ئارامتر بخوێنەوە

لاوان، حیزبەکان و پەروەردەی سیاسی

ڕێباز ڕۆژهەڵات



سیاسەت وەک زانست و هونەری بەڕێوەبەری، یەکێ لە ئەرک و پیشە گران و دژوارەکانی سەردەمە کە ڕۆژبەڕۆژ چڕوپڕتر، ئاڵۆزتر و ترسناکتر دەبێتەوە. لەو بارودۆخەی ئیمڕۆدا سیاسەتکردن بۆ نەوەی نوێ چەندە تام و چێژی هەیە و چەندە دەوێرن خۆیانی لێ بدەن و هەروەها پڕۆسەکانی فێربوونی سیاسەت بۆ منداڵان چۆنە و چۆن دەبێ؟ ئەم باسانە لەو لێکۆلێنەوەیەدا دەورووژێندرێن.



چەمکە سەرەکییەکان: سیاسەتی مۆدێڕن، پەروەردەی سیاسی

دەستپێک

لە ڕابردوودا بە هەمان ئاستی ساکاربوونی ژیان، چەمکی سیاسەت و کاری سیاسی ساکار بووە. دواتر بە هۆی سەرهەڵدانی ڕێنەسانس، گەشەکردنی پیشەسازی و پێوەندییە نێونەتەوەیی‌یەکانەوە، زانستی سیاسەت چڕوپڕ و ئاڵۆز بوویەوە. زانستی سیاسەت بەو هۆیەوە کە پێوەندی بە بەرژەوەندییەکان، فەرهەنگ، ئایدۆلۆژیا، ژیئۆپۆلیتیک و هێزەوە هەیە، زانستێکی بگۆڕ و ناسەقامگیر و ئاڵۆزە. سیاسەت کە زانستێکی بەربڵاوە و چاوەدێری گشت بەڕێوەبەرییەکانی خوار خۆیەوە دەکات، ئەوەندە هەستیار و ناسکە کە چەواشەبوونێکی بچووک دەتوانێ خەساری قەربوونەکراو و گەورەتر لە خوار خۆیەوە دروست بکات. هەتا سیاسەت دیموکراتیک، کراوەتر، سەردەمیانەتر و هتد … بێت، هەموو بەڕێوەبەری و ئیدارەکانی بەردەنگ و خوار خۆیەوە پارێزراوتر، کاراتر و زیندووتر دەبێ. لە دنیای مۆدێڕندا بۆ ئەوەی چەمکی سیاسەت لە دەستی لایەن و کەسانێکی ناتەندرووستدا قەتیس نەبێ و هەروەها بەشداریی هاوڵاتییان ببێ بە گەرەنتیی مانەوە و سەقامگیریی سیاسەتێکی پێشڕەو، پێویستە دەوڵەت، دەزگای پەروەردە و حیزبە سیاسییەکان بەرنامەیەکی بەربڵاویان بۆ ڕاهێنانی سیاسەت هەبێ. ئەگەر لە ڕابردوودا حیزبەکان هۆکارێک بوون بۆ ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا و بەرزکردنەوەی هۆشیاری و زانیاریی سیاسیی خەڵک، ئەوە ئێستا ڕاهێنانی حیزبەکان سەبارەت بە کۆمەڵگا بەرتەسک بووەتەوە و بەو هۆیەوە کە ئامانجی وەدەستهێنانی دەسەڵاتە، تەنیا لە “بەکۆمەڵایەتی کردن و ڕاهێنانی دەنگدەران سەبارەت بە هەڵسوکەوتی سیاسی و هەڵبژاردن و دروستکردنی بایەخە سیاسییەکاندا “[۱] کاردانەوەی هەیە.


ڕاهێنانی سیاسی دوو بەشە:

