شۆڕشی ژینا و تێڕامانێک
شۆڕشی ژینا دەکرێ بە یەکێک لە نوێترین، مودێڕنترین و سەردەمیانەترین شۆڕشەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پێناسە بکرێت؛ چونکە ئەم بەرخۆدان و ڕاپەڕینە بە شەهید کردنی کچێکی بێتاوانی کورد کە تەنیا لەبەر کورد بوون و ژن بوونی، لە لایەن دەسەڵاتدارانی جنایەتکاری حکومەتی ئاخوندەکانی ئێرانەوە شەهید کرا هەڵگیرسا.
دیسان ئەم شۆڕشە بە ڕێبەریی ژنان درێژەی کێشا و گڕ و بڵێسەی ئاگری ئەم شۆڕشەش لە ژێر دروشمی سەرەکیی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ماوەیەکی کەمدا هەموو ئێرانی گرتەوە. نەک تەنیا ئێران و کوردستان، ئەم شۆڕشە لە ژێر کاریگەریی دروشمەکەی کە دوای شۆڕشی دێموکراسیخوازی پڕلایەنگرترین خواست و ئامانجە، توانی هەر زوو پەلوپۆ بهاوێتە نێو کۆڕ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پەرلەمانەکانی تەواوی دونیا و دەنگی مافویستیی کورد و هەموو ئێران بە گوێی تەواوی دونیا بگەیەنێ. ئەم شۆڕشە لە مێژووی پڕ لە جنایەت و سەرکوتی حکوومەتی ئاخوندەکانی ئێران و ڕێژیمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکانی پێش ئەم ڕێژیمەش بێوێنەیە، چونکە بۆ یەکەم جار توانی یەکڕیزی و کۆدەنگییەک لە نێو نەتەوەکانی جوغرافیای ئێران دروست بکات کە لە ڕووخانی حکومەتی ئێراندا پاڵپشتی یەکتر بن. پاشانیش گرینگیی ئەم شۆڕشە دەگەڕێتەوە، بۆ ئامانج و ویستی شۆڕشگێڕانی سەر شەقام کە خوازیاری نەمان و ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندەکانی ئێرانن لە تەواویەتی خۆیدا، کە زیاتر لە چوار دەیەیە، لە سەر بنەمای ساختارێکی دژە مرۆیی، ئیدئۆلۆژی، مەزهەبی، دواکەوتوویی و پڕ لە هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی، زمانی و مەزهەبی دامەزراوە. ئەوان دەیانەوێ ئەم ساختار و ڕێژیمە هەڵوەشێتەوە و سیستەم و ساختارێکی دیموکراتیک و یەکسان دامەزرێنن، کە ماف و ئازادییەکانی هەموو نەتەوەکانی ئێران تێیدا وەک یەک و هاوسان پارێزراو بێت.
ئایا ئەم شۆڕشە، ویست و ئامانجی تەنیا لابردنی حیجاب یان ڕووسەریی زۆرەملیە؟
بەدڵنیاییەوە نەخێر! هەروەک دەزانین، هەم ڕێژیمی ئێران و هەمیش لە هەندێک جێگا و کۆمەڵگای دیکەدا، کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە هەوڵی بەلاڕیدا بردنی ئامانجەکانی ئەم شۆڕشەیان دەدا و دەیانگوت، ئەم شۆڕشە و ژنانێک کە هاتوونەتە سەر شەقام داوای بەرەڵایی ژنان دەکەن. ئەوانە بە مەبەستەوە ئەو شتانەیان دەگوت، تا بتوانن پێش بە گڕکانی لەبڕاننەهاتووی ئەم شۆڕشە بگرن. بەڵام بەهەڵەدا چوون، چونکە خەڵکانی سەرشەقام، وشیارترین مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایە بوون و هەن، هەربۆیە مەحاڵە فریوی نیازە چەپەڵەکانی ئەوان بخۆن.
دیسانیش با بە ڕوونی بڵێین، کێشە و خواستەکانی ژنانی ڕاپەڕیوی سەر شەقام، زۆر لەوە گەورەترە کە نەیارانی ئەم شۆڕشە بتوانن بەلاڕێیدا بەرن. کێشەی ژنانی کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا ڕووسەریی زۆرەملی نییە. واتە، نەبوونی مافی وەک یەک و هاوسان لە گەڵ پیاوان لە هەموو بوارەکانی ژیانە، کە ئەم ڕێژیمە لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا، ژنانی لە بەشێکی هەرە زۆر و سەرەکیی مافە مرۆییەکانیان بێبەش کردوە. ئەم ڕێژیمە، بەشێکی زۆر لە مافەکانی لە ژنان سەندۆتەوە و ئەم بێمافیانەشی بە یاسایی کردووە و بەندی یاسایی بە دژی ژنان چەسپاندووە تا بە پێی یاسای بنەڕەتیی وڵات، ژنان دیل و یەخسیری بێمافی و نەبوونی ئازادی بکات.
