ئارامتر بخوێنەوە
دێمۆکراسی
دەیڤید میللەر[1]
وەرگێڕان:سارۆ ئەردەڵان
هۆبز کە بۆ پیشاندانی ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی پێویستە، پێشەنگی ئێمە بوو، بیری دەکردەوە کە زۆر گرنگە دەسەڵاتدارێکی ڕەها دروست بکەین ـ سەرچاوەیەکی تاقانە بۆ دەسەڵات کە حوکمەکەی بۆ ژێردەستان هیچ سنوورێک نەناسێت (هەڵبەت هۆبز پێیوابوو دەسەڵاتدارەکان لە بەرامبەر خودادا هێشتا چەند ئەرکێکیان هەیە کە دەبێ بەجێی بهێنن)؛ زۆر گرنگ نییە کە ئەم دەسەڵاتدارە حەتمەن تاک و تەنیا ـ یەک پاشا ـ بێت هەرچەند هۆبز پێیوابوو کە ئەم شێوە باشترە لەبەر ئەوەی کە ویستی پادشا بەپێچەوانەی جەماوەرێک لە خەڵکی جیاواز، بەردەوام و نەگۆڕە و مەترسی ئەوەی لێ ناکەوێتەوە کە گیرۆدەی ناکۆکی ناوەکی بێت. بەڵام بەرپەرچدانەوەی ڕوانگەی هۆبز سەبارەت بەم بابەتە لە هەمان کاتەوە کە کتێبەکەی نووسی دەستی پێکرد. بەرەنگارەکانی دەیانگووت کە جێنشین کردنی بێئاسایشییەک کە لە دۆخی سروشتی مرۆڤەوە سەریهەڵداوە لەگەڵ پادشایەک لەوپەڕی هێز و دەسەڵاتدا کە بتوانێت ماڵ و گیانی ژێردەستەکانی لە هەر کات و ساتێکدا و بە هەر شێوەیەک بیهەوێت لەناو بەرێت، لە خراپەوە و تووشی خراپتر هاتنە. هەر وەکوو تێبینییە لەبیرنەکراوەکەی جان لۆک:
مرۆڤەکان هێندە گەوجن کە لە ترسی زیانێک کە ڕەنگە مشکەخورما بۆگەنەکان و ڕێوییەکان پێیان بگەیەنێن، ڕازین کە خۆیان بخەنە باوەشی شێرە برسییەکانەوە و تەنانەت ئەو جێگایەش بە سڵامەت بزانن.
دژ بەم ڕەخنەیە، تەنیا بەرگری هۆبز ئەوە بوو کە دەیگووت پادشای وریا و خەمخۆر خودازیاری ئەوەیە کە ژێردەستەکانی تێر و تەسەل و سەرکەوتوو بن، لەبەر ئەوەی کە بەهێزی ئەویش بۆخۆی لە ئاکامدا پەیوەندی بە تێر و تەسەلی ئەوانەوە هەیە. بەڵام ئەگەر ئاوڕێک لەو شتانە بدەینەوە کە لە ڕەوتی مێژوودا تۆمارکراوە، دەتوانین بەو دەرنجامە بگەین کە پادشاکان زۆر بەکەمی وریا و خەمخۆر بوون. دەسەڵاتی سیاسی لەو بڕوایەدایە کە بارودۆخێک بۆ خەڵک دەستەبەر دەکات کە بتوانن ژیانێکی لێوانلێو لە ئاسایش و بووژانەوەیان هەبێت؛ ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین کە دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێت ئەم بارودۆخە دابین کات. کارێکی زۆر مەترسیدارە کە بە پادشایەکی ڕەها متمانە بکەین و هەموو شتێک بە ئەستۆی ئەو دابنێن. ڕەنگە ئێمە ئەم جێنشینە پێشنیار بکەین کە دەسەڵات بدەین بە دەست کەسانێکەوە کە بە ژیری و پاکڕەوشتی ناویان دەرکردووە و دەزانین کە لە دڵەوە بەرژەوەندی خەڵکیان دەوێت. ئەمە بەڵگەی لایەنگرانی ئەریستۆکراسییە کە مانای دەقاودەقەکەی “فەرمانڕەوایی باشترینەکانە”. ئەم بەڵگەیە، لانیکەم هەتا نیوەی سەدەی نۆزدەیەم، زۆربەی فەیلەسوفە سیاسییەکانی قایل دەکرد. بەڵام کێشەیەک کە دەبێ یەکلایی بکرێتەوە ئەمەیە کە پیاوچاکی و خێرخودازی فەرمانڕەوا بەوردی چ مانایەکی هەیە و دواتر ڕێگایەک بۆ هەڵبژاردنی کەسانێک کە ئەم تایبەتمەندییانەی هەبێت بدۆزینەوە. بەڵام لە کردەوەدا یەکلاییکردنەوەی ئەم باسە کێشەی لێکەوتووەتەوە: ئەریستۆکراسی لە کردەوەدا، گرێدراو بەوەی لە چ کات و شوێنێکدا دەرکەوتووە، بووە بە فەرمانڕەوایی چینی بەگزادەکان، دەوڵەمەندەکان یان خوێندەوارەکان. تەنانەت ئەگەر کەسێک بتوانێ بیسەلمێنێت لەناو ئەم چینانەدا تاقمێک هەن کە شارەزاییەکی سیاسییان هەیە کە لەناو ئەندامەکانی تری کۆمەڵگادا بەدی ناکرێ، دیسان ئەم کێشەیە خۆی دەنوێنێ کە ئەم تاقمە بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەگەڵ بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵکدا جیاوازە، کەواتە بۆچی دەبێ باوەڕ بەوە بکەین ئەوان قازانجی گشتی قوربانی بەرژەوەندییەکانی چینی خۆیان ناکەن؟
کەواتە لایەنگریی لە دامەزرانی دەسەڵاتی سیاسی بە شێوازێکی دێمۆکراتیک، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زۆری کرد. لایەنگری لەم جۆرە دەسەڵاتە لەسەر دوو گریمانەی بنەڕەتی ڕاوەستاوە: یەکەم، هیچ کەسێک لە ڕووی سروشتییەوە مەزنتر لە کەسی تر نییە، کەواتە هەر جۆرە پەیوەندییەکی دەسەڵاتدارانە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا پێویستی بە پاساو هێنانەوە هەیە. بە واتایەکی تر، هەر کەسێک دەبێ خاوەنی مافی سیاسی یەکسان بێت مەگەر ئەوەی کە بکرێ نیشان بدرێت کە هەر کەسێک لە نایەکسانی قازانج وەردەگرێت، دووهەم، باشترین ڕێگا بۆ دەستەبەر کردنی بەرژەوندییەکانی خەڵک ئەوەیە کە دوایین سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسی بە دەست خۆیانەوە بێت؛ هەر کەسێک کە هێزێکی تایبەتی پێدەسپێردرێت دەبێ لە بەرامبەر خەڵکدا بەتەواوی بەرپرسیار بێت. بەڵام لەم گریمانەدا دیسان دیاری ناکرێ کە خەڵک ڕیک چ دەورێک لە حکومەتدا دەبینن. ئایا ئەوان دەبێ بەو شێوەیە کە ڕوسۆ لە کتێبی گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا ئاماژەی پێ دەکات، خەڵک ڕاستەوخۆ خەریکی یاسادانان بن؟ ئەگەر وایە، چۆن؟ یان دەبێ ئەوان تەنیا لە ڕێگای نێوانجییەک، لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانەوە، لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا بەشداری بکەن؟
