ئارامتر بخوێنەوە

چۆن بزانین ئاخۆ ئێمە شاهیدی شۆڕشێکین لە ئێران؟

واشینگتۆن پۆست – چارڵز کوزمەن

وەرگێڕان: کەماڵ حەسەن پوور


دوای تێپەڕ بوونی چەند حەوتوو بە سەر ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا، ئێرانییەکان لە پرسیارە مەزنەکە دەگەڕێن: ئاخۆ کۆماری ئیسلامی خەریکە بڕووخێ؟ هێندێک پسپۆڕ پێیان وایە ئەوە تەنیا پرسی کاتە، بەڵام بە گوێرەی هەموو مودێلە تیۆریکییەکانی ئێمە و هەواڵەکانی بڵاو بۆوە لە کاتی ڕوودانی ڕووداوەکاندا، وەڵامە ڕاستەکە ئەوەیە کە هیچ کەس نازانێ. شۆڕشەکان لە بنەڕەتدا پێشبینی ناکرێن.

خۆپیشاندەران لە ئێران، پاش کوژرانی ژنێکی لاو بە نێوی مەهسا ئەمینی دوای دەستبەسەر کران لە لایەن پۆلیسەوە لەبەر دانەپۆشینی قژی بە شێوەی شیاو (داپۆشینی قژی سەر بۆ ژنانی ئێرانی زۆرەملییە)، لە مانگی سێپتەمبەرەوە بە بەربڵاوی خۆپیشاندانیان کردوون. لە سەرەتای دێسەمبەر، مانگرتن وەک دەربڕینی هاوپشتی بوونە هۆی داخرانی دووکانەکان لە هێندێک شار، لە ناویاندا لە بازاڕی ناوەندیی تاران کە شوێنێکی سیمبۆلیکە.

ڕەنگبێ بیر کردنەوە لەوە دژوار بێ کە چۆن خۆپیشاندەرانی بێ چەک، بە بێ لەبەر چاو گرتنی ڕێژەی زۆری ئەوان، دەوانن دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆژیک و بە قورسی میلیتاریزە کراو، بڕووخێنن. بەڵام ئەوە دەقاودەق ئەو شتەیە کە هەموو کەس لە ئێران بیری لێ دەکەنەوە. ئەوان دەزانن کە کۆماری ئیسلامی بۆخۆی لە ئاکامی سەناریۆیەکی ئەوتۆدا هاتە سەر کار.


شۆڕشەکان پێشبینی ناکرێن

بە هەمان شێوە، لە ناوەڕاستی ١٩٧٨ خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران وێنەدەچوو سەرکەوتن وەدەست بێننن. وەک لە کتێبی “شۆڕشی نامومکینی ئێران”، کە بە گوێرەی گێڕانەوەکان، لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوەانییەکان و بەڵگەکانی دەوڵەتانی ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان نووسراوە، خۆپیشاندەران چەند مانگ بوو لە سەرانسەری وڵات ڕژابوونە سەر شەقامەکان، بەڵام هێندێک لە خۆپیشاندانەکان گەلێک مەزن بوون.

پاشان مانگرتنەکان دەستیان پێ کرد. هێزە ئەمنیەتییەکان قەرار بوو خەڵکی شوێنێکی کار بگەڕێننەوە سەر کارەکەیان، بەڵام کاتێک هێزەکان بەرەو شوێنێکی دیکە چوون، شوێنی پێشتر دەستی بە مانگرتن دەکردەوە. تەنانەت بە چوارەمین سوپای مەزنی دنیا، ڕێژیمی پاشایەتی ئێران بە پێی پێویست هێزی ئەمنیەتیی نەبوو تا هەموان بە شێوەی هاوکات پێمل بکات.

کۆمەڵناسان دۆخێکی هاوشێوەیان هەیە: ناڕەزایەتی بەربڵاو وەک ڕا کردنی بە کۆمەڵی مشتەریانی بانکێکە بۆ دەرهێنانی دراوەکانیان. هیچ بانکێک هێندە دراوی داندراوی نییە تا ڕێژەیەکی زۆر مشتەری کە دەیانهەوێ هاوکات دراوەکانیان دەربێنن ڕازی بکات. بە هەمان شێوە، هیچ دەوڵەتێک هێندە هێزی سەرکوتکەری نییە بتوانێ سەرهەڵدانێکی جەماوەریی سەرکوت بکات. تەنانەت ئەگەر هێزە ئەمنیەتییەکان هەزاران کەس بکوژن یان دەستبەسەر بکەن، لە کۆتاییدا دەسەڵاتی دەوڵەت بەوە بەندە کە قەناعەت بە باقی دانیشتووان بێنێ لە دەربڕینی ناڕەزایەتیدا بەشدار نەبن.

