شۆڕشی ژینا بنەما جیهان – ژینی و ئاراستە سیاسییەکەی
پێشەکی:
زنجیرەی ڕووداوەکان لە هەواڵێکی ناخۆشەوە دەستی پێ کرد. کچێکی سەقزی بە ناوی ژینا ئەمینی لە پێتەختی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە گیرا و لە ژێر ئەشکەنجە و لێداندا چووە کۆماوە و لە دوای دوو ڕۆژ شەهید بوو. بۆ هاوسۆزی و دەنگ هەڵبڕین، لە پێش نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران جەماوەرێکی کەم ئامادەبوون. تەرم لە ژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنییەکاندا بە فڕۆکە برایە تەورێز و لەوێوە ناردیانەوە بۆ سەقز. لە نیوەی ڕێگەدا بێهزاد ڕەحیمی و خالید تەوەکولی بۆ هێور کردنەوە و ڕازیکردنی بنەماڵەکەی بۆ بێدەنگ ناشتنی، تا نزیک بۆکان چوون. تەرم گەیشتە سەقز. تا کاتژمێر ٩ دۆخەکە ئاسایی بوو. لەوەدوا شەپۆلی جەماوەر و هەڵوێستی بوێرانەیان چەخماخەی شۆڕشی لێدا. پرسیارێک دێتە گۆڕێ. کۆماری ئیسلامی زۆر کەسی لە لاو و گەنج و ژن و پیاو لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا شەهید کرد و ناشتنی. شەهید ژینا بۆ بوو بە خاڵی دابڕان؟ لە درێژەی بابەتەکەدا هەوڵ ئەدەم وڵامی ئەم پرسیارە، کە شیکردنەوەی سەردێڕی وتارەکەیشە، بدەمەوە.
دروشمی ژن ژیان ئازادی لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە. نۆژەنکردنەوەی هزری شۆڕشگێڕی و ڕەخنەی بنەمایی لە نەریتی سیاسی- کۆمەڵایەتیی باو. ئەم دروشمە لە ناو نەتەوەکانی تردا بە زمانی ئەوان وەرگێڕدرا. لای نەتەوەکانی تری جوگرافیای ئێران بوو بە “زن زندگی آزادی”. پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەم دروشمە نوێنەرایەتیی شۆڕشی ژینا دەکات؟ پرسیاری تر ئەوەیە؛ ئاخۆ واتای ژن ژیان ئازادی بۆ ( زن زندگی آزادی) گۆزراوەتەوە؟ بۆ وڵامی ئەم دوو پرسیارە کە وڵامی پرسیاری دووەم لە وڵامی یەکەمەوە دێتەدەرێ، پێویستە بە مێژوودا و لەسەر ئیدئۆلۆژی، هەنگاوبەهەنگاو بگەڕێینەوە دواوە.
دروشمی ژن ژیان ئازادی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەرکەوت. لایەنگرانی پەکەکە دەڵێن ئەم دروشمە لە ڕێبازی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە سەرچاوە دەگرێ و شەڕڤانانی ڕۆژئاواش ئەو دروشمەیان بەرز کردەوە. وەکوو دەرکەوتە ئەم بابەتە ڕاستە. بەڵام ئەبینین لە ئەدەبی کوردیدا میناکی تر هەیە باسی مافی ژن و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی دەکات. مامۆستا هێمن دەڵێ ” تاکوو ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە.” پرسیار؛ ئاخۆ لایەنگرانی عەبدوڵڵا ئوجەلان لە مامۆستا هێمنیان وەرگرتووە؟ بە بڕوای من نا. ئەوە ئەزموونی ژیانە لە جیهان- ژینێکدا کە لە ڕەهەندی مێژوودا پاتە بووەتەوە. ڕوانگەی ئەو جیهان- ژینە کە لێرەدا کوردستانە، هاوئەزموونی و هاوسۆنگەیی لە تاک و لایەنەکاندا ساز کردووە. بۆ وێنە کۆمەڵە لە هێنانە گۆڕێی ژنان لە بەرەی خەباتدا پێشەنگ بووە. بەڵام وەکوو دیاردە لە دەسپێکی شۆڕشی باشووردا ژنان و کچان، هەر چەند کەم، بەشدار بوون. هەر بۆیە مامۆستا پیرەمێرد دەڵێ:
” تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تەئریخی میللەتا
قەڵغانی گوللـە سینگی کچان بێ لە هەڵمەتا”
لە کوردستاندا ئەزموونی ژیانێک زنجیرەی ڕووداوەکان واتادار دەکات کە بکەران و چالاکانی ڕووداوەکانیش لێی بەئاگا نیین. ژن ژیان ئازادی، تاکوو ژن ئازاد نەبێ…، سینگی کچان قەڵغانی گوللـە بێ…، فاتەڕەشی گەڵواخی، قەرەفاتمە لە باکووری کوردستان، بیبی مریەمیبەختیاری میناکگەلی شێوەژیانێکن لە کوردستاندا کە بە گۆڕانکارییەوە گەیشتووەتە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی.
