زێناوا ئیوۆ
پێشەکی وەرگێڕ
کورد یەکێک لەو گەلانەیە بەشێک لە حەشیمەتی لە سەدەی ١٥ی زاینییەوە و به تایبەتی له دوو سەدەی ڕابردوو به هۆی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری ناوبهناو کۆچی کردۆتە وڵاتانی ئەوبەری قەفقاز وەکو ئازەربایجان، گورجستان، ئەرمەنستان، کازاخستان، تورکەمەنستان، ڕووسیه و…..، ژیان و چارەنووسی بۆته گرێدراویی ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە. مخابن نەبوونی پێوەندیی ڕاستەوخۆی کورد لە چواربەشە سەرەکییەکەی لەگەڵ کوردی ئەوبەری قەفقاز بۆته هۆی نەبوونی زانیاریی پێویست سەبارەت به کار، چالاکی و چارەنووسی ئەو بەشە لە حەشیمەتی کورد که کەمینەیەکی به هێز و سەرنجراکێش لە پانتایی وڵاته پان و بەرینەکانیدا بوون. شوێنەواری کەسانێک وەکو “ژنێرال عەلی ئەشرەف ئاغا شەمشادینۆف”، “چەنگیز ئیلدریم”، “حەیران خانم دۆنبلی”، “سلێمان ڕەحیمۆف”، “شامۆ عارف”، “عەلی وەلیۆف”، “سەمەد وەرغون”، “حوسێن کوردئۆغڵوو”، “شامیل عەسکەرۆف”، “عەڕەبی شەمۆ”، “ئاجی جێندی و هاوژینەکەی زێناوا ئیوۆ”، “جەلیلی جەلیل”، “ئاماریکێ سەردار”، “وەزیر نادری”، “قەنات کالاشێویچ کوردۆیف”،” پڕۆفیسۆر کنیاز ئیبراهیمۆویچ میرزۆیف”، “نادر نادرۆف”، “نۆدار مۆساکی”، “شاکرۆ مەحۆی” و سەدان زانا و پسپۆڕی ناوداری کورد و کاریگەریی ئەوان لە بواری سیاسی، ئابووری و فەرهەنگیدا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، پێویسته هەوڵ بدرێ ڕووناکی بخرێته سەر خاڵە نادیار و شاراوەکانی ئەو چەشنە کەسایەتییانە و بە کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە چواربەشی کوردستان بناسێندرێن. هەرچەند کەسایەتی زانای کورد نەمر ئاجی جێندی جەواری یان حەجیه جێندی(Heciyê Cindî) هەتا ڕادەیەکی زۆر بۆ بەشێک لەوانەی لە بواری زمان و وێژەی کوردی کار و لێکۆڵینەوە دەکەن ناوێکی ناسراوە، بەڵام بەداخەوە تیشک نەخراوەته سەر ژیانی هاوژێن و هاوکارەکەی، واته زێناوا ئیوۆ. ئەم بابەتەی لێرە دەکەوێته بەردەستی خوێنەر، کورته بابەتێکه خاتوو فەریدە ئاجی یەکێک لە کچەکانی زێناوا به بۆنەی سەدەمین ساڵڕۆژی لە دایکبوونی دایکیەوە نووسیویەتی و له سایتی “کوردستانی ڕووسیه” لە ساڵی ٢٠١٤ بڵاوی کردۆتەوە. هەرچەند لەم بابەتەشدا گرینگیەکی بەرچاو به ژیانی ئاجی جێندی دراوە، دیسان جێی خۆشحاڵییە تا ڕادەیەک ئاوڕ دراوەتە سەر بەشێک لە ژیانی زێناوا ئیوۆ کە نەک هەر هاوژین، هاوکار و دڵسۆزی ئاجی جێندی بووە، بەڵکو لە پێناو ناساندن و پەرەدانی وێژە و زمانی کوردی زەحمەتی زۆری کێشاوە.
