قەیرانەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە دوای شۆڕشی ژینا
سیاسەتی (نە شرقی نە غربی جمهوری اسلامی) هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیدا جێبەجێ کردنی ئەستەم بوو؛ هەر بۆیە سەرەتا ڕۆژهەڵات لە دروشمەکە سڕایەوە و کۆماری ئیسلامی نەک لەگەڵ ڕۆژهەڵاتدا بەڵکوو لەگەڵ وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا پەیوەندییەکانی ئاسایی کردەوە. بەرامبەر بە دنیای ڕۆژئاواش، دیسانەوە چاکسازییەکی بەربڵاوی ئەنجام دا و بەرەبەرە لەگەڵ هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئوروپاییدا بێجگە لە ئەمریکا و ئیسرائیل پەیوەندیی دیپلۆماتیک و بەربڵاوی دەست پێکرد. وادیارە بەختی ئەمریکا گرێ دراوە بە ئیسرائیلەوە ئەگینا لەگەڵ ئەویشدا پەیوەندییەکان ئاسایی دەبوونەوە.
لەم وتارەدا هەوڵ ئەدرێت بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە بیرۆکە و لە کردەوەدا تاوتوێ بکەین و هەروەها کاریگەرییەکانی لە سەر سیاسەتی ناوخۆ و دنیای دەرەوەدا دەستنیشان بکەین. کارناسانی سیاسی پێیان وایە “بیرۆکەی ‘نە شرقی نەغربی’ هەر ئیستەش بنەمای سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییە و مەبەست لەو دروشمە سڕینەوەی ئەو لایەنانە نییە بەڵکوو بەستراوە نەبوونە بە زلهێزە جیهانییەکانەوە”[۱]. کۆماری ئیسلامی وەک کەمینەیەکی شیعە لە نێو جیهانی زۆرینەی سوننەدا لە ساڵی ۱۹۷۹دا بە پشتیوانی و چراسەوزی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و تەنانەت خودی ئەمریکا بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ چەپ و بەرگیری لە هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی کۆمۆنیستی لە ئێراندا (لە لایەن توودەییەکانەوە) جڵەوی دەسەڵاتی لە ئێراندا بە دەستەوە گرت. هاوکات لە ئەفغانستانیشدا لە دژی دەوڵەتی ئەو وڵاتە کودیتا کرا و موجاهیدنی ئەفغان لە ساڵی ۱۹۷۹هەتا ساڵی۱۹۸۹ شەڕێکی بەربڵاویان لە دژی داگیرکارییەکانی یەکێتیی سۆڤییەت دەست پێکرد. ئەو دوو ڕووداوە سیاسییە لە جیهانی دراوسێی یەکێتیی سۆڤییەتدا ڕووداوی سروشتی نەبوون بەڵکوو خواستی دنیای ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکای لە سەر بووە.
چەمک یا فاکتگەلی وەک “داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا” ، “شەڕی ئێران و عێراق”، “هەناردەکردنی شۆڕش” و “پرسی ناوکی” بابەتگەلێکن کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بەو بگۆڕە سەرەکییانە و ئاستەنگەکانی دەکرێ.
داگیرکردنی باڵوێزخانە:
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۱۳٥۷دا دیسانەوە پەیوەندیی ئێران و ئەمریکا هەتا خەزەڵوەری ۱۳٥۸ ئاسایی بوو.
دوو ڕۆژ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، چریکە فیداییەکان باڵوێزخانەی ئەمریکایان لە تاران داگیر کرد بەڵام بە هۆی کۆمێتەکانی شۆڕش و پاسدارانی دەوڵەتی کاتییەوە بەریان پێ گیرا. رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانی تاران لە دنەدانی پەیڕەوانی خەتی ئیمامدا دەوری گرنگیان هەبوو.
