ئارامتر بخوێنەوە
چه‌ند تێبینییه‌ک له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئێستای کوردستان و ئێران
کاروان موکریانی
بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌وڵی به‌کۆمه‌ڵی تاکه‌کانن بۆ ئه‌نجامدان یان پێش‌گرتن له گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی که له پاش سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگای پیشه‌یی و شکڵ گرتنی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا. به گشتی، داواکارییه‌کان هه‌وێنی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێک دێنن. دهیڤیدئابێڕڵ، بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌سه‌ر چوار ده‌سته‌دا دابه‌ش ده‌کا: گۆڕانساز، ڕێفۆڕمخواز، ڕزگاریده‌ر و لایه‌نگرانی گۆڕینی ئاکار. به گشتی ده‌توانین به‌کۆمه‌ڵ بوون و گۆڕانخواز بوون به تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دابنێین.
له ڕوویه‌کی تره‌وه بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به دوو جۆری بزووتنه‌وه‌گه‌لی کۆن و نوێ دابه‌ش ده‌کرێن. بزووتنەوە کۆنه‌کان تایبه‌تن به سه‌ردەمی مۆدێڕنیته و، بزووتنه‌وه نوێیه‌کان هیی سه‌رده‌می پۆست مۆدێڕنن. بزووتنەوە کۆنه‌کان ڕێکخراو و خاوه‌ن ڕێبه‌رن؛ له حاڵێکدا بزووتنه‌وه نوێیه‌کان ڕێکخراوێکی رێکوپێکیان نییه و بێ ڕێبه‌رن؛ هه‌روه‌ها، بزووتنەوە کۆنه‌کان زۆرتر ئاخێزگه‌ی چینایه‌تییان هه‌یه، له حاڵێکدا بزووتنه‌وه نوێیه‌کان ئاخێزگه‌یه‌کی سهرووچینایهتییان هه‌یه؛ بزووتنەوە کۆنه‌کان پەیڕەوی مۆدێلێکی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریکراو ده‌که‌ن، که‌چی بزووتنه‌وه نوێیه‌کان خاوه‌نی هیچ مۆدێلێکی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت نین. بزووتنه‌وه نوێیه‌کان ئاکامی که‌موکووڕییه‌کانی دنیای مۆدێڕن و، دڵ‌سارد بوونه‌وه‌ی خه‌ڵک له سیستمه سیاسییه‌کانن.
بزووتنه‌وه‌ی ئه‌م دوایییانهی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران که به بزووتنه‌وه‌ی ژینا ناوبانگی ده‌رکردووه، جێگه‌ی تێڕامان و لێ وردبوونه‌وه‌یه؛ هه‌م له ڕووی جۆره‌که‌ی و، هه‌میش له ڕووی چییه‌تی و هۆکاری سهرههڵدانییەوە. بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاخێزگه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌توانین ئاماژه به هۆکاره‌کانی هه‌ڵاواردنی جێندری، جیاوازیی چینایه‌تی، سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی، جیاوازیی ته‌مه‌نی، هه‌ڵاواردنی ئایینی و نه‌بوونی ئازادی له ئێران بکه‌ین. ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ، هێندێک له‌م هۆکارانه سه‌رانسه‌ری و گشتگرن؛ واتا له هه‌مووی ئێران بوونه‌ته هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدان وه‌ک جیاوازیی چینایه‌تی، هه‌ڵاواردنی جێندری، نه‌بوونی ئازادیی تاکه‌که‌سی و جیاوازیی ته‌مه‌نی. که‌چی هێندێک له هۆکاره‌کان وه‌ک سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و هه‌ڵاواردنی ئایینی تایبه‌تن به کوردستان، ئازه‌ربایجان، خووزستان و سیستان و بەلووچستانەوە. له کوردستان هۆکاری نه‌ته‌وایه‌تی و له سیستان و بەلووچستان هۆکاری ئایینی پتر ڕۆڵ ده‌گێڕێ. به هه‌ر حاڵ ئه‌م هۆکارانه ئه‌گه‌ر بتوانن یه‌ک بگرن، قه‌یرانه‌کان قووڵتر ده‌بنه‌وه و ده‌توانن ببنه هه‌وێنی شۆڕشێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات له ئێران بگۆڕن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌کتر شل که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی تا ئێستا ده‌یبینین له‌وانه‌یه شۆڕشه‌که دره‌نگتر ڕوو بدا. بۆ نموونه داواکاریی لابردنی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی له کوردستان ڕه‌نگه ببێته هۆکارێک بۆ خاوبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که له‌نێو فارسه‌کان یان داخوازیی به‌رابه‌ری و یەکسانیی ژن و پیاو، بزووتنه‌وه‌که له‌نێو توێژی نه‌ریتی و پیاوسالاردا لاواز بکا. به‌ڵام ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ین که هیچ کام له‌م داواکارییانه نابێ به پاساوی سست بوونی بزووتنه‌وه‌که به شێوه‌ی کاتیش بێ وه‌لا بندرێن، چونکه ناکرێ داوا کردنی مافی ڕه‌وا به هیچ بیانوویه‌ک بشاردرێته‌وه یان وه‌دوا بخرێ.
