ئارامتر بخوێنەوە

هاوکێشەی پێچەوانەی شوێندانانی کورد

سەرۆ شەمزینی


شۆڕش لە ئەنجامی بەردەوام بوونی دۆخی داخراوی سیاسییەوە سەرهەڵدەدا. پێوەندیی نێوان دۆخێکی داخراوی سیاسیی درێژماوە لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش لەڕاستیدا پێوەندیی نێوان هۆکار و هۆکردە. کاتێک قسە لە پێوەندیی نێوان هۆکار و هۆکرد یان عیللەت و مەعلوول دەکەین، خەریکین باسی یاسایەکی گشتی دەکەین. یاساکان مسۆگەر و حەتمین. لە سیستمێکی داخراوی سیاسیدا ڕەنگه هەندێک فاکتەر هەبن کە ڕوودانی شۆڕش دوا بخەن، بەڵام بەگوێرەی هەل‌ومەرج، درەنگ یان زوو تەقینەوەیەکی سیاسی لەم شێوە سیستمانەدا ڕوو دەدا.

جەماوەر بۆ وەدی هێنانی هەر چەشنه گۆڕانکارییەکی سیاسی، بەشێوەیەکی سروشتی لە ڕێکارە کەم تێچووەکانەوە دەست پێ دەکەن. واتە خەڵک بەشێوەی مەنتیقی، لەپێشدا سیاسەتی ڕێفۆرمخوازانه بە باشتر دەزانن. ئەگەر ئەم ڕێکارانە ولام نەدەنەوە، یان ئەوەتا جەماوەر بۆ ماوەیەک تووشی حاڵەتێکی سڕی و ئینفعال دەبن یان ستارتی شۆڕش لێ دەدەن. حاڵەتە سڕ بوونەکەش هەتا سەر نییە. بەڵکوو پێشەکییەکی بێدەنگه بۆ تەقینەوەیەکی درەنگتر. بە دەربڕینێکی دیکە لە جیاتی دوو لێکەوتەی حاڵەتی سڕ بوونی دوای تێک‌شکانی سیاسەتی ڕێفۆرمخوازانە یان سەرهەڵدانی شۆڕش باشتر وایە باسی دوو لێکەوتەی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی درەنگ‌وەخت یان شۆڕشێکی زووتر بکەین.

دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ یەکێک لە داخراوترین سیستمە سیاسییەکانی سەردەمی ئێستا لە ئاستی هەموو وڵاتانی جیهاندایە. کەوابوو ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە لە ئەنجامی شۆڕشێکی جەماوەری چاوەڕوان کراوه.

پێشبینیی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا پێویستی به لێزانییەکی لەڕادەبەدەر نییە. بەڵام هونەری ڕەوتە سیاسییە کوردەکان ئەوە بوو کە زۆر زووتر واته لە ماوەیەکی کورتی دوای هاتنە سەرکاری ئەم سیستمە نزیکەی چل و دوو ساڵ لەمەوبەر ئەم پێشبینییەیان کرد و ڕێگای خۆیان جیا کردەوە.

وا ڕێکەوتووە دوایین ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران واتە ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” کە گەورەترین و بەربڵاوترین ڕاپەڕین لە ماوەی تەمەنی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامییە، لە کوردستان چەخماخەی لێدرا، تەشەنەی سەند و هەموو ئێرانی گرتەوە و، بوو به جیددی‌ترین هەڕەشە بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لێرەدا پێویسته ئاماژه بە ڕاستییەکی گرینگی مێژوویی بکەین که لە چاوی زۆریەک لە چاوەدێران و شرۆڤەکاران شاراوە ماوەتەوە. هەتا ئێستا زۆرجار لەلایەن زۆر کەسەوە گوتراوە که چارەنووسی هەر پارچەیەک لە کوردستان بەستراوەتەوە بەو وڵاتەی که ئەو بەشە لە کوردستانی پێوە لکێندراوە. ئەم ڕاستییە، پێمان خۆش بێ یان نا، هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕاسته. بەڵام ئەم هاوکێشەیە لەوبەریشەوە وەڕاست دەگەڕێ. واتە چارەنووسی ئەو وڵاتەش کە بەشێکی کوردستانی پێوە لکێندراوە، بە شاهیدیی مێژوو بەستراوەتەوە بەو پارچەیە لە کوردستان کە لەبەر دەستیدایە.

