ئارامتر بخوێنەوە
بۆچی زۆرداره‌كان به‌شێك له دنیای سیاسه‌ت نین؟[1]
کێنێت مێنۆ
وەرگێڕان: هەتاو باران
چیرۆكێك ده‌گێڕنه‌وه كه هارون ئه‌لڕه‌شید، خه‌لیفه‌ی به‌غدا، جلوبه‌رگی سواڵكه‌ری له‌به‌ر دەکرد و ڕواڵه‌تی خۆی ده‌گۆڕی، هه‌تا له‌م ڕێگایه‌وه بزانێ ژێرده‌سته‌كانی چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه. هارون، كه له ئابلۆقه‌ی ئه‌و كلكه‌سووته‌كه‌رانه‌دا بوو كه به ده‌وری هێزی بێ‌سنووردا كۆ ده‌بنه‌وه، ته‌نیا له ڕێگای خواروخێچ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌یتوانی ڕاستیی شته‌كان بدۆزێته‌وه. هارون خه‌لیفه‌یه‌كه و به هۆی ئه‌وه‌ی كه داوای سزای مه‌ردنی بۆ شارزاد كردبوو، ناوبانگی ده‌ركردووه. ئه‌و شارزاده‌ی كه، هه‌زار و یه‌ك شه‌و، هارونی به چیرۆكه شه‌و له دوای شه‌وه‌كانی گیرۆده و شه‌یدای خۆی كردبوو. هارون به‌رده‌وام له‌سێداره‌دانی به دره‌نگ ده‌خسته‌وه و، له ئاكامیشدا زه‌ماوه‌ندی لەگەڵ كرد. ئه‌م چیرۆكه وێنه‌یه‌كی به‌ناوبانگی زۆردارییه (Despotism ) ، سیستمێك كه له ڕێگه‌ی داگیركردنی وڵاته‌كانی تره‌وه پێك دێت، له‌سه‌ر ترس جێ پێی قورس و قایم ده‌كات و، له هه‌وه‌سكاری و زێده‌ڕۆیی‌یه‌وه سه‌ر ده‌ردێنێت.
له سیستمێكی زۆرداریی حكومه‌تیدا، دوایین ڕێسای ڕێكوپێكی، له حه‌ز و ویستی كه‌سی زۆرداره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هه‌رچه‌ند زۆردارباوه‌ڕی سیستمێك نییه كه له‌وێدا عه‌داڵه‌ت ته‌واو بێ‌مانا بێت: به‌تێكه‌ڕایی، زۆرداری له‌و كۆمه‌ڵگا زۆر نه‌ریتییانه‌دا باوه كه داب و نه‌ریت پاشایه و هه‌لومه‌رجی عادلانه وه‌كوو به‌شێك له ڕێكوپێكیی سروشتیی شته‌كان په‌سند ده‌كرێت. هه‌ر كه‌سێك له شوێنی خواداوی خۆیدا جێگیر بووه. هۆزی فه‌رمانڕه‌وایان، به‌گوێره‌ی ئه‌و شته‌ی كه چینییه‌كان پێیان ده‌گوت ‘فه‌رمانی ئاسمانی’ (The mandate of heaven ) ، به ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ن و سه‌روبنیش ده‌بن، به‌ڵام ژیانی ڕه‌نجبه‌ره‌كان گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌ت. هه‌موو شتێك په‌یوه‌ندی به ژیریی فه‌رمانڕه‌واوه هه‌یه. له سه‌ده‌ی یانزده‌هه‌می به‌ر له زایین‌دا هۆزی جوله‌كه‌كان (ئێسرائیلییه‌كان) كه له‌گه‌ڵ فەلەستینییه‌كان كێشه‌یان هه‌بوو، ڕۆیشتن بۆ لای سمۆئیلی پێغه‌مبه‌ر كه فه‌رمانڕه‌وایان بوو و داوایان لێ‌كرد كه شایه‌كیان بۆ دابنێ هەتا له نێوانیاندا قازی بێت و، له شه‌ڕیشدا سه‌ركرده‌یی‌یان بۆ بكات. سمۆئیل دژ به‌و ڕه‌وته، ئاگاداری پێیان دا و ئامۆژگاری كردن كه شایه‌كی وەها موڵك و ماڵیان داگیر ده‌كات و وزه و توانایان به كۆیله ده‌گرێت. به‌ڵام ئه‌وان سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌یانهه‌وێت وه‌كوو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه بن و ده‌بێت شایه‌كیان هەبێت. ‘شا’ له به‌ستێنی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به مانای فه‌رمانڕه‌وایه‌كه كه زۆردارانه له‌گەڵ ژێرده‌سته‌كانیدا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، حاكمێك كه به‌ته‌واوی لەگەڵ فه‌رمانڕه‌وایانی په‌یڕه‌وی ده‌ستووری ئەورووپایی جیاوازی هه‌یه. ده‌ستی ڕۆژگار وای هێنا كه جووله‌كه‌كان به‌ختی باشیان هه‌بوو و یه‌ك له دوای یه‌ك فه‌رمانڕه‌وای ناوداری وه‌ك شائۆل، داوود و سڵێمانیان به نه‌سیب ده‌بوو. ئەو فه‌رمانڕه‌وایانەی كه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا چێژی ڕێكوپێكی و ته‌نانه‌ت نه‌ختێك شكۆ و سه‌ربه‌رزیی نێونه‌ته‌وه‌یی‌یان به جووله‌كه‌كان به‌خشی. ڕێگه‌چاره‌ی سڵێمان بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه تیایدا دوو ژن پێكه‌وه لافی دایكایه‌تیی منداڵێكیان لێ ئه‌دا، یه‌كێك له به‌ناوبانگترین وێنه‌كانی ژیریی ئه‌فسانه‌ییی ئه‌وه. به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌م پاشایانه‌ش چه‌وسێنه‌ر و سته‌مكاریان لێده‌رهات و، له ئاكامدا نه‌خشه كه‌شخه‌كانی سڵێمان بارێكی وەها قورسی له‌سه‌ر شانی خه‌ڵك دانا كه بوونه هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئێسڕائیل.
