سەرپێچیی مەدەنی
کاندیس دێلمەس
کیمبێرلی برۆونلی
و: هەوراز کوردستانی
سەرپێچیی مەدەنی لە بزووتنەوەی چایی بۆستۆنەوە تا ڕێپێوان و (بزووتنەوەی) ڕێژەی خوێی ماهاتما گاندی و لە دەنگدانی نایاساییی لایەنگرانی دەنگدان تاوەکوو مانگرتنی دژ بە خواردنی سپی پێستەکان، ڕۆڵیکی گرینگی لە خوارکردنی کەوانی ئەو قسە مەنشوور و نەستەقە بووە کە دەڵێ لە جیهانی ئەخلاقییەوە بەرەو دادپەروەری. بەڵام ئەم کردەوانە و کردەوەگەلێکی لە ئەژمارنەهاتووی دیکە کە ئێمە وەکوو سەرپێچیی مەدەنی ئاماژەیان پێدەکەین چ هاوبەشییەکیان هەیه؟ و چ شتێک ئەو کردەوەگەلە لە جۆرەکانی دیکەی کردەوەی ویژدانی و سیاسی جیادەکاتەوە؟
بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەمە قبووڵ کراوە کە سەرپێچیی مەدەنی پێشێلکردنێکی گشتی، ناتوندوتیژانە و ئاگاهانەی یاسایە کە بە مەبەستی گۆڕینی یاسا یان سیاسەتەکانی حکوومەتە (Rawls 1999,320). بەو پێیە ئەو خەڵکانەی کە سەرپێچیی مەدەنی دەکەن لەنێو سنوورەکانی وەفاداری بە یاساوە کار دەکەن و ڕێزێکی گشتی بۆ ڕێژیمەکەیان دادەنێن و دەخوازن ئەنجام و دواهاتە یاسایییەکانی کردەوەکانیان قبووڵ بکەن کە خودی ئەوەش شایەت و گەواهێکە بۆ وەفادارییەکەیان لەمەڕ حکوومەتی یاسا. سەرپێچیی مەدەنی بەو چەشنەی باسی لێ کرا واتە پێگەکەی لەنێو دەروەست بوون و وەفاداری بە سنوورەکانی یاسا هەیە و لە لایەکی دیکەوە کەوتووەتە نێوان ناڕەزایەتیی یاسایی و لەلایەکی تریشەوە کەوتووەتە نێوان خۆبواردن و قبووڵ نەکردنی ویژدانی، سەرپێچی نا-مەدەنی، ناڕەزایەتیی شەڕانگێزانە، بەرخۆدانی زۆرەملییانەی سازماندراو و کردوەی شۆڕشیانە.
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسراوەیەدا ئەو وێنەیە لە سەرپێچیی مەدەنی و گوازارشتێکی بەربڵاوتری لێ باس دەکرێ. بەشی دووهەم سەرپێچیی مەدەنی بە شێوەیەکی بەربڵاو لەگەڵ جۆرەکانی تری ناڕەزایەتی هەڵدەسەنگێندرێ. بەشی سێهەم جەخت لەسەر پاساودانی سەرپێچیی مەدەنی دەکات و ئەم باسە هەڵدەسەنگێنێ کە سەرەتا بۆ دەبێ سەرپێچیی مەدەنی پاساو بدرێ و دواتریش بایەخ و ڕۆڵەکەیان لە کۆمەڵگادا چییە. بەشی چوارەم باس لە وڵامی شیاوی دەوڵەتەکان لە بەرانبەر سەرپێچیی مەدەنیدا دەکات.
تایبەتمەندییەکانی سەرپێچیی مەدەنی
1، 1. سەرپێچیی بەپڕەنسیپ و بنچینەیی
1، 2. مەدەنییەت
1، 2، 1. پەیوەندییەکان
1، 2، 2. بڵاو بوونەوە (گشتی بوون)
1، 2، 3. ناتوندوتیژی
1، 2، 4. خۆنەدزینەوە
1، 2، 5. دیکۆرۆم (کرداری بەجێ)
1، 3. وەفاداری بە یاسا
جۆرەکانی تری ناڕەزایەتی
2، 1. ناڕەزایەتیی یاسایی
2، 2. دەرچوون لە یاسا
2، 3. قبووڵ نەکردن و ڕەتکردنەوەی ویژدانی
2، 4. سەرپێچیی کۆچ
2، 5. سەرپێچیی دیجیتاڵ
2، 6. سەرپێچیی نامەدەنی
2، 7. کردەوەی شۆڕشگێرانە
پاساو
3، 1. پرسی سەرپێچی
3، 2. دۆخگەلی پاساودان
3، 3. بایەخ
وڵامدانەوە بە سەرپێچیی مەدەنی
4، 1. سزادانی سەرپێچیی مەدەنی
4، 2. مافی سەرپێچیی مەدەنی
ئەنجام
کتێبناسی
تایبەتمەندییەکانی سەرپێچیی مەدەنی
هێنری دەیڤید سورو بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی دروستکردنی دەستەواژەی سەرپێچیی مەدەنی ناوبانگی دەرکردووە. سورو بۆ چەندین ساڵ خۆی لە دەنگدان بە باجی دەوڵەتی وەکوو دژایەتییەک لە بەرانبەر دامەزراوەی کۆیلایەتی، لەنێوبردنی ئەمریکییە خۆجێییەکان و شەڕ دژ بە میکزیک بوارد. کاتێک ئەفسەرێکی کۆنکۆرتد لە ماساچوسێت بەنێوی سام ستەیپڵز، داوای لە سورو کرد باجە وەدواکەوتووەکانی لە ساڵی 1846 بدات، ئەو ڕەتی کردەوە و ستەیپڵزیش ئەوی ڕەوانەی بەندیخانە کرد و بۆ ئەوێی ئیسکۆرت کرد. سورو دوو وتاری گشتیی لە ساڵی 1848 بڵاو کردوە و لەوێدا باج نەدانی خۆی وەکوو شێوازێک بۆ هاوکاری نەکردن لەگەڵ حکوومەت پاساو دەدا و داوای لە هاوشارییەکانی خۆی دەکرد کە ئەوانیش وەها کارێک بکەن. ناوی وتارەکەی سورو “ماف و ئەرکی تاکەکەکان لە پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتدا” بوو، ئەوەش بووە هەوێنی نووسراوەیەکی لە ساڵی 1849دا بەناوی “بەرخۆدان و خۆڕاگری لە بەرانبەر حکوومەتی مەدەنی”. لە ساڵی 1866دا و چوار ساڵ پاش مردنی سورو، ئەو نوسراوەیەی دیسان بڵاو بووەوە بەڵام ئەمجارەیان لەژێر ناوی “سەرپێچیی مەدەنی” بوو. هەندێک لە توێژەران لەسەر ئەو باوڕەن کە ئەو سەردێڕ و ناوە نوێیە لەلایەن سۆفیای خوشکییەوە واتە تاکە میراتگری ئەدەبی و تاکە نڤیساری کارەکانی پاش مردنی دانراوە (Fedorko2016 )، بەڵام کەسانی دیکە هەندێک بەڵگەیان هێناوەتەوە کە خودی سورو دەستی لە ئیدیتەکانی دەقی ساڵی 1866دا بووە (Dawson 2007). سورو چەمکی “مەدەنی” لە سەرپێچیی مەدەنیدا بۆ نیشاندانی پەیوەندیی سیاسیی نێوان سووژە مەدەنییەکان و حکوومەتە مەدەنییەکەیان بەکارهێناوە. ئەمڕۆکە تێگەیشتنی زۆربەی زانایان و چالاکان بەم شێوازەیە کە چەمکی: مەدەنی” پەیوەندیی بە مەدەنییەتەوە هەیە -جۆرێک لە بەربەخۆگرتنە کە بۆ ڕێککەوتن لە دۆخی پلۆڕالیزمدا پێویستە-. لە درێژەی بەشی داهاتوودا تایبەتمەندییه سەرەکییەکانی سەرپێچیی مەدەنی دەوروژێنین.
1، 1. سەرپێچی بەپڕەنسیپ و بنچینەیی
پیشێلکردنی یاسا: یەکەم، بۆ ئەوەی کردەوەیەک ببێتە سەرپێچیی مەدەنی، دەبێ پێشێلکردنی یاسا لەخۆبگرێ. لە کۆمەڵگا دێموکراتیکەکان سەرپێچیی کۆمەڵایەتی وەکوو تاوان بەئەژمار نایەت. کاتێک کەسێک خۆی خستووەتە نێو سەرپێچییەکی مەدەنییەوە، لەلایەن یاساوە سزا نادرێ مەگەر ئەوەی لەبەر ئەو تاوانانەی کردوویەتی بە تاوانبار بناسرێت؛ وەکوو تێکدانی ئاشتی، دەستدرێژیکردن، زیان بە موڵک و ماڵی خەڵک، مانگرتن و پێشگرتن لە چوونە سەر کاری ئەوانی تر، پێشێلکردنی فەرمان و حوکمە یاسایییەکان، ترساندن و تۆقاندن و هتد. کاتێک سەرپێچیکەرانی مەدەنی ڕاستەوخۆ یاسایەک پێشێل دەکەن کە دژین، ئەوە ڕاستەوخۆ لە سەرپێچیی مەدەنیدا بەشدارییان کردووە. وەکوو ئەو کاتەی “ڕۆزا پارکس” یاسای مۆنتگۆمریی شاری ئالابامای پێشێل کرد. ئەو یاسایە دەیکوت ئەفریقی-ئەمریکییەکان دەبێ لە کورسیی پشتەوەی پاسەکان دانیشن و هەروەها کاتێک پاسەکە پڕ بوو دەبێ کورسییەکان بدەن بە سپی پێستەکان. بەپێچەوانەوە کاتێک سەرپێچیکەران یاسایەک پێشێل دەکەن کە لەو یاسایەدا شتەکانی دیکە یەکسان و بەرابەرە و دژایەتیی لەگەڵ ناکەن ئەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە سەرپێچیی مەدەنیدا بەشدارییان کردووە؛ بۆ نموونە کاتێک دەیانهەوێ ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە یاسایەک یان سیاسەتێک دەربڕن؛ وەکوو مانگرتن و دانیشتنی ناڕازییانی دژە شەڕ لەبەرانبەری بینا حوکمییەکان. زۆرتر جیاوازیی نێوان سەرپێچیی مەەدنیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، پەیوەندیی بە ئەگەری پترکردنی تاقیکردنەوەی بابەتەکانی یاسای بنەڕەتییەوە هەیە، چونکە ناکرێ بنەڕەتی بوونی یاسا لە دادگا تاقی بکرێتەوە مەگەر ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە پێشێل بکرێ. گەرچی هەندێک لە لێکۆڵەران دەڵێن سەرپێچیی مەدەنیی ڕاستەوخۆ، لەچاو سەرپێچیی مەدەنیی ناڕاستەوخۆ باشترە؛ چونکە وەکوو کردەوەیەک بۆ ناڕەزایەتی لە بەرانبەر یاسای پێشلکراودا زۆرتر ڕوون و بەرچاوە(C.Cohen1966, 4-5). زۆربەی زانایان سەرپیچیی ناڕاستەوخۆ قبووڵ دەکەن و لەسەر ئەم باوەڕەن هەموو یاسا و سیاسەتە ناعادڵانەکان ناکرێ بە شێوەی ڕاستەوخۆ سەرپێچییان لێ بکرێ (M.Cohen, 1970, 109-110; Rawls 1999, 320; Brwonlee 2012, 19-20).
بۆ وێنە هاوژینگەلێکی هاوڕەگەزخواز کە لە شوێنێک دەژین کە ژیانی هاوبەشی هاوڕەگەزخوازەکانی یاساغ کردووە، ناتوانن بە پێشێلکردنی یاسا ژیانی هاوبەش پێکبهێنن. چالاکانی بواری “گرینگیی ژیانی ڕەش پێستەکان” ناتوانن ڕاستەوخۆ سەرپێچی لە دڕەندەییی پۆلیس، ڕاگرتن و پشکنین لەلایەن پۆلیسەوە یان بەخشین و ئازاد کردنی ئەو ئەفسەرە پۆلیسانەی کە ڕەش پێستە سڤیلەکانیان کوشتووە بکەن. هەروەها کاتێک کەسێک بە شێوەی ڕاستەوخۆ سەرپێچی لە یاسایەک دەکات؛ ڕەنگە وەها کارێک بە شێوەیەکی ناڕەوا و زۆر قورس و زاڵمانە بێت، بۆ وێنە کاتێک تەمێ کردنێک بۆ پێشێلکردنی یاسا، زۆر توند و قورس بێ.
پڕەنسیپ گەرایی
کردەوەی پێشێلکردنی یاسا دەبێ بەشێوەیەکی بەئەنقەست، بەپرەنسیپ و لە ڕووی ویژدانەوە بێت؛ ئەمانەش بۆ ئەوەیە کە کردەوەکە مەدەنی بمێنێتەوە و لە تاوانە سزاییە ڕۆژانەکان لێک بکرێتەوە. سەرپێچیی مەدەنی ناتوانێ نائاگاهانە و بەئەنقەست نەبێ واتە کەسێک نائاگاهانە یاسایەک پێشێل بکات: دەبێ بەئەنقەست ئەو یاسایە پێشێل بکرێ. سەرپێچیی مەدەنی دەبێ لەگەڵ تاوانە ڕۆژانەکان جیاوازیی هەبێ و لێک بکرێنەوە کە ئەوەش لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی خواست و مەیلێک دەکرێ کە دەبێتە هەوێنی سەرپێچیی مەدەنی. تاک دەبێ بەپێی بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و سیاسییەکانی خۆی دژ بەو یاسا، سیاسەت، دامەزراوە و کردەوەگەلە ڕاوەستێ کە پێی وایە ناعادڵانەن. ئەگەری هەیە کە ئەو کەسەی سەرپێچیی مەدەنی دەکات بیروبۆچوونەکەی تەواو لۆژیکی و ژیربیرانە نەبن؛ بەڵام ئەو پێی وایە کە ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە و بێ گرێوگۆڵن. بەم شێوازە، سەرپێچیی مەدەنی بەپڕەنسیپ لە تاوانە جۆراوجۆرەکان لێک دەکرێتەوە؛ واتە ئەو کردەوەگەلەی لە بەرژەوەندیی تاکدان، خۆویستانە، هەلپەرەستانە و بێپڕەنسیپانەن.
ویژدانیبوون و ئەرکناسی
تایبەتمەندیگەلی بەئەنقەست بوون و بەپڕەنسیپ بوونی سەرپێچیی مەدەنی زۆربەی کات لە ژێر چەتری ئەرکناسی و بەویژدانیبووندا کۆدەبنەوە کە لەگەڵ جیددییەت، یەکڕوویی وبێگرێوگۆڵی، قووڵایی بیروبۆچوونەکان و خۆویست نەبوون یەکسانه و خودی ئەمەش بۆ جارێکی دیکە سەرپێچیی مەدەنی لە بەرانبەر و دژ بە تاوانەکانی دیکەی پێشێلکردنی یاسادا دادەنێ. لە بەرانبەردا هەنێک لە زانایان سەرپێچییەکی مەدەنیی گشتگیری خۆویستانە زەق دەکەنەوە و باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە هەندێک لەو سەرپێچییانە “لە حەوشە و حەساری مندا” نەبێ (بۆ وێنە، خەڵک لەبەرانبەر ئەو جادەیەی کە لە ناوەڕاستی کۆڵانەکەیان تێپەڕدەبێ ناڕەزایەتی دەردەبڕن)- ئەوەش وەکوو چەلنجێکە بۆ ئەرکناسی و لە ڕووی ویژانەوە کارکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە سەرپێچیی مەدەنی دەکەن(Celikates2016,38) . هەندێکی دیکە لەسەر ئەم بابەتە پێداگری دەکەن کە سەرپێچیی مەدەنی پێویستی بە خۆنەویست بوون نییە: بۆ وێنە گروپە سەرکوتکراوەکان دەستکەوتێکی زۆر لە ململانێ و شەڕ لەگەڵ سەرکوتکەردا بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن. بۆ نموونە دوورەدیمەنی ژیانێکی باش، باشتربوونی دۆخی ماددی و بەرزکردنەوەی ئاستی نەفس بەرزی (Delmas 2019, 183-4). جێگەی سەرسووڕمان نییە کە زۆربەی هەرە زۆری سەرپێچیکەرانی مەدەنیی بەناوبانگ وەکوو مۆهاندس گاندی، ڕۆزا پارکز، مارتین لوتر کینگ و نێڵسۆن ماندێلا ئەندامی گروپگەلێک بوون کە بەدوای دەستەبەر کردن و دیفاع لە مافەکانیانەوە بوون. بەڵام ئەرکناسی و لەڕووی ویژدانەوە کار کردن -وەکوو بێگرێوگۆڵ بوون و خۆنەویست بوون فام دەکرێت- پێویستی بە لەخۆبردوویی و خۆنەویست بوون نییە و تاوانە ئاسایییەکانیش نابێ لەگەڵ خۆویست بوون بە یەکسانی لەبەرچاو بگیرێت؛ بەو جۆرەی کە ڕۆبین هوود نیشانی داوە. بەو حاڵەوە هەندێک لە بیرمەندان بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامەی (پێشگری لە دابەشکردنی سرویسەکانی ئینتەرنێت)کە لەلایەن گروپی هەکێری(Anonymous) ئەنجام دراوە، وەکوو ئـــۆپێراسیـــونی تۆڵەی ئاسانژ لەچوارچێوەی سەرپێچیی مەدەنیدا چەمکیی جیددییەت تووشی ئالنگاری دەکەن چونکە لە وەها هێرشێکدا گەرچی سەرپێچیی مەدەنییە بەڵام بەدوای بەرژەوەندییەوەن و خواستگەلێکی غەیرە جیددی و گەمەیی تێدا دەبینرێ (Ceikates and de Zeeuw 2016,211-3).