شێوەژیانی کوردستان لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سروشت و لە سەر بنەمای دابەشکاریی کۆمەڵایەتی دامەزرابوو. ژن بەشێ زۆر لە کاروبار و فرمانی ئابووری و بنەماڵەی بەڕێوەدەبرد و هەر ئەمەش پێگەی کۆمەڵایەتیی پێ دابوو. لە خێڵە کۆچەر/ دووبنکەییەکانی کوردستاندا ئەم بابەتە بەرچاوتر بوو. لەبیرمان نەچێ هەندێ هەڵاواردن و زۆرکاریش لە لایەن خێڵ و بنەماڵەوە لە ئاست ژنان دەکرا. ئامانجی نائاگای ئەم شێوەژیانە “مان”ی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی- خێڵ- بوو. ئەم پێکهاتەیە تا کۆتاییەکانی عوسمانی و قاجار، هەر چەند لاواز، کۆمەڵگای کوردستانی ڕاگرتبوو. سیاسەتی زلهێزان و داگیرکەرانی کوردستان لە پێنج پارچەی کوردستاندا جیاواز بوو. باکوور وێڕای داگیرکەریی دژەئایین، تەریقەت و خێڵەکی بوونی تێدا پەرەپێدرا. لە باشوور هەوڵ درا پێکهاتەی ئێراق بە خێڵەکی بمێنێتەوە. باشووری کوردستانیش لەو خەسارە بێبەش نەبوو. ئێستالین بە کۆچی زۆرەملێ باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەفروتوونا کرد. ڕۆژئاوا لە ژێر کاریگەریی ڕووناکبیرانی کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانی ڕێچکەی نەتەوەیی بە خۆیەوە گرت و بزاڤی “خۆیبوون”ی لێ شین بوو و کۆماری ئاگری بەرهەمی ئەو بزاڤە بوو. بە هاوردەکرانی سۆسیالیزم ڕێچکەی نەتەوەیی لێڵ و لاواز بوو، بەڵام بە ژینداری مایەوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە زەبری حکوومەت و گۆڕانی کۆمەڵایەتی پێکهاتەی خێڵەکی تا دەهات لاواز دەبوو. بیری نەتەوەیی لە شۆڕشی نەهری و سمکۆ و کۆماری ئاگرییەوە بە هێمای ئاڵای کوردستانەوە لە چوارچرای مەهاباددا دەرکەوت. هێشتا پێکهاتەی خێڵەکی بەهێز بوو.
