گەڕانەوەی نۆڤەمبەری “خوێناویی” ئێران؟
بڕیاری دادگای ئابان لەمەڕ پێشێلکارییەکانی ئێڕان دژی یاسای ناودەوڵەتی لە ٢٠١٩، لە ڕوانگەی دۆخی ئێستای ئێران
لە ٣٠ سێپتەمبەری ٢٠٢٢، دادگای ناونەتەوەیی گەل لەمەڕ دڕندەیی ئێران (بە کورتی تریبوناڵی ئابان) دوای دوو ساڵ لێکۆڵینەوە لە بارەی ڕووداوەکانی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ لە ئێران، حوکمی خۆی ڕاگەیاند. سێ ساڵ لەوەپێش، بە هۆی چوونە سەری نرخی بەنزین خۆپیشاندانی سەرانسەری دژی دەوڵەتی ئێران دەستی پێ کرد. هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران ناڕەزایەتییەکانیان بە شێوەی دڕندانە سەرکوت کردن. دادگایەکە ژمارەیەک پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی لە لایەن دەوڵەتی ئێران و هێزە ئەمنیەتییەکان دۆزینەوە. ئەوان دەوڵەت، بە ڕێبەریی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە جێبەجێ کردنی تاوان دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبار دەکەن، چونکە کردەوەکان بە شێوەی سیستەماتیک، بەربڵاو و بەشێوەی پلان داڕێژراو بۆ لەناو بردنی خۆپیشاندەران بەرێوە چوون.
کاتی حوکمەکە نەیدەتوانی [لە ڕوانگەی ڕێژیمی ئێرانەوە. و.] نەگونجاوتر بێ. لە سێپتەمبەر، ناڕەزایەتی سەرانسەری دیسان سەریان هەڵدا، کە بە کوژرانی ژنێکی ٢٢ ساڵەی کورد، ژینا مەهسا ئەمینی، لە کاتی دەستبەسەرکران لە لایەن گەشتی ئیرشادی ئێران، لەبەر پۆشینی حیجاب بەشێوەی نەشیاو، دەستیان پێکرد. لەو کاتیەوە، خەڵکی ئێران لە سەرانسەری وڵات ڕۆژانە هاتوونە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخاندنی دەوڵەت دەکەن. لە کاتی سێهەمین ساڵوەگەڕی ڕووداوەکانی ٢٠١٩، ناڕەزایەتییەکان بە تایبەتی بەهێزتر بوون و مانگرتن لە وڵات دا دەستیان پێکردووە.
بە لەبەر چاو گرتنی ئەو پاشخانە، ئەو وتارە بە کورتی باسی حوکمەکە دەکات تا بیسەلمێنێ کە کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە تاوان دژی یاسا ناودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەبات، کە کردەوەی خێرای ناودەوڵەتی دەخوازێ.
لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩ چی ڕوویدا؟
دوای دەستپێکی نارەزایەتی سەرانسەری، ئینتەرنێت داخرا و هێزە ئەمنیەتییەکان بە شێوەی توندوتیژانە دەستیوەردانیان کرد تا ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکەن. ڕێبەری گەورە ئایەتوڵڵا خامنەیی فەرمانی “ئەنجامدانی هەر کارێک بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکانی” دەرکرد بە گوێرەی شاهیدانی ناوخۆیی دادگاکە، بڕیاری تەقە درا بە سەرجەم هێزە ئەمنیەتییەکان (لاپەڕەی ٤٩٨ و دواتر). بەڵگەکانی دادگاکە ئاشکایان کرد کە تاک تیرهاوێژ لە سەربانی بیناکان جێگیر کرابوون تا خەڵکی مەدەنی بکوژن (لاپەڕەی ١٨٣) و بە پێچەوانەی یاسای ناودەوڵەتی، کەڵک لە چەک وەرگیرا (لاپەڕەی ٣٣). بە گوێرەی هەلسەنگاندنەکان، لانی کەم ١٥٠٠ کەس کوژران و ٧٠٠٠ کەس دەسبەسەر کران، خەڵک بێ سەروشوێن کران، ئەشکەنجە کران و دەستدرێژیی سیکسییان کرایە سەر، لە ناویاندا هی کەم تەمەن.
