ئارامتر بخوێنەوە

ڕەهەندە نێوخۆییەکانی ئیدیۆلۆژیی مەزنیخوازیی ئێرانی و مەرجی پاراستنی یەکیەتیی خاک

سمکۆ کۆساڵان


مەزنیخوازیی ئێرانی ئیدیۆلۆژییەکی وەخۆگر و پراگماتیستییە کە بەهۆی کۆمەڵێک دەرفەت و بەرژەوەندی کە لە سەدەی پێشوودا  درووستی کردووە بۆ خۆی، توانیویەتی لە فۆرم و بیچمی جۆراوجۆردا خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. بۆیە قۆناغ بە قۆناغ ڕەنگ دەگۆڕێت، بەڵام بەشەکانی لەیەک نابنەوە و پێوەندییەکی ئۆرگانیکییان پێکەوە هەیە.

کوڕی دیکتاتۆری پێشووی ئێرانیش تەنیا لەبەر ئەوە زەق بووەتەوە کە لە ئێستادا بەردەستترین بژاردەی ئەم ئیدیۆلۆژییەیە . بۆیە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی ئەو یان ئاڵوگۆڕێکی بابەتیدا، زۆر بە سانایی دەکرێت لاببرێت و کەسی تر بخرێتە جێگای. لە ئێستایشدا کە ئیدیۆلۆژیی ناوبراو لەڕێگای رەزا پەهلەوییەوە، مەرجی پاراستنی یەکپارچەییی خاک زەق دەکاتەوە و بەدوای بەیعەت وەرگرتنەوەیە بۆ ئەو مەرجە، ئەویش لە کاتێکدا کە هەلومەرجێکی بابەتی لەئارادا نەبووە، ئاراستەی ئاماژەکان ڕوونتر دەبنەوە.

لەپێشدا ئەگەرچی بەردەنگ نەتەوەکانی ئێرانن، بەڵام بە چەند هۆکار، کورد بەردەنگی تایبەتترە. لەلایەکەوە هەم لە مێژووی کۆندا ئینکاری دەسەڵات و خەونی ئەو بووە، هەم لە مێژووی هاوچەرخدا ئاریشەی بۆ گوتاری مەزنیخوازییەکەی درووست کردووە. لەم دواییەیشدا، و لە شۆڕشی ژینادا دیسان کورد بوو بە سەری مارەکە و خەونی ئەوانی زڕاند. لەدرێژەیشدا هەر کورد بوو کە داننان بە فرەنەتەوەبوونی ئێرانی وەک مەرجی بەشداریکردن لە هاوپەیمانیدا دانا. بەڕوونیش ڕەزا پەهلەوی لەوەڵامی ئەو مەرجەدا هات و مەرجی دیاری کرد. لە بواری مەیدانیشدا کورد ڕێکخراوترین نەتەوەی ئێرانە کە توانای جووڵەی گەورەی هەیە.

بەڵام ئەو تێبینییانەی کە ئیدیۆلۆژیی ناوبراو لە گەڵاڵەکردنی مەرجێکی وەهادا هەیەتی، گرینگترینەکانیان ئەمانەن:

١.  شۆڕشی ژینا ( کە هەر لەسەرەتاوە هەوڵ درا بە مەهسا جێیبخرێت) لە دەرەوەی ناوەند و لەلای ئەوان لە پەراوێزەوە واتا لە کوردستانەوە دەستی پێکرد. ئەمە خۆی هەڵگری کۆمەڵێک مانای قورسە بۆ گوتاری ئێرانی و ئیدیۆلۆژیی ناوبراو. بۆیە دەبێت هاوسەنگییەکە هەڵبگەڕێندرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش پێیوایە هیچ بیانوویەکی تر جیا لە زەقکردنەوەی مەترسیی لەتبوونی ئێران ناتوانێت بیگەیەنێت بە ئامانج. بۆیە لە ڕاستیدا ئامانج ئەوەیە لەم ڕێگایەوە ناوەند بکرێتەوە بە ناوەند و پێگەی کوردیشی (و نەتەوەکانی) پێ لاواز بکرێت.

٢. ئیدیۆلۆژیی مەزنیخوازیی ئێرانی، خاوەنی ڕێکخستن و هێزی تۆکمە و حیزبی سیاسیی بەهێز نییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای پێ ڕێکبخات و بەڕێگایەکی باو و ناسراودا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. بۆیە لەڕووی نەچارییەوە دەبێت دەست بۆ سۆزی خەڵک ببات و زاڵکردنی دۆخی جەماوەری بکات بە جێگرەوەی نەبووی حیزب و ڕێکخراو. لە دۆخی جەماوەریدا خواستی گشتگیر و نابابەتی زەق دەکرێنەوە و خواستە سەرەکی و وردەکان ون دەبن، ئەمەیش دۆخی خوازراوە بۆ ئەوان. بەتایبەتی کە بەهۆی سانتراڵیزمێکی سیاسی، ئابووری و بۆرۆکراتیک کە لە ناوەند و ناوچە فارسنشینەکاندا هەیە، ئاسۆی گرتنە دەستی دەسەڵات لە وەها دۆخێکدا بۆ ئەوان ڕوونترە. لەم پێناوەیشدا سەرەتا هاتن باسیان لە یەکگرتنی تاکەکەسەکان و پشتگوێخستنی حیزبەکان کرد، کە سەرنەکەوتن حیزبی یەکشەوەیان دامەزراند، و هاوتەریبیش مەرجی پاراستنی یەکیەتیی خاکیان هێنایە بەرباس.

