ئارامتر بخوێنەوە

‎بۆ ناسیۆنالیزم کار دەکات و بۆچی لەناو ناچێ؟

ئاندریاس ویمێر

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: تەوار کوردستانی


لەم سەردەمەدا ناسیۆنالیزم ناوبانگێکی باشی نییە. بەشێکی زۆری خوێندەوارە ڕۆژئاواییەکان پێیان وایە ناسیۆنالیزم  ئایدیۆلۆژیایەکی مەترسیدارە. هەندێکیان دان بە لایەنە چاکەکانی نیشتمانپەروەریدا دەنێن و وەکوو سۆزێکی باش بۆ نیشتمان ( ئینتمای نیشتمانی) لێی تێدەگەن. لەهەمان کاتدا هەر ئەوان،  لەبری پابەندیی قووڵتر بە دادپەروەری و مرۆڤایەتی، ناسیۆنالیزم وەکوو بیرتەسکی، نائەخلاقی و پەرەدان بە سۆزێکی کوێرانە بۆ وڵات لێک دەدەنەوە.                                                                                    لە ژانویەی ۲٠۱۹دا، سەرۆکی ئەڵمانیاـ فرانک واڵتەر شتاینمار لە وتارێکدا بۆ ئەندامانی هێزی دیپلۆمات ئەم بۆچوونەی بە شێوەیەکی توند خستەڕوو و وتی: ” ناسیۆنالیزم ژەهرێکی ئایدیۆلۆژیکە.”

لەم ساڵانەی دواییدا، پۆپۆلیستەکان لە هەموو وڵاتانی ڕۆژئاواییدا هەوڵیان داوە ئەم پلەبەندییە ئەخلاقییە پێچەوانە بکەنەوە. ئەوان بەشانازییەوە بانگەشەی ناسیۆنالیزمیان کردووە و پەرەیان بە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی زۆرینە لە بەرانبەر کەمینە کۆچبەرەکان و دەستەبژێرە جیابیرەکان داوە. لەبەرانبەردا ڕەخنەگرەکانیان لایەنگریی جیاکردنەوەی ناسیۆنالیزم وەکوو دیاردەیەکی خراپ و نیشتمان پەروەری وەک دیاردەیەکی باشن. لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا [مەبەست ساڵی ٢٠١٨یە]، لە هێرشێکی ناڕاستەوخۆی بچووکدا، ئیمانۆئێل مەکڕۆنی سەرۆکی فەڕانسە تانە لە  سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دۆناڵد تڕەمپ[1]، کە خۆی وەک ناسیۆنالیست دەناسێنێ، دەدات و دەڵێ “ناسیۆنالیزم خیانەتێکە لە نیشتمانپەروەری”.

ڕوانینێکی بەناوبانگ هەیە کە جیاوازی لە نێوان نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیزم دادەنێت. ئەم جیاکارییەیش کاریگەریی لەسەر ئەم بەشە لە ئاکادیمیسییەنەکان کردووە کە ناسیۆنالیزمی “مەدەنی”، کە پێی وایە هەموو هاووڵاتییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پاشخانە کلتوورییەکانیان بە ئەندامی نەتەوەکەیان ئەژمار دەکرێن، لەبەرانبەر ناسیۆنالیزمی “ئەتنیکی”، کە تێیدا ڕەچەڵەک و زمان ناسنامەی نەتەوەیی دیاری دەکەن ، دادەنێن. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکان بۆ دانانی هێڵێکی جیاکەرەوەی تۆخ لەنێوان نیشتمانپەروەری وەک دیاردەیەکی باشی مەدەنی و ناسیۆنالیزم وەکوو دیاردەیەکی خراپی ئەتنیکی چاوپۆشی لە ڕیشە هاوبەشەکانی ئەم دوو دیاردەیەیە. نیشتمانپەروەری فۆڕمێکی ناسیۆنالیزمە. نیشتمانپەروەری وناسیۆنالیزم برای ئایدیۆلۆژیی یەکترین، نەک ئامۆزای دوور.

لە بنەڕەتدا هەموو فۆڕمەکانی ناسیۆنالیزم دوو بنەمای هاوبەشیان هەیە: یەکەم، دەبێ ئەندامانی نەتەوە کە وەکوو کۆمەڵێک هاووڵاتی یەکسان دەناسێندرێن، خاوەنی  مێژووییەکی هاوبەش و چارەنووسێکی سیاسی هاوبەشن لە داهاتوودا، حوکمڕانی دەوڵەت بکەن. دووهەم، ئەم هاووڵاتییانە دەبێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەکە حوکمڕانیی دەوڵەت بکەن. بەم شێوەیە ناسیۆنالیزم دژایەتیی حوکمڕانیی دەرەکی لە لایەن ئەندامانی نەتەوەکانی دیکە بەسەر نەتەوەکەی خۆیدا دەکات، وەک لە ئیمپراتۆرییە کۆلۆنیالیستییەکان و زۆرێک لە زنجیرە پاشاییەکاندا هەبوو. لەهەمان کاتدا ناسیۆنالیزم دژایەتیی ئەو دەسەڵاتدارانە دەکات کە ڕوانگە و پێداویستییەکانی زۆرینە پشتگوێ دەخەن.

 لەماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا ناسیۆنالیزم لەگەڵ هەموو جۆرەکانی دیکەی ئایدیۆلۆژیای سیاسیدا تێکەڵ بووە. ناسیۆنالیزمی لیبڕاڵ لە سەدەی نۆزدەیەمدا لە ئەورووپا و ئەمەریکای لاتین گەشەی سەند، ناسیۆنالیزمی فاشیست لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و لە قۆناغی نێوان دوو شەڕی جیهانیدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا و ناسیۆنالیزمی مارکسیستیش پاڵنەری  بزووتنەوە دژەکۆلۆنیالیستییەکان بوو و پاش شەڕی دووهەمی جیهانی لە هەموو وڵاتانی باشووردا[2] بڵاو بووەوە.                                                                                                   لەم سەردەمەدا دەتوانین بڵێین هەموو کەس، بە چەپ و ڕاستەوە، مەشروعیەتی دوو بنەما سەرەکییەکەی ناسیۆنالیزمیان قەبووڵە. ئەم بابەتە کاتێک ڕوونتر دەبێتەوە کە ناسیۆنالیزم لەگەڵ دکتورینەکانی دیکەی مەشرووعیەتی دەوڵەت بەراورد بکەین. لە سیستەمە تێئۆکراتیک و ئایینییەکاندا، لە ژێر ناوی خودادا حوکمڕانی دەوڵەت دەکرێت، بۆ نموونە لە واتیکان یان لە خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعەش). لە سیستەمە پاشاییەکاندا، خێزانێک خاوەنی دەوڵەتە و حوکمی بەسەردا دەکات، وەکوو عەرەبستانی سەعوودی. لە یەکیەتیی سوڤیەتدا، لەژێر ناوی چینێک، پرۆلێتاریای نیوەدەوڵەتی، حوکمی دەوڵەت دەکرا.

لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، جیهان بۆتە جیهانی دەوڵە-نەتەوەکان کە بەپێی بنەما ناسیۆنالیستییەکانەوە بەڕێوە دەبڕدڕێن. ناساندنی ناسیۆنالیزم بەتەنیا لەڕێگەی ڕاستی سیاسی بەواتای بەهەڵەتێگەیشتن لە سروشتی ناسیۆنالیزم و پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییە دێت کە ناسیۆنالیزم چەندە بەقووڵی هەموو ئایدیۆلۆژیا سیاسییە مۆدێرنەکانی، بە ئایدیۆلۆژیای لیبڕاڵ و پێشکەوتنخوازیشەوە، ڕەنگڕێژ کردووە. ناسیۆنالیزم بناغەی ئایدیۆلۆژییەکانی دامەزراوەکانی وەک دێمۆکراسی، دەوڵەتی خۆشبژیوی و پەروەردەی گشتی دابین کردووە، کە هەموویان لە ژێر ناوی گەلێکی یەکگرتووەوە لەگەڵ هەستێکی ئامانجی هاوبەش و پابەندیی دوولایەنە، ڕەواییان پێ دراوە. ناسیۆنالیزم یەکێک بوو لەو هێزە گەورە پاڵنەرانەی کە یارمەتیدەر بوو بۆ لەناوبردنی ئەڵمانیای نازی و ژاپۆنی ئیمپراتۆری. هەروەها ناسیۆنالیستەکان زۆرینەی گەورەی مرۆڤایەتییان لە ژێردەست و زاڵێتیی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپا ڕزگار کرد.

ناسیۆنالیزم هەستێکی ناعەقڵانی نییە کە بتواندرێت لە ڕێگەی پەروەردەی ڕۆشنگەرییەوە لە سیاسەتی هاوچەرخ دووربخرێتەوە؛ بەڵکوو یەکێک لە بنەما دامەزراوەییەکانی جیهانی مۆدێرنە و زۆر زیاتر و فراوانتر لەوەی کە ڕەخنەگرانی ناسیۆنالیزم دانی پێدا دەنێن، قەبوڵ کراوە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا کێ ڕازی دەبێت کەسێکی فەڕەنسی حوکمڕانی بەسەردا بکات؟ کێ لە نایجیریا بە ئاشکرا داوای گەڕانەوەی بەریتانییەکان دەکات؟   لەم سەردەمەدا ئێمە هەموومان ناسیۆنالیستین، چەند کەسێکی ڕێزپەڕ نەبێت.


نەتەوە لەدایک دەبێت

ناسیۆنالیزم داهێنانێکی تاڕادەیەک نوێیە. لە ساڵی ١٧٥٠دا، ئیمپراتۆرییە مەزنە فرەنەتەوەکان – ئۆتڕیش، بەریتانیا، چین، فەرەنسە، عوسمانی، ڕووسیا و سپانیا – حوکمڕانیی زۆربەی جیهانیان دەکرد. بەڵام دواتر لە ساڵی ١٧٧٥دا شۆڕشی ئەمەریکا و لە ساڵی ١٧٨٩دا شۆڕشی فەرەنسا ڕوویان دا. دوکترینی ناسیۆنالیزم، حوکمڕانی بەناوی گەلێکی پێناسەکراوی نەتەوەییەوە، وردە وردە لە هەمووی جیهاندا بڵاو بووەوە.  لەماوەی دوو سەدەی دواتردا، ئیمپراتۆرییەکان یەک لەدوای یەک بۆ زنجیرەیەک لە دەوڵەت-نەتەوەکان دابەش بوون. لە ساڵی ١٩٠٠دا نزیکەی ٣٥٪  و  تا ساڵی  ١٩٥٠ نزیکەی ٧٠٪ گۆی زەوی لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەکانەوە بەڕێوە دەبڕدڕا. ئەمڕۆکە تەنیا ژمارەیەکی یەکجار زۆر کەم شانشینی خانەدانی و سیستەمی تیۆکراتیک ماونەتەوە.

