دیتن و پێناسەی کورد، وەک دەوڵەتی فارس
ژەنەڕاڵ عەلی ئەکبەر درەخشانی، دووەمین قەسابی کوشتاری کورد و لوڕ، دوای ئەمیر ئەحمەدی (ناسراو بە ئایشمەنی ئێران)، دەڵێت ئامانجی دەوڵەتی ڕەزا شا لە قەتڵوعامی ”خەڵکی لوڕستان ئەوە بوو کە لوڕیش وەکوو خەڵکی دیکەی ئێرانی لێ بێت” (بڕوانە خاطرات ژنرال علی اکبر درخشانی): یانی گوێڕایەڵی دەوڵەت بن و دەست لە خۆ بەجیاواز دیتن، هەڵبگرن.
دەوڵەتانی تورک و فارس بەگشتی لە چوارچێوەی وێژمانی قەبیلەگەریدا باسی بەرهەڵستکاریی مافخوازانە و بەرخۆدانی نەتەوەکانی بندەستی خۆیان بەتایبەت نەتەوەی کورد دەکەن. گونجاندنی مافخوازیی نەتەوە بندەستەکان لە چوارچێوەی وێژمانی قەبیلەگەریدا -لەلایەن دەوڵەتانی دژە کورد- بە دوو مەبەستی بنەڕەتی کراوە: ١) شەرعییەت دان بە بانگەشەی یەک نەتەوەبوونی جوگرافییای سیاسیی ژێر دەسەڵاتیان، یاسایی و ئەخلاقی کردنی نکۆڵی لە بوونی نەتەوەکانی دیکە وەکوو کورد. ٢) شەرعییەت دان بە سەرکوت، کوشتار و تەنانەت جینۆسایدیش بەناوی ئالینگاری بەشارستانی کردنی پەراوێزەوە.
پەراوێز هەمیشە وەکوو بەشێک لە ”وڵات و نەتەوە”، کە بە هۆی دواکەوتوویی و ناشارستانی بوونییەوە، کێشەی لەگەڵ یاسا هەیە، پێناسە کراوە. کێشەی “پەراوێز و سنوور” وەکوو کێشەی قەتیسمانی خەڵکی ”ئەو ناوچانە” لە ڕابردوودا باسی لێ کراوە. پەراوێز لە وێژمانی دەوڵەتی ئەویدیکەدا، وەکوو هێمای کێشە و نەبوونی توانای خۆگونجاندنی ”خەڵکی سنوورەکان یان عەشایر و قەبایل” لەگەڵ مودێرنیتە هاتووەتە بەرباس. کێشەی ئەو خەڵکانە وەکوو درێژەی ڕابردوو و درێژەی سیستەمی کۆمەڵایەتی کۆن لە چوارچێوەی قەبیلەدا پێناسە کراوە. بۆیە وێژمانی ڕەسمی دەوڵەتانی دژە کورد، مافخوازیی کوردی وەکوو کێشەی قەبیلەکانی ”سەرسنوور” باسکردووە کە گوایە کێشەیان هەیە لە قبووڵ کردنی یاسا مۆدێرن و دەوڵەت وەکوو هێمای مودێرنیتە و شارستانییەت، نەک وەکوو نەتەوەیەک کە دوای مافی خۆی دەکات.
ئەو جۆرە باسکردنە لەباری ئەخلاقییەوە ڕێی بۆ توندوتیژیی دەوڵەتی کۆڵۆنیال خۆش کردووە کە بتوانێ بۆ نموونە کوردستان بۆ هەمیشە لە هەلومەرجی ئیستیسنایی(ئاوارتە)دا ڕابگرێت و وەکوو ناوچەیەکی ئەمنییەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات. هەروەها، یارمەتیی دەوڵەتی کۆڵۆنیاڵیشی داوە کە ناسیۆنالیستی بوونی دژایەتی کوردیش لەگەڵ حوزووری دەوڵەت لە کوردستان، ئینکار بکات. بۆیە دەوڵەتی دژەکورد لە پەنا وشەی قەبیلە، چەمکی جۆراوجۆری دیکەشی وەکوو ئەشقیا، ئەشرار، چەتە و گروههای موعانید و لەو دوایییانەشدا چەمکی تیرۆریشی دژی بزاڤی نەتەوەییی کورد بەکار هێناوە.
