ئارامتر بخوێنەوە

قژبڕینی پێکهاتەشکێن

شەهلا دەباغی


1. لە ئوستوورەیەکی جوویەکاندا، “سیمسۆن” کە قازی قەومی ئیسراییلە پرچێکی درێژی هەیە. ئەو لە نەسیرییەکانە واتە ئەوانەی ژیانی خۆیان بۆ خودا تەرخان دەکەن. هەموو هێز و توانای سیمسۆن لە پرچی دایە. سیمسۆن ئاشقی “دەلیلە” لە قەومی فەلەستینا دەبێ. شەوێک کە سیمسۆن دەچێتە لای دەلیلە لە خەودا پرچی کورت دەکەنەوە. سیمسۆن زۆر لاوز دەبێ بەڵام وردە وردە پرچەکەی درێژ دەبێتەوە و هێزەکەی دەگەڕێتەوە و ڕۆژێک گەرچی دەزانێ کە بۆخۆشی دەمرێ پایەی بینای فەلەستیناکان تەکان دەدا و هەمویان دەمرن.

 2. لەناو هێندێک گرووپی هیندوستان دا کاتێک پیاوێک دەمرێ، ژنەکەی سەری دەتاشرێ و دەبێ بچێت لە “سێلیبات” بێ ژیانێکی سێکسوال بژی. ئەو بێوەژنانە تا ئاخری تەمەن لەوێ دەمێننەوە. ناسراوترین کەسانێک کە ژیانی سێلیباتیان هەڵبژاردووە “دایکە ترێزا” و “دالایی لاما”ن.

٣. لە هێندێک لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتێک کەسێکی گرینگ یا جەوانێک کۆچ دەکا، ژنان لە خەمی لەدەستدانی سەرۆک یا جوانەمەرگەکەدا گیسیان دەبڕنەوە.

٤. بەڵام جۆرێکی دیکە لە “سەرتاشین” بووە کە کە لێرەدا مەبەستی شیکردنەوەی ئێمەیە.

لەناو زۆر قەوم و گرووپ‌ و نەتەوەدا کاتێک ژنێک لە نۆڕم و یاساکانی کۆمەڵگا یاخی دەبوو و “هنجار”ەکانی دەشکاند و یا سادەتر بڵێین لە دەرەوەی نۆرمەکان، ئازادی جەستەیی بەخۆ ڕەوا دەدیت، سەری دەتاشرا و دواتر دەکوژرا. مەگەر نەتانبیستووە دەڵێن سەرت بەتاشین چێ؟

5. لە دوای مەرگی دڵتەزێنی ژینا و بەلێشاو هاتنی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” شاهیدی بڕینەوەی قژ لە سەر شەقام و لەسەر گۆڕی شەهید و لەسەر شانۆی هونەرمەندان لە سەرانسەری دنیا بووین. ئەم قژ بڕینەوە و سەرتاشینە تەنانەت وەک کارێکی سیمبۆلیک گەیشتە گیلان و ناوچەکانی دیکە و زۆر لە ژنانی فارسی خۆپێشاندەریش ڤژییان بڕیوە.

ئەم ئەکتە سیمبۆلیکە، هەم وەک ئەکتێکی نمادینی ئێعترازی دژی یاسای نێرسالارانەی حکومەتی ئیسلامی هاتە پەسند، و هەم هاتە بەر ڕەخنە کە ئەو هەموو خوێن و خەباتە بۆ ئازادی پرچ و جەستەیە و دەبێ هەرچی‌ زیاتر دژی یاسای “حجاب” پرچەکان بدرێنە دەست شنەبا و بۆ هەڵپەڕکێی سەرکەوتن ڕابگیرێن.

