ئارامتر بخوێنەوە
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چه‌ند وێنه‌ی ده‌ورانی کۆماری کوردستان[1]
شەهلا دەباغی
وێنه و گه‌ڕان به‌دوای زانیندا
که‌ڵکوه‌رگرتن له وێنه وه‌ک سه‌رچاوه له لێکۆڵینه‌وه‌ی کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا زیاتر له پێشوو په‌ره‌ی سه‌ندووه (پێشتر سه‌رچاوه‌کان زیاتر نووسراوەکان بوون). هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و کولتوورانه‌ی که له ڕێگای بینین[2]وه پێک دێن، په‌ره‌ی سه‌ندووه و ئه‌مه‌ش به چه‌ند هۆوە (فاکته‌ر) گرێ دراوه: کو‌لتوور زیاتر وه‌ک پێوه‌ندی هه‌ڵسوکه‌وتی ئینسانه‌کان ده‌بیندرێ، ئه‌زموونه‌کانی ڕۆژانه زیاتر له ڕێگای بینینه‌وه وه‌ده‌ست دێن، ته‌نانه‌ت خوێندنه‌وه له ڕێگای چاوه‌وه‌یه، ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه به‌دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م زیاتر بووه. هه‌روەها هێز و کاریگه‌ری که‌ره‌سه‌کانی پێوه‌ندی وه‌ک تیڤی و ئامرازی دیجیتاڵی له‌و چه‌شنانه‌ن که تێگه‌یشتن له جیهان وه‌ک تێکستەوە به‌ره‌و جیهان وه‌ک وێنه ده‌بەن و وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌زموونی ڕۆژانه‌ی ئینسانی به شێوه‌یه‌کی زۆر به‌رین له ڕێگای بینین، وێنه و چاو‌ەوەیە.[3]
کاتێک ئێمه وشه‌ی وێنه به‌کار دێنین، هه‌م به مانای کۆنکرێتی ڕۆژانه‌ی خۆی دێ و هه‌م به مانای که‌ره‌سه‌یه‌ک که له ڕێگای بینایی و دیتنه‌وه پێوه‌ندی دروست ده‌کا. وێنه وه‌ک که‌ره‌سه و یارمه‌تیده‌رێک له کاری مه‌یدانیدا و هه‌روه‌ها بۆ به‌ته‌سویرکێشان و نێشاندانی ئایدیا، ئه‌رزش و بیره‌کان به‌کار دێن. وێنه ده‌توانێ ساختمانێک، ژوورێک، دارێک، یان وێنه‌ی سه‌ر کراسێک و هتد بێ. وشه‌ی وێنه ده‌کرێ له گواستنه‌وه/ئینتقالدانیشدا به‌کار بێ، بۆ وێنه کاتێک له ڕێگای وشه و موزیکه‌وه وێنه‌یه‌ک وه‌بیرمان دێته‌وه و یان دێته به‌رچاو.[4]
لێنا یوهانسۆن، شاره‌زای مێژووی هونه‌ر، پێی وایه که بۆ تێگه‌یشتن له وێنه ده‌بێ خۆێندنه‌وه‌کان به دوو به‌ش (کاتێگۆری) دابه‌ش‌کرێن:
– لێکۆڵینه‌وه‌ی ئێستێتیکی(جوانیناسی) وێنه‌کان
– لێکۆلینه‌وه له ئایدیا و بیره‌کان. گه‌ڕان به‌دوای جوانیناسیدا به مانای گه‌ڕان به‌دوای ستایل، فۆڕم، ڕه‌نگ، هێڵ و ستروکتوردایه. لێکۆڵینه‌وه له بیر و ئایدیاکان، به‌و مانایه‌یه که به‌دوای شرۆڤه‌کردن و هه‌ڵێنجانی مانای وێنه‌داین.[5]
کاریگه‌ری وێنه‌یی به‌و مانایه‌یه که، نه ته‌نیا وڵامی پرسیاری، ئه‌وه که وێنه‌یه‌ک چۆن هاتۆته بوون و به‌رهه‌می کولتوورێکی تایبه‌ته، ده‌درێته‌وه، به‌ڵکوو باسی ئه‌وه‌ش دێته گۆڕ که چۆن وێنه خۆی ده‌بێته هۆی دروستکردنی کولتوورێک، چۆن ده‌بێته پێکهێنه‌ری ساختاره‌کان و یاریده‌ده‌ری بۆچوونه‌کان و به‌رداشتی سیاسی و ئایینی.[6]
به‌کارهێنانی وێنه وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژوویی
فۆتۆ، وه‌ک ئامرازی پێوه‌ندی، هه‌م له‌و شته که وێنه‌که‌ی لێ گیراوه و هه‌م بۆ ئه‌و که‌سه که چاو له وێنه‌که ده‌کا، کۆنکرێت و ڕاسته‌وخۆیه. بۆ ئه‌وه که ببینین، پێویستمان به زانین و یاسا و یان زمانێک نییه، به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتن له وێنه‌یه‌ک پێویستیمان به ئه‌زموون و پێشینه‌ی کولتووری هه‌یه. وێنه له خۆیدا به ته‌نیایی زۆر به‌که‌می مانای هه‌یه. وێنه و ئه‌و مێدیایه که وێنه‌که بڵاو ده‌کاته‌وه، به هه‌لومه‌رجی کولتووری و سیاسی گرێ دەد‌رێن، واته له کۆنتێکستدا مانا په‌یدا ده‌که‌ن. بۆ ئه‌وه که خوێندنه‌وه، ته‌فسیر و به‌رداشت له وێنه، جێگای باوه‌ڕ بێ، ده‌بێ وێنه له کۆنتێکستی کولتووری و مێژوویی‌دا دابندرێت. بۆ وێنه ئێمه ده‌رباره‌ی کات و شوێنی وێنه‌که و ده‌رباره‌ی ئه‌و ئینسانانه‌ی که له وێنەکە‌دان، چ ده‌زانین؟ نۆڕم و یاساکانی سه‌رده‌مێک که وێنه‌که‌ی تێدا گیراوه، چن؟[7] وێنه‌کان به‌پێی کات، ده‌کرێ له‌په‌نا یه‌کتر دابندرێن و باسی گۆڕان یان نه‌گۆڕانه‌کانمان بۆ بکه‌ن. تێگه‌یشتن له وێنه باشتر ده‌بێ، ئه‌گه‌ر له کۆنتێکستی کولتووری – مێژووی خۆیاندا شرۆڤه بکرێن. هاوڕێ له‌گه‌ڵ نووسراوه و سه‌رچاوه‌کانی تر، وێنه ده‌توانێ زانیارێکی زیاتر له کات و شوێن و سه‌رده‌م بداته بینه‌ر. هه‌روه‌ها ناوه‌رۆکی نووسراوه‌یه‌ک له ڕیگای وێنه‌وه ده‌توانێ ده‌وڵەمه‌ندتر بێ.[8]