هەر وەکوو دەزانین ئەو سیستمە سیاسییانەی کە ئێمە بە دێمۆکراسی ناویان لێ دەبەین لە کردەوەدا، دەورێکی زۆر کەم بە هاووڵاتیانی خۆیان لەناو حکومەتدا دەدەن. لە دێمۆکراسییەکاندا، هاووڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵبژاردنە ناوبەناوەکاندا دەنگ بدەن، جاربەجارێک کە دەبێ لەبارەی دەستووری بنەڕەتییەوە بڕیارێکی گرنگ بدرێت لە ڕێی ڕاپرسییەوە پرسیان پێدەکرێت و ڕێگەیان پێدەدرێت کە دەستە و گروپ دروست کەن و لەمەڕ ئەو کێشانەی کە بە لایانەوە گرنگە لەگەڵ نوێنەرەکانیان قسە بکەن، بەڵام مەودای دەسەڵاتیان هەر ئەوەندە بڕ دەکات. هێزی ڕاستەقینەی بڕیاردان لەبارەی داهاتووی کۆمەڵگا دێمۆکراتیکەکان لە دەستی ژمارەیەکی کەم لە خەڵکدایە: وەزیرەکانی حکومەت، فەرمانبەرەکانی دەوڵەت و هەتا ڕادەیەک نوێنەرانی پەڕلەمان یان ئەنجوومەنەکانی تری یاسادانان؛ ئاساییە ئەگەر بپرسین کە بۆچی ئەم ڕەوتە وای لێهاتووە؟ ئەگەر دێمۆکراسی باشترین شێوە بۆ بڕیاری سیاسی بێت، بۆچی ناهێڵین کە خەڵک بۆخۆیان ڕاستەوخۆ سەبارەت بە کێشە گرنەگەکان بڕیار بدەن هەتا دێمۆکراسی بە مانا ڕاستەقینەکەی بێتە دی؟
وڵامێک کە زۆربەی کات بەم پرسیارە دەدرێتەوە ئەمەیە کە لەو بڕیارە لەڕادەبەدەرانەی ئەمڕۆکە حکومەتەکان پێوەی سەرقاڵن، بەشداری چەند ملیۆن کەسی هاووڵاتیانی ئاسایی جێبەجێ نابێت. ئەگەر ئەوان بیانەوێت لە هەموو بڕیاردانەکاندا بەشداری کەن، نە تەنیا حکومەت ئیفلیج دەبێ و پەکی دەکەوێت بەڵکوو هەروەها هیچ کاتێکیش بۆ خەڵک نامێنێتەوە کە تا بە کارەکانی تریان ڕابگەن کە لە ڕوانگەی زۆربەی خەڵکەوە لە سیاسەت گرنگترن. بەڵام ئەم وڵامە تەواو نییە، لەبەر ئەوەیکە دەکرێ بارودۆخێک بێنینە بەرچاومان کە تیایدا هاووڵاتیان لە کاروباری پەیوەندیدار بە سیاسەتی گشتییەوە بڕیار بدەن و بەجێهێنانی وردەکارییەکان بکەوێتە سەرشانی وەزیرەکان و چەند کەسێکی تر. لەم سەردەمەدا و لە ئاکامی شۆڕشی ئەلەکترۆنیکی بەئاسانی دەکرێ سەبارەت بە ڕادەیەکی زۆر لە کێشە جۆراوجۆرەکان ڕوانگەی هاووڵاتیان بپرسین: لە شەڕ و ئاشتییەوە بگرە هەتا ماڵیات و ئەو خەرجانەی کە بۆ کاروباری گشتی سەرف دەکرێن تا مافی گیانلەبەرەکان و کێشەکانی ژینگە.کەوابوو بۆچی ئەم ڕەوتە تەنیا لە ڕاپرسییەکاندادا جێبەجێ دەکرێ کە ئەوەش بەدەگمەن بەڕێوە دەچێت؟
هۆکاری ئەمە، باوەڕێکی گشتییە کە خەڵکی ئاسایی لێهاتوویی ئەوەیان نییە کە لەو کێشانە تێبگەن کە لە ژێرەوەی بڕیارە سیاسییەکاندا خۆیان حەشارداوە؛ کەواتە پێیانخۆشە کە ئەم بڕیارانە بخەنە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە پێیانوایە بۆ ئەم کارە شیاوترن. دەکرێ بەرگرییەکی سەرسەختانە لەم ڕوانگە لە کتێبی سەرمایەداری، سۆسیالیزم و دێمۆکراسی (1943) ببیندرێت. جۆزێف شومپێتێر، نووسەری کتێبەکە باس لەوە دەکات کە کاری هاووڵاتیان ئەوەیە کە دەستەیەک لە ڕێبەران بە نوێنەرایەتی خۆیان هەڵبژێرن، نە ئەوەی کە بۆ خۆیان هەوڵ بدەن ڕاستەوخۆ لەبارەی کێشەکانەوە بڕیار بدەن. شومپێتێر دەڵێت بەپێچەوانەی سەوداگەری ئابووری کە خەڵک بەرهەمی بڕیارەکانی خۆیان ڕاستەخۆ دەبینن ـ بۆ نموونە ئەگەر کەرەسەیەکی خراپ بکڕن دەستبەجێ دەزانن هەڵەیان کردووە ـ لەمەڕ بڕیارە سیاسییەکانەوە مێکانیسمێکی کاردانەوەو نییە کە بەم شێوەیە هوشیارییەکی ڕاستەوخۆ بدات و لە ئاکامدا لە ڕاستییەکان دوور دەکەونەوە و بەرپرسیارانە هەڵسووکەوت ناکەن:
کەوابوو هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە هاووڵاتییەکی ئاسایی دێتە ناو دونیای سیاسەتەوە، توانا مێشکییەکانی دادەبەزێت. لەم دۆخەدا بەڵگەهێنانەوە و لێکۆڵینەوەکانی وای لێدێت کە ئەگەر لە سۆنگەی حەز و خولیای ڕاستەقینەی خۆیەوە چاویان لێبکات، بە منداڵانەیان دەزانێت. ئەو دەگۆڕێت و دەبێتەوە بە مرۆڤێکی ساکار و سەرەتایی.
ئەمە قسەیەکی زۆر بێتامە و لە ڕاستیدا ئەم بڕیارە لە خۆ دەگرێ کە باشترین شێوازێک کە ئێمە دەتوانین بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بیدۆزینەوە ئەو شێوازەیە کە جاروبار پێیدەڵێن ‘ئەریستۆکراسی هەڵبژێردراو’. لەم شێوازەدا تەنیا داواکارییەک لە هاووڵاتییەکی ئاسایی دەکرێ ئەوەیە کە ئەو دەبێ بتوانێت کەسانی لێهاتوو بۆ بڕیاردان بدۆزێتەوە (و ئەگەر بۆی بسەلمێت کە ئەوان لێهاتووییان نییە دەنگ بە لابردنیان بدات). ئەم سیستمە هەر باشییەکی هەبێت، لەگەڵ ئەم ئامانجە دیمۆکراتیکە کە دەسەڵاتی سیاسی دەبێ بە دەست هەمووی خەڵکەوە بێت، ناگونجێت. کەواتە ئێمە لە وڵامی ئەم گومانباوەڕییەی شومپێتێر چیمان بۆ وتن هەیە؟ ڕیگەم پێبەن بە وردەکارییەکی زیاترەوە لەسەر ئەم بابەتە توێژینەوە بکەم کە ڕەوتی بڕیاردانی سیاسی چ لە خۆ دەگرێت؟
بڕیاردانی سیاسی لە بنەڕەتەوە پێویستی بە داوەریی سیاسی هەیە و سەرقاڵی ئەم پرسەیە کاتێک لە هەلومەرجێکدا چەند بژاردەی جۆراوجۆر بۆ ئەنجامدانی کارێک هەیە و ناشتوانین ڕێبکەوین کە باشترین بژاردە کامەیە، دەبێ چ بکەین؟ توخمەکانی ئەم داوەری کردنە چین؟ یەکەم، گەیشتن بە زانیارییەکی ڕاستەقینە سەبارەت بەوەی کە ئەگەر هەر یەک لە بژاردەکان هەڵبژێردرێت چی ڕوو دەدات. بۆ وێنە زۆربوونی ماڵیات بە ڕادەیەکی تایبەت چ کاریگەرییەک لەسەر سیستمی ئابووری دادەنێت؟ دووهەم، بەدەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە حەز و خولیای ڕاستەقینەی ئەو خەڵکەی کە ئەم بڕیارە لەسەر ژیانیان کاریگەری دادەنێت. وایدابنێن بەڵێنیانداوە کە داهاتێک لە زۆربوونی ماڵیات کۆ بووەتەوە بۆ سازکردنی شوێنی وەرزشی تەرخان بکرێت. چ ژمارەیەک لە خەڵک ئەم دەرفەتە وەرزشییە نوێیانەیان دەوێت و هەتا چ ڕادەیەک؟ سێهەم، ئەو کێشانەن کە پەیوەندییان بە بنەڕەتی ئاکارەوە هەیە. ئایا ئەمە ڕەوتێکی ویژدانییە کە هەر کەسێک دەبێ بۆ دابینکردنی ئەم دەرفەتە وەرزشییە نوێیانە پارەی ماڵیات بدات، یان ئەم بەهایە تەنیا دەبێ بکەوێتە سەرشانی ئەو کەسانەی کە بەکاریان دەهێنن؟
