ئارامتر بخوێنەوە

تێڕامانێک لەسەر وتارێک و دوو چەمک

بیریار ژاوەرۆیی


ماوەیەک پێش وتارێک لەژێر ناوی “ئێران ئێتنیکی نییە!” بە زمانی فارسی بڵاو کرایەوە کە هەندێ لە ڕووناکبیرانی سەر بە نەتەوە بندەستەکان لەوانە کوردەکان چوون بە پیرییەوە، لە کاتێکدا فارسەکان لە دژی وەستانەوە و وەک هەمیشە پێداگرییان کرد لەسەر بیرۆکەی فاشیستی-شۆڤێنیستیی خۆیان. هەرچەند نە بەتەواوەتی لە بەرژەوەندیی نەتەوە بندەستەکان نووسراوە و نە لە دژی نەتەوەی باندەست. لە ڕاستیدا لەو وتارەدا زۆر هەوڵ دراوە کە مەبەستە سەرەکییەکەی بشاردرێتەوە و بەو بۆنەشەوە لە ناکۆکیی زمانەوانی سەبارەت بە چەمکی “ئێتنیسیتی” و “نەیشن” کەڵک وەردەگرێت و بەکارهێنانی چەمکی یەکەم بۆ نەتەوەکانی ناو ئێران بە نادروست و سووکایەتیی بەوان دەزانێت، لە کاتێکدا بێ سەرنجدان بە پێوەندیی ئەو دوو چەمکە و ئەوەی کە زۆربەی “نەیشنەکان” بناخەی ئێتنیکییان بووە، خۆیشی لە کۆتاییدا بە پێشنیاری وەلانانی چەمکی “ئێتنیسیتی” و بەکارهێنانی وشەی “قەوم” بۆ چەمکی گشتیی “خەڵک” دیسانەوە دەچێتەوە خانەی خزمەت بە بەرژەوەندیی نەتەوەی باندەست و لە ئاراستەیەکی دژەدێمۆکراتیکدا هەوڵ دەدات بۆ پێکهێنانی “نەیشنی ئێران” و پاراستنی ئەو چوارچێوەیە کە بە زۆر بە ناو ئێران پێک هاتووە. دیارە ڕوانگەیەکی وەهاش لەسەر چەمکەکانی “ئێتنیسیتی” و “نەیشن” ڕوانینێکی بەرتەسک و بە مەبەستە کە ناکرێ بەتەواوی بخرێتە خانەی ڕوانگەیەکی زانستییەوە، گەرچی هەندێ لە زانستوانانی سیاسی-کۆمەڵایەتیش دڵخۆش بوون بە بابەتێکی وەها. ئەو وتارە لە چەند بوارەوە ناکۆکی تێدایە کە گرنگترین پرسیار لەسەری دەگەڕێتەوە سەر ئەو ناکۆکییە کە باسی فرەنەتەوەییی ئێران دەکات، بەڵام بە ڕاشکاوی ئاکامی هەوڵەکەی پێکهێنانی یەک نەتەوەیە لە ئێران. لە ڕاستیدا ئەوە هەر لە ئاراستەی هەوڵەکانی پێشوودایە بۆ سڕینەوەی نەتەوەکان بە جۆرێکی تر. ئەگەر فرەنەتەوەیە، بۆ و بە چ مافێک دەتەوێت بیگۆڕیت؟ ئاخۆ بڕیاردان لە جێی خەڵکانی تر دەکەوێتە خانەی دێمۆکراسییەوە؟ لەو پێوەندییەدا، لێرەدا ئاور لە چەند خاڵێک دەدرێتەوە:


1- سەرەتا، پێویستە ئاماژە بکرێت کە “چەمک” جیاوازە لە وشەی پەتی و ناکرێ تەنیا بە پشت‌بەستن بە ڕێخەدۆزینەوەی (ئێتیمۆلۆجی) وشە و هەروەها بە گەڕان لە وشەدانەکاندا شرۆڤە بکرێن. هەربۆیە هێندەش بەو ساکارییە نییە و پێویستە پشت ببەسترێت بە پێناسە جیاوازەکانی زانستوانانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە زۆر جاریش لەسەر پێناسە و بەکارهێنانی چەمکەکان ناکۆکن. بێ سەرنجدان بە پێناسەی زانستی لەسەر چەمکەکان، وتارەکە بە یارمەتیی ڕێخەدۆزینەوەی وشە ئەوەندە چەمکی مۆدێرنی “نەیشن” ورد دەکاتەوە تاکوو لە کۆتاییدا شتێکی لێ نەهێڵێت و لە وردیلە پێکهێنراوەکان دەیهەوێت “نەیشنی ئێران”ی نوێ پێک بهێنێتەوە. لە کاتێکدا بەپێی پێناسەی “نەیشن” نە ئەو نەتەوانە ئەوەندە چکۆلەن کە بەو جۆرە بتوێنەوە و نە ئێتنیسیتییەکی بێ خاکێکی دیارن کە لە خاکی بە زۆر داگیرکراویان دەست بشۆرنەوە. بۆیە، ڕەنگە نەیانەوێت لەو چوارچێوەیەدا بمێننەوە و سیستەمی دێمۆکراتیکی ڕاستەقینە پێش هەر شتێک پێویستە ئەو مافە بە فەرمی بناسێت. کەچی ئەو سیستەمە دێمۆکراتیکەی ئەو وتارە باسی دەکات بە قەرەی مافێکی وەهادا ناچێت.


2- بەپێچەوانەی داواکاریی ئەو وتارە، هەندێ لە زانستوانانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت کوردەکان سەرنجی ئەو بابەتەیان داوە و هەم ئێرانیان بە وڵاتێکی فرەنەتەوە ناو بردووە و هەمیش هەوڵیان داوە چەمکەکانی “نەیشن”/”نەشناڵیتی” و “دەوڵەت”/”سیتیزنشیپ” بە جیا بەکار بهێنن، بەپێچەوانەی ڕوانگەی باو و زاڵ بەسەر پێوەندییە فەرمییەکان و هەروەها کەشی ئاکادێمیکدا کە لەژێر کاریگەریی دەسەڵاتی دەوڵەتەکاندا هەوڵی داوە بەسەریەکداکەوتنێکی تەواوی “نەیشن” و “دەوڵەت” و لە ئاکامدا هاوواتایی ئەوانە پیشان بدات. هەروەها لە بەکارهێنانی چەمکی “ئێتنیسیتی” بە جێی “نەیشن” و “نەشناڵیتی” بۆ نەتەوە بندەستەکانی ئێران دوورەپەرێزییان کردووە. بەڵام هەر لەو کاتەشدا پێوەندیی ئەو دووانەیان ڕەچاو کردووە. لە کاتێکدا بنەمای سەرەکیی پێکهاتنی دەوڵەت هەندێ جار دەتوانێ جیاواز بێت بۆ وێنە لەوانەیدا کە نەک “ئێتنۆ-نەیشن” بەڵکوو ئایین بنەما بووە بۆ نموونە لە پاکستان کە خۆی لە بەرگریی چەندین ئێتنیسیتی و نەتەوەیە، لە واتای ڕاستەقینەدا بنەمای “نەیشن”ەکان ناتوانێت پێوەندی بە “ئێتنیسیتی”یەوە نەبێت و ڕەچاونەکردنی بنەمایەکی وەها لە خۆیدا هەوڵە بۆ سڕینەوەی نەتەوە ڕاستییەکان و پێکهێنانی نەتەوەی دەستکرد لەسەر بنەمای دەوڵەت، نەک پێکهێنانی دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوە.


