پڕۆفیسۆری زانستی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی ئەپلاید سایەنسی بوخوم، ئاڵمان
وادێتە بەرچاو بزووتنەوەی ژینا داواکارییە سەرەتاییەکانی خۆی تێپەڕاندووە و زۆر بەربڵاوتر بووە. داواکارییە ئەتنیکی و چینایەتییەکان لەگەڵ داواکاریی فێمێنیستی جومگەبەندی کراون. ئایا دەکرێ بەشێوەی تیۆریک زیاتر ئەم تایبەتمەندییە شی بکەینەوە؟
کاتێک باس لە بزووتنەوەی ژینا و داواکارییەکانی دەکەین، ناتوانین تەنیا بە یەک ڕوانگەی شیکاریی بۆی بچین، بۆیە من بە چەند شێوەیەک بیری لێ دەکەمەوە و لێکدانەوەی بۆدەکەم:
ڕێبازێکی تیۆریکی یارمەتیدەر دەتوانێ مۆدێلی کۆمەڵایەتی – تیۆری “بە کۆمەڵایەتیکردنی سێ لایەنە” بێ سەبارەت بە بەرهەمهێنان و وەچەخستنەوەی نەتەوە، بە گوێرەی تیۆری کۆمەڵناس ئیلزە لێنس. ڕەخنەی فێمینیستی لە پێگە پێدان و کۆمەڵایەتیکردنی ژن لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و وەچەخستنەوە فراوانتر دەبینرێت وە چەمکی نەتەوەشی دەخرێتەپاڵ، چونکە بنیاتنانی نەتەوە کاریگەریی وجودیی هەیە و ئەندامێتی نەتەوەیی ماف دەبەخشێ و ڕوانگەی داهاتوو دیاری دەکات. بە بۆچونی لێنس، مرۆڤەکان بەپێی زایەند، چین و نەتەوە بەکۆمەڵایەتی دەکرێن بۆ سێ دامەزراوەی بنەڕەتی مۆدێرن، خێزان (زایەند)، بازاڕی کار (چین و زایەند) ودەوڵەتی نەتەوەیی (نەتەوە و زایەند). بە گوێرەی ئەم لێکدانەوەیە، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە.
بۆچونێکی تیۆریک کە لە ڕێبازی ناوبراو تێدەپەڕێ، ڕێبازی ئینتەرسێکشناڵیتی (intersectionality)، کە جەخت لەسەر کارتێکەریی نایەکسانی دەکا.
مەبەست لە (ئینتەرسێکشناڵیتی) لێرەدا ئەوەیە کە ناکرێ پۆلێن کردنە کۆمەڵایەتییەکانی وەک زایەند، ئێتنیە، ئایین، نەتەوە یان چین لێکدابڕاو لە یەکتر چەمکسازیی بکرێن، بەڵکو دەبێ لە “تێکەڵاو بوونیان” یان “یەکتر بڕین” یاندا شی بکرێنەوە. ئەم ڕوانگەیە لە تەنیا کۆ کردنەوەی ئەو فاکتەرانەی ئاماژەم پێدان بەرفروان ترە، بەڵکو دەبێ گرینگیی بدەین بە کارلێکی هاوکاتی نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان. بۆیە تەنها پرسی چەند پۆلێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو دەبێ پرسی شیکردنەوەی کاریگەرییە جیاوازەکانیش ڕەچاو بکرێن.
مرۆڤ لە چوارچێوەی شیکاریی بزوتنەوەی ژینادا دەتوانێ بپرسێ، ئاخۆ هاوپەیمانییەکی ئینتەرسێکشناڵیستی پەرەی سەندووە؟ ئەو گرووپانەی پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانن بریتین لە: ژنان، گەنجان، خوێندکاران و نەتەوە پەراوێزخراوەکان. هەموو ئەو گروپانەی باسکراون بە شێوەیەکی ناڕێژەیی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و هەروەها بەرکەوتەی جۆرە جیاوازەکانی دیکەی هاڵاواردنی دەوڵەتن. زایەند ڕۆڵی باڵادەستی هەیە، لە کاتێکدا چینی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی چارەنووس ساز دەگێڕێ. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوو نمونەی پەیوەست بە چینایەتییەوە دەکەم: دۆخی کۆڵبەر و مانگرتنی هاوپشتیی کرێکاران لە بزووتنەوەی ژینا.