لە زۆربەی تەوەرەکاندا داوەریی سیاسی هەر سێ توخمەکەی تێدایە، ئەگەرچی ڕادەی ئاوێتە بوونیان لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی تر دەگۆڕێت. بەشێک لە کێشەکان لە بناغەوە تەکنیکین و لەم ڕووەوە ئەگەر ئێمە لەسەر ئەو کێشە ڕاستەقینانە کە قسەوباسیان لە سەرە ڕێبکەوین، ڕەوتی بڕیاردان زۆر بە ڕێکوڕەوانی خۆی بە دەستەوە دەدات. بۆ نموونە ئێمە پێش لەوەی کە دەرمانێکی نوێ ڕێگەی پێ بدرێت، دەمانەوێت بزانین کە ئەم دەرمانە بە ڕێکوپێکی تاقیکراوەتەوە و نیشاندراوە کە مەترسیدار نییە. بەڵام هەر کە زانیمان ئەنجامی باشی لێکەوتووەتەوە ئیتر بێ سێ و دوو چرای سەوزی پێ نیشان دەدەیەن و متمانەی پێ دەکەین. لە تەوەرەکانی تردا، کێشەی ڕێسا ئاکارییەکان دێنە ناوەڕۆکی قسەوباسەکەوە. نموونەکەی مشتومڕ سەبارەت بە پەسەند کردن یان هێشتنەوەی سزای مردن بۆ هەندێک لە تاوانەکانە. لێرەدا زانیاری ڕاستەقینە بە کارمان دێت ـ هەتا چ ڕادەیەک سزای مردن وەک ڕێگر لەسەر ئەم جۆرە تاوانانە کاریگەری ددئەنێت، چەندە ڕێی تێدەچێ کە خەڵکی بێ سووچ و تاوان گیرۆدەی ئەم سزایە ببنەوە؟ ـ بەڵام کێشەی سەرەکی بۆ زۆربەی خەڵک ئەمەیە کە دانانی سزای مردن و گرتنی گیانی مرۆڤێک ئایا لەباری ئاکارییەوە دەبێ ڕێی پێ بدرێت؟
دژوارترین تەوەر بۆ ئەم داوەرییانە لە بابەتێکدایە کە هەر سێ توخمەکەی پێکەوە هەبێت. بۆ نموونە سەرنجتان بۆ لای ئەو گفتوگۆ گەرموگڕە ڕادەکێشم کە ئێستا لە بڕیتانیا لەبارەی هێشتنەوە یان قەدەغەکردنی ڕاوکردنی ڕێوی لەئارادایە. پرسیارە ڕاستەقینەکان پەیوەندییان بە تەوەری باسەکەوە هەیە: ڕاوەڕێوی هەتا چ ڕادەیەک ژمارەی سەرجەم ڕێوییەکان کۆنتڕۆڵ دەکات؟ قەدەغەکردنی یەکجارەی ڕاوکردنی ڕێوی چ کاریگەرییەک لەسەر دۆخی ئابووری گوندەکانی ئەو ناوچەیە دادەنێت؟ کێشەکانی پەیوەندیدار بە حەز و خولیای خەڵکیش لە ئارادایە: ئەو ڕاوچیانەی کە هەنووکە خەریکی ڕاوەڕێوین هەتا چ ڕادەیەک بۆیان گرنگە کەدڕێژە بە ڕاوڕێوی خۆیان بدەن یان لە ناو دەوەنەکانی ڕازیانەدا شوێن تانجیەکانیان کەون؟ ئایا خەڵکی گوندەکانی تر پێیانخۆشە کە ڕاو هەروا دڕێژەی هەبێت یان لەوەی کە زەوییەکانیان لە ژێڕ لاقی تانجی و سمی ئەسپەکاندا پێشل دەبێ و پەرچینەکانیان دەڕووخێت، وەڕس بوون؟ و لە کۆتاییداشدا کێشە ئاکارییەکان دێنە ئاراوە: ئایا ئازادی تاکەکەسی مافی ڕاوکردنی ڕێویش لە خۆ دەگرێت؟ یان ئەوەیکە ڕێوییەکان و گیانلەبەرانی دیکە مافیان هەیە و مافی ئەوەی کە نەکوژرێن یەکێک لەو مافانەیە؟ زۆربەی خەڵک حەز دەکەن دوابەدوای وردبوونەوە لە گشت ئەم کێشانە، بگەن بە بڕیارێک و لەبەر ئەم هۆکارەیە کە داوەرییەکی ژیرانە لەسەر ئەم مەسەلەیە ئەستەمە. هەڵبەت لە کردەوەدا، خەڵک بیروڕای بەهێزیان لەمەڕ ئەم جۆرە کێشانەوە هەیە و ڕەنگە هەر ئەم خاڵەش ڕێک نیشانی بدات کە وتە سووکەکانی شومپێتێر لەبارەی ڕادەی لێهاتوویی هاووڵاتیانی ئاسایی لەمەڕ کێشە سیاسییەکان، تەواو بەجێیە.
بەڵام ئێستا دەبێ سەرنج لەم پرسیارە بدەین کە ئایا دەکرێ لەو کەسانەی کە بۆ نوێنەرایەتی خەڵکی ئاسایی هەڵدەبژێردرێن، چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە بە ئاوڕدانەوە لە دانە بە دانەی توخمەکانی داوەریی سیاسی کردەوەیەکی باشتریان هەبێت؟ یەکێک لە هەرە دژوارییەکان کە لە کۆمەڵگا هاوچەرخەکاندا گەمارۆی بڕیاری سیاسییان داوە ئەوەیە کە زۆر یەک لە داوەرییەکان پێویستیان بە هەندێک زانیاری ڕاستەقینە هەیە کە تەنیا بۆ ئەو کەسانە دەست دەدا کە لە تەوەری کێشەکەدا شارەزایی تەواویان هەبێت. کاتێک باسی زانستیی لەئارادایە، بەڕوونی دەردەکەوێت کە ئەم بۆچوونە ڕاستە. بەڵام، هەروەها، لە کاتی زۆربەی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە تەوەری باسی ئێمەن، دەکرێ کاریگەری شیمانەیی یاسا یان سیاسەتێکی پێشنیاریی نوێ دیاری بکەین. بۆ نموونە ئایا یاساییکردنی بەکارهێنانی حەشیشە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت واز لە بەکارهێنانی هێرۆئین یان مادە هۆشبەرە بەهێزەکان بهێنن، زیاد دەکات یان کەم؟ وڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە ئاشکرا نین و سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراوەکان و بەشێوەیەکی گشتی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارانە شارەزاییەکی زیاتریان لە ئێمە نییە. ئەوانیش وەکوو ئێمە دەبێ پشت بە بیروڕای شارەزایانی ئەم بوارانە ببەستن و لە هەر شوێنێکدا بیروڕای ئەو شارەزایانە جیاوازیان لەگەڵ یەکتر هەبوو، ئەوا دەبێ ئەوان داوەری بکەن کە کام یەک لەو شارەزایانە متمانەی زیاتری پێدەکرێت. هەتا ئێرە هیچ بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نییە کە وابیرکەینەوە ئەریستۆکراسی هەڵبژاردە داوەرییەکی ڕێکوپێکتری لە خەڵکی ئاسایی هەبێت.
