەرایی و مافی کەمینەکان

هەر لە دەسپێکدا خۆمەینی و ڕێبەرانی دیکەی ڕەوتی فاندامێنتالیست بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئیسلام پێکهاتەیەکی سیاسییە و لە هەر جورە دەوڵەت -نەتەوەیەک باشترە. ئەوان ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە لە ئیسلامدا هیچ جیاوازییەک لە سەر بنەمای ئێتنیک، کولتوور و داب و نەریت بوونی نییە. لە پراکتیکدا، ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕێگەی زەخت و گوشار لەسەر ئێرانییەکان و بە تایبەتی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک کورد، دەسەڵاتی خۆی دامەزراند. هەروەها تەفسیرە بنەماییەکانی شیعەی  بەسەر هەموو دانیشتوانی ئێراندا سەپاند. بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسلامی لە بنەڕەتدا کاری ئیسلامییەکان بوو و وەک لە دۆسیەی کورددا بینیمان، ئەوان بە هۆی شەڕەوە ناچار بوون خۆیان لە گەڵ کۆمەڵگای سیاسی ڕێکبخەن کە لە ئەنجامدا زیانی زۆری لێ کەوتەوە.

کورد داوای ئۆتۆنۆمیی دەکرد. هاوکات زیندووبوونەوەی بەها ئیسلامییەکان بە مانای گەڕانەوە بۆ “ڕۆژە خۆشەکانی ڕابردوو”ی حکوومەتەکانی عوسمانی و قاجار نەبوو کە دەسەڵات لە سێستەمێکی سیاسیی لامەرکەزیدا، بە سەر پێکهاتە ئایینییەکاندا دابەشی دەکرد. بە پێچەوانەوە، ئیسلامگەرایی لە ئێراندا نوێنەرایەتیی  جێگیرکردنی دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێڕنی دەکرد کە خامنەیی وەکوو سەرکردەی باڵای، ئەو تمووحەی لە نەریتە نۆستالژیکییەکانی میراتی شیعە وەرگرتبوو.

کەوایە، وەک لە بەشەکەی پێشوودا ئاماژەی پێ کراوە، گرینگە کە لە نێوان سەرهەڵدانی ئیسلامی نەریتی و  ئیسلامیزمی هاوچەرخدا، جیاوازی بکرێت. هەرچەندە یەکەمیان داوای جێبەجێکردنی شەریعەت دەکات، بەڵام چاوی لە فۆڕمی سیاسیی دەوڵەت  نییە و بۆ ئەو، شەریعەت بە شێوەیەکی سەرەکی یاسایییە نەک سیاسی. لە کاتێکدا کە چەمکی دووەم، باس لە شۆڕش و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دەکات و ئیسلامیکردن واتایەکی تەنیا سیاسیی هەیە.

پاڵنەری ئایینیی ئیسلامییە فاندامێنتالیستەکان، بۆ بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگا، بە “شەڕ دژی کافرەکان” وەسف دەکرا. لە ڕاستیدا، وێناکردنی شەڕ لەچاو شۆڕشگێڕ بوون گۆنجاوتر بوو. ئەوان شەڕکەری ئیسلامی بوون و دەبوا لە هەموو کاتێکدا ئامادە بن و کۆ بکرێنەوە و بۆ بەرەکانی شەڕ دژی کافران هەناردە بکرێن. لە هێزە بێگانە و کافرەکانیش هەردەم چاوەڕوانی بەرپەرچدانەوەی هێرش دەکرا.

سەرەڕای سەرکەوتنی خێرایان لە شوێنەکانی دیکە، فاندامێنتالیستەکان لە کوردستان بەرەوپێشچوونێکی وایان لە بواری سەربازی و سیاسیدا نەبوو. کوردەکان بەرخودانێکی بەهێزیان لە بەرانبەر ئەواندا ئەنجام دا. بەڵام لەشکرکێشیی عێراق و باری نائاسایی، دەرفەتێکی بەهێزی بۆ بناژۆخوازان ڕەخساند کە دەست بەسەر کوردستاندا بگرن. بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد کە دوا بەربەست بوو لە بەرانبەر دامەزرانی دێموکراسی لە ئێراندا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەوە[39].