بۆیە ناڕەزایەتییەکان ئاڕاستەی حوکمی فەرمیی وڵاتێکە کە تۆڕێکی ئاڵۆز و چڕی لە هەڵاواردن وبە ئەوانیتر کردن هەیە، نە تەنیا لە پەیوەندی لەگەڵ زایەند، بەڵکو لە پەیوەندی لەگەڵ چین، ئەتنیک وئایینیشدا. واقیعی کۆمەڵایەتی لەم یەکتربڕینانەدا (ئینتەرسێکشن) دەرەکەوێ. ژینا وەک کچێکی گەنج و کوردێک، سیمبۆلی “ئەوی تر” بوو لە تیۆکراسیی ئێرانی ئیسلامیدا.
پەیوەندییە ئاڵۆزە یەکبڕەکانی نایەکسانی لە کۆمەڵگادا نە جێگیرن و نە سروشتین، بەڵکو مایەی خۆگونجاندن و گۆڕانن. نایەکسانییەکان دەتوانن لە نێوان تاکەکان یان گروپەکاندا کەڵەکە بن یان دووفاقی بن، بۆ نموونە کاتێک مافەکانی پیاوێکی کورد کە لە زانکۆ کار دەکا لەگەڵ ژنێکی فارس کە وەک کرێکارێک ئیش دەکا بەراورد بکەین. (نایەکسانی) بە فەرمانە نەریت خولقێنەکان شەرعیەتی پێ دەدرێ و پێکدێ. تاکەکان تا ئەو کاتە بەو فەرمانانە پابەندن کە بۆیان بە سوود بن، بۆ نموونە دابینکردنی کۆنتڕۆڵ، ئاسایش ولە کۆتاییدا دڵنیایی مانەوە بەخشین. بەهۆی پابەندی کردنی تاکەکان بەو بڕیارە نەریت خولقێنانە، واقیعێکی کۆمەڵایەتی بنیات دەنێن.
شۆڕشی ژینا یان ئەڵقەی شۆڕشگێڕان ئەو فەرمانانەی کە هەن دێننە ژێر پرسیار و گومان. شۆڕشەکە هێما و سیمبۆلی بانگەوازی گۆڕینی پەیوەندییەکان و ڕێکخستەوەی نوێیە. بزوتنەوەی ژینا هەڵوێست دەربڕینە بەرانبەر قەیرانی شەرعیەتی فەرمانە نەریت خولقێنەکانی دەسەڵات. فەرمانی نەریت خولقێنی کۆن چیتر نابنە هۆی ڕەزامەندیی جەماوەری – چونکە هۆکاری پشێوی و بێ سەروبەرییە و نابنە گەرەنتی بۆهیچ شتێک.
بەسەرهاتی ژینا – کە تاقانە نییە، بەڵام بووە هۆکاری ناڕەزایەتییەکان- بوو بە بەڵگەیەک: کە ملکەچ بوون بۆ فەرمانی دەسەڵات لە پێناو مسۆگەر کردنی تەندروستی جەستە بەس نییە. ژینا باڵاپۆشی لەبەردا بوو و لەگەڵ ئەوەشدا بووە بەرکەوتەی ئارەزومەندانە و کوێرانەی دام و دەستگاکانی ڕێژێم.
جــەستە وەک پۆلێکی کۆمەڵایەتی (social category) لەم پەیوەندییە (ئینتەرسێکشناڵییەدا) واتە یەکبڕینەدا گرینگە. دیار بوون و بینینی جەستە و بە تایبەتی قژی ژنان هەمیشەکراوە بە سیمبۆلێک بۆ هەڵاواردن، بۆئەوەی لەهەموو کاتێکدا لە فەزای گشتیدا بتوانرێ دەسەڵات بەسەریاندا بسەپێنرێ. ئەوە نەک یەکەم و نە دواجارە کە جەستەی ژن بە خاک، سەنگەر و مەیدانی جەنگی سیاسیی پێناسەدەکرێ. کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان وەک ئامێرێک بەکار دەهێنرێت بۆ دانوستان لەسەر دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەو سیاسەتە جەستەییەی (body politics) لێرەدا باسی لێ دەکرێ گەیشتە لوتکە: پرسیارەکانی سیاسەتی جەستە لە پرسیاری نادیاریی و نایەکسانییەوە گۆڕان و بوون بە پرسە وجودییەکان، کە ستەمی ئارەزوومەندانەی ڕژێم، نەک هەر لە دۆخی ژینادا سەلماندی، بەڵکو هەروەها لە جەستەی چینی کرێکار(کۆلبەرەکان)، و لەجەستەی هەر مرۆڤێک کە بەدژبەر دەیخوێنێتەوە ـ تا ئاستی لەسێدارەدانیان.