توخمێکی دیکەی داوەریکردن، دۆزینەوەی حەز و خولیای خەڵک و هەروەها تێگەیشتن لە ئاستی تین و جۆشی ئەم حەزانەیە. لێرەدایە کە ڕەنگە وایدانێن دێمۆکراسی قازانجێکی زۆر گرنگی هەیە. لەبەر ئەوەی کاتێک بڕیارەکان لە کەش و هەوایەکی دێمۆکراتیکدا بدرێن، هەر کەسێک دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت کە لەم ڕەوتەدا بەشداری بکات و لەم ڕووەوە ڕوانگە و حەز و خولیاکانی هەموو خەڵک (تەنانەت چینە جیاکانی کۆمەڵگا کە هەڵگری ڕەگەز و ئایینی جیان) هەلی دەرکەوتنیان بۆ دەڕەخسێت. هەرچەند چینی سیاسیی بەڕێوبەر لەم ڕۆژگارەدا فرەتر بریتییە لە کەسێکی سپی پێست، پیاو و لە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا. هەڵبەت ئەم گریمانە لەئارادایە کە نوێنەرانی پەرلەمان و یاسادانەرەکانی تر گوێ لە ڕوانگەی دەنگدەرەکانیان ئەگرن، بەڵام لە کردەوەدا هەتا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیی بیروڕایان هەیە ـ کاتێکیش دەکەونە ژێر گوشاری ئەوەی کە بە فڵانە شت دەنگ بدەن و بە فیسارە شت دەنگ نەدەن، ئەم گوشارە لە لایەن حیزبەکانیانەوەیە، نە لە لایەن ئەو کەسانەی کە دەنگیان پێداوەن. کەواتە ئەگەر دەمانەوێ بڕیارە سیاسییەکان حەز و خولیای ئەو کەسانەی کە لەم بڕیارانە کاریگەری وەردەگرن، لە خۆ بگرن، نابێ بەجێگای کەمینەیەکی بچووک کە بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی نوێنەرایەتییان بەدەستەوە نییە، گوێ لە حەز و خولیای خەڵک بە تێکەڕایی بگرین؟
بەڵام بەر لەوەی کە بەپەلە بمانەوێت بەم دەرەنجامە بگەین، ئاڵۆزییەک لێرەدا هەیە کە پێویستە سەرنجی بدەین. وایدابنێن ئێمە گیرودەی کێشەیەک بووین کە زۆرینەی خەڵک لەبارەیەوە سیاسەتێکی تایبەت پەسەند دەکەن، بەڵام ئەم کێشەیە بۆ ئەو کەمینەیە کە لایەنگری سیاسەتێکی جیاوازە، گرنگتر خۆی دەنوێنێت. بابەتێکی لەم جۆرە زۆربەی کات ڕوو دەدات. ڕەنگە قسەوباسی ڕاوەڕێوی نموونەیەکی باش بێت. زۆربەی خەڵک تەنانەت ئەگەر ڕوانگەی ئاکاریی بەهێزیان سەبارەت بە مافی گیانداران نەبێت، دیسان ڕوانگەیەکی تا ڕادەیەک نەرێنییان بۆ ڕاوەڕێوییەوە هەیە. ئەوان ڕاوەڕێوی بە خۆنواندنێکی سەیر کە هی سەردەمێکی کۆنە و باوی نەماوە، لەخۆباییانەیە و بە شێوەیەکی گشتی بە ناشرینی دەزانن و ئەگەر دەرفەتیان هەبێت، دەنگ بە قەدەغەکردنی دەدەن. ڕاوچییەکان بۆ خۆیان کەمینەیەکی بچووکن، بەڵام زۆربەیان هەستێکی بەگوڕیان هەیە کە دەبێ ڕێگەیان پێبدرێت تا ئەوان لەسەر ڕاوکردنی خۆیان بمێننەوە. لە زۆربەی جڤاتە گوندییەکان ڕاوەڕێوی ڕووداوێکی گرنگی کۆمەڵایەتییە و پەویوەندی بە بژیوی خەڵکی ئەو ناوچەیەوە هەیە. لە کاتی داوەریی سیاسی دەربارەی ڕاوەڕێوی، نابێ تەنیا ژمارەی ئەو کەسانەی کە سیاسەتێکیان پێخۆشە ڕەچاو بگیرێت، بەڵکوو دەبێ ئاستی بەهێزی ئەم حەز و خولیایەش لێکبدرێتەوە. وادیارە نابێ لە هەموو دۆخێکدا لەبەر زۆرینەیەکی ساردوسڕ مافی کەمینەیەکی هۆگر و بەجۆش پشت گوێ بخرێت.
بۆچی لەم جۆرە کێشانەدا، نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان لەوانەیە بتوانن داوەرییەکی باشتریان لە خەڵکی ئاسایی هەبێت؟ هۆکارێکی ئەمەیە کە لەوانەیە ژمارەیەک لەو کەمینەیە کە کێشەکە زۆر بەلایانەوە گرنگە بڕۆن بۆ لای نوێنەرەکانیان و قسەوباسی لەسەر بکەن بۆ ئەوە لۆبییەک پێک بێنن. ڕەنگە ئەم نوێنەرانە کاتێک سووربوونی ئەم کەمینەیە لەمەڕ کێشەکە ببینن، ڕازی ببن و لایەنگرییان لێ بکەن، یان ڕەنگە تەنیا لەبەر ئەوەی کە دەنگەکانی ئەم کەمینەیە لە هەڵبژاردنەکەی داهاتوو لە کیس نەدەن لایەنیان بگرن. سەرەڕای ئەمانە کەمینەکان دەتوانن هێزەکانیان بخەنە یەک ڕیزەوە و سازیان بێت کە لە داواکارییەکانی یەکتر پشتگیری بکەن و بەمگوێرەیە دەکرێ لەسەر تاقمێک لە کێشە جیاجیاکان یەکیەتییەکی زۆرینە پێک بێنن. ئەم وێنەیە لە دێمۆکراسی نوێنەرایەتییان هەندێک جار پلۆرالیسم ناو ناوە و لەسەر ئەم گریمانەیە دامەزراوە کە خەڵک وەخۆ دەکەون هەتا بۆ بەرگریکردن لەو بەرژەوەندی و حەزانەی کە گرنگییەکی زۆریان بەلایانەوە هەیە، چەند گروپێک پێک بێنن و ئەو کەسانەی کە بڕیار دەدەن بە دەنگی چالاکی ئەم دەستانەوە دێن. ئەو چالاکییانەی کە ڕەنگە بێجگە لە لۆبی کردن و چەنە لێدان، خۆپیشاندان یان تەنانەت شێوە نایاساییەکانی ناڕەزاییدەربڕین و بەرنگاربوونەوە لەخۆ بگرێت.
بێگومان بەشێک لە هەقیقەت لە وێنەی پلۆرالیستیدا هەیە، بەڵام زانایانی بواری سیاسەت حەزیان لێیەتی کە بەگومانەوە سەیری ئەم ڕەوتە بکەن، لەبەر ئەوەی گوشارێک کە گروپێک دەیخاتە سەر نوێنەرەکانیان، تەنیا پەیوەندی بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە گرنگییان بە کێشەکە داوە یان بە ئاستی گرنگیی کێشەکەوە نییە بەڵکوو هەروەها ئەم ڕەوتە پەیوەندی بە چۆنیەتی ڕێکخستن و توانای ئابووری گروپکەشەوە هەیە. هەروەها ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە کە تاقمێک لەو گروپانەی کە قازانجیان لە کێشەکەدا هەیە، بەتایبەت ئەو گروپانەی کە لە بواری ئابوورییەوە بە قازانجیانە و دەتوانن پارێزەری لێهاتوو بەکرێ بگرن کە لە لایەن ئەوانەوە چەنەیان بۆ لێبات و لۆبییان بۆ بکات (تەنانەت ڕەنگە بتوانن نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان ڕاستەوخۆ بۆ پشتگیری کردن بە خزمەت بگرن) و هەروەها دەتوانن ئەم هەڕەشە بەجێیە بکەن کە ئەگەر داواکارییەکانیان نەیەنە دی دەرەنجامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە، قسەی سەرەکی بکەن. کەواتە لە سیستمێکی نوێنەرایەتیدا دەبێ گوێ لە بیروڕای کەمینەکان بگیرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بە یەک ڕادە بە قسەی هەموویان بکرێت.
ئەم دۆخە بەراوەرد بکەن لەگەڵ دۆخێک کە هەمووی خەڵک بتوانن دەربارەی کێشەیەک کە زۆرینە و کەمینە حەز و خولیای جیاوازیان لەبارەیەوە هەیە، دەنگ بدەن. لەم دۆخەدا هیچ ناوەندێک بوونی نییە کە گروپە چالاکەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا وتوێژ بکەن و لۆبی بۆ ساز کەن، کەواتە هەر گروپێک تەنیا دەتوانێت پشت بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەندامەکانی خۆی لەگەڵ ژمارەیەکی هەرچی زۆرتر لە خەڵک ببەستێت. ئەو گروپانەی کە سەرچاوەیەکی زۆرتر لە داهاتیان بەدستەوەیە ڕەنگە بتوانن لەو سەرچاوانە بۆ بانگەشە لەناو ڕاگەیاندنەکاندا کەڵک وەرگرن (ئەگەرچی دەکرێ ئەم خەرجانە بە هەمان شێوە کە سنوورێک بۆ خەرجی هەڵبژرادنەکان لە زۆربەی دێمۆکراسییە ئەمڕۆییەکاندا دادەندرێت، سنووردار بکرێت). لەم چەشنە ڕاستەوخۆیە لە دێمۆکراسی، کاریگەری گروپە دەستڕۆشتووەکان زۆر کەمترە لە ڕادەیەک کە لە سیستمێکی نوێنەرایەتیدا هەیانە. کەواتە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە کەمینەکان لەم جۆرە سیستمانەدا لە جیاتی ئەوەی کە پشت بە هێز و کارتێکردنیان ببەستن دەبێ [بەو شتەی کە پێیاندراوە] قایل بن. ئەوەی کە چەندە سەرکەوتوو دەبن پەیوەندی بەم ڕەوتەوە هەیە کە ئایا ئەندامەکانی دەستەی زۆرینە دەیانەوێت گوێ لە کەڵکەڵە و خولیاکانیان بگرن و بە گۆڕانی ڕوانگەکانیان (ڕەنگە بە دوزینەوەی ڕێگەچارەیەکی مامناوەندی [بە وازهێنان لە مافەکانی خۆیان]) بە دەنگیانەوە بێن یان نا. من دەبێ سەبارەت بە دەوری هەرە گرنگی گفتوگۆ لە ڕەوتی بڕیاردانی دێمۆکراتیکدا کەمێکی تر قسە بکەم، بەڵام بەرلەوە بە پێویستی دەزانم کە ئاوڕ لە سێهەمین توخمی داوەریی سیاسی، واتە توخمی ئاکاریی، بدەم.
