ئارامتر بخوێنەوە

شۆڕشێکی ئینتێرسێکشنال

شەهلا دەباغی


ژینا ئەمینی خەڵکی باژاری سەقز لەگەڵ بنەماڵەی بۆ سەفەرێک دەچنە تاران بەڵام “گشت ارشاد” دەیگرن و دەیبەنە بنکەیەک و لەوێ بەهۆی لێدان و کوتان دەکەوێتە نەخۆشخانە و ڕۆژی ١٦ی سێپتامبر گیانی لەدەست دەدا. حکوومەت هەوڵ دەدا بە دزی و بە شەو، ژینای جوانەمەرگ بەخاک بسپێردرێ؛ بەڵام بنەماڵە و خەڵکی سەقز پێشی ئەم ئاکارە دزێوەی حکوومەت دەگرن و ڕۆژی ١٧ی سێپتامبر لە گۆڕستانی ئایچی بە بەشداریی سەدان کەس ژینا بە خاک دەسپێردرێ. لەم ساتانەدا لەسەر گۆڕی ژینای کورد دروشمێک درا: “ژن ژیان ئازادی”.

دوای ئەمە خەڵکی کوردستان و بەلووچستان و ڕەشت و کەرەج و شیراز و زۆربەی شارەکانی ئێران بە فراوانی هاتنە سەر شەقام. جگە لە تاران و تەورێز کە ڕادەی بەشدارییان کەمتر بوو. گەرچی بە هۆی زەبروزەنگی لەڕادەبەدەری حکوومەت، ئێستا خۆپێشاندانەکان لە کەمییان داوە، بەڵام لە ١٧ی سێپتامبرەوە تا ئەمڕۆ کە ڕۆژێکمان ماوە بۆ ساڵی تازەی زایینی، سەدان کەس و لەوانەش زیاتر لە ٦٥ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ شەهید بوون و هەزاران کەس گیراون و حوکمی سێدارەیان بۆ دەیان کەس کە زۆریان کوردن بڕیوەتەوە.

ئایا ئەمەی ڕووی داوە شۆڕشە؟ یا بزووتنەوەیە یا ڕاپەرین؟ ماهییەتی بەرخۆدان و ڕووداوەکان چییە؟ سیاسی، فێمێنیستی، کۆمەڵایەتی، چینایەتی یا نەتەوەیی؟

بۆ پرسیاری یەکەم ڕوانگەی جۆراوجۆر هەیە. هێندێک ئەوەی لەم سەد ڕۆژەدا ڕووی داوە بە شۆڕش‌ ناوی دێنن و هێندێک پێیان وایە بە تاریفی کلاسیک ناچێتە خانەی شۆڕش و تەنیا بزووتنەوەیە.

من پێم وایە دەبێ سنوورێکی ماناییی سەیر لە نێوان شۆڕش و بزووتنەوەدا دانەنێین و هەر بە مانای کلاسیک نەڕوانینە ڕووداوەکان. بە ڕای من، ماهییەت و ناوەرۆکی ڕووداوەکان گرینگترە. دەکرێ شۆڕش بەربڵاو بێ یا بەستراوە بە شوێن و کاتێک بێ. دەکرێ سەر کەوێ و دەکرێ شکست بخوا. لە کەیسی ئیستای ئێراندا بەهۆی بێسنووریی زەبروزەنگی حکوومەت، دەکرێ چاوەڕوانی هەزینەی زۆری بەرخۆدان بین، گەرچی تا ئێستاش دیار نییە داهاتوو چی لێ دێ و ڕەنگە ئەم شۆڕشە زۆر بخایەنێ. شۆڕش نزمی و نشێوی و سەرکەوتنی هەیە. دەکرێ هەموو شارەکان لەگەڵ نەبن. هەڵبەت دەکرێ هۆی سەرەکی بۆ نەهاتنی ناوەند ترس لە لەدەستدانی هێژمۆنی و بەرژەوەندیی خۆی بێ. بەڵام ئەوەی لە کوردستان هەیە شۆڕشە.

پرسیاری دووهەم: ئەوەی تا ئەم چرکەیە ڕووی داوە بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازە کە ژنان نەترسانە لەم ساڵانەی دواییدا بەڕوونی بۆ مافی خۆیان جەنگاون. دوای مەرگی دڵتەزێنی ژینا، زۆربەی پیاوان بەتەواوی پشتی داواکانی ژنانیان گرتووە، گەرچی ڕەفتار و بیری سێکسیستی لەم ماوەیەدا کەم نەبوون. هاوکات داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئازادیی سیاسی و مەدەنی بۆ هەموو خەڵک گرینگە و ژن و پیاو لێرەدا بەرژوەندییان تێک دەهاڵێ. بەڵام لە کوردستان جگە لە دادی کۆمەڵایەتی، ئازادیی مەدەنی و سیاسی و یەکسانیی جنسییەتی، پرسی نەتەوەییشمان هەیە کە لەم سەد ڕۆژەدا بەتەواوی لە هەر هەموو خۆپێشاندان و دروشمەکان بە هێمای کوردستانی و دروشم بۆ ڕزگاری، خۆی نواندووە.