بۆ تا ئێستاش نووسراوه‌کان زیاتر له وێنه‌کان وه‌ک سه‌رچاوه بۆ لێکۆڵینه‌وه، که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گیرێت؟ ڕه‌نگه هۆیه‌ک ئه‌وه بێ که ده‌کرێ وێنه ڕوتووش بکرێ. (دیاره نووسراوه‌ش سانسۆر ده‌کرێ) بۆ وێنه زۆر که‌س وێنه‌ی ویلادیمیر لێنینیان له ساڵی ١٩١٧ دیوه که ڕاوه‌ستاوه و خه‌ریکی قسه‌کردنه،. له ڕاستیدا، لئۆ ترۆتێسکی له‌و وێنه‌یه‌دا بووه که دواتر له سه‌رده‌می ستالین‌دا ڕوتووش کرا و لابردرا. یان هۆیه‌کی تر ده‌توانێ مێژووی کورتی وێنه له بەرانبەر نووسیندا بێ و مێژووی فۆتۆ ته‌نیا ده‌گاته ١٧٠ ساڵ.[9] دیاره هۆێ جواروجۆری تریش هه‌ن که بۆ تا ئێستاش وێنه که‌متر وه‌ک سه‌رچاوه که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه که له‌وه زیاتر ئێره جێگای باسی ئه‌و بابه‌ته نییه.
نموونە‌ی (وێنه‌ی) دێرین/كهن‌الگو
Archetypos arche، له وشه‌ی یونانی Arche+types
له زمانی یونانیدا، ئارکه به مانای بناخه، سه‌ره‌تا و هۆ و وشه‌ی تیپ به مانای ئۆلگوو، و نموونە دێ. له ئه‌ده‌بدا ئارکه‌تیپ زیاتر به‌و تێکستانه ده‌وترێ که سه‌رچاوه‌یان دیار نییه و به شێوه‌یه‌کی ترادیسیۆنی هاتونه‌ته ناو نووسین و زۆر جار خودی سه‌رچاوه له ده‌ستدا نییه و له ڕێگای نووسینه‌وه‌ی نووسینه‌کانی پێشترەوە گه‌یشتوونه‌ته ئێمه.
ئارکه‌تیپ، سیمبۆلی هه‌ستی بناخه‌یی ئینسانه وه‌ک به‌خته‌وه‌ری، مه‌رگ و ترس. ڕه‌نگه مانایه‌کی نزیک به‌م وشه‌یه له زمانی کوردی‌دا، وێنه‌ی باستانی، نموونە‌ی دێرین/وێنه‌ی دێرین و وێنه‌ی ئه‌زه‌لی بێ. له زمانی فارسی‌دا ئارکه‌تیپ به که‌ن نمونە، که‌ن الگو ناسراوه.
یونگ پێی وایه که بۆ ناسین و شیکردنه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌توانین له سیمبۆله‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه بکۆڵینه‌وه و که‌ڵک وه‌رگرین. ئه‌و سیمبۆلانه میراتێکن که له پێشینییانەوە گه‌یشتوونه‌ته ئێمه. سیمبۆل ئیشاره‌ته به مانایه‌کی واڵا و شاراوه و له مانای ڕواڵه‌تی خۆی زیاتره و تێپه‌ڕ ده‌بێ و ئاماژیه به شوێنێکی تر. به بڕوای یونگ، نموونە‌ی دێرین/که‌ن نمونە له ناخی ئینساندا له سه‌ره‌تاوه له هه‌موو کولتووره‌کاندا بووه و هه‌ر بۆیه زۆر ئه‌فسانه و ئۆستووره و وێنه له کۆمه‌ڵگای ئینسانی‌دا هاوبه‌شن. دایکی زه‌وی نموونە‌یه‌که له‌و وێنه دێرینانه که سیمبۆلی زاوزێ و ئافراندنه و ئاماژه‌یه به به‌خته‌وه‌ری و چاکه. نموونە‌ی دێرین له پێکهێنانی ئه‌زموونی هۆشیارانه‌ی ئێمه‌دا کاریگه‌رییەکی تایبه‌تییان هه‌یه و به شێوه‌ی خه‌یاڵ و خه‌ون ده‌رده‌که‌وه‌ن. وێنه/ئۆلگووە دێرینه‌کان له‌ناو دین و ئایین و هونه‌ر و ئاره‌زوویه‌کی ئاڕمانیدا ده‌بیندرێن.[10]
گریمانه‌ی یه‌که‌م
کاتێک باسی وێنه و ئۆلگووی دێرین ده‌که‌ین زیاتر ئۆلگووەکانی سه‌رده‌می باستان دێنه ناو مێشک وه‌ک ئاتێنا، وێنوس، حه‌وا، کاوه، ئۆیدیپوس، ئاشیل، سیاوه‌ش و هتد. به‌ڵام له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا گریمانه‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که ئۆلگووەکان به‌رده‌وام دێنه بوون و ته‌نیا به ده‌ورانی باستانه‌وه گرێ نادر‌ێن. بۆ وێنه مه‌نسووری حه‌للاج که بۆ حه‌قیقه‌ت سه‌ری چووه سه‌ر دار، ژاندارک سه‌ربازێکی ئازا که بۆ وڵاته‌کەی جه‌نگا و تاهیره قووڕەتولعەین ژنێکی ئازاد و یاخی که له دینی ئیسلام لای دا، وێنه‌گه‌لێکی زۆر دواتری ده‌ورانی باستانن.