بەشی یەکەم: ڕاهێنانی گشتیی جەماوەرە، کە دەزگای ڕاگەیاندن و پەروەردە لەسەریانە زانیاریی گشتیی کۆمەڵگا سەبارەت بە پرسی سیاسەت ببەنە سەرێ. کاتێک سیاسەت هەم زانستە و هەم هونەر، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو چەمکە، جوانی و تام چێژی تایبەتیی خۆی تێدایە. نیشاندانی جوانییەکانی سیاسەت لە وانەکانی خوێندنگە و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا، تامەزرۆیی و هۆگری لە بەستێنی کۆمەڵگادا دروست دەکات.
بەشی دووهەم: ڕاهێنانی سیاسەتە بە شێوەی ئاکادیمیک، بۆ ئەو کەسانەی دەیانهەوێ بە کردەوە بچنە نێو کاروباری سیاسییەوە. لە دنیای جەنجاڵیی ئیمڕۆدا بەڕێوەبەریی سیاسەت هەم زانستی ڕۆژی دەوێ و هەم ناسینی واقێعی نێو کۆمەڵگا و دەوروبەر.
دروستکردنی هۆگری و تامەزرۆیی بۆ کاری سیاسی لەنێو تاکەکاندا پێوەندی بە هۆکارگەلی وەک “ڕەگەز، بەشداری لە بڕیارەکانی نێو بنەماڵە، ڕادەی باسی سیاسی لە بنەماڵەدا، ڕادەی مەزهەبی بوون، بواری خوێندن، دابەشبوونی دەسەڵاتی ناو بنەماڵە، شێوازی ڕاهێنانی بنەماڵە، پێگەی کۆمەڵایەتی ئابووری ــ کۆمەڵایەتیی دایک و باوک، ئاستی وتووێژی سیاسی لەگەڵ هاوڕێیان، ئاستی کەڵک وەرگرتن لە میدیاکاندا”[۲] هەیە. ڕێژەی دیموکراتیک بوونی بنەماڵە و دەرەتانی دەرکەوتن و چالاکی، هۆکارێکی دیکەیە بۆ هۆگری تاکەکانی بنەماڵە بۆ بەشداری لە کاری سیاسیدا. پێویست ناکات هەموو کەسێک پسپۆڕ و ئاکادیمیای سیاسەت بێ، چونکە نە هەموو کەس تامەزرۆی خوێندنەوەی سیاسەتە و نە ئیمکانی هەیە، بەڵام تاک بە تاکی کۆمەڵگا دەبێ زانیارییەکی گشتی و پێویستیان لەسەر پرسی سیاسەت هەبێ. بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاری و هۆشیاریی سیاسی دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە پڕۆسەی سیاسی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا بچێتە سەرێ. لەو سەردەمە پێشکەوتوویەی ئیمڕۆدا دوورەپەرێزی و کەمتەرخەمیی لاوان، سەبارت بە پرسی سیاسەت و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا، قەیرانی گەورە و کێشەی بۆ وڵاتانی جیهانی سێهەم لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر لاوانی وڵاتانی دیموکراتیک و پێشکەوتوو، سەبارەت بە بەشداریی کاروباری سیاسی کەمتەرخەمن، ئەوە بە هۆی خۆشبژێوی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و لە هەمووی گرنگتر سەروەریی یاسای دیموکراتیک و سیستماتیک بوونی دەزگای دەسەڵاتە.


