پاڕادۆکسەکانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەگەرچی پێش بینی نەدەکرا کوژرانی کچە کوردێک لە تاران تا ئەو ڕادەیە گۆڕانکاریی بەرفرە و خێرا لە پانتای سیاسیی ناو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدوای خۆیدا بێنێت، بەڵام دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، دەسپێکردنی سەرهڵدان و بەردەوامییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیوەندیی گەرمی پارتییە کوردییەکان و گەلی کورد لەناو ڕۆژهەڵات وای کرد فاکتەری کورد لە ئێران، وەک هێزێکی بە ڕێکخراوەکراو و تەبا، چەند قات بچێتە سەر و کورد وەک هێز سەیر بکرێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە، هەر لە سەرەتاوە پێشبینیی ئەوە دەکرا ئاڵوگۆڕەکانی دوای ئەم ڕاپەڕینە، بە دەستێوەردان لە دروشمەکانی، درزی گەورە لەناو هێزە سیاسییەکانی هەر دوو لایەنی ئێرانی و کورد، ئێرانییەکان و کوردەکانیش لەناو خۆیاندا پێک بێنێت. بەڵام دیسان ئەوە چاوەڕواننەکراو بوو کە سەرەڕای ویستی یەکدەنگیی شەقامی کوردی بۆ پێکهێنانی چەشنە کۆدەنگییەک لەناو پارتییە کوردییەکان، سیاسەتی پەرتەوازەیی لە کردە و وتەدا هەر بەردەوام بێت؛ ئەویش دوای ئەزموونی پارتییە کوردییەکان لە ساڵانی ١٩٨٠ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت ئەزموونی پارتییە کوردییەکان لە باشووری کوردستان، هەم لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتر و هەم لە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا.
بەلەبەرچاو نەگرتنی بەئەنقەستی ڕەهەندە ناونەتەوەیی و ناوچەیییەکانی ئەم ڕاپەڕینە، ئەم یادداشتە کورتە، تەنیا لە سۆنگەی چاودێرێکی دەرەوەی سیاسەتە پراگماتیکییە حیزبییەکانەوە، بە بینینی بەردەوامیی ڕابردوو لەناو ئێستاکەدا، هەوڵ ئەدا دەست بخاتە سەر خاڵە پاڕادۆکسەکانی سیاسەتی کوردی لە ماوەی ئەم ٦ مانگەدا و هەروەها گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستنیشان بکات؛ و لەسەر ئەم گرینگییە جەخت بکاتەوە لە ماوەی ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکگرتوویی لە دروشم، ڕاپەڕین و دەربازبوون لە چوارچێوەی حیزبێکی تایبەت، توانی قورساییی کورد وەک نەتەوە یان یەکەیەکی سیاسیی تۆکمە، لە پانتای سیاسیی ئێران و لەبەر چاوی جیهاندا بەرز بکاتەوە، هەربۆیە پێی وایە تەنیا لەم چوارچێوەیەشدایە لە ئەگەری ئاڵوگۆڕی نوێی سیاسی، هێزی کورد ئەتوانێت بەشێک لە مافە سیاسییەکانی خۆی دەستەبەر بکات.