1، 2. مەدەنییەت
چ کردەوەیەک سەرپێچییەک دەکاتە مەدەنی؟ زانایان زۆرجار هەموو یا هەندێک لەو پێنج تایبەتمەندییەی خوارەوە بۆ پیناسەکردنی سەرپێچیی مەدەنی لەبەر چاو دەگرن.
1،2،1. پەیوەندی
بەشێوەیەکی باو کەسێک کە تاوانێک ئەنجام دەدات مەیلیکی بۆ ئەوە نییە لەگەڵ کۆمەڵگا یان دەوڵەتەکەی پەیوەندی سازبکات. ئەم باسە لە ڕووی ئەم ڕاستییەوە ڕوون دەبێتەوە زۆرجاران ئەو کەسە نایەوێ ئەوە نیشان بدات کە تاوانێکی ئەنجام داوە. بەپێچەوانەوە سەرپێچیی مەدەنی وەکوو کردەوەیەکی پەیوەندییانە دەبیندرێت؛ جۆرێک لە وتاربێژیی سەمبولیک کە دەخوازێ پەیامێک بۆ بەردەنگێکی تایبەت بگوازێتەوە بۆ وێنە حکوومەت یان کۆمەڵگا. وەها دێتە بەرچاو کە سەرپێچیی مەدەنی یارمەتیدەری ئارگیومێنتەکانی پانتاییی گشتیی کۆمەڵگایە. بە شێوەیەکی باو داخۆیانییەکە بۆ ڕیفۆرم یا قەرەبوو کردنەوه و بەردەنگەکەشی زۆرینەی کۆمەڵگایە. سەرپێچیی مەدەنی بە شێوەیەکی جۆراوجۆر وەکوو کردەەیەک پێناسە دەکرێ کە لە ڕێگەی ئەوەوە ئاماژە بە “هەستی عەداڵەتی زۆرینەی کۆمەڵگا” دەکات(Rawls1999, 329) و وەکوو “خواستێکی سەمبولیکە بۆ ئاماژە بە دەفرایەتیی عەقڵ و هەستی عەداڵەتی زۆرینە” (Habermas 1985,99). کاتێک زانایان باس لە پێوەرەکانی سەرپێچیی مەدەنی دەکەن دەڵێن سەرپێچیی مەدەنی هەر لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی پەیوەندییانەیە. لە بەرانبەردا جۆرەکانی دیکەی سەرپێچیی بەپڕەنسیپ دەرهاتوو، ناچارەن پەیوەندییانە نین. بۆ وێنە ڕزگارکردنی ئاژەڵەکان بەدوای ئەوەوەیە کە ئازاری ئاژەڵە ڕزگار بووەکان کەم کاتەوە یان خراپکردنی بەئەنقەستی ژینگە وەکوو “ تاکتیکی بزمار داکواتان لە دارەکان” بەدوای ئەوەوە بوو کە پێشگیری لە بڕینەوەی دارەکان بکات(Delmas 2018a,44-45). لەم بوارەدا هەر دووک جۆری کردەوەکە دەکرێ لە ڕووی پەیامەکەیانەوە فام بکرێن، بەڵام بڵاو کردنەوەی وەها پەیامێک بە شێوەیەکی پەیوەندییانە ئامانجی سەرەکییان نییە.
1، 2، 2. بڵاوبوونەوە (گشتی بوون)
لە زۆربەی حاڵەتەکان سەرپێچیی مەدەنی نەتەنیا دەبێ پەیوەندییانە بێ بەڵکوو دەبێ بە شێوەیەکی تایبەتیش گشتی بێ. گشتی بوون چەندین تایبەتمەندیی جۆراوجۆر دیاری دەکات: یەکەم: کراوەییی کردەوە؛ دووهەم: ناسیاوبوونی بکەر؛ سێیەم: هۆشداریی پێشوەختە سەبارەت بە کردەوەی پلان بۆ داڕێژراو؛ چوارەم: قبووڵ کردنی بەرپرسیارێتیی کردەوەکە؛ پێنجەم: داخوازییەکە لەسەر بنەمای هاوبەشی عەداڵەت بێ. چوار مەرجی یەکەم دەتوانین لە ژێر چەتری گشتی بووندا کۆ بکەینەوە (ئهم کردهوانه دهبیندرێت و عهینین) و پێنجەمیشیان دەتوانین وەکوو گشتی بوونێک بە مانای داخوازییەکی گشتی ناوبنێین. هەربۆیە ئەو تایبەتمەندییەی دوایی بۆ پاساوی سەرپێچیی مەدەنییە کە لە ژێرەوە باسی لێ دەکرێ. ڕاولز (1999، 321) گشتی بوونی سەرپێچیی مەدەنی ئاوا ڕوون دەکاتەوە کە “کردەوەیەکی سیاسییە” واتە “کردەوەیەکە کە لە ڕێگەی پرەنسیپە سیاسییەکانەوە بەڕێوەدەبردرێ و پاساو دەدرێت؛ واتە پرەنسیپەکانی عەداڵەت کە ناوەند و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی ڕێکوپێک دەکەن و تەکووزییان پێ دەبخشن”، کەواتە باسکردن لە گشتی بوون وەکوو داخوازییەک ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە بەشێکە لە پێناسەی سەرپێچیی مەدەنی.
ڕاوڵز و هۆگۆ بیداو (1961، 655) پشتیوانی لە هەموو تایبەتمەندییەکانی گشتی بوون وەکوو لەبەرچاو بوون و بینراوی دەکەن و ئەو ئارگیۆمێنتە دەهێننەوە کە سەرپێچیی مەدەنی ناتوانێ هەرگیز شاراوە بێت، بەڵکوو دەبێ لەبەر چاوی خەڵک بێت، ئاشکرا بێ و بەشێوەی پێشوەختە بەرپرسان ئاگادار بکرێنەوە و هەروەها پێویستی بە قبووڵکردنی بەرپرسیارێتییش هەیە. کەوایە گشتی بوون بۆ ئامانجی پەیوەندییانەی سەرپێچیی مەدەنی زۆر گرینگە و هەر چەشنە پێشێلکارییەک، تایبەتمەندیی گشتی بوون و سروشتی سەرپێچیی مەدەنی وەکوو کردەوەیەکی پەیوەندییانە، لێڵ و تەماوی دەکات. ڕەخنەگران پێویست بوونی ئاگاداریی پێشوەختە بۆ پێناسەی سەرپێچیی مەدەنی ڕەت دەکەنەوە. ئەگەر خواستی خۆی بۆ پێشێلکردنی یاسا لە ڕێگەی ئاگاداریی پیشوەختە لەقاو بدات، ئەو دەرفەتە بە دەسەڵاتداران دەدات تاوەکوو کردەوەکە نەزۆک بکەن (Dworkin 1985, 115; Smart 1991, 206–7). بۆ وێنە چالاکانی دژ بە چەکی ناوکی کاتێک پرۆپاگاندا بۆ پێشێلکاریی پلانداڕێژراوی خۆیان سەبارەت بە کەرەستە سەربازییەکان دەکەن؛ زۆر بە سادەیی دەتوانن پێش بە بەئەنجامدانی کردەوەکەیان بگرن. لەم بابەتەدا نەدانی هۆشداریی پێشوەختە بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی پەیوەندییانە پێویستە.
هەندێک لە تیۆریداڕێژان، دوو مەرجی سەرەتای سەرەوەیان ڕەت کردووەتەوە؛ واتە ئەوەیان ڕەت کردووەتەوە کە سەرپچێکەرانی مەدەنی پێویستییان بە ئاشکرا بوون و ناسراوبوون هەبێ. هەندێک دەڵێن ئاشکرایی لەگەڵ شاراوەبوون و ناشناس بوون هاوتەریبە؛ بەتایبەتی ئەو کاتەی بکەرەکان بەرپرسیارێتیی کردەوەکانیان وەئەستۆ بگرن (Greenawalt 1987, 239; Brownlee 2012, 160; Scheuerman 2018, 43–5). بۆ وێنە بڵاو کردنەوەی بەڵگە پۆلینبەندیکراو و نهێنییەکانی ناسا لەلایەن ئیدوارد سنەودێنەوە لەو ڕوانگەیەوە سەرپێچیی مەدەنی بەئەژمار دێ چونکە ئەگەرچی سنەودێن ئەو بەڵگانەی وەدەست کەوتووە و بڵاوی کردوونەتەوە، بەڵام لە ئەنجامدا بەرپرسیارێتییەکەی قبووڵ کرد و بەدوای پاساودانی گشتیی کردەوەکەی خۆی بوو (Scheuerman 2014, 617–21; Brownlee 2016, 966). لەم ڕوانگەیەدا پێوستیی گشتی بوون ئەوەیە کە بکەرەکان پاش کردەوەکەیان بەرپرسیارێتیی ناسرانی خۆیان بۆ کردەوەکانیان وەئەستۆ بگرن.
1، 2، 3. ناتوندوتیژی
وەکوو گشتی بوون، توندوتیژی نەکردنیش بۆ سازکردنی پەیوەندییانەی کردەوەی سەرپێچیی مەدەنی پێویستە و بەشێکی دیارە بۆ ئاماژە پێکردن بە سەرپێچیی مەدەنی. بەشداری لە کردەوەگەلی توندوتیژانە کە ڕەنگە ببێتە هۆی برینداری و زیان لەگەڵ ئادرەسی سەرپێچیی مەدەنی نایخوێنێتەوه. لە ڕاستیدا هەر جۆرە دەستوەردانێک لە ئازادیی مەدەنیی خەڵکانی دیکە، دەبێتە هۆی لێڵ کردنی کواڵیتیی کردەوەی سەرپێچیکەرانی مەدەنی (Rawls1999,321). (بایەخی ئیستراتژیک و تاکتیکی ناتوندوتیژی لە بەشی 3، 3 باس کراوە). ڕەخنەگرانی ناتەباییی نێوان توندوتیژی و پەیوەندی دەڵێن: توندوتیژی، پەیوەندیی بە فۆڕم و ئەنجامەکانییەوە هەیە و بەپێی پێویست کواڵیتیی پەیوەندییانەی کردەوەیەکی پەیوەندییانەی سەرپێچیکەران لێڵ ناکات. سووتاندنی ئوتۆمبێلی پۆلیس یان ڕووخاندن و خراپکردنی مۆنۆمێنتی کۆنفێدراسیۆن کە هەندێک لە ناڕازییان لە ژێر ئاڵای “ژیانی ڕەشەکان گرینگە” ئەنجامیان دەدا، پەیامێکی ڕوون لە لایەن ناڕازییانەوە بە توندئاژۆییی پۆلیس بوو و تووڕەیییەکی نیشان دا لە بەرانبەر شکستی دەوڵەت بۆ چارەسەری پرسی ڕەگەزپەرەستیی سیستماتیک. تەبایی و گونجاویی نێوان توندوتیژی و پەیوەندی پتر لە کەیسگەلی وەکوو توندوتیژیی خودی تاک (توندوتیژیی خۆکرد) جەختی لەسەر دەکرێتەوە؛ بۆ وێنە خۆسووتاندن ڕەنگە “ڕەنگدانەوە و داخۆیانییەکی ڕەوان بێ لەمەڕ بێهیوایی دژبەران و گرینگیی ئەو پرسانەی کە ئەوان ئاماژەیان پێ دەکەن” (Brownlee,2012:2-21). بەو پێیە هەندێک لە زانایان بەگشتی ئەو پێویستییەی سەرپێچیی مەدەنی ڕەت دەکەنەوە کە دەڵێن سەرپێچیی مەدەنی دەبێ ناتوندوتیژانە بێ.
(M. Cohen 1970, 103; Brownlee 2012, 198–9; Moraro 2019, 96-101).
هەندێک لە زانایانیش لە چەمکی “سەرپێچیی مەدەنیی توندوتیژانە”دا هیچ دژوازییەک نابینن بەتایبەتی کاتێک کە جیا لە ئامانجە پەیوەندییانەکەی بێ. جان موڕاڵ هێرشی فیزیکی بۆ سەر خاوەنی کۆیلەیەک کە بەدووی کۆیلەیەکەوەیە، کە پێشێل کردنی یاسای کۆیلەی ڕاکردووی ساڵی 1850یە؛ وەکوو کەیسێک دەبینێ کە “توندوتیژییەکە جیگەی پاساوە” واتە سەرپێچییەکی مەدەنیی توندئاژۆیانەیە کە پاساوهەڵگرە (1976, 42–3). جێنیفێر وێڵچمەن باس لەوە دەکات کە “توندوتیژی، هەڕەشەکردن بۆ ئەنجامی توندوتیژی، کردەوەگەلی شاراوە بۆ تێکشکاندنی شتەکان و هەڕەشەکردن و تەنانەت هێرشکردن” دەتوانن وەکوو ئامرازێک بۆ سەرپێچیی مەدەنی بەشێوەیەکی پاساوهەڵگر دەکار بکرێن بۆ ئەوەی پێش لە بێعەداڵەتی بگیرێ یان ئەوەی کاریگەریی بێعەداڵەتی پووچەڵ بکاتەوە(2001, 105). بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ ئەوە ڕێگایەکی بەهەڵەشەیە چونکە پێدەچێ پەیوەندیی بنەڕەتی و بەهێزی نێوان سەرپێچیی مەدەنی و نەبوونی توندوتیژی لەبەرچاو ناگرێت: مەدەنییەتی سەرپێچیی مەدەنی پێدەچێ هەڵگری ناتوندوتیژی بێ. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە چەمکێکی شیاو بۆ توندوتیژی و ناتوندوتیژی بدۆزینەوە.
ئەو کارە تایبەتە تا ئاستێک لەبەر مەترسییە سیاسییەکانی کارێکی دژوارە: ئەو ناڕەزایەتییانەی کە مۆرکی ناتوندوتیژانە دەخۆن، وەکوو دیاردەیەکی باش و ئەرێنی فام دەکرێن و ئەو ناڕەزایەتییانەی مۆرکی توندوتیژانە دەخۆن، پتر خەڵک بێگانە دەکەن و لەگەڵ سەرکوتێکی پڕ لە توندوتیژی ڕووبەڕوو دەبنەوە. جگە لەوە هەر بەو جۆرەی “ڕۆبین سیلکەیتس” ئاماژە دەکات، مۆرک لێدان و ناونانی ناڕەزایەتییەکان “جگە لەوەی چاوەدێرییەکی بێلایەنە بێت؛ هەردەم کردارێکی ئاخاوتنی یان کهلامییه کە ڕەهەندێکی سیاسیی هەیە کە دەتوانێ بەرهەمێنەرەوەی فۆڕمگەلێک لە پەڕاوێزخستن و لەخۆنەگرتن بێ کە زۆربەی کات ڕەگەزی و جێندێرین” و خواستیان بەرەو ئەوەیە کە لە خزمەتی دەنگ و ڕەوتە زاڵە کۆمەڵایەتییەکاندا بن (2016, 983). بەو پێیه سیلکەیتس سەبارەت بە بەسوودبوونی “کاتاگۆرییەکی نەگۆر لەمەڕ ناتوندتیژی بۆ ڕاڤەی فەلسەفیی سەرپێچی، کە هەڵگری ڕاستییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە” دەکەوێتە شک و گومانەوە (هەمان سەرچاوە). لەگەڵ ئەوەشدا دیاریکردنی کاتاگۆرییەکانی توندوتیژی و ناتوندوتیژی شتێکی گرینگە تاکوو دەکارکردنی ئەو کاتاگۆرییانە بەشێوەیەکی درۆیین و نادروست نەمێنێت؛ بۆ وێنە کاتێک پۆلیس ناڕازەایەتییە ئارامەکان وەکوو خراپکاری و کەتن گێڕان پێناسە دەکات؛ ڕووداوێکی گشتگیر لە ساڵی 2020 دا و لە ناڕەزایەتییەکانی “گرینگ بوونی ژیانی ڕەش پێستەکان” (ACLED 2020).