‘زۆردارباوه‌ڕی’ بابه‌تێكی هه‌مه جۆره‌یه كه جیاوازیی زۆری تێدایه. شارستانییه‌ته نا‌ـ‌ئەورووپایی‌یه‌كان نزیك به هه‌میشه به زۆردارییه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی كراون. هه‌رچه‌ند، خه‌یاڵی ئەورووپایی به گشتی فه‌رمانڕه‌وایانی زۆرداری نه‌ویستووه ـ وه‌كوو فیرعه‌ونه سته‌مكاره‌كان، ئیمپڕاتۆره شێته‌كانی ڕۆم وه‌كوو كه‌لیگۆلا و نێرۆ، ئیمپڕاتۆره ڕه‌مزاوی و گۆشه‌گیره‌كانی هێند یان چین. له ئەورووپادا خولیای هێزی زۆرداری ده‌بوایە ڕواڵه‌تی خۆی بگۆڕێ. ئەورووپایی‌یه‌كان ناو به ناوێك فریوی بۆچوونی زۆردارباوه‌ڕییان خواردووه كه خۆی له‌ژێر ڕوخساری ئاواتێكی به‌رزدا حه‌شار داوه، ـ بۆ وێنه ده‌توانین باسی نموونه‌ی هیتلێر و ستالین بکەین. ئه‌م ڕاستییه وەبیرمان ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی زۆردارباوه‌ڕی له هیچ كات و ساتێك یان له هیچ شوێنێكدا دوور نییه. زۆر له وڵاته‌كان ئێستاش به‌م شێوه‌یه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كرێن و له‌م وڵاتا‌نه‌دا له هه‌ر ساتێك‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی ئازار یان مردن هه‌یه. ژیان له‌م وڵاتانە له ژیانی ناو شێتخانه‌یه‌ك ده‌چێت.
له‌م ڕۆژگاره‌دا، ئێمه زۆردارباوه‌ڕی (و هه‌روه‌ها دیكتاتۆرییه‌ت و تۆتالیتاریزم) وه‌كوو شێوازێك له حكومه‌ت پێناسه ده‌كه‌ین. ئه‌م شێوه بیركردنه‌وه‌یە، یۆنانییه كۆنه‌كان دە‌تۆقێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی خۆیان (و هه‌ستی مه‌زنایه‌تییان به‌سه‌ر خه‌ڵكانی دیكه‌دا) له‌سه‌ر بناغه‌ی جیاوازیی خۆیان لەگەڵ دراوسێ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانیان دامه‌زراندبوو كه شانیان بۆ بۆچوونی زۆردارباوه‌ڕی شل كردبوو. ئه‌م ناكۆكییه ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه كه سیاسه‌ت ئه‌وه‌نده بۆ شارستانییه‌تی ئێمه گرنگه كه ماناكه‌ی به هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له كو‌لتوور و بارودۆخدا، دەگۆڕێت. بەم هۆیەوە، یه‌كه‌مین هه‌نگاوی ئێمه له ڕه‌وتی تێكۆشان بۆ تێگه‌یشتن له سیاسه‌ت ده‌بێ ئه‌مه بێت كه خۆمان له ده‌ستی باوه‌ڕه‌كانمان كه هه‌نووكه به ئاشكرایی لێیان تێگه‌یشتووین، ڕزگار بكه‌ین. یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌م كتێبه ئه‌مه‌یه كه ڕاڤه‌ی ئه‌وه بكات، چی ڕووی دا كه ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌مه‌وبه‌ر تێكۆشانێك بوو تایبه‌ت و له‌سه‌ر شانی هه‌ڵكه‌وته‌كانی چه‌ند وڵاتێكی ڕۆژاوایی‌یه‌وه، ئێستا بووەته سه‌رقاڵییه‌كی بێ‌ده‌ربازبوون بۆ هزری مرۆڤایه‌تی؟