ژنانی ئەم کۆمەڵگایە بە پێی یاسای بنەڕەتی، مافی خۆپاڵاوتنیان بۆ سەرۆکی وڵات، یان بوون بە قازی، یان ئەندامەتی لە مەجلیسی خیبرەگان نییە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ڕێژیمی ئاخوندەکانی ئێران ژنیان پێ مرۆڤێکی بێ ئەقڵ و کەمتوانایە لە بەڕێوەبەریی سیاسیدا و ئەم مافە تەنیا بۆ پیاوان بە ڕەوا دەزانن. هەڵبەت بۆ سەرۆککۆماری و مەجلیسی خیبرەگان هەتا هەموو پیاوانیش ئەم مافەیان نییە، واتە پیاوێکی کورد یان غەیرە نەتەوەی فارس و مەزهەبەکانی غەیرە شیعە ناتوانێ ببێتە سەرۆککۆمار یان ئەندامی مەجلیسی خیبرەگان. ژنان بۆیان نییە، بێ ئیزنی مێرد یان پیاوی گەورەی ماڵ کار بکەن، یان بڕۆنە زانکۆ، یان سەفەری دەرەوەی وڵات بکەن؛ هەتا واژۆیان پێویستە لەم بوارەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو مافانە سەرەکیترین مافی ژنانن کە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا بە ڕوونی ئاماژەیان پێ دراوە و جەختیان لەسەر کراوەتەوە و ڕێژیمی ئاخوندەکانیش، ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیەیە. چەند ژنی و سیغەی بێ ئەژمار بۆ پیاوان ڕەوایە و لەبەرانبەردا ئەگەر ژنێک لە دەرەوەی ژیانی هاوبەش پەیوەندیی لەگەڵ پیاوێکی دیکە هەبێت، مەرگی بەسەردا دەسەپێنن. دیسانیش لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە ڕێژیمی دژە ژنی ئیسلامیی ئێران، پەیوەندیی سێکسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەریی بۆ پیاوان بەیاسایی کردووە و بۆ ژنانیش ئەو پەیوەندییە مەرگی حەتمییە. کوشتنی ژنان و کچان لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەفی بنەماڵە ئاسانکاریی بۆ کراوە و بکوژەکەی بە دانی دییە ئازاد دەبێ. ژن و بەهای ژن لە یاسای ئەم نیزامەدا لە هەموو بوارەکاندا لە پیاوان کەمنرخترە. بۆ نموونە ئەگەر ژنێک لە پێکدادانی ئوتومبیلێکدا گیانی لە دەست بدات، دیەی کەمترە لە جنینێکی کوڕی نێو زگی دایکێک کە لەو پێکدادانە یان، هەر پێکدادانێکی دیکەدا لەبار بچێت. ژنان لە مافی تەماشا کردنی کێبڕکێی فوتباڵ و هەروەها لە زۆر وەرزشی دیکەش بێبەش کراوان. سەپاندنی ڕووسەریی زۆرەملی و ئەسیدپاشیی روومەتی ژنان، یەکێکی دیکە لە ئازار و بیمافی و ستەمەکانی ئەم ڕێژیمە دەرهەق بە ژنانە. بەو ئاماژانە و دەیان خاڵی دیکەش کە هەن، دەگەین بەو ئاکامە، کە کێشەی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان و ئێراندا تەنیا ڕووسەریی زۆرەملی نییە و ئەوان گیرۆدەی زۆر گرفت و بێمافیی دیکەن کە لە گەردنیان ئاڵاوە و تەنیا بە ڕووخانی ئەو ڕێژیمە رزگاریان دەبێت و ڕووی خۆشی و یەکسانبوون لە ماف و دەرفەتی وەک یەک لەگەڵ پیاوان بە خۆیانەوە دەبینن. ئەمانەش نیشاندەری ئەوەن کە ئەو پروپاگەندانەی کە ڕێژیم و دارودەستەکەی و هەروەها کەسانی وەک ئەوان دەیانکرد بۆ بەلاڕیدا بردنی ئەم شۆڕشە، کە گوایە ژنان خوازیاری کۆمەڵگایەکی بەرەڵا و بێسنوورن، ڕاست و دروست نییە.
