ئارامتر بخوێنەوە

بۆ برەندی چای کۆڵبەر ئاساییکردنەوەی کوردکوژییە؟

د. کەماڵ سولەیمانی



کێشە لەگەڵ کۆڵبەری، کێشە لەگەڵ دیاردەیەکی داسەپاو بەسەر کورددایە. کێشەکە لێرەدا تاکی کۆڵبەر نییە. نزیک ٢٠٠ هەزار کۆڵبەر لە کوردستان هەیە کە بەکەرامەتەوە ئەو ژیانە سەختەیان هەڵبژاردووە. بۆیە ئەو ژیانەیان هەڵبژاردووە چونکە ئامادە نین، بۆ نموونە جاشەتی بکەن و یان، هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بکەن. بەڵام کێشەی ئێمە دەبێ لەگەڵ ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی بێت کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستانی لە بەرامبەر دوو بژاردەی جاشەتی یان کوژرانی ڕۆژانە لە ڕیگەی کۆڵبەریدا داناوە. بەشێکی زۆر لە تاکی کورد، مردنی بە سەربەرزی و لە کاری ڕۆژانەی کۆڵبەریدا هەڵبژاردووە. ئەوە بێ شک تراژیدیی کوردە، جێگای پێداهەڵکوتن و شێعراندنیشی نییە.

لە ڕوانگەی منەوە، کۆڵبەری هەڵبژاردنی مەرگە، هیچ نەتەوەیەک یان مرۆڤێک شایەنی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژانە یان لەگەڵ مردن یان ژیانی پڕ لە تەسلیم نییە. کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە هەوڵی داوە جیهادەکەی لە کوردستان و کوشتاری ڕۆژانەی کورد، لە فۆرمی جۆراوجۆردا بەئاسایی و نۆرماڵیزە بکات. کۆڵبەری وەک دیاردە، بەشێکە لە سیاسەتی ٤٣ ساڵەی فەتحی کوردستان و جیهادی کۆماری ئیسلامی دژ بە کورد و کوشتاری ئاسایی کورد. بەڵام، زۆربەی تاکی کورد لەبری تەسلیم نەبوونی بۆ سیاسەتی فەتحی کوردستان، مەرگی بە کەرامەت هەڵدەبژێت.

کۆڵبەر نموونەی باڵای سیاسەتی داسەپاندی یان مەرگ یان تەسلیمە بە سەر کورددا. بۆیە، ئێمە نابێ خۆمان هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ بەئاسایی و نۆرمالیزە کردنی مەرگ لە کوردستان، ئاسایی بکەینەوە یان ئاسایی سەیری بکەین و لێی تێپەڕین. کورد ناچار کراوە بۆ مان و دابینکردنی بژێوی سەرەتایی ڕۆژانەی خۆی یارمەتی لە کۆڵی وەربگرێت و کۆڵی بکات بە تەنیا ئامرازی زیندوومانەوە. کێشەکە لێرە دایە کە کەسێک بێت دەرد و مەینەت و زوڵمێک کە ڕۆژانە کورد لەگەڵی ڕووبەڕووە بکات بە شتێکی ئاسایی و بیکات بە ئامرازی تەبیلیغات و وەکوو ئەوەی کە کورد بە عیشقەوە ئەو ژیانەی هەڵبژاردبێت. کۆڵبەری پیتزای ئیتاڵیایی نییە. کۆڵبەری هێمای کۆڵۆنیکرانی کوردە. ئەوە کارە وەکوو ئەوە وایە کە کابرای ڕەش پێستی ئەمریکایی بێت چاییەک بفرۆشیت بە ناوی نیگر چای. بۆیە، دانانی بڕەندی کۆڵبەر بۆ چایی، ئەگەر لە ڕووی نەزانیش بێت – کە وێدەچێ هەر ئاواش بێت – لە خزمەت هەوڵی بەئاسایی کردنی کوردکوژی دایە. کەسێک کە برەندی چایی کۆڵبەری داناوە دەبێ بەرهەمەکەی ڕابگرێت و داوای لێبوردن لە بنەماڵەی کۆڵبەران و خەڵکی کوردستان بکات.

تاکی کۆڵبەر ناچارە کۆڵبەری بکات، بەڵام کورد بە گشتی و بە کۆمەڵ ناچار نییە ئەو دیاردەیە بە ئاسایی ببینێت یان ئاسایی بکاتەوە. کورد دەبێ هەوڵ بدات  تاکی کورد بەکەرامەت لە بژاردەی مەرگی بەناچاری دەربهێنیێت.