پارتییە سیاسییە کوردەکان و پارادۆکسەکانی
بە پێچەوانەی فۆنکسیۆنی حیزب یان پارتی لەو کۆمەڵگایانەی نەتەوە دەوڵەتی خۆیان هەیە، حیزبەکان لەناو کۆمەڵگای کوردی ڕۆلێکی جیاوازتر دەگێڕن. لە غیابی بیروکراسی وەک بڕبڕەی پشتی سیستەمی نەتەوە دەوڵەت، پارتییە سیاسییەکانی کورد لەو دەگمەن دامەزراوە شەرعییەت پێدراوانەی ئەندامانی کۆمەڵگان کە هاوکات لەگەڵ خەباتی سیاسی، پاراستنی دەسکەوتەکان وەک هێزی چەکدار، ڕەوایی بەخشین بە پڕۆسەی سیاسی و… ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن. ئەم فۆنکسیۆنە کەم و زۆر ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکان وەک دامەزراوەیێکی بیرۆکراتی یان شێوە-دەوڵەت زەقتر ئەکاتەوە. بەڵام هەر ئەم ڕۆڵە چاوەڕواننەکراوە یان سەرنج پێنەدراوە وا دەکا پارادۆکسێک دەربکەوێت؛ لە نەبوونی حیزبێکی هەژموون لەناو کۆمەڵگای کوردی، یان لە ئەگەری جیاوازی بیروڕای ئەندامانی کۆمەڵگا سەبارەت بە پشتیوانی لە ڕوانگەکانی پارتیێکی تایبەتیی سیاسی، ئاخۆ حیزبێکی سیاسی ئەتوانێت ئەو فۆنکسیۆنەی خۆی بەردەوام لەناو کۆمەڵگا بگێڕیت؟ لەسەر ئەم بنەمایەیە کە پارتی سیاسی لە ڕۆژهەڵات، تەنانەت بەپێچەوانەی باشووریش لە دۆخێکی لەرزۆکتردایە. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە کومەڵگای کوردی، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، ئاڵوگۆڕی بەرچاوی لە بواری ویستی توێژەکانی کۆمەڵگا یان جیاوازی لە ڕوانگەکاندا بەخۆیەوە بینیوە. پاڕادۆکسە گەورەکە لەم خاڵەدا ڕوو ئەدات کە پێگەی پارتییەکی سیاسی کوردی لە ئەگەری بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بیروباوەڕی جیاوازی ئەندامانی کۆمەڵگا چۆن تووشی گۆڕان دەبێت؟ ئاخۆ دەبێ ویستی ئەم ئەندامانە پاشگوێ بخرێت یان بەرەو ڕوویان ببێتەوە؟
لایەنێکی دیکەی ئەم فۆنسکیۆنە کە خۆی وەک پاڕادۆکسێکی تر دەرئەخا، ڕۆڵی دووانەی پارتییە کوردییەکان لەناو کۆمەڵگای ئیراندایە. حاشاهەڵنەگرە هیچ کام لە پارتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی دامەزرانیانەوە تا سەردەمی ئێستای ئاڵوگۆڕی خێرا، داوای جیابوونەوەیان لە سیستەمی نەتەوە-دەوڵەتی ئێرانیان نەکردووە. ئەگەریش لایەنگرەکانیان داوایێکی ئاوایان کردبێت، ئەوە یان لە باشترین حاڵەتی خۆیدا لەسەر بنەمای سیاسەتی مێتافیزیک، ویستی هەموو کوردێکیان وەک یوتۆپیا، هێناوەتەوە سەر زمان یان لە خراپترین دۆخی خۆیدا، بۆ پەلاماردانی لایەنێکی سیاسیی تری کورد ئەم هەڵوێستەیان نواندووە.
ئەوە بەم واتایەیە پرسی سەروەریی سیاسی لە لایەن پارتییە کوردییەکانەوە، تاکوو ئێستاکە بە ڕوونی نە ئاوڕی لێدراوەتەوە و نە جومگەبەندی-ش کراوە. هەر ئەم خاڵە هاودژە، بووە بە هۆکاری دروستبوونی چەشنە دووفاقییەک سەبارەت بە چۆنیەتیی سیاسەت کردن لەناو ئێراندا؛ ئاخۆ پارتییە سیاسیەکانی کورد وەک ئێرانی بەشداریی پڕۆسەی سیاسی بن و دیواری ئەتنیک تێپەڕ بکەن یان تەنیا لە کوردستاندا چالاکی بکەن؟ گرتنەبەری هەر کام لەم دوو تێڕوانینە، لە غیابی هێز-ی پارتییە کوردەکان، دەرکەوتەی سیاسیی جیاوازی لەناو کوردستان و لە ئاستی ئێرانیشدا لێ دەبێتەوە.