شانبەشانی بەرخودانی نەتەوەییی کورد و ئاستەنگی سەربازیی بەرانبەری، فاندامێنتالیستەکان لە پرۆسەی بەئیسلامکردن لە هەموو وڵات تووشی ئاستەنگ بوون، چونکە بەکارهێنانی ئەخلاقی ئیسلامی لە گەڵ دژایەتییەکی گشتی ڕووبەڕوو بووەوە. خاڵی سەرەکی لە تیۆریی ئیسلامییەکانی ئێران سەبارەت بە دەوڵەتی ئیسلامی، سەروەریی خودایە بەسەر گەردووندا. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەروەری تەنها هی خودایە، ئەو یاسادانەرە، بۆیە کەس مافی ئەوەی نییە فەرمان دەربکات یان لە فەرمانەکانی خودا سەرپێچی بکات. هەرکەسێک چەمکی سەروەریی بە مانای وشەکەی، واتا دەسەڵاتی ڕەها قەبووڵ کردبێت، هەر جۆرە سەروەرییەکی دیکە لە دژایەتی لەگەڵ سەروەریی خودادا دەبینێت. یاسای بنەرەتی، کۆماری ئیسلامی وه‌ک ده‌وڵه‌تێک که‌ له‌لایه‌ن مەلا ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ حوکمی ده‌کرێت، پێناسه‌ ده‌کات. هەوەها بەپێی ئایەتی ٢١٥ لە جزوی ٢١ی قورئان[40] و لەسەر ئەساسی ویلایەت و ئیمامەت، حکوومەتی مەلاکانە[41]. بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی مەلاکان بە ناوی سەروەریی خودا و ئیمامەتی هەمیشەیی هاتووەتە ئەژما  و گەرەنتیی بەردەوامبوونی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانەیە.

لە ڕاستیدا، “خومەینی وەک باڵاترین مەرجەعی یاسادانان کاری دەکرد تا ئەو کاتەی لە مانگی ئاگێستی ١٩٨٠ پاڕلەمان دەستی بە دەرکردنی یاسا کرد”[42]. کاتێک پەرلەمان دەستی بە کارەکانی کرد، ڕوون نەبوو کە بناژۆخوازەکان چۆن شەریعەت جێبەجێ دەکەن. هەرچەندە، دەستووری کۆماری ئیسلامی شەرعی وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی یاسا ناساند، بەڵام ئەمە تاکە مەرجی دەستوور نەبوو لەسەر یاساکە. ”یەکەم بڕیار کە ئامانج لێی گۆڕینی دەسەڵاتەکانی دوو دامەزراوەی یاسادانان بوو، دەسەڵاتی تەواوی بە پەرلەمان بۆ دەرکردنی یاسا بە زۆرینەی ڕەها بەخشی [. . . ]. ” دوای ئەوە لە نێوان پارلەمان و شورای پاراستنی دەستوور ناکۆکی دەرکەوت، کاتێک ڕەفسەنجانی وەکوو ڕەییسی پاڕلەمان داوای لە خومەینی کرد کە” لە دەسەڵاتی ڕێبەری و ویلایەتی فەقیە سەبارەت بە چەندین پەسەندکراوی پاڕلەمان کەڵک وەربگرێ. بە واتایەکی دیکە ىڕیار بدا کە چۆن ئەم دژبەیەکییە دەتوانێ چارەسەر بێت”[43].

کاتێک ئەو ڕێگایە نەیتوانی کێشەی دژایەتیی نێوان شەریعەت و داواکارییەکانی یاسای مۆدێڕن، چارەسەر بکات و هەروەها پەنابردن بۆ ڕێساکانی دیکە لەسەر بنەمای پەسەندکردنی شەریعەت بە هەمان شێوە سەرکەوتوو نەبوو، خومەینی بە شێوازێکی زۆر بەڕبڵاوتر دەستێوەردانی کرد. لە ژانویەی ١٩٨٨دا ڕایگەیاند کە دەوڵەتێکی ئیسلامی مافی ئەوەی هەیە لە کاتی دەرکردنی بڕیارنامە و داڕشتنی یاسادا فەرمانە ئیسلامییەکان پشتگوێ بخات[44].

جێگای لێ وردبوونەوەیە کە عەلی شەریعەتی، یەکێک لە تیۆریسیەنە سەرەکییەکانی ئیسلامی ڕادیکال[45] و هاوکات دژبەری خوێندنەوەی نەریتیی فەقێکان لە ئیسلام، سەبارەت  بە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە لایان کەسایەتییە ئایینیەکانەوە هۆشداریی دابوو. ئەوان خۆیان بە جێگرەوەی خودا دێننە ئەژمار و خۆیان بە جێبەجێکەری ئەوەی کە پێیان وایە فەرمانەکانی خوا لە سەر زەوییە، دەزانن. لەم حاڵەتەدا مرۆڤەکان مافی ئەوەیان نییە بیر و ڕای خۆیان دەرببڕن، ڕەخنە بگرن یا دژایەتی لە گەڵ دەسەڵاتداران بکەن. [46]

لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر سەرپێچی و پێشێلکارییەک ئەو هێچ دوودڵییەک بە خۆی ڕێ نادا، چونکە ویستی خودای تێدا دەبینێت. جگە لەوەش ئەو پێی وایە کەسانێک کە دژایەتیی دەکەن، لەعنەت لێکراو و بەلاڕێداچوون و دەست لێدانیشیان ڕێگەپێدروا نییە. ئەوان دوژمنی خوا و ئایینن و مافی زیندووبوونیان نییە[47].

هەروەک چۆن فۆکۆ لە وانەکانی ساڵی ١٩٧٦، لە کۆلێژی دوفرانسدا بەوردی باسی دەکات ڕەگەزپەرەستی ئەو ماشێنەیە کە ڕێگە دەدات سیاسەتی مەرگ لەگەڵ بایۆسیاسەت هاوکات بێت؛ ئەوەی کە “ڕێگە بە بایۆدەسەڵات دەدات کە پێگەی سیزارەکان لە بەردەوامییەکی بایۆلۆژیی چەشنە مرۆییەکان دیاری بکات، بەم شێوەیە پڕەنسیپێکی شەڕ بە سیستەمی “ژیان” دەناسێنێت”[48].