ناسیۆنالیزم لە کوێوە هاتووە و بۆچی ئەوەندە ناوبانگێکی زۆری بەدەست هێناوە؟ ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزم بۆ سەرەتای ئەورووپای مۆدێرن دەگەڕێتەوە. لەم قۆناغەدا، بە گشتی لە سەدەی شازدەوە هەتا سەدەی هەژدەیەم، سیاسەتی ئەورووپا تووشی کۆمەڵێک شەڕی قورس لەنێوان دەوڵەتانی ناوەندگەرا و بیرۆکراتیکدا ببوو. لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا، ئەم دەوڵەتانە ژمارەیەکی زۆر دامەزراوەیان (وەک کەنیسە و کڵێسەکان) گۆڕی و هەندێک دامەزراوەی دیکەیان وەک دابینکەری سەرەکی کاڵا گشتییەکان لە ناو خاکەکەیاندا دامەزراند و ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندە ڕکەبەرەکانی دەسەڵاتیان، بۆ نموونە ئاغا سەربەخۆکان، یان لەناو بردبوو یان گۆڕانکارییان بەسەردا هێنابوون. ئەم بەناوەندیکردنی دەسەڵات و کۆکردنەوەی لە چەقێکدا پەرەی بە بڵاوبوونەوەی زمانێکی هاوبەش، لانیکەم لەناو خوێندەوارەکاندا، لە ناو هەرکام لە دەوڵەتەکاندا دا، و تەرکیزێکی هاوبەشی بۆ سەرهەڵدانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دابین کرد. ئەم ڕێکخراوانەیش بۆخۆیان دواتر سەرقاڵی بابەتەکانی پەیوەست بە دەوڵەتەوە بوون.

سیستەمی فرەدەوڵەتیی ڕکەبەر و شەڕخوازیی ئەورووپا حوکمڕانەکانی هان دا تا باجی زیاتر لە دانیشتووانەکانیان وەربگرن و ڕۆڵی خەڵکی ئاسایی لە سەربازیدا زیاتر بکەن. ئەمەش وای کرد خەڵکی ئاسایی داوای زیادبوونی بەشداری سیاسی، یەکسانی لەبەردەم یاسادا و دابین کردنی باشتری کاڵا گشتییەکان لە حوکمرانەکانیان بکەن. لە کۆتاییدا، گرێبەستێکی نوێ سەری هەڵدا: دەبێ حوکمڕانەکان لە بەرژەوەندیی دانیشتووەکانیاندا حوکمڕانی بکەن، و تا ئەو کاتەی بەم شێوەیە حوکمڕانی بکەن،  دانیشتوانەکە وەفاداریی سیاسی، سەرباز و باج بۆ دەوڵەتەکان دابین دەکەن. ناسیۆنالیزم خێرا گرێبەستە نوێیەکەی دەرخست و پاساوی بۆ هێنایەوە. بەپێی ئەم گرێبەستە حوکمڕانەکان و خەڵک هەردووکیان سەر بە یەک نەتەوەن و ڕەچەڵەکێکی مێژوویی هاوبەش و چارەنووسێکی سیاسی هاوبەشیان لەداهاتوودا هەیە. دەستەبژێرە سیاسییەکان لەبری بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران و بنەماڵەکانیان، وەدوای بەرژەوەندییەکانی گشت خەڵک کەوتن.

بۆچی ئەم مۆدێلە نوێیەی دەوڵەتداری تا ئەم ئاستە سرنجڕاکێش بوو؟ دەوڵەت – نەتەوە سەرەتاییەکان – فەرەنسا، هۆڵەندا، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا – زۆر زوو لە ئیمپراتۆریەت و شانشینە خانەدانە کۆنەکان هێزێکی زیاتریان وەدەست هێنا. ناسیۆنالیزم ڕێگەی بە دەسەڵاتداران دا باجێکی زیاتر لە خەڵک وەربگرن و زیاتر پشت بە وەفاداری سیاسی خەڵک ببەستن. ڕەنگە گرنگترین هۆکار ئەمە بێت کە دەوڵەت – نەتەوەکان سەلماندیان کە توانای شکستپێهێنانی ئیمپراتۆریەتەکانی لە بەرەکانی شەڕدا هەیە. خزمەتی سەربازی گشتگیر – کە لەلایەن حکومەتی شۆڕشگێڕی فەرەنساوە داهێنرا – وایکرد دەوڵەت – نەتەوەکان بتوانن سوپای بەرفراوانی وەها پێک بهێنن کە سەربازەکانیان پاڵنەری شەڕ بۆ زێد و نیشتمانەکەیان هەبوو. لە ساڵی ١٨١٦ تا ٢٠٠١، دەوڵەت – نەتەوەکان لە نێوان ٧٠٪ بۆ ٩٠٪  لە شەڕەکان لەگەڵ ئیمپراتۆرییەکان یان زنجیرە شانشینەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

لەگەڵ زاڵبوونی دەوڵەت – نەتەوەکانی ئەورووپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا، دەستەبژێرە خۆپەرستەکان لە هەموو جیهاندا هەوڵی وەرگرتنی مۆدێلی سیاسی ناسیۆنالیستیی ئەو دەسەڵاتە ئابووری و سەربازییەی ڕۆژئاوایان دا و ویستیان وڵاتەکانیان لەگەڵ ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتداری بگونجێنن. ڕەنگە بەناوبانگترین نموونە ژاپۆن بێت، کە لە ساڵی ١٩٦٨دا، کۆمەڵێک لە ئاغا گەنجەکانی ژاپۆن، ئەرستۆکراسی فیۆداڵییان ڕووخاند، دەسەڵاتیان لە ژێردەستی ئیمپراتۆردا کۆ کردەوە و دەستیان بە بەرنامەیەکی گەورە بۆ گۆڕینی ژاپۆن بۆ دەوڵەت-نەتەوەیەکی مۆدێرن و پیشەسازی کرد – پێشکەوتنێک کە بەنۆژەنکردنەوەی مێیجی ناوبانگی دەرکرد. تەنیا یەک نەوە دواتر، ژاپۆن توانی ئالەنگاری دەسەڵاتی سەربازی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بکات.

