ئارامتر بخوێنەوە

بۆ دەبێ هەمووان لە دژی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران بن؟

بیریار ژاوەرۆیی


سەرەتا پێویستە ئاماژە بکرێت کە هەموو سیستەمێکی پاشایەتی لە دژی دێمۆکراسی، فێدرالیزم، مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان لەلایەن خۆیانەوە جیابوونەوە نین و هەموو سیستەمێکی کۆماریش ڕێگاخۆشکەر نین بۆ ئەوانە. بۆ وێنە لە وڵاتانی خاوەن سیستەمی پاشایەتی کە مافی جیابوونەوە هەیە، دەکرێ بە بەریتانیا و لەوانەش کە ئەو مافەیان نییە دەکرێ بە ئێسپانیا ئاماژە بکرێت. لە کاتێکدا هیچ کام لەمانە وەکوو فێدڕاڵ نەناسراون، لە بەریتانیا ئەو سیستەمە ڕێگر نییە لە جیابوونەوەی سکۆتلەند، لە ئێسپانیا ڕێگرە لە جیابوونەوەی کاتالان. دیارە بەشێک لە کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ جۆری یاسا. لە بەریتانیا یاسایەکی بنەڕەتیی توندوتۆڵ و نووسراوە نییە، بەڵام لە ئێسپانیا هەیە و وێڕای هەبوونی دێسەنتراڵی زۆر و بە فەرمی ناسینی هەرێمە خودموختارەکان، یاسا ئەو وڵاتەی وەک فێدراڵ دیاری نەکردووە. لەکاتێکدا هەرێمەکان دەسەڵاتی خۆیان وەکوو وڵاتێکی فێدراڵ لە یاسا وەردەگرن نەک حکوومەتی ناوەندیی، یاساکە ڕێگای جیابوونەوەی ئەوانەی دیاریی نەکردووە. بۆیە لە جیابوونەوەی کاتالان بەرگیری کرا. ئەگەرچی وەک پێشتر ئەو وڵاتە بەرەو دێسەنتراڵی، گۆڕانی زۆری بە سەردا هات و یاسای گۆڕدرا، ڕەنگە لە داهاتووشدا گۆڕانی تری بە سەردا بێت، بەڵام ئەو خاڵە لاوازە بووەتە هۆی ناتەواوبوونی دێمۆکراسی لەو وڵاتەدا. هەروەها هەندێ سیستەمی پاشایەتیی زۆر جیاواز وەک مالیزیاش هەن کە دەبینی فێدراڵە و پاشایەتییەکەشی لە دەست یەک هەرێمدا نییە، بەڵکوو پێک هاتووە لە چەندین هەرێم کە هەر کام شای خۆیان هەیە و بە نۆرەش لە نێوان خۆیاندا شای مالیزیا بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێرن. لە بەرانبەردا، وڵاتانێکیش هەن کە کۆمارین، کەچی نە فێدراڵن و نە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە جیاوازەکان یان پێکهێنەرەکان لە یاسایاندا هەیە. هەرچۆنێک بێت، دێمۆکراتیک بوون بنەمایە و گرنگترین مەرجی دێمۆکراتیک بوون بەتایبەت لە وڵاتانی فرەنەتەوە و فێدراڵدا ئەوەیە کە لە یاسای بنەڕەتییاندا مافی جیابوونەوەی پێکهێنەرەکانی وڵاتەکە هەبێت. هەر لەو پێوەندییەدا، لە پاشایەتیدا زۆرتر حکوومەتی پارلەمانی (سەرۆکوەزیریی) هەیە، بەڵام لە کۆماریدا هەم سەرۆکایەتیی و هەمیش پارلەمانی کە بۆ وڵاتانی فرەنەتەوە پارلەمانی باوترە. کەواتە، بێجگە لە باسی سەربەخۆیی پێش چوونە ناو ڕێککەوتنێک لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمەکانی تر لە چوارچێوەی وڵاتێکدا کە پرسێکی جیایە، ئەوەی سەرەتا گرنگترە، دێمۆکراسیی فێدراڵ و داننان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان بە دەستی خۆیانە لە یاسادا، نەک جۆری سیستەمەکە.