“ئیوۆی ئاسۆ” و “شکا عەڕەب” لەگەڵ منداڵەکانیان – زاوۆ، بۆندۆ، زانۆ (زێناوا ئیوۆ) و پەریشان لە گوندی ئینگۆک سەر به ناوچەی قارس ژیانیان بەڕێوەدەبرد. لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی گوندی ئینگوک بۆ رزگاربوون لەدەست هێرشی سەربازە تورکەکان چۆڵکرا، کە تووی مەرگیان لە هەموو شوێنێک دەچاند. بنەماڵەی ئیوۆی ئاسۆ لەگەڵ هەندێک له هاوگوندییەکانی پەنایان بردە یەکێک لە گوندە ئەرمەنیەکان و لەوێ وەک شوان دامەزران، جارێک چەتە هێرشیان کردە سەر شوانەکان و هەموو ئاژەڵەکانیان برد… ماوەیەک پاش ئەم ڕووداوە، ئیوۆ ئاسۆ به سەختی نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد و شکای به چوار منداڵەوە به جێ هێشت… دانیشتوانی ئینگۆک پاش ئاگا بوونەوە لە ڕۆیشتنی سەربازە تورکەکان، گەڕانەوە زێدەگوندەکەیان، بەڵام پاش ساڵێک، مخابن هێرشی چەتە تورکەکان سەرلەنوێ دەستی پێکردەوە. خەڵکی گوندەکە دیسان بۆ ڕزگار بوون لە شوێنگری، کوشتارو تاڵان کران، ناچار بوون زێدەگوندەکەیان به جێ بهێڵین… ئەوان به دژواری خۆیان گەیاندە شاری ئیچمیادزین (ئەرمەنستان). لەوێ لە ڕێگەی هاوگوندییەکانیانەوە ئاگادار کران لە ئاشتاراک پەروەرشگه [هەتیوخانە]ی منداڵە کوردە بێ سەرپەرشتەکان دامەزراوە. ئەو پەروەرشگەیە به نوێکاریی ژنه کوردێک، خاتوو نورێ عەقید پۆلادۆوا کرابۆوە. نورێ پۆلادۆوا نیشتمانپەروەرێکی گەورە بوو. ئەو خوشکی شۆڕشگێڕی ناوداری خەباتکار بۆ دامەزراندنی حکوومەتی سۆڤیەتی لە سیبریا فریک پۆلادبێکۆف ناسراو به فیۆدۆر لیتکین بوو. [نورێ] دواتر بوو به هاوسەری نووسەری به ناوبانگی کورد وەزیر نادری. شکا عەڕەب لەگەڵ هاوگوندییەکانی گەیشته ئەم پەروەرشگهیه و دوو منداڵی واته بۆندۆ و زانۆی به نورێ پۆلادۆوا سپارد، منداڵه گەورەکەی زاوۆ و هەرە بچووکەکەیان پەریشان لای دایکیان مانەوە. نورێ عەقید به گشتی لەگەڵ مندالەکان به زمانی کوردی قسەی دەکرد. زۆربەی ٥٠ کوردی بێ سەرپەرەشتی ئەم پەروەرشگهیه بوون به زانا، پێداگۆک[ڕاهێنەری منداڵان] و ژۆرنالیست: جاردۆ گەنجۆ بوو به سەرنووسەری ڕۆژنامەی”ڕیا تازە”، براکەی شکۆیه گەنجۆ بۆ به موهەندیس، چارکیز باکایف بوو به کوردناس و دوکتوری زانست، ئامۆزاکەی بۆی مامۆ بوو به سەرۆکی هونەرستانی کوردەکانی ئەوبەری قەفقاز، زۆر کەسی دیکەش … شکا دوای سپاردنی منداڵەکانی بەم پەروەرشگهیە، قەوڵی پێدان زوو زوو سەردانیان بکات … سێ جارێک هاتە لایان، پاشان ماوەیەکی زۆر خەبەرێکی