٣. ئیدیۆلۆژیی و گوتاری ئێرانی دەیەوێت لە هەموو هێزی خۆی کەڵک وەربگرێت، و هاوکات لەگەل ئاڵوگۆڕی فۆرمدا، ناوەرۆک وەک خۆی بهێڵێتەوە. واتا بۆ ئەو خوازراو ئەوەیە کە تا بۆی بکرێت ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دابشکێنێت بۆ کوودەتایەکی سیاسی/ نیزامی. هەرچەند کە کوودەتایەکی کلاسیک ئەگەری ڕوودانی زۆر لاوازە و ئەگەریش ڕووبدات بەهۆکارگەلی جۆراوجۆر دوورە کە سەربکەوێت، بەڵام هەوڵی فارس بۆ ئەوەیە کە جۆرێکی نوێ لە کوودەتا/شۆڕش دابهێنێت کە لە داهێنانی بابەتگەلی سەیری وەهادا زۆریش کڵۆڵ نییە. لەو کاتەدا ئەو ئەتوانێت بەبێ ئاڵوگۆڕێکی قووڵ لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا، ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیار بخاتەوە ژێر دەستی خۆی. لەم پێناوەیشدا کەسێکی وەک ڕەزای پەهلەوی ڕاشکاوانە باسی لە پاراستن و ڕاگرتنی  هێزە نیزامییەکانی ئێران و لەسەرەوەیشیان سپای پاسداران کردووە. بۆیە زەقکردنەوەی پرسی پاراستنی یەکیەتیی خاک ئەتوانێت خاڵێکی سەرنجڕاکشانیش بێت بۆ ئەو هێزانە و لەولایش پاساوێکی ئەخلاقیی ڕوونیان بەدەستەوە بدات بۆ بادانەوە و وەها گۆڕانێک لە داهاتوودا.

٤.  گەمەکەرێکی تری ناو بازنەی ئیدیۆلۆژیی مەزنیخوازیی ئێرانی، کۆماری ئیسلامییە، کە ئەویش لە زەقکردنەوەی باسی پاراستنی یەکپارچەیی خاکدا هەڵسووڕە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەم بابەتەدا لە دوو ئاستدا چالاکن. لە سەرەوەی قووچکەی دەسەڵات و ناوەندە هەواڵگرییەکان و کەسە ناسراوەکانیان، لە ورووژاندنی ئەم بابەتە بۆ قازانجی خۆیان و پاراستنی دەسەڵاتیان کەڵک وەردەگرن.

لە ئاستی سەرەوەیشدا ( کەسە کەمتر ناسراوەکان و نەناسراوەکان) و لە ئاستی بەڕێوەبەر و کاربەدەستانی مامناوەندیشدا دیسان لە بەرژەوەندییاندایە کە کۆمەڵگا بەو باسانە جەمسەربەندی بکەن. ئەوان چ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تاکەکەسییان و چ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە مەزنیخوازانە ئێرانییەکەیان هاودەنگ و هاوتەریبی ئیدیۆلۆژیی ناوبراو هەڵدەسووڕێن. بۆ ئەوان کۆماری ئیسلامی یان دەسەڵاتێکی تری ڕەهای نەتەوەی فارس لە داهاتوودا، قازانجی دووسەرە.

 بە گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانەیش، ئیدیۆلۆژیی و گوتاری ئێرانی دژ بە دابەشکردنی دەسەڵات و مافی نەتەوەکانە، و تا دواسات بەرگری لە یەکدەست هێشتنەوەی دەسەڵات و بڕیار لە ناوەند دەکات. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم خواستە، کورد ( و نەتەوەکانی تر)، بژاردەی بەهێزیان لەبەردەستە، کە ئەگەر کەڵکی لێوەرگرن دەکرێت کۆتایی بە دیکتاتۆری بهێندرێت یان  دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆیان بەدەست بێنن.