دیارە لە ئەگەری گۆڕانی ڕەژیم لە ئێراندا، وێڕای پێویستی بە خێرا پێکهێنانی دامەزراوە نەتەوەیی‌یەکان لە هەرێمەکاندا، پێویستە لە ئاستی ئێرانیشدا ئەنجومەنی دامەزرێنەران لە نوێنەری هەموو لایەن و نەتەوەکانی پێک بێت و بە شێوەی تەواو دێمۆکراتیک یاسا و سیستەمی سیاسیی داهاتوو تاوتوێ بکات و، دوایی یاسا و جۆرە پێشنیارکراوەکانی سیستەم بخاتە ڕێفراندۆمەوە کە خەڵک دەنگی پێ بدەن. لە یاسایەکی بنەڕەتیی دێمۆکراتیکدا گرنگە کە وێڕای ئاماژە بە جۆری ڕەژیمی سیاسی بە ڕوونی باسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی لەلایەن هەموو نەتەوە خاوەن خاکەکان و ڕێگای یاسایی بۆ جیابوونەوە بکات، جا ئەو سیستەمە چ پاشایەتی بێت چ کۆماریی. دیارە لە داهاتوودا ڕێفراندۆم بۆ دیاریکردنی سیستەمی سیاسی پێویستە فرەبژاردەیی بێت. هەروەها نابێت وەک پاش شۆڕشی ١٩٧٩ کە زۆرینەی خەڵکی ئێران لە بەناو ڕێفراندۆمێکدا دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی دا، هەرچەند لە بارودۆخێکی نەشیاو و نادێمۆکراتیک کە پێشتر ڕێگە نەدرابوو بە ڕوونی باسی ناوەڕۆکی سیستەمێکی وەها بکرێت و خەڵک ئاگادار ببنەوە، ئەم جارەش هەڵەکە دووپات ببێتەوە. ئەگەر جاری پێشوو کورد تەنیا بوو لە دەنگ نەدان بەو سیستەمە، ئەم جارە نەتەوە نافارسەکان کە پێکەوە زۆرینەی خەڵکی وڵاتن، دەتوانن هاوسەنگییەکە بگۆڕن. بەوەشەوە ئەگەر لە داهاتووشدا دیسانەوە هەڵەکە دووپات ببێتەوە، بۆ وێنە زۆرینەی خەڵک دەنگ بدەن بە سیستەمی پاشایەتی، ئەوە بەو واتایە نییە کە کورد ئەگەر شەڕی بەسەردا نەسەپێ، تەنیا بەو بۆنەوە دەکەوێتە شەڕ، هەروەک لە پاش ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامیش وێرای دەنگ نەدان بەوە، کورد دیسان لە وتووێژدا بوو لەگەڵ ناوەنددا بۆ دابینکردنی مافە نەتەوەیی‌یەکەی و تەنانەت دکتۆر قاسملوو و حیزبی دێمۆکرات لە زمانی بەرپرسانی ڕەژیمەوە “خودموختاری ئیسلامی”شیان قبووڵ بوو. هەرچۆنێک بێت، وەک ئاماژە کرا گرنگتر لە هەڵبژاردنی جۆری سیستەم، داننان بە مافی نەتەوەکانە تا ئاستی جیابوونەوەی ئاشتییانە لە یاسای بنەڕەتیدا. ئەم خاڵە کە پیشاندەری دێمۆکراتیک بوونە، لەڕاستیدا پێویستە هێڵی سوور بێت بۆ نەتەوە نافارسەکان.

وێرای ئەوەی کە جۆری سیستەم لە خۆیدا چەندان جیاوازییەکی نییە، بزووتنەوەی دێمۆکراتیکی نەتەوەکان و تەنانەت خەڵکی فارسیش پێویستە ڕاوەستن لە بەرانبەر سەپاندنی سیستەمی پاشایەتیدا و بەرپەرچی لایەنگرانی بیرۆکەیەکی وەها بدەنەوە، هەرچەند لایەنگری لە سیستەمێکی وەها و شانسی سەرکەوتنی زۆر لاوازە. بێجگە لەو خاڵانەی کە شەهید دکتۆر قاسملوو لە دژایەتیی سیستەمی پاشایەتی بۆ ئێراندا باسی دەکات، پێویستە تیشک بخرێتە سەر چەند خاڵی تریش کە تەنانەت بۆ خەڵکی فارسیش گرنگە ئەگەر ئاوەزمەندانە و بێ دەمارگرژیی شۆڤێنیستانە سەیری بکەن:

یەکەم، سیستەمی پاشایەتی هێمای بیرۆکەی فاشیستی و چەوساندنەوەی نەتەوە نافارسەکان و هەروەها زۆرێک لە فارسەکانیش بووە. هەوڵ بۆ سەپاندنی سیستەمێکی وەها لە خۆیدا نە تەنیا لە دژی دێمۆکراسی، بەڵکوو خەیانەت بە ئەو هەموو هەوڵەیە خەڵکانی ئێران بۆ ئازادی داویانە و دەیدەن. لێرەدا تەنیا ئاماژە بەو هەموو قوربانییەی کە هێزە چەپەکان داویانە لە هەردوو ڕەژیمی پاشایەتی و ئیسلامیدا بەسە بۆ ئەوەی کە بزانین خەڵکانێکی زۆر لە دژی ئەو سیستەمە دەبن و ناتوانن خوێنی ئازیزانیان لە بیر ببەنەوە. قبووڵکردنی سیستەمێکی وەها وەک بەفیڕۆدانی خەباتی خۆیان و خوێنی هەموو قوربانییەکانیان دەبێت کە ئاستەمە بەو هاسانییە لێی گەڕن.

دووەم، لە جیهانی ئەوڕۆکەدا تەنانەت لە وڵاتانی خاوەن سیستەمی پاشایەتیدا خەڵکی خۆشیان بەتایبەت بزووتنەوە کۆماریخوازەکان زۆر ڕەخنەیان لەو سیستەمانە هەیە. لەڕاستیدا ئەمە بە ئاوەزمەندانە نازانرێت کە بۆدجەیەکی زۆر لە ماڵیاتی وڵات و هەرێمە جۆراوجۆرەکان و لە گیرفانی خەڵکی بۆ پاراستنی دامەزراوەیەکی وەها و بنەماڵەیەک تەرخان دەکرێت. خەڵکی ئاگا چی تر شتێکی وەها قەبووڵ ناکەن کە ماڵیات و باجی زۆر بدەن بۆ ئەوەی کە بنەماڵەیەک سەروەرییان بکات. کاتێک دامودەزگای حکوومەتی و بەڕێوەبەرایەتیی مۆدێڕن بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری وڵات هەبێت و خەڵک بیانەوێت سەروەری خۆیان بن، بۆ دەبێت زیانێکی وەها بە خەڵک و بۆدجەی گشتیی وڵات بگات. لەڕاستیدا ئەوە دووپاتبوونەوەی “بەیتی ڕەهبەری”یە کە ئەوەش لە کاتی خۆیدا جێگەی نووسینگەی شای گرتەوە. هەردووک هەر بەفێڕۆدانی بۆدجەی وڵاتە. لێرەدا بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بەو میلیۆنان دۆلارە بکرێت کە شا بۆ کوڕەکەی بەجێ هێشت. بۆ دەبێ خەڵکێ کە خاوەنی ئەو وڵاتەن، هیچیان نەبێت و کوڕی شا خەزێنەیەکی وەهای لە پشت بێت کە هەمووی لە سەرمایەی ئەو وڵاتە خراوەتە لا. مرۆڤی سەردەم خۆی بە سەروەریی دەسەڵاتداران دەزانێت و دەسەڵاتداری سەردەمیش تەنیا وەک ئەوەی کە بۆ ماوەیەک پیشەیەکی هەبێت، خۆی بە خزمەتکاری خەڵک دەزانێت. توانی خزمەت دەکات و نەیتوانی ژیرانە دەکشێتەوە. سەردەمی تەشریفاتی سەڵتەنەتی و خۆ بە سەروەریی خەڵک زانین و مێژووسازی بەپێی ئەفسانە و ئەوانە لە گەلانی ئاگادا تەواو بووە. بێجگە لە گرووپێکی هەلپەرست کە لە ڕێگای ئەو دامەزراوەیەوە بەرژەوەندیی تاکەکەسییان بەدواداچوون دەکەن، گەلانی ئاگا خوازیاری سیستەمێکی وەها نین.