ئێستا پێوەندیی ئەم شۆڕشە بە ناوی شەهید ژینا چۆن بێ؟ ئایا ئەمە دابەزاندن/ “تقلیل”ی دەدا کە تەنیا بە کەسێکی ببەستینەوە لە کاتێکا زۆر کەس شەهید بوون و داواکان بەرفراوانن؟ نەخێر. ژینا وەک تاکێکی کۆمەڵگا که دەبوو مافی ژیانێکی ئاسایی هەبا، دەبێته نوێنەری هەموو تاکەکان کە مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان لێ زەوت دەکرێ و دەسەڵات هەموو ئازادییەکان و کەرامەتیان لەژێر پێ دەنێ. ئینجا ژینا کوردە و گەڕانەوەی ناوی ژینا گەڕانەوەیه بۆ سەرچاوە. لە زۆر وڵاتیش شۆڕشەکان بەناوی کەسێک، مانگێک یا وڵاتەکە کراوە؛ شۆڕشی سپارتاکوس، ژاندارک، شۆڕشی مەزنی فەرانسە، شۆڕشی ئۆکتۆبر، جوڵانەوەی ڕۆزا پارکس، هتد. ئەگەر ئەم شۆڕشە بەناوی ژینا بکرێ، کە هەر ئیستاش زۆر کەس بە شۆڕشی ژینا ناوی دەبەن، جۆرێکە لە هەست بە بەرپرسایەتی کردن بەرانبەر بەو هەموو زوڵمەی لەم ٤٣ساڵەدا، بە گشتی لە ژنان و بەتایبەت لە کورد کراوە. ناونانی ئەم بزووتنەوەیە بە شۆڕشی ژینا، بگرە دەبێتە جۆرێک لە میتۆد و مێکانیسمی دادپەروەرانەی خودی کۆمەڵگا، تاک و ئێلیت لە بەرانبەر ستەمی بێسنووری حکوومەت دژبە ژنان و قازانجی ئەم هەڵوێستەش هەر بۆ خودی خەڵک دەگەڕێتەوە.

 “ژن ژیان ئازادی” دروشم و تایبەتمەندیی شۆڕشەکەیە. ئەم شۆڕشە ویست و داوای سیاسی، ژنانە، ئازادیخوازانە و ژیانخوازانەی هەیە. هەرچۆن شۆڕشی مەزنی فەڕانسە “بەرابەری، برایەتی، ئازادی”ی دەویست. لێرەدا شۆڕشی ژینا پلەیەک سەرتر دەڕوا و ڕادیکاڵترە و داوای “یەکسانی، ژیان و ئازادی” دەکا. ئەم شۆڕشە، پیاومەزنی و دین‌سالاری دێنێتە ژێر پرسیار. (کە تەنانەت شۆڕشی مەزنی فەڕانسە و ڕووسیە، ژنیان هەڵاواردبوو)

 ئایا دەستەبەرکردنی ئازادی و دێمۆکراسی لە داهاتوودا وڵامدەری پرسی نەتەوەیی دەبێ؟ ئایا دروشمی “ژن ژیان ئازادی” دەتوانێ پرسی نەتەوەیی چارەسەر بکا؟ یا ئێمە دەبێ شۆڕشی ژینا پلەیەکی دی ڕادیکاڵ بکەین و باسی جۆرێک لە سەروەریی سیاسی بۆ کورد بکەین؟

گرینگە شۆڕشی ژینا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، نرخی پێ بدرێ نەک دابەزێندرێ و بگوترێ بزووتنەوەیەکی تەنیا فێمێنیستییە. چونکە خودی ئەم ڕوانینە بە کەم دیتنی توانا و هزری فێمێنیزمە. لەکاتێکا ڕوانگەی فێمێنیستی دەتوانێ وڵامێک بێ بۆ هەر جۆرە هەڵاواردنێکی جنسییەتی، کۆمەڵایەتی، جەستەیی، فکری و ڕاسیستی و ڕێگایەکی باشە بۆ گەیشتن بە کومەڵگایەکی دادپەروەر و یەکسان بە تێڕوانینێکی تازە بۆ زۆر چەمک لەوانەش چەمکی ڕێبەری، ماف، شۆڕش، ڕزگاری و هتد.

