ڕاپرسییەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند تێبینییەک
داود عوسمانزادە
پێشەکی
ڕێکەوتی ١٧.٠١.٢٠٢٣ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لینکێک بەناوی “ڕاپرسی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان” بڵاو کرایەوە. پاش ئەوەی بە هەردووک زمانی کوردی و ئینگلیزی سەیری ناوەرۆکی پرسیارەکانم کرد هەستم بە هەندێک گرفتی بنەڕەتی لە پرسیارنامەکەدا کرد. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم بە کورتی گرفتە تەکنیکییەکانی پرسیارنامەکە و هەندێک گرفتی دیکەی ئەم ڕاپرسییە باس بکەم. پێش ئەوەی بچمە سەر گرفتەکانی ئەم ڕاپرسییە پێوسیتە بە کورتی ئاماژە بە گرینگیی ڕاپرسی و ئەم هەوڵە بکەم.
یەکێک لە گرینگترین، کۆنترین، زانستیترین، و باوترین ڕێگاکانی وەدەستهێنانی زانیاریی لەسەر ڕای گشتی کۆمەڵە خوڵکێک یان کۆمەڵگایەک ڕاپرسییە. ڕاپرسی لەو کۆمەڵگایانەی کە سیستەمی داخراو و تۆتالیتێر دەسەڵاتی بەدەستە زۆر کارێکی ئەستەمە و بەردەوام لەگەڵ دەستکاریی زانیارییەکان و ژمارەیەک بەربەست و هێڵی سووری سیستەمەکان بۆ توێژەرەکان بەرەوڕووین. جگە لەوەیش، لەم کۆمەڵگایانەدا بەهۆی نەبوونی متمانە بە سیستەم، زۆر کات وەڵامدەرەکان خۆیان لە وڵامی دروست دەپارێزن، چونکە گومانی ئەوەیان هەیە ڕاپرسییەکان بە ئامانجی ئەمنی و تەناهی ئەنجام بدرێن. ئەو گرفتانە بۆ نەتەوەی کۆلۆنیکراوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند قات زیاتریشن؛ بەتایبەت گەر بابەتەکانی ڕاپرسییەکە پرسە بەئەمنیکراوەکان بن.
ئەم هۆکارانە، و نەبوونی ڕێکخراوی زانستیی سەربەخۆ و ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی کات ڕاپرسییەکان بە لێکۆڵینەوەی زانکۆیی بۆ نامەکانی توێژینەوە سنووردار بکرێن؛ ئەویش دوای تێپەڕین لە هەزارتوێی دەزگا ئەمنی و چاوەدێرییەکاندا.
هاوکات، لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، کوردانی دایاسپۆرا بەهۆی پەرتەوازەیی، نەبوون یان کەمیی پڕۆژەی جدی و هاوبەش تا ئێستا ڕێکخراوێکی کارامەی ئەوتۆیان دانەمەزراندووە کە بتوانێ هەندێک پرسی گرینگی وەکوو ڕاپرسی و لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵگای کوردستان بەشێوەیەکی دامەزراوەیی و ڕێکخراو وەئەستۆ بگرێ.
لە وەها دۆخێکدا گرینگیی ئەم ڕاپرسییەی ئێستا و ئەم هەوڵە تاکەکەسییە دەردەکەوێ کە لەلایەن ئاکادیمیسییەنێکی کورد لە دایاسپۆراوە دەستی پێکردووە. ڕاپرسییەکە بە دیزاینێکی زۆر جوان و ڕێکوپێک و بە زمانێکی خۆش لە پۆرتاڵێکی بەناوبانگ و جێگەی متمانە داندراوە. خاڵێکی زۆر تایبەتیی ڕاپرسییەکە ئەو بابەتانەن کە ورووژاندوونی، کۆمەڵێک بابەت کە دەچنە خانەی هەستیارترین و گرینگترین پرسەکانی سیاسەت و کۆمەڵگا لە کوردستان. تا ئەو جێگەیەی من ئاگادار بم، ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵێکی نوێیە، چونکە ئەم راپرسییانەی تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراون زیاتر ئی توێژینەوەی نامەی ماستەر یان دکتوڕا بوون. هیوادارم ئەم هەوڵە دڵسۆزانەیەی ئامادەکاریی ئەم ڕاپرسییە ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ هەندێک کاری گرینگی لەم شێوەیە لەلایەن ئەو کەسانەی دەرفەتی وەها کارێکیان هەیە. ئەم وتارە ڕەخنەییە بە هیچ شێوەیەک ئامانجی کەمکردنەوەی گرینگیی ئەم هەوڵە نییە.
