دیوە شاراوەکانی دروشمی “کردستان، چشم و چراغ ایران”
دابەشکرانی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوەی ئێران، ئێراق، تورکیە و سووریە وایکردووە ئەو وڵاتانە پرسی کورد وەکوو پرسێکی ناوخۆیی و لە چوارچێوەی جوغڕافییای خۆیان لەقەڵەمی بدەن. لەم نێوەندەدا هەر دەوڵەت-نەتەوەیەک هەوڵی داوە لە ڕێگا و مێتۆدی جیاوازی خۆیەوە بڕوانێتە کێشەی کورد. ئەم بابەتە کە دێتە سەر ئێران و ئێرانییەکان بەرانبەر بە کورد، هەندێ شێواز و ڕوخساری جیاواز بەخۆیەوە دەگرێ کە ئەو کاتەش کە دەیانەوێ لە پێگەی پشتیوانی لە گەلی کورد دەرکەون، خراپتر ڕوخساری فاشیستانەیان دەردەکەوێ. لە دوای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە دروشمی” کوردستان، چشم و چراغ ایران” لە هەندێ لە شارە فارسەکان وترا و ئەمە وەکوو پشتیوانی لە بزاڤی سیاسیی کورد پرۆمۆت کرا و لەلایەن ڕێبەرایەتیی سیاسیی کوردیشەوە بە خاڵیکی ئەرێنی و تا ڕادیەکیش وەکوو ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە مێنتالیتەی فارسەکان وەرگیرا. بەڵام بۆچی کوردستان کە لە دوای شۆڕشی٥٧ ەوە هەموو کات و بە شێوەی جیاواز تەنیا مەکۆی سەرەکیی بەربەرەکانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بووە، لە ئێستادا دەبێتە چاو و چرای ئێران ؟! بۆچی ئەم دروشمە بەتایبەت لەنێو ئێرانی فرەنەتەوەدا وەپاڵ کوردەکان درا ؟ ئایا ئەم دروشمە و دروشمی دیکە لەوانە “هر جا کورد هست، آنجا ایران است.” تەنیا کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتە بەردەنگ یان هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان دەگرێتەوە؟
ئەم دروشمە فێلبازانەترین دروشمە کە لە ڕواڵەتدا بۆ پشتیوانی لە کوردستان گوترا. ئێستا کە بە شێوازی بەربڵاو سیاسییە کوردەکان ئیرجاعی پێدەدەن، گرینگە خوێندنەوە بۆ کات و شوێنی لەدایکبوونی بکەین. لە ڕووی کاتەوە دیارە هاوکاتە لەگەڵ قەیراناویترین تەمەنی حاکمییەتی سیاسی لە ئێراندا. بەربڵاویی خۆپێشاندانەکان لەنێوان نەتەوەکانی دیکەی ناو جوغڕافییای سیاسیی ئێران، بەتایبەتی کورد و بەلووچ گەیشتووەتە ئاستێک کە مەترسیی بۆ ئێرانی یەکگرتوو ساز کردووە. لە ڕووی شوێنیشەوە لە ناوچە فارسنشینەکان و لە ناوەندی ئێرانەوە ئەم دروشمە لەدایک بووە. ناوچەگەلێک کە بەشداریی ئەوتۆیان لە شۆڕشی ژینا نەکردووە تا ئێستا و، ئەگەر ئەو ئەگەرە لەبەرچاو نەگرین کە ئەم دروشمە بە شێوەی پلانداڕێژراو وتراوە، بەڵام چاوخشاندنێک بەسەر مانای “چاو و چرا” لە ئەدەبییاتدا ڕەنگە بەرچاوڕوونییەکمان پێ بدات بۆ چوونە ناو باسەکەوە. “چاو” لە ئەدەبییاتدا وەکوو نیشانەی جوانی لە وەسفی خۆشەویست و دڵداردا بەکار هاتووە. لێرەدا کوردستان وەکوو مەعشووق ناوزەد کراوە. ژیانی ئاشق بەبێ مەعشووق ئیمکانی نییە. هەروەها “چرا” کە وەکوو هێمای ڕووناکی هاتووە. هەموو ئەم وشانە جۆرێک پەیوەندی و گرێدراوییەک لەنێوان کوردستان و ئێران ساز دەکەن کە وا نیشان دەدا ئێرانی دوای کوردستان یانی ئێرانێکی تاریک و مردووە. ئەمە هەر ئەو لۆژیکەیە کە کوردستانی وەکوو کۆلۆنییەکی ناوخۆیی خۆی بەکار هێناوە. بێگومان ئێران بەبێ ئاوی کوردستان، بەبێ سەرچاوە خۆراکییەکانی کوردستان، ئێرانێکی مردووە. دەکرێ ئەم دروشمە وەکوو ئێعترافێکی گەورە بخوێنرێتەوە. بەتایبەت کە تا ئێستا هەندێ لە ڕووناکبیرانی فارس بۆ دژایەتی بەرانبەر کوردستانی سەربەخۆ فاکتەری ئابووری بەرجەستە دەکەنەوە و دەگوترێ کە لە ڕووی ئابوورییەوە کوردستان توانای ئیدارەکردنی خۆی نابێ. قەیران و ترس لە هەڵوەشاندنەوەی حاکمییەتی سیاسیی فارس وایکردووە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دان بە کۆلۆنیبوونی کوردستاندا بنێن.