یەکێک لەو شێوەگەلەی کە توندوتیژی فام دەکرێت، دەکارکردنی هێز و زۆری فیزیکییە کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیان دیتن(Rawls 1999, 321). کردەوەگەلی ناتوندتیژ و بگرە کردەوە یاسایییەکان ڕەنگە بە شێوەیەکی پێشبینیکراو ببنە هۆی زەرەر و زیانی زۆرتر لەچاو کردەوەگەلی ڕاستەوخۆی توندوتیژانە. مانگرتنی یاساییی شۆفیرانی ئامبوڵانس یا بەستنی ئوتووبانێکی گرینگ، ڕەنگە ئاکامێکی قورستری هەبێ لەچاو کردەوەگەلی زیانبەخشی بچووک(Raz 1979, 267). توندوتیژیی دەروونی و سایکۆلۆجیکاڵیش دەتوانێ ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە ئەویدی. فەیلەسووفەکان ئەم دروشمەی سەردەمی منداڵی کە دەڵێ “دار و ئێسک دەتوانن ئێسکی من بشکێنن بەڵام وشەکان هەرگیز ناتوانن ئازار بە من بگەیەنن” ڕەت دەکەنەوە و بەپێچەوانەوە دەبێژن زەرەر و زیان تەنیا لە ڕێگەی هێز و هێزی فیزیکییەوە نییە و وشەکان دەتوانن هاندەری توندوتیژیی فیزیکی بن. هەروەها وشەکان دەتوانن بەبێ مەترسیی زیانی فیزیکی زیانبەخش بن. بۆ وێنە جنێو و ئازاری زارەکی دەتوانێ هەستی یەکسانیخوازانە، بەهابەخۆدان و هەست بە هێمنایەتی لەنێو بەرێ. چەمکی سەرپێچیی مەدەنی کە مەرجەکەی بەکارنەهێنانی توندوتیژییه پێشگیری لە کەڵکوەرگرتن لە تاکتیکگەلێک دەکات کە توندوتیژیی دەروونی و سایکۆلۆجیکاڵ بەکار دەهێنێ. ڕووبەڕوو بوونەوەی هێرشبەرانە بۆ سووک و تڕۆ کردن دیاری کراوە کە لەگەڵ مەدەنییەت و ناتوندوتیژیی سەرپێچیی مەدەنی تەبا نییه.
ڕاوڵز ئاماژە بەوە ناکات و هەرواش ناڕوون ماوەتەوە کە ناتوندوتیژی پێش بە هەندێک کردەوە دەگرێ کە بە شێوەی فیزیکی و دەروونی زیان ناگەیەنن بەڵام دەبنە هۆکاری زیان بۆ وێنە زیانی دارایی وەکوو “خراپ کردنی شتەکان”، توندوتیژی بەرانبەر بە خود وەکوو “مان لە خواردن گرتن” و زۆرەملێ کردن وەکوو “داگیرکردنی زۆرەملێیانە”.
زیان بە دارایی گەیاندن
دەسەڵاتداران و زۆربەی خەڵکی و هەروەها زۆربەی زانایان دەخوازن لە ناتوندوتیژی بەم شێوەیە تێبگەن کە هەر چەشنە زیانگەیاندن بە داراییەک ڕەت دەکاتەوە و لەخۆی ناگرێت(Fortas 1968, 48–9, 123–6; Smith 2013, 3, 33; Smith and Brownlee 2017, 5; Regan 2004). دوو هۆکاری سەرەکی هەن کە ڕاڤەی ئەوە دەکەن زیان بە دارایی گەیاندن دەکەویتە خانەی توندوتیژییەوە: یەکێک لەو تیۆرییانە تیۆریی لیبراڵیی کلاسیکە کە دەڵێ داراییی تاکەکەسی لە درێژەی کەسەکاندایە؛ بیرۆکەکەی دیکە دەڵێ زیان بە دارایی گەیاندن توندوتیژی دژ بە کەسەکانە. جان لاک هەر دووک ئەم باسانەی جومگەبەندی کردووە و دەڵێ: “ئەوە یاسایییە کە کەسێک دزێک بکوژێت، دزێک کە لانیکەم هیچ ئازارێکی نەگەیاندووە و هیچ پلانێکیشی بۆ سەر ژیانی کەسەکە نییە… [چونکە] من هیچ هۆکارێک نابینم تاکوو بیر بکەمەوە کە ئازادیم لێ دەستێنێتەوە کاتێک کە من لە ژێر هێز و دەسەڵاتی ئەودا بووم و هەموو شتێکم لێ بستێنێت”. (Locke 1690, III §18) بە ئەژمار هێنانی هەموو نموونەکانی لەنێوبردنی داریییەکان وەکوو توندوتیژی، وەها ڕوانگەیەک ناهێڵێ کەسێک جیاوازی لە نێوان کەیسە جیاوازەکان و میتودەکانیان و ئامانجەکانیان دابنێ. بەو پێیە هەموو جۆرە زیان گەیاندێک نابێ وەکوو یەک سەیر بکرێت: بۆ وێنە سووتاندنی کارتی سرویسە هەڵبژێردراو و تایبەتەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر ڕەشنووسە سەربازییەکان لەگەڵ سووتاندنی خاچەکان بۆ ترساندنی ئەمریکی-ئەفریقییەکان و جوولەکەکان یەکسان نییە، یان شکاندنی شووشەی ڕەنگی بۆ نیشاندانی ئەو کەسانەی بوونەتە کۆیلە و بردراونەتە مەزارکانی لۆکە (هەر بەو جۆرەی کێشکچییەک بەناوی یەیڵ لە ساڵی 2016 کردی) لەگەڵ شکاندنی شوشەی دووکانێک بۆ تاڵانکردنی یەکسان نییە. بۆ هەندێک لە بیرمەندان وەها جیاوازیگەلێک تەنیا پرسی پاساوهێنانەوە نییە. ئەوان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە توندوتیژی و ناتوندوتیژی زۆر بە ئاسانی کۆتایی بە ئەگەرە شیکارییەکان ناهێنێ و ئێمە دەبێ بیر لەوە نەکەینەوە کە زیان بە دارایی گەیاندن وەکوو سێهەمین دەستەی جیاواز لەو دوو بەشەی دیکە پێویستی بە ڕاڤەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە (Sharp 2012a, 307; Delmas 2018a,49,244-5). هەندێک لە لێکۆڵەرانی دیکە لەجیاتی ئەوە دەڵێن کە ناتوندوتیژی دەتوانێ زیان بە دارایی و سەروەت و سامانیش لەخۆ بگرێ (Milligan 2013, ch. 2; Scheuerman 2018, 46–7, 77, 87). ئەوان لەسەر ئەو بڕوایەن سەرپێچیی مەدەنی دەتوانێ ناتوندتیژ بمێنێتەوە لە کاتێکدا بە شێوەی هەڵبژێردراو زیان بە داراییەک دەگەینێت، واتە زیانەکە بچووکە و بە ڕوونی پەیامێکی سەبارەت بە سەرپێچیی مەدەنی پێیە. بۆ وێنە ئەو کاتەی لایەنگرانی ئاشتی دێن و بە چەکوش بەشێوەیەکی سەمبولیک لووتی سەری مووشەکەکان یان کڵاوی مووشەکەکە پان دەکەنەوە.
توندوتیژی بەرانبەر بە خود(خۆ-توندوتیژی)
ناڕەزیەتیی خۆتوندوتیژانە بریتییە لە تاکتیکگەلێکی وەکوو لێو دوورینەوە، بڕینی جەستە، مان لە خواردن گرتن، خۆ وەبەر شتەکان دان و خۆ سووتاندن. کاتێک تیۆریداڕێژان، مانگرتن لە خواردن دەخنە ناو تاکتیکەکانی سەرپێچیی مەدەنییەوە؛ لە زۆربەی کاتەکان ئاماژە بەوە ناکەن کە گەلۆ خۆتوندوتیژی لەگەڵ کردەوەی ناتوندوتیژانە هاوتەریبە یان نا، بەڵام ئەوان ئەو کارە وەکوو وڵامێکی ئەرێنی دەبینن؛ واتە مانگرتن لە خواردن وەکوو وڵامێکی ئەرێنی دەبینن. هەندێک لە زانایان ئەو ناڕەزایەتییە توندوتیژییانەی کە لەنێوبەری خودە و تێگەیشتی ناڕازییان سەبارەت بە کردەوەکانیان دەخنە ژێر پرسیارەوە و شک و گومانی تێدا دەکەن (بڕواننە 2014 Bargu’s خوێندەوەیەکی ئیتنۆگرافیکانەی ڕەخنەگرانە لەمەڕ ڕۆژووی مەرگی شۆڕشگێرانی چەپ لە زیندانەکانی تورکیا). ئاوارتەیەکی جێگەی سەرنجی دیکە لە چوارچێوەی لەبەرچاو نەگرتنی تیۆریکی خۆتوندوتیژیی گاندییە (5-120، 5-103، 1973)؛ وەها بیر دەکراوە کە مان لە خواردن گرتن کردەوەیەکی توندوتیژانە و لە ڕووی زۆرەوەیە بەڵام ئەو مان لە خواردن گرتنە گوشارێکی ئەخلاقی و ڕۆژوویەکی ساتیاگرایی(Satyagrahic) بوو کە هەم هاندەر بوو و هەمیش ناتوندوتیژانە بوو (Sharp 2012a,134,151,262) بەو پێیە ئاگر لە جەستەی خۆ بەردان دەتوانێ کردەوەیەکی ناتوندتیژانە بێ (ئاهیمسا) کە لەلایەن ساتیاگراوە (“هێزی حەقیقەت” لەنێو سانسکریتدا) هان دەدرێ.
(Gandhi 1999, 79.177; Milligan 2014, 295–9).
ناچار کردن و ڕازی کردن
تیۆری داڕیژەران زۆربەی کات دووانەی نێوان توندوتیژی و ناتوندوتیژی دروست دەکەن و ئەوش لەم ڕێگەیەوەیە کە توندوتیژی وەکوو ئامرازێک بۆ ناچار کردنە و ناتوندوتیژی ئامرازێکە بۆ ڕازی کردن و ئەو دووانە لەگەڵ یەکتری ناتەبان و ناسازێن. ناچار کردن دەکرێ بەم شێوەیە پێناسە بکرێ کە “هەر جۆرە دەستێوەردانی بکەرێک واتە بکەری A لە هەڵبژاردنەکانی بکەرێکی دیکە واتە بکەری B، تاکوو بکەری B ناچار بکات شتێک هەڵبژێرێ کە ئەگەر گوشاری بکەری A نەبووایە وەها شتێکی هەڵنەدەبژارد و وەها کارێکی نەدەکرد”(Aitchison2018a,668). بە پێچەونەوە ڕازیکردن پێویستی بە وتووێژ لەگەڵ بەرانبەرەکەیەتی و ئامانجەکەی گۆڕانی پێگەکەیەتی یان تەنانەت گۆڕانێکی ئەخلاقییە. تاکتیکگەلێک کە لەڕووی ناچارییەوەیە هەندێک تێچوو بەسەر لایەنی بەرانبەرەکەیدا دەسەپێنن. بۆ وێنە داگیر کردنی زەوی لە لایەن چالاکانی ژینگەپارێز بۆ پێشگیری یان وەدواخستنی دروستکردنی بۆڕیی نەوت بەسەر لایەنی بەرانبەردا دەسەپێنێ. هەروەها بایکۆتەکان تا ئاستێک تاکتیکێکی لەڕووی ناچارییەوەن کە تێچووییەکی زۆر بەسەر کار و کاسبییەکاندا دادەنێن (لە ڕێگەی لەدەست دانی داهاتەکان) و هەندێک کات ترساندن و هەڕەشە لە خۆ دەگرێن تاوەکوو دڵنیا بنەوە کە بایکۆتەکە بەلایەنی زۆرەوە جێبەجێ دەکرێ (Umoja 2013, 135–42). هەندێک زانای بواری سەرپێچیی مەدەنی لەسەر ئەو باوەڕەن کە سەرپێچیکەرانی مەدەنی ناتوانن دەست بۆ زۆر و ناچار کردن ببەن. ئەوان تەنیا دەتوانن بەدوای ڕازیکردنەوە بن یان دەتوانن داوا لە ویژدانی ئەخلاقیی بەرانبەرەکەیان بکەن کە خودی ئەو کارە تاکتیکگەلی ڕووبەڕوو بوونەوە و ناچارکردنی کەسەکان دەسڕێتەوە(Lefkowitz 2007, 216; Brownlee 2012, 24)..
هەندێک لە کەسەکان و ڕەخنەگرەکان لەسەر ئەم باوەڕەن کە دووانەی نێوان ڕازیکردنی ناتوندتیژانە لەگەڵ ناچارکردنی توندوتیژانە دروست نییە؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە کە شتێک بەنێوی “ناچار کردنی ناتوندوتیژانەش” بوونی هەیە و لەگەڵ هاندانە ئەخلاقییەکان هاوتەریبە. ناتوندوتیژی، ویژدانی گشتی دەورووژێنیت، ئەوەش لە ڕێگەی شەرم و تووڕەییەکە کە هەڵقوڵاوی بینینی ڕەنجی سەرپێچیی مەدەنی و نەزم و تەکووزیی ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکردنی توندوتیژانەیە. لە دوای بایکۆتی باسەکانی مۆنتەگۆمێری لە ساڵی 1955-56 کە بووە هۆی تۆڵەسەندەوەیەکی توندوتیژانەی سپی پێستەکان، مارتین لووتێرکینگ، هانابردن بۆ ویژدان بەبێ دروستکردنی ئاڵۆزی و تێکهەڵچوون، واتە دەستبردن بۆ جۆرێک “لە هێزی زۆرەملێیانەی بەرهەمهێنەر”ی بەتەواو نەدەزانی (.(King, 1968, 137 ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە “ڕواڵەتی زۆرەملێیانەی ناتوندوتیژانە” لەگەڵ ئەو ڕواڵەتە قانعکەرەی کە هەیەتی(هەمان سەرچاوە) “هەرەدەم مشتومڕەکان و ئالۆزییەکان دێنێتە سەر ڕووکار و ئاشکرایان دەکات” (Livingstone 2020a,704; Terry 2018, 305). کینگ لە نامەیەکیدا کە لە بەندیخانەی بیرمێنگامەوە بڵاو کرایەوە دەڵێ: “ئامانجی ڕاستەوخۆی کردەوەکانی ئێمە دروستکردنی دۆخێکی پڕ لە قەیرانە کە دواتر بەناچاری درگای وتووێژ دەکاتەوە (King,1991). کەواتە کردەوەی ناتوندوتیژانە ئامرازێکە بۆ دوو ئامانجی وتووێژ لەڕووی زۆرەوە وەکوو “مێکانیزمێک بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی” (Atack2012, 139) و هەروەها “مێکانیزمێک بۆ ڕازی کردن”ە و ئامانجەکەی دیکەش بریتییە لەوە کە کردەوەی ناتوندوتیژانە مێکانیزمێکە بۆ گۆڕانی ئەخلاقی و کەلتووری. بەڵام ئەو پرسیارە هەروا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە کە گەلۆ ئەو هێرشگەلەی کەسەکان لە ڕێگەی ئازار و کڵاولەسەرنان و ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی لێک جیا دەکاتەوە، لەگەڵ بنەماکانی ناتوندوتیژی تەبایە یان نا. ئەو جۆرە کردەوەگەلە زۆرەملێن، (وەکوو جنێودان) و دەکرێ بکوترێ کە ڕەنگە زەبرێکی دەروونییش لە بەرانبەرەکە بدات.
1، 2، 4. خۆ-نەدزینەوە:
بە شێوەی باو و ستاندارد وەها چاوەڕوان دەکرێ که ناڕازییانی مەدەنی بەرپرسیارێتیی کارەکەیان و دەرەنجامە یاساییەکانی پێشێلکردنی یاساکان قبووڵ بکەن. خۆ دزینەوە و هەڵاتن لە سزاکان وایان لێ دەکات کە کردەوەکانیان وەکوو تاوانگەلی ئاسایی یان وەکوو یاخیگەری بێننە بەرچاو. بڕیارە ئامادەیی ئەوان بۆ قبووڵکردنی سزاکان نیشاندەری پشتگیری لە ڕەوایی سیستەمی یاسایی و “نیگەرانیی توندیان بەرانبەر بەو پرسەی لەبەر دەستدایە” بێ.