“رۆژی سێزدەی خەزەڵوەری ۱۳٥۸ پەیڕەوانی خەتی ئیمام، باڵوێزخانەی ئەمریکا داگیر دەکەن و دواتر ڕێبەری شۆڕش ئاگاداری ڕووداوەکە دەکەنەوە و ئەویش دەڵێ: جێگایەکی باشیان گرتووە و وێڵی نەکەن. لە دوای ئەو ڕووداوە هەموو ڕێکخراوە چەپەکان و موجاهدینی خەڵک، بێجگە لە مەهدی بازرگان و حدکا لە کوردستان، خۆشحاڵی و پشتیوانیی خۆیان دەرئەبڕن”[۲]
مەبەست لەو ئاوڕدانەوەیە ئەوەیە کە شەخسی ڕێبەر پێشتر ئاگاداری ئەو هەڵوێستەی پەیڕەوانی خۆی نەبووە. لەو نێوەدا موجاهدینی خەڵک بە لاساییکردنەوەی پەیڕەوانی خەتی ئیمام “کونسوڵگەرییەکانی ئەمریکا لە شارەکانی ئیسفەهان، شیراز و تەورێز، داگیر ئەکەن”[۳]
لە بەرانبەر پەیڕەوانی خەتی ئیمامدا کە لەو سەروبەندەی شۆڕشدا لە هەوڵی سەقامگیریدا بوون، هەڵوێستی ئەمریکا بێجگە لە چەپەکان لایەنگرانی حیزبی کۆماری ئیسلامیی تووڕە کرد. لێرەدا چەند نموونەیەک لە ڕەفتاری ئەو کاتی دەوڵەتی کارتر باس دەکەین کە شۆڕشگێڕانی لە ئەمریکا ورووژاند و هانی دان بۆ بارمتەگیریی دیپلۆمات و کارمەندەکانی باڵوێزخانەی ئەمریکا. پێش لە هەر باسێک ئەمریکا دۆست و هاوپەیمانی پەهلەویی دووهەم بوو و هەر بۆیە جۆرێک لە ڕەشبینی لە دەروونی خەڵکدا هەبوو.
ــ دەرکردنی ڕاگەیەندراو لە دژی ڕێبەرانی شۆڕش لە هەمبەر هەڵسوکەوتیان بەرانبەر بە خەڵک لە ئەمریکادا
ــ پەیوەندی لەگەڵ میانەڕەوەکانی دەوڵەتی کاتی
ــ دەرکردنی ڕاگەیاندراو لە ۱۷ی مەی ۱۹۷۹دا لە دژی ئێعدامکردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا
ــ بڕیاری دەوڵەتی کارتر سەبارەت بە ڕۆیشتنی شا بۆ ئەمریکا بە مەبەستی چارەسەری دەرمانی
ــ میدیایی کردنەوەی دانیشتنەکەی بازرگان و زبیگنیو برژینسکی لە ئەلجەزایر،(ناوبراو لە ئێراندا خۆشناو نەبوو و دژی ئۆپوزسیۆنی شا بوو)”[٤]
ئەو ڕەفتارانەی ئەمریکا، ترس و هەراسی خستبووە دڵی شۆڕشگێڕان کە شایەد ئەمریکا مەبەستی کودیتای وەک کودیتاکەی دوکتور موسەدیقی لە دژی ڕێبەرانی شۆڕش، هەبێت.
لە ئاکامدا داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و سەرهەڵدانی ئەکتەرێکی دیکە بە ناوی ئیسرائیل لە دڵی ئەمریکادا چارەنووسی سیاسیی ئێران و ناوچەکەیان بە ئاقارێکی دیکەدا برد.
