موحارەبەتوڵا!
هەندێك جار قورسە لە هەندێ چەمک بگەیت، تا لە ڕووی پڕاکتیکەوە ڕووبەڕووی نەبیتەوە. یەکیش لەو چەمکانە “پووچێتیی خراپەکاری”ی هانا ئاڕێنتە. هانا ئاڕێنت لە زۆرلایەنەوە دژایەتی دەکرا، چونکە پێی وابوو “تاوانبارەکانیش وەک خۆمانن”. پێی وابوو تەنیا چاکەکاری ڕادیکاڵە، خراپەکاری ڕادیکاڵ نییە، بەڵام پووچگەرایییە. ئەو لە گۆشەنیگایەکی ئەخلاقییەوە دەیویست وەک نازییەك بیر نەکاتەوە. بەڵام چەند قورسە مرۆڤ لەبەردەم ئەهریمەنێك بوەستێت و ئەو هەموو بنەما ئەخلاقییانە ژێرپێ بخات و تۆش بەتەواوەتی لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە شەڕی ئەهریمەن بکەیت. ئەوانەی دژایەتیی هانا ئاڕێنتیان دەکرد، لەو گۆشەنیگایەی هانا نەدەگەیشتن. هانا دەیویست مرۆڤەکان وەک خۆیان تەماشایان بکرێت، کە تاوان دەکەن، نە ئەوەتا پاساو بۆ ئەو بنەمایانە بێنینەوە کە بەو هۆیەوە تاوانەکەیان ئەنجام داوە، نە ئەوەتاش بچینە هەمان پانتاییی ئەوانەوە و، هەموو بەهایەک لەدەست بدەین و وەکو ئەوان بیر بکەینەوە و ڕەفتار بکەین. بەکورتی، هانا دەیزانی پووچگەرایی لەدوامانەوەیە، نابێت بکەوێتە پێشمان، ئەگینا ئێمەش دەچینەوە ناو هەمان تۆنێلەوە.
هەندێك جار پووچگەراییی ئەو عەقڵانە ڕامدەگرێت کە ڕۆژ تا ئێوارە خەریکی پاساوهێنانەوەن. پاساو بۆچی، بۆ بنەماکانی ئایدیۆلۆجیایەك کە لە قەیرانێکی ڕاستەقینەدایە. قەیرانێك کە ڕاستەوخۆ دژ بە مرۆڤبوونە. ئینجا کاتێك کەسێکی دیکە کە هەڵگری هەمان ئایدیۆلۆجیایە، خراپەکارییەک دەکات، لەجیاتی ئەوەی ڕەخنە لەو بنەمایانە بگرێت کە ئەگەری ئەوەشیان تێدایە مرۆڤ بەرەو خراپەکاری یان تاوان ببەن، ئەوان پاساو دێننەوە و دەڵێن، ئەوانە لەو بنەما و دەقانە نەگەیشتوون. کاتی خۆی، دوای پەلاماری چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ سنوورەکانی هەرێم، لە کەناڵی (NRT) ڕێبەری حیزبێك دەیگوت؛ “ئەوانە بەهەڵە لە دەقەکان گەیشتوون و لەوەیاندا گوناحبارن”. چۆن بتوانین لەو ڕستەیە بگەین؟ ئەوکاتە هەندێك پێیان ناخۆش بوو کە چەکدارەکان تەکفیر ناکات، بەڵکو هەر بەگوناحباریان دەزانێت، بەڵام زەینیان بۆ پاساوهێنانەوەکەی نەدەچوو. ئەوکات پێم وابوو ئەو ڕێبەرە لەوەیاندا زۆر وردە و ناتوانێت تەکفیریان بکات، چونکە سوور دەزانێت کافر نین. کەسانێك چۆن کافر بن کە گیانی خۆیان لەپێناو ئەو بنەمایانە دەبەخشن؟ بەڵام لەوەیاندا هەزەلی بوو کە پێی وابوو بەهەڵە لە حوکمی کەنیزەک (سەبایا) و دەستگیرکردنی ژنە ئێزیدییەکان حاڵی بوون. لەکاتێکدا تا ئەو چرکەساتەش، نە خۆی و نە هیچ کەسێکی دیکە ئەو جورئەتەی نەبووە قسەیەک لەو حوکمە بکات و بڵێت خەتا لەوانە نییە کە مرۆڤە جیاوازەکان دەکەن بە کۆیلە و کەنیزەك، بەڵکو کێشە لەو دەقانەدایە کە نەتواندراوە چارەیەکیان بۆ بدۆزرێتەوە کە بەدوامانەوەن.