(C. Cohen 1966, 6; Brownlee 2012 ch. 1;Tai 2017, 146). خۆنەدزینەوە هاوپەیوەندییەکیی جەوهەریی لەگەڵ بەویژدانبوون و سەرپێچیی مەدەنیی ناتوندوتیژانە هەیە: تەسلیم بوون لە بەرانبەر یاسادا بەشێکی دراماتیکە لەو پەرچەکردارەی کە “پێویستیی” کردەوەیەکی ناتوندتیژانەیە. بەو حاڵەوە تیۆریداڕێژان مەرج و پێویستبوونی خۆنەدزینەوە بە شێوەگەلی جیاواز باس دەکەن و بە شێوەی جۆراوجۆر ئارگیومێنت دەهێننەوە و دەڵین: تاک دەبێ (1) بە مەیل و ویستی خۆی، خۆی تەسلیمی دەستبەسەربوون و بەدواوەبوون بکات (2) دەبێ لە دادگا دان بە تاوانبار بوونی دابنێ (3) نابێ هەوڵ بدات کە پاکانە و پشتیوانی لە تاوانەکەی بکات (4) نابێ گلەیی و گازندەی لەسەر ئەو سزایە بێ کە دەدرێ. دیڵماس (2019) دەڵێ تەنیا ژمارەی (1) خۆنەدزینەوە لەخۆ دەگرێ. هەندێک تیۆریداڕێژ ژمارەی (2) و (3) ڕەت دەکەنەوە و ئەوە پێشنیار دەکەن کە تاک دەبێ لە دادگا باس لە “بێتاوانبوون”ی خۆی بکات؛ تاکوو بتوانێ وەسفی دەوڵەت لە کردەوەی سەرپێچیی مەدەنی وەکوو کردەوەیەکی هەڵەی گشتی ڕەت بکاتەوە و نکۆڵیی لێ بکات (لەم ڕوانگەیەدا ناڕازییان دەبێ بەرپرسیارێتیی ئەو حوکمەی دادگا دەیدا قبووڵ نەکەن) (Moraro 2019, 143–7). لە ڕاستیدا سەرپێچیکەری مەدەنی کە دەڵێ “تاوانبارم” و هەوڵ نادات پاکانە بۆ خۆی بکات، ئەوە لایەنی لەخۆبردووییی خۆی زەق و بەرچاو دەکاتەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو کەسەی دەڵێ “تاوانبار نیم” و داشداری لە کردەوەکەی خۆی دەکات؛ ئەگەری زۆری هەیە بۆ گەیاندنی بیروڕاکەی و ڕازیکردنی کەسانی دیکە سەرکەوتووتر بێ و ئەو شێوەیە کاریگەرتر بێت؛ بەتایبەتی کاتێک باس لە دەستەی دادوەرگەلێک دەکات کە هیچ ڕەوایییەکیان نییە و پووچەڵن. لەبەرانبەردا هەندێک بیرمەند ژمارەکانی (1) و (4) ڕەت دەکەنەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە سەرپێچیی مەدەنی لەباری ئەخلاقییەوە پاساوهەڵگرە، ئەوەش لە کاتێکدایە خودی ئەو سزایەی کە دەوڵەت بەسەر کەسەکانیدا دەسەپێنێ جێگەی مشتومڕە و ناڕەوایە؛ بەشێوەیەک کە ناڕەزایەتی، زۆرتر دەبێتە هۆی پاساوی دەستبەسەر کردن، بەدواداچوون و حوکم بەسەردا سەپاندنی ناڕازییانی مەدەنی (Zinn 2002, 27-31). هەندێک لە ڕەخنەگران دەڵێن سزادان دەتوانێ هەوڵەکانی داهاتوو کە لەڕێگەی ناڕەزایەتییەوە دەیانەوێ یارمەتیی کەسانی دیکە بدەن دەخاتە مەترسییەوە(Greenawalt 1987, 239) و خواست و مەیلیش بۆ قبووڵکردنی سزاکان ناتوانێ شتێکی مەنتقی و عاقڵانە بێت؛ بەتایبەت ئەو کاتەی کەسەکان دەزانن دەچنە ژێر باری سزا و حوکمە درێژخایەنەکانەوە (Scheuerman 2018, 49-51).
1، 2، 5. دیکۆرۆم (کرداری بەجێ):
لە هەندێک ڕوانگەدا مەدەنیبوون ئەم مانایە دەدات کە ناڕازییانی مەدەنی لەڕێگەی پێڕەویکردن لە دەقە باوە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێ بە شێوەیەکی پڕ لە ڕێز و ئیحترام و شیاو، هەڵسوکەوت بکەن کە ئەو کارە ببێتە هەوێنی نمایشی گەورەیی و ڕێزگرتن لە کۆمەڵگا. هەندێک بیرمەندی دیکە مەدەنییەت ئاوا پێناسە دەکەن: ڕێز لە “لانیکەمی نۆڕمە مەدەنییەکان” بگیرێ (Milligan 2013, ch.2) هەندێکی دیکە دەڵێن دیکۆرۆم وەکوو مەرجێکی زیادی و پاڵەکیی مەدەنییەتە کە لەپێناوی نیشاندانی “خۆکۆنتڕۆڵکردن”دایە(Delmas in Çıdam,et al.2020,524-5). دیکۆرۆم یان کرداری شیاو، ڕەنگە وەها فام بکرێ کە شتێکە بۆ پێشگیریکردن لە کردارێکی ناحەز و سووکانە و هێرشبەرانە (ئەوەش هاوتەریبە لەگەڵ ستانداردگەلێک کە بەشیوەیەکی بەربڵاو لە نێو کەلتوورە جیاوازەکاندا هەن). لە ڕوانگەی شۆئیرمەنەوە نەک لیبڕاڵ و دێموکراتەکان، گاندی و کینگ وەهایان بیر دەکردەوە کە ئەدەب و کرداری شیاو ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن (2018, 11–31). یەکێک لەو هۆکارگەلەی کە پێی وایە دیکۆرۆم دزەی کردووەتە نێو فامی گشتیی سەرپێچیی مەدەنییەوە، ئەوەیە کە ئەو دەستەواژەیە بۆ ڕاڤەی ئەم دیاردەیە بەسوودە کە بۆچی هەندێک لە ناڕەزایەتییەکان وەکوو پوسی ڕایۆت (Pussy Riot)، ئەکت ئاپ (ACT UP) و شۆڕشی “ژیانی ڕەشەکان گرینگە”، لەنێو شۆڕشەکانی دیکەدا ویژدانیتر، پەیوەندییانە، گشتی، ناتوندوتیژ و بەرپرسیارانەترن و ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە مۆرکی مەدەنییان لێ بدرێت: چونکە ناڕازییان بەسەر دژەکانیاندا دەیاننەڕاند، تووڕەییی خۆیان نیشان دەدا، لە زمانێکی هێرشبەرانە سوودیان وەردەگرت و بێڕێزییان بە شوێنە ئایینییەکان دەکرد (Delmas 2020, 18–9). بەو حاڵەوە هەندێک لە ڕەخنەگران ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە سەرپێچیی مەدەنی پێویستی بە کرداری جوان و شیاو بێ و پاشەکشە لە نکۆڵیی مەدەنییەت دەکەنەوە تا ئەو شوێنەی کە دیکۆرۆم بۆ بێدەنگکردنی چالاکەکان بەکار دەبردرێ (Harcourt 2012; Zerilli 2014). ئەوان نیشاندانی تووڕەیی و نواندنەوەی هێرشبەرانە و بێڕێزانە لەگەڵ مەدەنییەت بە تەبا دەزانن (Scheurman2019,5-7 Çıdam, et al2020, 517-8) و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێ سیاسەتی “ئیحترام و ڕێز” لە سەرپێچیی مەدەنی جیابکرێتەوە (Pineda 2021a, 161–3).
1، 3. وەفاداری بە یاسا
چ شتێک کردەوەیەکی مەدەنی دەکاتە شتێکی تایبەت؟ لە هەندێک بابەتدا کردەوەیەک کە لەسەر ئەساسی ئەو پێوەرگەلەی سەرەوە بۆ کاری مەدەنییە بەتایبەتی خۆنەدزینەوە، نیشاندەری ئەوەیە کە ناڕازییان ڕێز بۆ یاسا دانێن و بەرانبەر بە سیستەمی یاسایی وەفادارن و ئەوەش لە ناڕەزایەتییەکانیاندا ڕەنگدانەوەی هەیە؛ بەپێچەوانەی تاوانبارانی ئاسایی و کەسە ئینقلابی و شۆڕشگێرەکان (Rawls 1999, 322). بۆ ناکاریگەرکردنی ترس لە شێواوی و ئاڵۆزی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو بۆچوونە کە سەرپێچیی مەدەنی پڕۆسە دێموکراتیکەکان سووک و تڕۆ دەکات؛ نیشاندانی وەفاداری بە یاسا وەکوو شتێکی پێویست دەنوێنێ. ڕەخنەگران باس لەوە دەکەن کە ناڕازییان بە شێوەیەکی پێویست ڕێز لەو سیستەمە یاساییە بگرن کە نافەرمانی لە بەرانبەردا دەکەن و هیچ هۆکارێکیشی نییە کە ڕێزی لێ بگرن (Lyons1998,33-6). کەواتە ئەوە سوودمەندە کە تایبەتمەندییە دەرەکییەکانی سەرپێچیی مەدەنی لە ڕوانگە ناوەکییەکانی بکەرێکی سەرپێچیی مەدەنی لێک جیا بکرێتەوە. زۆربەی بیرمەندان دەڵێن پەیوەندیی نێوان مەدەنییەتی کردەوەی سەرپێچی و وەفاداری بە یاسا یان پەسەندکردنی سیستەمی یاسایی دەتوانێ لەنێوبچێ. بکەرەکان دەخوازن حکوومەتەکەیان لەنێوبەرن و هەر بۆیەش هانا دەبەن بۆ تاکتیکە مەدەنییەکان و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە سەرپێچیی مەدەنی کار دەکات(Sharp2012b). بەو حاڵەوە هەندێک لە تیۆریداڕێژان بڕوایان بە پەیوەندیی نێوان مەدەنییەت و وەفادار بوون بە یاساوە هەر هەیە. بۆ وێنە هەندێک مەدەنی بوون وەکوو پێویستییەک وەلا دەنێن بەڵام دەڵێن کە ئەنجامدەری سەرپێچیی مەدەنی دەتوانێ ڕێز لە یاسا بگرێ و لە چوارچێوەی یاسادا کار بکات؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرپێچیی شاراوە دەتوانێ هەڵاتن لە سزا، زیانگەیاندن بە دارایی یا دەستدرێژی بۆ سەر کۆمەڵگا بێت(Brownlee 2012, 24-9; Schuerman2018,49-53; Moraro 2019, 96-101). هەندێکی دیکە لەسەر ئەو بڕوایەن کە ڕاگرتنی پەیوەندیی نێوان کردەوەی مەدەنیی وەفادار مانەوە بە یاسا، جیا لەوەی کە کەسەکان ڕەواییی سیستەم ڕەت دەکەنەوە یان نا، جێگەی بایەخە؛ واتە تا ئەو جێگایەی خۆکۆنتڕۆڵکردن و خۆسنووردارکردنەوە کلیلی جێگەی سەرپێچیی مەدەنی لە کەلتوورە دێموکراتیکەکانی پێیە(Smith2013,32-5; Delmas 2019,173-4). هەندێک لە بیرمەندان ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە سەرپێچیی مەدەنی پێویستی بە نیشاندانی وەفادار مانەوە بێت؛ واتە ئەو شتەی شوئێرمەن(2015) پێی دەڵێ “سووڕانێکی دژ بە یاسا”. هەندێک له خوێندەوەکان (Brownlee2012 ch.1; Moraro 2019, ch.2; M.Cooke2021) سەبارەت بە مەدەنییەت کاتێک ڕازی دەبن کە ئامانجی ناڕازییان پەیوەندی سازکردن لەگەڵ بەردەنگەکانیان بێ و بچنە ناو بەستێنی گشتیی کۆمەڵگاوە. بە تێگەیشتنێکی ڕادیکاڵ، مەدەنییەتی سەرپێچیی مەدەنی، لەگەڵ تاکتیکگەلێک تەبایە کە “بەهۆی تایبەتمەندیی ڕووبەڕووبوونەوەیان یان تایبەتمەندیی توندوتیژانە، وەکوو شتێکی نامەدەنی سەیر دەکرێت: وەکوو ئاڵۆزی و شێواویی بەربڵاو و کەڵکوەرگرتن لە هێزێکی سنووردار بۆ خۆپارێزی جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاماڵ سەربازی” (Celikate2021,143).
ئەو سووڕانە دژە یاساییە هاوڕێ لەگەڵ شتێکە کە ئێمە دەتوانین ناوی بنێین سووڕانێکی ڕەخنەیی لە لێکۆڵینەوەکانی سەرپێچیی مەدەنی. زانایان نەتەنیا ڕەخنە لە خوێندەوەی لیبڕاڵ لە سەرپێچیی مەدەنی دەگرن، بەو هۆکارەی بە شێوەیەکی نابەجێ شتەکان سنووردار دەکاتەوە (هەر بەو جۆرەی ڕەخنەگرانی هاوچەرخی ڕاوڵز ئەو کارەیان کرد) و ئەوان چەمکێکی لەخۆگرتر و بەربڵاوتر جومگەبەندی دەکەن؛ هەروەها ئەوان ڕەخنە لەو ئایدیالۆژییەش دەگرن کە ژێرخانی خوێندەوەی گشتی سەبارەت بە سەرپێچیی مەدەنی و بەهێزی دەکات و ڕێگا و شێوازگەلێک ئاشکرا دەکات کە ڕاستیی شتەکان بە لاڕێدا دەبات و ئەو کەسانەی خۆڕاگری دەکەن دڵساردیان دەکاتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە دۆخی هەنووکەیی بەهێز دەکات (Celikates 2014,2016; Delmas 2018a,ch.1 Pineda 2021b, ch.1). لەم پێناوەدا چەندین لێکۆڵەر میراتی ئاڵۆزی سوورۆ (Thoreau) و گاندی لە مەڕ نەریتی سەرپێچیی مەدەنی دیسان ڕاڤە دەکەنەوە تاوەکوو هەم خراپ بەکارهێنانی نووسینەکانیان سەبارەت بە خۆڕاگریی سیاسی نیشان بدەن و هەم دەخوازن ڕێز لەو ڕوانگانە بگرن (Mantena2012; Hanson 2021; Livingston 2018;Scheuerman 2018,ch 1,4).). هەروەها توێژەران باکگراوندە مێژوویییەکانی بزووتنەوەی مافی مەدەنیی ئەمریکا دیسان ڕاڤە دەکەنەوە تاوەکوو ئەو سەرپێچیی مەدەنییەی کە لەلایەن خودی ئەکتەرەکانەوە دروست کراوە لەجیاتی ڤێرژێنی ڕۆمانتیک و پاقژی کە بەسەر تێگەیشتنی گشتیی خەڵکدا زاڵ بووە فام بکەن (Hooker2016; Livingston 2020a, 2020b; Pineda2021b, ch. 2-5; Mantena 2018 and Shelby and Terry 2018). خوێندنەوەی دووبارە و دروستکردنی کەیسێکی نوێ تەنیا لەبەر وردبینیی مێژوویی نییە؛ بەڵکوو بزاڤی مافە مەدەنییەکان وەکوو سەنگی مەحەکێک بۆ بزووتنەوە هاوچەرخەکان وەکوو بزووتنەوەی “ژیانی ڕەش پێستەکان گرینگە” لەبەرچاو دەگیرێ کە خودی ئەوەش هەڵسەنگاندێکی نادروستی چالاکانی ئەمڕۆیە کە لە ڕێگەی ستانداردە ئیدەئالەکان و بەپێیی کاریگەریی پێشداوەرییەکانەوە ئەنجام دەدرێ.
جۆرەکانی دیکەی ناڕەزایەتی
لەگەڵ ئەوەی سەرپێچیی مەدەنی بە شێوەیەکی بەربڵاو لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی ناڕەزایەتی دەربڕین وێکچوونیان هەیە، بەڵام ڕەنگە هەندێک جیاوازییش لەنێوان تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سەرپێچیی مەدەنی و تایبەتمەندییەکانی جۆرەکانی تری ناڕەزایەتی بوونی هەبێ.