ڕێسا ئاکارییەکان لەگەڵ زۆربەی بڕیارە سیاسییەکاندا تێکەڵاوییان هەیە و ئەمە تەنیا ئەو بڕیارە سیاسییانە لەخۆ ناگرێت کە باس لە منداڵ لەباربردن یان بە یاسایی کردنی هاوسێکسخودازی دەکەن کە بەتایبەت وەک “کێشە ئاکارییەکان” ناویان دەرکردووە. لە کاتی وتووێژ لەسەر کێشەی ئاکار لەناو سیاسەت پرسیارێک کە بەتایبەت دێتە ئاراوە ئەمەیە ئایا ئەو بەندەی کە بۆ یاسا پێشنیار کراوە لەگەڵ گشت تاکەکان و هەموو گروپەکان بەویژدانی هەڵسووکەوت دەکات و هەروەها ئایا لەم بەندەدا مافێکیان پێشل کراوە یان نا. ئایا بە بەراورد لەگەڵ هاووڵاتی ئاسایی ئەندامەکانی توێژی سیاسی زانینێکی قووڵتریان لە ڕێسا ئاکارییەکان هەیە؟ بەدژواری دەکرێ بەڵگە بهێنەوە کە بەو شێوەیە: زۆربەی کات دەبێژن کە شارەزایەکمان لە بواری ئاکاریدا نییە. لە ڕاستیدا، لە کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیکدا سازانێکی هەمەلایەنە لەسەر ئەو ڕێسا بنەڕەتییانە لەئارادایە کە دەبێ ژیانی سیاسی بەڕێوە بەرن. کەواتە هیچ بەجێ نییە کە وابیر کەینەوە ئەگەر لە هاووڵاتییەکان داوا بکرێ کە خۆیان ڕاستەوخۆ سەبارەت بە کێشەکان بڕیار بدەن، بڕیارەکەی ئەوان لە ڕووی ئەو بنەما ئاکارییەی کە هەیەتی خراپتر لە بڕیاری ئەو کەسانە بێ کە نها نوێنەرایەتی ئەوانیان لە ئەستۆ گرتووە.
بەڵام ئایا ئێمە بەڕاستی دەتوانین ئەم سێ توخمەی داوەریی سیاسی لێک جیا کەینەوە، یان لێهاتوویی سیاسی لە ڕاستیدا بریتییە لە توانای ئاوێتەکردنی زانیاری ڕاستەقینەی پەیوەندیدار، ناسینی بەرژەوەندی و حەز و خولیاکانی هاووڵاتییان و ڕێسای ئاکاری بە مەبەستی ئەوەی کە باشترین ڕێگاچارە بۆ گرێپووچکە سیاسییەکان بدۆزینەوە؟ بەدڵنیاییەوە لەم مشتومڕەدا بابەتێکی گرنگ بوونی هەیە. زۆربەی کات بڕیاری سیاسی کارێکی ئاستەمە: بڕیارە سیاسییەکان ڕەنگە پێویستیان بە شیکردنەوەی زانیاری ئاڵۆز یان تاوتوێ کردنی دوو بەڵگەی ئاکاری هەبێ کە لە یەک ئاستدا بن. ئەو کەسانەی کە ناچارن بەردەوام ئەم جۆرە بڕیارانە بدەن، شارەزاییەکی زیاتر لەمبارەوە پەیدا دەکەن. بەڵام ئەم لێهاتووییە لەبەر ئەوە نییە کە ئەوان توانایەکی زگماکی تایبەتیان هەبێ کە بە ئێمە نەدرابێت. هیچ بەڵگەیەکی ژیرانەمان بەدەستەوە نییە کە وا بیر بکەینەوە ئەگەر کات و زانیاری پێویست بۆ ڕامان لەسەر کێشەیەکی تایبەت بە خەڵکی ئاسایی بدەین، ئەوانیش لە هەمان ئاستی باشدا ناتوانن بەکاری بێنن. چەند شایەتێکیش بۆ ئەم بۆچوونە لەئارادایە: کۆڕی ژوریی هاووڵاتیان (Citizens’ juries) بریتییە لە لێژنەیەکی بچووک کە ئەندامەکانی بەشێوەیەکی ڕێکەوت لە نێوان خەڵکی ئاساییدا هەڵدەبژێردرێن و بۆ ئەوە پێکدێن هەتا دەربارەی کێشەگەلێک وەک بەرنامەی تەندروستی و ستراتیژی هاتووچوو گفتوگۆ بکەن و چەند پێشنیارێکیش ئاراستە بکەن. ئەوان بەرلەوەی بڕیاری کۆتایی دەرکەن لە شارەزایانی ئەو بوارە داوا دەکەن کە هەندێک زانیارییان سەبارەت بە کێشەکە بۆ ئامادە کەن، گوێ لە بیروڕای جیاواز دەگرن کە لە لایەن ئەو کەسانەوە پێشکەش دەکرێ کە پشتگیری ئەو ڕوانگانە دەکەن و لە ئاکامدا و لە نێوان خۆیاندا سەبارەت بە کێشەکە قسەوباسێکی گەرموگوڕ ڕێک دەخەن. ئەو چاودێرانەی کە ئاگایان لەم دانیشتنانە هەبووە باسیان لەوە کردەوە کە تا ڕادەیەکی زۆر کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەوەی کە کۆبوونەوەکان چەندە جیددی بەڕێوە چوون و تێبینی ورد پێشکەش کراوە و زۆر ژیرانە دەرەنجامەکانیان پەسەند کردووە.
کەواتە چۆن دەتوانین شرۆڤەی ئاستی نزمی زانیاری سیاسی و پێخۆشنەبوونی سیاسەت لە لای زۆرینەی ئەو هاووڵاتییانە بکەین کە لە کۆمەڵگا دێمۆکراتیکەکاندا دەژین و لە کاتی چاوپێکەوتنەکان و ڕاپرسییەکاندا دەریدەبڕن؟ بەتایبەت زۆربەی خەڵک ناوی ڕێبەری حیزبەکانیان لەبیر نییە و ناتوانن سەبارەت بە کێشەی ڕۆژەڤ جیاوازی سیاسەتی حیزبە سەرەکییەکان دەستنیشان بکەن و هتد. شرۆڤەیەک ئەمەیە کە دێمۆکراسی، بەو شێوازەی کە ئەمرۆکە دەکاری دەکەن، بەکەمی خەڵک هان دەدات کە زانیاری سیاسییان هەبێت یان لەوبارەوە شارەزاییەکی بەدەست بهێنن. تەنیا شتیک لەم دێمۆکراسییانەدا لە خەڵک داوا دەکرێ ئەوەیە کە هەر چوار یان پێنج ساڵ جارێک لە نێوان چەند حیزبدا حیزبیک هەڵبژێرن، هەروەها بۆ ئەم جۆرە بڕیارانەش زۆر پێویست بەوە ناکا کە خەڵک سەبارەت بە سیاسەت شتێکی ئەوتۆ بزانن. زۆربەی کات تێگەیشتن لە وردەکارییەکانی کاروباری سیاسی کەڵکێکی لێ ناکەوێتەوە. کەواتە بە هەمان مەسەلە بەناوبانگەکەی هێلکە و مریشک دەگەینەوە؛ ئەوەیکە لە خەڵکی ئاسایی داوا بکەین سەبارەت بە بابەتە گرنگەکانی سیاسەت بریار بدەن ڕیسکی هەیە، مەگەر ئەوان لەو مژارەدا شارەزاییان هەبێت و زانیارییان کۆ کردبێتەوە هەتا داوەرییەکی (هەڵسەنگاندن) باشیان هەبێت؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا خەڵک هیچ حەزێکیان بۆ بەدەستهێنانی ئەم شارەزایی و زانیارییانە نییە مەگەر ئەوەیکە هەندێک بڕیاری گرنگیان بە ئەستۆ بێت.