هەر بۆ نموونە لە وڵاتی عێراق هەر لە گرێبەستی ١٩٧٥ی ئەلجەزایرەوە هەتا شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و داگیر کردنی کووەیت و دواتر ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، بەگشتی دۆخی سیاسیی عێراق، زنجیرەئاسا پێوەندی به چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی ڕێژیمی عێراق لەگەڵ کێشەی کورد لەو وڵاتەدا هەبووه. گرێبەستی ئەلجەزایر و دانی ئیمتیازی پاپۆڕەوانی لە شەتتولعەرەب به وڵاتی ئێران لەلایەن عێراقەوە و گۆڕینی سنووری ئاویی نێوان دوو وڵات به سوودی ئێران، ڕاستەخۆ بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕشی کوردی باشوور بوو. سەددام چەند ساڵ دواتر، بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو ئیمتیازەی لە ئەلجەزایر دۆڕاندبووی و بە هەندێک هۆی تریش، شەڕێکی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران دەست پێکرد و به هۆی ئەم شەڕە درێژخایەنەوە ژێرخانی ئابووریی وڵاتی عێراق هەتا ڕادەیەکی زۆر هەڵتەکا. سەددام دواتر بۆ تێهەڵێنانەوەی ئەو زیانە لەڕادەبەدەرە مرخی لە سامانی نەوتی وڵاتی کووەیت خۆش کرد و هێرشی عێراق بۆ سەر کووەیت بوو بە پێشەکیی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە. کەوابوو ڕووخان، باجێک بوو کە سیستمی زاڵ بەسەر وڵاتی عێراق ناچار بوو لەبری هەڵسوکەوتی هەڵەی لەگەڵ کێشەی کورد بیبژێرێ.

فاکتەری کورد لە ڕووخانی سیستمی پاشایەتی لە ئێرانیشدا کاریگەر بوو. یەکەم زەبری گورچووبڕ کە وە ئەفسانەی دووڕگەی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین درا، ڕاپەڕینی چەکدارانەی ٤٦ و ٤٧ لە کوردستان بوو. دوای ئەوە، خەباتی چەکداری لە باقیی شوێنەکانی ئێران وەکوو پاڕادایمێک چاوی لێ کرا و تەنانەت کێشرایە نێو شارە گەورەکانەوە. ڕاستە ڕێژیمی پاشایەتی بە خەباتی چەکداری نەڕووخا و بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری تێک ڕما، بەڵام خەباتی چەکداری بوو به هۆی تێک‌شکانی هەیمەنەی ڕێژیم و ڕژانی ترسی جەماوەر.

لە تورکیاش دەکرێ زۆر نموونەی ئەوتۆ بدۆزینەوە کە چۆنیەتیی پێوەندیی دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ دۆزی کورد ـ به هەر دوو باردا، چ بە باری ئیجابی و چ بە باری سەلبی ـ شوێنی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر دۆخی سیاسیی سەرانسەری وڵاتەکە داناوە.

ئێمە ناوی ئەو دۆخە دەنێین “هاوکێشەی پێچەوانەی شوێندانانی کورد” و مەبەستیشمان شوێندانانی بەرچاو و حاشاهەڵنەگری کوردستان لەسەر ناوەندی وڵاتە سەردەستەکەیە. سیاسەتوانان و شرۆڤەکارانی ئەو وڵاتە سەردەستانە یان هەر لە بنەڕەتەوە ئاگاداری ئەو هاوکێشە گرینگه لەسەر وڵاتی خۆیان نین، یان ئاگاداری هەن و حاشای لێ دەکەن. یەکێک لە هۆیەکانی حاشا کردن لەم ڕاستییە، ویستی نکۆڵی کردنی گرینگایەتیی فاکتەری کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەیە. ئەم باسە شایانی ئەوەیه ببێت به بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و جیددی لە لایەن شرۆڤەکارانی کوردەوە.

ڕاپەڕینی پاییزی ١٤٠١ی ئێران که بە شیمانەیەکی بەهێز دەورێکی یەکلاکەرەوەی لە ڕووداوەکانی داهاتووی ئێراندا دەبێ، هەم مۆدێلەکەی و هەم دروشمەکەی لە کوردستان وەرگرت. ئەم ڕاپەڕینە پزیسکێک بوو لە کوردستانەوە پەڕییە نێو خەرمانی دەسەڵاتی ڕێژیمی ملهوڕی تارانەوە.

ئەم ڕاپەڕینە جیاوازیی لەگەڵ هەموو ڕاپەڕینەکانی ٧٨ و ٨٨ و ٩٦ و ٩٨ هەبوو. هەوڵ دەدەین خاڵە جیاوازەکانی ئەم بزاڤه شی بکەینەوە.