بە پێچەوانەی ئیدیعای بەناو ڕیفۆڕمخوازانی ئێرانی کە پێیان وایە ئێران پێویستی بە گەڕانەوە بۆ میراتی خومەینی و یاسای بنەرەتی هەیە، بۆچوون و میراتی خومەینی، پشتگیری لە هاووڵاتیی ئازادی خاوەن ماف ناکات کە پێویستییەکی سەردەمی مۆدێڕنە، بەڵکوو هەندێ شرۆڤەی سنووردار لە شەریعەت دێنێتە ناوپرسی سیاسیەوە. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، تێدەگەین کە ئەم میراتە، ڕەگەزپەرەستیی جێگیرکرد چونکە ڕەگەزپەرەستی ڕێگایەکە بۆ پاساودانەوە بە نایەکسانیی پێکهاتەیی لە نێوان گرووپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا. بە واتایەکی تر ئایدۆلۆژیایەکی ڕەگەزپەرەست، هیرارشییەک ساز دەکات و پێکهاتەکان پلەبەندی دەکات. ” سپی” یان “موسڵمان” لە سەرەوە جێدەگرن و “ڕەش پێست” یان “ناموسڵمان” لە خوارەوەی هیرارشییەکە دەبن.

چینی دەسەڵاتداری نوێ  لە پێناو دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامی لە تیرۆر، پاککردنەوە، دەرکردن، کوشتن و و تەسفیەی ئەندامانی گرووپە جڤاکییەکانی تر دەرێغیی نەکرد. ئەوە دروستە کە کوردەکان پشکی شێری ئەم پاککردنەوە و کۆمەڵکوژییەیان بەر کەوت، بەڵام گرووپە نەتەوەیی و ئایینیەکانی دیکەش بوونە قوربانیی ئەم ڕەگەزپەرەستییە کولتوورییە. لەوانە وەک بەهاییەکان کە هەر لە سەرەتاوە لە مافی هاوڵاتیبوون بێبەش بوون. بۆ نموونە، خومەینی لە ١٦ی ژانویەی ١٩٧٩ و پێش گەڕانەوی بۆ ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پرۆفیسۆر جەمس کۆکرۆفت ئاماژەی کرد کە مافی ئازادیی ئایینیان نابێت[49]. لە فوریەی ١٩٩١دا، سەبارەت بە پرسی بەهاییەکان، فەرمانێکی نهێنی لە لایەن ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کولتوورییەوە دەرچوو و لە لایەن ڕێبەری باڵای ئێرانەوە واژۆی لەسەر کرا. فەرمانەکە هەوڵەکانی بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگای بەهایی بە شێوازێکی “بێدەنگ تر” لە خۆگرتبوو. لە ساڵی ٢٠٠٤، دەسەڵاتدارانی ئێران مەزارگەی موحەممەد عەلی بارفرۆشی، یەکێک لە ڕێبەرانی “بابی” یان تێکدا. گەنجانی بەهایی ڕێگایان پێ نادرێ بچنە ناو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە ئێران مەگەر ئەوەی کە خۆیان وەکوو شوێنکەوتووی یەکێک لە چوار ئایینەکانی ئیسلام، مەسیحی، زەردەشتی و جوولەکە پێناسە بکەن کە لە لایەن دەسەڵاتەوە وەکوو ئایینی فەرمی هاتوونەتە ئەژمار[50].

لە کاتێکدا کە قڕکردنی کۆمەڵگای بەهاییەکان بە بۆچوونی هەندێک لە چاودێران ڕەنگە لە دوژمنایەتیی ئایینیی نێوان ئەوان و شیعەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵام هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە لە گەڵ گونابادییەکان کە ئەوانیش شیعەن و خەریکە لە ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەرەو لە ناوچوون هەنگاو دەنێن دەبێ چۆن بخوێنرێتەوە؟ کۆمەڵگای سوننەی ئێران چی؟ کۆماری ئیسلامی بە نەدانی بەرپرسایەتیی گرینگی باڵا وەکوو وزارەتخانە، نەیتوانیوە کۆمەڵگای سوننە بخاتە ناو سیستەمی سیاسیی خۆیەوە. ڕەنگە بۆ هەندێک لە چاودێرانی ڕۆژاوایی جێگای سەرسوڕمان بێت کە لە چل ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگای سوننەی ئێران لە هەوڵدا بوونە  بۆ سازکردنی مزگەوتێکی تایبەت بە خۆیان بە ڵام دەسەڵات ڕیگەی پێ نەداون. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەنجامدنی هەر شێوازێک لە ڕێوڕەسمی ئایینی لە دەرەوەی شرۆڤەی ئەوان لە ئیسلام، ڕێگەپێدراو نییە.