لە چوارپارچەی کوردستاندا گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ و لێکدرانی ئیدیۆلۆژییەکان بەردەوام بوو. لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا بزاڤی نەتەوەیی، یەکسانی و دادپەروەری بووژایەوە. دوو ڕەهەند کە کۆمەڵەی ژێکاف لەسەریان دامەزرابوو. هەڵبەت بە جیاوازییەکەوە؛ دەوری ژنان لە کۆمەڵەدا بەرچاوبوو. وێڕای ئەو خەسارانەی کە چەپی ئێرانی و کرچوکاڵبوونی نەتەوەخوازیی کوردستان لە شۆڕشی دا، بۆ ڕزگاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆناغێکی گرینگ و بنەمایی بوو. ژنان پاش دەیان ساڵ هاتنەوە بەستێنی کۆمەڵگا. ئاراستەی ئەمجارە دابەشکاریی کۆمەڵایەتی لە شێوەژیانی سروشتیدا نەبوو. بەڵکوو ئاراستەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتیی – تا ڕادەیەک- ئاگامەندانەبوو. بە شیکاریی ئەو بەرهەم و ڕوانگەیەی ئەو سەردەمە دەردەکەوێ کە ڕەهەندی کوردستانی بوون و هەوڵ بۆ یەکسانی لە کۆمەڵەدا دووانەی بێ یەکتر مردوو بوون.
ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان بەستێنی هاوڕێکی و هاودەنگیی داگیرکەرانی کوردستان بووە و هەیە. هەر بۆیە، تەنانەت، بزاڤێکی وەکوو پەکەکە یان چەپی جیهانی کە لە کوردستاندا سەریهەڵدابێت، بە ناوی هەوڵ بۆ جودابوونەوە و دابەشکردنی وڵات ناودێر کراوە. ئەمە لە دۆخێکدایە کە پەکەکە و چەپی جیهانی و ئیسلامی سیاسی دژی بەرژەوەندییەکانی کوردستانن. هەر بۆیە ڕێسای ژیان وەهایە کە هەر ئیدئۆلۆژییەک بنجی لە جیهان- ژینێکی تایبەتدا دانەکوتابێت و نوێنەرایەتیی ئەو جیهان- ژینە نەکات، دەفەوتێ.
دوای داگیرکاریی ڕاستەوخۆی کوردستان چەمکگەلی نەتەوەخوازی، یەکسانی و ژن بوون، لە جیهان-ژینی کوردستاندا چرۆیان کرد و سەرەڕای تەنگ و چەڵەمەکان پێگەیشتن. میراتگرانی خۆیبوون لە ڕۆژئاوای کوردستان “ژن ژیان ئازادی” یان بانگەواز کرد. لە ڕۆژهەڵات لە شۆڕشی ژینادا بوو بە پێناسە. ئەم دروشمە لە ڕۆژهەڵاتدا بە ناوی ئاپۆیزمەوە پەرەی نەسەند. هەر بۆیە نەک پەیوەندیی بە پەکەکەوە نەماوە، بەڵکوو سەرتر لە هەر ئیسم و ئیدئۆلۆژییەک نوێنەرایەتیی جیهان- ژینی کوردستان لەم سەردەمەدا دەکات. وەک دەزانین ڕەسەنترین وشە و قسە و بەگشتی زمان، ئەوەیە نوێنەرایەتیی جیهان-ژین و ئەزموونی ژیانی خاوەن ئەزموونەکە بکات.
لێرەدا دەردەکەوێ هێزی ڕاستەقینەی هەر ڕێبازێکی هزری- سیاسی-کۆمەڵایەتی لە جیهان- ژینەوە سەرچاوە دەگرێت. پتانسیێل و ماتریاڵ لە جیهان- ژین وەردەگیردرێت، لە ڕێبازەکەدا سەروپرژ دەکرێت و گۆڕانی بەسەردا دێت و دیسانەوە بە خوێندنەوەیەکی نوێوە بۆ ئاخێزگەکەی دەگەڕێتەوە. تا دێت تاک بە تاکی کۆمەڵگا پەیوەستی دەبن. لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەردا ژیرانەتر دەجووڵێنەوە. لە ناشتنی ژینادا ئەمە بە ڕوونی دەرکەوت. هەر بۆیە هەوڵەکانی ڕژیم پووچەڵ کرایەوە.
پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی هەرەگرینگ بکەم. کوردستان لە هەر قۆناغێکی پێشتر وتراودا تووشی هەڵەی ستراتژیک بووە. سەرچاوەی ئەم هەڵەیە ئەوەیە کە لە زەینی تاکی کورد و هەر وەها پەیڕەوی ڕەوتە سیاسییەکاندا ئیدئۆلۆژییەکی جمگەبەند بزرە. وەک وتم بەشی زۆر و بنەمایی ئیدئۆلۆژی نائاگایە. بەڵام بەسەر چالاکییەکاندا کاریگەرە. بە چەند هۆکار چالاک و خەباتکاری کورد ئیدئۆلۆژییەکی لێکدراو و ناڕەسەنی پەیڕەو کردووە.