لەڕاستیدا ژن کە پرچی دیارە دەسەڵات سزای دەدا. کە لە نۆڕم لادەدا، کۆمەڵگا سەری دەتاشێ. ئەم ئەکتە، لەباری سیاسەتی جوانناسییەوە و یا لە کۆنتێکستی شۆڕشێکی سیاسییەوە کە دەستی‌ پێکردووە دووفاقەییە؛ واتە لە نیگای یەکەمدا ئاماژەیەکی ڕەخنەیی بە نەریت و مێژوو دەکا و بەڕواڵەت دژی ئازادی خۆی، ئازادی پرچ و جەستەیە. بەڵام کاتێک وردتر دەڕوانین، ئەم ئەکتە لەڕاستیدا پێمان دەڵێ ئەم جەستەیە کە دەیان ساڵە ئێوە حاکمان لە زیندانتان کردووە و بە قژی ژن کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا دەکەن، هەر ژن خۆی دەیبڕێتەوە. لێرەدا ژن دیسان سنووری دەسەڵات دەبڕێ. قژ چییە؟ ژن ئازادی دەوێ. کاتێک ئازادی هات قژ بۆخۆی دڕوێتەوە. من وەک ژن کە چل ساڵە لە زیندانی جەستەدا حکومم لەسەر دراوە، دەتوانم ساڵێک بێ قژ بژیم. ئازادی شتێکە کە دەبێ جەستە و گیانی بۆ فیدا بکەی. ئەو ئازادییەی ئەتۆ/حکومەت چل ساڵە لەژێر ناوی “خەتەری قژ” لە خەڵکت هەستاندووە، بە هێزی گەشەی قژ و جوانی، بە تێکشکاندنی پێکهاتەی فکریی تۆ وەدەستی دەخەم. جەستە، قژ، و ئازادی جەستە هی خۆمە. جوانی تا ئەو جێیە گرینگە هی خۆت بێ نەک دەسەڵات دەستی بۆ بەرێ. ئێستا جوانترین بەشی جەستەم، قژەکانم، پێش‌ ئەوە تۆ بە بێڕێزی بیتاشی خۆم بەتاشینی هاوار دەکەم کە ئازادم. تەنانەت وشەکانت دەگۆڕم. پێکهاتەی زمان و سیاسەتت سەروژێر دەکەم.

و بەمجۆرە جوانی و جەستە لە پێناو ئازادی دا فیدا دەکرێ تا کە پایەکانی درۆ و زوڵم و نیگای سێکسیستیی نۆرمەکانی حاکم هەڵوەشێندرێ. قژ دڕوێتەوە بەڵام هێندێک برین لەسەر ڕووحمان ناشۆرێنەوە. بۆ ئازیزانمان، بۆ ژیناکانمان، بۆ دایکمان گیس دەبڕینەوە. وە کاتێک ئەکتێک دەبێتە دژی دەسەڵات، تەنیا دەبێ پشتی بگرین. ڤژ دەڕوێتەوە، بەڵام ڕزگاری خۆنەویستی دەوێ.

بیرگیتای قدیس، ژینای قدیس

  “بیرگیتای قدیس” کە ناوی (Birgitta Birgersdotter)یە، ساڵی 1303 زایینی لە Uppland ی سوید لە دایک بوو و ساڵی 1373 لە ڕۆم کۆچی دوایی کرد. بیرگیتا لە تەمەنی دوازدە ساڵی دایکی دەمرێ. بابی کە هەوڵ پیاوی یاسایی بڕیاردەر لە ئووپلەند و هەروەها لە “سلحشور”ان دەبێ بیرگیتا لە تەمەنی سێزدە ساڵی بەشوو دەدا. بیرگیتا هەر لە منداڵییەوە ئۆگری جیهانی ئیلاهی دەبێ و دەیهەوێ لە کلیسادا کار بکا. ئەو داوا لە مێردەکەی دەکا کە پێوەندییان نەبێ و بە ئیستلاحی دینی مەسیحی “پاکیزە” بمێنێ، بەڵام دواتر هەشت منداڵی دەبێ. مێردەکەی ساڵی 1344 یا 46 کۆچ دەکا. بیرگیتا ئاڵقەکەی لە گۆڕی مێردەکەی داوێ و سامانەکەی دەداتە هەژاران و لە کلۆسترێک دەژی تا ژیانی بۆ خودا و مەسیح تەرخان بکا. لە نزیک ساڵانی 1330 ماوەیەک لە دەربار کار دەکا. ساڵی 1349 بەرەو ڕۆم ڕێ دەکەوێ و تا ئاخری تەمەنی لەوێ دەبێ. ماوەیەک دوای مەرگی پاشماوەی جەستەی دەهێندرێتەوە سوید. کلیسای کاتۆلیک ساڵی 1377 پڕۆسەی بە قدیس ناساندنی بیرگیتا دەست پێدەکا و ساڵی 1391 بە بیرگیتای قدیس/پیرۆز دەناسێندرێ.