هەروەها کە نیشان درا دەوڵەتی ئیسلامی، دەوڵەتێکی دەرهاوێژەرە. لە سەرەتای دامەزرانیەوە فەرمانەکانی شیعە لە ڕێگەی دەسەڵاتی زۆرەملییەوە بە سەر ژیانی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا سەپێندرا. بۆیە هەموو کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکان تووشی هەڵاواردن ونادادپەروەری و کوشتن بوونەوە. کۆمەڵگای نەتەوەییی کورد و کۆمەڵگای ئایینیی بەهاییەکان، کەوتوونەتە ژێر تەوژمی “پاککردنەوە” و قڕکردن. هەر لە سەرەتاوە ئەو دڕندەییانەی کە کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەم دوو پێکهاتەیە ئەنجامی داوە، تەنها دەتوانرێت بە جینۆسایدێکی فرەڕەهەند، لەوانە ڕەهەندی نەتەوەیی، زمانی و ئایینی وەسف بکرێت.

لە کاتێکدا ئەم دڕندەییانەی حکوومەتی ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا چاوپۆشیی لێ کرا، دە ساڵ دواتر کۆمیسیۆنێک پێکهاتوو لە شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەرکی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاریی یاساکانی مرۆیی لە خاکی یۆگسلاڤیای پێشووی لە ئەستۆ بوو[51]، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی وەکوو پاکتاوی نەتەوەیی هێنایە ئەژمار. ئەم توێژینەوەیە پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کورد و کەمینەکانی دیکە دەتوانێ وەکوو “ڕەگەزپەرەستیی کولتووری” و “پاکتاوی نەتەوەیی” پێناسەی بۆ بکرێ. کەوایە ئەم گریمانەیە دێنێتە کایەوە کە گۆڕینی دەسەڵات لە سیاسەتی ئێران بەرانبەر بە کەمینەکان لە ئاسیمیلەکردنەوە بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی هەنگاوی هەڵێناوە.

 ڕەگەزپەرەستی لەگەڵ پراکتیکێک کە بەشێک لەوە و ئەو عەقڵانی دەکات، جیایە. پراکتیکێک کە ستراتیژییەکانی تەلارسازی و باخداری لەگەڵ پزیشکی تێکەڵ دەکات، لە ڕێگەی بڕینی ئەو توخمە واقیعییانەی، کە نە لەگەڵ واقیعی بینراودا دەگونجێت و نە دەتوانرێت بگۆڕدرێت، لە خزمەت بنیاتنانی نەزمێکی کۆمەڵایەتیی دەستکرددایە، [. . . ]

دەرەنجامەکە ئەوەیە کە ڕەگەزپەرەستی، بەناچاری لە گەڵ ستراتێژیی دوورکەوتنەوە پێکەوە تەنراون، ئەگەر بارودۆخ لەبار بێت ئەوا ڕەگەزپەرەستی ئەو ڕێگایە ئاوەڵا دەکات تاوانبار لەو خاکە دەربکرێت کە داگیرکراوە، ئەگەریش بارودۆخ لەبار نەبوو، ڕەگەزپەرەستی دەخوازێ کە تاوانبار لە ڕووی جەستەییەوە قڕبکرێت. [52]


ئەنجام

لە ئێراندا ئیسلامی سیاسی بە کەڵکوەرگرتنی سیاسی لە ئایین، هێز و پاڵپشتیی جەماوەری پەیدا کرد. ئەوان بە داهێنانی “دەوڵەتی ئیسلامی” کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد یەکسانی و ئاسایش بۆ هەمووان مسۆگەر دەکات، پشتیوانیی جەماوەریی گەورەیان بۆ خۆیان پێکهێنا. بەڵام هەر لە سەرەتاوە ڕکابەرە میانەڕەوە ئیسلامییەکان، نەتەوەیییەکان و گرووپە چەپەکانیان بەرەو دواوە پاڵ پێوەنا و دەسەڵاتی سیاسییان بۆ خۆیان قۆرغ کرد.

لە ناوەڕۆکی تیۆریی ئیسلامیی دەوڵەتی ئیسلامیدا، دوو گەڵاڵەی ناوەکی هەیە: یەکەم، زەروورەتی دەوڵەتێکی ئیسلامی بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی کولتوور و پێکهاتەی ئیسلامی؛ و دووەم، ئەم دەوڵەتە لە ڕێگەی بەئیسلامکردن و جێبەجێکردنی شەریعەتەوە بەدەست دێت.

دەسەڵاتی ئیسلامییەکان لە ئێران نیشانی داوە دەسەڵاتخوازی و نەبوونی مێکانیزمێک بۆ بەشداری، چ پێکهاتەیی و چ غەیر لەوە، هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی نابەرابەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە. ئەم پەرەسەندنە و پرۆسەی بە ئیسلامیکردنە، گرژیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی توندتر کردووە و لە نێو غەیرە ئیسلامییەکان بە تایبەت کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکان بەرەنگاریی پێکهێناوە.