ئایا ئێمە دەبێ نیگەرانی ئەم ڕاستییە بین کە هەتا کاتێک دەوری سیاسی خەڵکی ئاسایی تا ڕادەیەکی زۆر بە دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها هەندێک چالاکی کاتی سەبارەت بەو مژارانەی کە پەیوەندییان بە قازانجی شەخسی ئەوانەوە هەبێت (وەکوو هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر بەرنامەیەک کە بۆ سازکردنی پردێکی نوێ لەئارادایە یان سەبارەت بە پڕۆژەیەکی خانوبەرە کە قەرارە لەناو زەوییەکانی ئەواندا درووست بکرێ) سنووردار کرابێ، دێمۆکراسی ئێمە ناتەواو دەمێنێتەوە؟ من وا بۆی دەچم کە دەبێ نیگەران بین. وشەی “گەمژە” لە زمانی ئینگلیزیدا [idiot] لە وشەی یۆنانی (idiotes)وە وەرگیراوە کە بۆ وەسفی کەسێک کەڵکی لێ وەردەگیرێت کە هەموو ژیانی بەتەنیایی بەسەر دەبات و هیچ بەشدارییەکی لە ژیانی گشتی ناو شاردا نییە. بەمگوێرەیە لەم ڕۆژگارەدا زۆربەی ئێمە گەمژەین چونکە وشیاری سیاسیمان بەکار ناهێنین. ڕوسۆ پێیوابوو ئەوەیکە ڕێک هەموو دەسەڵاتی سیاسی لەبەر دەستی نوێنەرە هەڵبژاردراوەکاندا دادەنێین نیشانە لە شێوازێکی مۆدێرنی زیانبەخشە.
خەڵکی ئێنگڵەند کاتێک ئەم وەهمەیان لە لا ساز بووە کە ئازادن، کڵاویان لەسەر خۆیان کردووە، لە ڕاستیدا ئەوان تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنی ئەندام پارڵەمانەکاندا ئازادن: چونکە هەر دەمەودەست دوای ئەوەیکە نوێنەرە نوێکانیان هەڵبژارد، دیسانەوە بە کۆت و زەنجیر دەبەسترێنەوە و شتێک لەمە زیاتریان دەست ناکەوێت. کەوابوو چونکە هێندە کەمخایەن کەڵک لە سەربەستییان وەردەگرن، شایانی ئەوەن کە لە کیسی بدەن.
تەنانەت ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە ڕۆسۆ لێرەدا زۆری پێوە دەنێت، دەبێ ئاگامان لەوە بێ کە لە دێمۆکراسییە هاوچەرخەکاندا زۆربەی شارۆمەندەکان تا ڕادەیەکی زۆر بێدەربەستن و تەنانەت کاریان بە سەر ئەوەوە نەداوە کە چاودێرییەکی کاریگەریان لەسەر چالاکی ڕێبەرە هەڵبژێردراوەکانیان هەبێت. ئێمە پێویستمانە کە شێوازەکانی بەشداریکردن پەرە پێ بدەین تاکوو ئەزموونی بوون بە شارۆمەندێکی چالاک بۆ هەر کەسێک لە ئاستێکی ناوچەیی یان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئەندامەکانی لێژنەی ژوری و ئەنجوومەنە هاوشێوەکان بڕەخسێنێت، تاکوو خەڵکی ئاسایی بە شێوەیەکی بەڕێکەوت بێ یان لە ڕووی نۆرەوە بۆ ئەم شوێنانە هەڵبژێردرێن. دەستکەوتی ئەم ئەزموونە توانا و هێزی خەڵک بەشێوەیەکی گشتی زیاد دەکات و شیمانەی ئەوە زیاتر دەبێ کە خەڵک حەزێکی بەردەوامیان بۆ کاروباری سیاسی هەبێت. بەمگوێرەیە، بۆمان دەردەکەوێت کە دێمۆکراسی بابەتێکی هەموو یان هیچ نییە، بەڵکوو خەباتێکی بەردەوامە بۆ ئەوەی خەڵک وەک گشتێک قسەی کۆتایی لەو کاروبارانەدا بکەن کە پەیوەندی بە دەوڵەتەوە هەیە و دەسەڵاتی کۆتایی لای ئەوان بێت.
بەڵام هەنووکە دەبێ بۆ مژاری چارەسەرنەکراوی زۆرینە و کەمینە بگەڕێینەوە. چونکە ئەگەرچی ئێمە بە شیمانەی زۆر دێمۆکراسی وەک “حکومەتی خەڵک” لەبەر چاو دەگرین، بەڵام لە دونیای ڕاستەقینەدا کاتێک نۆرەی بڕیاردان دەگات، ئەوە زۆربەی کات زۆرینەیە کە بڕیار دەدەن (لە ڕاستیدا زۆربەی جارەکان ئەو حیزبانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون کەمتر لە نیوەی دەنگدەران پشتیوانی لێ کردوون). لەو ڕووەوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە سەبارەت بە باشترین سیاسەتێک کە دەبێ ڕەچاو بگیرێت، زۆر دەگمەنە، ناچارین لە کاتی بڕیارداندا بۆ دەنگی زۆرینە بگەڕێینەوە، بەڵام چیمان بۆ ئەو کەسانە پێیە کە دەکەونە ئەو لایەنەوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕاندوویانە؟
لە یەکەم سەرنجدا وا بێتە بەر چاو کە ئەوان ناتوانن هیج جۆرە سکاڵا و گازندەیەکی پەسەندکراویان هەبێت. هەر چۆنێک بێ، مەشروعییەتی دەنگەکانی ئەوان جیاوازییەکی لەگەڵ دەنگی زۆرینە نییە و ئەوەیکە قورساییەکی زیاتر بۆ دەنگەکانی ئەوان دابندرێت دژایەتی لەگەڵ بیرۆکەی یەکسانی سیاسی هەیە کە لەسەر بنەمای دیمۆکراسی بۆخۆی بیچمی گرتووە. بەڵام ئەمە کۆتایی بابەتەکە نییە. بەتایبەت لە دوو بارودۆخدا ڕەنگە ئەم هەستە لای کەمینە ساز ببێت کە حکومەتی زۆرینە یوکسانی سیاسی پێشل دەکات. پێشتر لە یەکێکیان ورد بووینەوە: کاتێک دەنگ بە بڕیارێک دەدرێ کاریگەرییەکی زۆر کەمتر لەسەر زۆرینە دادەنێت، یان ئەوەیکە زۆرینە حەز و بەرژەوەندییەکی کەمتری لەو بابەتەدا هەیە. لەگەڵ ئەوەیدا کە ژمارەی کەسەکان بەشێوەیەکی یەکسان ڕەچاو گیراوە بەڵام خودازیاری و حەزەکان بە شێوەیەکی یەکسان لەبەر چاو نەگیراوە. بارودۆخی دووەم ئەوەیە کە گروپێک جار لە دوای جار لە دەنگدانەکاندا دەبێتە کەمینە. یانەیەکی وەرزشی تایبەت بە تێنیس و سکواش بێننە بەر چاوتان کە ژمارەی یاریزانانی تێنیسەکەی کە بە حەزەوە یاری دەکەن لە یاریزانانی سکواش کە هەمان ڕادە لە حەز و هۆگرییان هەیە زیاترە؛ هەروەها وایدانێن هەر جارێک کە دەنگدان بۆ ئەوە بکرێ کە بودجەی یانەکە بۆ باشترکردنی زەوی یاری بۆ تێنیس یان سکواش تەرخان بکرێ، یاریزانانی سکواش بیدۆڕێنن. ڕەنگە وا بیر بکەینەوە کە لەم ڕیزبەندییەدا بەشێوەیەکی یەکسان ئاوڕ لە حەز و بەرژەوەندی تاکەکان نادرێتەوە ئەم شێوازە بە ڕادەی ئەوەی کە جاروبار بودجەیەک بۆ یاریزانانی سکواش تەرخان بکرێ کەمتر دێمۆکراتیکە. بە واتایەکی تر ئێمە بەرەوڕووی کێشەی کەمینەیەکی بەجۆش و تین و کێشەی کەمینەیەکی هەمیشەیی دەبینەوە.