گرفتە تەکنیکییەکان
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم بەپێی میتۆدۆلۆژیی ڕیبازە چەندایەتییەکان و شێوازی کۆکردنەوەی زانیاریی لە لێکۆڵینەوەی ڕووپێو Survey لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا گرینگترین گرفتەکانی ئەم پرسیارنامەیە باس بکەم. بۆ ئەم مەبەستە خاڵ بە خاڵ لە سەرەتای پرسیارنامەکەدا دەڕۆمە پێش و هەندێک نموونەی ئەم گرفتانە دەخەمە ڕوو.
پێش ئەوەی بچمە ناو باسەکە پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە هەر ڕاپرسییەک پێویستی بە لانیکەم سێ هۆکاری سەرەکی هەیە. ١. پرسیارنامە: ژمارەیەک پرسیاری ئامادەکراو لەخۆ دەگرێتەوە؛ ٢. نموونەیەکی نوێنەر لە کۆمەڵگای توێژینەوە؛ و ٣. هەندێک ڕێگای بەستنەوە و گرێدانەوەی دوو هۆکارەکەی پێشوو، واتە دیمانە. دیمانە لەڕێگەی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت، دیمانەی ڕاستەوخۆ، دیمانەی تەلەفۆنی، و دیمانەی ئۆنلاین هەندێک لە ڕێگاکانی ئەنجامدانی ڕاپرسین. پێش هەرکام لەم قۆناغانەیش پێویستە توێژەر(ەکان) هەندێک ڕێوشوێنی زۆر وردی تەکنیکی و زانستی بگرنە بەر بۆ ئەوەی بتوانن بە ڕێکوپێکی ڕاپرسییەکە ئەنجام بدەن. بۆ نموونە، لە قۆناغی پێش ئامادەکردنی ڕاپرسییەکە، گرفت یان بابەتی سەرەکی ڕاپرسییەکە دیاری دەکرێ، پاشان بەشێوەیەکی میتۆدۆلۆژیک پرسیاری گونجاو بۆ پرسیارنامەکە ئامادە دەکرێت. قۆناغی هەڵبژاردنی نموونە و تەنانەت ئەنجامدانی ڕاپرسییەکەیش پێویستی بەم ڕێوشوێنە زانستی و وردانە هەیە. جگە لەمانەیش، بابەتی ڕاڤەی و شیکردنەوەی دێیتاکانیش پاش وەرگرتنەوەی پرسیارنامەکان لەڕێگەی هەندێک تەکنیک و ڕێگای زانستی و وردەوە دەڕۆنە پێش.
لەبەر ئەوەی تەنیا پرسیارنامەکە و شێوەی بڵاوکردنەوەی پرسیارنامەکەمان بەدەست گەیشتووە، لەم وتارەدا زیاتر باس لە ناوەرۆکی پرسیارنامەکە و پاشان وەرگرتنی نموونەکە دەکەین.
ناونیشانی ڕاپرسییەکە
بەگشتی ڕاپرسییەکان ناونیشانێکی دیاریکراویان هەیە کە ڕەنگدانەوەی بابەتی ڕاپرسییەکەیە. لەلاپەڕەی یەکەمی پرسیارنامەکاندا ئاماژە بە ناوی توێژەرەکان، یان ئەو دامەزراوانە دەکرێ کە ڕاپرسییەکە دەکەن. ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی لەلایەک وەڵامدەری پرسیارنامەکە بزانێ ڕاپرسییەکە لەبارەی جی دایە، و هەم ئاگادریش بێت لەوەی کێ ڕاپرسییەکە ئەنجام دەدات. بەجۆرێک ئەم ناونیشانە دەبێتە هۆی دروستکردنی جۆرێک متمانە لەلای وەڵامدەری پرسیارنامەکەیش.