3- بەپێچەوانەی هۆهێنانەوەکانی ئەو وتارە، لە ئێراندا بەو جۆرە نییە کە “ئێتنیسیتی” لە واتا زانستییەکەیدا نەبێت، بەڵام چەمکە پێوەندیدارەکانی چەواشەکارانە بەکار هێنراون و لە کردەوەشدا، وەک پڕۆسەی پێشنیارکراوی ئەو وتارە، هەوڵ دراوە لە بەسیاسی بوونی بەرگیری بکرێت و بەرەبەرە بیانتوێننەوە. لە ڕاستیدا زۆرێک لە ئێتنیسیتییەکان بە هۆی هەبوونی ئاگاییی سیاسی هاوکات “نەیشن”ن و ئەوە بەو واتایە نییە کە تایبەتمەندیی ئێتنیکیی خۆیان لەدەست داوە. لەبەر ئەوەی بەرگیری بکەن لە گۆڕینی ئێتنیسیتییەکان بۆ نەیشن، هەوڵ دراوە لە ئەیجنسیی ئێتنیکیی ئەوانە بەتایبەت لە پانتایی سیاسیدا بەرگیری بکرێت و دایانبەزێنن بۆ ئاستی هۆز و خێڵی کۆمەڵگای پێش مۆدێڕن و لێرەدایە کە دەچێتە خانەی سووکایەتییەوە. چونکە دەزانن ئەگەر بەپێی پێناسەی چەمکی زانستیی “ئێتنیسیتی” باس لە هەبوونی ئەوانە بکەن، ئەوا لەخۆیدا ڕێگەپێدانە بە داواکاریی سیاسیی هەندێ لەوانە و لە ئاکامدا دەرکەوتنی هەندێ “نەیشن و نەشناڵیتی”ی ڕاستەقینەش. ئێتنیسیتی و نەیشن هەردووک بنەماگەلێکی هاوبەشیان هەیە لەوانە هەبوونی ڕەچەڵەک، زمان، چاند، مێژوو، هەست. کاتێک ئێتنیسیتییەکان لایەنی سیاسی وەخۆ دەگرن و بەتایبەت بەپێی خاک و جوگرافییای تایبەتیی خۆیان ویستی سیاسییان دەبێت، ئەوکات دەبنە “نەیشن”. بۆیە لە سەردەمی مۆدێڕندا، زۆربەی ئەوانەی کە خاوەن ویستی سیاسی بوون یان بوون بە بنەمای پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوەیەک یان چەندین دەوڵەتیان پێک هێنا یان بە پاراستنی دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ نەتەوەکانی تر دەوڵەتێکی فرەنەتەوەیان پێک هێنا. لە هەموو ئەمانەدا ویستی سیاسی نەتەوە یان نەتەوایەتییەکان پارێزرا. بەڵام لە هەندێکی تردا یان ئێتنیسیتییەکان نەگەیشتنە ئاستی ئاگاییی سیاسی و ویستی سیاسیی تایبەتیان نەبوو یان لەلایەن نەتەوە باندەستەکانەوە سەرکوت کران و خۆیان وەکوو هۆز و خێڵەکان و زمانەکەیان وەکوو زاراوەی زمانی نەتەوەی باندەست سەیر کران. لەم پێوەندییەدا نەتەوەی باندەست، چۆن خۆی هەموو مافێکی هەبوو بە پێویستیشی نەدەزانی کە خۆیشی وەکوو ئێتنیسیتی و نەتەوە پێناسە بکات، بەڵکوو هەموو خەڵکی ناو چوارچێوە دەستکردەکەی بە “نەیشن”ێک لەقەڵەم دەدا. ئەو وتارەش بە جۆرێ ئاماژە بەم بابەتە دەکات، کەچی هەر لەو کاتەشدا دەیەوێت یەک “نەیشن” چێ بکاتەوە. لە ڕاستیدا بەپێی دەرەنجامەکەی، ئەو وتارە کێشەکە لەو ڕاستییەدا دەبینێ کە هەوڵەکانی پێشوو بۆ سڕینەوەی نەتەوەکان سەرکەوتوو نەبووە و ئێستاکەش ئێران هەر فرەنەتەوەیە، بۆیە پێشنیاری ستراتێژییەکی نوێ دەکات بۆ پێکهێنانی نەتەوەیەک بە ناو “نەیشنی ئێران”.