دادگای ناونەتەوەیی گەل لە مەڕ دڕندەیی ئێران چییە؟
لەبەر نەبوونی ناوەندێکی پێداچوونەوەی یاسایی، دادگای گەل لە لایەن ڕێکخراو و لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤەوە دامەزرا. بە گوێرەی پێڕەوی دادگاکە، ئامانجی سەرەکی “ئاشکرا کردنی ڕاستی و ساغ کردنەوەی لایەنی بەرپرسیار لە ژێر ڕووناکایی پرینسیپەکانی یاسا، ویژدانی مرۆڤ و دادپەروەرییە” چونکە هیچ هەنگاوێکی بە کردەوە لە لایەن کۆمەلگای ناودەوڵەتییەوە هەڵنەگیراوە. ڕاوێژکارەکان، هەم پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، ١٦٠ کاربەدەستی ئێرانی، لە ناویاندا سەرکۆماری ئێستا ئیبراهیم ڕەئیسی-یان، بە تاوان دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبار کرد و بەڵگەیان کۆ کردنەوە کە بۆ هەڵسەنگاندن پێشکەشی پانێلەکە کرا. ئەندامانی پانێلەکە کە بڕیاری کۆتاییان دا، یاساناسی ناسراو و سەربەخۆی ناونەتەوەیین بە ئەزموونی بەشداریی لە دادگای ناونەتەوەییەوە. ئەوان ئەرکی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی نۆڤەمبەری ٢٠١٩یان لە ئەستۆ بوو. بڕیارەکە هیچ کاریگەرییەکی پابەندکەری نییە و، ئێران لە دادگایەکەدا بەشدار نەبووە. بەڵام، بڕیارەکە و زیاتر لە ٦٠٠ شاهید بەڵگە و هەڵسەنگاندنی گرینگ لەمەڕ دڕندەییەکان دەستەبەر دەکەن کە دەکرێ بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی هەنووکەیی لە ئێران بەسوود بێ. بێجگە لەوە، زانیارییەکان ڕەنگبێ بۆ پرۆسەی داهاتوو دژی کەسانی بەرپرسیار بەکەڵک بێ.
بیرۆکەی دادگای گەل دەگەڕێتەوە بۆ دادگای ڕاسڵ لە ١٩٦٦، لە چوارچێوەی تاوانەکانی جەنگ کە لە شەڕی ڤییەتنام ئەنجام درابوون. لەو کاتییەوە، ئەوان بوونە ئامرازێک بۆ بیستنی قوربانییان و بەرپرسیار کردنی بکەرەکان لە کاتێکدا ئەوان لە لایەن مێکانیزمەکانی بەرپرسیارکردنی ناودەوڵەتی، دادپەروەرییان بۆ دەستەبەر ناکرێ.
دۆزینەوە سەرەکییەکانی دادگاکە کامانەن؟
پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ
دادگاکە پێشێلکاریی بەربڵاو و مەزنی مافەکانی مرۆڤی دۆزینەوە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان و دواتر لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە ئەمنیەتییەکانی بەڕێوە چووبون.
بە گوێرەی دادگاکە، ئێران بەرپرسی پێشێلکاریی مافی دەبڕینی ئاشتییانەی ناڕەزایەتی و دەربڕینی بیروڕا بە گوێرەی بڕگەی ٢١ی پەیمانی ناونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسییە (ICCPR) (لاپەڕە ٤٥٢)، کە ئێران واژۆی کردووە.
سەلمێندرا کە هێزە ئەمنیەتییەکان بە ئانقەست خەڵکی مەدەنییان کوشتووە کە ئەوە پێشێلکاریی مافی ژیان بە گوێرەی بڕگەی ٦ی پەیمانی ناونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسییە (لاپەڕە ٤٥٣).
بێجگە لەوە، هەزاران خۆپیشاندەر بە ئانقەست و لە گۆترە دەستبەسەر کران، کە ئەوە پێشێلکاریی مافی ئازادیی و ئەمنیەتی تاکەکان بە گوێرەی بڕگەی ٩ی پەیمانی ناونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسییە (لاپەڕە ٤٥٥). شاهیدان دۆخی زیندانی بوون وەک شتێکی نامرۆڤانە باس دەکەن (بڕوانە لاپەڕەکانی ٣٤٨، ٣٧٠). ژوورەکانی بەندیخانە پڕ بوون لە گەناوەر و ئاودەست، ئامرازی هەواگۆڕکێ و گەرمایان نەبوو. زیندانییەکان خواردن، ئاو و دەرمانی پێویستیان پێ نەدەدرا. هێزە ئەمنیەتییەکان بەردەوام زیندانییەکانیان ئەشکەنجەی فیزیکی و دەروونی دەکرد. ژمارەیەکی زۆر شاهیدیی لەبارەی ئەشکەنجە، لە ناویاندا شۆکی کارەبایی، توندوتیژیی سێکسی، لێدان، هەوڵی خنکاندن بە ئاو و، ناچار کردنیان بەرەو دۆخی سترێس خولقێن (لاپەڕە ٤١)، پێشێلکاریی بەکار نەهێنانی ئەشکەنجە و ڕەفتاری دیکەی نامرۆڤانە لە ژێر بڕگەی ٧ی پەیمانی ناونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسییە (لاپەڕە ٤٥٧).
