ئارامتر بخوێنەوە

ئەلف‌وبێی دەستەڵاتێکی نیشتمانی!

ئیبڕاهیم سادق مەلازادە


(أ)

دەستەڵاتی نیشتمانیی مۆدێرن، بەو خەسڵەتانە دەناسرێنەوە؛

یەکەم، لە چوارچێوەی سیستمێکی سیاسیی دیموکراسیی/ سیکۆلاری مۆدێرندا، خۆی ڕێك دەخات.

دووەم، ئەو دەستەڵاتەیە کە مۆنۆپۆلی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهات دەکات.

سێیەم، ئەو دەستەڵاتە لە سێ بەشی سەرەکی پێک دێت، کە بریتین لە دەستەڵاتی یاسادانان (تەشریعی)، دەستەڵاتی دادوەری و، دەستەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت). هەر سێ دەستەڵاتەکە سەربەخۆ دەبن و، بەپێی سیاسەتێکی نیشتمانی و دەستوور و قانوونە باوەکان بەڕێوە دەچن.

چوارەم، هێزێکی نیشتمانیی بەرگری دەبێت کە بە سپای نیشتمانی ناوزەد دەکرێت.

لەو دەستەڵاتە نیشتمانییەدا، هیچ حیزب و کەسایەتی و ناوەندێك نابێت دوور و نزیك، کەم و زۆر خاوەنی هێز بن، یا دەست بەسەر سەرچاوەی داهاتی نیشتمانیدا بگرن. لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە حیزبێك یا هێزێك هەبوو، خاوەنی هێزی تایبەت بەخۆی بوو، دەستی بەسەر سەرچاوەی داهاتەکانی نیشتمانیدا گرتبوو، ئەوا ئەو حیزبە یان ئەو هێزە، هێزێکی میلیشیایی‌یە و ناشبێت شەرمی بەوە بێت کە بێجگە لە میلیشیایەك، شتێکی دیکە بێت.


(ب)

 حیزبی دنیای مۆدێرن، نوێنەرایەتیی چینە جیاوازەکانی خەڵك دەکەن. زۆرجاران بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبن؛


جۆری یەکەم:

ڕاستڕەوەکان، کە ئەوانیش بەسەر سێ جۆری سەرەکیدا دابەش دەبن؛

یەکەمیان، حیزبی نەتەوەیی (ناسیۆنالیست) و هەندێك جار سیفەتی سۆسیالیستیش بەخۆیانەوە دەلکێنن کە زیاتر لەسەر ڕاست هەژمار دەکرێن. زیاتر ڕێبەرایەتیی پرسە نەتەوەیی‌یەکان دەکەن، یەکێک لەو نموونانەش حیزبی نیشتمانیی سکۆتلەندایە کە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدایە، ئێستاش بۆ جارێکی دیکە داوای ڕیفراندۆم بۆ سکۆتلەندا دەکات.

دووەمیان، حیزبە پارێزگارەکان، کە زیاتر نوێنەرایەتیی سەرمایەدار و چینی ئۆرۆستۆکرات دەکەن و هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دەدەن. زۆرجار خۆیان وەها پیشان دەدەن کە بەرگری لە بەها و نۆڕمە نیشتمانییە کلاسیکەکان دەکەن.

سێیەم، حیزبە دینییەکانن، کە هەر لەسەر ڕاستڕەوەکان هەژمار دەکرێن و زیاتر ئامانجیان پارێزگاری کردنە لە بەها و نۆڕمە دینییەکان، یا کلاسیکەکان. سروشتی حیزبە دینییەکانی دنیای مۆدێرن جیاوازە لەگەڵ حیزبە ئیسلامییەکان، چونکە ئەو حیزبە دینییانە هچ پلانێکی ئایدیۆلۆجییان نییە و لە چوارچێوەی سیستمی سیاسیی باو و بەها و نۆڕمە باوەکاندا کاری سیاسیی خۆیان دەکەن. بە پێچەوانەی حیزبە ئیسلامییەکان کە لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە سیستمی دیموکراسی و سیکۆلاریزم نییە و تەنیا وەکو پەیژە بۆ گەیشتن بە دەستەڵات بەکاری دێنن، هەڵبەت ئەگەر بۆیان بچێتە سەر.


جۆری دووەم:

حیزبە چەپەکان کە ئەوانیش بەگشتی بەسەر سێ جۆردا دابەش دەبن؛

یەکەمیان، ئەو حیزبانەی خۆیان بە چەپ هەژمار دەکەن، بەڵام لە ناوەڕاستەوە نزیکن، کە زیاتر بەرگری لە مافی کرێکاران و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە دەکەن. زۆربەی جاران لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە حیزبی کرێکاران ناویان دەرکردووە، وەکو حیزبی کرێکاران (لێیبەر)ی بەریتانیا.

دووەمیان، حیزبە چەپە ئایدۆلۆجییەکانن، لە جۆری مارکسی و کۆمۆنیست و سۆسیالیست و هەتا دوایی… . ئەوانە لە وڵاتانی پێشکەوتوو کەمتر خەڵکیان هەیە و هەندێکیان چەند کورسییەکی پەرلەمانی بەدەست دێنن و، هەندێك جار دەچنە هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبە گەورەکان.

سێیەمیش، حیزبەکانی سەوز، ژینگە، ئاژەڵپارێز و ئەو جۆرانەن کە ئامانجیان زۆر سنووردارە و ئەوانەش کە لە هەڵبژاردنەکاندا ناتوانن پێگەیەکی بەهێزی پەرلەمانی بەدەست بێنن.


(ج)

کەواتە، دەستەڵاتێکی نیشتمانی، ئەو دەستەڵاتەیە کە سیاسەتێکی نیشتمانی بەڕێوە دەبات. سەرپەرەشتیی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهات دەکات. لەلایەن حکومەتێکی نیشتمانییەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەو حکومەتەش لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی نیشتمانیی سەرتاسەرییەوە دادەمەزرێت. سەرۆکی حکومەت کە سەر بە حیزبی براوە دەبێت، حکومەت پێک دێنێت و هەمیشە لەژێر چاودێری و کاریگەریی پەرلەماندا دەبێت. زۆرجار ئەگەر حیزبێک نەتوانێت دەنگی پێویست بەدەست بێنێت، لەگەڵ حیزبێکی دیکە دەچێتە هاوپەیمانی و بەیەکەوە حکومەت دادەمەزرێنن.

ئەو حکومەتە لە ڕێی ئەو حیزبەی کە لەسەر بنەمای پلانێکی دیاریکراودا هەڵبژاردنەکانی بردووەتەوە، زۆربەی جاران پلانەکان پەیوەندییان بە خزمەتگوزاریی گشتییەوە هەیە. هەر حیزبێک لە جێبەجێکردنی پلانەکەی شکستی هێنا، خەڵك دەنگی پێ ناداتەوە تا خولی هەڵبژاردنی دیکە و پلانێکی نیشتمانیی دیکە.

بەو جۆرەش، حیزبەکان هیچ جۆرە دەستەڵاتێکیان بەسەر سپا و ئابووری و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نییە. هیچ حیزبێك ناتوانێ سەربەخۆیانە پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا ببەستێت، چونکە پەیوەندییەکانی دەرەوەش مۆنۆپۆلی حکومەت و دەستەڵاتی سیاسین.