بەڵام پرسی نەتەوەیی لە دوای ڕووخان و لە ئەگەری جۆرێک لە دێمۆکڕاسی لە ئێراندا هەر دەمێنێتەوە. ئەوەش بەهۆی قبووڵ نەکردنی مافی سیاسیی کورد هەر ئێستا لەلایەن ئێلیت و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، تا ڕادەیەک کە هێندێکیان دەڵێن مانەوەی ئەم حکوومەتەیان پێ باشترە لە تەنانەت فێدڕالیسم. کەوایە شۆڕشی ژینا نابێ لە دروشمەکانی خۆی پاشەکشە بکا. شۆڕشی ژینا دەبێ لەسەر جۆرێک لە مافی سەروەری بۆ کوردستان پێداگر بێ.

ئەم ڕاپەڕینە، گووران و “دگردیسی”یەکی بنەڕەتییە لە فۆڕم و مانادا. لە نیگا و ئامانجدا. شۆڕشێکە دژی نەزمی ناوخۆیی و دەرەکی. شۆڕشی ئەمجار لە کوردستان‌ ڕا دەستی پێ کرد و دەبوو هەر لێرەوە دەست پێ‌بکا. کوردستان وەک چوارڕێیەکە کە هەموو پرسەکان یەکتر دەبڕن و بۆ گۆڕانێکی جیاواز یەک دەگرنەوە. پرسی نەتەوەیی، دادپەروەری و جێندێری، گەورەترین درزەکانی ئێستای کۆمەڵگای ئێران و هزری دژەکۆلۆنیالیستی ڕەنگە وڵامدەری ئەم دۆخە بێ. ڕێنێسانس لێرەوە دەبوو بکرێ چونکە کوردستان هەمیشە کراوەتر و ئاواڵەتر بووە بۆ گوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئینجا ئەگەر تیۆرییەکەی مارکس قەبووڵ بکەین کە دۆخی شۆڕش دۆخێکە کە دەسەڵات چیتر ناتوانێ وەک پێشوو حکوومەت بکا و چینی خوارەوەش چیتر وەک پێشوو دەستەمۆ نابێ، ئەوەی ڕووی داوە دەکرێ بە شۆڕش بناسین. هەنووکە سووژەی کورد نایهەوێ چیدی ژێردەست بێ. ئێستا سووژەی کورد لەم دۆخەدا خۆی دەبینێتەوە کە دژی دەسەڵات و بێ مافیی خۆیەتی. ئەمە لە دیسکۆرسی پرسی کورددا شۆڕشە. بەڵام بۆ ئێران ڕەنگە جارێ زوو بێ و تەنیا بزووتنەوە بێ. تاک و ئێلیتی ئێرانی هێستا لە دۆخی بەردە بوونی دینی یا وەهمی “ایرانشهری”ی خۆیاندا دەژین و ڕەنگە تا “شۆڕش دژی خود” کەمێکیان مابێ.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە زۆربەمان خەریکین بە پێوانەی کلاسیکی شۆڕشەکان و ڕادەی بەشداریی نەتەوەی سەردەست ڕووداوەکان هەڵدەسەنگێنن. واتە چونکە ناوەند، تاران و تەورێز و چینی سەرەوە و بازاڕ جارێ بە تۆخی لەگەڵ نەکەوتوون، کەوایە ئەم هەستانە شۆڕش نییە. لە کاتێکا شۆڕش بەگشتی لە هەموو دنیادا هەر لەخوارەوەڕا کراوە و دەکرێ.

خاڵێکی تر ئەمەیە کە حکوومەتی ئیسلامی، 43 ساڵە دەیهەوێ بە “تقیە” مۆڕاڵی خۆی کە لە ڕاستیدا دژەمۆڕاڵە دروست بکا. بەڵام ژنان، گەنجان و مێرمنداڵان، ئێستا دژی هەموو نۆڕم و ئەخلاقییاتی حکوومەت ڕاساون. ئەمە شۆڕشێکی نەک تەنیا سیاسی- فێمێنیستی و دادخوازە کە ڕێنێسانسێکی مێنتاڵ و ئێتیکییە.

شۆڕشی ژینا (ڕاپەڕینی ژینا) مەیدان و چوارڕێی تێکهەڵکشان، تێکهەڵچوون و بڕینی یەکتری هەموو فاکتەرەکانە/ ئینتێرسێکشنالیتی کە هاوکات دەتوانێ خاڵی وەرچەرخانی پرسی ڕزگارییش بێ. مۆری ژنانەبوون لەسەر ئەم شۆڕشە نەک نیشانەی کەمیی ئەم بەرخۆدان و ڕاپەڕینە بەڵکوو نیشانەی گەشەی واڵای کۆمەڵگایە.