یەکەمین خاڵی بەهێزی کورد و نەتەوەکانی تر(جیا لە کێشەی خاک لە شار و ناوچە تێکەڵەکاندا) ئەوەیە کە لەسەر خاکی خۆیان دەژین. ئەمە ڕەوایی و هێزێکی گەورەیە بۆ بەرەنگاریی هەرجۆرە داگیرکاری و خۆسەپاندنێک. هەروەها نەتەوەکان ئاستی تێگەیشتن و ئاگابوونی نەتەوەییان زۆر بەرز بووە. لە کورددا تەنانەت حیزبی بەهێزیش هەیە و نەریتێکی کۆنی کاری ڕێکخراوەییش هەیە. لەپاڵ هەموو ئەمانەیشدا، هاوچارەنووسیی نەتەوەکان دەتوانێت دۆست و هاوپەیمان درووست بکات. ئەمانە گرینگترین و گشتیترین خاڵە بەهێزەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەل گوتاری مەزنیخوازیدان.

بەڵام بەتایبەتی و لە ئاستی سیاسی و گوتاردا کورد( بەتایبەتی) چۆن دەتوانێت بەرهەڵستی بیانووی پاراستنی یەکپارچەییی خاک و مەزنیخوازیی ئێرانی ببێتەوە؟

ئەوەی ڕوونە فارس/ئێرانی باش دەتوانن هەستوسۆز و بەرژەوەندییان لەیەک جیا بکەنەوە و هەموو کات لە لێوار و خەرەندەکاندا بڕیاڕی گونجاوی خۆیان دەدەن. لەولایش سەلماندوویانە کە لانیکەم لەم سەدەیەدا و تا ئەم ساتەیش نەیانویستووە دەسەڵاتیان لەگەل کەسدا بەش بکەن. بۆیە وەهمی خڵەتاندنی فارس ئەتوانێت ونهێزی ناوخۆی کورد لەخەسار بدات و ئاکامەکەی خۆخڵەتاندن بێت. پراگماتیزمی سیاسی بۆ کورد لەپێشدا تەنیا بریتی دەبێت لە ناسینی هێزی خۆی و بەوپێیەیش مامەڵەکردنی سیاسی و ورد لەگەل ئیدیۆلۆژیی ناوبراودا.

لە بیاڤی ناسینی هێزی خۆیدا، کورد دەبێت لەتارانەوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. واتا پێناسەی ڕزگاری لە کوردستانەوە جێی ڕزگاری یان تەنانەت هەنگاوی یەکەمی ڕزگاری لە تارانەوە بگرێتەوە. ئەمە بە مانای ئەوەیە کە پێوەندییەکی ئۆرگانیک لەنێوان کۆمەڵگا و نوێنەرایەتیی کۆمەڵگادا (کە لە کوردستان حیزبە سیاسییەکانن) درووست بێت و لەسەر پرسی رۆژ، تاکتیک، و ستراتێژی سیاسی هاوهەنگاوی و تەواوکەری ببێت. لەو کاتەدا، لە مامەڵە، سازان یان بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوە و بە گشتی هەر هەڵسوکەوتێک لەگەل لایەنی پاوانخوازدا تووشی خەسار نابێت.

هەروەها کورد و بەتایبەت نوێنەرایەتی کورد دەبێت پێداگرییەکی بنەمایی و ئەخلاقی لەسەر داوا و خواستە نەتەوەییەکانی بکات. گوێی ئێرانی دەبێت بە خواستەکانی کورد و نەتەوەکانی تر ئاشنا بن. وەها پێداگرییەک دەتوانێت گوتاری ئێرانی تووشی ئاریشەی ئەخلاقی و ناسیاریی جددی بکات.

کورد بە پێداگرتنەوەی جددی لەسەر مەرجی ڕاگەیێندراوی خۆی، و پێداگری لەسەر مافی نەتەوەیی، هاوکات لەگەل هەڵسەنگاندنی هاوسەنگییە نێونەتەوەییەکان و ڕیالیزمی سیاسی، دەتوانێت بلۆکێکی سیاسی بە دژی مەزنیخوازیی ئێرانی درووست بکات و پاشەکشەی پێبکات. بۆ ئەم مەبەستەیش ئەتوانێت لە هێزی  شۆڕشگێڕانەی ناوخۆی کۆمەڵگا و هەروەها ناوبانگی شۆرشی ژینا کەڵک وەربگرێت. لەو کاتەدا ئیدیۆلۆژیی ئێرانیش بەپارێزتر دەبێت و نەچار دەبێت لانیکەم مل بدات بۆ بەشێکی سەرەکیی خواستەکان.

لەکۆتاییدا، بەو ئاماژانەی لێرە باس کران، ئیدیۆلۆژی و گوتاری مەزنیخوازیی ئێرانی هێشتا پاشەکەوتی ئەوەی هەیە کە ئاستەنگ لەسەر دابینبوونی مافی نەتەوەکان درووست بکات. بۆیە شەڕی ئەویش دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی کاکڵ و چییەتیی گوتارەکەیەوە بێت. واتا ئەگەرچی کەسەکان کاریگەرییان دەبێت، بەڵام ئیدیۆلۆژی و بیاڤە گوتارییەکان بەستێنی سەرەکیی هاتنەوەسەرکاری دیکتاتۆری و دەسەڵاتە داگیرکارەکانن لە ئێراندا.