دەستدرێژی جنسی لە زیندانەکانی حکومەتدا
“دەستدرێژی جنسی” بەهەموو ئەو دەستدرێژی و کردارە دژبە نۆرم و یاسا و عورفانە دەگوترێ کە بەپێچەوانەی مەیل و ئارەزووی کەسێکیتر لەسەری بەکاردێ. تەنانەت بەکار هێنانی وشە و وێژەی ناشایستی سێکسۆال دەچنە خانی دەستدرێژی. لە وڵاتێکی وەک سوید لەباری یاساییەوە تەنانەت ژن و مێردێک یا دوو کەس کە پێکەوە دەژین ئەگەر بەپێچەوانەی ئارەزوو و ویستی خۆیان دەستیان لێ بدرێ دەکرێ سکاڵای یاسایی لەسەر بەرامبەریان تۆمار بکەن. دەستدرێژی دەتوانێ تەنانەت دەست لێدان لە جەستەی کەسێکی دیکە بێ کە ئیزنی نەداوە. دەستدرێژی جنسی و سێکسۆال هەمیشە بەستراوەتەوە بە هێزی جەستەیی و دەسەڵاتی نابەرامبەر، بۆ وێنە گەورەترێک دەستدرێژی بکاتە سەر بچووکێک، یا ئەوەی دەسەڵاتی نیزامی، حکومەتی و سیاسی هەیە دەستدرێژی بکاتە سەر ژێردەست، ژن، زیندانی و منداڵ.
باس لە دەستدرێژی هەمیشە تابۆ بووە و ئەم تاوانە قوربانی دەخاتە دۆخی خەمۆکی تا ڕادەی خۆکوشتن. لە وڵاتانی پێشکەوتوو بنکە و شوێنی دەرمانی بۆ یارمەتیدان بە قوربانیان هەیە و دەکرێ ئاکامی نالەباری جەستەیی و ڕووحی لەسەر قوربانی بە یارمەتیی پسپۆڕان کەم کرێنەوە.
بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم نووسینەیە باسی دستدرێژییەکە کە لە زیندانەکانی ئێران هەر لەدوای هاتنە سەر کاری حکومەتی ئیسلامی دژ بە زندانیانی سیاسی بەتایبەت ژنان ئەنجام دراوە و ئێستاش دوای ڕاپەڕینی ژینا هەمیسان دەبیسترێتەوە. حکومتی شیعەی ئێران بە هۆی سرشتی پێکهاتەیی خۆی کە لەسەر نیگایەکی سێکسیستی، هەڵاواردنی جنسی، نەتەوە و ئایینەکانیتر و دژی مافی مرۆڤ دامەزراوە، دەستی دەسەڵاتدارانی بۆ زۆر تاوان ئاواڵە کردووە. لە “دین و شەرع و فقە”ی ئەم حکومەتە کە یاساکانی لەسەر بنیاد نراوە سەبایە، کەنیز، ژن و تەنانەت پیاوی زیندانی و ئەسیر دەکرێ هەر بێڕێزییەکی پێ بکرێ و بۆ ئەکتی سێکسی بەکاربێن. لە نیگای دین- و نێرسالاری حکومەتی ئێران دا ئینسانەکان لە بەردەیەک زیاتر نین و بەردەکان دەبێ بە فەرمانی “ولی فقیە” کە نوێنەری خودایە لەسەر زەوی، و دامودەزگای حکومەتی ئیسلامی سەربە ئەو، هەستن و دانیشن. ئەگەر ئینسانەکان چوارچێوەکانی دەسەڵاتی ئەوان بشکێنن و بۆ ڕووخانی حکومەتی ئەوان بێنە سەر شەقام ئەوە “محارب”ن و دەکرێ هەر سزایەکیان لەسەر پیادە بکرێ کە زۆربەی جار سزاکە ئێعدامە.
ئیزافە بەوانە یەکیک لە پایەکانی دیکەی ئەم حکومەتە ناسیۆنالیزمێکی تێکەڵاو بە فاشیزمه. ئەم نیگایە وێڕای دەسەڵاتێکی بێسنوور کە حاکمانی ئێران بەناوی خودا بۆخۆیانی قایلن، وای کردووە کە لەم 43 ساڵەدا توانیویانە بێ هیچ ترسێک دەستدرێژی بکەنە سەر سەدان ژن و پیاوی زیندانی. بەتایبەت ساڵانی یەکەمی هاتنە سەر کاری حکومەتی ئیسلامی باسی ئەوە دەکرا کە کچێک کە ئێعدام دەکرێ نابێ “باکرە” بمرێ و هەر بۆیە بەڕەوا دەدیترا کە پێش ئێعدام دەستدرێژی بکرێتە سەر و تەنانەت وەک ئەجرێک بۆ پیاوە تاوانبارەکە دەبیندرا. هەربۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو کات تا ساڵانی 1367 کە سەدان کچ ئێعدام کران، پێش مەرگ دەستدرێژییان پێکرابێ.
ئەوەی ئێستا هەمیسان بە شێوەیەکی بەرچاو باس دەکرێتەوە دەستدرێژی بە زیندانیانە کە لەم دوو مانگەدا گیراون. دوو حەفته پێش CNN فیلمێکی بەڵگەیی بڵاو کردەوە کە چۆن دەستدرێژی کراوەتە سەر کچانی زیندانی. ئێستا ئەو خەبەرانەی کە دەبیسرێن زۆریان ئاماژە بەوە دەکەن کە کچان، بە تایبەت کچانی جەوان و جوان، جیا دەکرێنەوە و دوای ماوەیەک بێسەروشوێن دەکرێن. هەواڵەکان بەسام و بەژانن. پێرسۆنێلی زۆر نەخۆشخانە لە ئێران باسی ئەوەیان کردووە کە کچی وایان لە بیمارستان دیوە کە زیاتر لە پەنجا جار دەستدرێژی پێکراوە و تەواوی گیانی هەڵدڕاوە. تەنانەت باسی دەستدرێژی بە کوڕەکان هەیە بەڵام بەهۆی تابۆ بوون مۆری بێدەنگی لەسەر ئەم باسە داندراوە.