له سه‌ره‌تاوه ئێمه پێویستیمان به‌وه هه‌یه كه چاوێك له‌و بایه‌خه بكه‌ین كه یۆنانییه كۆنه‌كان ده‌یانخسته پاڵ سیاسه‌ت. یۆنانییه‌كان له شتێك به‌تایبه‌ت ئاگادار بوون و ئه‌ویش ئه‌مه بوو كه ئه‌وان ڕۆژهه‌ڵاتی نه‌بوون. ئه‌وان، زۆربه‌ی كاته‌كان، ڕێزیان له كو‌لتووره پڕشكۆكانی ئێمپڕاتۆرییه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان وه‌كوو میسر یان ئێران ده‌گرت، به‌ڵام، به‌گشتی، به سووكی چاویان له شێوه‌ی فه‌رمانڕه‌واییی ئه‌وان ده‌كرد. ئه‌وان ئه‌م سیستمە بێگانه‌یان ناو نابوو ‘زۆردارباوه‌ڕی’، له‌به‌رئه‌وه‌ی به ڕای ئه‌وان زۆرداری وه‌كوو په‌یوه‌ندیی نێوان خاوه‌نكۆیله‌یه‌ك و كۆیله‌كانی وایه و جیاوازی نییه. یۆنانییه‌كان كه جه‌ماوه‌رێكی جه‌نگاوه‌ر بوون، له‌م ڕه‌وشته‌ی كه ژێرده‌ستان له ئاستی فه‌رمانڕه‌وای ڕۆژهه‌ڵاتیدا ملكه‌چ بن، بێزار بوون: ئه‌وان ئه‌م ڕه‌وشته‌یان به شێوه‌یه‌كی له وزه به‌ده‌ر له نایه‌كسانی له‌نێوان هاوڵاتییان و فه‌رمانڕه‌واكه‌یاندا ده‌زانی. دوو هه‌زار ساڵ زیاتر له دوای ئه‌وه، ئێمه ڕێك هه‌مان كرداری خۆنه‌ویستیی ملكه‌چییه په‌سندنه‌كراوه‌مان بۆ به میرات ماوەتەوە. هۆكاری ڕازی‌نه‌بوونمان به ملكه‌چی، هه‌تا ڕاده‌یه‌ك، ئه‌مه‌یه كه زمانی ملكه‌چی هێمایه‌ك بوو كه خاچپه‌ره‌ستی مه‌ودای نێوان مرۆڤ و خودای پێ نیشان ده‌دا. كاتێك ئێمه له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌وه قسه ده‌كه‌ین، فره‌تر وشه‌ی لاتینیی ‘زاڵبوون’ به‌كار دێنین. وشه‌ی یۆنانیی زۆرداری و وشه‌ی ڕۆمیی زاڵبوون هه‌ردووكیان هێمایه‌كن له شێوازێكی تایبه‌ت له‌و هێزه‌ی كه خاوه‌نكۆیله له‌گه‌ڵ كۆیله‌كاندا ده‌ینوێنێ. شێوه‌ی نوێی به‌كارهێنانی وشه‌ی ‘دیكتاتۆری’ و زاراوه‌ی نوێی ‘تۆتالیتاریزم’، كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا داتاشراون، له‌و نیشانه زۆرانه‌ن كه له‌م چه‌رخه‌دا، باس لەوە دەکەن كه ئه‌م بیرۆكه‌یه سه‌باره‌ت به تێگه‌یشتنی ئێمه له خۆمان ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه و هیچ له ده‌وری كه‌م نه‌بووەته‌وه.
ئه‌مه له بنه‌ڕه‌تی زۆردارباوه‌ڕیدا هه‌یه كه تیایدا هیچ چه‌شنه سكاڵا و دادخوازییه‌ك، چ له كرده‌وه و چ له یاسادا، له به‌رانبه‌ری هێزی بێ‌سنووری خاوه‌نكۆیله له ئارادا نییه. تاكه ئامانجی ژێرده‌ستان ڕاگرتنی دڵی فه‌رمانڕه‌وایه. نه پەرله‌مانێك هه‌یه و نه ئۆپۆزیسیۆن، نه ڕاگه‌یاندنی ئازاد، نه ده‌زگای دادی سه‌ربه‌خۆ و، نه یاسایه‌ك بۆ پاراستنی یاسای مڵك و ماڵی تایبه‌ت به‌خۆ له‌هه‌مبه‌ر چاوچنۆكیی هێزی ده‌سه‌ڵاتدا، به كورتی، ده‌نگی شه‌قام نییه و ته‌نیا ده‌نگی زۆردار دەبیسترێ. سه‌یر له‌مه‌دایه، به هۆی بێ‌ده‌سه‌ڵاتیی هاوڵاتییانه‌وه، حكومه‌ته زۆرداره‌كان به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش ده‌بنه هۆی دروستبوونی ڕۆشنبیرییه‌كی ده‌روونی. له به‌رانبه‌ر جیهانێكه‌وه كه به هه‌وه‌سكاری هێزی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت، دژه‌كردارێك خۆی ده‌نوێنێت و، هاوڵاتییانی خاوه‌نبیر ده‌سته‌وداوێنی سۆفیگەری، ڕه‌واقی‌باوه‌ڕی و، شێوازه‌كانی دیكه‌ی دووره‌په‌رێزی ده‌بن. له‌م كاته‌دایه كه بۆ دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ری ژیان له ناخی ده‌روون و له‌وپه‌ڕی هه‌سته‌كانه‌وه ده‌گه‌ڕێن و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به خه‌یاڵ پڵاو ده‌زانن. ده‌رەنجامی ئه‌م ڕه‌وته به‌گشتی، دابه‌زینی ئاستی زانستی و تێكنۆلۆژیكه، به‌ڵام ئەم ئاڵۆگۆڕانە له مه‌ودایه‌كی كورتخایەندا بەدی نایەن.