لە دێمۆکراسییەکدا چۆن دەکرێ ئەم کێشانە ئاراستە بکرێن؟ بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین سەیری دوو بۆچوون بکەین. یەکەمیان ئەوەیەکە دەستوورێکی بنچینەیی ئامادە بکەین کە هەرێمی حکومەتی زۆرینە هێندە سنووردار بکاتەوە کە لە کەمینەکان پشتیوانی بکرێت. بۆ نموونە ڕەنگە دەستووری بنچینەیی لیستێک لە مافەکان لەخۆ بگرێ کە دەبێ بۆ هەر شارۆمەندێک کەڵکی هەبێت: هەر یاسا یا بڕیارێکی سیاسی پێشنیارکراو کە یەکێک لەم مافانە پێشل بکات، وەک بابەتێکی دژ بە دەستووری بنچینەیی دەبێ پەسەند نەکرێ – کەواتە باڵادەستییەکی تایبەت، کە زۆربەی کات دادگای دەستووری بنچینەییە، پێک دێت کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە تا بڕیار بدات ئەو بابەتەکەی کە قسەوباسی لە سەرە یان بەشێوەیەکی کاتی پەسەند کراوە دژایەتی لەگەڵ دەستووری بنچینەیی هەیە یان نا. کەواتە هەر کەمینەیەک دەتوانێ دڵنیا بێ کە هەر بڕیارێک کە زۆرینە دەریدەکات ناتوانێ مافە بنەڕەتییەکانی ئەو کە لە دەستووری بنچینەییدا ئاماژەیان پێکراوە، پێشل بکات.
ڕەنگە ئەم جۆرە ئامادەکارییانە نادێمۆکراتیک بێنە بەر چاو و ڕەخنەیان لێ بگیریت، چونکە بۆ نموونە بە کومیتەیەکی بچووک لە قازییەکان ئەم مافە دەبەخشرێت کە لەمپەریک لەبەرامبەر ویستی زۆرینەی شارۆمەندان کە ڕاگەیەندراوە ساز کەن. بەڵام زۆر دژوار نییە کە ئاوڕ لەم خاڵە بدەینەوە کە دەستووری بنچینەیی بۆخۆی لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دێمۆکراتیکەوە پەسەند کراوە و لە زۆربەی دەستووری بنچینەییەکانی جیهانی ڕاستەقینەدا ڕێگایەک بۆ چاکسازی دەستەبەر کراوە و پەسەندکردنی ئەم چاکسازییانە لە دەستووری بنچینەییدا، زۆربەی کات، پێویستی بە شتێک زیاتر لە زۆرینەی دەنگدەران هەیە. بۆچی دەبێ خەڵک دەنگ بە دەستووری بنچینەییەک بدەن کە لە داهاتوودا دەسەڵاتی ئەوان بۆ بڕیاردانی زۆرینە سنووردار بکات؟ ڕەنگە ئەوان لەبەر ئەوە ئەم کارە بکەن چونکە دەیانەوێ دڵنیا بن کە پشتیوانی لە مافەکانیان دەکرێ و ناتوانن لەوە دڵنیا بن کە لە هیچ کاتێکدا وەک کەمینەیەکی نەخودازراو سەیر ناکرێن. بۆ نموونە سەیری ئازادی ئایینی بکەن. هەر کەسێک کە باوەڕێکی ئایینی هەیە دەیەوێت لەوە دڵنیا بێ کە تەنانەت ئەگەر زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگاکەی بەجیددی دژایەتی ئایینەکەی ئەو بکەن، ئەو دەتوانێت بە خەیاڵێکی ئاسوودە ڕێوڕەسمی ئایینی خۆی بەجێ بهێنێت. بە ئاسانی ناکرێ پێشبینی ئەوە بکرێ کە لە دواڕۆژدا کامە ئایین دەکەوێتە بەر تۆڵە و ڕقی زۆرینەوە، کەواتە بە هێنانەوەی مافی ئازادی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئایینی لە دەستووری بنچینەییدا، چوارچێوەیەکی ئەمنیەتی بۆ هەموان ساز دەبێت.
ئامادەکارییەکی تر لە ناو دەستووری بنچینەیی بۆ پشتیوانی کردن لە کەمینەکان بریتییە لەوەی کە بۆ بڕیار دەرکردن لەسەر کۆمەڵەیەکی جیاواز لە کێشەکان، دەستووری بنچینەیی جیا لە یەک پەسەند بکەین. لەم شێوازە بۆ نموونە لە سیستمە فێدڕاڵەکاندا بەکار دیت. لەم سیستمانەدا ڕێگە بە هەرێم و پارێزگا جیاوازەکان دەدرێت کە سەبارەت بە کێشە تایبەتییەکانی ناوچەی خۆیان کە پەیوەندی بە دانیشتووانی خۆیانەوە هەیە یاسا دەربکەن و بڕیاردان لەسەر کێشەکانی تر هەر وەک جاران بۆ حکومەتی ناوەندی دەمێنێتەوە. بەڵام پێویست بەوە ناکات کە ئەم یاسا بنچینەییە جیایانە حەتمەن لەسەر بنەمایەکی هەرێمێکی جوگرافی دامەزرابێتن. لێرەدا وەرن بۆ نموونەی یانەی وەرزشی بگەڕێینەوە کە یاریزانانی سکواش زوڵمیان لێدەکرا. چارەسەرێکی ئاشکرا بۆ کێشەی ئەم یانەیە ئەوەیە کە دوو کۆمیتەی جیا لە یەک پێک بێ کە یەکێکیان بەرپرسی چاودێری زەوی یاری تێنیس و ئەوی تریان بەرپرسی چاودێری ئیمکانات بۆ یاریزانەکانی سکواش بێت و بەشیک لە بودجەی ساڵانەی یانەکە بە هەر کام لە دوو کۆمیتەکە بدرێت. لەم شێوازەی ئێرەدا بۆ پشتیوانی کردن لە کەمینەکان، ئەوانمان لەو کێشانەی کە زۆر بەلایانەوە گرنگە وەک زۆرینە سەیر کردووە.
هەڵبەت ساویلکانەیە ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە هەموو کێشەکانی کەمینەکان لە ڕێگەی یەکێک لە ماددە یاساییەکانەوە چارەسەر دەبێت. نموونەی ڕاوی رێوی بەتەواوی ئەم کێشەیە ڕوون دەکاتەوە. ڕاوچییەکانی رێوی ناتوانن تەنیا لە ڕێگەی پەنابردن بۆ مافە یاساییەکانیان لە خۆیان بەرگری بکەن. چونکە تەواو چاوەڕواننەکراوە کە دەستوورێکی بنچینەیی مافێکی بێسنووری ڕاوی ئاژەڵانی لەخۆ گرتبێت. لە بەشی دواتردا بەوردی ئەم باسە تاوتوێ دەکەین کە چۆن دەکرێ هەرێمێک لە ئازادییە شەخسییەکان سەقامگیر ببێ کە حکومەتەکان هیچ جۆرە مافێکی دەستتێوەردانیان تیایدا نەبێت. بەڵام بەئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە ناکرێ مافی ڕاوکردن بەشێک لەم شێوازە بێت. بەدڵنیاییەوە ڕاوی ئاژەڵان لەو جۆرە بابەتانەیە کە دەکرێ زۆرینە بە درووستی بڕیاری لەسەر بدەن. چونکە هەم ئاسایشی ئاژەڵەکان و هەم پاراستنی ئەو جۆرە ئاژەڵانەی کە مەترسی لەناوچوونیان لە سەرە باببەتگەلێکن کە بە شێوەیەکی هێزەکی پەیوەندی بە هەموانەوە هەیە. هەروەها، بەکارهێنانی ئەم بەڵگەیە کە ڕاوکردنی ڕێوی بابەتێکە کە تەنیا و تەنیا ڕاوچییەکانی ڕێوی دەبێ ڕێگەیان پێ بدرێ کە لەسەری بڕیار بدەن، بۆ بەرگری کردن لە ڕوانگەکانی ئەم ڕاوچییانە (کە زۆریش لە سەری سوورن) هەڵەیە. بەڕوونی دەردەکەوێت کە لەم بابەتەدا ژمارەی بەرژەوەندی و حەزە دژ بە یەکەکان زۆر لەوە زیاترە کە بکرێ لێرەدا بەئاسانی کەڵک لە هەمان چارەسەری ناوەندسڕینەوە وەربگیرێت کە لە نموونەی یانەی وەرزشیدا بەکارمان هێنا.