ئەمەش ڕەوا بوونی نایەکسانیی هەبووی هەڵوەشاندەوە، واتە ئیمتیاز دانی هێندێک گرووپی کۆمەڵگا بەسەر ئەوانی تردا ،کە پێشتر بێدەنگییان لێ دەکرد چونکە تا ڕادەیەک بۆیان سوودمەند بوو. بەڵام لەئێستادا چیتر پاداشتەکە (dividend) بۆ زۆرینەی بێدەنگ نایەتە ئەژمار، تێچووەکان تەنانەت بۆ ئەوانەی کە بە مەرجی بێدەنگی لە بەرانبەر نایەکسانییەکان بەشێک لە ئیمتیازیان دەبێ، هەڵکشاون. ئاشکرا بوو کە تەنانەت ملکەچ بوون بۆ فەرمانی باڵادەست بە مەبەستی ئاسایش و دڵنیایی جەستەیی بەس نییە. خۆ ناسین و هاوتابوون لەگەڵ «ئەوانیتر» بوو بە پاڵنەر بۆ هاودەنگی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، تێگەیشتن کە ڕێککەوتن و خۆ گونجاندن لەگەڵ دەسەڵات نە بەسە و نە گەرەنتییە بۆ ڕزگار بوون.
لەم بەینەدا دۆخەکە ئاڵۆزتر و خراپتر بووە، چونکە ئەوانەی قازانجی خۆیان لە مانەوەی ڕژێمدا دەبینن، لە ئەگەری گۆڕانکاریی بە هۆی ئەم بزوتنەوەیە، خۆیان بە هەڕەشە لێکراوی ڕاستەوخۆ دەبینن.
ئێوە لەگەڵ ئەم بەڵگاندنانە هاوڕان کەگۆڕانی جیلەکان لە ئێران هۆکاری سەرەکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانە؟ یا لە بنەڕەتدا خەبات بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ کە لە ئێران مێژوویەکی زیاتر لە سەد ساڵەی هەیە، هاندەری سەرەکی بزووتنەوەکانی ئێستاشن؟
لێرەدا ناتوانم بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە. بەڵام چەند بیرکردنەوە و بۆچونێکم لەوبارەیەوە هەن: ژینا وەک ژنێکی گەنج، هێشتا لە سەرەتای ژیانیدا بوو، مافی تەواوی ژیانێکی ئەزموون نەکردبوو. بۆ وەدیهێنانی تەواوی خەونەکانی ژیانی هیچ شانسێکی نەبوو. بەڵام ئەمانە ڕێک ئەو مافانەن کە بە بڕوای فەیلەسوفی سیاسی مارتا نوسباوم، دەبێ هەموو مرۆڤێک هەیبێ. (١) ژینا لەو کۆمایەی تێی کەوت وەهۆش نەهاتەوە، بەڵام بۆ زۆر ژن و مرۆڤی گەنجی ئاشکرا کرد و هۆشیاری کردنەوە، کە تا ئەوکاتی کەم تازۆر لە گەڵ سیستەمەکەدا ڕێک کەوتبوون یان لە بێدەنگیدا کڕنۆشیان بۆ بردبوو، کە دەبێ هەڵوێستیان هەبێ، ئەوە وای لێکردن بزانن خۆ سڕکردن ڕێگەی دەربازبوون نییە.