خالێکی گرینگ و پاڕادۆکسیکالی ئەم بابەتە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ناسیۆنالیزمی ئێرانیشەوە هەیە کە ئێمە دەزانین ناسیۆنالیزمێکی مەزنخوازە و ئەو جوغڕافییا کولتوورییە کە دەکاتە بەردەنگ، گەلێک بەرینترە لە جوغڕافییای سیاسیی ئێستای ئێران. ئەوان پێیان وایە کوردەکان بەشێکی دانەبڕاوی ئەو جوغڕافییا کولتوورییەن. پارچەپارچەبوونی کوردستان ئەگەرچی خەسارێکی گەورەی لە بزووتنەوەی کورد داوە، بەڵام ڕووی دزێوی فاشیستییانەی سیستمی سیاسی و ڕۆشەنبیرانی فارسیشی بەباشی نیشان داوە. ئەوان ئەگەرچی هەموو کوردەکان بە ئێرانی دەزانن، بەڵام بۆ تاقە جارێکیش نەیانتوانیوە لە مافی ئەو کەسانەی کە پێیان وایە ئێرانین لەبەرانبەر دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ئێراق، تورکیە و سووریە پشتیوانی بکەن. لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێ کە چۆنە ئەم چرایە بەشبەش کراوە و، کەسیش متەقی لێوە نایە کە بۆچی لە کەرکووک و عەفرین لەژێر مەترسیی کوشتن و داگیرکارین، بەڵام تاقە ڕۆشەنبیرێکی فارسیش هەستی بەوە نەکرد کە دەبێ پشتیوانییان بکات.
خاڵێکی گرینگی دیکە ئەویە کە کوردستان لەم ماوەیەدا لە ڕووی بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان لە هەموو شارەکان سنووری سیاسی و جوغڕافییاییی خۆی تا ڕادیەکی باش دیاری کرد. ئەگەرچی ئێرانییەکان هیچکات دانیان بەو جوغڕافییا نەناوە کە ئێمە لە ڕۆژهەڵات بە کوردستانی دەناسێنین و، کوردستان لای ئەوان تەنیا مەبەستیان پارێزگای کوردستانە، بەڵام ترس لە جیابوونەوە وایکرد کە مۆرێکی تەئیید لەو جوغڕافییایە بدەن کە ئێمە بە کوردستانی دەناسێنین، بەڵام ئەمە بە مانای ئێعتراف نییە، بەڵکوو وەکوو پاڕادۆکسێک لە هەڵوێست و کرداریاندا دەبینرێ و نیشانەی قەیرانی مەعریفیی ئەوانە. کاتێک کوردستان خەڵتانی خوێن کرا و دەبا ئۆپۆزسیۆنی فارس تەواوی هێزی خۆی بۆ پشتیوانی لە کوردستان تەرخان بکات ، بەڵام ئەوان بە داهێنانی دروشمەگەلی لەو چەشنە ئەو پەیامە دەدەنە کورد کە بیر لە جیابوونەوە نەکەن. ئەوان نەتەنیا نەیانتوانی ببنە دەنگ و هاواری کورد، بەڵکوو بە شێوەیەکی دوور لە هەر چەشنە بەهایێکی دێمۆکراتیک خەریکن دەڵێن ئەوە ئێمەین کە دەبێ بڕیار بدەین کە ناسنامەی ئێوە چییە.
بەشی تاڵی خوێندنەوەی ڕێبەرایەتیی سیاسیی کورد لەسەر ئەم دروشمە بەتەواوی خوێندنەویەکی هەڵەیە. “کوردستان، چەشم و چێراغی ئێران” ڤێرژنێکی دیکەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانە کە بە بیانووی دژایەتی لەگەڵ یەکپارچەییی خاکی ئێران لە تەواوی ئەم ساڵانەدا شەرعییەتی داوە بە کوشتن و زیندانی کردنی کوردستانییان. ئەم دروشمە بەتەواوی هاوپەیوەندیی شاراوەی ڕۆشەنبیرانی فارس و سیستمی سیاسیی زاڵ بەسەر ئێراندا دەردەخات. ئەم دروشمە نەتەنیا مەترسییەک نییە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئێسلامی، بەڵکوو بەتەواوی لە بەرژەوەندییاندایە. هیستریای ڕێکخراوبوونی کوردستان و ئاگاییی نەتەوەییی کوردستانییان لە ماوەی شۆڕشی ژینادا، بووەتە هۆکار بۆ سازبوونی ئەو دروشمە. گرینگە کە ڕێبەرایەتیی سیاسیی کورد خۆی لە دووپات کردنەوەی ئەم دروشمە ببوێرێ و ئەمە نەکەنە بنەمای پشتیوانیی ئێرانییەکان لە کوردستان، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئەو فاکتۆرانەی تێدا بخوێننەوە کە هێزی کوردستان بەرانبەر ئێرانییەکان نیشان دەدا.
458
چرا التزام بە تمامیت ارضی شرطی غیردموکراتیک است؟...
مانع آلترناتیو سازی برای اپوزیسیون
Scroll to top