محەممەد ڕەزا پەهلەوی، شای ئێران، لە ئۆکتۆبری ١٩٧٨ لەوە تێگەیشت. ئەو لە وتووێژێکدا گوتی، “تۆ ناتوانی خەڵکی گەڕەکێک سەرکوت بکەی و چاوەڕوان بی خەڵکی گەڕەکەکەی دیکە بە باشی ڕەفتار بکات”. باڵوێزی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئێران لە ڕاپۆرتێکدا نووسی، بۆ یەکەم جار لایەنگرانی شا “بیر لە شتێک دەکەنەوە کە بۆ بیر لێ کردنەوە نەدەبوو” واتە “ڕەنگبێ وا باش بێ بیر لە بژاردەی ئەوتۆ بکەینەوە کە قەت تا ئێستا بە پەیوەندیدارمان نەزانیون.”

ملوێنان ئێرانی لە خۆپیشاندانی جەماوەری و مانگرتنی گشتیدا بەشدار بوون، ڕەنگبێ مەزنترین رێژەی بەشداریی دانیشتووان لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە کە دنیا تا ئەو کاتی دیتبوونی. شا لە جانیوەری ١٩٧٩ لە ئێران ڕایکرد و ڕوحوڵڵا خومەینی، ڕێبەری سیمبۆلیکی بەرهەڵستکاران، لە تاراوگە گەڕایەوە.

لەگەڵ: ئەوەشدا، داهاتووی ئێران ناڕوون بوو. نووسەری وتاری ڕۆژنامەیەک باسی هەستی قووڵی نادڵنیایی کرد کە لە تایبەتمەندییەکانی ساتەوەختەکانی شۆڕشە: “لە تاران، باسوخواسەکان لە دەوری ئەوە خول دەخۆن: شۆڕشەکە، کە گەیشتۆتە نیوە ڕێ، چۆن هەڵسوکەوت دەگەڵ ‌هێزی بنەڕەتی دەوڵەت بکات؟”

تەنانەت خومەینیش، کە بە ئارامییەوە دڵنیا بوو خودا خوزیاری شۆڕش لە ئێران بووە، ڕۆژێک پێش بەدەستوەە گرتنی دەسەڵات لە فێبریوەری ١٩٧٩، دانی پێدانا کە نەیدەزانی کەنگێ و چۆن ئەوە دەقەومێ.”


ئێران جارێکی دیکە لە نادڵنییایەکی قووڵدایە

لە ٢٠٢٢، ئێرانییەکان جارێکی دیکە نازانن قەرارە چ ڕوو بدا، یان کەنگێ. ئاگرێکی مەزن لە ئۆکتۆبر لە بەندیخانەی ئێڤین،  بەندیخانەیەکی دڕندانە لە تاران کە ڕێژەیەکی زۆر زیندانیی سیاسی تێدان، کەوتەوە. ئەو ئاگرە بە ئانقەست لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە نرایەوە تا دەستی بەسەر داگرن یان زیندانییەکان ڕابکەن؟ ئاخۆ ئەوە کاری کاربەدەستان بوو تا زیندانییەکان بکوژن و ئۆپۆزیسیۆن چاوترسێن بکەن؟ ڕێژەیەکی کەم لەوانەی قسەم لەگەڵیان کردووە بڕوایان بە ئیدیعای کاربەدەستانە، واتە زیندانییە ئاساییەکان لە کاتی شەڕ دەگەڵ پاسەوانانی بەندیخانە، ئاگرەکەیان نایەوە. و کەسیش نازانێ ئەوە ڕووداوێکی تاقانەیە یان قووڵتر بوونەوەی ناکۆکی.

سەرلێشێواوی دیاردەیەکی تایبەتمەندی ساتەوەختی شۆڕشە، بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوە کە ئاخۆ ڕووداوەکان دەبنە هۆی شۆڕشێکی ڕاستەقینە. خەڵک هەڵسوکەتی نەریتی دەخەنە ژێر پرسیار و، لە ناکاو هەڵسوکەوتی نوێ دەبنە باو. دۆخەکە لە حەوتوو بۆ حەوتوو و ڕۆژ بۆ ڕۆژ دەتوانێ ئاڵوگۆڕی بەسەر دابێ.