١ـ بەربڵاوتر بوون

١ـ١. لە ئاخێزی ساڵی ٩٦دا بەشێک لە شرۆڤەکارە سیاسییەکان لەسەر ئەو بڕوایە بوون که ئەم ئاخێزە هەر بەتەنیا پێوەندی به چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاوە هەیە و چینی مام‌ناوەندی، ئەو بزاڤه به هیی خۆی نازانێ. لەبەرانبەردا ئەم شرۆڤەکارانە پێیان وابوو ئاخێزی ساڵی ١٣٨٨، لە لایەن چینی مام‌ناوەندییەوە کرابوو. ئەگەر هەردووک بۆچوونی سەرەوە ڕاست بن، بە لەپاڵ یەک دانانی ئەم دوو بۆچوونانە بەو ئەنجامە دەگەین کە لە مەودای نێوان ١٣٨٨ەوە هەتا ١٣٩٦ گوڕوتینی شۆڕشگێڕانەی چینی مام‌ناوەندی هەتا ڕادەیەکی زۆر لە کەمێی داوە. ئەنجامێکی دیکەش ئەوەیە کە هەر کام لەو ڕاپەڕینانە سەر بە چینێکی تایبەت بوون.

لە ڕاپەڕینی ١٤٠١دا هەموو چین و توێژەکان چالاک بوونەوە. هاتنەوە مەیدانی چینی مام‌ناوەندی فاکتەرێکی گرینگ بوو که لەبەر چاوی چالاکانی سیاسی و شرۆڤەکاران ون نەبوو. هەڵبەت یەکێک لە هۆیەکانی دامرکانەوەی گوڕوتینی شۆڕشگێڕانەی چینی مام‌ناوەندی لە ڕاپەڕینەکانی پێشوودا، کەم بوونەوەی حەشیمەتی ئەم چینە و هەژارتر بوونی بەرچاوی خەڵکی ئێران بوو. بەڵام هەرچۆنێک بێ، ئەم جارەیان چینی مام‌ناوەندی بە بازاڕیشەوه پەیوەستی ڕاپەڕین بوون. پێش شۆڕشی ساڵی ٥٧ و دوای ئەویش بەهێزترین توێژی هاوبەندی هێزە ئایینییە دەسەڵاتدارەکان، توێژی بازاڕ بوو. هەر لەجێدا زۆریەک لە کۆمەڵناسان پێیان وابوو شۆڕشی ٥٧ بریتی بوو لە ڕاپەڕینی تۆڵەئەستێنانەی بورژوازیی نەریتی واتە بازاڕ بەسەر ڕکەبەرە مەترسیدارە تازەسەرهەڵداوەکەی واتە بووژوازیی پیشەسازیی مۆدێڕن کە له دەورانی پەنجا ساڵەی حوکمداریی پەهلەویدا گوورابوو. چینی دەسەڵاتدار هەتا نزیکەی چل ساڵ دوای شۆڕشیش پشتی به پشتیوانیی بازاڕ یان بورژوازیی نەریتی گەرم بوو. لەم ڕاپەڕینەی دواییدا ئەم چینەش پێوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵات پچڕاند و پەیوەست به شۆڕشی جەماوەری بوو. له ڕوانگەی ئابووریی سیاسییەوە، ئەمه گەورەترین تایبەتمەندیی ئەم ڕاپەڕینەی دوایی‌یە.

١-٢. بەڵام بەربڵاو بوونی ئەم ڕاپەڕینە هەر بەتەنیا پێوەندی به چالاک بوونەوەی چینی مام‌ناوەندی و پەیوەست بوونی بورژوازیی نەریتی به شۆڕش نەبوو. ساڵانێک بوو ڕێژیم توانیبووی بزاڤی خوێندکاری سڕ بکا. ئەو گوڕوتینەی لە دەیەی ٧٠ی کۆچیدا لەناو خوێندکارانی ئێران لەئارادا بوو، لەم ساڵانەی دواییدا بە هیچ شێوەیەک لەگۆڕێدا نەمابوو. لە ڕاپەڕینی ئەمساڵدا بزووتنەوەی خوێندکاری بە چالاک‌ترین و به ڕادیکاڵ‌ترین شێوە هاتەوە مەیدان. هێرشی دڕندانەی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر زانکۆی شەریف کە بێ‌شک دواتر لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا وەک کارەساتێکی گەورە و وەک پەڵەیەکی ڕەشی لەبیرنەکراوە به ناوچاوانی کۆماری ئیسلامییەوە، قسەی زۆری لەسەر دەکرێ، دژکردەوەیەکی ڕێژیم لەبەرانبەر مەترسیی سەرهەڵدانەوەی بزاڤی خوێندکاری بوو. بەڵام دوای ئەو چاوترسێن کردنەش، بزاڤی خوێندکاری لە جووڵە نەکەوت.