به گشتی ده‌کرێ بڵێین که هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌یه: سته‌می پیاو له ژن، سته‌می نه‌ته‌وه‌ی فارس له نه‌ته‌وه‌کانی دی، چه‌وسانه‌وه‌ی چینی هه‌ژار به ده‌ستی چینی ده‌ستڕۆیشتوو، چه‌وسانه‌وه‌ی ئایینی و ئایینزایی، چه‌وسانه‌وه‌ی ته‌مه‌نی و چه‌وسانه‌وه‌ی تاک و زه‌وت کردنی مافه‌کانی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه؛ که‌وابوو له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، بزووتنه‌وه‌یه‌کی فره هۆکاره که ڕاپه‌ڕین دژی ژێرده‌سته‌بوون و چه‌وسانه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کییه‌تی.
له ڕوویه‌کی تره‌وه ده‌توانین له ده‌لاقه‌ی زمانییه‌وه بڕوانینه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه؛ واتا نابێ هۆکاری ” زمانی ” یا به واتایه‌کی تر ” گوتاری” له‌بیر بکه‌ین. چونکه ڕاستییه‌کان له‌نێو گوتاره‌کاندا شکڵ ده‌گرن. به واتایه‌کی تر، ته‌واوی دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. بۆ نموونه ناوهێنانی کچێکی سه‌قزی به “ژینا” یا ” مهسا” یان درووشمه‌کانی وه‌ک “ژن، ژیان، ئازادی” ، ” می جنگیم، می جنگیم ایران رو پس می گیریم”، ” کوردستان، چشم و چراغ ایران”، “مهاباد، کوردستان، سنگر(الگوی) کل ایران”، ” له مهاباد تا لوڕستان، ڕزگاری ده‌که‌ین کوردستان” یان “کورد، به‌لووچ ،ئازه‌ری، ئازادی، به‌رابه‌ری” هه‌ر کامه‌یان به شێوازی جیا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی شکڵ گرتنی بزووتنه‌وه‌که داده‌نێن. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که نابێ له ڕۆڵی زمان یان گوتار له چۆنیه‌تیی شکڵ گرتن و گۆڕینی ڕه‌وتی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه چاوپۆشی بکه‌ین. به‌م پێیه، بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له کۆمه‌ڵێک توخم و نیشانه که خاوه‌نی واتاگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به سه‌رهه‌ڵدان و ناڕهزایهتییهوهن و به شێوه‌یه‌کی رایه‌ڵه‌یی و له‌په‌نا یه‌کتر واتاکانیان له ده‌وری نیشانه‌یه‌ک به ناوی “نیشانه‌ی ناوه‌ندی” (Nodal Point) جێگیر ده‌که‌ن. هه‌روه‌ک ده‌زانین نیشانه‌ی ناوه‌ندیی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه “ژن، ژیان، ئازادی”یه که کۆمه‌ڵێک نیشانه‌ی تر له ده‌وری کۆ بوونه‌ته‌وه و بوونه‌ته بزوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌که؛ واتا به‌بێ ئه‌م نیشانانه یان بڵێین ئه‌م “وشانه” بزووتنه‌وه‌یه‌ک له‌گۆڕێدا نییه. کەوابوو، ڕۆلی زمان یان گوتار له قالبی وشه‌کان، چه‌مکه‌کان و درووشمه‌کاندا گرینگن.
شتێکی تر که له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا پێویسته بگوترێ ئه‌وه‌یه که هه‌ڵه‌یه به‌م بزووتنه‌وه نوێیه بڵێین، بزووتنه‌وه‌ی “ژینا”. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێی بڵێین بزووتنه‌وه‌ی “ژنان”یش هه‌ر هه‌ڵه‌یه، چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که کوژرانی دڵته‌زێنی ژینا بووه هۆی ده‌ست پێکردنی و ژنان ڕۆڵی سه‌ره‌کییان تێیدا هه‌یه؛ به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌رینتر و قووڵتره له کوژرانی کچێک یان بزووتنه‌وه‌یه‌کی فێمینیستی. که‌وابوو پێم وایه باشترین ناو بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ناوی بزووتنه‌وه‌ی “ئاسۆیی (horizontal)” یه. مانوئێل کاستێڵز له کتێبی ” تۆڕه‌کانی تووڕه‌یی و هیوا: بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له سه‌رده‌می ئینتێڕنێتدا”، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی خواره‌وه بۆ بزووتنه‌وه نوێیه‌کان داده‌نێ:
-
ڕایهڵهیین واتا ئامرازی ئه‌سڵییان مۆبایل و ئینتێڕنێته.
-
هه‌م ناوچه‌یی و هه‌م جیهانین، واتا جگه له شوێنی ئه‌سڵیی بزووتنه‌وه‌که له سه‌رانسه‌ری جیهان به‌ڕێوه ده‌چن.
-
خۆڕسکن.
-
وه‌ک ڕابڕدوو زۆریان پێویستی به ڕێبه‌ری ڕه‌سمی نییه.
-
زوو زوو به‌خۆیاندا ده‌چنه‌وه.
-
دێموکڕاتیک و سیاسین.