4- کەواتە، کێشە تەنیا لە گۆڕینی ناوەکاندا نییە کە ئەگەر بە “ئێتنیسیتی” بوێژرێت “نەیشن” ئیتر تەواوە، هەروەها کە لە نووسراوەکەدا بۆ نموونە سەبارەت بە یۆنان و کەنەدا ئاماژە بەو بابەتە دەکات. بۆیە لێرەدا جیاوازیی نێوان دوو چەمکەکە دەردەکەوێت کە ئەویش باری سیاسییە و وتارەکە نایەوێت جەخت بخاتە سەر ئەم لایەنە چونکە مەترسی هەیە بۆ چوارچێوەی ئێران. کاتێک باسی کەنەدا دەکات وێڕای ئاماژە بە مافی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، باسی مافی جیابوونەوەی یاسایی، بۆ نموونە لە کێبێک، ناکات. باسی ئەوە ناکات کە خەڵکی پارێزگاکانی تری کەنەدا بە خۆیان ڕێگە نادەن لە جێی کێبێکیەکان بڕیار بدەن. لە کاتێکدا وەک ئاماژە کرا لە ڕوانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەتایبەت زانستی سیاسی، ئێتنیسیتی یەکێک لە بنەماکانی پێکهاتنی ‘نەیشن’ە و ئەوەی لە نەیشنی جیا دەکاتەوە ویستی سیاسییە بۆ هەبوونی دەسەڵاتی سیاسی. “نەیشن” ئەگەر دەوڵەتیشی نەبێت، وەک نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، ویستی سیاسی هەیە. بەڵام ئەو وتارە ڕاشکاوانە چەمکی “نەیشن” لە سیاسەت دوور دەخاتەوە و لە باری سیاسییەوە نەزۆکی دەکات و بە جۆرێ نەتەوەکان لە ئەیجنسی دەخات. بە جۆرێ کە دەڵێت: “لە ماکی خۆیدا، نەتەوەبوون پێوەندیی بە فۆڕماسیۆنەکانی دەسەڵاتی سیاسی نییە… نەتەوە بوون ڕێخەی لە یەک زمان و چاند و جیهانبینی و ئەزموونی ژین هەیە، زمانەکان و چاندەکان و ئەزموونگەلێک کە لە مێژووی ئێرانی هەزاران ساڵە لە پەنای یەکدا ژیاون.” ئەگەرچی ئاماژە دەکات کە وەکوو ئەوەی لە وڵاتانی تردا هەر کۆمپانیایەک، هەر شارەوانییەک یان ویلایەتێک ئاڵای خۆی هەیە، نەتەوەش ئەتوانێ ئاڵای خۆی هەبێت، بەڵام خۆی دەپارێزێت لەوەی کە بڵێ هەر نەتەوەیەک دەتوانێ دەوڵەتی خۆیشی هەبێت. ئەو توخمانەی ئەو باسی دەکات بۆ نەیشن لە ڕاستیدا هەر ئەو توخمانەن کە لە پێناسەی ئێتنیسیتیدا باس دەکرێت. ئەوەی نەیشن جیا دەکاتەوە، ماکە سیاسییەکەیەتی کە ئەو خۆی لێ دەپارێزێت. هەر لەم ئاراستەشدا کاتێ باسی فێدرالیزم دەکات، خۆی دەپارێزێت لە باس لە تەواو دێمۆکراتیک بوونی ئەوە بەو واتایە کە مافی جیابوونەوەی نەتەوەکان بەپێی ویستی خەڵکی خۆیان لە یاسای بنەڕەتیدا ڕەچاو بکرێت، وەک ئەوەی کەنەدا. هەمووی ئەو شیکارییەی و گرێدانی چەمکی مۆدێڕنی نەیشن بە مێژووی چەند هەزار ساڵە، لە کۆتاییدا دیار نییە چی بەسەر دێت و هەمووی بۆ ئەوەیە کە “نەیشنی ئێران گیانێکی تازەی تێکەوێت”! واتە ئەدی ئەو هەموو نەتەوانەی ناو ئێران کە باسی دەکرد دەبنە هیچ و نەتەوەیەک نامێنێت جگە لە “نەیشنی ئێران”. لێرەشدا ناڵێ بە خوێنەر کە ئەگەر “نەتەوەی ئێران” پێک دێنێت، ئەو هەموو باسە لەسەر نەتەوەکان و وڵاتی فرەنەتەوەکردنە دەبێتە چی؟! واتە “ئێران ئێتنیکی نییە” لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی ئێتنیسیتی و نەتەوەکان و ئەوەی کە بگوترێت ئێران یەک نەتەوەیە و تەواو. لە ڕاستیدا ئەمە ستراتێژییەکە بۆ بەرگیری لە تێکنەچوون و پاراستنی “تەواوەتی ئەرزیی ئێران”. لەو ئاراستەیەدایە کە وتارەکە لە جێی ئاوڕدانەوە سەر چەمکەکان لە جێی خۆیاندا، هەوڵ دەدات بیانسڕێتەوە و بیانگۆڕێت و پێشنیار دەکات کە “نەیشن” وەک تەواوەتییەکی هەبوو “ئێتنیتی” کە بەپێی دەرەنجامی وتارەکە هەر ئەو “تەواوەتی ئەرزییە”یە و “قەوم” بە “خەڵک”، ڕەچاو بکرێن. واتە بە جۆرێ دیسانەوە شاردنەوەی جیاوازییەکان و ویستە سیاسییەکان لەژێر ناوی چەمکە گشتییەکاندا. بۆیە، کاتێک باسی شۆڕشی ژینا دەکات، ئاماژە بە ئەو دروشمانە ناکات کە لەسەر بنەمای دیاریکردنی مافی چارەنووس دەدرێن وەک “کورد تا دەوڵەتی نەبێ، ئەمە هەر بەشی دەبێ”، بەڵکوو جەخت دەخاتە سەر ئەو دروشمانەی لێکترگرێدراوی لە ئێراندا بەهێز دەکەن وەکوو “لە کوردستان بۆ تاران، گیانم فیدای ئێران”.


5- ئەو وتارە بە جۆرێ لە دەلاقەی تیۆریی وەهمی پیلانەوە دەڕوانێتە پرسەکە و کێشەی نابەرابەریی نەتەوەکان گرێ دەدات بە جیهانی دەرەوە و دەسمایەداری و ئیستیعماریی جیهانی و باسی “زاڵییەتی مێتۆدە ئیستیعمارییەکان لە پەرەپێدانی زانست لە ئێران” دەکات، لە کاتێکدا دەیەوێت پێوەندیی ئێران بە “ئیستعمار”ەوە بسڕێتەوە. هەر لەو ئاراستەشدا بەپێچەوانەی وتەکانی خۆی لەسەر هەڵاواردن لە دژی نەتەوەکان، باسی ئیستعماری ناوخۆیی ناکات و باس لەوە دەکات کە “نەتەوەکانی ئێران لە پەنای یەکدا مێژووی چەند هەزار ساڵەیان تێپەڕاندووە… هەموو نەتەوەکانی ئێران سەدان و هەزاران ساڵە ڕێخەیان لەم سەرزەوییەدا هەبووە”. ئەمە پیشان دەدات کە ئەو وتارە بەهایەک بە هەبوونی سەربەخۆی نەتەوەکان و خاکی تایبەت بەوان نادات و باوەڕی بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و جیابوونەوەی ئەوان نییە، لە کاتێکدا کە لە سەردەمی دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێراندا خاک و سەرزەویی ئەو نەتەوانە داگیر کراوە. وتارەکە جۆرێ باس لە ئێران و ئێرانی کۆن دەکات کە دەڵێی وڵاتێک و چوارچێوەیەکی وەها هەر لە کۆنەوە هەبووە. کەچی باسی ئەوە ناکات کە دەوڵەتی ئێرانیش وەک دەوڵەتەکانی تری ناوچەکە نوێیە و مێژوویەکی دەستکردی بۆ چێ کراوە و پێش پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێراندا وڵاتێک و دەوڵەتێک بەردەوام بە ناو ئێران نەبووە. هەر تاوە و هۆزێک لە نەتەوەکان کە هیچیشیان فارس نەبوون، زاڵتر