لەسەر لینکی پۆرتاڵەکە نووسراوە ” ڕاپرسی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان”. ئەم ناونیشانە زۆر فراوان، لێڵ و ناڕوونە. ناونیشانی ڕاپرسییەک نابێت لێڵ و ناڕوون بێت. لێرەدا بە هیچ شێوەیەک دیار نییە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان چین. جگە لەوەیش، خودی دەربڕینی “پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان” ئەوەندە دەربڕینێکی فراوانە کە هیچ تیم و دامەزراوەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و ڕاپرسی ناتوانێ ئەمە بکاتە ناونیشانی هیچ ڕاپرسییەک. تەنانەت ئەو درفەتەیش نییە بە تەنیا پرسە سیاسییەکان، یان پرسە کۆمەڵایەتییەکان – کە ئەوانیش بۆ پرسیارنامەیەک ڕوون، لێڵ، و فراوانن – بکرێنە ناونیشانی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی. لێرەدا زۆرترین پێداگری لەسەر زانستیبوونە، چونکە ئاخێزگەی لێکۆڵینەوەی ڕووپێو بۆ سەرژمێریی و ئامار دەگەڕێتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت کۆمەڵناسی، زۆرترین تەرکیز لەسەر زانستیبوونی ئەم زانستانە بوو و بۆ ئەم مەبەستەیش زانستە کۆمەڵایەتییەکان کەوتنە ژێر کاریگەریی زانستە سرووشتییەکان و هەوڵیان دا بنەما فەلسەفی و میتۆدۆلۆژییەکانی ئەم زانستانە لە هەر سێک ئاستی ئۆنتۆلۆژی، ئێپیستمۆلۆژی، و میتۆدۆلۆژی بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگا و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بەکار بهێنن. ڕەوتێک کە لەژێر کاریگەریی فەلسەفەی شیکاری و زانستە سرووشتییەکاندا بووە هۆی سەرهەڵدانی پاڕادایمی پۆزیتیڤیستی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان. لەم پاڕادایمەدا زیاترین تەرکیز لەسەر زانستیبوونی لێکۆڵینەوەکانە. تا ئەم ساتەیش سەرەڕای هەموو ئەم گۆڕانکارییە زۆرانەی کە لێکۆڵینەوەی ڕووپێو وەک میتۆد و ئامرازی لێکۆڵینەوە بەخۆیەوە بینیوە، زیاترین تەرکیزەکەی لەسەر پێوەرە ورد و زانستیانەکەیە و گۆڕانکارییەکانی مێژووی ڕووپێو زیاتر ئەم میتۆدەی لە زانستە دەقیقەکان نزیک کردووەتەوە. کەواتە ناونیشانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەسەر لینکی پۆرتاڵەکە لەگەڵ بنەما سەرەتاییەکانی ڕووپێو یان پرسیارنامە یەک ناگرێتەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی بریتییە لەوەی کە قابیلی بەڕێوەبەڕی Manageable بێت، واتە سنووردار بێت بۆ ئەوەی بتواندرێت لە مەیداندا ئەنجام بدرێت. ناونیشانی ئەم ڕاپرسییە هیچ سنوورێکی نییە، بابەتێک کە هیچ توێژەرێک ناتوانێ بە سانایی لێی تێپەڕێ.
بەڵام ئەمە تەنیا گرفتی ناونیشانەکە نییە، بەڵکوو کاتێک لینکەکە دەکەیەوە گرفتەکە زیاتر دەردەکەوێ. لە لاپەڕەی یەکەمدا کە دەبێ توێژینەوەکە زۆر بە کورتی بناسێندرێت و ناونیشانی توێژەرەکان بنووسرێ، نووسراوە: “ڕاپرسی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” و لێرەشدا هیچ ناونیشان و توێژەرێک نابینین. هەروەها لە لاپەڕەی یەکەمی پرسیارنامەکەدا نووسراوە:
” ئەم ڕاپرسیە بۆ توێژینەوە لە لایەن زانکۆی باکوری تەکساسەوە بڵاو دەبێتەوە. بۆ داڕشتنی پرسیارەکان کەسانێکی شارەزا یارمەتیدەر بوون؛ ئەم ڕاپرسیە تەنیا بۆ هاووڵاتییانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؛ چ ئەوانەی وا لە ناوخۆ دەژێن چ ئەوانەی وا لە دەرەوەی وڵاتن. ئەم ڕاپرسیە بە دوو زمانی کوردی سۆرانی و فارسیە. سەرجەم گرووپە زمانییە کوردیەکان بە یەکسانی گرنگن بەڵام بە داخەوە بڵاو کردنەوەی ئەم ڕاپرسیە بە هەموو شێوەزارەکان لەم کاتەدا جێبەجێ نەبوو. لەم ڕاپرسیەدا زانیارییە تاکەکەسییەکان پارێزراو دەبن و تۆمارو بڵاو ناکرێنەوە.”