بۆ دەیان ساڵ، شڕۆڤەکاران و سیاسەتمەدارانی ڕۆژاوایی، ئیسلامییەکانیان هان دەدا کە پرۆسەی دێموکڕاتیزە کردن پەیڕەو بکەن، ڕێز لە دەسەڵاتی یاسا بگرن و حیزبی سیاسی پێک بێنن و سیاسەتی پاڕلەمانی پراکتیزە بکەن. بەڵام ئاڵترناتیڤی لۆژیکیی ئیسلامگەرایان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دەرفەتانە، دوورخستنەوەی کەمینەکان لە دەسەڵات بوو. ئەمەش لەو شوێنانە کە کەمینەکان لەسەر ڕووپەڕێکی جۆغرافیایی نشتەجێن و بۆ گرتنەدەستی هەندێک دەسەڵاتی ناوچەیی لە هەوڵ و تێکۆشاندان، زیاتر دەرکەوتووە؛ وەکوو کوردەکان کە نیشانیان داوە کە لە بەرەنگاری دژی دەوڵەتی ئیسلامی و پرۆسەی ئیسلامیسازی لە ئێراندا بەهێزتر و بەدەوامتر بوونە.

له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی یه‌که‌می (1979-83)کۆماری ئیسلامیدا، بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌هێز و  خۆڕاگر، له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانیی گرووپه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ بنیات نرا. ئەگەرچی هێزە کوردییەکان و جەماوەری کوردستان قۆرسایی خەباتەکەیان لە ئەستۆ بوو و هەستی نەتەوەیی هاوبەش هاندەرێکی گرینگ بوو بۆ خەباتی بوێرانەیان، بەڵام بە بەرنامە و ئەو کردەوە سیاسییەی کە خۆیان نیشانیان دا کە بۆ ئازادی تەواوی دانیشتوانی ئێران خەریکی بەرەنگارین. ئەگەرچی لە لایان چەپ و سێکۆلارەکان هەندێ هاوسۆزی لە گەڵ کوردەکان کرا، بەڵام بە گشتی کۆمەڵگای ئێرانی نەیتوانی لە کاراکتێری بەرەنگاریی کوردستان تێبگات.

جگە لەوەش، چونکە لە نێو ئۆلیگارشیی دەسەڵاتداردا، ڕێبەر وەکوو جێگرەوەی خوا قەبووڵ کرا و مافی کۆنترۆڵکردنی هەموو بەشەکانی هزر وکۆمەڵگای هەبوو، بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت و هەڕەشەیەکی گەورە بوویەوە. بە تایبەت کە بە ناوی ئایین، ڕەوایی بە هەموو زۆرەملییەک دەدرا. لە ڕاستیدا ڕێبەر(وەلی فەقیە) کاتێک کە لە لایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێت، دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ ئێدارە کردن و یەکلاییکردنەوەی کاروباری وڵات. خومەینی فەرمانی جەهادی دژی کوردە “لە دین دەرچووەکان” ڕاگەیاند تا ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەرکوتی کوردستان بەڕێ بکات.

لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٣ هێزە سەربازییەکانی ئێران و سپای پاسداران زۆرتر لە ٥٠ هەزار کوردیان کوشتووە و بە شێوەی سیستماتیک و پلانداڕێژراو دەیان گوند و شاری کوردستانیان وێران کردووە. شەڕ لە گەڵ کوردەکان نیشانی داوە کە جینۆساید لەسەر بنەمای پلاندانانێکی سیستەماتیک بووە و ئەم کارەش لە دامەزراندنی سیستەمێکی ئیسلامیدا ڕێگەپێدراو بوو. بە کورتی نابێ لە پێناسەکردنی ئەم دڕندەیی و قڕکردنە فیزیکییە وەکوو فۆڕمی نێئۆ-ڕەگەزپەرستی و ڕەگەزپەرستیی کولتووری و پاکتاوی نەتەوەیی سڵ بکەینەوە. ڕەگەزپەرستیی کولتووری دەتوانێت ئامرازێکی ڕیتۆریک و شیکاریی بەهێز بێت بۆ پێناسەکردنی ئەو زنجیرە سیاسەتانەی کە لە لایەن بزووتنەوە ئیسلامییەکانی هاوچەرخەوە بەسەر کورد  و کەمینەکانی دیکەی ناوچە سەپێنراوە.



١ – قاڕنێ گوندێکە لەناوچەی گوندنشینی بەیگۆم قەڵا، لە نەغەدە، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٦دا ٨١٣ کەس بووە، لە ١٢٨ بنەماڵەدا.

٢- قەڵاتان گوندێکە دەکەوێتە نێوان شارەکانی نەغەدە و شنۆ.

٣-ئیندەرقاش گوندێکە دەکەوێتە دەوروبەری شاری مهاباد. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەی دانیشتووانەکەی ٢٩١١ کەس بووە، لە ٥٧٨ خێزاندا.

٤ – ساروقامیش گوندێکە لە ناحیەی لادێیی فەیزۆڵڵا بەیگی، لە شاری بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەی دانیشتووانەکەی ٤٦٣ کەس بووە، لە ٧٧ بنەماڵەدا.