بەڵام ناسیۆنالیزم تەنیا بەهۆی سرنجی دەستەبژێرە سیاسییە خۆپەرستەکانەوە بڵاو نەبووەوە. بەڵکوو ناسیۆنالیزم بۆ خەڵکی ئاساییش سرنجڕاکێش بوو، لەبەر ئەوەی کە بە بەراورد لەگەڵ مۆدێلەکانی پێشووی حکومڕانی دەوڵەت-نەتەوە پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕی باشتری لەگەڵ حکومەت پێشکەش دەکرد. ناسیۆنالیزم لەبری مافە پێدراوەکانی پەیوەست بە پێگەی کۆمەڵایەتی، بەڵێنی یەکسانیی هەموو هاووڵاتییەکانی لەبەردەم یاسادا دا. لەبری ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی هەر بۆ ئاغاکان سنووردار بکات، پیشە سیاسییەکانی بەڕووی خەڵکی ئاسایی لێهاتوودا کردەوە. ناسیۆنالیزم لەبری ئەسپاردنی دابینکردنی کاڵای گشتی بە ئەنجوومەن و گوند و دامەزراوە ئایینییەکان، دەسەڵاتی دەوڵەتی مۆدێرنی بۆ باشترکردن و دابەشکردنی کاڵا و چاکە گشتییەکان هێنا پێش. لەبری سووکایەتیی بەردەوامیی دەستەبژێرەکان بە جەماوەرە بێ چاند و کولتوورەکان، ناسیۆنالیزم گشت خەڵک و خەڵکی گشتی کردە سەرچاوەی نوێی سەروەری و لەڕێگەی گواستنەوەی کولتوری جەماوەری بۆ چەقی جیهانی سیمبولیک، پێگەی خەڵکی ئاسایی بەرزکردەوە.


سوودەکانی ناسیۆنالیزم

لەو وڵاتانەی کە گرێبەستی ناسیۆنالیستی لە نێوان حوکمڕانەکان و خەڵکدا جێبەجێ کرا، دانیشتووانەکەی خۆیان لە ڕێگەی نەتەوە وەک خێزانێکی فراوان سەیر دەکرد کە ئەندامەکانی وەفاداریان بۆ یەک هەبوو و پشتگیریی یەکتریان دەکرد.  تا ئەو جێگایەی کە حوکمڕانەکان پابەندی گرێبەستەکە مانەوە، هاووڵاتییەکانیش تێڕوانینێکی ناسیۆنالیستییان لە جیهان قەبوڵ کرد. ئەمەش بناغەی کۆمەڵێک گەشەپێدانی ئەرێنی دیکەی دانا.

یەکێک لەوانە گەشەسەندنی دیموکراسی لەو شوێنانەدا بوو کە ناسنامەی نەتەوەیی توانی جێگەی شوناسەکانی دیکە، وەک ئەو شوناسانەی کە تەرکیزیان لەسەر ئایین، ئەتنیک، یان پێکهاتە خێڵەکییەکان بوو، بگرێتەوە. ناسیۆنالیزم وەڵامی پرسیاری کلاسیکیی سنووری دیموکراسی دایەوە: ئەم پرسیارەی کە خەڵک کێیە و حکومەت دەبێ بە ناوی کێوە حوکمڕانی بکات؟ دیموکراسی و ناسیۆنالیزم لەڕێگەی سنووردارکردنی سنووری ئەندامانی نەتەوە و دوورخستنەوەی بیانییەکان لە دەنگدان، چوونە ناو پەیوەندییەکی بەردەوامی دوولایەنەوە.

 هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ناسیۆنالیزم پلەبەندییەکی نوێی مافەکانی لە نێوان ئەندامان (هاووڵاتی) و نائەندامان ( بیانییەکان) دامەزراند، گەشەی بە یەکسانیی لەناو خودی نەتەوەکەیش دا. لەبەر ئەوەی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی پێی وایە خەڵک بەبێ جیاوازیی پێگەکان، نوێنەرایەتیی جەستەیەکی یەکگرتوو دەکەن، هەر ئەوە ئایدیالی ڕۆشنگەری ناچار کرد دان بەوە دابنێ کە دەبێ هەموو هاووڵاتیان لە بەردەم یاسادا یەکسان بن. بە واتایەکی تر، ناسیۆنالیزم لەگەڵ بنەمای یەکسانیدا چووە ناو پەیوەندییەکی هاوبەشەوە. بە تایبەت لە ئەورووپا، گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی خانەدانییەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوە شانبەشانی گواستنەوە بۆ فۆرمێکی نوێنەرایەتی حکومەت و سەروەریی یاسا دەڕۆیشت. ئەم دیموکراسییە سەرەتاییانە لە دەستپێکدا مافی یاسایی و دەنگدانی تەواوی بۆ پیاوانی خاوەن موڵک سنووردار کرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەو مافانە بۆ هەموو هاووڵاتیانی نەتەوەکە درێژ کرانەوە – لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی  ئەمەریکادا پاش پیاوانی سپی خاوەن موڵک، سەرەتا پیاوانی سپی پێستی هەژار، پاشان ژنانی سپی پێست و لە کۆتاییدا خەڵکی ڕەش پێست مافە یاساییەکان و مافی دەنگدانیان وەک هاووڵاتیی وەدەست هێنا.