ڕێکارەکانی پەروەردەی سیاسی

بۆ ئاشتکردنەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ سیاسەت و گرێدانیان بە چەمکە سیاسی و بەڕێوەبەرییەکانەوە، پێویستە بەرەی ئاکادیمیک و حیزبە سیاسییەکان، گەڵاڵە و پلانێکی تۆکمە و سەردەمییانە بهێننە ئاراوە و لە ڕێگای دامودەزگاکانی ڕاهێنان و پەروەردەوە، ئاراستەی توێژی لاوانی بکەن. لە دنیای نوێدا، وانەکانی سیاسەت دەبێ ئەوەندە باری زانستییەکەی بەرز بێت کە پەلکێشی لاوان بکات بۆ فێربوون و خوێندنەوەی زانستی سیاسەت. فێرکاریی سیاسەت دەبێ هەر لە سەردەمی منداڵییەوە بە پێی پلە و بڕگەکانی خوێندن، بە شێوازی زانستی و لەسەر ستانداردە جیهانییەکان دەست پێ بکات. پەروەردەی مۆدێڕنی سیاسەت دەبێتە هۆی ئەوەی بنەما و ژێرخانی سیاسەتێکی نوێ و دیموکراتیک بخوڵقێت و لەسەر ئەو شناژەوە باڵاخانەیەکی سەردەمییانە بۆ سەرجەم دانیشتووانی وڵات دروست بکرێت. ئافراندن و گەشەپێدانی سیاسەتێکی مۆدێڕن لە وڵاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژینگەیەکی ئارام و هەتاهەتایی سیاسی بۆ هەموو پێکهاتە و ڕەنگاوڕەنگییەکانی کۆمەڵگا پێک بێت.
پێشەکی و دەروازەی سیاسەت بۆ منداڵان و مێرمنداڵان و تەنانەت گەورەساڵانیش چیرۆکە سیاسییەکانە. ناوەرۆکی چیرۆکە حەماسەتی و سیاسییەکان دەرئەنجام و دواهاتی ئەرێنی بەدواوەیە کە بریتییە لە: هاندانی تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، داهێنان و هاریکاری، مۆڕاڵی هەرەوەزی و هتد.
چیرۆکە کۆنەکانی وەک کلیلە و دیمنە، چیرۆکە ئایینییەکان، شانامە کوردییەکان، دۆن کیشوەت، مەم و زین و هەروەها لە چیرۆکە سەردەمییەکانیشدا، کۆڵیتی مامۆ تام (کە سیاسەتی ڕەگەزپەرەستانەی ئەمریکا وێنا دەکا)، هەڵاتن لە نووسینی ئیرکولاگ ئیلکساندر (دژایەتیی کۆمەڵگای سیاسیی ستالینی)، قەڵای ئاژەڵان و هتد نموونەی چیرۆکە شوێندانەرەکانن.
ئەنیمەیشن و فیلمی ئەو چیرۆکانەی کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر منداڵان دادەنێن. فیلمە بێدەنگەکانی چارلی چاپلین بە ناوەرۆکی ڕەخنەگرانە لە دنیای مۆدێڕن و سەرمایەداری، تەکنۆلۆژیا و نابەرابەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا سەرنجی بینەرەکان بۆلای خۆی ڕادەکێشێ. یەکێ لە کاریگەرییەکانی چیرۆک و داستانەکان، ڕاکێشانی منداڵانە بۆ کۆمەڵایەتی بوون. منداڵان کە لە قۆناخی سەرەتا و دەسپێکی ژیاندان، بۆ چوونە نێو هەڤاڵان و هاوتەمەنانی خۆیان لە باخچەی ساوایان و خوێندنگەکاندا، پێویستە لەپێشدا مێشک و هزریان ئامادەی ئەو وەرگرتنە کۆمەڵایەتییە بووبێت .
کەشوهەوای ناو چیرۆکەکان بریتییە لە کەسایەتی و ئەکتەرەکان و شوێن و مەکانە نوێ و جیاوازەکان. ئەو دوو دیاردەیە، منداڵان هان ئەدات بۆ نزیکبوونەوە لە کەسان و دۆستانی تازە و چوونە نێو شوێنێکی جیاوازتر و گەورەتر لە بنەماڵە.
“پێوەندییەکی دوو لایەنە لەنێوان ڕۆمان و نەتەوەدا هەیە و ڕۆمان بە شێوازێکی تایبەتمەند ڕەنگدانەوەی نەتەوەیە، تەنانەت بە بۆچوونی مۆرتی، دەوڵەت ـ نەتەوە ڕۆمانی پێک هێنا و بە پێچەوانەوە ڕۆمان دەوڵەت – نەتەوەی پێک هێنا”[۳]، ئەو بۆچوونە سەبارەت بە کوردستان دروست نییە، چونکە ڕۆمان لە هەوڵی خوڵقاندنی دەوڵەت-نەتەوەدایە.
ڕۆمان ژینگە و نیشتمانێکی خەیاڵی لە مێشکی خوێنەردا دروست ئەکات و هانی ئەدات بۆ خوڵقاندنی ئەو ژینگەیە لە دنیای واقێع و ڕاستیدا. ساچیدانان بە ڕاشکاوی دەڵێ” بارودۆخی دوای کۆلۆنیالیزمی هیندی بە هەموو ئاڵۆزییەکانی سەردەمی ژێردەستەیی و دوای ژێردەستەیی، بە شێوازی باوەڕپێکراو لە ڕۆماندا ڕەنگی داوەتەوە”[٤]. جوانیناسیی سیاسی لە هونەردا، جوانییەکانی سیاسەتی وێنا کردووە و هەروەها کاریگەری لە مامەڵە، ڕەخنە و ڕووبەڕووبوونەوە لە هەمبەر سیاسەتدا هەیە. گەرچی “سەرهەڵدانی قوتابخانەگەلی هونەری وەک ئیکسپرسیۆنیزم، دادائیزم، نهیلیزم، سورئالیزم و هتد بە جۆرێک دنیای هونەری لە سیاسەت دابڕاند “[٥] و بە جۆرێک سەربەخۆیانە هەڵوێستیان گرت، بەڵام ناوەرۆکەکان وانیشان ئەدەن کە یا بۆ سیاسەتن یا لە دژی سیاسەت. جوانییەکانی سیاسەت هۆکارێکن بۆ نیشاندانی ڕواڵەتی ناسک و جوانی سیاسەت و لە ئاکامدا ڕاکێشانی منداڵان و لاوان بۆ نێو کاری سیاسی.
لە دوای ڕۆمان نۆرەی قۆناخەکانی ئەلفوبێی سیاسەتە کە پسپۆڕان و شارەزایانی سیاسەت و بەرنامەداڕێژەرانی کتێب و وانەکانی خوێندنگە دەبێ بە پێی تەمەن و قۆناخەکانی خوێندن لە چوارچێوەی کتێبەکاندا بیگونجێنن. جگە لە وانەکانی خوێندن بە شێوازی کردەیی “چالاکیگەلێکی وەک دروستکردنی گرووپی ڕاوێژکاری قوتابخانەکان، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، کۆڕ و کۆبوونەوەکان و … هتد کاریگەری لە باوەڕبەخۆبوونی منداڵاندا بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی ( کچ یا کوڕ) هەیە و ئەگەر چالاکییەکان سیمبولیک نەبن و لە لایەن گەورەکانەوە گرنگیان پێ بدرێ “[٦] ئەوا ڕێژەی بەشداری و دڵگەرمی بۆ کاری بەکۆمەڵ لەنێو لاواندا دەچێتە سەرەوە. فاکتگەلی وەک دیموکراسی، پرسی ئابووری، دەزگای ڕاگەیاندن، حیزبەکان، مەزهەب، فەرهەنگ و هتد کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە هۆگری و بەشداری بۆ کاروباری سیاسی لەنێو لاوان و تەنانەت هەموو چینەکانی کۆمەڵگادا هەیە.