بوون یان بەسەر ناوچەیەکی بەرینتردا دەسەڵاتیان هەبووە و هاوکات حکوومەتی جۆراوجۆری هۆز و گرووپەکانی تر لە وڵاتەکانی ناو ئەو چوارچێوەیەی ئێستا و دەوروبەری هەبوون. هەر لەو کاتەدا کە پێی وایە چەمکی مۆدێڕنی ئیستیعماریی ئەورووپاتەوەری “ئێتنیسیتی” بۆ مێژوو و ڕاستێتی ئێران نابێ بەکار بهێنرێت و دژایەتیی بیری ئەورووپاتەوەر دەکات بۆ ئەوەی ڕێخەی “نەیشن”ەکان لێ بدات و بڵێ کە ئەم ئێتنیسیتییانە ناتوانن ببنە “نەیشن”ی مۆدێڕن، چەمکی “نەیشن” کە ئەویش سەرچاوەی لە ئەورووپایە، بەڵام بە پێناسەیەکی تر بۆ مەبەستی تایبەت بەکار دەهێنێت. لە ڕاستیدا لە پێناسەی مۆدێڕن بۆ نەتەوەکان خۆ دەپارێزێت و پەنا دەباتە ڕێخەی وشەکان لە مێژووی کۆن و لە زمانە جۆراوجۆرەکاندا بۆ ئەوەی لە چەمکی مۆدێڕنی “نەیشن” کە ویستی سیاسی تێدایە، بارە سیاسییەکەی لێ داماڵێت و بڵێت کە ئەوان نەیشن لە واتای کۆنی دان و وردە گرووپگەلێکی مێژوویین کە دەکرێ بە تێکەڵکردنیان “نەیشنی ئێران” پێک بهێنرێت و بەو جۆرە لە شەڕی نەتەوەگەلێکی خاوەن خاک کە ببنە مەترسی بۆ سەر چوارچێوەی هەنووکەی ئێران دەرباز ببن. لەو ئاراستەیەدا لە چوارچێوەی بیری ئێرانشاریدا دەخولێتەوە و باس لە “شارستانییەتی پارسییان” دەکات و جەخت دەکات لەسەر پارسی بوونی زمانی دەسەڵاتەکانی پێش ئیسلام و بە جۆرێ بە ئاماژە بە زمانی “پارسی میانە” دەیەوێت بەردەوامی بدات بە پارس و فارس بە درێژایی مێژوویەکی دوورودرێژ لە ناوچەکەدا بە ناوی ئێرانەوە. کەچی مێژوو و زمانی ئەو سەردەمە زیاتر لە کورد و زمانی کوردییەوە نزیکترە. باس لە زمانی فارسی وەک زمانی ڕەسمیی سەدەکانی ناوەڕاست دەکات، کەچی نەتەنیا باس لە زمانی ڕەسمی بۆ ئەو کاتە واتادار نییە، بەڵکوو زمانی عەرەبیش زیاتر لە فارسی بەکار هێنراوە. بە گشتیش فارسی زمانی زۆرێک لە خەڵک نەبووە، تەنانەت خودی هۆزە دەسەڵاتدارەکان. لە سەردەمی هاوچەرخیشدا زمانی فارسی بە زۆر سەپێندراوە و زمانی زۆربەی خەڵک نەبووە. کەچی وتارەکە باس لە زۆرینەی فارس زمان دەکات، بێ ئاماژە بەوەی کە یەکەم، زۆربەی ئەوانەش کە ئێستا فارسی قسە دەکەن تواونەتەوە و بە رەچەڵەک فارس نەبوون، دووەم، بەپێچەوانەوە زۆرینەی خەڵکی ئێران نافارسن و حەشیمەتی نافارسەکان تێکڕا لە فارسەکان زیاترە. بەپێی گرنگایەتیی زۆر بە زمانی فارسی لە وتارەکەدا وادەردەکەوێت کە دەیهەوێت دیسانەوە زمانی فارسی وەک زمانی ڕەسمی پێناسە بکات. کەچی نەتەنیا پێویستە زمانی پێوەندیی بەجێی زمانی ڕەسمی بەکار بهێنرێت، بەڵکوو ڕەنگە نەتەوەکان زمانی فارسی وەکوو زمانی پەیوەندیی قبوول نەکەن و بیانهەوێت بۆ وێنە ئینگلیزی بەکار بهێنن کە هەم بۆ پەیوەندیی ناوخۆیی و هەم دەرەوە بەکار بێت.