له جیهانی ئه‌ده‌بدا که‌سایه‌تی تراژێدی ناو ده‌قی شیکسپێر، هاملێت، سیمبۆلی که‌سێکه که نزیکترین خزمه‌کانی خه‌یانه‌تی پێ ده‌که‌ن و به‌داوی پرسیاری بوون یا نه‌بوونه. لای کورد، که‌سایه‌تییەکی وه‌ک ئه‌حمه‌دی خانی ئۆلگوویه‌که بۆ ناسیونالیسمی کوردی، په‌ره‌پێدانی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی، یان کۆمار ڕه‌مزێکه بۆ سه‌روه‌ری کوردستان و پێشه‌وا وێنه‌ی ئینسانێکی وه‌فادار و شه‌هیده بۆ سه‌ربه‌ستی نیشتمان.
گریمانه‌ی دووهه‌م
سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌موکووڕییه‌کان و هێندێک جار ڕۆڵی نێگاتیڤی هێندێک له ماسمێدیاکان، دیسان نابێ له‌بیرمان بچێ که ڕۆڵی مێدیاکان له دروستکردنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا له ڕێگای پێوه‌ندی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ بیسه‌ر، بینه‌ر و خوێنه‌ردا، ڕۆڵێکی گرینگ و تایبه‌ته. مێدیاکان بۆ وێنه له ڕێگای نیشاندانی فیلم و وێنه‌ی شۆڕشه‌کانی کورد، ده‌ورانی کۆمار یان نیشاندانی کاره‌ساته‌کان وه‌ک ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه و هتد، به‌رده‌وام هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی په‌ره پێ ده‌ده‌ن و دووباره به‌رهه‌می ده‌هێننه‌وه. (هه‌ڵسه‌نگاندنێک له کاری تیڤییە‌کانی کوردی له ڕوانگه‌یه‌کی فێمینیستیه‌وه، هه‌ر له نووسه‌ری ئه‌و بابه‌ته له نوامبری ٢٠٠٨ بڵاو بووه.)
پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه
به بڕوای ڕۆڵاند بارت، له وێنه‌دا واقعێک هه‌یه یان بووه که شه‌رت نییه حه‌قیقه‌ت بێ، به‌ڵام ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌که له کات و شوێن له ڕابردوودا. به واتایه‌کی تر فۆتۆ، باسی ئه‌و شته ناکا که ئیتر نییه، به‌ڵکوو ئه‌و شته نیشان ده‌دا که جارێک ڕووی داوه.[11]
زۆر جار کە ئێمه باسی کۆمار ده‌که‌ین، بیر و بۆچوونی جیاواز سه‌باره‌ت به ئه‌و ده‌ورانه له مێژووی کورد دێته ئاراوه. هێندێک له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که کۆمار ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به خو‌دموختاری له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا بووه و که‌سانی تریش هه‌ن که له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که کۆمار هه‌وڵێک بووه بۆ گه‌یشتن به سه‌روه‌ری سیاسی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان.
له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا له ڕێگای شرۆڤه‌کردن و خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌ی ده‌ورانی کۆمار، هێندێک شێعر و ده‌قی به‌جێماو له ده‌ورانی کۆمار، وڵامی ئه‌و پرسیارە ده‌درێته‌وه: وێنه‌کانی به‌جێماو له ده‌ورانی کۆمار چ واقع یان ڕووداوێک به ئێمه نیشان ده‌ده‌ن؟
مێتۆد
ژماره‌یه‌ک وێنه وێڕای تا ڕاده‌یه‌کی زیاتر ڕۆژنامه، گۆڤار، بیره‌وه‌ریی، ڕه‌وایه‌ت و ده‌ق له سه‌رده‌می کۆمار به‌جێ ماون. یه‌ک له‌و ده‌قه گرینگانه، سوێندی پێشه‌وایه. کاتێک هه‌مووی ئه‌وانه (وینه، فیلم، ڕۆژنامه‌کان، بیره‌وه‌رییه‌کان و هتد) له‌په‌نای یه‌کتر داده‌نرێن وێنه‌یه‌ک له کۆمار به‌ده‌ستەوە ده‌ده‌ن و له ڕێگای ئه‌و ماتێریاڵه‌وه ده‌کرێ ته‌فسیرێک له کۆمار بکه‌ین. (یان چه‌ندان ته‌فسیر)
له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا هێندێک له وێنه‌کانی به‌جێماو له ده‌ورانی کۆمار هه‌وه‌ڵ به‌جیا ئانالیز ده‌کرێن و دواتر ئه‌و وێنانه وێڕای ده‌قی سوێندی پێشه‌وا و چه‌ند شێعر له مامۆستا هێمن که له ده‌ورانی کۆمار و دوای کۆمار نووسراون، له‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌کۆ شرۆڤه ده‌کرێن.
گرینگه که ئاماژه به‌وه بکرێ که شرۆڤه‌کردنی هه‌ر وێنه یان تێکستێک به‌ستراوه‌ته‌وه به پێشینه‌ی سیاسی، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر بینه‌ر یان خوێنه‌رێک.[12] ده‌کرێ ته‌فسیره‌کان به‌پێی سات و شوێن و تاک، زۆر جیاواز بن. بۆ وێنه ڕه‌نگه دوو که‌س که له دوو ڕێکخراوی حیزبی جیاوازدا ئه‌ندامن، ته‌فسیرێکی ته‌واو جیاوازیان له وێنه‌یه‌ک هه‌بێ، به‌ڵام ده‌کرێ به گشتی ئه‌وه بڵێین که وێنه‌یه‌ک ده‌توانێ هه‌ڵگری هه‌ستێکی گشتی بێ یان هه‌ستێکی گشتی و هاوبه‌ش پێک بێنێ.
که‌ره‌سه‌ی لێکۆڵینه‌وه (ماتریاڵ)
ژماره‌یه‌ک وێنه[13] وێڕای چه‌ند فیلم له ده‌ورانی کۆمار ماون که له ڕۆژنامه، کتێب، گۆڤار، سایته‌کان و له تیڤییە کوردییەکاندا نیشان ده‌درێن و چاپ کراون. ئۆرجیناڵی ئه‌و فیلم و وێنانه لای کێن و چه‌نده‌ن و چه‌ند له به‌ڵگه‌کانی ده‌ورانی کۆمار له‌ناو چوون، خۆی باسێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێ.