ته‌وژمی زۆردارباوه‌ڕی له دوای داگیركردنی سوپایی‌یه‌وه، كه زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكان له ئاكامی ئه‌و داگیركردنانه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه، هێنده سروشتییانه خۆی ده‌نوێنێت كه ده‌بێ پێكهاتنی ڕێكوپێكییه‌كی شارستانی یان سیاسی به ده‌ستكه‌وتێكی نائاسایی بزانین. ئەورووپایی‌یه‌كان سێ جار هه‌لی شایانی باسی وایان بۆ ڕه‌خساوه؛ به‌ڵام دوو جاریان ده‌ستكه‌وته‌كه‌یان به‌فیڕۆ چووه. یه‌كه‌میان ده‌وڵه‌ت ـ شاره‌كانی یۆنانی كۆن بوو كه له دوای مردنی ئێسكه‌نده‌ری مه‌زن كه‌وتنه ژێر ڕكێفی زۆردارباوه‌ڕییه‌وه. دووهه‌میان له سه‌رده‌می ڕۆمییه‌كاندا بوو، كه سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاویان له دامه‌زراندنی ئێمپڕاتۆریدا به‌ده‌ست هێنابوو و له‌به‌ر هه‌مه‌چه‌شنیی ئه‌م ئێمپڕاتۆرییه ته‌نیا هێزێكی زۆردار ده‌یتوانی له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌رگری بكات. یه‌كه‌م ئه‌زموون بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌واقی‌باوه‌ڕی و هه‌لێكی له‌باری بۆ فه‌لسه‌فه‌كانی دووره‌په‌رێزی ڕه‌خساند و، دووهه‌م ئه‌زموون تۆوی خاچپه‌رستی چاند. له جه‌رگه‌ی خاچپه‌رستی و شانشینه به‌ڕبه‌ڕه‌كانی ڕۆژاواوه، شێوی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستی سیاسه‌ت سه‌ری هه‌ڵدا كه سیاسه‌تی جیهانی مۆدێڕنیش له‌م شێوه سیاسه‌ته‌وه په‌ره‌ی سه‌ندووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه له‌ناو ئه‌زموونی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا دەژین، ته‌نیا ده‌توانین له‌وه تێبگه‌ین كه هه‌نووكه ئه‌م سیاسه‌ته له چ بارودۆخێكدایه و هێشتا نازانین كه چاره‌نووسی كۆتاییی ئەم ئەزموونە چی به‌سه‌ر دێت.
هه‌ر چۆنێك بێت، ئێمه ده‌زانین كه نه‌ریتی ڕۆژئاوایی هه‌تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو به دژایه‌تیكردن له‌گەڵ زۆردارباوه‌ڕی پشتگه‌رم بووه، به‌ڵام هه‌نووكه ئه‌م بۆچوونه گومانی له‌سه‌ره. له‌م سه‌دانه‌ی دواییدا، زۆر كه‌س ئاره‌زووی ئه‌وه‌یان كردووه كه له‌و هێزه بێ‌به‌رگرییەی كه ته‌نیا له حكومه‌تی زۆرداریدا به‌دی ده‌كرێ بۆ سڕینه‌وه‌ی كه‌موكووڕییه ئاشكراكانی دونیاكه‌مان، كه‌ڵك وه‌رگرن. له ئەورووپادا پڕۆژه‌ی زۆردارباوه‌ڕی، ته‌نانه‌ت جۆره فه‌لسه‌فی یان ڕۆشنبیرییه‌كانی سه‌رنه‌كه‌وتوون، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه ڕاسته‌قینه‌كه‌یان شاردرابێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ت هه‌تا ڕاده‌یه‌ك شانۆگه‌رییه‌ك له خه‌یاڵ پڵاوه، داتاشینی ناو و چه‌مكی نوێ كارێكی هاسانه و له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا شێوه‌كانی تۆتالیتێری له خه‌ونی حكومه‌تی زۆردارباوه‌ڕی، تاقیگه‌كانی گه‌وره‌ی سیاسی‌یان دامه‌زراند كه لە ئاکامدا شێوه جیاوازه‌كانی پڕۆژه‌ی دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ‌كه‌مو‌كووڕییان تاقی ده‌كرده‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا، هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێت كه ئه‌م پڕۆژانه سه‌ریان نه‌گرتووه؛ لە هەمان کاتدا زۆر بۆمان دەرنەکوتووە کە پەیوەندیی ئه‌م پشێوییە ئاڵۆزانە لەگەڵ مەیلێکی قووڵ لە شارستانییەتی ئێمەدا لە چ ئاستێکدایە. به گوێره‌ی ئه‌مه، تێگه‌یشتنی ئێمه له سیاسه‌ت ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ی نیشانه‌گه‌لێك له‌خۆ بگرێت كه بتوانن پێمان بڵێن له‌ژێر ڕووكه‌شی ئه‌م قەڵشانه و قەڵشه‌كانی دیكه‌ی شارستانییه‌تی ئێمه چ شتێك ڕوو دەدەن.
