تیرۆری ئیرادەی گەل
یەکێ لەو ئازار و دەردانەی کە باشووری کوردستان لە داهاتوودا ڕووبەڕووی دەبێتەوە تووشبوونی خەڵکێکی زۆرە بە مادەی هۆشبەرەوە. چەندین هۆکار لە پەرەسەندنی مادەی هۆشبەر لە کوردستاندا دەوری دەبێت کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێدەکرێت.
-
هەڵکەوتەی کوردستان لە مەسیری کوریدۆر و قاچاخی مادەی هۆشبەردایە و بە هۆی نفووزی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و بەشێک لە هەرێمی کوردستاندا، زۆرێک لە تڕانزیت و گواستنەوەی ئەو مادەیە بە ئازادی بە هەرێم و عێراقدا تێدەپەڕێت. گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو دنیای ڕۆژئاوایە. وڵاتی کوردستان هەر لە باکوورەوە هەتا باشوور یەکێ لە دەروازە گرنگەکانی گواستنەوە و دابەشبوونی ڕێگاکانە بەرەو تورکیا و ئورووپا.
-
ئاوەن و ڕەوەنی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێراندا هۆکارێکی دیکەیە بۆ تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان. وڵاتی ئێران لە باری ئابوورییەوە دابینکەری بازاڕی عێراقە و بەو بۆنەوە هەیمەنەی سیاسی و ئابووریی ئێران بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا زاڵە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان هەشت تا دە ملیۆن کەس لە ئێراندا بە مەسرەف و بازرگانیی مادەی هۆشبەرەوە خەریکن. بازرگانیی پڕ داهاتی مادەی هۆشبەر و تەڵقینکردنی هێندێک باس و بابەت سەبارەت بە کاریگەریی مادە هۆشبەرەکان لەسەر سڵامەتیی لەش، سەرمەست بوون، چالاککردنی لایەنی سێکسی و … هتد سەرنجی لاوی کاڵفام و پێنەگەیشتووی بۆلای خۆی ڕادەکێشێ.
-
وڵاتی عێراق و کوردستان ناوچەیەکی نائەمن و شەڕلێدراوە. ڕۆحیاتی جەنگی و شەڕئەنگێزانە دەرەتان بە مرۆڤ نادات کە بیر لە هێندێک بابەتی لاوەکی بکاتەوە، بەڵام گەشەی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵەی دواییدا و دابین بوونی ئاسایشێکی ڕێژەیی لە هێندێک ناوچەدا بیرۆکەی تاکەکان دەگۆڕێ بۆ دەرباز بوون لەو ژینگە شەڕاوییە و، هەروەها بەدەستهێنانی ئەوپەڕی ڕابواردن و هێمنیی ڕۆحی و دەروونی. ئاسانترین ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی ئاسایشی ڕۆحی و دەربازبوون لە ژینگەی توندوتیژخواز و نائەمن، خواردنەوە کحولییەکان و مەسرەفی مادە هۆشبەرەکانە. بەو هۆیەوە کە بەشێک لە لاوەکان لە مەسرەفی خواردنەوە کحولییەکاندا ئەزموونی زۆریان هەیە و تابۆ کۆمەڵایەتی و دینییەکانیان شکاندووە، مەسرەفی مادەییەکی تازەتر کە سەرخۆشی و خوماری زیاتر بکات، بەخێرایی سەرنجی ڕادەکێشێ و هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵدەگرێ.
-
کلتووری مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی کە لە حەشاشینەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. هەر لە سەردەمی حەسەن سەباحەوە(١١٢٤ – ١٠٥٠ ) تریاک و حەشیشیان وەک مادەیەکی مەسرەفی، ڕەوا و پێویست کە ڕازێنەری مەجلیس و میوانییەکان بووە، دەست پێکردووە. مێژووی مەسرەفی مادەی هۆشبەر لە وڵاتی ئێران کە لە ڕابردوودا وڵاتی ئەفغانستانی لەسەر بووە، لە هەموو لایەک دێرینترە. لایەنی دەرمانگەری لێ بەدەر کە ئیبنی سینا لە کتێبی ” یاسا لە طب “دا بە دەیان جار ئاماژەی بەکارهێنانی تریاکی کردووە، مەسرەفی ناتەندروست و لەڕادەبەدەری ئەو مادەیە لە سەردەمی سەفەوییەکاندا پەرەی سەند و بەشێک لە پاشاکانی سەفەوی تووشبووی ئەو مادەیە بوون.
لەو سەردەمەی ئێمەدا پرسی مادەی هۆشبەر ڕاستەوخۆ بەشێکە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی و بە شێوازی سیستماتیک پەرەپێدەری ئەو مەوادەیە لە ناوخۆ و دەرەوە. کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی بناژۆخواز و ترسناک لە چەکی مادەی هۆشبەر بۆ بە چۆکداهێنانی نەیارانی بە شێوازێکی نەرم کەڵک وەردەگرێ.
ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە مادەی هۆشبەر بەئەنقەست بێ یا غەیرەئەنقەست، نادروستە. پێش هەر شتێک پرسەکە شاراوە و سیاسییە و پاشان لەبەر بیروڕای گشتی لە ناوخۆ و پەسەندکردنی کۆنڤانسیۆنەکان لە دەرەوەدا مەجبوورە ناوەندگەلێک لە دژی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر پێک بێنێ و ساڵانە کەسانێکی بازرگان، زیندانی و ئێعدام بکات. پرسی مادەی هۆشبەر لە ئێراندا لەڕادەبەدەر مەترسیدارە و دەسەڵاتی سیاسی پێی وایە بۆ کونتڕۆڵی کۆمەڵگا پێویستە ئیرادەی بەشێک لە کۆمەڵگا بڕووخێ. مادەی هۆشبەر بێجگە لە تووشبوان دیاردەی دیکەی وەک فەحشا، تەڵاق، منداڵی بێسەرپەرشت، تێچووی ماڵی و … بەدواوەیە.
ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕێژەی تووشبووان بە مادە هۆشبەرەکان بەو هۆکارانەوە ناڕاستە.
یەکەم: ئەو گیرۆدەبووانەی کە بۆ هاوسەرگیری یا نەخۆشییەکان لە نەخۆشخانەکاندا پشکنینیان لێ هەڵدەگیرێتەوە و ناویان دەچێتە سیستەمەوە، وەک ئامار حەسابیان بۆ دەکرێ.
دووهەم: تووشبووان لە کاتی پشکنیندا هێندێک دەرمانی تایبەت بەکار دێنن کە لە سیستەمدا نیگاتیڤ واتە سالم نیشان دەدات. پشکنینی مادەی هۆشبەر دڵخوازانەیە و هیچ زەختێک ناخرێتە سەر تووشبوو بۆ پشکنین، مەگەر کاتێک تووشی تاوانێک بووبێت.
سێهەم: ڕێژەی تووشبووان ئەوەندە زۆرە کە نە کونتڕۆڵ دەکرێ و نە کۆماری ئیسلامی دەخوازێ دنیای دەرەوە ئاگاداری بێت. ئەو کەسانەی سەردانی گەورەشارەکانی ئێرانیان کردووە و لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵک دانیشتوون، باش دەزانن کە مەسرەفی مادەی هۆشبەر وەک شەوچەرە لەنێو بنەماڵەکاندا و وەک دیاردە بەدی دەکرێ و ژن، پیاو، منداڵ، شاری و دێهاتی بەبێ هێچ بەربەستێک بەکاری دێنن. زیاترین جۆرەکانی مادەی مەسرەفی تریاک و شیلەی تریاکە. تازە تووشبووان بە گراس و حەشیشەوە دەست پێدەکەن. هێڕۆئین، مۆرفین، شیشە و … تاد بەپێی سروشت و حەزی تووشبووان مەسرەف دەکرێ. مادەی هۆشبەر ناڕاستەوخۆ لە شێوازی دیکەدا وەک پەسای قلیان و لە شکڵی جگەرە، بنێشت و … بەکار دەهێنرێ. سپای پاسداران ئێستا گەورەترین کارتلی مادە هۆشبەرەکانە و بێجگە لە داهاتی بەربڵاو بۆ ئەو ڕێکخراوە، لە ڕوانگەی شەرعی خۆیانەوە بۆ شەڕ لەگەڵ کوفر و ئیستیکباری جیهانی کەڵکی لێ وەردەگرێ.
سەرەنجامی باسەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە دراوسێتیی ئێراندا لە هەموو بوارێکەوە لەبارترین هەلومەرجی بۆ سەرهەڵدانی سۆنامیی مادەی هۆشبەر بۆ پێک هاتووە. گیرۆدەبوون لە هەرێمدا ئەوەندە پەرەی سەندووە کە لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە. هەرێمی کوردستان بێجگە لە مەسرەفی ناوخۆیی کوریدۆرێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی ئەو مەوادە هەتا گەیشتن بە دەستی حیزبوڵا. بەداخەوە جاروبار ناوی لایەنێکی کوردی سەبارەت بە دەستێوەردان لە گواستنەوەی ئەو مادەیەدا دەبیسرێت. بەکورتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە ڕێکار و میکانیزمی تایبەت سەبارەت بە پرسی مادەی هۆشبەر چ بە شێوەی نەرم و سەخت لە کاناڵی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکاندا بگرێتە بەر، هەتا پێکهێنانی ڕێکخراو و ناوەندی تایبەت سەبارەت بە ڕەوشەنگەریی لاوان پێک بێنێ و پلان و بەرنامەی تایبەت بۆ بەرگری و کونتڕۆڵی ئەو پیلانگێڕییە هەموار بکات.
344
پیکر زن زندگی آزادی
قەیرانەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە دوای شۆڕشی ژینا...
Scroll to top