بەشێک لە دەستبەسەر کراوان تا ئەمڕۆش بێ سەروشوێنن (لاپەڕە ٢٩٤). لە ئاکامدا، هێندێک تەرم لە شوێنی چۆلکراو دۆزراونەوە و کەسوکاریان ئاگادار نەکراونەوە (لاپەڕە ١٨٩). لەبەر ئەو هۆیە، بە گوێرەی بەڵگەکان دادگاکە باسی لەوە کردووە کە هێندێک ڕووداوی بێ سەروشوێن کردنی زۆرەملی قەوماون کە پێشێل کردنی بڕگەکانی (٣) ٢، ٧ و ٩ی پەیمانی ناونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسییە (لاپەڕە ٤٥٦).
دادگاکە هەروەها ئاشکرای کرد کە چونکە کاربەدەستان لەبەر نەدانەوەی تەرمی کوژراوەکان، پێشیان بە کەسوکاری قوربانییان گرتووە تا خۆشەویستانیان بنێژن، ئەوەش پێشێل کردنی بڕگەی ١٥ی پەیمانی ناونەتەوەیی لەمەڕ مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە (ICESCR)، کە ئێران واژۆی کردووە (لاپەڕە ٤٦١).
دوای ڕووداوەکانی نۆڤەمبەری ٢٠١٩، هیچ لایەنێک بەرپرسیا نەکراوە و هیچ قەرەبوو کردنەوەیەکیش نەدراوە. لەجیاتان، کاربەدەستان چالاکانە هەوڵیان داوە ڕووداوەکان لە بیروڕای گشتی بشارنەوە. قوربانییان و کەسوکاریان هیچ جۆرە پارێزگاریی یاساییان پێ نەدراوە و لەبەر ئەو هۆیە ئێران مافی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری لە ژێر بڕگەی ٢ی پەیمانی ناونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسی، پێشێل کردووە (لاپەڕەی ٤٠٦ و دواتر).
تاوان دژی مرۆڤایەتی
دادگای ئابان بە پشتبەستن بەو پێناسەیەی لە بڕگەی ٧ی یاسای ڕۆمدا کراوە، چونکە هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بە شێوەی سیستەماتیک و بەربڵاو جێبەجێ کراون، ئەوان وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی پێناسە دەکات. دەستەواژەی “بەربڵاو” ئاماژە بە ڕێژەی زۆری تاوانەکان و ژمارەی بەرچاوی قوربانییانە (لاپەڕە ٤٧٠). بێجگە لەوە، پێوەری “سیستەماتیک” پێشمەرجەکەی ئەوەیە کە ئاکارەکان لەخۆوە نەکراون بەڵکو بە شێوەیەکی ڕێکخراو بوون (لاپەڕە ٤٧١).
بە گوێرەی دادگاکە، ئاکارەکانی هێزە ئەمنیەتییەکان بەشێک لە ستراتێژییەکی مەزنتر بە مەبەستی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بوون. دەستگیر کردن و کوشتنی لە گۆترە لە لانی کەم ٢٠ پارێزگا لە ٣١ پارێزگا تۆمار کران (لاپەڕە ٤٧٨)، و کردەوەی هاوشێوە لە سەرانسەری وڵات دووپات کرانەوە (لاپەڕە ٤٩١). بێجگە لەوە، بە گوێگرتن لە شاهیدی ناوخۆیی، پانێلەکە توانی ئەو کارانە بۆ فەرمانی دەوڵەت بگێڕێتەوە (لاپەڕەی ٤٩٦ و دواتر). بۆیە، ئەو دادگایە ئاشکرای کرد کە چونکە هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە سروشتدا بەربڵاو و سیستەماتیک بوون، ئێران تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەڕێوە بردوون (لاپەڕەی ٥٣٩ و دواتر).
ڕاسپاردەکان
بڕیارەکەی دادگاکە بە ڕاسپاردە بۆ ئێران و کۆمەڵگای ناودەوڵەتی لەمەڕ لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکان و لێپێچینەوە لە کردەوەکان کۆتایی دێت (لاپەڕەی ١٩١ و دواتر). ئەوانە لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاماژەیەک بە دادگای ناونەتەوەیی تاوانەکان بە گوێرەی بەشی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ڕەنگبێ بڕگەی ١٣ی یاسای ڕۆم بۆ تاوانی دژی مرۆڤایەتی بێ، دەگرنە خۆ. ئەوەش هەنگاوێکی باش دەبێ بۆ چارەسەر کردنی ڕووداوەکان لە لایەن دادگایەتکی ناونەتەوەیی و هێنانە دی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان.