بەڕێز حەسەن قازی یه‌ک لەو که‌سانه‌یه که هه‌وڵێکی زۆری داوه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی وێنه‌کانی ده‌ورانی کۆمار، ساخکردنه‌وه‌ی زانیاری، ناوی که‌سایه‌تییه‌کانی ناو وێنه‌کان، کات و شوێنی وێنه‌کان و بڵاوکردنەوەیان له ڕێگای ئینتێرنێته‌وه له دوو ماڵپه‌ڕ (سایت)ی خواره‌وه‌دا:
http://weneykk.blogspot.com/
http://www.wkomarik.blogspot.com/
دیاره ئه‌و وێنانه له زۆر ماڵپه‌ڕی تر و ڕۆژنامه‌ی کوردی و غه‌یری کوردی‌دا هه‌ن و چاپ کراون. بۆ ئه‌و کاره چه‌ند وێنه، وێڕای زانیارییه‌کانی سه‌باره‌ت به وێنه‌کان، گۆڵبژێر کراون. ئه‌م گوڵبژێره (ته‌نیا وێنه) به هوی تێکنیکییه‌وه‌یه که ئه‌و فیلمانه‌ی که له تیڤییەکان نیشان ده‌درێن، وه‌دەستم ناکه‌ون و ئه‌گه‌ریش په‌یدا کرێن، بۆم ناخرێنه ناو پرۆگرامی نووسینی ویندۆزه‌وه.
کۆی وێنه‌کان که لێره‌دا به‌کار دێن، سه‌رجه‌م بیست وێنه‌ن و وێنه‌کان ڕیزبه‌ندی کراون تا خوێنه‌ر بزانێ که له شرۆڤه‌کردندا کام وێنه مه‌به‌سته. یه‌ک له وێنه‌کان (وێنه‌ی شه‌هیدانی سه‌قز و بۆکان، و ناوی شه‌هیده‌کان له دوو ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان و گیاڕه‌نگ وه‌رگیراوه). (پێویسته ئاماژه به‌وه بکرێ که لە هه‌ڵبژاردنی ماڵپه‌ڕه‌کان و وێنه‌کاندا، سه‌ره‌ڕای ڕێزم بۆ هه‌موو تاک و حیزبه‌کان، هێچ پێوه‌ندێکی سیاسی به هێچ لایه‌نێکی حیزبی یان تاکه که‌سه‌وه نییه و ته‌نیا وه‌ک سه‌رچاوه بووه.)
ده‌قی سوێندی پێشه‌وا
«ئه‌من به خودا، به که‌لامی عه‌زیمی خودا، به نیشتمان، به شه‌ڕافه‌تی میللی کورد، به ئاڵای مقه‌ده‌سی کوردستان سوێند ده‌خۆم که تا ئاخر هه‌ناسه‌ی ژیانم و ڕژاندنی ئاخر تنۆکی خوێنم به گیان به ماڵ له ڕێی ڕاگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستاندا تێبکۆشم.»
(کوردستان ژماره ١٤ ڕێبه‌ندان ١٣٢٤)
ڕه‌وایه‌ت له زمان وێنه‌وه
سوزان سۆنتاگ، ژورنالیست و نووسه‌ری ئامریکای (١٩٣٣ – ٢٠٠٤)، ده‌ڵێ: «ڕه‌وایەته‌کان ده‌بنه هۆی تێگه‌یشتنی ئیمه، وێنه کارێکی تر ده‌کا: به‌رده‌وام به‌دوای ئێمه‌دا دێن.»[14]
وێنه به چاک و خه‌راپ ده‌توانی کاریگه‌ری له‌سه‌ر تاک، نه‌ته‌وه‌کان و جیهان هەبێ. وێنه ده‌توانێ بیروڕای گشتی بگۆڕێ یان بیره‌وه‌رییه‌ک که‌مڕه‌نگ یا پڕڕه‌نگتر بکا. بۆ وێنه بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌کانی هه‌ڵه‌بجه، ژێنۆسایدی کورد، شه‌ڕی وێتنام توانیویانه بیروڕای گشتی جیهان له‌سه‌ر ئه‌و ناحه‌قییه بگۆڕن، که دژ به کورد یان وێتنام بوون.
کارین ئاندێن پاپادۆپۆلۆس له تێزی دوکتوڕای خۆیدا باسی ئه‌وه ده‌کا که: وێنه‌ی ئه‌و کچه برینداره ڕووته‌ی شه‌ڕی وێتنام که به بۆمبی نێپاڵ بریندار بوو، هێزی وێنه نیشان ده‌دا که چۆن مێژوو ده‌گۆڕدرێت و وێنه‌کان ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر بیروڕای گشتی کاریگه‌رییان هه‌یه یان ده‌بنه هۆی هه‌ڵوێستگرتنی خه‌ڵک.[15]
کاتێک ئینسان ڕه‌وایه‌تێک ده‌بیسێ، هێندێک وێنه له مێشک و خه‌یاڵیدا پێک دێ. ڕه‌نگه ئه‌و وێنه‌یه له‌گه‌ڵ واقع یه‌ک بگرێ و ڕه‌نگه دوور له ڕاستی بێ. به‌ڵام کاتێک ئینسان وێنه‌یه‌کی کۆنکرێت ده‌بینێ، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئینسان دووباره‌سازی ڕووداو یان ڕه‌وایه‌ت له دونیای زه‌ینی خۆیدا ده‌کاته‌وه. بۆ وێنه کاتێک باسی ئۆله‌مپیکی چین ده‌کرێ، هه‌ر که‌س وێنه‌یه‌ک له مه‌یدانه‌کانی کێبه‌رکێ، ڕه‌نگه‌کان، خه‌ڵکانی به‌شدار و هتد له خه‌یاڵیدا دروست ده‌کا، به‌ڵام کاتێک کامێراکان وێنه و فیلم له ئۆله‌مپیکی چین بڵاو ده‌که‌نه‌وه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر واقع دێته پێش چاوی بینه‌ر. یان کاتێک باسی کوشتار و ژێنۆسایدی کورد به ده‌ست به‌عس ده‌کرێ و شاهیدان ڕه‌وایه‌ته‌کان ده‌گێڕنه‌وه، وێنه‌یه‌ک له زه‌ینی ئێمه‌دا دروست ده‌بێ و کاتێک فۆتۆی هه‌زاران جه‌سته‌ی سووتاو و شارێکی بۆمبارانکراو ده‌بینین تا ڕاده‌یه‌کی زیاتر وێنه‌کانی مێشکمان له واقع نزیک ده‌بێته‌وه. وێنه‌کانی کۆماریش له‌گه‌ڵ بینه‌ر هه‌ر ئه‌و کاره ده‌که‌ن.