نەبوو… منداڵەکان لە ڕێگای هاوگوندیەکانیانەوە ئاگادار کرانەوە کە مامیان[1] زاوۆی خوشکیانی بردۆتە لای خۆی، به شوی داوە و، دایک و خوشکە بچوکەکەیان پەریشان به هۆکاری برسیەتی و نەخۆشی کۆچی دواییان کردوە. لە ساڵی ١٩٢١ لە ئیچمادزین کتێبی ئەلفوبێ کوردی”ی شەمس” به بڕگەنووسی[2] ئەرمەنی چاپ و بڵاو بۆوە[3]. نووسەری کتێب هەڵسووڕاوێکی بەرچاوی بواری زمانی کوردی، ئاکوپ گازاریانی ئەرمەنی بوو کە لە نێو کورداندا به ناوی ئاپی لازۆ به نێوبانگ بوو. لازۆ بۆ ماوەی مانگێک هات و لە پەروەرشگهی ئاشتاراک مایەوە، وێرای پێدانی کتێبی ئەلفوبێ به منداڵان، ئەوانی فێری خوێندنەوەی ئەم کتێبەی کرد. لە ساڵی ١٩٢٦ زۆربەی منداڵانی ئەم پەروەرشگهیه پاش تەواوکردنی قوتابخانەی سەرەتایی(سێ ساڵه) نێردرانه پەروەرشگهی ئەرمەنییەکان لە ستیپانوان، ئیجیوان و … لە ساڵی ١٩٣٠یش پاش تەواوبوونی قوتابخانەی ٧ ساڵه، بۆ درێژە پێدان به خوێندن یان کارکردن، ناردە یەرێڤان. پەروەرشگهکە لە ناوچەی کۆند، لە نزیکی قوتابخانەیەک به ناوی ڕوستاولی بوو. جاردۆ گەنجۆ و هاوژینەکەی ئیتر لە یەرێڤان دەژیان. کاتێک زانییان کچە کوردەکانی پەروەرشگهی ئاشتاراک، زانۆ، خانم و حەسرەت لە یەرێڤانن، دیتیاننەوە و بانگهێشتنیان کردنە ماڵی خۆیان. لە ماڵی جاردۆ، ئاجی جێندی لەگەڵ زانۆ(زێناوا ئیوۆ) ئاشنا بوون و پاش ماوەیەکی کەم ژیانی هاوبەشیان پێک هێنا. ئاجی جێندی و جاردۆ گەنجۆ یارمەتی کچەکانیان دا بۆ ئەوەی بچنە ناو هونەرستانی کوردیی ئەوپەری قەفقازی یەرێڤان کە له ژانویەی ١٩٣١ کرابۆوە. دایکم پاش تەواوکردنی سەرکەوتووانەی هونەرستان لە ساڵی ١٩٣٤ دەستی به کاری وانەدانەوەی سروشتناسی هەر لەو شوێنە کرد. هەروەها زێناوا ئیوۆ لەپەنای کاری هونەرستان خەریکی وانەدانی زمانی کوردی لە کورسەکانی خەبات لەگەڵ نەخوێندەواری کورد بوو. ئازنیوا ڕەشید، ئەڵماست، ئاسژن عالییه ئاجدی لە گوندی ئاوش و زۆرکەسی دیکە خوێندکاری ئەو بوون. لە پاییزی ساڵی ١٩٣٠ بەشی کوردی ڕادیۆی یەرێڤان دەستی به کار کرد. ئاجدی جێندی سەرنووسەر و هاوکات لەگەڵ هاوژینەکەی زێناوا ئیوۆ بێژەری بەرنامەکانیش بوو. دایکم دەیگێڕاوە، باوکم بۆ کۆکردنەوەی نموونەی بەرهەمە زارەکییەکانی خەڵک دەچووە ناوچەکانی ئەرمەنستان و فۆلکلۆری کوردی لە زمانی چیرۆک بێژەکانەوە کۆ دەکردەوە. “من و ئاجی پێداچوونەوەی تەواوی کتێبەکانی ئەومان دەکرد و لە ساڵانی دەیەی ٣٠ ڕۆژنامەی”ریا تازە”ش بوو … لە هەموو ئەستەمتر، کاری پێداچوونەوەی