[5] -کۆمەڵێک ڕاپۆرتی بەرفراوان سەبارەت بەم هەڵسووکەوتە بێ بەزەییانە هەبوو بۆ نموونە ڕۆژنامەی ئێتلاعات ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی کۆمەڵکوژییەکانی خەڵکی قاڕنێ لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی  ١٣٥٨ بڵاوکردەوە.

[6] – اسناد و دیدگاه (بەڵگەنامە و بۆچوونەکان)، لە دوای دامەزراندنی حیزبی توودەی ئێرانەوە تا شۆڕشی ١٩٧٩، تاران، ناوەندی چاپی توودە، ١٩٨٢، لاپەرەی ٩٤٠-٩٨٠

[7] – بۆ نموونە بڕوانە ئێرنست گێلنەر، پۆستمۆدێرنیزم، عەقڵ و ئایین (لەندەن: ڕاوتلێج، ١٩٨٢).

[8] -سامی زوبەیدە، ئیسلام، گەل و دەوڵەت: بیرۆکە و بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (London: I. B. Tauris, 1993) xvi.

[9] -سەعید شەمس، ناسیۆنالیزم، ئیسلامی سیاسی و پرسی کورد لە ئێران: ڕەنگدانەوەی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئیسلامی سیاسی لە ئێران. (VDM Verlag, 2011) 26-132.

[10] -میشێل فۆکۆ، دەبێت بەرگری لە کۆمەڵگا بکرێت: وتارەکان لە کۆلێژی دۆفەرانس، ١٩٧٥-١٩٧٦، وەرگێڕانی David Macey (London: Penguin Books, 2003)

[11] -هەمان سەرچاوە، 242.

[12] -هەمان سەرچاوە.

[13] -هەمان سەرچاوە، 259.

[14] -جۆن سۆلۆمۆس، ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی لە بریتانیا، چاپی دووەم. (London: MACMILAN, 1993) 245.

[15] – عەزیز ئەلئەزمە، ئیسلامەکان و مۆدێرنیتە، چاپی دووەم (لەندەن: ڤێرسۆ، 1993) 57.

[16] -ئیسلامی ڕادیکاڵ دەستەواژەیەکە کە بۆ پێناسەکردنی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران بەکارهاتووە. موجاهیدین گرووپێکی چەکداری ئیسلامیی ئێرانن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە شۆڕشدا بینیوە و لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بانگەشەیان بۆ ڕووخاندنی سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دانانی حکوومەتی خۆیان دەکرد. لێکدانەوەی ڕادیکاڵانەی موجاهدین بۆ ئیسلام پێچەوانەی ئیسلامی کۆنەپەرستانەی ڕۆحانییە نەریتییەکانە، هەروەها دژی ئەو لێکدانەوە پۆپۆلیستییەیە کە خومەینی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەرەی پێداوە. بڕوانە ئێروەند ئیبراهیمیان، ئیسلامی ڕادیکاڵ:موجاهیدین -کۆمەڵگا و کولتوری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرن (London: I. B. Tauris, 1989).

[17] -بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی ئێران (بە فارسی نیهزەتی ئازادیی ئێران) لە ساڵی 1961 لە لایەن کەسایەتییە ناسراوەکانی ئێرانەوە پێکهێنرا کە پێوەندی خزمایەتی و دۆستایەتی نزیکیان هەبوو. لەوانە مەحموود تاڵەقانی، مێهدی بازرگان، و یەدوڵڵا سەحابی. نیهزەتی ئازادی یەکێک بوو لە پارتە سەرەکییەکانی “بەرەی نیشتمانیی دووەم” و دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ سەرکردەکەی، واتە مێهدی بازاڕگان بوو بە سەرۆکی حکومەتی کاتی (6 November 1979-20 July 1980)

[18] -ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان بریتی بوون لە موجاهدینی خەلق و شوێنکەوتوانی عەلی شەریعەتی و هاوشێوەکانی.

[19] -شەمس، ئیسلامی سیاسی، ٢٢٧.

[20] -مێهدی بازاڕگان، کێشە و تەحەددیاتەکانی ساڵی یەکەمی شۆڕش، تاران، ١٩٨٢- ٩، ١٠، ١٣، ٤٣، ٣٦٢

[21] -شەمس، ئیسلامی سیاسی، ١٩٠

[22] -هەمان سەرچاوە، ١٩٢.

[23] -کوردەکان داواکاریی خۆیان بۆ ئۆتۆنۆمی لە ٣٠ بڕگەدا داڕشت، بڕوانە چاوپێکەوتنی شیخ عزەدین حوسینی لەگەڵ کەیهان، ژمارە١٠٦٥٢، ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ لاپەرەی ٨

[24] -کەیهان ژمارەکانی ١٠٦٦٥ و ١٠٦٦٦. گاردین ٢٠ی مارچ و ٢٢ی فێوریەی ١٩٧٩

[25] – شەمس، ئیسلامی سیاسی، ١٧٤-١٧٥

[26] -ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی: ئیتلاعات و دەیلی تەلەگراف، ٢٠ و ٢١ی ئاگوستی ١٩٧٩.