شەڕی عێراق و ئێران و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤییەت:
هێرشی سەددام بۆ سەر ئێران لەو کات و ساتەدا کە کوورەی شۆڕش هێشتا گەرموگوڕ بوو، مەودای بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی نەدا کە بە هەڵوێستە هەڵە و بەپەلەکان لە سیاسەتی دەرەوەیدا بچێتەوە. شایانی باسە کە ئەمریکا لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا، لەگەڵ هیچ حیزب و ڕێخراوێکی دژی کۆماری ئیسلامیدا پەیوەندیی نەبووە. “سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەورانی شەڕی هەشت ساڵەدا لە سەر پرسی ئاسایشی نیشتمانی و مانەوەی دەسەڵاتدا چەقی بەستبوو.”[٥]. هەر چەند پرسی ئاسایشی نیشتمانی لە هەموو بڕگەیەکدا بۆ دەوڵەتان گرنگیی خۆی هەیە بەڵام لە کاتی شەڕدا دەچێتە ڕیزبەندی یەکەمەوە. پرسی ئابووری لەو دۆخەدا دەچێتە خانەی ئابوورییەکی جەنگییەوە. هەناردەکردنی شۆڕش تا کۆتایی شەڕی هەشت ساڵە تەنیا لە چوارچێوەی دەقەکان و میدیا دەوڵەتییەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو.” لە سەرەتای شەڕی عێراق و ئێراندا وادیارە ئەمریکا سیاسەتێکی بێ لایەنانەی هەبووبێت”[٦] بەڵام پێدەچێ لە بەر پرسی بارمتەکاریی کۆماری ئیسلامی یارمەتیی لۆجستیی سەددامی دابێت.
بە گشتی لەو کاتەدا ئەگەر پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی لە نێوان ئێران و وڵاتی دوهەمدا ڕووی دابێت زیاتر بە مەبەستی سەندنی چەکوچۆڵ بووە. شۆڕشی گەلانی ئێران لە کۆتاییەکانی شەڕی سارددا بوو.
سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کاریگەریی لە سەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان دەبێت بەڵام سیاسەتی کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیک زۆر تایبەتتر بووە. “سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە سەر هێندێک فاکت دروست بووە کە بریتییە لە :
ــ هەڵکەوتی ژیئۆپۆلیتیک
ــ سەرچاوەکانی وزە
ــ تێروانینی ئێران سەبارەت بە سیستەمی نێودەوڵەتی وەک سیستەمێکی نادادپەروەر
ــ تایبەتمەندییی فەرهەنگی ـ بڕوامەندی و شوناسە دینییەکان
ــ پێکهاتەی دەسەڵات
ــ هەڵکەوتی ئەمنیەتی و ژیئۆستراتیژیک”[۷].
کۆماری ئیسلامی بە دروشمی نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا، هەر لە سەرەتاوە حەسابی خۆی بڕییەوە و وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و بێبەڵێن هاتە نێو گەمەی نێودەوڵەتییەوە. ئەگەر شەڕی ئێران و عێراق بۆشایی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکای بەرینتر کردەوە، بەڵام ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی ئوروپایی (کە دۆستی ئەمریکا بوون) و لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەتدا (کە ۱۸ دیپلۆماتی لە سەرەتای شۆڕشدا دەرکردن)، پەیوەندیی دامەزراند.
بە گشتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە سەردەمی شەڕی عێراق و شەڕی سارددا، مەترسیی گەورە نەبووە بۆ دەوڵەتانی جیهان هەر بۆیە زەخت و گوشاری توند نەخراوەتە سەری.
هەناردەکردن شۆڕش:
ئاگربەسی شەڕی ئێران و عێراق، هەڵوەشانەوەی بلۆکی سۆسیالیستی و شەڕی کەنداو (کوەیت) وەک سێ ڕووداوی گرنگ، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دانا. وڵاتێک لە کڵی شەڕ دەربازی ببوو، ئابووریی زەبەلاحی نەوت و غەیرە نەوتی بەردەوام لە گەشەکردندا بوو.
پۆلێنبەندیی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بە پێی بڕگە زەمەنییەکان و بە پێی خوێندنەوە سیاسی و مەزهەبیییەکان، هەوراز و نشێو و ئاستەنگی بەربڵاوی بە خۆیەوە دیوە. لە باری زەمەنی و مێژووییەوە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بە سەرچوار دەورەدا دابەش دەبێت.
ــ ئێرانگەریی میانەڕەو.٥۹-٥۷
ــ یۆتۆپیای شۆڕشگێڕانە٦۸-٥۹
ــ ئاساییکردنەوە لە سەر بنەمای ئابووری۷٦ – ٦۸
ــ ئاساییکردنەوە لە سەر بنەمای فەرهەنگ چێتی۸٤ – ۷٦ “[۸].