دۆخی هەنووکەیی ئێران چۆنە؟
لە ١٦ی سێپتەمبەرەوە، ڕۆژانە ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێران دەستیان پێکردووە، بە تایبەتی لە شەقامەکان، لە قوتابخانان و زانستگاکان. ئینتەرنێت، وەک نۆڤەمبەری ٢٠١٩ سنووردار کراوە. هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران دیسان بە شێوەی توندوتیژانە دەستێوەردانیان کردووە. گەلێک لە کوژراوەکان کەم تەمەنن. هێزە ئەمنیەتییەکان سەدان قوتابییان دەستبەسەر کردوون. هێزی چەکدار لە سەرانسەری وڵات هێرشیان کردۆتە سەر زانستگاکان. هێزی دادوەریی حوکمی ئیعدامی بۆ خۆپیشاندەران دەر کردووە. زیاتر لە ١٦ هەزار کەس تا ئێستا دەستبەسەر کراون، پاش داوای پارلەمان لە سیستەمی دادوەریی، هەموویان مەترسی لە سێدارەدرانیان لەسەرە.
بە تایبەتی ناوچەکانی سیستان-بەلوچستان و کوردستان، شوێنی ژیانی کەمینە ئەتنیکییەکان، لە ژێر هێرشی قورس دان. تەنیا لە زاهیدان، سەدان کەس لە ڕۆژێکدا بە تەقە کوژران. لە کوردستان باسی دۆخی شێوە جەنگ کراوە، کە بۆتە هۆی کوژرانی زۆر لە خەڵکی مەدەنی. لە شەوی ١٩ی نۆڤەمبەر، فیدیۆی هاوار و تەقەی تفەنگی ئوتوماتیک لە شاری مەهاباد بڵاو بوونەوە، کە بووە هۆی مەترسی سەرکوتی بەربڵاو.
دۆخەکە لە ڕادەبەدەر ناسەقامگیرە و زۆر وێدەچێ سەرکوتی دڕندانەی دیکە بەڕیوە بچن. بێجگە لەوە، مەترسی نزیکی لە سێدارەدان لە ئارادایە کە یاسایی بوونیان بە گوێرەی یاسای ناودەوڵەتی جێگای گومانە.
ئاخۆ ئێستا ئێران دیسان یاسای ناودەوڵەتی پێشێل دەکات؟
دەرئەنجامەکانی دادگای ئابان نیشانی دەدەن کە دەوڵەت بە ئانقەست خۆپیشاندەران سەرکوت دەکات. بە گوێرەی ئەو دەرئەنجامانە، دیسان زۆر وێدەچێ فەرمانی هاوشێوە لە دۆخی هەنووکەییدا درابن. شێوەی کاری هێزە ئەمنیەتییەکان هاوشێوەی سێ ساڵ لەوەپێشە. دیسان دەستگیر کردنی لە گۆترە، ڕفاندنی خۆپیشاندەران لە ئامبوڵانسی ساختەدا، لێدانی دڕندانە، کەڵک وەرگرتن لە چەک و تاد. بەڕیوە دەچن. چونکە هۆی هەموو ئەوانە خۆپیشاندانی هێمنانە بوون، ئێران جارێکی دیکە بڕگەی ٢١ی پەیمانی ناونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسی و هەروەها بڕگەکانی ٦، ٧ و ٩ی پەیمانی ناونەتەوەیی لەمەڕ مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پێشێل کردوون.
سزای لەسێدارەدان دەگەڵ ستانداردە توندەکەی بڕگەی ٦ (٢)ی پەیمانی ناونەتەوەیی لەمەڕ مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ناگونجێ. سزاکان بۆ کردەوەی ئەوتۆ دەرکراون کە هەموویان بە مافەکانی ئازادیی ڕا دەربڕین و ئازادی کۆبوونەوەی هێمنانە پارێزراون. ئەو کردارانە بە هیچ شێوەیەک وەک تاوانی قورس نایەنە ئەژمار. هەروەها دادگای دادپەروەرانەش بوونیان نییە، چونکە سزاکان لە دادگای ساختەدا دەدرێن. بێجە لەوانە، لێکۆڵینەوەکانی تریبونال ئاشکرای دەکەن کە سیستەمی دادوەریی گوێڕایەڵی دەوڵەتە.