سێهەم، بارودۆخی ئێران جیاوازە. ئەگەر ئەم گریمانەش ڕەچاو نەکەین کە گەورەکردنەوەی پاشایەتیخوازان لەڕاستیدا و لە ئاڕاستەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی بزووتنەوەی دێمۆکراتیکی ژینا بوو، لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی، ئەوەیان بۆ بنەماڵەیەک دەوێت کە سەروەرییان بکات و بیکەن بە هێمای یەکیەتی و یەکتیکەیی و یەک نەتەوەیی ئێران. بەڵام پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەی ئێران وەها نییە و فرەنەتەوە و فرەمەملەکەتییە. بۆیە قبووڵکردنی ئەوە لە دژی دێمۆکراسییە. لەلایەکەوە، ئەوان سیستەمێک لە چەشنی پاشایەتیی فێدراڵی مالیزییان ناوێت کە قبووڵ بکەن هەر وڵاتێکی پێکهێنەر پاشای خۆی هەبێت و پاشای گشتیش بگۆڕ بێت و هەڵبژێردرێت. تەنانەت لە چەشنی ئێسپانیاشیان بۆ قەبووڵ ناکرێت، چون ناشیانەوێت هیچ مافی نەتەوەکان بە فەرمی بناسن. ئەوان بیر لەو چەشنە پاشایەتییە لەباوکەوتوویەی ناو مێشکی خۆیان دەکەنەوە. لەلایەکی تریشەوە، زۆرینەی نەتەوە نافارسەکان و وڵاتانی کوردستان، بەلووچستان و عەرەبستان لە ناوەندی ئێران لە باری دێمۆکراتیک بوونەوە پێشکەوتووترن و لە ئاستی وڵاتی خۆیاندا داوای سیستەمی پاشایەتییان بۆ هەرێمە فێدراڵەکان نەکردووە. ئەم نەتەوە پێشکەوتووانە دێمۆکراتیکن و حکوومەتی کۆماریی دێمۆکراتیکیان دەوێت. داوای دێمۆکراسی و بەرابەری بۆ هەموو خەڵک دەکەن و کەس بە سەروەری کەس نازانن.

دیارە زۆر هۆکاری تر بۆ دژایەتیکردنی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران دەکرێ بخرێتە سەر ئەوانەی سەرەوە، بەڵام لە هەموو گرنگتر ئەوەیە کە وەک لە خاڵی دووەمدا ئاماژە کرا، خەڵک بەو ئاگاییە گەیشتبێتن کە نەیانەوێت بە دەستی خۆیان مڵۆزمێک بۆ گیانی خۆیان چێ بکەنەوە و زۆرێک لە بۆدجەی گشتی بۆ دامەزراوەیەکی وەها بێ کردە و بێ کەڵک تەرخان بکەن. ئەمەش تەنیا پێوەندی بە نەتەوە نافارسەکانەوە نییە. زۆر نەشیاوە کە خەڵکی ئاگا بەدەستی خۆیان سیستەمێکی پاشایەتی لەباوکەوتووی وەک ئەوەی کە پاشایەتیخوازەکان دەیانەوێت بە سەر خەڵکدا بیسەپێنن، قبووڵ بکەن. کەواتە بۆ خەڵکی ئاگا تەنیا سیستەمی بەردەم سیستەمی کۆماریی خاوەن حکوومەتی پارلەمانیی دەبێت. لە سیستەمێکی وەهادا سەرۆک کۆمارەکان دەگۆڕدرێن و دەکرێ لە نەتەوە جیاوازەکان بن یان دەکرێ ئەنجومەنی سەرۆک کۆماری هەبێت و لە هەموو کۆمارە پێکهێنەرەکان تێیدا بەشدار بن. خەڵکیش ئیتر لە گیرفانی خۆیان بنەماڵەیەک وەک سەروەری خۆیان بەخێو ناکەن و ئامرازگەلی دێمۆکراتیکیش لە بەر دەستیان دەبێت، لەوانە خۆپیشاندانی ئازاد و دەنگدان کە دەتوانن دەسەڵاتداران بگۆڕن و بە سەریاندا سەروەر بن. لێرەدا هەلی بەرزبوونەوەی ئاستی دێمۆکراسی لە ناو خەڵکیشدا بە گشتی زۆرتر دەبێت و هیچ نەتەوەیەک ڕێگە بە خۆی نادات لە جێی ئەوانی تر بڕیار بدات. هەروەها، لە ئەگەری هەر ناکۆکی و جیابوونەوەیەکی ئاشتییانەشدا کە یاسای بنەڕەتی گەڕەنتی دەکات، نە تەنیا هێز لە بەرانبەر هێزدا هەیە، بەڵکوو چۆن بەرپرسان و دەسەڵاتداران هەڵقوڵاوی نێو خەڵکن، لە بەرانبەر خەڵکدا بەرپرسیار دەبن و ئەگەری سەرکوت و توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتێکی زەبەلاحی سەرکوتکەری نامۆ لە خەڵکی ئاسایی بە کەمترین ئاست دەگات.