یه‌كێك له‌م نیشانانه كه باوه‌ڕێكی هه‌مەلایه‌نه‌ی له‌سه‌ره، بارودۆخی هه‌نووكه‌یی جیاوازیی نێوان ژیانی تایبه‌ت به‌خۆ و مه‌ودای گشتییه. دونیای تایبه‌ت به‌خۆ، دونیای بنه‌ماڵه‌یه و هه‌روه‌ها دنیای ویژدانی تاكه‌كه‌سییه. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر تاكێك بۆخۆی باوه‌ڕه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت. ئه‌م دونیا تایبه‌ت به‌خۆیه بێ دونیای گشتیی هه‌مەلایه‌نه‌ی ده‌وڵه‌ت نایه‌ته دی، دونیایه‌ك كه پێكهاته‌ی یاسایی‌ی شیاو لەگەڵ ژیانی سه‌ربه‌خۆی تاك ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. سیاسه‌ت ته‌نیا هه‌تا ئه‌وكاته‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت كه ئه‌م پێكهاته هه‌مەلایه‌نه‌ی یاسای گشتی سنووره‌كانی خۆی بناسێت. هه‌ر وه‌كوو پێڕێكلیس له وتار و هه‌ڵبه‌سته به‌ناوبانگه‌كه‌ی، به بۆنه‌ی به‌خاكسپاردنی ئه‌سینایی‌یه كوژراوه‌كان، له یه‌كه‌م ساڵی شه‌ڕی پلۆپۆنێزیدا، وتوویەتی: ‘ئێمه له ژیانی تایبه‌ت به‌خۆمان، ئازادی و لێبوردەیی‌یمان هه‌یه، به‌ڵام له كاروباری گشتیدا شوێن یاسا دەكه‌وین.’ به‌دڵنیایی‌یه‌وه سنووری ڕاسته‌قینه‌ی نێوان كاروباری تایبه‌ت به‌خۆ و كاروباری گشتی، چ له یاسا و چ له هه‌ڵوێستی خه‌ڵكدا، به‌رده‌وام له حاڵی گۆرانكاریدایه. هاوڕەگەزخوازی و ئایین كه له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی گشتیدا بوون، هه‌نووكه هه‌تا ئاستێكی زۆر تایبه‌ت به‌خۆن، له كاتێكدا په‌یوه‌ندیی سێكسیی به‌زۆر لەگەڵ ژنان له چوارچێوه‌ی ژن و مێردایه‌تیدا [به گوشار هاوسه‌ر ناچار بكه‌یت په‌یوه‌ندیی سێكسی هه‌بێت] و هەروەها ئازاری منداڵان، زێده‌تر له هه‌موو كاتێك هاتوونه‌ته ژێر چاودێریی یاساوه. بڕواپێكردن به‌و ڕاستییه‌ی كه كاروباری تایبه‌ت به‌خۆ و گشتی له یه‌ك جیا کراوەتەوە، سیاسه‌ت (كه ده‌كرێ بە كه‌مترخه‌مییه‌وه لەگەڵ ئازادی و دێمۆكراسیدا پێناسه‌ی بكه‌ین) له زۆردارباوه‌ڕی جیا ده‌كات.
له حكومه‌تی زۆردارباوه‌ڕیی كلاسیك‌دا هه‌موو شتێكی كۆمه‌ڵگا ماڵ و مڵكی تایبه‌تیی زۆردار بوو، به‌ڵام له جیهانی مۆدێڕن‌دا ئه‌م جیاوازییه بنه‌ڕەتییه هێواش هێواش و به‌رده‌وام به باری پێچه‌وانه‌دا هه‌ره‌سی هێناوه: چه‌ند به‌شێكی هه‌ره گه‌وره‌تر له ژیانی تایبه‌ت به‌خۆ كه‌وتوونه‌ته ژێر چاودێریی گشتییه‌وه. ئه‌گه‌ر به هه‌ر شتێك كه مشتومڕی له‌سه‌ر بێت بڵێین ‘سیاسی’ و ئه‌گه‌ر (هه‌ر وه‌كوو ئه‌و دروشمه به‌ناوبانگه ده‌ڵێت) ‘شتی شەخسی سیاسییه’، هیچ شتێك له ده‌ره‌وه‌ی مه‌ودای كۆنتڕۆڵی حكومه‌تدا نامێنێت. ئه‌م به‌ڵگه‌یه له لایه‌ن هه‌مووانه‌وه په‌سه‌ند نه‌كراوه، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت گریمانه‌ی سه‌ره‌كیی تۆتالیتاریزم له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بووه و ده‌رەنجامه ئاشكراكه‌شی ئه‌وه بووه كه تاك له‌نێوان سیستێمێكی كۆنتڕۆڵی یه‌ك پارچه‌دا قه‌تیس كراوه و میراتی بازنە جیاواز و سه‌ربه‌خۆكانی (ئابووری، ئایینی، كو‌لتووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی) خاپوور كراوه، ئه‌و بازنانەی كه ده‌وڵه‌ته مۆدێڕنه‌كان هه‌تا ئه‌م دوایی‌یانه‌ش كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گرت.
دروشمگه‌لێك وه‌ك ‘شتی شەخسی سیاسییه’ دەیانەوێ دەمامکێک بۆخۆیان دروست بکەن و لە پشتییەوە خۆیان بشارنەوە، هەتا وەکوو حەقیقەتێک خۆیان بنوێنن. مانای ئه‌م جۆره دروشمانه به تێكڕایی نادیارن، به‌ڵام ئه‌م دروشمانه مانا و چه‌مكی شاراوه‌یان تێدایه و ڕه‌نگه له هه‌لومه‌رجی نوێ‌دا سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه و ببنه ویست و خواست بۆ ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه له‌گەڵ بایه‌خه به‌نرخه‌كانی ئێمه، وه‌كوو ئازادیی تاك، دژایه‌تییان هه‌بێت. ده‌ڵێن به‌های ئازادی وریایی‌یه و یه‌كێك له شێوازه گرنگه‌كانی وریایی، وردبوونەوە له ڕه‌وانبێژیی سیاسییه كه زۆربه‌ی كات بۆمان ده‌رده‌خات كه ڕاستیی شته‌كان له كوێوه سه‌ر ده‌ردێنن.