پاڕادۆکسێکی تر لێرە خۆی دەرئەخا؛ بە تایبەت لە هەڵوێستی لایەنە ئێرانییەکان. بەزۆر هۆکارەوە، بیرۆکەی یەک نەتەوە بوونی دانیشتووانی ناو جوگرافییای سیاسیی ئێران، بووە بە بەشێک لە مێنتالیتیی باوی سیاسی لە ناویاندا. ویستی سیاسیی بەشێک لە ئێتنلیجێنسیای کورد بە پێی وشیاریی پێگەییویی کورد، بەپێچەوانەی ساڵانی ١٩٨٠، سەربەخۆیییە، بەڵام هاوکات کورد نە خاوەنی توانای هەڵگرتن و ئاراستەکردنی ئەو ویستەیە و، نە تەکووزیی ناونەتەویی ڕێگای ئەوە ئەدات. لەم ناوەدایە کە پارتییە سیاسییە کوردییەکان وەک پاڕادۆکسێک ناچار دەبن لەسەر دوو پەت یاری بکەن.
وەک ئەگەرێکی سیاسی، بە پێچەوانەی ساڵانی ١٩٨٠، دۆخی جیرانەکانی کوردیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. وشیاریێکی نەتەوەیی لە ڕەنگی فاشیستی لەناو بەشێک لە کۆمەڵگای ئازەری بە پاڵپشتیی کۆماری ئازەربایجان و تورکیا پێک هاتووە. ئەم ویستە لە ئەگەری بۆشاییی هێزی سیاسیی ناوەند لە تاران، ڕەنگە چارەنووسێکی هاوشێوەی باڵکان و بە تایبەت یوگۆسڵاڤی بۆ ڕۆژهەڵات و بە تایبەت بەشی باکووری پارێزگای ورمێ لە شنۆ-وە تاکوو ماکۆ، بە هۆی کەمبوونی پاناییی جوگرافیی کوردستان لەم ناوچەیە کە کەوتووەتە نێوان سنوری فەرمیی تورکیا و ناوچە ئازەرییەکانی ناو ئێران، پێک بێنێت. لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی لەم ڕەنگە، پارتییە سیاسییە کوردییەکان ناچارن جارێکی تر بۆ ڕێگری کردن لە دۆخێکی لەم ڕەنگە، حکومەتی ناوەندی وەک چەترێک بۆ پارێزگاری کردن لە خۆیان بەکار بێنن؛ هەر ئەو یارییەی لە ڕۆژئاوا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کراوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ پارتی سیاسیی کوردی لە ئەگەری پێکهاتنی بۆشاییی سیاسی لە تاران، تا چ ڕادەیەک ئامادەیی بۆ دۆخێکی لەم ڕەنگە هەیە؟
دەکرێ ئاماژە بە پاڕادۆکسی تریش بکرێت، بەڵام ڕاوەستە کردن لەسەر ئەم چەند خاڵە لە دۆخی ئێستاکەدا، پێویستی بەلەبەرچاوگرتنی دوو چەمکی گرینگی هێز و جومگەبەندی کردنی چەمکی سەروەریی سیاسی هەیە؛ کە بە دوور لە دروشمی ناو سۆشیال مێدیا، هەڵوێستی پارتییە سیاسییە کوردەکان لە دۆخی ئیستاکەدا نیشاندەری کەم و کورتی بەرچاون. هەر بۆیە بە ڕاوەستەکردن لە سەر نموونەی پارادۆکسەکانی سەرەوە، دەرکەوتەی سیاسەتی کردەیی پارتییە سیاسییەکان ئاماژەیان پێدەکرێت.