2، 1. ناڕەزایەتیی یاسایی
جیاوازیی ئاشکرای نێوان ناڕەزایەتیی یاسایی و سەرپێچیی مەدەنی ئەوەیە کە ناڕەزایەتیی یاسایی لەنێو سنوورەکانی یاسادایە و سەرپێچیی مەدەنی لەو چوارچێوەیەدا نییە. شێوەکانی ناڕەزایەتیی یاسایی بریتین لە وتار و لێدوان، واژۆ کردنی تۆمارەکان، سازماندان بۆ ئامانجێکی تایبەت، پارە بەخشین، بەشداری لە خۆپێشاندانگەلێکی ڕێگەپێدراو و هەروەها بایکۆت کردن. هەندێک لەوانە دەتوانن بە شێوەیەک نایاسایی بن، بۆ وێنە کاتێک بەڕێوەبەری یاسا دەڵیت کە ئەو کۆبوونەوەیە نایاسایییە و خەڵک دەبێ بڵاو بنەوە یان لە ڕێگەی یاسای دژەبایکۆت هەر جۆرە بایکۆتکردنێک بە نایاسایی پێناسە بکات. هەندێک لە ئامانجەکانیش دەتوانن نایاسایی پێناسە بکرێن، بۆ وێنە کەسێک ناتوانێ لەگەڵ لایەنێک پەیوەندیی هەبێ یا پارەی پێ بدات (بۆ وێنە حیزبی کۆمونیست لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا). زۆربەی تایبەتمەندییەکانی سەرپێچیی مەدەنی کە باسیان لێ کرا –جگە لە بەشە نایاساییەکانی- دەتوانێ وەکوو ناڕەزایەتییەکی یاسایی بێنە گۆڕێ: بۆ وێنە نیشاندانی ڕەهەندە وێژدانی و پەیوەندییانەی ناڕەزایەتییەکان، خواست بۆ گۆڕانی بەردەوام لە سیاسەت و بنەماکان لەڕێگەی وتووێژی ئەخلاقی، هەوڵ بۆ پەروەردە کردن و بردنەسەرێی ئاستی ئاگامەندی و هتد.
2، 2. دەرچوون لە یاسا
کردەوەیەک کە جیاوازە لە سەرپێچیی مەدەنی بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندییشی پێوە هەیە لادان لە یاسایە کە لەلایەن دەسەڵاتدارەکانەوە شیمانە دەکرێ. دەرچوون لە یاسا بڕیارێکی بەئەنقەستە کە لەلایەن دەسەڵاتدارەکانەوە دەگیرێ و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەوان لە ڕووی ویژدان و ئەرکناسییەوە دێن و ئەو کارە دەکەن نەوەک ئەوەی کە ئۆفیسەکەیان وەها کارێک دەکات(Feinberg 1992, 152)
ئەگەر لادانی بەرپرسێک لە ئەرکە تایبەتەکانی خۆی پتر لەگەڵ خواست و ئامانجە گشتییەکانی ئۆفیسەکەیان هاوتەریب بێ تاوەکوو ڕێزێکی جیددی بۆ ئەرکە تایبەتەکان بێت؛ ئەوە دەکرێ بگوترێ کە بەرپرسی یەکەم پتر لە بەرپرسی دووهەم پێملی خواستەکانی ئۆفیسەکەیانە (Greenwalt 1987, 281). دەرچوون لە یاسا زیاتر لە سەرپێچیی مەدەنی دەچێ هۆکارەکەشی ئەوەیە هەم جیابوونەوەی بکەرێک لە سیاستەکان و کردەوەکان نیشان دەدات و هەمیش مەحکومییەتەکەیان نیشان دەدات. سەرپێچیی مەدەنی و دەرچوون لە یاسا، لەنێو شوناسی کەسەکان و ئاستی یاسایی بوونیان جیاوازە. یەکەم دەرچوون لە یاسا پتر لەلایەن کارمەندانی دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێ (تەنانەت ئەو کەسانەی لە دادگاکانیش کار دەکەن) بەڵام سەرپێچیی مەدەنی لەلایەن شارۆمەندەکانەوە ئەنجام دەدرێ (تەنانەت ئەو بەرپرسانەی وەکوو شارۆمەندانی ئاسایی دێن سەرپێچیی مەدەنی دەکەن نەک وەکوو کەسێک کە پێگەیەکی دەوڵەتیی فەرمیی هەیە). دووهەم، سەرپێچیی مەدەنی یاسا پێشێل دەکات بەڵام کاربەدەستانێک کە خۆ لە یاسا لادەدەن؛ یاسا پێشێل ناکەن مەگەر ئەوەی کە ئەو یاسایەی ئەو خۆی لێ لادەدا یاسایەکی نوسراو بێ. بۆ وێنە ڕەنگە دادگا مەحکووم بوونی کەسێک ڕەت بکاتەوە کە یاسایەکی ناعادڵانەی پێشیل کردووە. کاتێک ئەوان وەها کارێک دەکەن، ئەوە یاسایان پووچەڵ کردووەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە زۆربەی دادوەرەکان پێش بە هەر جۆرە ئاماژەیەک بە پووچەڵکردنەوەی دەستەی دادوەران لە ژووری دادگادا دەگرن؛ هەر بۆیەش دەستەی دادوەران ئیزنی ئەوەیان نییە سەبارەت بە ئیمکانی ڕەتکردنەوەی مەحکوومییەتێک یەکتری ئاگادار بکەنەوە یان وەها شتێک بە یەکتری پێشنیار بکەن (Brooks 2004).
2، 3. قبووڵ نەکردن و ڕەتکردنەوەی ویژدانی
دژایەتی و بەرهەڵستی ویژدانی واتە ڕەتکردنەوەی هاوتایی و هاوئاهەنگی لەگەڵ یاساکان، حوکمەکان و دەستوورە یاساییەکان بەهۆی دژایەتیی تاکەکەسەکانە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەم شتانە بکرێت: خۆ بواردن لە خزمەتی سەربازی، خۆبواردنی بەرپرسە دەوڵەتییەکان لە دەرچوونی ئیجازەی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازەکان، خۆبواردنی دایک و باوکان لە ڤاکسیناسیۆنی منداڵەکانیان کە لەلایەن دەوڵەتەوە بڕیارەکەی درابێ. دژایەتیی ویژدانی بەرپرسەکان لەگەڵ خۆلادان لە یاسا لیک ناکرێتەوە؛ واتە ئەو کاتەی بەرپرسێک لە ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە لەگەڵ ڕۆڵە فەرمییەکەی دەیخوێنێتەوە خۆ دەدزێتەوە، ئیتر سنووری نێوان دژایەتیی ویژدانی و خۆلادان لە یاسا نامێنێ یان ئەو سنوورە لێڵ دەبێ. لە ڕاستیدا ناهاوتایی ویژدانیی ناڕازییان، دەکرێ بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە بێت: بۆ وێنە دژایەتیی سیاسی و ئەخلاقیی سەربازێک لەگەڵ شەڕێکی تایبەت و داگیرکاریی سەربازی، جیاوازیی لەگەڵ باوەڕە ئاماڵ زانستییەکانی دژ بە ڤاکسیناسیۆن هەیە. بەڵام لە زۆربەی ڕوانگەکاندا دژایەتیی ویژدانی هەر بەو جۆرەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، شتێکی ویژدانییە؛ واتە لە ڕووی ڕاستبێژی، جیددییەت و ڕەنگدانەوەی قووڵاییی بڕوای مرۆڤەکانە. بەڵام لە هەندێک ڕوانگەی دیکەدا کاتێک کەسی ناڕازی هەوڵ دەدا کردەوەکەی شاراوە بمێنێتەوە و پێش بە ئاشکرابوونی شوناسی بگرێت؛ ئەوە دەبێتە هۆی شک و گومان لە ڕاستبێژییەکەی و جیددی بوونەکەی (Brownlee 2012, ch.1). دژایەتیی ویژدانی وەکوو ناڕەزایەتییەک لەگەڵ سەرپێچیی مەدەنی بۆ باسی دژایەتی لەگەڵ یاسا پێکەوە هاوبەشن. چونکە ناڕازییانی ویژدانی لە هاوتا و هاوتەریبکردنی خۆیان لەگەڵ یاسا سەرپێچی دەکەن و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو کەسانە بەشێوەی گشتی یان بەشێوەیەکی کەم، یاساکە بە هەڵە یان بە خراپ دادەنێن و لە ئەنجامدا دەخوازن خۆیان لەو یاسایە جیا بکەنەوە.
ناڕەزیەتیی ویژدانی زۆربەی کات وەکوو لایەنی بەرانبەری سەرپێچیی مەدەنییه: واتە سەرپێچیی مەدەنی کۆی گشتیی خەڵک دەکاتە بەردەنگی خۆی و خوازیاری سەرنجی گشتییە بۆ عەداڵەت و بەدوای ریفۆرمەوەیە؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە ناڕازییانی ویژدانی لە ڕێگەی بڕوا تاکەکەسییەکانیانەوە هان دەدرێن و بە سادەیی بە دوای ڕاگرتنی یەکگرتووییی ئەخلاقیی خۆیانەوەن و ئەوەش لە ڕێگەی بێبەریکردنی خۆیان لە (گشتی بوون) دەستەبەر دەکەن (Smith and Brownlee 2017). بۆ وێنە ئەوە لەبەر چاو بگرن کە قبووڵ نەکردنی گروپی ڕووناکبیریی ئایینیی “شایەتانی یەهۆڤە” بۆ سڵاو کردن لە ئاڵا، پرسێکە کە پەیوەندیی بە ئەخلاقیاتی ئایینی تاکەکەسییەوە هەیە و ئەوان بەدوای ئەوەوە نین کە بەگشتی سڵاو کردنی هەموو شارۆمەندەکان بۆ ئاڵا بسڕنەوە و لەنێوی بەرن. میناکی ئەو گرووپە بە شێوەیەکی دیکە بۆ ئێمە فێرکەرە، ئەویش ئەوەیە کە خۆبواردنی گروپی “شایەتانی یەهۆڤە”، بە شێوەی یاسایی پشتیوانیی لێ دەکرێت؛ کەواتە دژایەتیی ویژدانی، بە پێچەوانەی سەرپیچیی مەدەنی دەتوانێ نایاسایی نەبێ. لە ڕاستیدا یاسا لە زۆربەی کاتەکاندا پێشتوانی لە ناڕازییانی ویژدانی دەکات بۆ وێنە لە ئەڕتەش و پاراستنە تەندروستییەکان بە هەندێک تێبینییەوە دەتوانێ لێیان ببوورێ.
هەندێک لە بیرمەندان کە پێیان وایە لەنێوان دژایەتیی ویژدانی و خۆلادانی ویژدانی جیاوازی هەیە، باس لەوە دەکەن نابێ تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکانی ناڕەزایەتیی ویژدانی زۆر زەق بکرێتەوە و زێدەڕۆییی لەسەر بکرێ. ناڕازییانی ویژدانی زۆربەی کاتەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا و دیار ناڕازایەتیی خۆیان دەردەبڕن و بەرپرسیاریی کارەکەیان وەئەستۆ دەگرن کە ئەوەش لە ڕێگەی ئەو خواستەیانە کە دەیانەوێ پاساوێک بۆ ناڕەزایەتییەکەیان لە بەرانبەر بەرپەرسەکانیان بهێننەوه و تا ئاستێک ڕەنگە بڵێن بەرچاوبوون و دیار بوون، پێویستییەکی ئەو جۆرە ناڕەزایەتییەیە. بەپێچەوانەوە هەندێک لە بکەران دژایەتیی وێژدانیی خۆیان بە شێوەیەکی شاراوە ئەنجام دەدەن و لە قبووڵکردنی بەرپرسیارێتییەکان خۆ لادەدەن. بۆ وێنە لاوێک کە نایەوێ خزمەتی سەربازی بکات ڕەنگە بەهۆی ناڕازیەتییه ئاشکراکەیەوە دەستبەسەر بکرێ بەڵام بەشێوەی شاراوە سەرپێچی بکات و نەڕوات بۆ خزمەتی سەربازی ئەوە باسێکی دیکەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە خۆلادانی ویژدانی لەگەڵ ویستی پەیوەندییانە دژایەتیی هەیە بەڵام ڕەنگە دژایەتیی ویژدانی، هەڵگری توخمێکی گشتی و پەیوەندییانە بێت، بۆ وێنە باج نەدانی سورۆ لە ڕێگەی قبووڵ نەکردنی ویژدانییەوە بوە هۆی سڕینەوەی جیاوازیی نێوان ئەو ناڕەزایەتییە ویژدانییە و سەرپێچیی مەدەنی. کەواتە کاتێک کردارێک لەلایان زۆربەی خەڵکەوە ئەنجام دەدرێ –هەر بەو جۆرەی کە هەمیشە وایە- کاریگەرییە بەکۆمەڵ و گشتییەکەی دەکرێ بە جۆرێک لەگەڵ ناڕەزایەتیی پەیوەندییانە لێک نزیک ببنەوە هەر بەو جۆرەی لە سەرپێچیی مەدەنیدا بە نموونە نیشان دراوە (Delmas2018a, ch.7). هەر لەم بارەیەوە ئیمانۆئیل سیڤا (2015) تایبەتمەندیی سیاسی و گشتیی (عمومی) ناڕەزایەتیی ویژدانی (هەر ئەو شتەی ئێمە پێمان دەگوت تایبڤەتمەندی گشتیبوون) وەها لەبەر چاو دەگرێ کە خودی ئەو ناڕەزایەتییە “فۆڕمێکە لە بەشداریی سیاسی”.
2، 4. سەرپێچیی کۆچ
نووسین سەبارەت بە کۆچ و سەرپێچیی مەدەنی کاتێک هاتە مەیدانی توێژینەوە کە باس لە سەرپێچییەکی یەکگرتوو و بەتەکووز لە بەرانبەر سیاستەکانی دژ بە کۆچکردن دەکات. ڕوانگەیەک دەڵێ ئەو شتەی تاکەکەسەکان دەبێ سەبارەت بە کۆچ بیری لێ بکەنەوە ئەوەیە کە ئەوان چەندین تاکتیکی دژ بە یاسایان وەکوو خۆبواردن لە بەرپرسیارێتیی کارەکانیان، فریودان، بەکارهێنانی زۆر لە دژی بەرپرسان و قاچاخیان دەکار کردبێت(Hidaglo 2019, chs.5-6). ڕوانگەیەکی دیکە باس لەوە دەکات کە کۆچی نایاسایی فۆڕمێکە لە خۆڕاگری لە بەرانبەر هەژاریی جیهانی (Blunt2019,ch 4). ڕوانگەی سێیەم تێپەڕکردنی سنوورەکان بە شێوەی نایاسایی وەکوو خۆلادانێکی ویژدانی پێناسە دەکات (Cabrera 2010, 139-34,165). ئەوە پتر بۆ جیاکردنەوەی سەرپێچیی مەدەنیی سەروو نەتەوەیی لە سەرپێچیی مەدەنیی جیهانی بەسوودە. سەرپێچیی مەدەنیی سەروو نەتەوەیی (یان سەروو دەوڵەتی) پێشێلکردنی یاسا و سیاسەتگەلی دەوڵەتێکە لەلایەن:
(1) ئەو کەسانەی شارۆمەند یا دانیشتووی هەمیشەیی ئەو وڵاتە نین؛ بۆ وێنە ئەو پەنابەرانەی کە لە هەنگاریاوە بەرەو ئوتریش لە دژی یەکێتیی ئەورووپا بە پێ ڕێپێوانیان کرد.
(2) شارۆمەندانی خودی دەوڵەتەکە بۆ پشتیوانی لە کەسانی بیانی، بۆ وێنە شارۆمەندە چالاکەکانی ئەمریکا لە بزاڤی سانکچوێری کە یارمەتیی نایاساییی بە پەنابەرەکانی ئەمریکای ناوەندی لە دەیەی 1980 دەدا.
هەر دوو جۆرە بزاڤەکە ڕیشەیەیان لەم “ئیددیعا بەپرەنسیبەدا هەیە کە دەڵێن یاساکانی دەوڵەت لەگەڵ پرەنسیپە بنەمایییەکانی سیستەمی جیهانی هەنووکەیی نایخوێنێتەوە” (Cabrera 2021, 322). ئەو ڕوانگەیە بریتییە لەو “ئیددیعایانەی باس لەوە دەکەن پرەنسیپە پێکهاتەیییەکانی خودی ئەم سیستەمی جیهانییە لەگەڵ بنەما بنەڕەتییە ئەخلاقییەکان نایخوێنیتەوە و ناتەبایە (Cabrera ibid).