لە ڕوانگەی زەبری دەروونییەوە، سێ جۆر ڕەفتار هەن کە بۆ مانەوە و خۆڕزگارکردن، کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە بارودۆخێکی مەترسی دارلەسەر ژیانی دەریان دەبڕێ: هەڵاتن، خەبات کردن یان خۆلادان، لە دۆخە سەخت و دژوارەکاندا تا ڕادەی سڕ بوون. ئەمەش هاوتایە لەگەڵ شێوەی ڕەق کردنی جەستە و خۆ لە مردندان لە دۆخی ترس لەگیان لەدەست دان، کە بە سڕ بوون (numbing ) ناو دەبرێت. گەنجان و بەتایبەت ژنان پێیان زانیوە کە خۆپاراستن هیچ سوودێکی نییە، واتە تەنها هەڵاتن یان خەبات کردن دەمێنێتەوە. هەمووان ناتوانن یان نایانەوێ هەڵبێن، بۆیە نەوەی گەنج دەجەنگن بەو هیوایە کە خواست وئامانجەکانیان وەڕاستی گەڕێن و ئەزمونێکی نوێ وەدەست بهێنن.
مارتا نوسباوم سەبارەت بە هەست وسۆزی سیاسی دەنووسێ: “ئایدیالەکان شتێکی ڕاستەقینەن” (ideals are real) و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: “ئەگەر ئایدیالێک باش بێ، ژیانی مرۆڤ وەک خۆی دەبا و نیشانی دەدا مرۆڤی ڕاستەقینە چۆنە … ئەو کۆمەڵگایەی ئێمە پێشبینی دەکەین کۆمەڵگایەکە لەلایەن مرۆڤەوە و بۆمرۆڤەکانە ودەستوورەکەی تەنها تا ئەو ڕادەیە باشە کە تێڕوانینێکی واقیعیانە بۆ ژیانی مرۆڤ دەر ببڕێ. کەواتە ئایدیالەکەش ڕاستەقینەیە” (٢)
ئەگەر لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە سەیری بزووتنەوەی ژینا بکەین، ئایا دەکرێ پشتگیری لەم بۆچوونە بکەین کە بەشێک لە سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ بەها لیبراڵییەکان هاوئاهەنگە؟
بە تێگەیشتنی من مەبەست لەم بزووتنەوەیە خۆ ئاڕاستە کردن بەرەو لیبراڵی وەک دیاردەیەکی تەواو ڕۆژاوایی نییە. باس لە خواستی لیبراڵی وەک وەڵامێکی تیۆریک بۆ تێر کردنی پێداویستییە سەرەتاییە دەروونییەکانی مرۆڤ بۆ ئۆتۆنۆمی وئازادی دەکا. باس لە پەیوەندییەکی جیاواز وئازادی تاک دەکا بەرانبەر دەسەڵاتی حکوومەت وبڕیارە کوێرانە و توندوتیژەکانی. باس لە بزووتنەوەیەک دەکا کە هەوڵ دەدا بۆ گۆڕانی نەزمێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
لیبراڵیزم بە مانا ڕۆژئاواییەکەشی فۆرم وڕێبازی جیاوازی هەیە، لەوانە چەند جۆرێکی گۆڕانکاری لیبراڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی. لەم بزووتنەوەیەدا ناتوانرێت لیبراڵیزم وەک تەنها لایەنە ئابوورییەکەی هەڵسەنگێنرێت، لەبەرئەوەی بزووتنەوەکە پەیوەندیدارە بە چین و زایەندیشەوە. لێرەدا پرسیاری ئەوە دێتە پێش کە کام ڕێبازی لیبراڵیزم وەک بنەمایەک بۆ ئازادیخوازی پەیڕەو دەکرێ.
بەو پێیەی ئێوە بە ڕاشکاوی دەستەواژەی “ڕۆژاوا” بەکاردێنن، دەمەوێ بڵێم: گرینگە ئاماژە بە ناوی داواکارییە لیبراڵەکان لەسەر ژیان بدرێت بێ پۆلێن کردنی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات .
لێکدانەوەیەکی وەها هەم دەمانبا بەرەو جەمسەرگیریی ئایدیۆلۆژی کە زیاتر بەرەو پێشەوەمان نابا، وە هەم ڕەنگە مشتومڕێکی تیۆری بابەتیانە لەسەرپەیوەندی نێوان تاک و دەوڵەت سوودبەخشتر بێت. نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ کە بەکارهێنانی “بەهاکانی ڕۆژئاوا” لە سیاسەتی شوناسدا بۆ ناوزڕاندنی ئازادی ومافی ئەوانی دیکە وەک خیانەتکار لە سیستەمی ئێرانی تیۆکراتیکدا بەکاردەهێنرێت.