لە وڵاتێکدا کە بەشداریی سیاسی تەنیا بۆ هەڵبژاردن و ژێستی سیاسیی حیزبەکان و دەوڵەت بێ و هەروەها هیچ لێکەوتە و سەرئەنجامێکی بۆ لاوان نەبێ، ئەوا بە هۆی وەرزی بوون و کەم بایەخی کاری سیاسییەوە، بەشدارییەکان ناوەرۆکێکی ناچالاکییان هەیە. لە بارودۆخی وەهادا تێچووی سیاسی بەرز دەبێتەوە و لە ئاکامدا ڕێژەی بەشدارییەکان دادەبەزێ.
بەشداریی سیاسی دەبێت لەگەڵ گەشەی سیاسیدا هاوکات و هاوتەریب بێت. لە گەشەی سیاسیدا دەرەتان و چوارچێوەکان بۆ بەشداری بەرینتر دەبنەوە. “گەشەی سیاسی هاوتەریبە لەگەڵ مۆدێرنکردنی سیاسیدا و خاوەنی چوار تایبەتمەندییە کە بریتین لە:
٭ـ دەرەتانی یەکسان بۆ بەشداری لە کێبەرکێی سیاسیدا.
٭ـ هەموو سیستمە سیاسییەکان توانستی جێبەجێکردنی یاسا و سیاسەتەکانیان هەبێت.
٭ـ جیاکردنەوەی ئەرکەکان بە پێی پسپۆڕی و شارەزایی بە مەرجێک لێک هەڵوەشانەوەی گشتی بەدواوە نەبێ.
٭ـ جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت”[۷.
کاتێک دەزگای دەسەڵات لە هەر خولێکی هەڵبژاردندا بتوانێ ڕەنگ و بەرگێکی تازە بپۆشێ و بە بیروبۆچوونێکی نوێ و جیاوازەوە جڵەوی دەسەڵات وەئەستۆ بگرێت، ئەوە نیشانەی گەشەی سیاسی و بەشداریی چالاکانەی خەڵکە لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتدا. لاوان چینی تازە و پڕ لە وزەی هەموو کۆمەڵگایەکن و وەکوو بەنرخترین سەرمایەی وڵات ئەژمار دەکرێن. هیوا بە ژیان لەنێو لاواندا پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە چەمکی سیاسەتەوە هەیە. ئەگەر سیاسەتی وڵات سەردەمییانە و مۆدێڕن بێت، هەموو چەمکە ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و پیشەسازییەکان گەشە دەکەن. لە بارودۆخێکی وەهادا لاوان، سەرەتا بە هۆی بەشداریی بەگوڕ لە کاروبارە کۆمەڵایەتییەکاندا(لە ئاستی خواردا ) پڕۆڤەی چالاکیی بەکۆمەڵ دەکەن و ئامادە دەبن بۆ بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی لە ئاستی بەربڵاوتر لە داهاتوودا. پەروەردەی سیاسیی منداڵان و مێرمنداڵان سەرەتا دەبێ بە تێگەیشتنە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانەوە دەست پێ بکات. سیاسەت زانستێکی ئاڵۆز و وشک و بێ‌تامە. ئەگەر پەروەردەی سیاسی بە شێوازی سەقەت ئەنجام بدرێت، هەموو پڕۆژەکانی ڕاهێنان لە بواری سیاسەتدا بە ناتەواوی و ناڕێکی دەچێتە پێشەوە.