کەواتە ئەگەرچی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کەمینەکان نەکەونە ژێر زوڵمی باڵادەستی زۆرینەوە، بەکارهێنانی ڕێوشوێنی یاسایی ڕێگاچارەیە گرنگە، بەڵام بۆ سیستمێکی دێمۆکراتیک کە ئامانجی هەڵسکەوتی یەکسان لەگەڵ هەموو شارۆمەندەکانیەتی دەبێ هەنگاو بەرەوپێش بنێت. ئەم سیستمە دەبێ هەوڵی ئەوە بدات کە دڵنیاییەک ساز کات بۆ ئەوەی کە زۆرینە پێش لەوەی بە بڕیارێکی کۆتایی بگات، تەنانەت لەو بابەتانەی کە مافی بنەڕەتییەکان کێشە نین، ئاوڕ لە نیگەرانییەکانی کەمینە بە شێوەیەکی شیاو بدەنەوە. کلیلی گەیشتن بەم دۆخە گفتوگۆی گشتییە، بە شێوەیەک کە هەر دوو لایەن گوێ لە ڕوانگەکانی لایەنی بەرامبەر بگرن و هەوڵ بدەن بە ڕێگەچارەیەک بگەن کە تا شوێنێک ئیمکانی هەیە لە لایەن هەر دوو لاوە پەسەند بکرێت. بە واتایەکی تر ئەوانەی کە زۆرینە پێک دێنن بەسادەیی دەنگ بە ڕێگەچارەیەک نادەن کە پێش لە گفتوگۆ پەسەندیان کردبوو، بەڵکوو لە جیاتی ئەوە تێدەکۆشن لە دوای بیستنی بەڵگەکانی لایەنی بەرامبەر لەسەر کێشەکە داوەری بکەن. هەندێک جار دەتوانن ڕێسایەکی گشتی بدۆزنەوە کە هەر دوو لایەنەکە بتوانن لە سەری ڕێک بکەون و بەمگوێرەیە بەرەوپێش هەنگاو هەڵگرن.
بەڵام بۆچی دەبێ زۆرینە بەم شێوەیە هەڵسوکەوت بکات؟ زۆربەی کات بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی کۆتایی پێویست دەکا کە هەر کام لە لایەنەکان واز لە بەشێک لەو شتانە بهێنن کە لە بنەڕەتدا داوایان دەکرد. بۆ نموونە ئەوانەی کە لە سەرەتای باسەکەدا خودازیاری بەتەواویەتی قەدەغەکردنی ڕاوکردنی ڕێوی بوون، ڕەنگە لە دوای بیستنی بەڵگەکانی لایەنی بەرامبەر قەبوڵی بکەن کە ڕێگە بە ڕاوکردن بدرێ بە مەرجێک کە لە ڕووی بەرنامەیەکی رێکوپێکەوە بێت. بەڵام ئەگەر لە ڕووی ژمارەوە ئێوە زۆرینە بن، بۆچی دەبێ بەم شێوەیە ڕەفتا بکەن؟ لێرەدا دەکرێ باس لە دوو بەڵگە بکرێت. زۆر سادە یەکێکیان ڕێزگرتن لە هاوشارییەکانتانە. ڕەنگە لەو کێشە تایبەتەدا کە مشتومڕی لەسەر کراوە ئێوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی دژ بەوان بن، بەڵام وا دادەندرێ کە لە دێمۆکراسیدا بەشێوەیەکی یەکسان دەنگی خەڵک ئەژمار دەکرێ و کەواتە بەر لەوەی بڕیار بدەن دەبێ گوێ لە لایەنی بەرامبەر بگرن و ئەگەر مومکین بێ ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە کە بۆچوونی ئەوانیش بگرێتەوە (ڕێککەوتن لەسەر هەندێک لە کێشەکان نامومکینە، بەڵام ئەم جۆر کێشانە دەگمەنن: تەنانەت بۆ نموونە لەسەر مەسەلەیەک وەک منداڵ لەباربردن، جگە لە بەتەوایەتی قەدەغەکردن یان ئازادییەکی تەواو بۆ منداڵ لەبار بردن ڕێگەی تریش بەدی دەکرێت). بەڵگەیەکی تر ئەوەیە کە ڕەنگە جاری دواتر ئێوە وەک کەمینەتان لێ دەربێ و پاشان ئێوەش خودازیاری ئەوە دەبن کە لایەنی بەرامبەر ئاوڕ لە نیگەرانی و داواکارییەکانی ئێوە بداتەوە. بە واتایەکی تر پەرەپێدان بە کولتوورێکی دێمۆکراتیک کە تیایدا زۆرینە تەنیا لە فکری ئەوەدا نییە کە ئەسپی خۆی جڵەو بدات و بکەوێتە بەر کەمینەوە و بەڵکوو هەوڵ دەدات لە کاتی بڕیارداندا بەرژەوەندی ئەوانیش بە شێوەیەکی یەکسان سەیر بکات، بە قازانجی ئێوەیە.
کەوای لێ دەرهات، دێمۆکراسی کاروبارێکی پڕ زەحمەت و چەرمەسەرییە. دێمۆکراستی پێویستیەتی کە خەڵک ئاوڕ لەو کێشە سیاسییانە بدەنەوە کە بەشێوەیەکی گشتی ئاڵۆزن و بەڕوونی پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە ژیانی ڕۆژانەی ئەوانەوە نییە و لە کاتی بڕیاردان لەسەر ئەم جۆرە کێشانە دان بە خۆدا ڕاگرن – بەتایبەت تەنانەت لەو کاتانەدا کە دەسەڵاتیان هەیە، مافی گروپە کەمینەکان نەخەنە ژێر پێوە. خۆڕاگری لە بەرامبەر گینگەڵی ئەوەی کە سپاردنی بڕیاردانە سیاسییەکان بە نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانمان بە قازانجی ئێمەیە، دژوارە. بەڵام ئەگەر خۆڕاگر نەبین – ئەگەر قایم لە پشت ئەم بیرۆکەوە نەوێستین کە باڵادەستی سیاسی دەبێ لە کۆتاییدا لە دەستی هەموو شارۆمەندەکاندا بمێنێتەوە – بە شوێنێک دەگەین، کە بە هەمان شێوە لۆک ئاگاداری کردبووینەوە، دەبینە خۆراکی ئەو شێرانەی کە بە سەرماندا حکومەت دەکەن.
ئەم مشتومڕە لەسەر دێمۆکراسی هەروەها سێ مەسەلەی تر ئاراستە دەکات کە بابەتی گفتوگۆی ئێمە لە بەشەکانی داهاتوودا پێک دێنن. یەکێکیان ئەوەیە کە ئایا هەرێمێک لە ئازادی شەخسی بوونی هەیە کە دەبێ لە بەرامبەر هەر جۆرە دەستێوەردانێک تەنانەت دەستێوەردانی حکومەتێکی دێمۆکراتیک بیپارێزین. یەکێکی تریان ئەوەیە ئایا دەبێ بە هەندێک لە کەمینەکان چەند مافێکی تایبەت بدرێت کە سەرەڕا و لە سەرەوەی ئەو مافانەوە بێ کە لە دەستووری بنچینەییدا هاتووە و هەموو شارۆمەندەکان دەگرێتەوە هەتا پشتگیری لەوە بکرێ کە بەشێوەیەکی عادلانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. مەسەلەی سێهەم بریتییە قسەکردن لەسەر ئەو بارودۆخانەی کە لە بنەڕەتدا دێمۆکراسی ئیمکانی بوونی دەبێ – بەتایبەت دەربارەی ئەوەیکە متمانەی خەڵک بە یەکتر کەی دەگاتە ئەو ئاستەی کە بتوانن ڕێز لە دەستوورێکی بنچینەیی دێمۆکراتیک بگرن و بیانەوێت لە ناو فەزایەکدا کە ڕێزی دولایەنەی تێدایە سەبارەت بە کێشەکانیان گفتوگۆ بکەن و بڕیار دەرکەن.
[1] David Miller. 2003. Political Philosophy: A Very Short Introduction (Oxford: Oxford University Publication), 37-54.
داگرتنی بابەت