دووبارە مسۆگەر کردنی چەمکی لیبراڵیزم وئازادیخوازی بەبێ ئەوەی وەک دژایەتی ڕۆژاوا لێکبدرێتەوە، پرۆسەیەکی ڕزگارکەری فکری (emancipatory) گرینگە و لە نەهێشتنی کۆلۆنیالیزەکردنی بیرکردنەوەدا بەشدار دەبێ
(decolonization ). بیرمان نەچێ کە دیدگای ئورووپاتەوەر ( euro-centric) بە سەر مێژونوسینی فەلسەفەی سیاسی لە سەرانسەری جیهاندا زاڵە. ئێمە پێویستیمان بە شێوازێکی نوێ بۆمامەڵەکردن لەگەڵ نەریتەکانی بیرکردنەوە و ڕێبازی نوێ بۆ گۆڕانکارییەک لە ڕوانگەیەکی گلۆبالەوە هەیە. تا ئێستا ئێمە وەک خاڵێکی ئاماژە بە دەوری دیدگای ئورووپاتەوەر دەسوڕێینەوە، جا لەسەر بنەمای ئەو دیدگایە بێ یان ڕەخنەی لێبگرێ. گوتارەکان دەبێ لانی کەم فراوانتر بکرێن بۆ ڕوانگەی پەراوێزخراوەکان وە دەبێ ڕوانگەی « ئەوانی دیکەش» بگرنەوە، واتە نەک تەنیا نەریتی فکرە گواستراوەکانی زارەکی ئەتنیکە جیاوازەکان، بەڵکو ڕوانگەیەکی فێمینیستیش لەخۆیان بگرن. هەروەها بۆ کورد لە دۆزینەی دەنگی خۆی بە مەبەستی ساڕێژ کردنی برینە مێژووییەکانی بەسوود بێ. ئەوکات دەتوانێ دەنگێک بێ لە ئۆرکێسترای فرەدەنگی جیهانیدا.
سەرەڕای ئەوەش ئەگەرەکانی تۆڕ وپەیوەندیی نێودەوڵەتی لە سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیەدا ڕۆڵ دەگێڕن. بە دڵنیاییەوە ڕێککەوتن لەگەڵ پێشهات و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەدا هەیە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر نایەکسانیی جیهانگیر پێکهاتوون. بزووتنەوەکان بە شێوازی جۆراوجۆر باس لە قەیرانەکانی شەرعیەت بۆ نەزمی کۆمەڵایەتی ونایەکسانی پەیوەندییە باوەکان دەکەن. ئەمانەش لە چوارچێوەیەکی جیهانی و هەرێمیدا چەسپاون و پەیوەندیدارن.
لەسەرئاستی جیهانی لە ئێستادا باس لە سێ قەیران دەکرێ: کەشوهەوا، چاودێریی(care)، شەڕ. مەبەست لەوانە قەیرانەکانی ژینگەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمەن. قەیرانی ژینگەیی پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان سروشت ومرۆڤەوە، قەیرانی ئابووری پەیوەندی بە سیاسەت و ئابوورییەوە هەیە و، قەیرانی کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی دەوروبەری نزیکەوە، کە پەیوەندییەکی چڕی لەگەڵ پرسی زایەند هەیە .
ئەم پرسە جیهانییانە پەیوەندییەکی جیهانیی-هەرێمییان هەیە: شۆڕشی ژینا ڕەهەندێکی کۆنکرێتی مێژوویی-سیاسی لە کوردستان و ئێراندا هەیە، لە هەمان کاتدا بە وردی و فەوری داوای چارەسەری ئەم پرسانە دەکات: ناهاوسەنگی ئابووری، ژینگەیی وکۆمەڵایەتی؛ واتە ئەو پەیوەندییانەی کە بەهێز و چەوسێنەرن. قەیرانی سێ لایەنەی سیاسی، کۆمەڵایەتی-ئابووری و ژینگەیی کۆماری ئیسلامی، پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەی خستۆتە جووڵەوە.