بیرگیتا لە هەوڵ ژنانێکە کە خوێندن و نووسینی زانیوە و باوەر و بیرەکانی لە “وەحی‌یەکانی ئاسمانی” دا  نووسیوەتەوە. بەپێی لێکۆڵینەوە فێمینیستییەکان لەو وەحی‌یاندا ژنایەتی و ئەزموونی ژنانە، منداڵبوون و دایکایەتی شوێنێکی تایبەتیان هەیە. بەڵام بیرگیتا کەوتۆتە بەر ڕەخنەی تەنانەت مارتین لووتێر کە بەناوی “بیرگیتای شێت” ناوی دەبا، یا نووسەرێکی گەورەی وەک “ئاوگۆست ستریندبەری” پێیوایە بیرگیتا دەیهەوێ ژنایەتی بەسەر پیاواندا دا زاڵ بکا. یا هێندێک توێژەری نێورۆلۆگ و مێشک و دەمار پێیانوابوو کە بیرگیتا فێی بووە و قسەی پەڕاندووە. شتێک کە لە مێژوودا هەمیشە بەو ژنانە گوتراوە کە دژی نۆرمی کۆمەڵگا و دین بوون. ئەوەی کە ئێستا گرینگە لە جیهانی کاتۆلیک و کلیسای سوید دا بیرگیتا یەک لە شەش قدیسی ئەورووپایە.

ژینای قدیس

ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە دۆخێکی یەکجار نابەرامبەر و دژی ئینسانیدا دەژین. دۆخی ژنانی وڵاتانی ئەفغانستان و جوغرافیای ئێران بە حوکمی دەسەڵاتی مافیایی ئایینی لە خەرابترینەکانە. لە ماوەی ڕابردوودا، بەدوای مەرگی کچێکی کوردی جەوان بەناوی “ژینا ئەمینی” خەڵکی سەقز، ژنان و پیاوان گیان لەسەر دەست ڕژاونەتە شەقامەکان و بە پێی هێندێک هەواڵ سەدان کەس‌ تا ئێستا شەهید بوون. ژینا کە بۆ گەڕان دەچێتە تاران بەدەست پۆلیسی ئەخلاق دەستبەسەر دەکرێ و لە ماوەی دوو کاتژمێردا دەخسترێتە نەخۆشخانە و دواتر گیانی لەدەست دەدا. هۆی گیان لەدەستدان، لێدان و خوێنڕێژی مێشکە.

ئێستا ژینا بۆتە ڕەمز. ڕەمزی ڕزگاری جنسییەتی لەدەست دەسەڵاتی ئایینی. کچێک کە بە جەستە مرد بەڵام مەرگی بوو بە دەستپێکی ڕینێسانسێکی ژنانە دژی دەسەڵاتی دینی. ژینا ئێستا بۆتە قدیسی ئازادی؛ ئازادی دایکان، ژنان، ئینسان. ژینا ئێستا هێمای ئازادییە. قدیسێکە لە چەشنی بیرگیتا کە دەیهەویست ژن لە کلیسادا گرینگی پێ بدرێ. پیاوانی ئازادیخوازی جیهان ئێستا بە ژینا دەڵێن ژینای ژیان، و ژینا هێمای ئازادی بۆ هەردوو جنسی ژن و پیاوە. ئێستا پیاوان دەزانن تا ژن لە نۆڕمەکانی کۆنەپەرەستیی دین و دەسەڵات ڕزگار نەبێ کۆمەڵگا ئازاد و بەختەوەر نابێ. ژینا قدیسی ئازادی ئینسانە. شتێک وەک ژاندارک، لەیلا قاسم، فرخندەی ئەفغان کە بێ ئەوە قورعانی سووتاندبێ، بێتاوان کوژرا.

فەرخوندە و ژیناکان قدیسانی مەعبەدی ئازادین! ژینا، کچێکی گەنج بەدوای ژیانێکی ئاساییدا، ئێستا قدیسە چونکە بە مەرگی خۆی بوو بە مۆتۆری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە لە دەست تاوانبارانی حکوومەتی دینی.