١ـ٣. ڕووداوێکی تر کە ڕەنگه لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا بێ‌وێنە بێ، تێکەڵ بوونی قوتابییان به ڕاپەڕینه. لە وەرچەرخانە مێژوویی‌یەکانی ڕابردوودا، زۆر کەم وا هەبووه بزاڤی قوتابییان وەک فاکتەرێکی گرینگ و بەرچاو شوێنی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان دانابێ. به گۆڕانی زۆر هۆکاری فەرهەنگی و سیاسی، قوتابییان لەباری ڕادەی ئاگاداری و ڕادەی چالاک بوونی سیاسییانەوە گۆڕانکاریی جەوهەرییان بەسەردا هاتووە. لەم دوایی‌یانەدا ئاکسیۆنی سیاسیی ئەوتۆ لە قوتابییان دیترا که له هیچ کام لە ڕاپەڕینەکانی پێشوودا نموونەی نەدیترابوو. دەرکردنی کاربەدەستانی سەر بە ڕێژیم لە قوتابخانه، دڕاندن و گەچڵاندنی وێنەی خومەینی، هەڵگرتنی حیجاب و هاتنە سەرشەقام به یوونیفۆڕمی قوتابخانه و بەرەوڕوو بوونەوەی نزیک مەودا لەگەڵ گاردی دژە شۆڕش، هەموویان ئاکسیۆنی جێگای تێڕامان و جێگای پێهەڵگوتن بوون.

دیاردەی سەرنجڕاکێش‌تر لە هاتنە خواری تەمەنی ڕاپەڕیوەکانی سەرشەقام، هەڵکشانی ڕادەی تەمەنی ڕاپەڕیوەکانیش بوو، بە چەشنێک کە پیرێژنی کۆنەساڵیش وێڕای قوتابییانی مێرمنداڵ، لە هاتنە سەرشەقام و دانی دروشمی شۆڕشگێڕانه خۆیان نەپاراست.

١ـ٤. هاوخەمی و هاوئاراستەیی و هاوبەندیی گەلانی جۆراوجۆری ئێران لە کورد، تورک، عەرەب و بەلووچ و دانی دروشمی پشتیوانی بۆ یەکتر لەسەر شەقامەکان، نموونەیەکی دیکە لە بەربڵاو بوونەوەی ڕاپەڕین بوو. لەسەر شەقامەکان، جەماوەری ڕاپەڕیو نەک هەر پەیامی ڕووخانیان بۆ دەسەڵاتداران دەنارد، پەیامی یەکگرتوویی و هاوئاهەنگیشیان بۆ یەکتر دەنارد.

١ـ٥. گرینگتر لە هەموو فاکتەرەکان پێشەنگ بوونی ژنان لەم ڕاپەڕینەدایە. ئامادە بوونی ژنان لە بزاڤه کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان وزەیەکی نائاسایی دەدەات به بزاڤەکان. وزەی شۆڕشگێڕانەی ژنان لەو وزە شاراوانەیە کە ئەگەر چالاک بێ، دەوری یەکلاکەرەوەی لە چارەنووسی ڕاپەڕین دەبێ. ڕاپەڕینی ١٤٠١ بە ڕاپەڕینی ژنان ناسرا. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم ڕاپەڕینە، ڕاپەڕینی یەکگرتنەوە و تێکەڵ بوونەوەی چەندین بزاڤی وەک بزووتنەوەی چینی مام‌ناوەندی، بزووتنەوەی ئەتنیکەکان، بزووتنەوەی خوێندکاران و بزووتنەوەی ژنانە. لە ماوەی چل و سێ ساڵی تەمەنی ئەم ڕێژیمە کەم وا هەبووە ئەم ڕووبارە خوڕێنانە لە شوێنێکدا یەک بگرنەوە.