زانستوانانی کۆمەڵایەتی و پسپۆڕی دیکە ناتوانن پێمان بڵین دۆخی شۆڕشی هەنووکەیی چی بەسەر دێ، چونکە ئێرانییەکان بۆخۆیان نازانن چی بکەن. بەڵام، بە بەڵگە سەلمێندراوە کە زۆرجار، دوای ڕوودانیان، پسپۆڕان وا دەنوێنن کە شۆڕشەکان دەکرا پێشبینی بکرێن. ئێمە لە شی کردنەوەی ڕووداوەکان دوای زانیاریی لەسەر ئاکامەکەیان، باشترین.


پسپۆڕان ڕەنگە چی بڵێن

بێتوو ناڕەزایەتییەکان کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن یان ببنە هۆی ئاڵوگۆڕی بەرچاو لە دەوڵەتدا، پسپۆڕان ئاماژە بە سەرکوتی هەڵبژاردنی خاوەن کێبڕکێ دەکەن، کە بۆ کانالیزە کردنی ناڕەزایەتییەکان بۆ سیاسەتی پارلەمانی کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەوان دەڵێن، ڕاستیش دەکەن، ئێرانییەکان لە توندوتیژیی هێزە ئەمنیەتییەکان تووڕە بوون و لە گەندەڵیی دەوڵەتێک نەفرەتیان هەیە کە دەڵێ یەزدان ئیلهامدەریانە.

لە هەمان کاتدا، ئابووری ئێران بە هۆی خراپ بەڕێوە بردن، ئاسەوارەکانی پەتای کۆرۆنا و گەمارۆ درێژ مەوداکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، تێکڕماوە. جیلی نوێ، سەرەڕای پەروەردە بوون لە سیستەمی فێر کردن و پەروەردەی کۆماری ئیسلامیدا، هاوڕای ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدار نییە. و هاتنە سەرکاری خودی کۆمارەکە بە هۆی سەرهەڵدانی جەماوەریی، ڕێچکە دانەرە.

بەڵام، بێتوو ناڕەزایەتییەکان نەبنە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی یان ئاڵوگۆڕی بەرچاو، پسپۆڕان دیسان وا دەنوێنن کە ئاکامەکەی چاوەڕوانکراو بووە. هیچ خومەینییەک بۆ بوون بە ڕێبەری سیمبۆلیک بۆ جووڵانەوەی هەنووکەیی بوونی نییە. کۆماری ئیسلامی ئەزموونی زۆری لە سیس کردنی جووڵانەوەی ناڕەزایەتیدا هەیە. لە ناویاندا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکەی وەکو جووڵانەوەی سەوز لە ٢٠٠٩.

دژواریی ئابووری ڕەنگبێ خەڵک ناچار بکات دەست لە ناڕەزایەتی هەڵگرن و بگەڕێنەوە سەر کار. مانگرتنەکان تا ئێستا کاریگەرییان لەسەر داهاتی دەوڵەت لە هەناردە کردنی نەوتدا نەبووە. ئێران ئەوەندە هاوبەشی بیانی هەن تا خۆی لە تەریک کەوتنەوەی تەواو ببوێرێ. و هێزە ئەمنیەتییەکان وێدەچێ بە دەوڵەت وەفادار بن.

بە گوێرەی ئامار، شۆڕشەکان دەگمەنن، تەنانەت لە وڵاتانی کە وێدەچێ دۆخەکە بۆ شۆڕش “پێگەیشتوو” بێ، کەوابوو گرەو لە سەر شکست زۆر جار دڵنیا کەرەوەیە. وردە وردە، ناڕەزایەتییەکان لە کەفوکوڵ دەکەون و تووڕەیی جەماوەریی دەبنە بیرەورییەکی مێژوویی.

بەڵام، شتی دەگمەنیش ڕوو دەدەن. تەنیا ١٠٠ ڕۆژ پێش ڕاکردنی شا بۆ تاراوگە لە ١٩٧٨، ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی [واڵتە یەکگرتوەکان] پێشبینی کرد کە “ناوبراو لە ماوەی دەیەی داهاتوودا لە دەسەڵاتدا  دەمێنێتەوە.” ئێرانییەکان دەزانن ئەو پێشبینییە چی بەسەر هات.