بۆ وێنە کاتێک ژنانی فەڕەنسی لە بزووتنەوەی “ sans-papiers” بەشێوەیەکی ئاشکرا دژ بە هەڵاواردنە یاسایی و کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان لە ڕێگەی داگیر کردن، خۆپێشاندان و مانگرتن ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن، پێدەچێ ئەو حاڵەتە کردەوەی سەرپیچیی مەدەنیی جیهانی بێ. یەکێکی دیکە لە کاتاگۆرییەکانی سەرپێچی کە پەیوەندیی بە سنووردارێتییەکانی کۆچەوە هەیە و لەگەڵ نارەزایەتیی ویژدانی و یاساکانی کۆچکردن یەک دەگرنەوە، بریتییە لە سەرپێچیی مەدەنی خۆجێیی و فەرمی، واتە وەکوو ئەو کاتەی دەسەڵاتدارە خۆجێییەکان ناوچەیەک بۆ نیشتەجێبوون و بۆ پاراستنی کۆچبەران دابین دەکەن بەبێ ئەوەی لەگەڵ خودی دەوڵەتی فیدراڵ لەسەر ئەم بابەتە هاوکاری بکەن Scheuerman 2020 (Blake and Hereth 2020, 468–71 Applbaum 1999, ch. 9
2، 5. سەرپێچیی دیجیتاڵ
دیجیتاڵی بوون، واتە دەستڕاگەیشتنی کەسەکان بە کۆمپیتەرە کەسییەکان و ئەنتەرنێت، نەک تەنیا ژیان و هەڵسوکەوتەکانی ئێمەمایان گۆڕیوە، بەڵکوو کرداری سەرپێچیی مەدەنییشیان تووشی ئاڵوگۆڕ کردووە. لە دزیکردنەوە بگرە هەتاکوو هێرشەکانی ناسراو بە “DDoS” و لە کۆدینگ بۆ دەستڕاگەیشتنی ئازادەوە بگرە تاوەکوو پەکەیجەکانی چاوەدێریی دیجیتاڵ (ئەو پەکەیجە بۆ پووچەڵکردنەوەی سانسۆر و چاوەدێرییە)؛ سەرپێچیی دیجیتاڵ توانیویەتی بەستێنێکی بەهێز بۆ لێکۆڵینەوە تیۆریکەکان ئامادە بکات. هەندێک لە لێکۆڵەران لەگەڵ دەکارکردنی تایبەتمەندییەکانی سەرپێچیی مەدەنی بۆ جیهانی دیجیتاڵ هاوڕا نین و دژی ئەو شتەن. بۆ وێنە ئایا دەکرێ گروپی هەکێری ئەنانیمووس کە کارەکانیان شاراوەیە و مەیلێکی زۆریان بۆ شۆخی و گاڵتە هەیە و هەندێک سیگناڵ دەدەن بە تاکەکەسەکان بۆ ستایشکردنیان یان تۆڵە لێکردنەوەیان، وەکوو سەرپێچیکەرانی مەدەنی پێناسە بکەین یان نا؟ جیا لەم باسانە ئەوە بەسوود و بەکەڵکە کە جۆرە جیاوازەکانی کەرەستە دیجیتاڵەکان، سایتەکان، ستراتیجییەکان و ئامانجەکان لێک جیا بکەینەوە. یەکەم: چالاکان سوود لە تێکنۆلۆژیی دیجیتاڵ وەکوو کەرەستەیەک بۆ سازمان دان، بەداکیۆمێنتکردن، پەیوەندی سازکردن، زۆر کردنی سەرمایە و بڕیاردان وەردەگرن. بۆ وێنە چالاکانی بزاڤی “ژیانی مرۆڤ گرینگە” کەڵکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرت تاوەکو پەرە بە بوارەکەی خۆیان بدەن و ئاستی ئاگامەندی سەبارەت بە ڕاسیزمی سیستماتیک بەرز بکەنەوە و نموونەکانی دڕەندەییی پۆلیس زیاتر نیشان بدەن. ئەوان لە پلاتفۆڕمی سەرمایەگوزاریی بەکۆمەڵ بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ ئەو کەسانەی دەستەبەسەر کراون و بۆ دانانی بارمتەکان کەڵک وەردەگرن. ئەوان خەڵکیان هان دەدا تاوەکوو لە ئەپڵیکەیشنەکانی ئیسکەنێری پۆلیس بۆ چاوەدێریی چالاکییەکانی پۆلیس کەڵک وەرگرن و هەروەها خەڵکیان هان دەدا بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئەپڵیکەیشێنەکانی یارمەتیی یاسایی بۆ ڕیکۆردکردنی ڕووبەڕوو بوونەوەکانی بەرپرسان لە بەرانبەر یاساکاندا. دووهەم: دیجیتاڵ خۆی پێگەیەکی گرینگ و ئامانجی چالاکییەکانە. چالاکانی بواری هەککردن، ئینتێرنێتێکی جیاواز بۆ خۆیان شیمانە دەکەن کە جیا لەو ئینتێرنێتەیە کە وڵاتە دێموکراتەکان کۆنتڕۆڵی دەکەن و ئازادە و ڕێز بۆ ژینگەی تاکەکەسی دادەنێ و داهێنەرترە. ئەوان بەرانبەر بە پێکهاتەی دیجیتاڵیی چاوەدێریکردن و کۆنتڕۆڵکردن کە بەبێ ڕەزایەتی ئەوان بەسەریاندا سەپاوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. بۆ وێنە هەندێک لە سایەتەکان و ماتۆڕی سێرچەکان و کۆمەڵگا ئۆنلاینەکان، کارێکی هاوبەشیان لە ساڵی 2012دا کرد بۆ نیشاندانی نارەزایەتییەکان لە بەرانبەر دزیی ئۆنلاین و پاراستنی IPیەکان کە زۆر بوونی پانتاییەکەی دەبووە مەترسییەک بۆ ئازادیی ئۆنلاینی ڕا دەربڕین. سێهەم: هەندێک ستراتیجیی مەدەنی بەپرەنسیپ دەرهاتوو لەمڕۆدا هاتوونەتە ئاراوە کە بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە کارەکانی “DDoS” لەنێو بردن و تێکدانی سایتەکان و هەککردن بکرێ. بزاڤی دەستڕاگەیشتنی ئازاد پشتیوانیی لە نەرەمەواڵە ئۆپێن ســــۆرســەکان (open-source) و دەسڕاگەیشتنی ئازاد بە سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوە ئاکادمیک و زانستییەکان دەکرد و هەر سێ لایەنی سەرپێچیی مەدەنیی دیجیتاڵی لەگەڵ یەکتری تێکەڵ دەکرد: لە کۆمپیوتەرە ڕایەڵەییەکان بۆ سازماندان و سازکردنی پەیوەندی کەڵک وەردەگرن؛ بەدوای دروستکردنی ئینتێرنێتی خۆڕاییەوەن کە تایبەتمەندییەکەی شەپۆلی ئازادی کەڵکوەرگرتن لە نەرمەواڵەکان، زانست و کەلتوورە و پلاتفۆڕمێکی سیاسیی یەکگرتووی بۆ دیفاع لە خۆی پێکهێنابوو و هەندێک ستراتیجیی دیجیتاڵی وەکوو دانلۆدی نایاسایی و هاوبەشکردنی فایلەکانی دەکار دەکرد. بزووتنەوەی دەستڕاگەیشتنی ئازاد، بزووتنەوەیەکی گشتی و خەڵکییە کە نەتەنیا هزری حکوومەتێکی ئۆنڵاینی بڵاو دەکردەوە بەڵکوو لە نێو خودی بزاڤەکەشدا ئەو کارەی ئەنجام دەدا (Swartz2008; Delmas 2018b, 79-80)
2، 6. سەرپێچیی نامەدەنی
سەرپێچیی نامەدەنی کاتاگۆرییەکی جیاواز لە کردەوەی سیاسی نییە بەڵکوو دەکرێ چەمکێک بێ بۆ دیاریکردنی نافەرمانییە بەپرەنسیپ دەرهاتووەکان کە ڕەنگە پەیوەندییانەش نەبێ و لەڕێگەی شاراوەبوونی، توندوتیژییەکەی و هیرشبەرانە بوونەکەی نیشانەکانی مەدەنیبوون پێشێل بکات. (Delmas 2018a, 2020; Lai 2019) بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەم دیاردەگەلە بکرێت: ڕزگارکردنی ئاژەڵەکان، یارمەتی بۆ داڵدەدان، تێکوپێکدان، گرافیتی، بڵاو کردنەوەی زانیارییەکان، بڵاو کردنەوەی زانیارییە دەوڵەتییەکان، هەککردن، ناڕازایەتیی چریکی و شۆڕش. ئەو کردەوە جۆراوجۆرانە جگە لەوەی هەندێک هاوبەشی بنەماییان لەگەڵ یەکتری هەیە خاوەنی هیچ پێوەرێکی مەدەنییەت نین. هەر جۆرە نافەرمانییەکی نامەدەنی دەبێ بەتەنیا هەڵسەنگێندرێ (واتە بەتەنیا چەمکسازی و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت). لێکۆڵەران بۆ چەمکسازیی نافەرمانیی نامەدەنی لە دژی ئەو خواستانە ڕادەوستن کە دەیانەوێ سەرپێچیی مەدەنی زۆر بەربڵاو بکەنەوە بەشێوەیەک کە لەگەڵ ستانداردەکان نایخوێنێتەوە و تەنانەت لەگەڵ تێگەیشتنی خودی چالاکانیش لە خۆیان نایخوێنیتەوە. بۆ وێنە ئیمیلن پانکهۆرێست لە وتارەکەیدا لە ساڵی 1913 بەناوی “ئازادی یان مەرگ” لە شەڕی ناوخۆییدا کە لە دژی دەوڵەت بوو پشتیوانی لە تاکتیکە شەڕانگێزەکان وەکوو شکاندنی پەنجەرەکان، ئاورتێبەردان، شێواندی وڵات بەسەر یەکدا و مانگرتن لە خواردن، دەکەن. لە ڕاستیدا وەها سەرپێچییەکی ڕادیکاڵ ئامانج و خاڵی سەرەکی وەها تاکتیگەلێکی نامەدەنییە. ناسینی هەندێک کردەوەی سەرپێچیی مەدەنی لە چوارچێوەی سەرپێچیی نامەدەنیدا دۆخەکە وەها لێدەکات کە پاساودانی دەبێتە شتێک ئاسایی. لێکۆڵەران پشتیوانی لە سەرپێچیی نامەدەنی وەکوو شۆڕش و ڕاسانی سیاسی(Pasternak2019)، ناڕەزایەتییە توندوتیژانەکان(Lim2020, Lai 2020) و تێکوپێدانی شتەکان (2019Kling and Mitchell)، تاکتیکەکانی مانگرتنی زۆرەملیانە (Gourevitch2018) و کردەوەی ڕاستەوخۆ (Smith 2018)دەکەن.
2، 7. کردەوەی شۆڕشگێرانە
سەرپێچیکەرانی مەدەنی هەردەم دژ بەو ڕێژیمە نین کە تێیدا بە دژی کار دەکەن بەڵکوو دەبینیت دژ به لایەنی سەرەکی و دهسهڵاتداری ڕێژیمەکە بن. بکەرانی کردەوەی شۆڕشگێرانە بەدوای ئەوەوە نین کە کەسانی دیکە لەمەڕ شایستە بوونی پێگەکەیان ڕازی بکەن- کەواتە لێرەدا پەیوەندی، ئامانجی سەرەکی نییە و ئەوان باسی سەرەکییان گۆڕینی ڕێژیمە. کاتێک شۆڕش کەسەکان بانگهێشت دەکات بۆ وێنە بۆ شەڕ دژ بە داگیرکەر؛ ئیتر پێویست نییە کردەوەکان خۆیان لە چوارچێوەی سەرپێچیی مەدەنیدا ببیننەوە و لەو چوارچێوەیەدا پاساو بۆ کارەکانیان بهێننەوە. لە ڕاستیدا لە چوارچێوەی تیۆریی شەڕی عادڵانەدا دەکرێ بەشێوەیەکی بەهێز ئەو بەرخۆدانە پاساو بدرێتەوە(Buchanan2013; Finlay 2015) ئەوە بەو مانایە نییە کە هەموو تاکتیکگەلی توندوتیژی بۆ وێنە تیرۆر ڕێگەپێدراوە؛ بەڵکوو دەبێ ئامانجێکی عادڵانەی هەبێ و توندوتیژییەکانیش بەپێی پێویست بن (واتە دواهەمین ڕێگەچارە بێ و شانسی سەرکەوتووبوونیشی هەبێت). هەر بەو جۆرەی لە بەشی داهاتوودا نیشانی دەدەین چالاکان و بیرمەندانی بواری شۆڕش وەکوو فرانتز فانۆن (2004,ch.1) و گاندی سەبارەت بە کاریگەر بوونی توندوتیژی لە مشتومڕە ڕزگاریخوازەکاندا هاوڕا نین گەرچی ئەو باسە لەگەڵ باسەکەی کارونا مانێتنا (4-83، 2018) کە باس لە پاساو هەڵگریی توندوتیژی دەەکات جیاوازە.
پاساو
پشتیوانی لە سەرپێچیی مەدەنی، زۆربەی کات بەو گریمانەیەوە دەبەسرێتەوە کە لە کۆمەڵگا لیبڕاڵەکاندا خەڵک ئەرکێکی ئەخلاقیی گشتییان هەیە بۆ ئەوەی پێڕەوی یاسا بن و زۆربەی کاتەکانیش بە دەروەستیی سیاسی دەناسرێ. بەپێی وەها گریمانەیەک، سەرپێچیی مەدەنی پێوستی بە پاساو هێنانەوەیە. بەشی داهاتوو پێش ئەوەی باس و خواسەکان و ڕەخنەکانی سەرپێچیی مەدەنی باس بکات، باس لە تێگەیشتنیکی گشتی لە پرسی سەرپێچی دەکات.
3، 1. پرسی سەرپێچی
فەیلەسووفەکان ئارگومێنتگەلێکی زۆریان سەبارەت بە ئەرکی ئەخلاقی بۆ گوێڕایەڵ بوون بە یاسا هێناوەتەوە. جگە لەوەی ڕەخنەیەکی زۆر و شک و گومانێکی گشتی سەباەرت بە ئەرکی ئەخلاقیی گوێڕایەڵ بوون بە یاسا لە ئارادایە کە بەرچاوترینیان جان سایمۆنزە (1979)، تیۆریداڕێژانی سەرپیچیی مەدەنی هەروا درێژە بەو تێگەیشتنە دەدەن کە کردەوەی نایاسایی بەربەستێکە بۆ سەرکەوتن (Lyons 1998). ئەوان سەرپێچیی بەپرەنسیپ دەرهاتوو بە شێوەیەکی گشتی بە هەڵە دادەنێن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو سەرپێچییە دەروەستیی سیاسی پێشێل دەکات، دەسەڵاتی یاسا لاواز دەکات و کۆمەڵگاش ناسەقامگیر دەکات؛ بۆ وێنە ئەو نیشانەیە بە خەڵک دەدات کە هەر کاتێک بە پێویستیان زانی، گوێڕایەڵی یاسا نەبن و ڕێز لێنەنان لە یاسا نیشان بدەن. ئەوان دەڵێن سەرپێچیی مەدەنی بەهۆی سروشتی دژە دێموکراتیکەکەی هەڵەیە. ئەو کەسەی کە دەرکەوتەکانی بڕیاڕدانی دێموکراتیک پێشێل دەکات؛ خۆی لە سەرووی یاساوە دەبینێ و هەڕەشە لە حوکم و بڕیارەکانی دێموکراسی و یاسا دەکات. هەندێک کەس پێیان وایە ئەوە وەکو پێشێلکردنی دوولایەنە، جۆرێک “باجخوازیی سیاسی” و نیشانەی سەرەڕۆییی ئەخلاقی و خۆبەزلزانینە؛ تا ئەو جێیەی کەمینەیەک کە ڕوانگەکەی نەبووەتە ڕوانگەیەکی زاڵ، پڕۆسە دێموکراتیکەکان لەبەر چاو ناگرێ و دەخوازێ ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە باش بوون و عادڵانە بوون بەسەر زۆرینەدا داسەپێنیت (C. Cohen 1971, 138–45; Dworkin 1985, 112; Weinstock 2016, 709; see Hindkjær Madsen 2021).
لێکۆڵینەوەکانی ئەم دوواییانە سەبارەت بە سەرپێچیی مەدەنی کە ڕەنگە وەکوو کردەوەیەکی ئانارشیستی ببیندرێ دەخوازن ئیتر سەرپێچیی مەدەنی لە مشتومڕ لەگەڵ دەروەستییە سیاسییەکان بە هەڵە دانەنێن و زۆربەیان ئێستا پشتیوانی لەو ڕوانگەیە دەکەن (2013Smith )، زۆربەیان لە شک و گومانکردن لە ئەرکی ئەخلاقیی لەبەرچاو گرتنی یاسا دەستپێدەکەن (Brownlee2012;Celikates2014,2016). هەندێکی تر پشتیوانی لە ئەرکێکی ئەخلاقیی جیا بۆ پێمل بوون بە یاسا یا سەرپێچیی مەدەنی دەکەن(Lefkowiz2007).