لە لایەکی دیکەشەوە، کێشەی ئەم کۆمەڵگایە و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆریش لەوە گەورەترە کە ئاخوندە دەسەڵاتدارەکانی ئێران و لایەنگرانی باسی لێوە دەکەن. ئەڵبەت نەک تەنیا کورد، ئێران خاوەنی چەندین نەتەوە و میللەتی جیاوازە و هەموو ئەم نەتەوانەش بێجگە لە نەتەوەی سەردەست واتە فارس و ناوەندگەراکان، هیچ کام لەم نەتەوانە هەتا، سەرەتاییترین ماف کە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکییە لە خوێندنگە و زانکۆکان نییانە. لە پاڵ ئەوانەشدا، ئەم نەتەوانە، بەتایبەت نەتەوەی کورد کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم ڕێژیمەوە، دەنگی نای بەم ڕێژیمە داوە و خەبات و بەرخۆدانی دەست داوەتێ، ئەوە چوار دەیەیە، بێڕەحمانە دەچەوسێتەوە و بە خراپترین شێوە ستەم و ئەشکەنجەی دەرهەق دەکرێ. ئەم ڕێژیمە لە کوردستان، بێڕەحمانە، ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە، زیندانی، ئەشکەنجە و ئیعدام دەکات و هەر ڕۆژە و لە ژێر ناو و بیانوویەک لاوێکی ئەم نیشتمانە لە زیندان دەهاوێ و دوای ئەشکەنجە و زیندانی، لە سێدارەی دەدات. واتە بۆ ئێمەی کورد ئەم شۆڕشە، خەبات و بەرخۆدانێکە لە پێناو مافە نەتەوایەتییەکانمان کە ئەم ڕێژیمە و ڕێژیمەکانی پێش ئەمیش، لە ئێمەیان زەوت کردووە. واتە شۆڕشی ژینا لە کوردستان ئامانجەکانی سەرەڕای هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران، ڕووخان و هەڵوەشانەوەی دیکتاتۆریی و دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە چوار دەیە لەمەوپێش بەزۆر خۆی بەسەر هەموو ئێران و کوردستاندا سەپاند و ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیی مەزهەبیی دواکەوتووی دامەزراند. ڕیژیمێک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئامانجی، ئاسیمیلە، قەڵاچۆ و تاڵانی سەروەت و سامانی نەتەوەکانی دیکەی غەیرە فارس بووە و هەیە.
ئاکام:
شۆڕشی ژینا، بەرخۆدان بۆ ڕووخان و لەگۆڕنانی ڕێژیمی سەرکوتکەری حکومەتی ئاخوندەکانی ئێرانە و تا گەیشتن بەو ئامانجەش، ئەم ڕاپەڕینە بێ دوودڵی درێژەی دەبێت. ڕەنگە بە هۆی سەرکوتەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەم ڕاپەڕینە کۆسپ و هەوراز و نشێوی زۆری لەپێش بێت، بەڵام سەرکەوتنی مسۆگەرە و خەڵکی سەرشەقام بڕیاری خۆیان داوە کە بۆ ڕزگاری لە دەست ئەم حکوومەتە جنایەتکارە ئامادەی دانی قوربانی و تێچوون. پاشان دەشزانن کە شۆڕش و بەرخۆدان تێچووی هەیە، بەتایبەت ئەگەر دژبەرت، ستەمکار، دیکتاتۆر و دژە مرۆڤ بێت.
زۆر ڕوونە کە ئەم حکوومەتە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا، سەروەت و سامانی لەبڕاننەهاتووی ئەم سەرزەمینەی تاڵان کردووە و بە هەزاران خۆفرۆش، بەسیج و پاسداری بۆ پاراستنی خۆی لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە و ڕەنگە دڵی بەوە خۆش بێت، کە پوتانسیالی ئەوەی هەیە ئەم شۆڕشە سەرکوت بکات. بەڵام مێژووی خەبات و بەرخۆدانی میللەتانی دیکەی دونیا ئەوەیان سەلماندووە کە ئیرادەی بەرخۆدانی گەل و کۆمەڵگا لە تانک و تۆپ گەورەترە و ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک ئیرادەی بەرخۆدانیان هەبێت، هیچ ڕێژیمێکی سەرکوتکەر ناتوانێ دەوام بێنێ؛ هەروەک چۆن دەبینین لە شۆڕشی ژینادا ئەم ئیرادەیە کەموێنەیە و ڕیژیمی ئاخوندەکانی بەچۆکدا هێناوە.
شۆڕشی ژینا ڕەنگە کاتی زیاتری پێویست بێت و بەم زووانە بە ئاکام نەگات، بەڵام سەرکەوتنی مسۆگەرە، چونکە ژنان و لاوان و خوێندکارانی ئیلیتی کۆمەڵگا ڕێبەریی دەکەن.
861
ائتلاف و آلترناتیو در ایران: انگیزه و تبعات حزب ستیزی و پرهیز از تعریف نظام آی...
مولوی عبدالحمید و درک الزامات حکمرانی سکولار...
Scroll to top