یەکەم لە هەمبەر داگیرکەرانی کوردستاندا دژکردەوەی شەرمنانەی نواندووە.
دووەم کوردستان و بەرژەوەندیی نەتەوەییی نەکردووەتە هەوێنی ئاراستە ئیدیۆلۆژییەکانی.
سێیەم لە ئاڵۆزییەکدا کە لایەنی هزری و خوێندنەوەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا ناتەواوە، ستراتێژی و پلانیش هەڵە دەبێت و چالاکییەکان بە لاڕێدا دەچن.
پێویستە پێش هەر ڕێکخستنێک ئەم سێ لایەنەی پرسی کورد چارەسەر بکرێت. واتە ((ڕاشکاوانە و بوێرانە تەنیا داخوازیمان سەروەریی سیاسیی کوردستان بێت. هەر ئیدئۆلۆژییەکی تاکەکەسی، خێزانی تاقمی، ناوچەیی و جیهانی دێتە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە. لە جیهانی عەرەبدا ئیسلام بەردەوام لە خزمەت بەرژەوەندیی عەرەبدا بووە. دەبێ هەر ستراتێژییەک دیاری بکرێت و دابڕێژرێت، لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەی کوردستاندا بێت.))
شۆڕشی ژینا لەسەر سێکوچکەی ژن ژیان ئازادی دامەزراوە. سێکوچکەیەک کە مێژووەکەی لە ژیانی سروشتیی کوردستانەوە دەست پێ دەکات و تا هەڵتەکاندنی نەریتی سیاسی- کۆمەڵایەتیی ماوەبەسەرچوو درێژ بووەتەوە. لە دوو کوچکەی ژیان و ئازادیدا ڕەهەندی نەتەوەیی و یەکسانی ئامانجە. کوچکەی ژن، شۆڕشی کوردستان لە شۆڕشەکانی تری جیهان جیاواز دەکات. ئەم دروشمە، شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات. بەڵگە بۆ ئەم نوێنەرایەتییە جمشتی بەربڵاوی ڕزگاریخوازیی کۆمەڵگای کوردستانە کە لە ناوچەی عەجەمدا بەدی ناکرێت. هەر بۆیە ڕەنگە عەجەم بە هۆی نالەباریی ژیانەوە بێتە سەر شەقام. بەڵام لە هزر و زەینی خوێندەوار و نەخوێندەواریدا شۆڕشی ژینا جێگەی نابێتەوە.
نەتەوەکانی تری جوگرافیای ئێران ناتوانن لەگەڵ ئەم سێکوچکەیەدا پەیوەندی بگرن. بەو هۆیەی پاشخانی زەینیی ئاگا و نائاگایان لێ نییە. هەر بۆیە وەکوو دروشمێک لە پاڵ “هیز تویی، هرزە تویی، زن آزادە منم” وترایەوە. لەوە ناڕەسەنتر گۆڕینی بە “مرد، میهن، آبادی” لە لایەن ئێرانییە فاشیستەکانەوە بوو. حکوومەتی ئیسلامی هەوڵی دا “زن زندگی آزادی و مرد میهن آبادی” بکات بە دروشمی خۆی. بۆ ئەوەی لە زمانی عەجەمەوە هەڵقوڵابوو. لێرەدا دەردەکەوێ شۆڕشی کوردستان بۆ جیاوازە لە ناوچەکانی تری ئێران.
بە هۆی پێشینەی چەوساندنەوەی نەتەوەییەوە، چاوەڕوانی دەکرێت شۆڕشی بەلووچستان لە ژن ژیان ئازادیدا لە شۆڕشی کوردستان نزیک ببێتەوە.
380
پاڕادۆکسەکانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان...
هاوکێشەی پێچەوانەی شوێندانانی کورد
Scroll to top