ڕۆڵاند بارت له کتێبی هۆده‌ی ڕووناک، چه‌ند بیرێک ده‌رباره‌ی فۆتۆگرافیدا، ده‌نووسێ که فۆتۆ به شێوه‌یه‌کی میکانیکی شتێک نیشان ده‌داته‌وه که یه‌ک جار بووه و هه‌رگیز له ڕاستیدا ڕوو ناداته‌وه، «به‌شێک له واقع له ساته‌کانی چوو، واته ڕابردوو و واقع له یه‌ک کاتدا». به واتایه‌کی تر فۆتۆ باسی ئه‌و شته ناکا که ئیتر نییه، به‌ڵکوو ئه‌و شته نیشان ده‌دا که جارێک ڕووی داوه، واته فۆتۆ جه‌خت ده‌کاته سه‌ر «ئه‌و شته که من ده‌یبینم له واقعدا بووه و ڕووی داوه»، مه‌دڕه‌کێک، حازر له کات و شوێن. فۆتۆ کۆپی واقع نییه، به‌ڵکوو درەوشانه‌وه‌یه‌که له واقعێک له پێشوودا.[16]
به‌و تێڕوانینه، وێنه‌کانی کۆمار هه‌ڵگری چ واقعێک له ڕابردوودان؟ به‌پێی ئه‌و وێنانه/به‌ڵگانه، که له ده‌ورانی کۆمار بۆ ئێمه به‌جێ ماون، شاری مه‌هاباد ناوه‌ندی کۆبوونه‌وه‌ی ئیڕاده‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو. وێنه‌کانی ژماره ١، ٢، ٣، ٤ و ٥ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك نیشان ده‌دن که له مه‌یدانه‌کانی شار له ڕۆژانی ٢٦ی سه‌رماوه‌ز و ٢ی ڕێبه‌ندان کۆ بوونه‌ته‌وه یان ڕێژه ده‌ڕۆن. له زۆر بیره‌وه‌ریی که‌سایه‌تییه‌کانی کوردا، زۆر جار ئیشاره به ڕۆژانی ٢٦ سه‌رماوه‌ز و ٢ی ڕێبه‌ندان کراوه. له‌وانه کۆچکردوو، عه‌بدولقادر ده‌بباغی، ئه‌ندامی ژ.ک. و دواتر ئه‌ندامی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، له وتووێژێک له تیشک تیڤیدا، باسی ئه‌وه‌ی کرد که ئه‌و ڕۆژانه له مه‌هاباد وه‌ک ڕۆژی مه‌حشه‌ر خه‌ڵک کۆ ببوونه‌وه. (سه‌رچاوه: کاستی ویدئویی که له تیشک تیڤی تۆمار کراوه)


کۆماری کوردستان خاوه‌نی ئه‌رته‌ش و سپا بووه. فه‌رمانده‌ی گشتی سپای کۆماری کوردستان سه‌رهه‌نگ برایم سه‌لاح بووه. (وێنه‌کانی ژماره ٥، ٦، ٧، ٨ و ٩) سوپای کوردستان بۆ دیفاع له خاک و دابینکردنی ئاسایش کادری خۆی بووه و ئاماده‌ی پاراستنی سه‌روه‌ری سیاسی و سه‌ربه‌خۆیی خاکی کوردستان بووه.

به‌پێی ئه‌و وێنانه، نوێنه‌رانی ناوچه‌کانی جۆراوجۆری کوردستان له شاری مه‌هاباد له 2ی ڕێبه‌نداندا کۆ بوونه‌ته‌وه. کۆماری کوردستان له‌لایه‌ن هێز و تاکی به‌شه‌کانی تری کوردستان پشتیوانی لێ ده‌کرا و کوردی پارچه‌کانی تر، کۆماری کوردستانیان به هی خۆیان ده‌زانی. بۆ وێنه ژەنێڕاڵ مسته‌فا بارزانی به هێزی پێشمه‌رگه‌وه پشتیوانی نیزامی کۆمار بوو. ئێمه له دوو وێنه‌ی ژماره ١٦ و ١٧، ژه‌نێڕاڵ مسته‌فا بارزانی، قه‌دری جه‌میل‌پاشا، مایۆر خه‌یڕوڵڵا عه‌بدولکه‌ریم و زۆر که‌سایه‌تی تر ده‌بینین. له وێنه‌ی ژماره حه‌وتدا، ژەنێڕاڵ محه‌ممه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی، وه‌زیری هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان، و سه‌لاحه‌ددین عیسازاده (کازمۆڤ) پێکه‌وه ڕاوه‌ستاون. «کازمۆڤ، ڕاوێژکاری نیزامی کۆمار، به ڕه‌چه‌ڵه‌ک له کورده‌کانی شووڕه‌وی بوو و له‌و سه‌رده‌مانه‌ی که له مه‌هاباد بوو به کاکاغا بەنێوبانگ بوو.» (سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کان سه‌باره‌ت به ناوه‌کان: ئه‌و ماڵپه‌ڕانه که پێشتر ئاماژه‌یان پێ کرا)

ئه‌وه که له زۆر شوێنی تری کوردستانە‌وه خه‌ڵک ڕووی له مه‌هاباد کردووه له ئه‌ده‌بی کوردیش‌دا زۆر باس کراوه. به‌پێی بیره‌وه‌رییه‌کانی مامۆستا هێمن زۆر کورد له به‌شه‌کانی تری کوردستانڕا ڕوویان له مه‌هاباد کرد. مامۆستا هێمن له تاریک و روون، له کۆێوه بۆ کۆێ،دا باس له ئاشنایی خۆی له‌گه‌ڵ مامۆستا قانع له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌کا. (تاریک و ڕوون، ل.35)