دەرکەوتەی سیاسی پارادۆکسەکان
یەکەم؛ دوای ڕاپەڕینی گەل، پێویستیی هەبوونی بەرەیەکی کوردستانی بۆ ئاراستەکردنی دەنگی کورد نەک وەک نەتەوە، بەڵکوو وەک هێزێکی سیاسیی یەکگرتوو زیاتر لە هەمیشە، پێویست بوونی خۆی خستە ڕوو؛ تا هەم لانیکەم ڕۆڵی سیاسی و هەمیش قەوارەی دەزگایێکی سەربازی یەکگرتوو بگێڕیت. ئەوە لە یەکەم هەنگاودا پێویستی بە چەسپاندنی دیموکراسی لەناو خۆی ماڵی کورد-بۆ وەدەستهێنانی هێزی سیاسی، زەقتر دەکردەوە. لە لوتکەی سەرهڵدانەکانیش، ویستی خەڵک و چاوەدێرانی سیاسی، داکۆکیکردن لەسەر ئەم خاڵە بوو. کەچی جەمسەربەندییەکانی ناو سیاسەت و چۆنیەتیی هەڵوێستەکردنی پارتییە کوردییەکان، ئەو دەرفەتە زێڕینەی فەوتاند؛ هەر ئەمەش وایکرد کە پارتییە سیاسییە کوردەکان نە لەناو پانتای سیاسیی کوردستان و نە لەناو ئێران نەتوانن کاریگەریی زۆرتریان هەبێت.
سەرەڕای پێداگریکردن لەوەی کە پێویست بوو و پێویستیشە پارتییە کوردییەکان بە هێز و پێناسەی کوردییەوە، دیواری ئەتنیکی لە ئێران تێپەڕێنن، هەنگاوەکانی دوایی پارتییە کوردییەکان نەتەنیا ئەو دۆخەیان نەخوڵقاند، بەڵکوو لە کردەوەدا، سووکبوونی هێزی سیاسیی کورد لەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ی لێکەوتەوە؛ هاوکات ئەوەشی نیشان دا کورد دەتوانێ بە پێی بەرژەوەندیی سیاسیی لایەنێکی حیزبی، بێ لەبەرچاوگرتنی ویستی گەل، بڕیاری پاشکۆ بوونی لایەنە سیاسییە ئێرانییەکانیش بدات. ئەم ڕووداوانە لە دۆخێکی تایبەتیشدا کران کە هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی کورد-دا بوو و لاوازی بە ڕێکخراوەبوونی پارتی یان ئۆپۆزیسیونی ئێرانی بەڕوونی وەدیار کەوتبوو. تەنانەت ئەگەر نزیکبوونەوەی دوو پارتی سیاسیی کورد لە دوو لایەنی جیاوازی ئێرانی وەک کایەیێکی سیاسی-ش لەقەڵەم بدرێت، بەڵام دیسان ناتوانێت ڕەوایی بە پەراوێزخرانی لایەنە کوردییەکانی دیکەی چالاک لە پانتای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات.
لە ڕەوتی کردەی سیاسیی پارتییە کوردییەکان لە کوردستاندا، ئەم پرسیارە دەخوڵقێت کە ئاخۆ یەک پارتی سیاسی دەتوانێت بەتەنیایی نوێنەرایەتیی ئیرادەی سیاسیی گشت هێز و توێژەکانی گەل بکات یا نا؟
بەشێکی تری ئەم پارادۆکسە لە بواری کردەییەوە لە چۆنیەتی پەیوەندی کردن لە گەڵ هێزە ئێرانییەکانی تر خۆی دەرخستووە. ئەو کاتەی بەردەنگی پارتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کورد-ە؛ ڕاشکاوانەتر ئاوڕ لە ویست و داخوازییەکانی جەماوەری کوردستان، میکانیزمەکانی دەسەڵات، ئەو پانتا جوگرافییەی بڕیارە هێزی کوردی بە ناویدا تێپەڕ بێت، دەدرێتەوە، بەڵام بە هۆی دانوستانی سیاسی لەگەڵ پارتییەکانی ناو ئێران، ئەوکاتەی بەردەنگ ئێرانی و ئۆپۆزیسیونی ئێرانییە، دربڕینەکان ڕاشکاوانە نابن. ئەم شێوازە لە خەباتی سیاسی، ڕاستەوخو پەیوەندی بە نەبوونی پێناسەیێکی سیاسی لە پەیوەندی نێوان ئێرانیبوون و کوردبوون، لە دیسکۆرسی سیاسیی پارتییە کوردەکاندا هەیە. ئەم پێناسەیە بە هەر شێوازێک بکرێت، پێناسەی چەمکی سەروەریی سیاسی تووشی گۆڕان و لە ئاکامدا، ئاراستەی سیاسی ئەگۆڕێت.