٢ـ قووڵتر بوون و ڕەسەنتر بوون

جووڵەی ڕووکەش نابێ بە بزاڤ. جووڵەیەک کە قووڵ و ڕیشەداکوتاو نەبێ، هەر سەرێکه و هەتا سەر نییە. با بزانین ڕاپەڕینی ١٤٠١، بۆچی یەکێک لە ڕیشەداکوتاوترین ڕاپەڕینەکانی هاوچەرخی ئێرانە. ڕەنگه یەکێک لە نیشانەکان کە ڕادەی ڕەسەنایەتی و قووڵ بوونی بزاڤێک نیشان دەدا، دروشمی سەرەکیی بزاڤەکە بێ. لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٨٨، دروشمێکی جەماوەر “یا حسین میر حسین” بوو. لە جووڵە ئیعترازییەکانی ساڵانی ٩٦ و ٩٨ یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکان “رضا شاه روحت شاد” بوو. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەر دوو دروشم، دروشمی ڕووکەش و دواکەوتووانه بوون. هۆیەکی ڕووکەش بوونی ئەم دروشمانە ئەوە بوو کە هەردووکیان ڕوویان لە کەسێکی تایبەتی بوو. ڕاستییەکی سەرنج‌ڕاکێش ئەوەیە کە گرفتی کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێران هاتنی کەسێک و ڕۆیشتنی کەسێکی دیکە نییە. کێشەی سەرەکی لەم وڵاتە کێشەی سیستم و فەرهەنگه. لەناو سیستم و فەرهەنگێکی دواکەوتوو و سەرەڕۆیانەدا هاتنی کەسێک و ڕۆیشتنی کەسێکی دیکە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کۆمەڵگادا وەدی ناهێنێ، تۆمەز لە دروشمی “رضا شاه روحت شاد”دا ئەگەر بەڕاستی مەبەستی جەماوەر خواستی گەڕانەوەی سیستمی پادشاییش بووبێ (کە ئەو بۆچوونه قسەی جیددی لەسەرە) دەبێ بڵێین ڕاستە ئەو دروشمە زیاتر لەوەی ڕووی لە کەسێکی تایبەت‌ بێ، پێوەندی بە سیستمێکی دیاریکراوەوە هەیە، بەڵام هەر لەو باسەوە دەگەین به دووەمین کێشەی ئەم چەشنه دروشمانه. کێشە ئەوەیە که ئەم دروشمانه لەجیاتی ئەوەی ڕوویان لە داهاتوودا بێ، ڕوویان لە ڕابردوودایە.

ئێران هەم سیستمی پاشایەتی تاقی کردووەتەوە، هەم سیستمی ویلایەتی فەقیهی. ناکارامەییی هەردووک سیستم بەکردەوە بۆ خەڵکی ئێران دەرکەوتووە. کەچی دروشمی ئەم ڕاپەڕینەی دوایی واتە “ژن، ژیان، ئازادی” ڕووی لە داهاتوو و ڕووی لە ئاسۆ ڕوون و کراوەکانی سیاسەت و ژیاندایە. ئەم دروشمە و بەگشتی ئاراستەی گشتیی ئەم ڕاپەڕینە بەخششی کەلتووری دەوڵەمەندی سیاسی و خەباتکارانەی کوردستان بۆ سەرانسەری ئێران بوو.


ڕاسپادەیەکی مێژوویی

هەر لەسەر بنەمای هاوکێشەی پێچەوانەی شوێندانانی کورد، گەلی ئێمە لە پێواژۆی خەباتی دوورودرێژی خۆیدا، هەڵگری پەیامێک و ڕاستییەکی قووڵی مێژوویی‌یە کە پێویستە سیاسەتوانان لە ئاستی ئێراندا بەوردی گوێی بۆ ڕادێرن. ئەگەر دەستەبژێرە سیاسییەکانی ئێران ئەم پەیامە بە دروستی وەرگرن، دەتوانن ڕێگایەکی دوورودرێژ بۆ گەیشتن به ئامانجی پەرەسەندنی سیاسی تەخت و نزیک بکەنەوە. نەبیستنی ئەم پەیامەش وڵاتەکەیان لە پەرەسەندنی سیاسی دوور دەکاتەوە.

بۆ دەربڕینی ئەو ڕاستییە، داڕشتنی پێشەکییەکی کورت پێویسته.