کتێبی”فوڵکلۆری کرمانج” بوو، ناچار بووین ٥ تا ٦ کەڕەت پێداچوونەوەی بەسەردا بکەین. لە کۆتایی تەواوی کتێبەکان نووسراوە “پێداچوونەوەی ئاجی جێندی و زێناوا ئیوۆ” هەروەها دایکم باسی هاتنی میوانێکی زۆری لە گوند و ناوچە دەوروبەرەکان دەکرد. ئەوان زۆرجار بۆ خەوتنیش دەمانەوە. میوانەکان زۆرتر به هۆی هەبوونی کێشە و خواستەکانیان دەهاتن. باری کاروباری لە ڕادەبەدەر بۆ یارمەتیدانی ئاجی به خەڵک بەرگر نەبوو. ئەو زۆربەی کات، یارمەتی خەڵکی دەدا. باوکم به هەموو کارەکان ڕادەگەیشت، به پێی هەبوونی بەرنامەی ڕۆژانەی وورد و سەعات به ساعەتی کار، به باشی به کار و خوێندنی ڕادەگەیشت. گرینگتر لە هەمووشتێک، ئەو تەواوی ئەم کارە پڕزەحمت و گەورانەی لەوپەڕی بەرپرسیاتی و خۆشەویستی به گەلەکەی ئەنجام دەدا… لە سەردەمی سەرکوتەکانی ستالینی، لە ساڵی ١٩٣٨ ئاجی به تاوانی “دوژمنی گەل” گیرا و کەوته بەندیخانه. هەر لەو ڕۆژەدا واته ١٨ی مارس، جاردۆ گەنجۆش سەرنووسەری ڕیا تازە گیرا و زیندانی کرا. به پێی ماددەی ٥٨ی یاسای سزادان حوکمی لەسێدارەدران چاوەڕوانی دەکردن. پاش ڕۆژێک، دایکمیان لە هونەرستان به تاوانی هاوژینی”دوژمنی گەل” دەر کرد و تەنیا ئیزنی وانەدانی زمانی کوردییان له کورسەکانی خەبات لەگەڵ نەخوێندەواری لە ناو ژنانی کوردیان پێدا. دایکم کە بە بێکاری لەگەڵ دوو منداڵی مابۆوە، سەری به هەر شوێنێک داکرد. سەرۆکی باخچەی منداڵان به ئاگادار بوون لەوەی دایکم هاوژینی زیندانییەکی سیاسییه، کاریان پێ نەدەدا. ئەو به زەحمەت لە باخچەیەکی منداڵان وەکو ڕاهێنەری منداڵان دامەزرا، سەرۆکی ئەو باخچەیە، ئازگوش هاواڵی دایک و باوکم بوو و لە کاتی منداڵیی لە شاری گیومری لەگەڵ باوکم لە پەروەرشگەیەک بوون. ئەو به دایکمی کوت لەگەڵ کەس باسی باوکم نەکات. لە ١٥ی مارسی ١٩٣٩ دادگای سەربازیی هێزەکانی سەرسنوور و ناوخۆیی کۆمیسارەکانی گەڵ بۆ کاوروباری نێوخۆیی ئەرمەنستانی سۆڤییەتی لە یەرێڤان لێپرسینەوەی ئەوانی دەس پێکرد. ئەوان لێپرسینەوەیان له دۆسیەی ٨ کوردی ئیزەدی کرد. دادگا سێ ڕۆژی خایاند …، پێنج کەس لەو زیندانیانە – ئاجی جێندی، جاردۆ گەنجو و سێ کەسی دیکە تاوانیان لەسەر لاچوو، ئازاد کران. بەڵێ، لە ڕاستیدا ئەوە مۆجزەیەکی ڕاستەقینە بوو! چوونکه لە ساڵانی سەرکوتی ستالینیدا زۆر کەس بێ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە گولـله باران کران یاخود لە شوێنی ژیانیان دوو خرانەوە… لە کۆتایی ساڵەکانی دەیەی ٣٠ هەموو