بە پێی هەر یەک لەو بڕگە مێژووییانە، جۆرێک ڕوداوی سیاسی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا ڕووی داوە کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێ دەکرێ. پێش لە هەموو باسێک هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، گۆڕانکاریی بەربڵاوی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا دروست کرد چونکە سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک درێژەی سیاسەتی ناوخۆیە. “لە قۆناخی یەکەمدا لە پەیمانی سنتۆ دابڕا، لەگەڵ میسر، مەراکێش و یەکێتیی سۆڤییەتدا پەیوەندییەکانیان بۆ ماوەیەک دەشێوێ. لە قۆناخی دوهەمدا بە هۆی سەرقاڵبوون بە جەنگەوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دوور دەکەوێتەوە و دوژمنایەتیی ئیسرائیل و جیهانی ئیسلام دەبێت بە دوژمنایەتیی ئێران – ئیسرائیل. لە قۆناخی سێهەمدا بە هۆی فتوای قەتڵی سەلمان ڕوشدی و بڕیاری دادگای میکۆنووس لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا تا ماوەیەک تێک دەچن. لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەک پاکستان، تورکیا، عەرەبستان، ئازەربایجان و ئیمارات، پەیوەندییەکانیان تێک دەچێ. لە قۆناخی چوارەمدا وەک ئیسلامێکی دیموکراتیک پرسی وتووێژی شارستانییەتەکان دەورووژێنێ و هەر لەو بڕگەیەدا پرسی ئەتۆمی ئاشکرا دەبێت”[۹]
قۆناخی ئیستە قۆناخی سەرئەنجام و کۆی قۆناخەکانی ترە. سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئیستەدا بە هۆی بەرنامەی ناوکییەوە “روو لە ڕۆژهەڵات “.ە.
سیاسەتی ڕووکردنە ڕۆژهەڵات پەیوەندیی بە سەردەمی دەوڵەتی ئەحمەدی نژادەوە هەیە. کاتێک کۆماری ئیسلامی لە هەڵوێست و ڕوانگە دیموکراتیک و مافی مرۆڤەکانی ڕۆژئاوا ماندو ئەبێ و هەروەها پڕۆژەگەلی ناوکی لە بەردەمدایە مەجبوورە پەنا بباتە بەر وڵاتانێک کە لە سیاسەت و ستراتیژییدا وەکوو یەک بن.”لە باری جوغڕافیایی و ئایدۆلۆژییەوە بێجگە لە چین، هیند، مالیزی، پاکستان و ڕوسیا وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەشێکن لەو تێڕوانینە. سەرهەڵدانی قەیرانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی، یەکێ لە هۆکارەکانی گەڕانەوەی ئێرانە بە لای ڕۆژهەڵاتدا و مەبەستیش یارمەتی وەرگرتنە لە بواری IT و تیکنۆلۆژیی ناوکییەوە”[۱۰]
گەرچی پەیوەندییەکانی ئێران و ڕوسیا بە درێژایی مێژوو نابەرابەر و بە زەرەری ئێران بووە، بەڵام لە ئیستەدا ئەوەندە گەشەی کردووە کە لە بەرانبەر ئورووپادا بوونەتە هاوسەنگەر. دەوڵەتی ڕەئیسی کە ئیستە لە سەر کارە دیارە درێژەدەری هەمان سیاسەتی ڕوو لە ڕۆژهەڵاتە. چین وەک وڵاتێکی بە دیسیپلین لە سیاسەتی دەرەوەدا حەزی لە دەردیسەری پرسی ناوکیی ئێران نەبوو، هەر بۆیە بە وەرچەرخانێکی بێ ڕوو دەربایستانە بوو بە هاوپەیمانی دنیای عەرەب. ئەتومیزەبوونی ئێران و پرسی درۆن و مووشەکی کیشوەربڕ، سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی کردووە بە سیاسەتێکی توندئاژۆ و بەربەرەکانێ خوازانە.