بە تایبەتی لە پەیوەندییە زایەندییەکاندا، خاڵی هاوبەش لە داواکارییە فێمینیست و نێودەوڵەتییە گلۆباڵەکاندا هەیە، بوارێکە بۆدروست کردنی هاوپەیمانیی نوێ. دروشمی شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) لە بزووتنەوەی ئازادیی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە و لە ئێستادا بۆتە دروشمی ژنان لە هەموو جیهاندا.
هەندێک لەو باوەڕەدان کە چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەربەخۆ لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتن. لەبەرانبەردا، هێندێک بەڵگە دەهێننەوە کە حیزبەکان پەیوەندییەکی چڕوپڕیان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی هەیە و زۆربەی داواکارییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ ڕێبازی سیاسی حیزبەکان هاوئاهەنگە. ئێوە ئەم پەیوەندییە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
دەبێت لەوە تێبگەین کە ڕۆڵ و ئەرکی حیزبەکان و کۆمەڵگای مەدەنی چییە و پەیوەندییان ڵەگەڵ یەکتری چۆنە. ئەوکارلێکانەی دەبینرێن جێی سەرسوڕمان نین، لە هەمان کاتدا پابەند نەبوون وهاوئاهەنگیش دەبینرێت.
لایەنە کوردییەکان ڕووبەڕووی ئەو ئالنگارییە دەبنەوە کە بە شێوەیەکی قەناعەت پێکەرانە داواکارییەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵگای مەدەنی لە ناو ڕیزەکانی خۆیاندا بە ڕوونتر بگۆڕن و بیسەلمێنن کە بە پێچەوانەی حکوومەتەوە ئامادەن و توانایی وەڵامدانەوەیان هەیە. بە دڵنیاییەوە ئەوە ئالنگارییەکە کە ئەم هاوسەنگییە لە نێوان گۆڕانکاریی و داهێناندا لە ڕیزەکانی خۆیاندا دەربخەن ولە لایەکی دیکەشەوە وەک گەرەنتییەک بۆ سەقامگیریی ئۆپۆزسیۆنێکی حیزبی بمێننەوە.
فاکتەرێکی گرنگ لە شۆڕشی ژینادا ژنانن. شۆڕش لە کوردستان و ئێران بەبێ ژنی کورد مەحاڵە. گرنگە باس لەوەش بکەین کە چۆن ژنی کورد هێشتا مافی یەکسانی لە کۆمەڵگا و سیاسەتی کوردیدا نییە. گرینگە حیزبە کوردیەکان لە شۆڕشی ژنان کەڵک وەربگرن، نەک تەنیا بۆ وەدەست هێنانی مافی ئەتنیکی وچارەنووس لەئێران، بەڵکو بۆ گۆڕینی پەیوەندییە زایەندییە پیاوسالارەکانی هەنووکەیی لە کۆمەڵگەی کوردیشدا. چونکە هیچ نەزمێکی توندوتیژی زایەندی نییە کە لە کۆمەڵگادا لەنگەری نەگرتبێ. دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە هۆکارێکی تەمەن درێژیی و زەمانەتی مانەوەی ڕژێمی تیۆکراتیکی ئیسلامی ئێران، هاوئاهەنگی بەهاکان ونیزامەکەیەتی لەگەڵ هەڵاواردنی کۆمەڵگای پیاوسالاری لە دژی ژنان و گەنجان. شۆڕشی ژینا لەگەڵ یۆتۆپیاکانی داهاتوودایە کە پیاوانیش بە تایبەت نەوەی گەنج دەتوانن هاوبەشی بن. یۆتۆپیایەک کە دەکرێ ببێتە واقیع، بۆنموونە ئەوەیە لەحیزبێکدا دووسەرکردایەتی هەبێ کە ژنێکی کورد و گەنجێکی تێدابێ.