هەروەها ناسیۆنالیزم یارمەتیی دامەزراندنی دەوڵەتانی خۆشبژیوی مۆدێرنی دا. هەست بە پابەندیی دوولایەنە  و چارەنووسی سیاسیی هاوبەش، ئەو بیرۆکەیەی پەرەپێدا کە ئەندامانی نەتەوە – تەنانەت بیانییەکانیش – دەبێ لە کاتی تەنگانەدا پشتگیری یەکتر بکەن. یەکەم دەوڵەتی خۆشبژیوی مۆدێرن لە ئەڵمانیا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لەسەر فەرمانی ڕاوێژکاری کونسێرواتیڤ ئۆتۆ ڤان بیسمارک دامەزرا، کە ئەوەی وەک ڕێگەیەک بۆ دڵنیابوونەوە لە وەفاداری چینی کرێکار بۆ نەتەوەی ئەڵمانیا، نەک پرۆلیتاریای نێودەوڵەتی، دەزانی. بەڵام زۆربەی دەوڵەتانی خۆشبژیوی ئەورووپا لەدوای چەند قۆناغێکی گەرمی ناسیۆنالیزم دامەزران، زۆربەیان دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لە وەڵامدانەوە بۆ بانگەوازیی یەکگرتوویی نەتەوەیی پاش ئازار و قوربانیدانی هاوبەش [لە هەردووک شەڕی یەکەمی و دووهەمی جیهانی] پێک هاتن.


ئاڵا خوێناوییەکان

‎لەگەڵ ئەوەیشدا، هەر وەک چۆن هەموو خوێندکارێکی مێژوو دەزانن، ناسیۆنالیزم لایەنی خراپیشی هەیە. وەفاداری بە نەتەوە دەتوانێت ببێتە هۆی بەشەیتانکردنی ئەوانیتر، جا ئەم ئەوانیترە چ بیانییەکان بن یان ئەم کەمینە ناوخۆییانە بن کە گوایە وەفادار نین. لە ئاستی جیهانیدا، سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم ژمارەی ڕوودانی شەڕی زیاتر کردووە: لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا، دامەزراندنی یەکەم ڕێکخراوی ناسیۆنالیستی لە وڵاتێکدا لە ڕێژەی ١.١٪ بۆ ڕێژەی ٢.٥٪ بەرز کردووەتەوە و بووەتە هۆی زیادبوونی ئەگەری ڕوودانی ساڵانەی شەڕێکی تەواو.

‎نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو دەوڵەتانی هاوچەرخ لە شەڕێکی ناسیۆنالیستیی سەربەخۆییخوازی لە دژی سوپا ئیمپراتۆرییەکاندا لەدایک بوون. هەروەها لەدایکبوونی دەوڵەت – نەتەوە نوێیەکان هاوکات بوو لەگەڵ هەندێک لە توندوتیژترین ئەڵقەکانی پاکتاوکردنی ئەتنیکی، و بەگشتی پاکتاو و سڕینەوەی ئەو کەمینانەی کە بۆ نەتەوە وکوو بێ وەفا پێناسە دەکران یا خود گومانیان لێ دەکرا کە هاوکاری دووژمنەکان بکەن. پێش شەڕی یەکەمی جیهانی لەماوەی دوو شەڕی باڵکاندا، بولگاریای تازە سەربەخۆ، یۆنان و سربیا بەشە ئەوروپییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد، و ملیۆنان موسڵمانیان لەو سنوورە نوێیەوە بەرەو باقی ئیمپراتۆریەتەکە دەرکرد. پاشان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، حکومەتی عوسمانی بە کۆمەڵ خەڵکی مەدەنی ئەرمەنی جینۆساید کرد. لەکاتی شەڕی دووهەمی جیهاندا، سووکایەتیکردن بە جولەکەکان لەلایەن هیتلەرەوە- کە ئەوانی بە هۆکاری سەرهەڵدانی بەلشەڤیزم دەزانی و بۆیە سرزەنشی دەکردن، و وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر پلانەکانی بۆ ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لێکی دەداوە، کە لە کۆتاییشدا هۆلۆکاستی لێ کەوتەوە. دوای کۆتایی هاتنی ئەو شەڕە، ملیۆنان هاووڵاتی مەدەنی ئەڵمانیا لە دەوڵەتە تازە دروستکراوەکانی چیکۆسلۆڤاکیا و پۆڵەندا دەرکران. و لە ساڵی ١٩٤٧دا کاتێک هیندستان و پاکستان بوونە دەوڵەتی سەربەخۆ، ژمارەیەکی زۆر لە هیندۆس و موسڵمانان لە توندوتیژییەکی کۆمەڵایەتیدا کوژران.

‎ڕەنگە پاکتاوی ئەتنیکی گەورەترین جۆری توندوتیژی ناسیۆنالیستی بێت، بەڵام ئەوە تاڕادەیەک دەگمەنە. زیاتر شەڕی ناوخۆییە کە یان لەلایەن کەمینە ناسیۆنالیستەکانەوە دەکرێت کە دەیانهەوێت لە دەوڵەت جیا ببنەوە یان لە نێوان ئەو گروپە ئەتنیکانەی کە بۆ زاڵبوون بەسەر دەوڵەتێکی تازە سەربەخۆدا کێبڕکێ دەکەن ڕوودەدات. لە ساڵی ١٩٤٥ەوە ٣١ وڵات تووشی توندوتیژی جوداخوازی (جیابوونەوە) بوون و ٢٨ وڵاتیش ململانێی چەکدارییان لەسەر پێکهاتەی ئەتنیکی حکومەتی نیشتمانی بەخۆیەوە بینیوە.