سه‌ره‌تای ژیری له سیاسه‌تدا وردبوونەوە له نیشانه‌كانی گۆڕانه. سیاسه‌ت كه شانۆگه‌رییه‌كی خه‌یاڵ پڵاوه، ماناكانی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه چاویان به‌وردی نه‌كردووەته‌وه، ئاشكرا ناكات. ڕاستی و گومان بابه‌ته‌كانی سه‌ره‌كیی لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسین. كێشه له هه‌مان ناوی دامه‌زراوه‌كانه‌وه ده‌ست پێده‌كات. زاڵبوونی شێوه‌كانی ڕۆژاوایی ئه‌و مانایه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئێستاكه هه‌موو وڵاته‌كان جۆرێك له سیاسه‌ت، و كۆمه‌ڵێك له دامه‌زراوه‌كانیان ـ وه‌كوو په‌رله‌مان، ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی، بڵاوكراوه‌ی مافه‌كان، یه‌كیه‌تیی كرێكاران، دادگاكان، ڕۆژنامه‌كان، وه‌زیره‌كان و هتد ـ هه‌یه كه وا ده‌نوێنێت كه له هه‌موو شوێنێكی جیهان كاروبار به یه‌ك شێوه به‌ڕێوه ده‌چێت. قسه‌یه‌ك له‌مه ناڕاستتر ناكرێ بگوترێت. بۆ وێنه له ژاپۆن مه‌قامێك هه‌یه به ناوی سه‌رۆك وه‌زیران و گه‌لێك جار ئه‌مه ڕووی داوه كه ده‌وڵه‌تپیاوانی بیانی كێشه‌یان بۆ په‌یدا بووه، كاتێك تێنه‌گه‌یشتوون كه ڕاده‌ی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن له سیاسه‌تی ناوخۆدا كه‌متر له فه‌رمانڕه‌واكانی وڵاتانی تره. هه‌روه‌ها، له ساڵی 1936، ستالین ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تیی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌تی بڵاو كرده‌وه (كه به بڕوای زۆر كه‌س پێشكه‌وتووترین ده‌ستووری جیهان بوو)، یاسایه‌ك كه لێوان‌لێو له مافه‌كان و هه‌روه‌ها پاراستنی مافه‌كانی خه‌ڵكیی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت بوو. ڕاستی ئه‌مه بوو كه ستالین ڕێك له هه‌مان كاتدا خه‌ریكی ‘سڕینه‌وه‌ی’ هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت له دادگا ساخته‌چییه‌كاندا بوو. به ملیۆنان هاوڵاتیی ئەو وڵاتە سینگیان به فیشه‌ك كون كرا. درۆكردنی سیاسه‌تمه‌داران شتێكی ده‌گمه‌ن و سه‌یر نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رسووڕهێنه‌ره، په‌یوه‌ندیی ئاڵوز له‌نێوان ناوه‌كان و ڕاستییه‌كاندایه.
له سه‌روەی هه‌موو ئەمانه‌وه، ناوی سیاسه‌ت بۆخۆی ئەم ئاڵۆزییە زیاتر نیشان دەدات. كاتێك چه‌مكه‌كان ئه‌وه‌نده ده‌كێشرێن هه‌تا ده‌پچڕێن، كه‌ڵكی خۆیان له‌كیس ده‌ده‌ن. له‌مه‌وبه‌ر ‘سیاسه‌ت’ ته‌نیا به كرداری پاشا‌كان، په‌رلەمانتارەكان، وه‌زیره‌كان و به كرداری ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی كه سیاسه‌ت یاریده‌ر یان ڕێگرییان بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات بوو، ده‌گوترا. هه‌ر شتێك بێجگه له‌مانه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی یان ژیانی شەخسی بوو. له‌گەڵ فراوانبوونی هێزی حكومه‌ته‌كان، خه‌ریكه هه‌موو شتێك به جۆرێك له جۆره‌كان ‘سیاسی’ وه‌سف ده‌كرێت، ئێمه لێره‌دا ته‌نیا ده‌توانین یه‌كێك له هۆكاره زۆره‌كانی ئه‌م بابه‌ته باس بكه‌ین. حكومه‌ته‌كان ده‌یانهه‌وێت هه‌موو كاره چاكه‌كان به‌ناوی خۆیانه‌وه ده‌ربچێت و ئۆپۆزسیۆنیش پێی خۆشه تاوانی هه‌موو خراپییه‌كان بخاته ئه‌ستۆی حكومه‌ت. حكومه‌ته‌كان و ئۆپۆزسیۆنه‌كانیان، شان به شانی یه‌ك، خه‌ریكی پرش و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م بیرۆكه‌ن كه هه‌موو شتێك، چ چاك و چ خراپ، به هۆی شێوه‌ی ڕه‌فتاری سیاسییه‌وه دێته ئاراوه. ئه‌م بیرۆكه‌یه هاوڵاتییان هان دەه‌دات كه چاویان له ده‌ستی حكومه‌تێك بێ كه وا ده‌رده‌كه‌وێ هه‌موو خێره‌كان له لای خۆیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه بیرۆكه‌ی هه‌موو شتێك پته‌و ببێته‌وه، له ڕاستیدا سیاسییه.