ئەنجام

لە وڵاتانی دیمۆکراتیکدا بەشێک لە ڕاهێنانەکان بە شێوازی خۆڕسک و ئۆتوماتیک ئەنجام ئەدرێت، بەڵام لە وڵاتانی نادیموکراتیک و ڕوو لە گەشەدا، پڕۆسەی پەروەردە و ڕاهێنان هەم بە شێوازی سەقەت و هەم درەنگ دەچێتە پێشەوە. پەروەردەی سیاسی لە ئێراندا ناتەندروست و ئایدۆلۆژیکە. توێژی لاوان، بێکار و سەرگەردان و چینی بەتەمەن لە سەرووی دەسەڵات و دەوڵەتدان. بەشداریی لاوان لە سیاسەتدا تەنیا لە هەڵبژاردنەکان و دەنگداندایە. لە کوردستان دۆخەکە بە بەراورد لە گەڵ ناوەند جیاوازە. بەشداریی لاوان لە سیاسەتدا، لە کردەوەی سیاسیدا پڕرەنگترە هەتا بیرۆکە و ئەندێشە. لە وڵاتانی جیهاندا بە هۆکارگەلی وەک گەشەی تەکنۆلۆژیا و بچووکبوونەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، حیزبە سیاسییەکان بە هۆی ڕەچاوکردنی “لۆژیکی کێبەرکێی هەڵبژاردن و وەدەستهێنانی دەسەڵاتەوە “[۸ جێگە و پێگەی ڕابردوووی وەک حیزبەکانی جەماوەری لەدەست داوە، بەڵام لە هێندێک بەشی کوردستاندا سەرەڕای نەبوونی کۆلێژ و زانکۆی سیاسیی ناوچەیی، دیاردەکە جیاوازە و حیزبەکان هێشتا لە گەشەدان. گۆڕانکارییە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی‌یەکان لە داهاتوودا کاریگەرییان لەسەر پێگەی حیزبە کوردییەکان دەبێ. کاتێک حیزبەکان توانستی ئاڵۆگۆڕی ئایدۆلۆژیکی و ستراتیژیکی لە بەرنامەی خۆیدا پێک نەهێنێن و بە گوتارێکی بەڕۆژکراو خەریکی چالاکی نەبن، ئەوا جەماوەرەکەی وەک گەڵای پایز هەڵدەوەرن. حیزبە کوردییەکان لەو قۆناخەی مێژوودا هێشتا ناوەندی فێرکاری و ڕەنگدانەوەی سیاسەتە لە ئاست کۆمەڵگاکەیدا. پەروەردەی سیاسی لە کوردستان دیدێکی ڕەخنەگرانەی لە هەمبەر دەسەڵاتداراندا هەیە و لە ئاستی ناوخۆشدا بە هۆکارگەلی وەک ئایدۆلۆگ بوون، ناوچەیی بوون و گەشەنەکردنی سیاسییەوە، وێدەچێ لە داهاتوودا ڕووبەڕووی سۆنامیی ئاڵوگۆڕ ببنەوە. لە هەموو دنیادا هەر حیزب و لایەنێکی سیاسی بە شێوازی سەردەمییانە ڕەچاوی پرسی ژن، پرسی ژینگە و پرسی پێشکەوتن و تەکنۆلۆژیا بکات، دەتوانێ مانۆڕی سیاسیی خۆی لەنێو جەماوەری بەریندا بدات. پەروەردەی سیاسی کاتێک دەتوانێ ستاندارد و گشت‌پەسەند بێ کە [من و منییەت] لە هزری بەردەنگەکانیدا، سەبارەت بە کۆمەڵگا بگۆڕێ بۆ [ئێمە].