‎وەخۆگر[3] و وەدەرنەر[4]

‎هەرچەندە ناسیۆنالیزم مەیلی بەرەو توندوتیژی هەیە، بەڵام ئەو توندوتیژییە بەشێوەیەکی نایەکسان دابەش کراوە. زۆرێک لە وڵاتان دوای گواستنەوەیان بۆ دەوڵەت – نەتەوە لە ئاشتیدا ماونەوە. تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی پێویستە تەرکیز لەسەر چۆنیەتی سەرهەڵدانی هاوپەیمانە حوکمڕانەکان و چۆنیەتی کێشانی سنوورەکانی نەتەوە هەیە. لە هەندێک لە وڵاتدا زۆرینە و کەمینەکان هەر لە سەرەتاوە لە بەرزترین ئاستەکانی حکومەتی نیشتمانیدا نوێنەرایەتیان هەیە. بۆ نموونە سویس، گروپە فەرەنسی و ئەڵمانی و ئیتاڵی زمانەکانی لە ڕێکخستنێکی بەردەوامی هاوبەشکردنی دەسەڵاتدا یەک خست، و کەس لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن، لە ساڵی ١٩٤٨ەوە، ڕەخنەی لێ نەگرتووە. بەهەمان شێوە گوتاری ناسیۆنالیستیی سویس، هەر سێ گرووپی زمانیی وەک ئەندامێکی یەکسان کە شیاوی بنەماڵەی نەتەوەیی بن، پیشان دەدات. هەرگیز بزووتنەوەیەک لەلایەن کەمینەی فەرەنسی یان ئیتاڵی زمانی سویس بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەت بوونی نەبووە.

بەڵام لە وڵاتانی دیکەدا دەوڵەت لەلایەن دەستەبژێرەکانی گرووپێکی ئەتنیکی دیاریکراوەوە دەستی بەسەردا گیرا، کە دواتر دەستیان بە دوورخستنەوەی گروپەکانی دیکە لە دەسەڵاتی سیاسی کرد. ئەمەش نەک تەنیا لە پاکتاوکردنی ئەتنیکی کە لەلایەن دەستەبژێرەی پاڕانۆئیدی دەوڵەتەوە بەدوایدا دەگەڕێت بەرز دەبێتەوە، بەڵکو جیابوونەوە یان شەڕی ناوخۆیش کە لەلایەن خودی گروپە وەدەرنراوەکان دەستی پێکردووە کە هەست دەکەن دەوڵەت شەرعییەتی نییە، چونکە بنەمای ناسیۆنالیستی خۆبەڕێوەبەری پێشێل دەکات، ورووژاوە. سوریای هاوچەرخ نموونەیەکی توندڕەوی ئەم سیناریۆیە دەخاتە ڕوو: لە سەرۆکایەتیدا، کابینەی حکومەت، سوپا، دەزگای هەوڵگری و ئاستە باڵاکانی بیرۆکراسی، هەمووی لە ژێر دەستی عەلەوییەکان دایە کە تەنیا ١٢٪ دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن. نابێت پێمان سەیر بێت کە زۆرێک لە ئەندامانی زۆرینەی عەرەبی سوننە لە سوریا ئامادەن شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن و خوێناوی لە دژی دەسەڵاتی بێگانە بکەن.

ئەوەیکە ئایا پێکهاتەی دەسەڵات لە وڵاتێکی دیاریکراودا بە ئاراستەیەکی وەخۆگر یان وەدەرنەر پەرەی سەندووە، بۆ پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت – نەتەوەی مۆدێرن دەگەڕێتەوە و پرسێکی مێژووییە. هاوپەیمانیی دەسەڵاتداریی وەخۆگر- بەهەمان شێوە لەخۆگرتنی ناسیۆنالیزم – لەو وڵاتانەدا کە مێژوویەکی دوور و درێژی ناوەندگەرای دەوڵەتداریی و بیرۆکراتییان هەیە، سەرهەڵدەدەن. لەمڕۆدا، ئەم جۆرە دەوڵەتانە باشتر توانای دابینکردنی کاڵا گشتییەکانیان بۆ هاووڵاتییەکانیان هەیە. ئەمەش وایان لێدەکات وەک هاوبەشانی هاوپەیمانی بۆ هاووڵاتییانی ئاسایی سەرنجڕاکێشتر بن، کە وەفاداری سیاسی خۆیان لە سەرکردە ئەتنیکی و ئایینی و خێڵەکییەکان دوور دەخەنەوە و بەرەو دەوڵەت دەگۆڕدرێن، کە ئەمەش ڕێگە بە سەرهەڵدانی هاوپەیمانی سیاسی هەمەچەشنتر دەدات. هەروەها مێژووی دوور و درێژی حکومەتی ناوەندگەرا پەرە بە قەبووڵ کردنی زمانێکی هاوبەش دەدات، کە دیسانەوە دروستکردنی هاوپەیمانی سیاسی لە نێوان دابەشکارییە ئەتنیکییەکان ئاسانتر دەکات. لە کۆتاییدا، لەو وڵاتانەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی تاڕادەیەک زوو سەری هەڵداوە (وەکوو نموونەی سویس)، هاوپەیمانیی فرە ئەتنیکی بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیی هاوبەش ئەگەری سەرهەڵدانیان زیاتریان بووە، لە کۆتاییدا بووەتە هۆی حوکمڕانی دەستەبژێرە فرە ئەتنیکییەکان و زیاتر ناسنامەی نەتەوەییەکان لەخۆدەگرێتەوە.