[27] -شەمس، ئێسلامی سیاسی، ٢٣٠ -٢٣١

[28] -مەجلیسی پسپۆڕان دەزگایێکی ڕاوێژکار بوو کە دەسەڵاتی تاوتوێکردن و تێپەڕاندنی دەستووری نوێی ئێرانی پێ درابوو. درووست بوونی لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە بۆ داڕشتنی ده‌ستووری نوێ پێویست به‌ مه‌جلیسی مۆئەسسان. مشتومڕەکان لەسەر سروشتی ئەو دەزگایە لە کۆتاییدا بووە هۆی پێکهێنانی گروپێکی بچووک و لەسەر بنەمای شارەزایی نەک کۆبوونەوەیەکی گەورەتر لە نوێنەرانی سەرتاسەری وڵات. دوای پەسەندکردنی دەستوور لە کانوونی دووەمی ١٩٧٩، مەجلیسەکە هەڵوەشایەوە

[29] -کیهان، ٨ و ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٣٥٨.

[30] -شەمس، ئێسلامی سیاسی، ٢٣١.

[31] -لە ٤ی نوامبری١٩٧٩، ٥٢ دیپلۆماتکار و هاووڵاتیی ئەمریکا، لە لایان گرووپێک لە خوێندکارانی ئێرانی سەربە ڕێکخراوی “خوێندکارە موسڵمانەکانی سەر بە هێڵی ڕێبەر” لە باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران بە بارمتە گیان. ئەم ڕووداوە ناکۆکیی دیپلۆماسی بەدوای خۆیدا هێنا. بارمتەکان بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ ڕاگیراون و لە ٢٠ی ژانویەی ١٩٨١ ئازاد کران.

[32] -کەیهان، ٢٧ی گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی.

[33] -شەمس، ئێسلامی سیاسی. لاپەڕەی ٢٣١

[34] -مەجلیسی پسپۆڕان ئەو دەزگای ڕاوێژکارییە بوو کە دەسەڵاتی تاوتوێکردن و تێپەڕاندنی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێ درابوو

[35] – نوێنەرایەتی گەلی کورد لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، فەداییەکان و شێخ عزەدین حوسەینی پێکهاتبوو.

[36] – کار، ساڵی ٢، ژمارەکانی ٥٧ ڕێکەوتی ٧ی مەی، ٥٨ ڕێکەوتی ١٣ی مەی، ٥٩ ڕێکەوتی ٢٠ی مەی ساڵی١٩٨٠

[37] -دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لەم دواییانەدا ئەم بۆچوونەیان دەربڕیوە، بۆ نموونە وەزیری ناوخۆ کە لەم دواییانەدا هۆشداری دابوو کە بە ئیسلامیکردن شکستی هێناوە و ڕەوتە عەلمانییەکان و بزووتنەوەی ژنانی بە بەربەستێکی گەورە بەرانبەر دامەزروایی کردنی بەها ئێسلامییەکان زانیبوو. ىڕوانە

[38] -بەڵگەنامەی بڵاونەکراوە (لە کتێبخانەی ئەنیستیتووی کوردی لە پاریس هەڵگیراوە.

[39] -شەمس، ئیسلامی سیاسی، ١٨٨٨.

[40] -. . . بۆ ئەوەی ڕۆژێک لایەنگرە ڕاست ودروستەکانم زەوی بە میرات بگرن. .

[41] -عەلی شیرازی، دەستووری ئێران: سیاسەت و دەوڵەت لە کۆماری ئیسلامی، (London: I. B. Tauris, 1987) 12

[42] -هەمان سەرچاوە

[43] -هەمان سەرچاوە

[44] -هەمان سەرچاوە

[45] -ئیسلامی ڕادیکاڵ چەمکێکە کە لەلایەن ئێروەند ئیبراهیمیانەوە بنیات نراوە بۆ جیاکردنەوەی “موجاهیدینی خەلق” و عەلی شەریعەتی لە ئیسلامیزمی خومەینی، بڕوانە، ئیسلامی ڕادیکاڵ: موجاهدینی ئێرانی – کۆمەڵگا و کولتور لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ‌هاوچەرخ.   (London: I. B. Tauris, 1989).

[46] -ئەو ئاماژەی کرد کە” حکوومەتی ئایینی بە واتای حکوومەتی مەلاکان بە سەر خەڵکدایە. دەرهاویشتەی ئەم بۆچوونە حکوومەتێکی دیکتاتۆرییە، بەو هۆکارەی کە مەلاکان خۆیان بە جێگرەوەی خودا دەزانن و خۆیان بە ڕەوا دەزانن بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خودا لە سەر عەرز. لە ئاوا حاڵەتێکدا خەڵک مافی خۆدەربڕین، ڕەخنە  و دژایەتی لە گەڵ مەلاکانیان نابێت”. عەلی. شەریعەتی، كۆبەرهەم، بەرگی یەکەم. 22. (تاران: بڵاوکەرەوەی ئاغا، 1982)197.