3، 2. دۆخگەلی پاساودان
بەپێی ئەو تێبینییە کە خەڵک ئەرکێکی ئەخلاقییان هەیە بۆ پێمل بوون بە یاسا و نیگەرانیی ئەوەی ئایا سەرپێچیی مەدەنی دەتوانێ کۆمەڵگا ناسەقامگیر بکات؛ ڕاوڵز باس لە دەکارکردنی کردەوەیەک دەکات کە سەپێچیی مەدەنی پیویستیەتی: یەکەم بۆ پێکانی ناعەداڵەتییەکی جیددی و درێژخایەن و لە هەمان کاتیشدا هانابردن بۆ پرەنسیپەکانی عەداڵەت، دووهەم وەکوو دواهەمین ڕێگەچارە بێت، و سێهەم دەبێ لەگەڵ گرووپە کەمینەکان کە ناڕەزایەتییەکی هاوبەشیان هەیە هاوئاهەنگ بێ (Rawls 1999,326-9).ئەو سێ مەرجە بۆ پاساوی سەرپێچیی مەدەنی دەکار کراوە و لەگەڵ ڕۆڵی سەرپێچیی مەدەنی لە کۆمەڵگادا پەیوەندییان هەیە بەو جۆرەی لە بەشی (3،3) باسی لیکراوە.
3، 3. بایەخ
پاساودانی سەرپێچیی مەدەنی پتر باس لە ڕۆڵە گرینگەکەی لە کۆمەڵگادا دەکات، واتە سەرپێچیی مەدەنی بەدوورە لە لەنێوبردنی دەسەڵاتی یاسا و ناسەقامگیرکردنی کۆمەڵگا؛ بەپێچەوانەوە دەتوانێ تەکووزیی کۆمەڵایەتی و یاسایی بەهێزتر بکات. سەرپێچیی مەدەنی دەتوانێ ئاستی عەداڵەت بەرز بکاتەوە و پێشگیری لە هەرجۆرە لادانێک بکات و ئەگەر هەر جۆرە لادانێک لە عەداڵەت ڕووبدات، دەتوانێ ڕاستی بکاتەوە و هەندێک لە بیرمەندان سەرپێچیی مەدەنی وەکوو “نیگابانی ڕەوایی” دەناسێنن(Habermas 1985, 103). هەر دوو بیرۆکەکە، ئایدیای سەرپێچیی مەدەنی، وەک باسێکی بایەخدار لە کەلتووری سیاسیی کۆمەڵگای دێموکراتیکی لەسەر بنەمای یاسا بەئەژمار دێنن. تەنانەت هابێرماس ڕەفتاری دەوڵەتەکان لەگەڵ سەرپێچیی مەدەنی وەکوو “تاقیکردنەوەی تۆلێرانس” لەلایەن کەلتووری سیاسیی دێموکراسییەوە بەئەژمار دەهێنیت. هەموو دێموکراسییەکی یاساتەوەر لە خۆی دڵنیایە کە سەرپێچیی مەدەنی توخمێکی نۆڕماڵ و پێویستی کەلتوورە سیاسییەکەتی.
وڵامدانەوە بە سەرپێچیی مەدەنی
دەوڵەت چلۆن دەبێ وڵامی سەرپیچیی مەدەنی بداتەوە؟ پرسی وڵامێکی یاساییی شیاو بەم شێوەیە کە یەکەم ئەنجامدەرانی یاسا چۆن دەستێوەردان لە کردەوەی سەرپێچیی مەدەنی دەکەن، دووهەم چۆن کردەوەی دادوەرەکان سەبارەت بە تۆمەتەکان لە دادگاییکردنەکاندا دەکار دەکرێت؟ لە ئاکامدا دادوەرەکان کاتێک کردەوەکە بە تاوان دەزانن و کەسەکە مەحکوم دەکڕێ چۆن ئاستی تەمێ کردنەکە دیاری دەکەن. ئەم سێ دیاردەیەی ئاماژەیان پێ کرا باسی کارکردنی یاسای تاوانەکان دێننە ئاراوە.
4، 1. سزادانی سەرپێچیی مەدەنی
چ ئاستێک لە سزادان بۆ سەرپێچیکەرانی مەدەنی شیاوە؟ یان ئایا خودی سزادان شیاوە؟ ئایا ئەگەر مافی سەرپیچیی مەدەنی بوونی هەبێ هەر بەو جۆرەی بینیمان؛ ئایا ئەو یاسایە خەڵک لە سزادان دەپارێزێت؟ ئایا ئەو سزایە ئەگەر بە شێوەی ئەخلاقی، سەرپێچیی مەدەنیی قبووڵ نەبێت، جێگەی پشتگیرییە یان نا؟ ئەو مشتومڕە کاتێک زەق دەبێتەوە کە ئێمە کارکردی یاسای تاوانەکان لەبەرچاو بگرین کە ئەرکەکەی پێشگیری لە تاوان و سزای تاوانەکانە. بە پێچەوانەی هەڵە مەدەنییەکان کە بە شێوەی تاکەکەسی دێنە ئاراوە، تاوانەکان دەبنە هەڵە گشتییەکان. لەم حاڵەتەدا دەوڵەت وەدوای نەک قوربانییەکە بەڵکوو خودی تاوانبارەکە دەکەوێ. تەمێ کردن پەیوەندیی بەو شتەوە هەیە کە کەسەکە کردوویەتی و بۆ ئەم شتانە بەکار دێت: کەسەکان لە ڕەفتارە نادروستەکانیان ئاگادار بکاتەوە و پێشیان بگرێ (Bentham 1789 [1970]) وڵامێکی شیاوە بۆ کەسانێک کە تاوانێکیان ئەنجام داوە (Moore 1997)، بۆ وێنە دەکرێ لەگەڵ ئەو کەسانە بچییە نێو وتووێژێکی ئەخلاقییەوە تاکوو کەسەکە تۆبە بکات و ڕیفۆرم ئەنجام بدات (1988Duff) یان ئەوە نیشان بدات کە ئەخلاقی کۆمەڵگا وەها ڕەفتارێک پەسند ناکات (1994Feinberg). لێرەدا ئێمە دەبێ لە ڕوانگەی ئامانجخوازەکان و داهاتووخوازەکان ئەم پرسیارە بکەین کە ئایا دەوڵەت دەبێ پێش لە سەرپێچیی مەدەنی بگرێ یان نا؟ یا ئەوەی لە ڕوانگەیەکی پەیوەندییانە و ڕوو بە ڕابردووانەدا ئایا سەرپێچیکەرانی مەدەنی شیاوی لۆمە و ڕەخنەی کۆمەڵگان (2021Bennett and Brownlee).
ئەگەر پێشێلکردنی یاسا لەلایەن ناڕازییانی مەدەنییەوە هەڵەیەکی گشتی بێت، واتە خراپتر لە تاوانە ئاسایییەکان بێ کە ڕوودەدەن، ئەوە سەرپێچیکەرانی مەدەنی دەبێ سزا بدرێن. “کێنت گرینواڵت”، هەندێک هۆکار دێنیتە بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ئەو سەرپێچییە وەکوو تاوانەکانی دیکە دەبێ سزا بدرێ. یەکەم: وەها دێتە بەرچاو کە لۆژیکی هاوڕێژەیی دەڵیت هەموو مەمنووعییەتێکی یاسایی بۆ هەموو کەس یەکسانە. چونکە بەگشتی پێشێلکردنی یاسا ڕێگەپێنەدراوە؛ واتە ئەو کەسەی کە لە دژی یاساکان، یاسایەک پێشێل دەکات، بەقەد ئەو کەسەی کە بەهۆیەکی تاکەکەسییەوە یاسا پێشێل دەکات بەرپرسیارە. دووهەم: هەر جۆرە پرەنسیپێک کە ڕەنگە بەرپرسەکان بۆ پاساوی کردەوە ڕەوا نایاسایییەکان بەکاری بهێنن، دەبێتە هۆی شکست لە سزادانی کردەوە ناڕەواکاندا؛ بەگشتی دەبێ لەگەڵ هەموو پێشێلکردنێک چ ڕەوا و چ ناڕەوا وەکوو یەک هەڵسوکەوت بکرێ.
هەندێک هۆکار هەن بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین کە دەبێ لەگەڵ ناڕازییانی مەدەنی توندتر لە تاوانبارانی دیکە هەڵسوکەوت بکرێ. یەکەم: وا پێدەچێ کە سەرپێچیکەرانی مەدەنی خۆیان لە سەرووی یاساوە ببیننەوە و دادوەرییە ئەخلاقییەکانی خۆیان لە سەرووی پڕۆسەی بڕیاردانی دێموکراتیک و حاکمییەتی یاساوە دەزانن. دووهەم: دەکرێ بکوترێ لایەنی پەیوەندییانەی سەرپێچیی مەدەنی، تاوانەکانی سەرپێچی زۆرتر دەکات بەتایبەتی کاتێک بە شێوەی گشتیتر ئەو سەرپێچییە ئەنجام بدرێ و پتر بەشێوەی شاراوە بێ. ئەو پرسە بەرپرسانی یاسایی وا لێ دەکات کە ئەگەر لەبەرانبەر ئەو سەرپێچییەدا پەرچەکرداریان نەبێت، نیگەرانی ئەوە بن کە خەڵکانی گوێڕایەڵی یاسا هەست بە نائەمنی و ناڕاحەتی بکەن. سێهەم: سەرپێچیکەرانی مەدەنی زۆربەی کات شارۆمەندانی دیکەش هان دەدەن تاوەکوو ئەوانیش سەرپێچی بکەن. وەها حاڵەتێک دەبێتە هۆی ئەوەی سزایەکی توندتر بەسەر سەرپێچیکەراندا لە ئاکامی زۆر بونی توندوتیژییەکان و کرداری نایاسایی داسەپێ. هەر دووک مودێلی سەرپێچیی مەدەنی کە باسیان لێ کرا (واتە ئەو مودێلەی دەڵێ دەبێ سزا بدرێن و ئەو مودێلەی دەڵێ نابێ سزا بدرێن) هەڵقوڵاوی ڕۆڵ و بەهاکانی لیبڕاڵ دێموکراسین. ئەو ڕوانگەیەی دەڵێ سەرپێچیی مەدەنی مافێکە کە دەبێ هەبێ و لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکرێ بە توندی دژی ئەو ڕوانگەیەیە کە دەڵێ دەبێ کەسەکان سزا بدرێن و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ لەگەڵ کەسەکان بە ئارامی و نەرمونیانی هەڵسوکەوت بکرێ. هەروەکوو پێشتر ئاماژەی پێ کرا، سەرپێچیی مەدەنی کاڵایەکی گشتییە و وەکوو هابێرماس دەڵێ بەشێکی پێویستە لە کەلتووری دێموکراتیک و هەر بەم هۆیەشەوە زۆربەی بیرمەندان دەڵێن دەوڵەت دەبێ لە ئەرکی خۆیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرپێچیکەرانی مەدەنی بەشێوەیەکی نەرمونیان بجووڵێتەوە.
4، 2. مافی سەرپێچیی مەدەنی
ڕاوڵز مافێکی ئەخلاقی بۆ بەشداری لە سەرپێچیی مەدەنی دادەنێ. هەندێکی دیکە لە تیۆریداڕێژان پشتوانی لە مافێکی سنووردار بۆ بەشداری لە سەرپێچییەکی مەدەنی بەپێی بەها و بایەخە گشتییەکانیان دەکەن. دورکین (1978) وەها مافێک بە دادگای باڵا دەشوبهێنێ کە دێ بایەخی یاسایی “عادڵانەبوون یان ناعادڵانەبوون”ی یاسا هەڵدەسەنگێنێ کە ڕەنگە ئەو هەڵسەنگاندنە لە ڕێگەی سەرپێچیی مەدەنییەوە بێ. لە ڕێگەی ئەنجامی ئەو کارەوە ئەوان دەتوانن یاسا پتر عادڵانە و دادپەروەرانە بکەن و خودی ئەوەش ڕەوایی بە تیۆریی یاسای دورکین دەدات. هەندێک لە بیرمەندان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر سەرپێچیکەرانی مەدەنی لەلایەن دادگای باڵاوە مەحکووم کران ئەوە دەبێ ئەوان ئەو سزایە قبووڵ بکەن و ئیعتیباری یاسا بە فەرمی بناسن (Fortas1968; Nussbaum2019,177). بەڵام بە پێچەوانەوە دورکین دەڵێ فشارخستنەسەر شارۆمەندان بۆ قبووڵکردنی دەنگی دادگاکان –بە دادگای باڵاشەوە- دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوان کارێک بکەن کە ویژدانیان ڕێگە نادات بۆ ئەنجامی وەها شتێک و ئەمەش خۆی لە خۆیدا لە دژی بڕگەی یەکەم یاسای بنەڕەتییە کە ڕیشەی لە کەرامەت و گەورەییی مرۆڤدا هەیە و دەڵێ دەبێ ڕێز لە ویژدانی کەسەکان و ئازادیی ئاخافتنیان بگیرێ. هەر بۆیەش “کۆنترا کۆهێن” (1966،6) و ڕاوڵز (1999،322) و دورکین، پشتیوانی لە ئەرکی ئەخلاقیی کەسەکان بۆ قبووڵکردنی سزاکەیان ناکەن (1985،114). دورکین هەڵاتن لە سزا یاساییەکان وەکوو تاکتیکێکی باش دژ بە یاسای بنەڕەتی و سیاسەتە ناعادڵانەکان دەزانێ و ئەو هەڵاتنە پێویستییەکی چەمکی، ئەخلاقی یان تاکتیکییە کە هەڵقوڵاوی بیری کەسەکانە. دورکین دەڵیت ئەو سزایانە دەبێ بە ڕاستییەکان هەڵسەنگێندرێن و دەبێ بەرەو لایەنی نەرمونیانی بڕۆە پێش.
“ژۆزێف ڕاوڵز” ڕوانگەیەکی جیاوازی هەیە و دەڵێ مافی سەرپێچیی مەدەنی دەبێ لە ڕێژیمگەلێک هەبێ لە لیبڕاڵ نین تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە مافی بەشداریی سیاسی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن (Raz,1979, 268). لە لایەکی دیکەشەوە دەڵێ ئەندامانی دەوڵەتی لیبڕاڵیش مافی سەرپێچیی مەدەنییان هەیە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لە مافی ئەخلاقیی ئەوان بۆ بەشداریی سیاسی، لە یاسادا بە فەرمی نەناسراوە(Raz, 1979, 272-3). بەپێچەوانەوە لە دەوڵەتانی لێبراڵدا مافی کردەوە و چالاکیی سیاسی، بەپێێ پێویست بە فەرمی ناسراوە و ئەوەش نابێتە بەستێنێک بۆ دروستکردنی مافی سەرپێچیی مەدەنی.
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کۆمەڵگاکان هەردەم دابەش ناکرێنە سەر دوو لایەنی لیبڕاڵ و نالیبڕاڵ؛ بەڵکوو دەچنە درێژەی ئازادبوون و ئازادنەبوونەوە و کەم و زۆر لە هەندێک شتدا بەرانبەر بە یەکتریش لیبڕاڵن نەک هەموو بوارەکانی دیکەش. لە کۆمەڵگایەکدا کە بەرەو لیبڕاڵبوون دەڕوات، بەشداریی سیاسی وەکوو مافێک بۆ سەرپێچیی مەدەنی کەمڕەنگ دەبێتەوە؛ بۆ ئەوەی بەشداریی سیاسییەک کە لەلایەن دەوڵەتی لیبڕاڵەوە پارێزراوە، ببێتە شتێکی تەواو، دەبێ ئاماژە بەو قسەیەی “ڕاسێڵ” بکات کە دەڵێ: کۆنتڕۆڵکەرانی میدیاکان، دەرفەتێکی کەم بە ڕوانگە ناخۆشەویستەکان دەدەن و ئەوانیش لەڕووی ناچارییەوە هانا بۆ میتۆدە هەستەکییەکانی وەکوو سەرپێچیی مەدەنی دەبەن(635، 1998).