لانیکەم ئەوەی تا ئێستاکە خۆی بەڕوونی نیشان داوە، سەرەڕای پەرتەوازەیی لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، ئەوان ئێران وەک نەتەوە-دەوڵەتێک بە یەک ئاڵا و ئەگەر بکرێ یەک زمانی فەرمی پێناسە ئەکەن؛ نەبوونی متمانە لە هەر دوو لایەن و ویستی بەرهەم هێنانەوەی باڵادەستی لە دوای کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، وای کردووە پارتییە سیاسییە کوردەکانیش بە گشتی، بە پارێزەوە هەنگاو هەڵگرن. بۆیە حیزبە کوردییەکان نەتەوە-دەوڵەتی ئێرانی بە هیی خۆیان نازانن. بەڵام هاوکات بە هۆی نەبوونی هێز بۆ ڕووخانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی و بەشداربوون لە پڕۆسەی سیاسیی داهاتوودا ناچارن لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان دانوستانی سیاسییان هەبێت. دەرەنجامی ئەم پاڕادۆکسەش هەڵاواردەبوونی زوو یان درەنگی لێ دەبێتەوە.
لە ئاکامدا ئەوەی لە مێنتالیتیی ئێرانییەکاندا هەیە، سەرلەنوێ بەرهەم هێنانەوەی نەتەوە-دەوڵەتێکی بەهێزی فارس تەوەر-ی سێکیولارە؛ دەرکەوتەی سیاسیی ئەمە بەرهەمهێنانەوەی کۆمار، یان پادشایەتیێکی نەتەوە-دەوڵەتی ئێرانی لە ڕەنگێکی سێکیولارە؛کە لە باشترین حاڵەتدا، دەکرێ وەک دامەزرانی تورکیا لە ١٩٢٤-١٩٢٥، وڵاتێکی سێکیولار بە یەک ئاڵا و نەتەوە-وە پێناسەی بۆ بکرێت. پارتییە سیاسییە کوردەکانی ڕۆژهەڵات، مەترسیی فاشیزمی ئێرانیان وەک دیسکۆرسێکی سیاسی کە توانستێکی باڵای بۆ کردەی سیاسی هەیە، لەبەرچاو نەگرتووە.
بۆ هاودەنگ نەبوون؟!
لە جیهانی سیاسەتدا بەردەوامیی هیچ هەواڵبەندی یان دوژمنییەک بۆ ماوەی دەمدرێژ ئیمکانی نییە؛ ڕەوتی ڕووداوەکان، گوشاری ڕیئالیتەی سیاسی و ڕەنگە گوشاری هێزەکان وابکات دوژمنانی دوێنێ، ئەمڕۆکە بکەونە ناو هاوپەیمانیی نوێ. سیاسەت نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پڕ لە خاڵی هاودژە؛ بەڵام تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستیش، دەوڵەتەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، هەوڵی چارەسەرکردنی بەشێک لە خاڵە هاودژەکانیان لە ڕێگای سیاسەتی کردەیی دەدەن؛ بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان لە لای پارتییە کوردییەکان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە کورد تەنانەت لە کاتی نەبوونی هێزیش-دا، بە هۆی ڕوانگەی بەرتەسکی سەبارەت بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ویستی زۆرتر لەسەر بەرهەم هێنانەوەی سیاسەتی ناوچەیی، دابەشکردنی هێز و دەسەڵات وەک دەسمایەی مادی بووە. پێناسە نەکردنی ئەم بەرژەوەندییە لە کردەی سیاسی، وایکردووە نەک یەکگرتن، بەڵکو هاودەنگیش نەیەتە ئاراوە.
