کوردایەتی لە پێناو سەروەریی نەتەوەییدا
سەروەری و دەسەڵات دوو چەمکی فەلسەفیی سیاسین کە لە بەستێنی مێژووی کوردیدا هێندێک جار وەکوو یەک بەکار دێن، بەڵام کاتێک ئەم دوو چەمکە تێکەڵ بە گوتاری سیاسی کۆمەڵایەتیی کورد دەبن، مانایەکی سەربەخۆ پەیدا دەکەن.
بەگشتی دەکرێ لە دەرەوەری دەسەڵاتی باڵا پێناسە بکرێت، سەروەریی سیاسی دەبێتە هۆی ئەوەی سەربەخۆییی دەرەکی بۆ دەوڵەتان دەستەبەر ببێ. لە تیۆریی سیاسیدا، سەروەری، چەمکێکی جەوهەرییە کە دەسەڵاتێک بە پێی یاسا بەسەر هەندێک سیاسەتدا دیاری دەکات. واتە دەکرێ کەسێک یا لایەنێک دەسەڵاتی هەبێ، بەڵام چونکە مەشرووعییەتی نییە، ئەو لایەنە ناتوانێ سەروەری هەبێ.
ئەوەی کە ساختاری پاش کۆماری ئێسلامی بۆ بەڕێوەبەریی وڵات یەک ڕەهەندی و ناسەنتڕاڵ دەبێت یان ساختارێکی چەند ڕەهەندی و فیدڕاڵ، کێشەیەکە ئەمڕۆکە لە بەینی ئۆپۆزسیونی کۆماری ئێسلامی مشتومڕێکی زۆری لەسەرە و، بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت. ڕەنگە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی پێکهاتنی ئیتلاف بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بێت کە کۆماری ئیسلامیش کەڵکێکی زۆری لێ وەردەگرێت، بە شێوەیەک کە لایەنگرانی ساختاری یەک ڕەهەندی و ناسەنتڕل، فیدڕاڵیخوازەکان تۆمەتبار دەکەن بە جیاییخوازی و فیدڕاڵیخوازەکانیش ئەوان تۆمەتبار دەکەن بە پاوانخوازی (کە ئەگەر چاوێک بە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا بخشێنین، زۆریش بێ بنەما نییە)، کە هەر ئەمەش بووەتە هۆی زیاتر بوونی تەمەنی کۆماری ئیسلامی.
ئێران وڵاتێکی “کثیرالملە” یان فرەنەتەوەیە کە تەواوی نەتەوەکانی کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و تورکمان باوەڕیان بەو ڕاستییە هەیە و پێیان وایە تەنیا ڕێگای گەیشتن بە ڕزگاری، ئازادی، دادپەروەری و…هتد، ئەمەیە کە دان بە مەوجوودییەتی نەتەوەیییان بنرێ کە دەبێتە هۆی سەروەریی نەتەوەیی، بەم پێیە ئێمە سەروەری و داننان بە مەوجوودییەتی یەکتر هەر بەو شێوەیە کە هەیە لێک دەدەینەوە، واتە مەسئەلەی ناسنامە و گرینگیی مەسئەلەی ناسنامە لێرەدا و لەمەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەم ناسنامە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی سەروەری و، سەروەری بەدیهێنەری دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و…هتد بێت.
بەڵام ئایا دەسەڵاتیش دەتوانێت زامنی سەروەری و ناسنامە بێت، یان با بڵێین دەتوانێت سەروەری بە شوێن خۆیدا بێنێت؟
بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین نا، چون لە دوای هاتنە سەرکاری ڕەزاخانی میرپێنج و سیاسەتی یەک زمانی و یەک نەتەوەییی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا، تەنیا و تەنیا نوێنەرایەتیی یەک زمان و یەک نەتەوەی کردووە، لێرەدا دەبێ بپرسین کە ئەگەر ساختاری دوای کۆماری ئیسلامی ساختارێکی ناسەنتڕالی یەک ڕەهەندی بێت، تەنانەت ئەگەر بە شێوەی خۆیان دەسەڵاتێکیشی دابەش کردبێت، ئەم دەسەڵاتە نوێنەرایەتیی کام زمان و نەتەوە دەکات. کە پێم وایە جوابی ئەم پرسیارە زۆر سادە بێت و، ئەوەی کە ئەم ڕۆژانە لە زمانی ئۆپۆزسیونی فارس دەبیسترێت و لە کردەوەکانیاندا دەبینرێت، هەمان پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەد ساڵی ڕابردووە، بەواتای هەبوونی ناوەندێکی بەهێزی دەسەڵات و بڕیاردان بەسەر چارەنووسی باقیی شوێنەکاندا.