وێنه‌ی ژماره یازده وێنه‌ی یای خه‌جیجی مه‌جدی، ئامۆژگاری مه‌دره‌سه‌ی کچانەی په‌روانه و هاوسه‌ری سه‌دیقی حه‌یده‌ری، وه‌زیری ئینتیشارات و ته‌بلیغاتی کۆماری کوردستانه. خاتوو خه‌جیجی مه‌جدی یه‌ک له‌و که‌سانه بووه که له ٢ی ڕێبه‌نداندا وتاری پێشکه‌ش کردووه و داوای له ژنان کردووه که یه‌کێتییان هه‌بێ و بۆ گه‌شه‌کردنی خۆیان و ڕزگاری دایکی نیشتمان هه‌وڵ بده‌ن و بخوێنن. یای خه‌جیج ٢ی ڕێبه‌ندان به ڕۆژێکی پیرۆز ده‌زانێ و پیرۆزبایی له هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌کا. له ڕۆژنامه‌ی کوردستان ژماره‌ی ١٣، دووشه‌ممۆ ٢٢ی ڕێبه‌ندانی ١٣٢٤ [هه‌تاوی] / ١١ی فێورییه‌ی ١٩٤٦ی زایینی‌دا به‌یاناتی یای خه‌جیجه‌ی مه‌جدی ئامۆژگاری مه‌دره‌سه‌ی په‌روانه‌ی مهاباد، به‌و جۆره هاتووه:
«ئه‌ی خوشکانی خۆشه‌ویست، ئه‌ی برایانی عه‌زیز، له‌م ڕۆژه خۆش و پیرۆزه‌دا ئه‌من که یه‌ک کچه کوردم که ئازادی میلله‌تی خۆم به چاوی خۆم دی! هه‌ر چه‌نده که زەمانێک بوو ده‌مدیت که لاوانی کورد شه‌و و نیوه‌شه‌وان یا ده‌مبیست له شاخان و له غاران مه‌شغووڵی فه‌عالییه‌ت بوون و خودای ته‌باره‌ک وه ته‌عالا مووه‌فه‌قی کردن و دڵی نه‌شکاندن. ئه‌لئان ئه‌ی خوشکه خۆشه‌ویسته‌کان با ئێمه‌ش چاو له برا خۆشه‌ویسته‌کانمان بکه‌ین، ده‌ستی ئیتیحاد بۆ یه‌کتر درێژ بکه‌ین. چون ده‌بینم دایکی نیشتمان چاوه‌ڕێی کچه‌کانی خۆیه‌تی که ده‌س به فه‌عالییه‌ت و خوێندن بکه‌ین، به‌ڵکوو تا ئێمه‌ش بگه‌ینه برا خۆشه‌ویسته‌کانی خۆمان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دونیای ئه‌وڕۆ موحتاجی کچ و کوڕه که به خوشکوبرایه‌تی ده‌ست بده‌ینه ده‌ستی یه‌ک بۆ ڕزگاری دایکی نیشتمان. ئه‌من له ته‌ڕه‌ف ته‌واوی کچ و خوشکانی کوردستانی مه‌زن پیرۆزی ئه‌و ڕۆژه موقه‌دده‌سه ته‌قدیمی هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌که‌م. و له ئاخری‌دا ته‌مه‌ننا ده‌که‌م ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ من هه‌مسه‌دا بن و بڵێن: بژی پێشه‌وای به‌رزی کوردستان جه‌نابی قازی محه‌ممه‌د! بژی قاره‌مانانی کورد!»
(سه‌رچاوه: ئه‌و ماڵپه‌ڕانه که وێنه‌کانی لێ وه‌رگیراوه)
پێشمه‌رگه‌یه‌کی کۆماری کوردستان
تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه به سپاسه‌وه له گۆڤاری تایم 15ی ئاوریلی 1991 وه‌رگیراوه.
وێنه‌ی ژماره دوازده له ڕوانگه‌ی یه‌کسانی قه‌ومی و جنسییه‌وه، وێنه‌یه‌کی پڕنرخه. له وێنه‌ی ژماره حه‌وتدا مامۆستایانی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگی جومهووری کوردستان ژن و پیاو پێکه‌وه وێنه‌یان گرتووه. ژنان به‌بێ حیجاب و چارشێون و هه‌روه‌ها دوو کچی جه‌وان، به جلوبه‌رگی مۆدێڕن و پرچی ڕووت له‌ناو حازراندان. ئه‌وه که له وه‌زارتی وڵاتێکی ئاوا ساوادا که ڕاده‌ی خوێنده‌واری زۆر له خواره‌وه بووه و له باری ئابوورییه‌وه گه‌شه‌ی نه‌کردوووه، ڕاده‌ی کارمه‌ندانی ژن له وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگدا به‌پێی ئه‌و وێنه‌یه ده‌گاته شه‌ش که‌س، ڕاده‌یه‌کی به‌رچاوه.
پێشه‌وا وڵامی سڵاوی هێزی پێشمه‌رگه ده‌داته‌وه.
هه‌روه‌ها دوو که‌س له‌و ژنانه مووسایی بوون. واته له کاروباری کۆماری کوردستاندا ئینسانه‌کان به‌پێی دین و ئایین دابه‌ش نه‌کراون و ته‌نانه‌ت که‌سانی غه‌یری موسڵمان توانیویانه که له وه‌زاره‌ته‌کاندا کار بکه‌ن. ئه‌وه له حاڵێکدایه که تا ئێستاش له ئێران و له زۆر وڵاتی تر زۆر که‌س به خاتری ته‌عه‌للوقی ئایینی (غه‌یری دینی ئیسلام) دوچاری گیروگرفتن و مافه‌کانی ئینسانیان لێ وه‌رگیراوه.