سەرئەنجام :
کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتێکی ئایدۆلۆژیکی مەزهەبی لە وڵاتێکدا کە هەموو تایبەتمەندییە ژیئۆپۆلیتیک و ژیئۆئیکۆنۆمیکەکانی هەیە و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەدا هەڵکەوتووە، بێگومان سروشتییە کە خاوەن ئەو سیاسەتە بێت. لە دنیای ئیستەدا هیچ وڵاتێک بە ئەندازەی ئێران سیاسەتی دەرەوەی قەیران خولقێن نییە. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتادا ڕایگەیاندووە پشتیوانی لێقەوماوان، موسڵمانان و گەلانی ژێردەستە و لە هەر کوێ (وڵاتانی غەیرە موسڵمانیش )موسڵمانێک پێویستی بە یارمەتی بێت ئاوڕی لێ ئەداتەوە. ئەگەر لە سەردەمی شەڕی سارددا، ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ژێر کاریگەریی ئەندێشەی چەپدا بوو، بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەموو باڵانس و هاوکێشەکان گۆڕان و ڕەوتە ئیسلامییەکان یا کەوتنە ژێر ڕکێفی کۆماری ئیسلامی یا لە دژی هەستانەوە. مەبەست ئەوەیە کە پرسی دین بوو بە وێژمانی زاڵ لە ناوچەکەدا.
کۆماری ئیسلامی بۆ سەرخستنی پرۆژەکانی کە هەم هیلالی شیعەی لە بەردا بوو هەم پاراستنی ڕیئال پۆلیتیکی ناوچەکە (یەکپارچەیی خاکی وڵاتان)، لە ڕاستییدا پڕە لە پارادۆکس و نهێنی کە تەنیا بەرژەوەندیی خۆی تێدایە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامی (شیعە) دوایین ئامانجی کۆماری ئیسلامییە کە بە تیکنۆلۆژیی ئەتۆمی، درۆن و مووشەکی کیشوەربڕ، لە هەوڵی دروستکردنی ئەو ژیئۆپۆلیتیکە مەزهەبییەدایە. سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنەکانی بەرجامدا سیاسەتێکی زاڵ و باجخوازانە بوو.
سێ ڕوداوی گرنگ لە ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و قەیرانی گەورە کردووەتەوە.
ــ شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین
ــ شۆڕشی ژینا
ــ دوورکەوتنەوەی چین
دیارە شۆڕشی ژینا لە چەقی شەقامەکاندا هەموو پرۆژە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی بە ڕادەیەک کەمڕەنگ و بەتاڵ کردەوە کە هەم وڵاتانی ئوروپایی هەڵوێستیان لە سەر پرسی ناوکی و دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا گۆڕی و هەم وڵاتی “چین” وەک پشتیوان و هاوپەیمانی ئابووری لێی دوور کەوتەوە. کۆماری ئیسلامی بەو هەموو چەک و چۆڵە پێشکەوتویەوە بە ساچمەزەن ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبوویەوە کە ئەوە لەبەر ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ نەبوو بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە ئەو تیکنۆلۆژیایە ناتوانێ بەر بە شەپۆلی خرۆشاوی جەماوەر بگرێ.
لەو قۆناخەدا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی پێچەوانە بووەتەوە. ئەگەر لە ڕابردودا سیاسەتی دەرەوە بدەوبستێنە بوو، لە ئیستەدا ئەو سیاسەتە تەنیا لەدەست دانە. ئازەربایجان و تورکیا لە سنوورە باکوورییەکانەوە ئاستەنگی گەورەیان دروست کردووە و بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ژینا، هەرەشەکان ئاشکراتر بوونەتەوە. لە باشوورەوە وڵاتانی عەرەبی یەکریزتر و تەنانەت هاوپەیمانی ئیسرائیل بوونەتەوە.
وڵاتانی ڕۆژئاوایی پرسی بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانیان هێناوەتە بەرباس. شۆڕشی ژینا بێجگە لە ڕێکخستن و ورەدان بە خەڵکی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا، ورەی بە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی داوە.
لاوازبوونی سیاسەتی دەرەوە، داتەپینی سیاسەتی ناوخۆی لێ دەکەوێتەوە.
325
تیرۆری ئیرادەی گەل
لاوان، حیزبەکان و پەروەردەی سیاسی
Scroll to top