دەسەڵات بە گشتی چ سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی…هتد، لە تەواوی جیهاندا لە سەروەرییەوە سەرچاوەی گرتووە و دەگرێ، بەو واتایە کە لە هەر جێگایەک کە سەروەری نەبووە، کەڵکیان لە وشەی داگیرکراو، کۆلۆنی یان مستەعمرە وەرگرتووە و دەسەڵاتێکی کە هەبووە، هیچکات دەسەڵاتێکی مەشرووع نەبووە، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە دەورانی ئیستعماریی ئیمپریالیزم بکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی بابەتی باسەکەی ئێمە نییە، ناچینە سەری، بەڵام بە نیسبەت مەسەلەی کوردستانەوە بەتەواوی جیاوازە، چون کوردستان تەنانەت دانی پێدا نەنراوە کە ئێمە بتوانین کەڵک لەم چەمکانەی سەرەوە وەربگرین.
لە دۆخێکی ئاوادا ئایا بە قەبوول نەکردنی سەروەری و ناسنامەی نەتەوەیی لە لایەن نەتەوەی سەردەستەوە لە وڵاتی ئێراندا بەپێی مێژووی سەدساڵی ڕابردوو لە ساختارێکی سادەدا وەکوو نەتەوەی کورد دەتوانین چاوەڕوانی ج جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی یان …هتد بین، و ناوچە نافارسەکان چ هێزێک دەبێ بەڕێوەی بەرێ، زیادتر لەمە بە پێی وەزعی کلتووری کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی سەد ساڵی ڕابردووی ئێران چ هێز یان لایەنێک دەتوانێت لە دوای پێکهاتنی حکوومەتێکی تر دەسەڵات لە ناوەند کەم بکاتەوە و بەسەر باقیی ناوچەکانی ئێراندا دابەشی بکات، ئایا خودی فارس ئەم کارە دەکات؟ یان دیسان هێزە ئازادیخوازەکانی دەبێ لە بەرانبەر دیکتاتۆرێکی تردا دەست بۆ چەک بەرن.
بە پێی ئەم لێکدانەوانە تەنیا شتێک کە دەتوانێت زامنی ڕزگاری، ئازادی، دادپەروەری و…هتد بێت، لە دواڕۆژی پاش کۆماری ئیسلامی داننان بە ناسنامەی باقیی نەتەوەکانی ئێرانە کە ئەمە لە مەسیری فیدرالیزمەوە دەگا بە ئامانج، واتە گەڕاندنەوەی سەروەری یان حەقی حاکمییەتی ئەم نەتەوانە بۆخۆیان، مەسەلەیەک کە ناوەندگەراکان زۆری لێ دەترسن و، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەڕێز حەسەن شەڕەفی لە کۆنفڕانسی “ژینا و ژیانەوە”دا باسی کرد، تەجزیە بوونی دەسەڵات لە ئێراندایە، ئەویش لە ڕێگای بەفەرمی ناسینی ناسنامەی یەکتر و دابەشکردنی سەروەری، هەر ئەمەش وای کردووە کە ناوەندگەراکان بە توندی دژی ئەم گەڵاڵەیە بوەستنەوە، ئەمەش مەسەلەیەکی ترە کە دەبێ ئۆپۆزسیۆنی غەیرەفارس گرینگییەکی زۆرتری پێ بدات، کە چۆن کەسێک کە ناسنامەی من بەفەرمی ناناسێت، واتە ئەو جۆرەی کە هەم، قەبووڵم ناکات و دەیهەوێت خۆی شکڵ بە من بدات، لەسەر چی لەگەڵ من ڕێک دەکەوێت، لەسەر مەوجوودییەتی من یان خۆی، واتە مەوجوودییەتی من دەبێتە نەردبانێک بۆ ئەو و، ئەم نەردبانە تا کاتێک بەکار دێت کە ئەو بە ئامانج دەگات و، ئاکامەکەی دەبێتە دووپاتبوونەوەی مێژوو.
لێرەدا بە ڕوونی دەتوانین ببینین کە نەناسینی ناسنامە واتە نەبوونی سەروەری و بە نەبوونی سەروەری هەر دەسەڵاتێکیش کە هەبێت، دەسەڵاتێکی کاتی دەبێت یان لە بەرژەوەندیی نەتەوەی سەردەست، ماسییەک دەتوانێت لە شووشەیەکی پڕ لە ئاودا بژیت بەڵام ئایا دەتوانێت ئازاد بێت؟
345
از فتوای جهاد خمینی بنیادگرا تا فتوای جهاد شبه سکولار-ناسیونالیستهای بنیادگرا...
جامعە بین المللی و انقلاب “زن زندگی آزادی” در ایران...
Scroll to top