وەک ڕێگەچارەیەکی لۆژیکی، حیزبە کوردییەکان دەبێ بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چ مێکانیزمێک پەیڕەو بکەن؟
پاراستنی دیالۆگ لە هەموو لایەکەوە ـ جگە لەگەڵ لایەنی فاشیستی؛ حیزبەکوردیەکان دەبێ بە متمانە بەخۆییەوە نوێنەرایەتی پێگەی خۆیان بکەن؛ بۆ ناونانی “گێڕانەوەی گەورە” (great narrative) باسکردن و گێڕانەوەی شۆڕش لەگەڵ ژینا و خەباتەکانی کوردستان بەردەوام وێردی زمانیان بێ و بۆ دیپلۆماسی پێداچوونەوەی بۆ نەکەن. بیرمان نەچێ باس لەپەیوەندی لایەنێکی لاوەکی و پەراوێزخراو لە گەڵ لاێەنێکی خۆ بەناوەندناس دەکەین، هەروەها پەیوەندییەک کە بنەمای لە چوارچێوەی پلەبەندییەکانی ئێتنیکی و ئایینیدایە. بۆ هەمو لایەنەکان گرینگە شوێن وهەڵوێستە مێژوویی – سیاسیەکانی خۆیان بناسن، وەک بەڵگە هێنانەوە بەکاریان بێنن، بەبێ ئەوەی ملکەچی هاوسەنگیەکانی هێز و وجەوهەرگەریەکان (essentialization) بن. کۆمەڵناس ستیووارت هۆڵ باس لە “پێگەی ستراتێژیک” (strategic positioning) دەکا. گرتنەبەری ئەم هەڵوێستە بەمانای ناسیۆنالیستی یان ڕەگەزپەرستی نییە، بەڵکوو ڕەچاوکردنی هەڵوێستی مێژوویی – سیاسی و داواکردنی یەکسانی و مافی یەکسانییە.
ئایا ڕەزا پەهلەوی ئەو ئاستە لە مەشروعییەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە کە خەونی پاشایەتی هەبێ؟
بە دڵنیاییەوە ڕەزا پەهلەوی لایەنگری نەتەوەیی هەیە. شـــەرعیــەتی نێودەوڵەتی شەرعیەتێکە کە لە ڕووی تیۆرییەوە دەتوانرێ “هەڵچنرێ”(construction). بۆیە من بە بەڵێ و نەخێر وەڵام نادەمەوە. بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی، ئەمە دەتوانێ جیاوازبێ. لە کاتێکدا کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی هاوتا بن، ئەوا دەکرێ شەرعیەت بۆسەرکەوتنی ڕەزا پەهلەوی هەڵچنرێ.
دەکرێ کەسایەتی ڕەزا پەهلەوی لەم پێگەیەدا دابنرێ و وەک کەسایەتییەکی ڕاگوێزەر وێنا بکرێ. ئەمە بەومانایە نییە کە هەموو کەسێک ئەوی بوێ و بە دڵنیاییەوە ئەوەش ناگەێنێ کە ڕەزا پەهلەوی دەتوانێ سەرکەوتوو بێ. من وەک خۆم گومانم هەیە و ڕەخنەگرم لەوەی کە وەک بەشێک لە دامەزراوەیەکی بەسەرچوو بتوانێ بە ڕۆحی شۆڕشی بزوتنەوەی ژیناوە وڵات بەرەو پێشەوە بەرێ.
لە کاتە نادیارەکاندا لای مرۆڤ خواستێکی گەورە بۆ فریادڕەس و سەرکردە هەیە، لەوانەش سەرکردە سیاسییەکانن. خۆ نەخستنە ژێر دەستی ئەم وەسوەسە مرۆییە لە ئێستادا زۆر گرینگە. تا ئێستا ئاماژە بۆ ئەمە هەیە و بزووتنەوەکە بە “بێ سەرکردایەتی” تایبەتمەندە.
لە لایەکەوە ئەمە زیاتر تایبەتە بە بزووتنەوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، لەلایەکی ترەوە کاردانەوەیەکە بەرانبەر بەو سەرکوت کردنەی کە هەیە،هەربۆیەش ئەو ڕێگا لامەرکەزییانە دەخوازێ. جگە لەوەش، ئەگەرەکان لە ڕێگەی دیجیتاڵکردن و گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوەکەوە ڕەنگدەدنەوە.