[47] -هەمان سەرچاوە

[48] -فۆکۆ، لە کتێبی جۆرجۆ ئاگامبن، پاشماوەی ئاشۆڤیتس: شایەتحاڵ و ئارشیڤدا هاتووە. (نیویۆرک: کتێبی ناوچە، 1999) 84

[49] – خومەینی لە چاوپێکەوتنێکدا پێش گەڕانەوەی لەگەڵ پرۆفیسۆر جەیمس کۆکرۆفت بۆ ئێران ڕایگەیاند کە بەهاییەکان ئازادی ئایینییان نابێت.

  کۆکرۆفت دەپرسێ: ئایا ئازادی ئایینی یان سیاسی بۆ بەهاییەکان لە ژێر حکومەتی ئیسلامیدا دەبێت؟ خومەینی وڵامدەداتەوە: ئەوان کوتلەیەکی سیاسین؛ زیانبەخشن و قەبووڵ ناکرێن. کۆکرۆفت دەپرسێ: ئایا ئەوان دەتوانن کارووباری ئایینیی خۆیان بەڕێوە ببەن؟ خومەینی وڵام دەداتەوە: نەخێر.

بڕوانە چاوپێکەوتنە هەڵبژێردراوەکانی کۆککرۆفت لەسەر ئێران، لەوانە خومەینی لە پاریس، https://www. jamescockcroft. com/node/265

[50] بزووتنەوەی بابی لەسەر فێرکردنی باب پەرەی پێ درا. ناوی ڕاستەقینەی سەید عەلی محەممەد (١٨١٩-١٨٥٠) بووە. ئەو بازرگانێکی گەنجی شیرازی بوو کە لێکدانەوەیەکی ڕۆمانسی بۆ ئیسلامی شیعە برەوپێداوە. لە ساڵی ١٨٤٤دا ڕایگەیاندبوو کە ئەو نێوەندگیریی (‘باب’ یان ‘دەروازە’) نێوان ئیماندارانی شیعە و کەسایەتیی مەسیح ئاسای ئیمامی دوانزەهەمدایە. باب لە ساڵی ١٨٥٠ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر و لە سێدارە درا.

میرزا حوسێن عەلی نوور (١٨١٧-١٨٩٢)، دیارترین کەسایەتی بوو کە ڕێگای بابییەکانی درێژە پێدا و دواتر بە بەهائوڵڵا ناسرا. بەهائوڵڵا لە ساڵی ١٨٦٣دا ئیدیعای کرد کە بەڵێندراو و پێغەمبەرە، هەر بۆیە ڕووبەڕووی دەربەدەری و زیندان دەبێتەوە. کاتێک بەهائوڵڵا ڕایگەیاند کە خۆی، ئەو بەڵێندراوەیە کە باب پێشبینی کردبوو، زۆرێک لە بابییەکان قبوڵیان کرد، ناوی “بەهاییەکان”یان گرتەبەر، واتە “شوێنکەوتوانی بەهائوڵڵا”.

لە کاتێکدا ڕەگ و ڕیشەی بەهاییەت لە بابیزمدا داکوتراوە، بزووتنەوەی بەهایی بە شێوازی جۆراوجۆر ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات، بەتایبەتی لە قەدەغەکردنی لە هەڵگرتنی چەک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان وەک ئەوەی بابییەکان کردبوویان، وە هەوەها بۆچوونی بەرفراوانیان سەبارەت بە نەزمی نوێی جیهانی.

 بڕوانە، جۆن والبریج، وتار و تێبینی لەسەر مێژووی بابی و بەهاییەکان، لە وتارەکانی گۆڤاری” گاە بە گاه ” لە توێژینەوەکانی شێخی، بابی و بەهاییەکان، 6:1East Lansing، MI: کتێبخانەی دیجیتاڵی H-Bahai، 2002-03 بڵاوکراوەتەوە.

[51] -جینۆساید بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت: “دەرکردن یان کوشتنی بەکۆمەڵی ئەندامانی نەتەوەیەک یان گرووپێکی ئایینی لە ناوچەیەکدا لەلایەن کەسانی گرووپێکی دیکەوە”.

کاتێک کۆمیسیۆنێکی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەرکی چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لە خاکی یوگۆسلاڤیای پێشووی پێ درابوو، لە ڕاپۆرتی کاتیی خۆیدا S/25274 پێناسەی پاکتاوکردنی نەتەوەیی کرد، لە S/1994/674، کۆمیسیۆن، پاکتاوکردنی نەتەوەیی بەم شێوەیە وەسف کرد “. . . سیاسەتێکی ئامانجدار کە لە لایەن گرووپێکی نەتەوەیی یان ئایینییەوە داڕێژراوە بۆ حەزف کردنی  دانیشتووانی مەدەنیی گرووپێکی نەتەوەیی یان ئایینیی دیکە لە هەندێک ناوچەی جوگرافی لە ڕێگای توندووتیژی و تیرۆرەوە. “

[52] – زیگمۆنت باومان، مۆدێرنیتە و هۆلۆکۆست (کامبریج: چاپخانەی سیاسەت، ١٩٨٩) ٦٥.

داگرتنی بابەت