بە لەبارچاو گرتنی هەڵوێستی ڕێبەری گەورە و، ئەگەری زۆری دەرکردنی فەرمانی هاوشێوەی نۆڤەمبەری ٢٠١٩، مرۆڤ جارێکی دیکە دەکرێ باسی هەڵوێستی سیستەماتیک بکات. سەرکوتی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان بە هەمان شێوە لە سەرانسەری وڵات جێبەجێ دەکرێ، بۆیە لە سروشتدا بەربڵاو و سیستەماتیکن. ئەوە بەو مانایەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دیسان تاوان دژی مرۆڤایەتی بەڕێوە دەبا.
بەلەبەر چاو گرتنی ئەوە کە هێرشەکان بە تایبەتی لە کوردستان و سیستان-بەلوچستان قورسن ، کە دەیان ساڵە لە ژێر سەرکوتی لەگۆترەدان، مەترسی کۆمەڵکوژیی لە ئارا دایە.
ڕابردووی ئێران چیمان فێر دەکات؟
ئێران چەندین ساڵە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە مەحکوم دەکرێ و مێژوویەکی دورودرێژی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی هەیە.
ئەو بە کارەسات دژی هەزاران دژبەری سیاسی لە ١٩٨٨، کە گوایە سەرکۆماری هەنووکەیی، ئیبراهیم ڕەئیسی، تێیدا بەشدار بووە، تاوانبار دەکرێ. پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بەشێک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامین و ڕؤژانە بەڕێوە دەچن. بێچگە لەوە، ئێران لە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازی سیاسیی کەڵک وەردەگرێ. جێگای سەرنجە کە زۆربەی زیندانییانی سیاسی و کەمینەکان لە سێدارە دەدرێن. بۆ وێنە، کوردەکان ٪١٠ حەشیمەتی ئێران پێکدێنن، بەڵام ٪٧٠ ی لەسێدارە دراوان کوردن. بێجگە لەوە، پارێزگاریی یاسایی دادپەروەرانە بوونی نییە. کەسانی تاوانبار کراو بە شێوەی دادپەروەرانە دادگایی ناکرێن. یاساناسانی مافەکانی مرۆڤ لەبەر ئەرکدارییان دادگایی دەکرێن و سزای زیندانیان بۆ دەبڕنەوە، وەک چۆن پەروەندەکانی شیرین عیبادی و نەسرین ستودە ئاشکرای دەکەن.
دەرئەنجام
دادگای ئابان کاری گرینگی بو تیشک خستنە سەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کردووە. چونکە هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران بە هەمان شێوە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا سەرکوت دەکەن، ئێران جارێکی دیکە ئەرکەکانی بە گوێرەی یاسای ناودەوڵەتی پێشێل دەکات. بە لەبەر چاوگرتنی مێژوو، چاوەڕوان دەکرێ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە داهاتوودا لە ئەنجامدانی دڕندەیی بۆ سەرکوتی دەنگی دژبەرانی سیاسی و جووڵانەوان سڵ نەکاتەوە.
کۆمەڵگای ناودەوڵەتی دەبێ بە توندترین شێوە دژی بوەستێتەوە و پێشێلکارییەکانی هەنووکەیی مافەکانی مرۆڤ مەحکوم بکات، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبێتە هۆی کوژرانی زیاتر. کۆمەڵگای مەدەنی ئێران جارێکی دیکە لە بەرانبەر دڕندەیی ئێران بێ بەرگرییە. لەوەش زیاتر، دەوڵەتان دەبێ ئاسایشی ئێرانییانی تاراوگە بپارێزن، چونکە لە هێرشی ڕێژیم تەنانەت لەدەروەی وڵاتیش پارێزراو نین، وەک کوشتنی عەبدولڕەحمانی قاسملو لە ڤییەن نیشانی دا.
گەمارۆ پەسەندکراوەکان، بڕیارنامەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و گیرانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوی گرینگ بوون. ئەوەش دەبێ ڕێوشوێنی کردەیی دیکەی دەگەڵدا بێ تا بە زووترین کات کۆتایی بە کوشتنەکان بێ. لە درێژمەودا دا، دەبێ ئەوانی بەرپرسی ئەو دڕندەییانەن بە شێوەی یاسایی بەرپرسیار بکرێن.
415
دەرچوون لە «گێڕانەوەی سەروەر» و «گوتاری زاڵ»...
قطب بندی و دسته بندی های دوران انقلاب و ضرورت آلترناتیو دمکراتیک و انقلابی...
Scroll to top