دەتوانین بڵێین تایبەتمەندییە گرینگەکانی ئەم شۆڕشە بریتین لە: ١- ناڕەزایەتی لامەرکەزی، واتە ڕوودانی چەند خۆپیشاندانی هاوکات لە ناوچە جیاجیاکانی شارێک، ٢- نافەرمانی مەدەنی (بە شێوەیەکی سەرەکی بە داکەندنی باڵاپۆشی ژنان، لە زۆر حاڵەتدا بە پشتیوانی و چەپڵە لێدانی پیاوان) . -3 سەبارەت بە پرسی ڕێکخستن و سەرکردایەتی، زۆرجار لە مشتومڕەکانی ئورووپادا ڕەخنەی لێدەگیرێت کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان سەرکردایەتی و ڕێکخستنیان نییە و بۆیە زوو یان درەنگ مەحکوومن بە شکست.
بە سەرنجدان بە ئەزمونی مێژوویی ئێران، دەبێ ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە بەڕاستی لە ناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدا تاکە کەسایەتییەکی نەتەوەیی نییە کە بتوانێ ڕۆڵی سەرکردایەتی کاریزماتیک بگرێتە ئەستۆ. و تەنانەت گومان و ڕەتکردنەوە هەیە لەشێوەی سەرکردایەتی. لەم ڕووەوە بە گومانەوە دەیبینم کە ڕەزا پەهلەوی بتوانێ لە درێژجایەندا وەک سەرکردەیەکی بەهێز دەربکەوێ؛ ڕەنگبێ بە هاوبەشی وهاوپەیمانیی لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن تا ڕاددەیەک کاتی وسنووردار شەرعیەت وەدەست بێنێ.
وەکوو پرسیاری کۆتایی،ڕەنگە یەکێک لە پرسیارە دژوارەکانی زانستی مرۆیی پێشبینی کردنی داهاتووبێ، ئەگەرچی قوتابخانە فیکرییەکان ناچاربوون وێنایەک بۆ داهاتوو بکێشنەوە. ئێوە داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە و بەشێوەی گشتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
لە شیکردنەوەی دۆخی ئێراندا، دەمەوێ خۆم لە هەڵەی ڕۆتینی یان لایەنگریی شیکاری بپارێزم و بە و وریاییەوە دەڵێم: ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و ئێران، گۆڕانی پارادایمێک نیشان دەدەن کە فۆکۆسەکەی فێمینیستییە، چونکە گرینگی بە ژنان وکەرامەتیان دەدا. ئەم شۆڕشە فێمینیستە بەم قەبارەیە نوێیەوە. هەروەها خۆپیشاندان لە ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە و بەردەوام سەرچاوە دەگرن: بەهۆکارەکانی قەیرانی ئابووری-کۆمەڵایەتی، چەقبەستوویی سیاسی و دابڕانی نێودەوڵەتی، هەرچەندە ئێستا جموجۆڵی سەرنجڕاکێش بەرەو سعودیە هەیە.
ڕێژیم لە ئێستادا وەڵامی بۆچارەسەری قەیرانە کان نییە: لەوانەش چەقبەستوویی سیاسی و چاکسازی نەکردن، نەهامەتی کۆمەڵایەتی-ئابووری وکارەساتە ژینگەییەکان. لە هەمان کاتدا کۆمەڵگایەکی گەنجی خوێندەوار و کۆسمۆپۆلیتی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دەرفەتەکانی گەشەکردندا لەلایەن نوخبەی بناژۆخوازی(fundamentalistic) ئیسلامیی بەساڵاچوو و زۆر گەندەڵەکانەوە سنووردار دەکرێ. پێدەچێ پڕۆسەی شۆڕشگێڕیی لە کوردستان و ئێران بەردەوام بێ. ئەو کێشە ناڕەزایەتییە پێکهاتەییانەی کە شۆڕشەکە دەباتە پێشەوە، ئەگەری ئەوەیان هەیە کە بەهۆی بێباکیی نوخبەی سیاسی و هەوڵی سەرەکی بۆمانەوەی خۆیان، چڕتر ببنەوە. ئەگەرئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی ڕوونەدا، دەتوانین ئەو گریمانەیە بکەین کە بارودۆخی ئێران لەئایندەیەکی نزیکدا بە ناسەقامگیری و نائارامی بمێنێتەوە.
433
مصاحبە با زینب هاشمی
پاڕادۆکسەکانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان...
Scroll to top