لێرەدا هەست دەکەم پۆرتاڵی بڵاوکردنەوەی پرسیارنامەکە بەهەڵە وەک دامەزراوەی ئەنجامدەری ڕاپرسییەکە ناسێندراوە. ڕاستە ئەم پرسیارنامەیە لە پۆرتاڵی ئەم زانکۆیەدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام پێویستە ئاماژە بە ئەنجامدەری ڕاپرسییەکە بکرێت، جا کەس یان کەسانێک بن یان دامەزراوەیەکی دیاریکراو.
هاوکات هەر لەم بەشەدا ئاماژە بە یارمەتیی و ڕاوێژی کەسانی شارەزا دەکرێت. یەکێک لە قۆناغەکانی ئامادەکردنی پرسیارنامە ناردنی پرسیارنامەکەیە بۆ کەسانی پسپۆڕی بواری توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و بەتایبەتی توێژینەوەی چەندێتی. ئەم کەسانە کەسانی پسپۆڕ و شارەزان و بە پرسیارنامەکەدا دەچنەوە و ڕەخنە و بۆچوونەکانی خۆیان دەڵێن و ئامادەرکاری پرسیارنامەکەیش بەپێی ئامانج و بابەتی توێژینەوەکە بۆچوونی پسپۆڕان لە پرسیارنامەکەدا دەگونجێنێ. لە دەرەوەی ئەوە کەسانە، ئاکادیمیسییەنەکانی بوارەکانی دیکە کە پسپۆڕی بوارەکە نین بە کەسانی شارەزا ئەژمار ناکرێن. هەڵبەت لە وەرگێڕانی فارسییەکەدا کەسانی شارەزا گۆڕدراوە بۆ کەسانی ئاگادار.
پرسیارەکان
پرسیارەکانی پرسیارنامەکە هەندێک گرفتی زۆر بنەڕەتییان هەیە کە لێرەدا ئاماژە چەند نموونەیەک باس دەکەین.
پرسیاری ٣٦ بەم شێوەیە: “هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرانبەر بە ژنان (جەستەیی، زارەکی، دەروونی، سێکسی، و …) و بەهەر پاساوێک پێویستە قەدەغە بکرێت”
ئەم پرسیارە خۆی پێویستی بە یەک ڕووپێوی زانستیی سەربەخۆ، یان لانیکەم ژمارەیەک بڕگەی جیاواز و سەربەخۆ، لە کوردستان هەیە. دەتواندرێ لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەژێر ناوی تاوتوێی تێڕوانینی کۆمەڵگای کوردستان بۆ توندوتیژیی بەرانبەر بە ژنان پرسیارنامەیەکی ڕێکوپێک ئامادە بکرێت کە دەیان پرسیاری بۆ پێوانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە ڕەهەندە جیاوازەکانەوە تێدا بێت. بەڵام نابێ هیچیان ڕاستەوخۆ باس لەوە بکەن کە ئەم ڕەفتارانە وەک توندوتیژیی بەرانبەر بە ژنان پێناسە کراون. بۆ نموونە هەندێک لە بڕگەکان دەتوانن بەم شێوەیە بن: گەر هاوژینەکەم پێشی ناخۆش بێت من کاتی سێکس کۆندۆم بەکار ناهێنم – هەرکات مەیلم هەبوو سێکس لەگەڵ هاوژینەکەم دەکەم – من دەبێ شێوازی سێکس لەگەڵ هاوژینەکەم دیاری بکەم، و هتد. ئەم پرسیارانە تەنیا بۆ توندوتیژی سێکسین. بۆ جۆرەکانی دیکەی توندوتیژیش دەبێ چەندین پرسیاری دیکە بەکار بهێندرێن.