ناوی ئه‌و خاتوونانه که له‌و وێنه‌یه‌دان به‌و چه‌شنه‌یه: خه‌جیجی بابه‌سووری، فه‌ریده‌ی زه‌ندی، ماوزه‌ر بله‌زاده، سه‌لته‌نه‌تی داودزاده [که هه‌ر دووکیان مووسایی بوون] وه‌جیهه‌ی شوجاعی، ڕه‌عنای داودی. (سه‌رچاوه دوو ماڵپه‌ڕی ئاماژه پێکراو)
وێنه‌ی ژماره پازده وێنه‌یه‌کی تایبه‌ته و ناوی کۆمار و هێندێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانمان بۆ ساخ ده‌کاته‌وه. به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌یه:
– کۆمار، جمهوری کوردستان بووه و له‌و وێنه‌یه‌دا ناوی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان هاتووه، نه‌ک جمهوری ناوچه‌یه‌ک، یان کۆماری مه‌هاباد. ئه‌وه که کۆمار، جمهوری کوردستان بووه له ئه‌ده‌ب و شێعری کوردیش‌دا زۆر جار باسی‌کراوه.
– کۆمار، ده‌وڵه‌تی بووه و خاوه‌نی وه‌زاره‌تی جۆراوجۆر بووه له‌وانه وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ.
– پێنووس، خۆر، گۆڵه‌گه‌نم وه‌ک ڕه‌مزی کۆمار زۆر جێگای سرنجن و هه‌م له ئاڵادا (گوڵه‌گه‌نم، خۆر، پێنووس) و هه‌م له لۆگۆی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگدا (پێنووس و خۆر) هه‌بوون.
(دیاره که به‌ڵگه‌ی تریش هه‌ن که کۆمار به ناوی کۆماری مه‌هاباد، ناو ده‌به‌ن. هه‌ر بۆیه لێکۆڵینه‌وه و باس له‌سه‌ر ناوی کۆمار به‌پێی به‌ڵگه گرینگه و هیوا دارم زیاتر کاری له‌سه‌ر بکرێت. به‌ڵام من خۆم ئه‌و بۆچوونه‌م قه‌بووڵه که ئه‌و لۆگۆیه هه‌ڵگرێتی، واته کۆماری کوردستان نه‌ک کۆماری مه‌هاباد.)

پێشه‌وا له ده‌فته‌ری کاری سه‌رۆک کۆماری له کاتی چاوپێکه‌وتنی ڕوزڤێڵت یه‌کشه‌مۆ 15ی سێپتامبری 1946
سوێندی پێشه‌وا، سه‌رچاوه‌یه‌کی مه‌عنه‌وی و سیاسی
کاتێک سه‌رۆک کۆماری وڵاتێک هه‌ڵده‌بژێردرێت، ده‌بێ سوێند بخوا. له هه‌موو وڵاتاندا، له سوێند خواردندا چه‌ند خاڵێکی گرینگ ئاماژه‌ی پێ ده‌کرێ له‌وانه پاراستنی سه‌روه‌ری و به‌رژه‌وه‌ندی وڵات. له سوێندی پێشه‌وادا هه‌ر ئه‌و کاره کراوه. سوێندی پێشه‌وا هه‌ڵگری ناوه‌رۆک و چه‌ند وشه‌یه‌کی گرینگه: «نیشتمان، شه‌ڕافه‌تی میللی کورد، ئاڵای مقه‌ده‌سی کوردستان، ڕاگرتنی سه‌ربه‌خۆیی، به‌رزڕاگرتنی ئاڵا».
ئه‌و ده‌قه، ئه‌وه به ئێمه ده‌ڵێ که سه‌رۆکی وڵاتێک، به ئاڵای وڵات و به شه‌ڕافه‌تی گه‌ڵێک سوێند ده‌خوا و په‌یمان ده‌دا که له ڕێگای ڕاگرتنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته‌دا تا ئاخر ساتی ژیانی تێ‌بکۆشێ. واته ئێمه له‌گه‌ڵ وڵاتێک که ده‌یهه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بێ و سه‌رۆک کۆماری هه‌یه ڕووبه‌ڕووین، نه‌ک له‌گه‌ڵ ناوچه‌یه‌کی خودمۆختار.
کاتێک سوێندی پێشه‌وا و ئه‌و وێنانه له‌په‌نای یه‌کتر داده‌ندرێن، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ، که خه‌یاڵی دروستکردنی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ له ئارادا بووه. نه‌خشی ئه‌و موزائیکه کاتێک به‌ته‌واوی وه‌دیار ده‌که‌وێ که ئێمه چاوخشانێکمان بێ به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئه‌و کاتدا. له‌وانه ده‌توانین له شێعره‌کانی شاعیری نه‌ته‌وه‌یی هێمن نموونە بێنینه‌وه. مامۆستا هێمن که خۆی له کۆماری کوردستاندا چالاک بووه، به‌رده‌وام باسی پێشه‌وا و کۆمار ده‌کا (وێنه‌ی ژماره هه‌ژده). شێعره‌کانی هێمن هیچ شک و گۆمانێک ناهێڵنه‌وه که ئه‌و کۆماره بۆچی دامه‌زرا و ئاواتی چ بوو. له شێعری ڕێبه‌ندان و شاعیر (١٣٢٥)دا مانگی ڕێبه‌ندان و شاعیر گفتوگۆیانه و شاعیر له ساردی مانگی ڕێبه‌ندان سکاڵا ده‌کا، به‌ڵام ڕیبه‌ندان ئاوها وڵامی شاعیر ده‌داته‌وه:
له ڕۆژی مندا کورد به ڕووسووری |
هـه‌ڵی بـژاردووه رئیس جمـهـوری |
یان له شێعری ڕۆژی شادی (١٣٢٤)دا باسی سه‌ربه‌ستی ده‌کرێت:
جێـژنی سـه‌ربـه‌ستی و ده‌می ئازادییه |
کاتی عه‌یش و نۆش و شایی و شادییه |
له شێعری دایکی نیشتمان (١٣٢٤٫١١٫١٢)دا، شاعیر دایکی نیشتمان دڵنیا ده‌کا که ڕۆژێک هه‌موو کوردستان ڕزگار ده‌کرێ:
لـه‌بـه‌ر خۆت داکـه‌نــه دایـــه جلی ڕه‌ش |
دڵت ڕوون بێته‌وه کــۆڵمـه‌ت ببێ گـه‌ش |
هـه‌نیسکان به‌س بده چیدی مه‌که شین |
بـبـینـه بـه‌یـروقی سـوور و سپـی و شیــن |
ببـینـه هێــزی پێـــشمـه‌رگـه و بـــزانـــــه |
کــه نووکی نێـزه و شمشیــری ئـه‌وانـــــه |
لــــــه ژێـرده‌ستی ده‌کـا ڕزگـــار و ئـــازاد |
تـه‌واوی کـــورده‌واری وه‌ک مـه‌هـــابـــــــــاد |
له وێنه‌کانی ژمارە ١، ٣، ٩، ١٠دا، هاوکات که پێشه‌وا وه‌ک ئینسانێکی باوه‌ڕبه‌خۆ ده‌رده‌که‌وێ و خه‌ڵک وه‌ک ڕێبه‌ری وڵاتێک ده‌وره‌یان گرتووه و یان له پێشی ڕێژه ده‌ڕۆن، پێشه‌وا ئینسانێکی ساکار و ڕ‌واڵه‌تێکی ئارام و مه‌ندی پێوه دیاره. ئه‌گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین، بۆ وێنه له‌گه‌ل وێنه‌کانی به‌جێماو له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان که له‌گه‌ڵ ئینگلیسییه‌کان کێشاویانه، سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان هه‌موو به خه‌نجه‌ر و تفه‌نگ و له‌په‌نای ئینگلیسییه‌کان ڕاوه‌ستاون و پۆز و فیزیان پێوه دیاره؛ ئه‌وه له کاتێکدایه که وێنه‌کانی پێشه‌وا، باوه‌ڕبه‌خۆیی و شانازی ڕێبه‌رێکیان تێدایه به‌بێ فیز و فه‌خرفرۆشی.