بنیاتنانی ناسیۆنالیزمێکی باشتر

بەداخەوە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوو دەری دەخات کە پێشخستنی هاوپەیمانی حوکمڕانی وەخۆگر، وەک ئەوەی لە زۆر شوێنی جیهانی گەشەسەندوودا هەیە، لەو وڵاتانەدا کە مەرجی سەرهەڵدانیان نییە، بە تایبەت بۆ ئەم لایەنانەی دەکەونە دەرەوەی پێکهاتەی زاڵ کارێکی ئەستەمە. حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، وەک بانکی جیهانی، دەتوانن لەڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی درێژخایەن کە توانای حکومەتەکان بۆ دابینکردنی کاڵای گشتی زیاد دەکات، لە دامەزراندنی ئەم مەرجانەدا یارمەتیدەر بن. هەروەها دەشتوانن هاندەری گەشەسەندنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بن، و یەکگرتنی زمانەوانی بەرەوپێش ببەن. بەڵام ئەم جۆرە سیاسەتانە دەبێ دەوڵەتەکان بەهێز بکەن، نەک ببێتە هۆی لاوازبوونیان، یان هەوڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بدەن. یارمەتی ڕاستەوخۆی بیانی دەتوانێت شەرعیەتی حکومەتە نیشتمانییەکان کەم بکاتەوە، نەک ئەوەی کە بەهێزی بکات. شیکارییەکانی ئەو ڕاپرسیانەی کە لەلایەن دامەزراوەی ئاسیا لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٥ ئەنجام دراون، دەری دەخەن کە دوای ئەوەی بیانییەکان سپۆنسەری پڕۆژەکانی کاڵای گشتییان لە ناوچەکانیان کردووە ئەفغانییەکان تێڕوانینێکی ئەرێنی زیاتریان بۆ توندوتیژییەکانی تاڵیبان هەبووە.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و زۆرێک لە دیموکراسییە کۆنەکانی دیکەدا، گرفتی پەروەردەکردنی هاوپەیمانییە دەسەڵاتدارە وەخۆگرەکان و ناسنامەی نەتەوەیی جیاوازە. بەشێک لە چینی کرێکاری سپی پێست لەم وڵاتانەدا دوای ئەوەی ئەو لایەنانە دەستیان بە وەرگرتنی کۆچبەری و بازرگانی ئازاد کرد، وازیان لە حیزبە چەپەکانی ناوەڕاست هێنا. هەروەها چینی کرێکاری سپی پێست لە پەراوێزخستنی کولتوورییان لەلایەن دەستەبژێرە لیبراڵەکانەوە کە پاڵپشتی فرەچەشنی دەکەن، و لە هەمان کاتدا سپی پێستەکان، جیاڕەگەزەکان و پیاوەکان وەک بەربەست بۆ پێشکەوتن دەخەنە ڕوو، ناڕەزایی دەردەبڕن. چینی کرێکاری سپی پێست، ناسیۆنالیزمی پۆپۆلیستی بە سەرنجڕاکێش دەزانێت، چونکە بەڵێن دەدات بەرژەوەندییەکانیان لە پێش دابنێت و لە کێبڕکێی کۆچبەران یان کرێکارانی کەم مووچەی دەرەوەی وڵات بیانپارێزێت و جێگەی ناوەندی و کەرامەتیان لە کولتوری نەتەوەییدا ڕابگرێت. پۆپۆلیستەکان پێویست نەبوو ئەو بیرۆکەیە دابهێنن کە دەوڵەت دەبێ لە پلەی یەکەمدا گرنگی بە ئەندامانی پێکهاتە سەرەکییەکانی نەتەوە بدات؛ ئەمە هەمیشە بە قووڵی لە پەیکەری دامەزراوەیی دەوڵەت-نەتەوە چەسپاوە، کاتێک بەردەنگەکان هێزەکییەکانی بەڕادەی پێویست زیادی کرد، ئامادەیە چالاک بکرێت.

زاڵبوون بەسەر هاووڵاتیانی بیانی و ناڕەزایی ئەوان، پێویستی بە چارەسەری کولتووری و ئابووری دەبێت. حکومەتەکانی ڕۆژئاوا پێویستە پڕۆژەی کاڵای گشتی کە سوود بە خەڵکی هەموو ڕەنگ و ناوچە و پاشخانێکی چینایەتی بگەیەنن پەرەپێبدەن، بەمەش خۆیان لە تێڕوانینێکی ژەهراوی بۆ لایەنگریی ئەتنیکی یان سیاسی بەدوور ڕابگرن. دڵنیاکردنەوەی چینی کرێکار و دانیشتوانی پەراوێزخراو لە ڕووی ئابوورییەوە کە ئەوانیش دەتوانن پشت بە پشتگیریی هاووڵاتیانی دەوڵەمەندتر و ڕکەبەرەکانیان ببەستن، ڕەنگە بەهۆی ناڕەزاییەوە بەرەو کەمکردنەوەی ناوبانگی پۆپۆلیزمی دژە کۆچبەران، ڕێگەیەکی دوور ببڕێت. ئەمەش دەبێ شانبەشانی فۆرمێکی نوێی ناسیۆنالیزمی وەخۆگر بڕوات. لە ئەمەریکادا، لیبراڵەکان وەک مێژوونووسی ڕۆشنبیر مارک لیلا و کۆنسێرڤاتە میانڕەوەکانی وەک زانای سیاسی فرانسیس فۆکویاما پێشنیاریان کردووە کە چۆن ڕەنگە گێڕانەوەیەکی نیشتمانی لەو جۆرە بنیات بنرێت: بە لەخۆگرتنی هەردووک زۆرینە و کەمینەکان، جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بەجێی پیاوانی سپی پێست لە دژی هاوپەیمانی کەمینەکان، وەک چۆن ئەمڕۆ بە هەمان شێوە لەلایەن پێشکەوتنخوازان و ناسیۆنالیستە پۆپۆلیستەکانەوە دەکرێت.