زۆر کەس ڕەنگە چەندین ڕەفتاری توندوتیژانەیان لەگەڵ هاوژین یان خۆشەویستەکانیان هەبێت، بەڵام هیچ کات وەکوو توندوتیژی پێناسەی نەکەن و وەڵامی ئەم پرسیارە بە نەرێنی بدەنەوە. ئەم پرسیارە ناتوانێ هیچ ڕەفتارێک دیاری بکات، ناڕوونە، و ئاراستەدارە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم پرسیارە، پرسیارێکی فرەپرسیارە Multi-Barreled Question. واتە زیاتر لە یەک پرسیارە و جۆرەکانی توندوتیژیی زارەکی، جەستەیی، سێکسی، دەروونی و هتد دەگرێتەوە! هەروەها ئەو چەند خاڵە، واتە هتد، پرسیارەکە لەسەر وەڵامدەر ئەوەندەی دیکەش ناڕوون و قورس دەکەن. هەمان گرفت لە بڕگەی ٤٠یشدا دەبیندرێ.
پرسیاری ٢٩ پرسیارێکی دووپرسیارەیە Double-Barreled Question. ئەم بڕگەیە بەم شێوەیە: گرینگترین خواستەکانی ژنێک بۆ سەرکەوتن هاوسەرگیری و دایکایەتییە. ئەم بڕگەیە لە یەک کاتدا دوو دیاردەی هاوسەرگیری و دایکایەتی دەپێوێ. لەکاتێکدا یەکێک لە سەرەتاییترین و گرینگترین تایبەتمەندییەکانی پرسیارنامەی ڕووپێو ئەوەیە: هەر بڕگە یان پرسیارێک تەنیا و تەنیا دەبێ یەک گۆڕاو، یەک دیاردە، یەک تایبەتمەندی بورووژێنێت. بەڵام ئەم خاڵە لە پرسیارنامەکەدا لەبەرچاو نەگیراوە و هەمان کێشە لە پرسیارەکانی ٦١، ٣٠، ٣٣، ٣٥، ٢٦یشدا چەند پاتە دەبێتەوە.
پاشان، هەندێک وشەی هەمەکی ناڕوون لە هەمان ئەو پرسیارانەدا بەکار هاتوون. بۆ نموونە، هەر بڕگەی ٢٩ چەمکی سەرکەوتنی بەکار هێناوە. سەرکەوتن چییە؟ ئاخۆ پێناسەیەکی جێگیر و ڕێککەوتن لەسەرکراو لە کۆمەڵگای کوردیدا لەسەر سەرکەوتن هەیە؟ ئاخۆ سەرکەوتن بۆ کچێکی خوێندەواری ٣٠ ساڵە لەگەڵ پیاوێکی ٦٥ ساڵەی نەخوێندەوار یەک شتن؟ گەر وەلامەکە نەخێرە، چۆن دەبێ وەها چەمکێک بۆ هەموان بەکار بهێندرێت؟ هەندێک چەمکی ئابستراکتی وەکوو سەکەوتن، بەختەوەرەی، ڕەزامەندیی و چەمکگەلێکی لەم چەشنە لە پڕکێشەترین چەمکەکانی زانستە مرۆییەکان و فەلسەفەن و لە هەموو کۆمەڵگایەک بە دەیان ڕووپێو، لێکۆڵینەوەی چەندێتی و چۆنیەتی بۆ تێگەیشتن لە هەرکام لەم چەمکانە ئەنجام دراون. دەبێ زۆرترین هەوڵ بدرێت لە پرسیارنامەکاندا خۆ لە بەکارهێنانی ئەم چەمکانە بپارێزین.