یای خه‌جیجی مه‌جدی ئامۆژگاری مه‌دره‌سه‌ی په‌روانه‌ی کچان و هاوسه‌ری سه‌دیقی حه‌یده‌ری وه‌زیری ئینتیشارات و ته‌بلیغاتی کۆماری کوردستان
دڵته‌زێنترین وێنه‌کانی به‌جێماو له ده‌ورانی کۆمار، وێنه‌ی له سێداره‌دانی سه‌رفه‌رازان پێشه‌وا، سه‌دری قازی، محه‌ممه‌د حوسه‌ین خانی سه‌یفی قازی، و شه‌هیدانی سه‌قز و بۆکانه. (وێنه‌کانی ژماره ١٣ و ١٤)

ژمارە (١٢) هه‌ڵسووڕاوانی فه‌رهه‌نگی کۆماری کوردستان
به‌پێی زانیارییه‌کانی نووسه‌ر و شاعیری کۆچکردوو سۆران (ح. س. سۆران، تاران، ٢٧٠٢٫١١٫٢٢) که له دوو ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان و گیاڕه‌نگدا بڵاو بۆته‌وه، ناوی هێندێک له شه‌هیده‌کان به‌و جۆره‌یه: شه‌هید ئه‌حمه‌د فارووقی (سالار)، محه‌ممه‌دی دانیشوه‌ر، عه‌بدوڵڵا مه‌تین، عه‌لی شێرزاد، عه‌لی فاتیح، ئه‌حمه‌د شه‌جیعی، حه‌سه‌ن فه‌یزوڵڵابه‌گی، شێخ سه‌دیق ئه‌سعه‌دی، شێخ ئه‌مین ئه‌سعه‌دی، عه‌لیاغای قه‌ره‌چه‌ل، ڕه‌سووڵاغا‌ی میره‌دێ.[17]


ژمارە ١٣ و ١٤
ته‌نانه‌ت ئه‌و وێنه دڵته‌زێنانه نیشانه‌ی وه‌فاداری، فیداکاری و سه‌رفه‌رازی ئه‌و شه‌هیدانه‌ن. هێمنی شاعیر له شێعری ڕۆژگاری ڕه‌شدا باسی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزانه‌ی پێشه‌وا ده‌کا. پێشه‌وا خۆی فیدای خه‌ڵک کرد و به گیانی خۆی گیانی هه‌زاران ئینسانی تری پاراست:
ڕۆلــــــــه‌ی وه‌فـــاداری کــورد |
پێشـــــــه‌وای ئــــــــارام و ورد |
بــۆ کــورد ژیا بۆ کـــــــــورد مرد |
گیــــانی فیـدای گــه‌لی کـــرد |
زانـا بوو کــوردپـــه‌روه‌ر بـــــــوو |
پێشـــه‌وا بـــوو ڕابــــــه‌ر بـــــوو |
هـــــه‌ر کــورد نه‌بوو به‌شه‌ر بوو |
خـه‌می خـه‌ڵکی لـــه‌بـه‌ر بــــوو |
بەرئەنجام
گرینگی توخم/ڕه‌گ (عنصر)ێکی تایبه‌ت له‌ناو ڕه‌گه‌کانی پێکهێنه‌ری نه‌ته‌وه، بۆ وێنه مێژوو، خاک، کو‌لتوور، هه‌ست و ڕوحی هاوبه‌ش و هتد له هه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا جیاوازه. له‌و وتاره‌دا هه‌ستی هاوبه‌ش، وه‌ک عونسورێکی گرینگی پێکهێنه‌ری نه‌ته‌وه ده‌بیندرێ، جا چ نه‌ته‌وه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت بێ یا نه‌بێ. هه‌ستی هاوبه‌ش له کات و ساتی جیاوازدا ده‌توانێ کۆمه‌ڵه ئینسانێک له ده‌وری یه‌ک کۆ کاته‌وه. یادمانی مێژوویی (حافظه تاریخی) ئه‌و بیر و یاده هاوبه‌شانه‌یه که ده‌بێته هۆی نزیکبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک. خه‌ڵکێک که یادمانی هاوبه‌شیان هه‌یه هێندێک سیمبۆل و ئۆلگووی هاوبه‌شیان هه‌یه. ئه‌و ئۆلگوویانه ده‌بنه به‌شێک له مێژوو، ڕه‌فتار و که‌سایه‌تی ئه‌ندامان و شوناسی گه‌له‌که.