هۆیه‌كی تریش هه‌یه كه بۆ چی ده‌ور و مانای سیاسه‌ت گه‌شه‌ی كردووه. سیاسه‌ت له ئەورووپادا له ڕۆژگاری زۆر كۆنه‌وه كاری پاشا‌كان و به‌رده‌سته‌كانیان بووه و، مێژووش به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو، به‌سه‌رهات و كرده‌وه‌ی ئه‌وانی گێڕاوه‌ته‌وه. بۆیه ده‌ستكه‌وتی به‌شداری كردن له سیاسه‌تدا جۆرێك له نه‌مری بووه. كاتێك فیدڵ كاسترۆ له ساڵی 1953 بۆ یه‌كه‌م جار هه‌وڵی دا حكومه‌تی كوبا بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە و سه‌رنه‌كه‌وت، له دادپرسییه‌كه‌ی خۆیدا و له وتاری به‌رگری كردن له خۆی، جاڕی دا: ‘مێژوو من ده‌به‌خشێت’. ئه‌و خۆی وه‌ك ئه‌كته‌رێك له‌سه‌ر سه‌كۆی شانۆگه‌ریی مێژوو ده‌نواند. هه‌ر كه‌سێك كه به شوێن جۆرێك له نه‌مریی مێژوویی‌یه‌وەیە، ده‌ڕواته ناو كاروباری سیاسه‌ته‌وه. كرۆموێڵه‌کان، ئیتر نایانه‌وێت ‘تاوانبار نه‌بن له خوێنی ڕژاوی وڵاته‌كه‌یان’ و ئاكامی هه‌ڵسوكه‌وته‌كه‌یان بێده‌نگی له گۆڕستانی ده‌ره‌وه‌ی شار بێت. ئه‌وان دێنه ناو جه‌رگه‌ی سیاسه‌ته‌وه. شۆڕشی فه‌ڕانسه ڕێك هه‌ر ئه‌م ناوبانگه‌ی بۆ كه‌سانێك وه‌ك ڕۆبێسپایرێ، دا‌نتۆن، مێرات، شارڵۆت كۆرده‌ی، خاسخوا ژوست و كه‌سانی دیكه‌ش به‌رهه‌م هێنا كه ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه، كه‌سانێكی بێ‌ناویان لێ ده‌رده‌هات. شۆڕشگێڕان ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ن كه وێنه‌كانیان له‌سه‌ر دیواره‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌كه‌ندرێت. ئه‌مانه چه‌ند نموونه‌ی كه‌م‌وێنه‌ن و له زۆربه‌ی كاتدا ئه‌م هه‌سته به‌جۆشه به شێوازێکی هێمنانەتر وەکوو به‌خشینی مافی ده‌نگدان به هه‌موو كه‌سه‌كان هێور كراوه‌ته‌وه. بێ‌گومان مافی ده‌نگدانی گشتی شێوه‌یه‌كی ئاوساوه كه بایه‌خی ده‌نگه‌كانی كه‌م كردووەته‌وه، به‌ڵام مافی ده‌نگدان هێشتا به‌شێكی بنه‌ڕه‌تیی تێگه‌یشتنی ئێمه له ده‌رفه‌تێكی شیاوی مرۆڤ بوونه. ‘ئالیس جێ پەنجەی له‌سه‌ر مێژوو دانا’، ئه‌مه سه‌ردێڕی ڕاپۆڕتی ڕۆژنامه‌یه‌كی بڕیتانیایی له‌باره‌ی كه‌سێكی ڕه‌شپێستی به‌ساڵداچووی خه‌ڵكی ئه‌فریكای باشوور بوو كه له ساڵی 1994 بۆ یه‌كه‌م جار ده‌نگی ئه‌دا.
ئێمه مۆدێڕنه‌كان (و به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان به پۆست‌مۆدێڕن ده‌زانن) له‌وانه‌یه به شێوه‌یه‌كی نائاسایی كه‌وتبینه ناو گێژەنی سه‌رلێشێواوی له‌باره‌ی سروشتی سیاسه‌ته‌وه: ئێمه چەند به‌ڵگەیەکی كارامه‌مان دروست كردووه كه بکەوینە ئەم خەیاڵەوە، بیرۆكه‌كانی ئێمه له بیرۆكه‌كانی باوباپیرانمان مه‌زنترن. هه‌موو كولتووره‌كان باوه‌ڕیان وایه كه تەنیا بیرۆکەکانی خۆیان به‌جێن، به‌ڵام ئەمڕۆكه خه‌ڵكانی خوێنده‌وار به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی كه لێیان ده‌كرێ، له‌ناو پێشداوه‌رییه‌كانی چه‌رخی ئێستادا گیرۆده‌ن. بۆ وێنه دۆکترینی پێشكه‌وتن به زۆرینه‌ی خه‌ڵك وایگه‌یاندبوو كه بیروباوه‌ڕه چه‌سپاوه‌كانی ئێمه، له بیرۆكه ئاشكرا عه‌یبداره‌كانی ڕابوردوودا ته‌واوترن. هه‌ڵبه‌ت شێوازی ڕۆشنبیریی هاوچه‌رخ بیرۆكه‌ی پێشكه‌وتن په‌سه‌ند ناكات و ده‌ست ده‌خاته سه‌ر ئه‌م خاڵه كه ئێمه هه‌تا چ ڕاده‌یه‌ك مۆركی شوێن و كاتمان پێوه دیاره؛ ئه‌م شێوازه نوێیه شایه‌تی ده‌دات كه هه‌موو كولتووره‌كان پێكه‌وه یه‌كسانن. ئه‌م شێوازه بیركردنه‌وه له ڕواڵه‌تدا له جۆرێك گومان‌باوه‌ڕی ده‌چێت كه ئێمه له‌و لەخۆبایی‌بوونه‌ی كه باوباپیرانمانی گیرۆده كردبوو، ڕزگار ده‌كات. له‌به‌رئه‌وه‌ی وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م بۆچوونه بیروباوه‌ڕه‌كانمانی هه‌تا ئاستێكی یه‌كسان له‌گەڵ بیروباوه‌ڕه‌كانی هه‌ر كه‌سێكی تر داده‌به‌زێنێت. به‌ڵام ئه‌م ڕواڵه‌ته خه‌یاڵ پڵاوه. گومان‌باوه‌ڕیی هاوچه‌رخ بێ‌فیزییه‌كی درۆیانه‌یه، كه له‌ژێر ده‌مامكیه‌وه بۆچوونێكی دوگم خۆی حه‌شار داوه. كراوه‌ییی ئێمه ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه مرۆڤ‌باوه‌ڕیی ڕێژه‌باوه‌ڕانه‌ی ئێمه له هه‌ر دوو بۆچوونی دوگم‌باوه‌ڕی له ڕابوردوودا و نالێبوردووییی كو‌لتووره‌كانی دیكه مه‌زنتر بێت.