برگە یان پرسیاری ئاراستەدار Leading Questions/Items: یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکی لێکۆڵینەوەی ڕووپێو و هەر جۆرە پرسیارنامەیەک خۆپاراستنە لە هەرچەشنە داڕشتنێکی بڕگە و پرسیارەکان بەشێوەیەک کە وەڵامدەر بەرەو وەڵامێکی دیاریکراو یان هەڵبژاردنی وەڵامێک ئاراستە بکات و هانی بدات. ەلم پرسیارنامەیەدا ئامادەکارەکانی پرسیارنامەکە وەڵامدرەکانیان بەپێی بۆچوونەکانی خۆیان ئاراستە کردووە و نەک هەر وشە و داڕشتنەکان، بەڵکوو بڕگەی شیکاریی تایبەتییان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هێناوەتەوە. ئەمەیش زیاتر لەوەی کە هەوڵێک بێت بۆ وەرگرتنی بۆچوونی وەڵامدەری پرسیارەکان، هەوڵێکە بۆ سەپاندنی بۆچوونی ئامادەکارەکانی پرسیارەکان بەسەر وەڵامدەرەکاندا. ئەمە لە بڕگەی ٤٤دا بە ڕوونی دەبیندرێت کاتێک ئەم بڕگەیە باس لە گرینگیی زمان و مەترسییەکانی مردنی زمان دەکات. ئەم بڕگەیە بە وەڵامدەر دەڵێ تۆ دەبێ کام بژاردەکان هەڵبژێری و وەڵامەکەی تۆ دەبێ چی بێت.
کێشەیەکی دیکەی ئەم بڕگەیە ئەوەیە کە بڕگە یان پرسیارێکی سۆزداریشە Emotional Question و هەموو سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوەی ڕووپێو بە تووندی بەکارهێنای وەها پرسیارێک و زمانی سۆزداری Emotional Language لە پرسیارنامەکاندا ڕەت دەکەنەوە. هەمان کێشە لە بڕگەی ٤٦یشدا بەڕوونی دەبیندرێت کاتێک باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت.
هەر لە هەمان بڕگەدا تووشی بایاسی پرستیژ Prestige Bias دەبین. بایاسی پرستیژ کاتێک ڕوو دەدات کە پرسیارەکان و پرسیارنامە ئاماژە بە هەندێک ناو، ڕێکخراو، گرووپ، یان سەرچاوەی گرینگ و بە پرستیژ دەدەن کە دەبنە هۆی ڕاکێشانی سۆز و متمانەی وەڵامدەرەکان و کاریگەریی لەسەر بۆچوونەکانیان دادەنێت. لەم پرسیارنامەدا ئەمە کاتێک ڕوو دەدات کە لە بڕگەی ٤٤دا بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانیان سەرچاوە دەدەن بە توێژینەوەی زمانناسانی نێودەوڵەتی.
بەپێی بنەماکانی ڕووپیو، پرسیار لەسەر مەبەستی دووری داهاتوو Distant Future Intentions کات بەفیڕۆدانە! ڕووپیو دەبێت باس لە دۆخە هەنووکەیی یان نزیکەکان بکات. وەڵامدەرەکان وەڵامی دروست زیاتر بەو بڕگانە دەدەنەوە کە پەیوەندیدار، کۆنکرێت، دیاریکراو، و نزیکن نەک ئەو ڕووداوانەی باس لە داهاتوویەکی دووری نادیار دەکەن. لە بڕگەی ٤٦دا دەڵێ “ئەگەر کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ بێت، گەلی کورد لەگەڵ یەکتردا بە کام زمان یان شێوەزارێکی کوردی پێکەوە پێوەندی بگرن؟” ئەم بڕگەیە هەڵەی مەبەستی دووری داهاتووی تێدایە و گرفتێکی گەورەی ئەم پرسیارنامەیە. لە بڕگەی ٥٩یشدا هەمان هەڵە دووپاتە بووەتەوە.
بڕگەی ناڕوون و نادیار یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زۆرینەی پرسیار و بەشەکانی ئەم پرسیارنامەیەیە. بۆ نموونە کاتێک باس لە دەوڵەتێکی دێموکراتێک دەکرێ هیچ دیار نییە مەبەست لە دیموکراتیکبوون چییە. هەر لە بنەڕەتدا دیموکراسی وەک زۆرێک لە چەمکەکانی دیکە گرفتی فرە پێناسەیی هەیە. خودی تێڕوانین بۆ دیموکراسی دەتواندرێ بابەتی دەیان ڕووپێو بێت، هەروەک چۆن ئەم کارە لە کوردستانیش و لە ئێرانیش کراوە و ئەنجامەکانیشی زۆر سرنجڕاکێشن. ئەوە جگە لەوەی کە ئەم پرسیارە پرسیارێکی پسپۆرانەیە، پرسیارێکە بەپێی بنەماکانی لێکۆڵینەوەی ڕووپێو دەبێ کاتێک وەڵامدەرەکان و نموونەکە کەسانی نوخبە و شارەزا نین بەڵکوو هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە خۆی لێ بپارێزین. ئەم ناڕوونییە بە زەقی لە بڕگەکانی پەیوەندیدار بە حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەلاتی کوردستانیشدا دەبیندرێت. وەڵامدەر ناتوانێ بزانێ مەبەستی پرسیارەکان کام ڕێکخراوانەن و دەبا ئاماژە بە ناوی هەموو ئەو ڕێکخراوانە کرابا کە پرسیارەکە مەبەستیەتی.
پرسیارەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی پرسیارگەلێکی پسپۆڕانەی سیاسی، سەربازی، ستراتیژین و ناکرێ چاوەڕوانیی ئەوە لە ڕووپێوێک هەبێت لە ڕێگەیەوە تێڕوانینی دروستی وەڵامدەرەکان وەدەست بهێنی. هاوکات، گەر بڕیاڕ بێت بابەتی لەم چەشنەیش بکرێتە بابەتی لێکۆڵینەوەی ڕووپێو، دەبێ ڕووپێوێکی جیاواز بە ژمارەیەک بڕگە و پرسیاری ڕوون و سادە بۆ وەڵامدەرەکان ئامادە بکرێن. هەمان گرفت لەبارەی بڕگەی ٥٤یشدا هەیە. بەرەیەکی یەکگرتوو بێ دیاریکردنی ناوەرۆکی بەرەکە بۆ وەڵامدەر نابێتە پرسیار.
بەکارهێنانی وشەی دژ لە بڕگەی ٥٦ گرفتی هەیە. لەمەودای نێوان دژبوون و دژنەبوون ژمارەیەکی بژاردەی دیکەی هەن کە گونجاوترن بۆ ڕووپێو. گەر کەسێک بەرنامەی سیاسیی ڕێکخراوێکی قەبوڵ نەبوو بڕیاڕ نییە دژی بێت. پاشان، بۆ زانینی دژایەتیی دیاردەیەک پێویست ناکات پرسیاری ڕاستەوخۆ بکردرێ، بەڵکوو دەکرێت لەڕێگەی هەندێک بڕگە و پرسیارەوە دژایەتییەکە بپێوین.
گرفتێکی دیکەی پرسیارەکان لە دەقە ئینگلیزییەکەدا لێک جیانەکردنەوەی دوو چەمکی دەوڵەت و حکومەت و هەندێک جار بەکارهێنانی ئەم دوانەیە لەبری یەکتر. وەڵامدەرری پرسیارەکان لەم پرسیارانەدا سەری لێ دەشێوێ و نازانێ پرسیارەکە مەبەستی دەوڵەتە یان حکومەت. هەر بۆیە پێویستە ئەم چەمکانە لە پرسیارنامەکەدا یەکلایی بکرێنەوە؛ چونکە دوو چەمکی جیاوازن.
ئەوەی لە پرسیارەکانی ئەم پرسیارنامەیەدا دەردەکەون، چەندین گۆڕاوی وەکوو یەکسانیی جێندەری و پرسی ژن، سێکولاریزم، مافی نەتەوەیی کورد، حیزبە سیاسییە کوردییەکان، هێزە ئێرانییەکان، ئێرانی داهاتوو، بەرەی یەکگرتوو کێش دەکرێن. لە یەک پرسیارنامەدا ناتواندرێت ئەم هەموو گۆڕاوە بەیەکەوە کۆ بکرێنەوە. بەپێچەوانەوە دەبێ چەند گۆڕاوێکی سنووردار ژمارەیەک بڕگەی دروستیان بۆ دابندرێت و لەپەیوەندیی لەگەڵ یەکتر و پرسیارە دیموگرافیکەکاندا هەڵبسەنگێندرێن. لەم بەشەدا گرفتە سەرەکییەکانی ئەم پرسیارنامەیە لە فۆڕم و ناوەرۆکدا پێشان دران.