لە هەردوو جیهانی پێشکەوتوو و گەشەسەندوودا، ناسیۆنالیزم هەیە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە. لە ئێستادا هیچ بنەمایەکی دیکە بوونی نییە کە سیستەمی دەوڵەتی نێودەوڵەتی لەسەری بنیات بنرێت. (بۆ نموونە کۆسمۆپۆلیتیزمی گشتگیر لە دەرەوەی بەشەکانی فەلسەفەی زانکۆکانی ڕۆژئاوا خوازیارێکی کەمی هەیە.) ڕوونیش نییە کە ئایا دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یەکێتی ئەورووپا هەرگیز دەتوانن ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتە نیشتمانییەکان لەوانە خۆشبژیوی و بەرگری لە ئەستۆ بگرن، کە ڕێگەیان پێ دەدات شەرعیەتی خەڵکی بەدەست بهێنن.

ئالەنگارییەکە بۆ دەوڵەت – نەتەوە نوێ و کۆنەکان، بریتییە لە نوێ کردنەوەی گرێبەستی نەتەوەیی لە نێوان حاکمان و کۆمەڵگاکانیاندا لە ڕێگەی دروست کردن ـ یان دروست کردنەوەی – ئەو هاوپەیمانییە وەخۆگرانەی کە ئەم دوولایەنە واتا حاکمان و کۆمەڵگاکانیان لێک گرێ دەداتەوە. فۆڕمی لایەنە چاکەکانی ناسیۆنالیزمی جەماوەری لە وەخۆگریی سیاسییەوە دێت. ئەوان ناتوانن لەڕێگەی ئامرازی ئایدیۆلۆژی لە سەرەوەڕا بسەپێندرێن، ناشتواندرێ لەڕێگەی پەروەردەکردنی هاووڵاتییەکان لەسەر ئەوەی کە دەبێ ئەوان چ شتێک بە بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خۆیان بزانن بسەپێندرێن. بەمەبەستی پێشخستنی فۆرمە باشەکانی ناسیۆنالیزم، سەرکردەکان دەبێت ببنە ناسیۆنالیستێکی باشتر، و فێربن چاویان لە بەرژەوەندیی هەموو گەلەکەیان بێت.


[1] ئەم وتارە لەسەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد تڕامپ و لە ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە.

[2]  The Global South بەپێی ئەم دابەشکارییە وڵاتانی باشوور لەبەرانەبەر وڵاتانی باکوور The Global Northدا دێن و بریتین لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئاسیا، ئەفریکا و ئوقیانووسییە. ئەم چەمکە سەر بنەماڵەی خێزانیی وڵاتانی جێهانی سێهەم، و وڵاتانی پەراوێزە و ئەم وڵاتانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی ئەمریکای باکوور و ئەرووپان. وڵاتانی باشوور زیاتر لەسەر بنەمای دۆخی خراپی ئابووری، و پەراوێزخراویی کەلتووری پێناسە کراون. لەم دابەشکارییەدا وڵاتانی باکووریش وڵاتانی ئەمریکای باکوور، و ئەرووپا دەگرێتەوە. جێگەی ئاماژەیە کە ئەم دابەشکارییەیش لەبەر چەند هۆکارێک، هەروەک چەمکی وڵاتانی جیهانی سێهەم، وڵاتانی لەحاڵی گەشە، و وڵاتانی پەراوێز هەندێک گرفتی جیدی هەیە. لەبەر ئەوەی لە هەردووک سەری دابەشکارییەکەدا لەنێوان وڵاتاندا جیاوازیی کەلتووری، ئابووری، و سیاسیی بەرچاو هەن کە لەبەرچاو ناگیرێن. بۆ نموونە دۆخی ئابووری وڵاتانی ئەرووپایی لەگەڵ یەکتر، و دۆخی ئابووری ناوچە جیاوازەکانی ئەرووپا پێکەوە جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. کە دەگاتە دۆخی ئابووری وڵاتانی ئەورووپایی لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئەمریکایش ئەم جیاوازییە بەرچاوتر دەبێتەوە. هەمان جایاوازی ڕەهەندە کلتووری و سیاسییەکانیش دەگرێتەوە؛ بۆ نموونە لە دۆخی سیاسیی دێموکراسییە کۆنەکانی وەکوو بریتانیا و فەڕەنسا لەگەڵ دیمۆکڕسییە نوێیەکانی وڵاتانی پۆست سۆڤییەتیی ئەورووپا زۆر جیاوازە. ئەم جیاوازییانە لە وڵاتانی ناسراو بە وڵاتانی باشووریشدا بەشێوەی بەرچاو دەردەکەون. بەگشتی ئەم پۆلێنبەندییانە تاوانی پێشاندانی وردەکارییەکانیان نییە و زۆرێک لە ئاڵۆزییە کلتووری، سیاسی، و ئابوورییەکان لەبەرچاو ناگرن. ئەوە جگە لەوەی کە دەتوانین بڵێین ئەم پۆلێنبەندییانە نامێژووین و ناتوانن گۆرانە فرەلایەنەکان، بۆ نموونە گۆڕانی ئابووری یان سیاسیی لە وڵاتانی باشوور، لەخۆ بگرن. وەرگێڕ.

[3] Inclusive

[4] Exclusive

داگرتنی بابەت