كه‌واته هه‌ر كه‌سێك له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه دەه‌نووسێت، ده‌بێ له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌سكی بیروڕاكان له چاخی خۆیدا ئاگاداری بدات و به‌دڵنیایی‌یه‌وه پێویستیی ئه‌م كاره له‌م ڕۆژگاره‌دا كه‌متر له ڕابردوو نییه. هۆكاری ئه‌وه‌ی كه خوێندنی سیاسه‌ت هه‌میشه له ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌ی لیبڕاڵدا [ئازاد] بووه، هه‌ر ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه بووه كه زۆر كه‌س ئاگاداری‌یان لێی هه‌یه. به‌گزاده‌كانی یۆنان و ڕۆم، یاسا، فه‌لسه‌فه و هونه‌ری وتاری گشتییان ده‌خوێند هه‌تا ئه‌و ئه‌ركه سیاسییه‌ی كه له كاتی له‌دایكبوونیانه‌وه پێیان سپێردرابوو، به‌جێ بهێنن. سیاسه‌ت ده‌یتوانی ناوه‌رۆكی په‌روه‌رده بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی به خێرایی بووه هه‌ڵسوكه‌وتێكی وشیارانه كه هزری ده‌ورووژاند و نووسراوەی كه‌شخه‌ی لێ به‌رهه‌م ده‌هات. فه‌یله‌سووفەکانی وه‌كوو ئه‌فلاتون و ئه‌ریستۆ پێكهاته چه‌مكییه‌كه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌یان به‌وردی ساز كرد، کۆمەڵێک مێژوونووس وه‌كوو هیڕۆدۆتوس چیرۆكی گه‌شه‌ی سیاسه‌تیان به‌رده‌وام هێشته‌وه و زانیارانی زانستی سیاسی (وه‌كوو ئه‌ریستۆ) یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كان و چۆنیه‌تیی ئیش و كاری دامه‌زراوه‌كانیان ڕاڤه كرد، ئیساپ حیكمه‌تی سیاسی بۆ ئه‌فسانه‌یه‌ك گۆڕی، وتاربێژانێكی له‌بیرنه‌كراو وه‌كوو دێمۆستێنێس و سیسێڕۆ شێوازه‌كانی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یان كۆ كرده‌وه كه بۆ ڕازی كردنی بیسه‌ران زۆر گونجاو بوون، شاعیره‌كان هه‌ڵبه‌ستیان بۆ لاواندنه‌وه و پللارتێگرتن به ناوه‌رۆكێكی سیاسییه‌وه نووسی و هه‌لومه‌رجی سیاسی زیاتر له هه‌موو ڕووداوێك ئاگریان له خه‌یاڵی شه‌یكسپیر و شانۆنووسه‌كانی دیكه به‌ردا. هیچ شێوازێك له تێگه‌یشتن و خه‌یاڵكردنه‌وه نییه كه سیاسه‌تیان بۆ ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كانیان هه‌ڵنه‌بژاردبێت.
زۆر یه‌ك له‌مانه ئاوێنه‌ی سیاسه‌تن و گه‌وهه‌ری سیاسه‌ت ته‌نیا كاتێك ده‌كرێ فام بكرێ كه ئه‌م وێنانه ببن به یه‌كێك و نه‌خشه‌یه‌كی پێكه‌وه لكاو بۆ تێگه‌یشتن له سیاسه‌ت ڕێك بخرێت. خێراییی سیاسه‌تمه‌دارێك و بێ‌لایه‌نیی مامۆستایه‌كی زانكۆ هه‌ردووكیان به یه‌ك ڕاده شتیان هه‌یه كه به ئێمه‌ی بڵێن. ئێمه ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین له هه‌ردووكیان كه‌ڵك وه‌ربگرین. ئه‌وه‌ی كه ما‌كیاڤێلی له‌ژێر ناوی ‘حەقیقەتی كاریگه‌ر’ له سیاسه‌تدا بیری لێده‌كرده‌وه، ته‌نیا په‌یوه‌ندی به تێكۆشه‌رێكی سیاسییه‌وه هه‌یه. ئه‌م ڕوانگه‌یه زۆر له شته‌كان له‌بیر ده‌كات. ئێمه ده‌بێ بە وردبوونه‌وه له بیرۆكه زۆر جیاوازه‌كانی كه‌سانێك ده‌ست پێبكه‌ین كه بناغه‌ی تێگه‌یشتنی ئێمه‌یان له سیاسه‌ت داناوه: یۆنانییه‌كان و ڕۆمییه‌كان.
[1] “Why Despots Don’t Belong in Politics?” in Politics (A Very Short Introduction), Kenneth Minogue, Oxford University Press Inc., New York, 1995, pp. 1-10.
داگرتنی بابەت