ئەوەی کە لەو کلیپەدا دەبینرێت، هەمان شێوە ئاماژەکردنە بە کورد لە لایەن ڕەزا پەهلەوی و بەقەبیلە ناساندنی سیاسەتی کوردی وەکوو شتێکی زۆر ئاسایی. ڕەزا پەهلەوی لە پێناسەکردنی دووانەی ئێران و کورددا، زۆر بەڕاشکاوی وشەی قەبیلە بۆ سیاسەتی کورد بەکار دێنێت و مافخوازیی ١٤٠ ساڵەی کورد وەکوو مەیلی قەبیلەیی پێناسە دەکات.
لێرەدا سەرەڕای ئینکاری شەرعییەتی سیاسەتی کوردی، ڕەزا پەهلەوی باوەڕی نەریتیی دەوڵەتی فارس سەبارەت بە کورد بەڕاشکاوی دووبارە دەکاتەوە. لە ڕوانگەی ڕەزا پەهلەوی حیزبێکی کوردیی تەمەن درێژتر لە ٧٠ساڵ، وەکوو حیزبی دێموکرات، تەنیا بەهۆی پێداگری لەسەر مافخوازیی کورد، سەرەڕای پێداگریی هاوکاتی ئەو حیزبە لەسەر دێمۆکراسی بۆ ئێران، ناتوانێ وەکوو قەبیلەگەری نەیبینێت.
ڕەزا پەهلەوی بەبێ تۆسقاڵێک گرنگی دان بە خۆتێڕامان و خۆ پێناسەکردنی کورد، سیاسەتی مافخوازییەکەی لە هەر ئاستێکدا بە قەبیلەیی ناوزەد دەکات. تەنانەت چەند ملیۆن کورد چ جۆرە ڕوانگەیەکی بە چ حیزبێکی کوردی هەیە، بە خەیاڵی ڕەزا پەهلەویشدا نایەت و لە ئاکامی پێناسەیەکی وەهاشدا تۆسقاڵێک سڵ ناکات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئێستا ڕەزا پەهلەوی بە ئاشکرا پێویستی بە یارمەتیی حیزبە کوردییەکان هەیە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە یەک ڕەزا پەهلەوی لە گشتگیربوونی ئەو ڕوانگە پڕ لە سووکایەتییە سەبارەت بە کورد لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا دڵنیایە. دوو، لە نەبوونی هیچ جۆرە پەرچەکردارێکی کوردیش سەبارەت بەو گوتەیەی خۆی دڵنیایە.
لە ڕوانگەی پەهلەوییەوە کوردستان یان نەتەوەی کورد هیچ واقعییەتێکی سەربەخۆی نییە. هەربۆیەش هەر سیاسەتێکیش کە لەسەر باوەڕ بە واقعییەتی نەتەوەبوونی کورد بنیات نرابێت، بۆ ئەو بنەمایەکی قەبیلە هەیە و مەحکووم بە لەناوچوون یان بە تێپەڕبوونی کات یان بە هێزی دەوڵەتە. لە ڕوانگەی ئەو تەنیا یەک جۆرە سیاسەت مەشرووعە، ئەویش ئەوەیە کە لەگەڵ ڕوانگەی دەوڵەتی فارس و بەرژەوەندیی دەوڵەتی فارس گونجاو بێت. ئەگەر شتێک لەگەڵ ڕوانگە و بەرژەوەندیی دەوڵەتی فارس نەگونجێت، کێشەیەکی یاسایی، ئەخلاقی و ئەمنییەتییە.
بە پێچەوانەی ڕوانگەی هێندێک کوردی نزیک لە خەتی پەهلەوی، کەسانێکی وەک پەهلەوی و زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆنی فارس، هیچ شەرعییەتێک لە پێداگریی کورد لەسەر جیاوازیی «قەومی»دا نابینن. بۆیەش پەهلەوی بەئاشکرا سیاسەتی کوردی بە دوو جۆر دابەش دەکات: یەکیان قەبیلەیی یانی کوردی و ئەویتر ئێرانی. پێی وایە شۆڕشی ژینا یەک ئاکامی باشی ئەوە بووە کە توانیویەتی وا بکات کە هێندێک کورد دەست لە قبیلەگەری هەڵگرن و خۆیان لەگەڵ سیاسەتی ئێرانی بگونجێنن.
533
بن بست ایرانیت مرگ مغزی گفتمان ایران سیاسی...
معمای حملە شیمیایی بە مدارس دخترانە
Scroll to top