بە بینینی نیوە بەتاڵەکەی لیوانەکە وا دەرئەکەوێت تەنانەت لەم ساتە هەستیارانەشدا، هیوای هاودەنگی لەناو كورددا ئەگەرێکی دوور و نامومکینە. ڕکەبەرایەتیی بەردەوامی پارتییە سیاسییەکانی کورد-ی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەتکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە. مانەوەی نزیک بە ٤٠ ساڵی پارتییە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی لە باشوور، پێکهاتنی مۆدێلی باشووری لە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵات لە لای ئەوان چەسپاندووە. کەچی هاوسەنگییەکانی هێز نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ئێران دەقاودەق لەگەڵ باشور یەک ناگرنەوە.
بەڵام ئەوەی لەم ناوەدا خاوەن گرینگییە، پێداگری کردن لەسەر خاڵێکە بە ناوی بەرژەوەندیی هاوبەش. ئەگەر پارتییە سیاسییە کوردییەکان خاوەن فۆنکسیۆنێکی شێوە دەوڵەت-ن و خۆیان وەک نوێنەری ئیرادەی جەماوەر دەناسن، پێویستە وەک ڕێکخراوەی دەوڵەت، پێناسەیێک لە بەرژەوەندیی هاوبەشی کورد پیشکەش بکەن یان بخوڵقێنن، بەڵام لە کردەی سیاسیدا ئەم خاڵە لەناو سیاسەتی پارتییە کوردییەکان و نە یان تەنیا لە ئاستی دروشمدا ماوەتەوە. یەکگرتن یان هاودەنگبوون تەنیا دەکرێ لە ئەگەری بوونی بەرژوەندیی هاوبەش دروست بکرێت.
با باس لە ڕابردوو نەکرێت، ئەوەی تا کاتی ئێستاکە ڕووی داوە، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە حیزبە سیاسییەکانی ۆژهەڵاتی کوردستان هیچ بەرژەوەندیێکی هاوبەشیان نییە، یان پێناسەیان نەکردووە و وەک ستراتێژیی سیاسی داکۆکییان لەسەر نەکردووە. ئەم خاڵە وەک دەرکەوتەی کۆی پاڕادۆکسە ئاماژە پێکراوەکان، دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی مەترسیی زۆرتر دەکا.
ئیستا شەقام کەم و زۆر کەوتووەتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵات، سیستەمی جیهانی ڕەنگە بە دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانی، بۆ جارێکی تر مانەوەی ئەم سیستەمە گەڕەنتی بکا؛ یان وەک شەش مانگ لەمەوبەر لەوانەیە لەناکاو، تەقینەوەیێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی دۆخەکە بشڵەژێنێت. ئەگەرچی دەرفەتی زۆر بۆ چارەسەرکردنی پاڕادۆکسەکان، پێناسەی بەرژەوەندیی هاوبەشی کورد و پارتییە سیاسیەکان لەکیس چوون، بەڵام لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی نوێ، ئەگەر هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم دوو پرسە ئاماژە پێکراوە هەڵنەگیرێت، چیتر ئەم ڕووداوانە پێناسەی تراژیکبوونی دۆخی کورد لەم بەشە ناکەن، بەڵکوو دەبن بە مایەی گاڵتەجار.
340
وتووێژ لەگەڵ چنوور قادری
شۆڕشی ژینا بنەما جیهان ژینی و ئاراستە سیاسییەکەی...
Scroll to top