گرفتێکی دیکەی ڕاپرسییەکە شێوەی وەرگرتن و هەڵبژاردنی نموونەی ئانلاینی ئەم ڕاپرسییەیە. لە دۆخێکدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو سەربازگەی لێ هاتووە و ئاستی متمانە بە پرسیارنامەیەک کە زۆرێک لە بڕگەکانی لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تاوانن و هاودەنگی لەگەڵیان سزای قورسی بەدوادا دێت ئەگەری وەڵامدانەوەی ژمارەی پێویستی خەڵک لە ناوخۆی کوردستاندا زۆر لاوازە. توانای بڵاوکردنەوەی ئەم پرسیارنامایە بە شێوەیەکی فراوان لەناو خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارێکی ئەستەمە، و زۆرترین کەسانێک کە ئەم پرسیارنامەیە دەبینین کەسانێکن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. ئەمەیش گرفتێکی زانستی بۆ وەرگرتنی نموونەی ڕاپرسییەکە دروست دەکات.
لێکۆڵینەوەی ڕووپێو Survey research میتۆدێکی زۆر کارامەی هەڵسەنگاندنی و پێوانە لە لێکۆڵینەوەکانی زانستە کۆمەڵایەتی و ڕەفتارییەکاندایە. ڕووپێو یەکێک لە کۆنترین و گرینگترین شێوازەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی لە بوارە جیاوازەکانە. بە زمانێکی سادە، لە لێکۆڵینەوەی ڕووپێودا، لە ڕێگەی هەندێک ڕێوشوێنی زۆر ورد و زانستیانەوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نموونەیەکی دیاریکراو لە گروپێک لە دانیشتوان یان کۆمەڵگەی توێژینەوە، دەتواندرێ وەسفێکی ژمارەیی و چەندێتی ڕەوتەکان، تێڕوانینەکان، یان بۆچوونەکان وەدەست بهێندرێت. ئامانج ئەوەیە بتواندرێت زانیارییە وەدەستهاتووەکان لە نموونەی لێکۆڵینەوە بەسەر کۆمەڵگای لێکۆڵینەوەکەدا بگشتێندرێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێویستە نموونەی لێکۆڵینەوەکە نموونەیەکی نوێنەر Representative بێت. بە مانایەکی دیکە، دەبێ لەپەیوەندیی لەگەڵ گۆڕاو و تایبەتمەندییە جیاوازە کاریگەر و گرینگەکانی لێکۆڵینەوەکەدا نموونەکە زیاترین ڕەنگدانەوە و وێکچوونی لەگەڵ کۆمەڵگای لێکۆڵینەوەکەدا هەبێت. ئەمەیش پێویستی بە هەندێک ڕێوشوێنی زۆر ورد و زانستیانە هەیە کە لەم وتارەدا ناکرێ بچینە سەریان. بەڵام گەر نموونەکە نوێنەر نەبێت، ناتواندرێت زانیارییە وەدەستهاتووەکان بەسەر کۆمەڵگای لێکۆڵینەوەکەدا بگشتێندرێت.
ڕاپرسییەکان گەر ڕێوشوێنە وردەکانی ڕاپرسی لەبەرچاو نەگرن زۆر بە ئاسانی دەبنە هۆکارێکی کۆکردنەوەی زانیاریی هەڵە لەسەر ئەو دیاردە و باسانەی ڕاپرسییان لەسەر دەکرێت. هەر هەڵەیەکی زەق و بەرچاو لە هەرکام لە قۆناغەکانی ڕاپرسییەکاندا دەتوانێ کۆی ڕاپرسییەکە تووشی گرفت بکات. بەتایبەتی گەر ئەم هەڵانە پەیوەندییان بە داڕشتنی پرسیارنامەکە، خاڵە تەکنیکییەکانی پرسیارەکان، شێوەی ورگرتنی نموونە، و لێکدانەوە و شیکردنەوەی زانیارییە کۆکراوەکانەوە هەبێت.
ئەو سەرچاوانەی کەڵکیان لێ وەرگیراوە:
Creswell, J. W. (2002). Educational research: Planning, conducting, and evaluating quantitative (Vol. 7). Prentice Hall Upper Saddle River, NJ.
Eichhorn, J. (2021). Survey Research and Sampling. Sage.
Neuman, W. L., & Robson, K. (2014). Basics of social research. Toronto: Pearson Canada.
Ruel, E., Wagner III, W. E., & Gillespie, B. J. (2015). The practice of survey research: Theory and applications. Sage Publications.
W Lawrence, N. (2014). Social Research Methods: Qualitative and Quantitative Approaches.