6- لە کۆتاییدا و لە پێوەندی لەگەڵ خاڵی دووەمدا، پێویستە ئاماژە بکرێت کە بە شێوەی فەرمی و هەڵبەت نازانستیی لەژێر کاریگەریی دەسەڵاتی دەوڵەتەکاندا لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بەتایبەت بۆ بیانییەکان لە جێی هاوڵاتێتی یان سیتیزێنشیپ، چەمکی نەشناڵیتی بەکار هێنراوە، کەچی نەشناڵیتی لەسەر بنەمای نەیشن و ئێتنیسیتییە و هەمیشە ناتوانێت پێوەندیی بە دەوڵەتەوە هەبێت، بۆ نموونە سەبارەت بە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان. دەوڵەت پێوەندیی بە دامەزراوەوە هەیە و نەیشن پێوەندیی بە خەڵکەوە هەیە. خەڵکێ کە سەر بە نەتەوەیەکی جیاوازن، ناتوانن هاوکات سەر بە نەتەوەیەکی تر بن، بەڵام دەتوانن ‌هاوڵاتێتی/سیتیزێنشیپی چەند وڵاتیان هەبێت. بۆیە لە ئێستادا ڕەوتێکی ئاکادێمیک لە بواری یاسا و سیاسەتدا بە ڕەخنە لەسەر ئەو جۆرە بەکارهێنانە داوا دەکات کە ناسێنە نەتەوەیی‌یەکان گرێ نەدرێن بە دەوڵەتەوە و نەشناڵیتی لەسەر بنەمای ئێتنۆ-نەیشن پێناسە بکرێت و لە پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەتەکاندا لە سیتیزنشیپ کەڵک وەرگیردرێت. بۆیە هەندێ لە زانایان لەو بڕوایەدان کە نەشناڵیتی کەسێک ئاماژە نییە بە ناوی وڵاتێک کە لێیەوە هاتووە بەڵکوو ئاماژەیە بە نەتەوەکەی. لە بەرانبەردا هاوڵاتێتی و سیتیزنشیپ ئاماژەیە بە وڵاتەکە. لەو ئاراستەیەدا، فرەنەتەوەیی بوونی ئێران تەنیا بابەتێکی مێژوویی نییە کە بە مێژوو بسپێردرێت. لە ئێرانی داهاتووشدا، بەپێچەوانەی دەرەنجامی ئەو وتارە کە یەک “نەیشن” پێشبینی دەکات، هەتاکوو نەتەوەکانی ئێران ویست و داخوازیی سیاسییان هەبێت، زیندوو بن و نەتوێنەوە، لە ڕاستیدا باس لە شتێ بە ناو “نەیشنی ئێرانی” هەڵەیە. نەیشن و نەشناڵیتییە جیاوازەکان بوونیان هەیە و دەبێت، و ئەگەر نەیانەوێت جیا ببنەوە ئەو کات هاوڵاتێتی یان سیتیزێنشیپی ئێرانییان دەبێت، چون لە ڕاستیدا وشەی “ئێران” ئەوپەڕەکەی پێوەندی بە جوگرافییایەکی سیاسی هەیە نەک نەتەوەیەکی تایبەتەوە.


[1]  پیمان وهاب‌زاده، “ایران «اتنیک» ندارد!”، فصلنامە نقد اقتصاد سیاسی، 06/11/2022:

https://pecritique.com/2022/11/06/%d8%a7%db%8c%d8%b1%d8%a7%d9%86-%d8%a7%d8%aa%d9%86%db%8c%da%a9-%d9%86%d8%af%d8%a7%d8%b1%d8%af-%d9%be%db%8c%d9%85%d8%a7%d9%86-%d9%88%d9%87%d8%a7%d8%a8%d8%b2%d8%a7%d8%af%d9%87/?fbclid=IwAR2tmOpdYJ-H7HeONClg6Zn2NXxP3q94dWWqXuCaYkc2QDy9CdHN-nHVn48