شۆڕشی ٥٧، لە بارێکەوە دژکردەوەیەک بوو لەبەرانبەر شکستی ئامانجەکانی شۆڕشی مەشرووتە لە دەورانی حکوومەتی پەهلەویدا. هەندێک لە بیرمەندانی ئێرانی ـ وەک دکتۆر حوسێنی بەشیرییە ـ پێیان وایە بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەزا شا لە درێژەی ئامانجەکانی شۆڕشی مەشرووتەدا بوو. بەرچاوترین  بەڵگەی ناڕاست بوونی ئەو بۆچوونه ڕوودانی شۆڕشی ٥٧ بوو. ئەگەر ڕێژیمی پەهلەوی له وەدی هێنانی ئامانجەکانی مەشرووتە سەرکەوتوو بووایه، شۆڕشی ٥٧ ڕووی نەدەدا. شۆڕشی ٥٧ لە ئەنجامی داخراوییەکی سیاسی و دواکەوتوویی‌یەکی سیستماتیک و سەرەڕۆیی و سەروەر نەبوونی یاسادا ڕووی دا کە گشتیان دژ به ئامانجەکانی مەشرووتە بوون.

هەندێک لە سەرەکی‌ترین ئامانجەکانی شۆڕشی مەشرووتە بریتی بوون لە: ١ـ سەروەر بوونی یاسا ٢ـ ئازادی ٣ـ نەهێشتنی ناوەندگەرایی و ٤ـ سێکۆلاریزم. لە ڕێژیمی پەهلەویدا ئامانجەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم بەشێوەیەکی سیستماتیک تێک ڕووخان. لە ئەنجامی ئەم تێک ڕووخانەدا، شۆڕشی ٥٧ ڕووی دا. بەڵام ئەو سیستمەی دوای شۆڕشی ٥٧یش هاتە سەرکار، نەک هەر لە وەدیهێنانی ئەم سێ  ئامانجه بێ‌توانا بوو، بگرە ئامانجی چوارەم واتە سێکۆلاریزمیشی بەتەواوی وێران کرد. هەر لە سەرەتای دەست پێکردنی بزاڤی مەشرووتەوە، کێشەیەکی قووڵ و جەوهەری لەنێوان مەشرووتە و مەشرووعە هاتە ئاراوە. دامەزرانی سیستمی دوای شۆڕشی ٥٧، لەڕاستیدا سەرکەوتنی مەشرووعه بەسەر مەشرووته‌دا بوو.

لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا سێکۆلاریزم ئامانجێکی بێ ئەملاوئەولایە. ئازادی و سەروەر بوونی یاساش کۆدەنگی لەسەرە. بەڵام هەندێک لە هێزە ناوەندخوازەکان به شێوەی جۆراوجۆر لە ئێستاوە خەریکن گومان دەخەنە سەر ئامانجی نەهێشتنی ناوەندخوازی کە ئەم ئامانجە لە بزاڤی کوردیدا بەشێوەی “فێدرالیزم” فۆرموولە کراوە.

پەیامی مێژووییی بزووتنەوەی کورد لەم قۆناغەدا ئەوەیە: هەر وەک چۆن شۆڕشی ئەم جارە بەهۆی شکستی ئامانجەکانی شۆڕشی ٥٧ ڕوو دەدا، شۆڕشی ٥٧یش به هۆی شکستی ئامانجەکانی مەشرووتە، لەدوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی پەهلەویدا ڕووی دا، ئەگەر بێت‌و جارێکی دیکە سیستمێکی ئەوتۆ بێتە سەرکار کە یەکێک لەو ئامانجە گشتی و مێژوویی‌یانە پێشێل بکا، لە ئێستاوە خۆی بەرەوڕووی داخراوییەکی دیکە و شۆڕشێکی مسۆگەری دیکە و دواکەوتنێکی دیکە لە ڕەوگەی پەرەسەندنی سیاسی دەکاتەوە.

ئەم پەیامەی کورد هەر لەسەر بنەمای ویست و داخوازیی مێژووییی خۆی بۆ دیاری کردنی مافی چارەنووس نییە ـ کە ئەویش هەر ویست و داوایەکی ڕەوایە ـ بەڵکوو لەسەر بنەمای ئەزموونێکی قووڵی مێژوویی و سیاسییە که لە بزووتنەوەی سەد و پەنجا ساڵەی خۆی وەدەستی هێناوە. ئەم ئەزموونە لەسەر بنەمای “هاوکێشەی پێچەوانەی شوێندانانی کورد”ه که ناوەند و هێزە سیاسییەکانی ناوەند دەتوانن گوێی بۆ ڕاگرن یان گوێی بۆ ڕانەگرن. بەڵام ئەگەر گوێی بۆ ڕانەگرن، وڵاتەکەیان تووشی بازنەیەکی دوورودرێژ و ڕووخێنەری شۆڕش و دامەزراندنەوە دەکەن کە باجێکی قورسی نەتەوەیی‌یان پێ دەبژێرێ.