ئەوی بۆ من وەک کوردێک و وەک کەسێک کە ئەزموونی چەندین ساڵ کار لە بەشی کاروباری کۆمەڵایەتیدا هەیە، ئەوەیە کە چەند خاڵی گرینگ بەزووترین کات بخرێنە ڕوو:
١. هەمیشە تاوانبار ئەو کەسەیە کە دەستدرێژی دەکاتە سەر کەسێکی زیندانی و زەبری بەسەر زیندانی دا دەشکێ.
٢. لەماوەی 43 ساڵدا تاوانبارانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بۆ شکاندنی مقاومەت و بەرخۆدانی زیندانی و بنەماڵە و کۆمەڵگا دەستدرێژییان کردۆتە سەر زۆر زیندانی سیاسی، نە تەنیا کورد بگرە فارس و لە نەتەوەکانی دیکەش. هەربۆیە کورد نابێ بەهیچ جۆرێک قورسایی ئەو تاوانە بخاتە سەر شانی ڕۆڵەکانی خۆی.
٣. لە دۆخی ئێستای شۆڕشدا حاکمانی ئێران، سپای پاسداران و ئیتلاعات، بەسیج، شەخسی خامنەای، و سیستیمی دادوەری و ئیجرایی حکومەتی ئیسلامی ئێران تاوانبارن کە پێ لە کەرامەتی ئینسانی و مافی زیندانیان دەنێن.
٤. زیندان، ئەشکەنجە، دەستدرێژی و هەڕەشەی سێکسۆال بۆ هەمیشە پەڵەی خەم دەخاتە ناو ڕووحی قوربانی. یەکجار گرینگە دوای ئازادی دەورووبەر ئەمنییەتی ڕووحی و ڕەوانی بدەنە قوربانی. هەستی هاودەردی لەگەڵ بکەن. هومێدی بدەنێ کە ژیان بەردەوام دەبێ و تاوانباران ڕۆژێک بە سزای خۆیان دەگەن.
٥. یەکجار گرینگە کە تابۆشکێنی بکرێ و لەسەر ئەم باسە وەک بەرخۆدانێکی سیاسی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی تابۆکان لابدرێن.
٦. کۆمەڵگا، بنەماڵە، هاوڕێ و شەریکی ژیان بەچاوی ڕێزەوە بڕواننە قوربانی. تازە ئەگەر قوربانی لە زیندان ئازاد بێ و زیندوو بمێنی. چونکە زۆربەی جار حکومەت نایهەوێ هیچ ئەسەرێک لە تاوان بە جێ بمێنێ.
٧. قوربانیان ئەگەر لە شاری خۆشیان یارمەتی پرۆفێشۆنال وەرناگرن، بە ڕێگای ئانلاین دەیان دەروونناس و پزشکی کورد یا بیانی لە دەرەوەی وڵات هەیە کە ئامادەن کات دابنێن و هاوکاری و هاوفکری زیندانی و بنەماڵەکانیان بکەن.
٨. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان، پزشکان و تێراپێڤتەکان ئامادەی هاوکاری بن.
٩. تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر زیندانی دەچێته خانی تاوانی شەڕ و لەژێرپێنانی کەرامەتی ئینسانی کە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ دا هاتووە.
١٠. ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی حکومەتی ئیسلامی تاران تەنیا بە لەقاودان و بەرخۆدان کۆتاییان پێ دێ. ئەگەر چل ساڵ لەمەو پێش کورد لە خەباتی خۆیدا تەنیا بوو و مێدیایەک نەبوو دەنگی کورد بە گوێی دنیادا بدا ئەوە ئێستا دەیان کەرەسە و مێدیا هەن کە بتوانین کەڵکیان لێ وەربگرین و تاوانەکانی حکومەت هەرچی زیاتر نیشانی دنیا بدرێ و باس بکرێن.
قسەی کۆتایی ئەوەیە کە شەرافەت و کەرامەتی زیندانیان بەو تاوانانەی دەرحەقیان دەکرێ ناشکێ و نابێ بشکێ. ئەوان ڕۆڵەی بوێری ئەم نیشتمانەن کە بە ئیرادەیەکی بەرزی دادخوازانە بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری کەوتوونەتە بەر شاڵاوی دڕندەترین حکومەت لە مێژووی ئینسانیدا. ئەم حکومەتە تەنیا لەگەڵ حکومەتی نازییەکان و هیتلێر بەراورد دەکرێ. زیندانیان گلێنەی چاون و بۆ ئێمە هەمان عیزەت و گەورەیی پێش زیندانیان هەیە، بگرە زیاتریش. ئەوانەی ڕوژ بەڕۆژ سووکتر و بێنرختر دەبن دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئیسلامی و تاوانبارانی دامودەزگای زیندان و دادگا و پۆلیس و پاسدارەکانن. ئەوان بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی خۆیان جگە لە تاوان نازانن. زیندانی بە هەموو برینی جەستە و ڕووحییەوە جێی شانازیی گەل و نیشتمانە. ئەم برینانە دەبێ پێکەوە هەڵیان بگرین.
709
بزووتنەی ژینا و شەڕی سەمبۆلەکان
ئەلفوبێی دەستەڵاتێکی نیشتمانی!
Scroll to top