چەمکی موحارەبەتوڵا، بەقەد چەمکی “نەژادی باڵا”ی نازییەکان، چەمکێکی دژە مرۆڤە و بەدوامانەوەیە. هێندە مەهزەلەیە، مەگەر لە هەمان گۆشەنیگای هانا ئاڕێنتەوە، دایبەزێنینە چوارگۆشەی “پووچێتیی خراپەکاری”، پووچێتییەك کە تەعبیرە لە ئەقڵێکی هێندە هەژار و دژەمرۆڤ، هێندە بەتاڵ، هەندێ جار حەقی بەزەیی پێداهاتنەوەی هەیە. لێرەشدا، چەمکی “موحارەبەتوڵا”، لە پووچگەرایییەکەیدا زۆر جیاوازتر نییە لە چەمکی کەنیزەك. لێرە بەناوی شەڕی خودایەك کە لەبەرچاوی ئێمە غایبە، مرۆڤێك لەسێدارە دەدات، لەوێش بەناوی خودایەك کە بەهەمان شێوە لەبەرچاوی ئێمە غایب بوو، سەری مرۆڤێک پەل دەدرا یا دەکرا بە کەنیزەك.
لێرەدایە چەمکی موحارەبەتوڵا، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەرانبەر چەمکی (ژن، ژیان، ئازادی). لەوێدا، پووچێتیی حوکمێك کە ئەوانەی لە پشتییەوەن و بەکاری دێنن، هەر لە ڕاسپۆتینی جادووگەر و کاهینەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەچن و دێنە بەرچاو. حوکمێك کە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، لەدوامانەوەیە و بەدوامانەوە. لەبەرانبەر دروشمێك کە لەپێشمانەوەیە. دروشمێك کە مرۆڤ، لە مرۆڤیشدا ژن تیایدا سەنتەرە، مرۆڤێك کە هەم پێویستی بە ژیانە و هەمیش بە ئازادی. دروشمێك کە بە هەموو خەسڵەتەکانییەوە ڕێک دەچێتە ناو گۆشەنیگاکەی هانا ئارێنتەوە، بەتەواوەتی پووچێتیی “موحارەبەتوڵا” ڕادەگەیەنێت، لەبەرانبەر فەلسەفەی ژیان و ئازادی بۆ کۆمەڵگایەکی نوێ، کە چیتر ناکرێت خەڵکێك وەکو ڕێبەرانی کڵێسای سەدەکانی ناوەڕاست خۆیان بکەن بە دەمڕاستی خودا و بەناوی “هەڵگەڕانەوە” مس بەسەر جەستەی هەڵگەڕاوەکاندا بتاوێننەوە. ڕێك کاهینەکانی ئەمڕۆی دونیای ئێمەش دوای زیاتر لە پێنج سەد ساڵ، لەژێر هەمان پاساوی “هەڵگەڕانەوە” لە فۆڕمی “موحارەبەتوڵا”دا، مرۆڤەکان لەژێر ئەشکەنجەدا دەکوژن و، لەسێدارەیان دەدەن.
615
ئەلفوبێی دەستەڵاتێکی نیشتمانی!
قژبڕینی پێکهاتەشکێن
Scroll to top