ناوەندە فەرهەنگییە کوردییەکان بەستران. باوکم پاش ئازادبوونی لە زیندان هەتا ماوەیەکی زۆر نەیتوانی بچێتەوە سەرکاری پێشووی لە ئەنستیتووی مێژوو و وێژە. به گشتی، ئەویان وەکو کەسێکی”ناساڵح” لە هیچ شوێنێک دانەدەمەزراند. – “جێ نەبوو”! تەنیا پاش ڕاسپاردنی ئەلکساندر فادایۆف باوکم توانی بگەرێتەوە سەر کاری پێشووی. باوکم لە ژانویەی ساڵی ١٩٤٠ به چەشنێکی بەرچاو بەرگری لە تێزی دوکتواری خۆی سەبارەت به بابەتی”چیرۆکە خەڵکییەکانی” “کەر و گوێلکی سلێمانی سلێڤی” کرد. بەرهەمێک ناوبانگی وەکو یەکێک لە شاکارە فۆلکلۆرییەکانی وەدەست هێنا. باوکم لە ساڵی ١٩٦٤بێ بەرگری لە دوانامەکەی، پلەی دوکتورای زانست و پاشان پرۆفسۆریی پێ بەخشرا. زێناوا ئیوۆ به پێی بڕیاری وەزارتی ڕۆشنگەری لە ساڵانی شەری دووی جیهانی و چەند ساڵێش دواتر، لەمانگەکانی هاویندا لە گوندە کوردنشینەکانی – پامپ (سیپانی ئێستا)، شامیرام، ئاکۆ و … وەکو سەرۆکی باخچەی منداڵان و هاوکات ڕاهێنەر، کاری دەکرد. دایکم دەیگێراوە، لە ٧ی نوامبری ساڵی ١٩٥٥ لە ڕۆژی پشوودانی جێژنی گەورەی ئۆکتۆبر لە یەرێڤان، ڕادیۆی کوردی دەستی بەکار کردەوە. لەو ڕۆژە پیرۆزەدا، کۆنە بێژەران ئاجی جێندی و زێناوا ئیۆو بانگهێشتن کران هەتا وتارێک لە ڕادیۆی کوردی پێشکەش بکەن. زێناوا ئیوۆ هاوسەرێکی لەڕادەبەدەر خۆبەختکەر، دڵسۆز، دایکێکی یەکجار باش بۆ منداڵەکانی، دایه گەورەیەکی بێوێنە بۆ نەوە و نەبیرەکانی، هەروەها کەیبانوویەکی سەرسوورهێنەر بوو. دایکمان ژنێکی میواندۆست بوو و هەمیشە به دڵاواییەوە میوانداریی دەکرد و بێگومان مێزی به جوانی دەرازاندەوە. هەر پێنج کچەکەی خوێندنی باڵایان تەواو کرد و دوو لەوان تەنانەت دڕێژەیان به خوێندن دا، فەریجه کچە گەورەکەی بوو به ناودێری زانستی پزیشکی، زانستیار و، نورێ بوو به ناودێری هونەرناسی. میدالیای” بۆ دایکیەتی” به دایکم بەخشرا. زێناوا ئیوۆ لە ٢٦ی فووریەی ساڵی ٢٠٠٧ لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا لە شاری یەرێڤان کۆچی دوایی کرد و لە گوندی پامپ (سیپانی ئێستا) لە تەنیشت هاوژینەکەی ئاجی جێندی به خاک ئەسپێردرا.
سەرچاوە
http://kurdist.ru/К100ЛЕТИЮЗЕЙНАВАИВО 14.05.2014
[1] لە ڕووسیدا بۆ مام و خاڵ هەر یەک وشەی дядя بهکار دێنن، دەتوانێ لێرە مەبەست “خاڵ” یش بێ.
[2] آوانویسی
[3] کتێبەکە لە تیفلیس چاپ کرا نەک ئیچمادزین.
489
دیمەنە بێوێنەگان
چرا التزام بە تمامیت ارضی شرطی غیردموکراتیک است؟...
Scroll to top