ئەنجام
بەدرێژاییی چەندین سەدە، گۆڕانێکی زۆر لە فۆڕم و ئامانجەکانی سەرپێچیی مەدەنیدا هاتووەتە ئاراوە. لە چالاکییەکان بۆ مافی دەنگدانەوە بگرە تاکوو بزووتنەوەی لاوانی قوتابخانەکان بۆ گۆڕانی ئاو و هەوا و خۆپێشاندانی گشتی بۆ کردەوەی خێرای دەوڵەتەکان لە بەرانبەر کریزەکانی ئاو و هەوا. بەگشتی سەرپێچیی مەدەنی بەشێکی سەقامگیر و پڕ لە وزەی چالاکییە سیاسییەکانە و بەشێوەیەکی ڕوو لە زیادبوون، سوود لە یەکێتییە سەروو نەتەوەییەکان وەردەگرێ.
بیرمەندان لەمێژە باس لەوە دەکەن کە سەرپێچیی مەدەنی تەنیا لە کۆمەڵگا لیبڕاڵەکان – کە وێنای باشترین دەوڵەتە ڕەواکانە- دەکرێ هەبێ. بەڵام لە لایەکی دیکەوە سەرپێچیی مەدەنی لە بەستێنە نادێموکراتیک و ناڕەواکان، بوونەتە هۆی پرسیارگەلێک سەبارەت بە ڕۆڵی گشتییان، بایەخی ستراتیجیکیان و کاراییە تاکتیکییەکانیان. بۆ وێنە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی هۆنگ کۆنگ بۆ پشتیوانی لە دێموکراسی لەلایەن حکوومەتی پاوانخوازی چینەوە بە ناڕەوا بەئەژمار دێ. بەڵام بەو حاڵەشەوە هەندێک پرسیاری جیددی سەبارەت بە هێڵەکانی سەروو دامەزراوەییی ناڕازییان لەمەڕ سیاسەت و تاکتیکگەلێکی توندوتیژانە لە بەستێنی سەرکوتکەرانەدا ماوەتەوە؛ بۆ وێنە چۆن لەگەڵ توندوتیژی لە دژی پۆلیس، لەنێوبردنی دووکانەکانی لایەنگرانی چین و بانکە چینییەکان دەبێ هەڵسوکەوت بکرێ.
لە ئەنجامدا زۆربەی تیۆریداڕێژان پێیان خۆشە سەرپێچیی مەدەنی بۆ ئامانجێکی گشتی بەبایەخ لەبەر چاو بگرن بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتانی لیبڕاڵ هەندێک ڕووداوی دژ بە ئامانجەکانی دێموکراسی و لیبڕاڵییان دیتووە بۆ وێنە گوێڕایەڵ نەبوون بە یاساکانی دژ بە هەڵاواردن و پێشێلکردنی یاساکان، ناڕەزایەتی لەبەرانبەر سرویسەکانی پەیوەندیدار بە دووگیان بوون و ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هەوڵەکانی پاراستنی سڵامەتیی گشتی بۆ پەرەنەسەندنی کڕۆنا. هەر بۆیە ئێمە پێویستمان بە چاویلکەگەلێکی سەروو تیۆرییە لیبڕاڵ و دێموکراتیکەکان هەیە تاکوو بتوانین پانتاییی بەربڵاوی بزاڤە کۆمەڵایەتییە کانزرڤاتیڤەکان، دژەبزووتنەوەکان و بزووتنەوە ئیرتجاعییەکان کە دەست بۆ سەرپێچیی مەدەنی و فۆڕمەکانی تری سەرپێچی دەبەن، ڕاڤە بکەین.
* https://plato.stanford.edu/entries/civil-disobedience/
کتێبناسی
ACLED, 2020, “Demonstrations & Political Violence in America: New Data for Summer 2020,” https://acleddata.com/2020/09/03/demonstrations-political-violence-in-america-new-data-for-summer-2020/
Aitchison, Guy, 2018a, “Domination and Disobedience: Protest, Coercion, and the Limits of an Appeal to Justice,” Perspectives on Politics, 16 (3): 666–679.
2018b, “(Un)civil disobedience,” Raisons Politiques, 1(69): 5–12.
Applbaum, Arthur, 1999, Ethics for Adversaries: The Morality of Roles in Public and Professional Life, Princeton, NJ: Princeton University Press.
Arendt, Hannah, 1972, Crises of the Republic: Lying in Politics, Civil Disobedience, On Violence, Thoughts on Politics and Revolution, New York: Harcourt.
Atack, Iain, 2012, Nonviolence in Political Theory, Edinburgh: Edinburgh University Press.
Bargu, Banu, 2014, Starve and Immolate: The Politics of Human Weapons, New York: Columbia University Press.
Bedau, Hugo A., 1961, “On Civil Disobedience,” The Journal of Philosophy, 58 (21): 653–147.
(ed.), 1991. Civil Disobedience in Focus, London: Routledge.
Bennett, Christopher, and Brownlee, Kimberley, 2021, “Law, Punishment, and Civil Disobedience,” in W. Scheuerman (ed.), The Cambridge Companion to Civil Disobedience, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 280–312.
Bentham, Jeremy, 1789 [1970], An Introduction to the Principles of Morals and Legislation, J. H. Burns and H. L. A. Hart (eds.), London: Athlone Press.
Blake, Michael and Hereth, Blake, 2020, “Sanctuary Cities and Non-Refoulement,” Ethical Theory and Moral Practice, 23 (2): 457–474.
Blunt, Gwilym David, 2019, Global Poverty, Injustice, and Resistance, Cambridge: Cambridge University Press.
Brooks, Thom, 2004, “A Defence of Jury Nullification,” Res Publica, 10 (4): 401–423.
Brownlee, Kimberley, 2012. Conscience and Conviction: The Case for Civil Disobedience, Oxford: Oxford University Press.
Buchanan, Allen, 2013, “The Ethics of Revolution and Its Implications for the Ethics of Intervention,” Philosophy and Public Affairs, 41 (4): 291–323.
Cabrera, Luis, 2010, The Practice of Global Citizenship, Cambridge: Cambridge University Press.
–––, 2021, “Global Citizenship, Global Civil Disobedience and Political Vices,” in W. Scheuerman (ed.), The Cambridge Companion to Civil Disobedience, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 313–337.
Celikates, Robin, 2014, “Civil disobedience as a practice of civic freedom,” in D. Owen (ed.), On Global Citizenship: James Tully in Dialogue, London: Bloomsbury Press, pp. 207–228.
2015, “Digital publics, digital contestation: A new structural transformation of the public sphere?,” in R. Celikates, R. Kreite, and T. Wesche (eds.), Transformations of democracy: Crisis, protest, and legitimation, London: Rowman and Littlefield, pp. 159–174.
2016, “Democratizing Civil disobedience?,” Philosophy and Social Criticism, 42 (10): 982–994.
2021, “Radical Democratic Disobedience,” in W. Scheuerman (ed.), The Cambridge Companion to Civil Disobedience, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 128–152.
Celikates, Robin, and Daniel De Zeeuw, 2016, “Botnet Politics: Algorithmic Resistance and Hacking Society,” in Hacking Habitat, Rotterdam: nai010: 209–217.
Ceva, Emanuela, 2015, “Political Justification through Democratic Participation: The Case for Conscientious Objection,” Social Theory and Practice, 41 (1): 26–50.
Chenoweth, Erica, and Stephan, Maria, 2011, Why Civil Resistance Works: The Strategic Logic of Nonviolent Conflict, New York: Columbia University Press.
Çıdam, Çiğdem, Scheuerman, William E., Delmas, Candice, Pineda, Erin R., Celikates, Robin, and Alexander Livingston, 2020, “Theorizing the Politics of Protest: Contemporary Debates on Civil Disobedience,” Contemporary Political Theory, 19 (3), 513–546.
Cohen, Carl, 1966, “Civil Disobedience and the Law,” Rutgers Law Review, 21 (1): 1–17.
1971, Civil Disobedience: Conscience, Tactics, and the Law, New York: Columbia University Press.
Cohen, Marshall, 1970, “Civil Disobedience in Constitutional Democracy,” Philosophic Exchange, 1 (1): 99–110.
Cooke, Maeve, 2016, “Civil obedience and disobedience,” Philosophy and Social Criticism, 42 (10): 995–1003.
2021, “Ethical dimensions of civil disobedience,” in W. Scheuerman (ed.), The Cambridge Companion to Civil Disobedience, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 231–253.
Cooke, Steve, 2016, “Understanding Animal Liberation,” in R. Garner, and S. O’Sullivan (eds.), The Political Turn in Animal Ethics, London: Rowman & Littlefield, pp. 119–136.
Critical Art Ensemble, 1998, Electronic Disobedience and Other Unpopular Ideas, New York: Autonomedia.
Dawson, James, 2007, “Recently Discovered Revisions Made by Thoreau to the First Edition Text of ‘Civil Disobedience’,” The Concord Saunterer, New Series, 15: 1–23.
Delmas, Candice, 2018a, A Duty to Resist: When Disobedience Should be Uncivil, New York: Oxford University Press.
–––, 2018b, “Is Hacktivism the New Civil Disobedience?,” Raisons Politiques, 69(1): 63–81.
2019, “Civil Disobedience, Punishment, and Injustice,” in K. K. Ferzan and L. Alexander (eds.), The Palgrave Handbook of Applied Ethics and the Criminal Law, London: Palgrave Macmillan, pp. 167–188.
2020, “Uncivil Disobedience,” in M. Schwartzberg (ed.), NOMOS LXII: Protest and Dissent, New York: New York University Press, pp. 9–44.
Duff, Antony, 1998, “Desert and Penance,” in Principled Sentencing, Andrew Ashworth and Andrew von Hirsch(eds.), Oxford: Hart Publishing.
Duff, Antony and Garland David (eds.), 1994, A Reader on Punishment, Oxford: Oxford University Press.
Dworkin, Ronald, 1978, Taking Rights Seriously, 5th ed., Cambridge, MA: Harvard University Press.
1985, A Matter of Principle, Cambridge, MA: Harvard University Press.
Fanon, Frantz, 2004 [1963], The Wretched of the Earth, trans. R. Philcox, New York: Grove Press.
Fedorko, Kathy, 2016, “‘Henry’s brilliant sister’: The Pivotal Role of Sophia Thoreau in Her Brother’s Posthumous Publications,” The New England Quarterly, 89 (2): 222–256.
Feinberg, Joel, 1992, Freedom and Fulfillment: Philosophical Essays, Princeton: Princeton University Press.
1994, “The Expressive Function of Punishment,” in A. Duff and D. Garland (eds.), A Reader on Punishment, Oxford: Oxford University Press.
Finlay, Christopher J., 2015, Terrorism and the Right to Resist: A Theory of Just Revolutionary War, Cambridge: Cambridge University Press.
Fortas, Abe, 1968, Concerning Dissent and Civil Disobedience, New York: Signet Broadside.
Fung, Archon, 2005, “Deliberation Before the Revolution: Toward an Ethics of Deliberative Democracy in an Unjust World,” Political Theory, 33 (2): 397–419.
Gandhi, Mohandas, 1973, Selected Writings of Mahatma Ghandi, R. Duncan (ed.), Glasgow: Fontana/Collins.
1999, The Collected Works of Mahatma Ghandi, Publications division Ministry of information and broadcasting Government of India. 98 vols.http://www.gandhiserve.org/e/cwmg/cwmg.htm
Goodin, Robert E., 1987, “Civil Disobedience and Nuclear Protest,” Political Studies, 35 (3): 461–466.
Gourevitch, Alex, 2018, “The Right to Strike: A Radical View,” American Political Science Review, 112 (4): 905–917.
Greenawalt, Kent, 1987, Conflicts of Law and Morality, Oxford: Clarendon Press.
Habermas, Jürgen, 1985, “Civil Disobedience: Litmus Test for the Democratic Constitutional State,” J. Torpey, trans. Berkeley Journal of Sociology, 30: 95–116.
Hanson, Russell L., 2021, “The Domestication of Henry David Thoreau,” in W. Scheuerman (ed.), The Cambridge Companion to Civil Disobedience, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 29–55.
Harcourt, Bernard, 2012, “The Politics of Incivility,” Arizona Law Review, 54(2): 345–373.
1997, Between Facts and Norms: Contributions to a Discourse Theory or Law and Democracy, trans. W. Rehg, Cambridge: Polity Press.
Hidalgo, Javier S., 2019, Unjust Borders: Individuals and the Ethics of Immigration, New York: Routledge.
Himma, Kenneth Einar, 2006, “Hacking as politically motivated digital civil disobedience: Is hacktivism morally justified?,” in K. E. Himma (ed.), Readings on Internet Security: Hacking, Counterhacking, and Other Moral Issues, Boston: Jones and Bartlett.
Hindkjaer Madsen, Tine, 2021, “Are Dissenters Epistemically Arrogant?,” Criminal Law and Philosophy, 15 (1): 1–23.
Hooker, Juliet, 2016, “Black Lives Matter and the Paradoxes of U.S. Black Politics: From Democratic Sacrifice to Democratic Repair,” Political Theory, 44 (4): 448–469.
Jubb, Robert, “Disaggregating Political Authority: What’s Wrong with Rawlsian Civil Disobedience?,” Political Studies, 67 (4): 955–971.
King Jr., Martin Luther, 1968, Where Do We Go From Here? Chaos or Community?, New York: Harper and Row.
1991, “Letter from Birmingham Jail,” in H. A. Bedau (ed.), Civil Disobedience in Focus, London: Routledge.
Kling, Jennifer, and Mitchell, Megan, 2019, “Bottles and Bricks: Rethinking the Prohibition against Violent Political Protest,” Radical Philosophy, 22 (2): 209–237.
Lai, Ten-Herng, 2019, “Justifying uncivil disobedience,” in D. Sobel, P. Vallentyne, and S. Wall (eds.), Oxford Studies in Political Philosophy, Vol. 5, pp. 90–114.
2020, “Political Vandalism as Counter-Speech,” European Journal of Philosophy, 28 (3): 602–616.
Lefkowitz, David, 2007, “On a Moral Right to Civil Disobedience,” Ethics, 117 (2): 202–233.
Lim, Chong-Ming, 2020, “Vandalizing Tainted Commemorations,” Philosophy and Public Affairs, 48 (2): 185–216.
Livingston, Alexander, 2018, “Fidelity to Truth: Ghandi and the Genealogy of Civil Disobedience,” Political Theory, 46 (4): 511–536.
2020a, “Power for the Powerless: Martin Luther King, Jr.’s Late Theory of Civil Disobedience,” The Journal of Politics, 82 (2): 700–713.
2020b, “Tough Love: The Political Theology of Civil Disobedience,” Perspectives on Politics, 18 (3): 851–866.
Locke, John, 1980 [1690]. Second Treatise of Government, C. B. Macpherson (ed.), Indianapolis: Hackett Publishing Co.
Lyons, David, 1998, “Moral Judgment, Historical Reality, and Civil Disobedience,” in Philosophy and Public Affairs, 27 (1): 31–49.
Mantena, Karuna, 2012, “Another Realism: The Politics of Ghandian Nonviolence,” American Political Science Review, 106 (2): 255–470.
2018, “Showdown for Nonviolence: The Theory and Practice of Nonviolence Politics,” in T. Shelby and B. M. Terry (eds.), To Shape a New World: Essays on the Political Philosophy of Martin Luther King, Jr., Cambridge, MA: Harvard University Press, pp. 78–104.
Markovits, Daniel, 2005, “Democratic Disobedience,” The Yale Law Journal, 114 (8): 1897–1952.
Milligan, Tony, 2013, Civil Disobedience: Protest, Justification, and the Law, New York: Bloomsbury Publishing.
2014, “Civility and politicized love in Gandhi,” Religions of South Asia, 8 (3): 285–300.
Moore, Michael, 1997, Placing Blame: A General Theory of the Criminal Law, Oxford University Press.
Moraro, Piero, 2019, Civil Disobedience: A Philosophical Overview, London: Rowman & Littlefield International.
Morreall, John, 1976, “The Justifiability of Violent Civil Disobedience,” Canadian Journal of Philosophy, 6 (1): 35–47.
Nussbaum, Martha, 2019, “Civil Disobedience and Free Speech,” In J. Lackey (ed.), Academic Freedom, Oxford: Oxford University Press, pp. 170–185.
Pasternak, Avia, 2018, “Political Rioting: A Moral Assessment,” Philosophy and Public Affairs, 46 (4): 348–418.
Pineda, Erin, 2021a, “Civil disobedience, and what else? Making space for uncivil forms of resistance,” European Journal of Political Theory, 20 (1): 157–164.
2021b, Seeing Like an Activist: Civil Disobedience and the Civil Rights Movement, New York: Oxford University Press.
Rawls, John, 1999 [1971], A Theory of Justice, Cambridge, MA: Harvard University Press. Revised edition.
Raz, Joseph, 1979. The Authority of Law: Essays on Law and Morality, Oxford: Clarendon Press.
Regan, Tom, 2004, “The Case Against Vandalism and Violence,” Satya, April: http://www.satyamag.com/apr04/regan.html.
Russell, Bertrand, 1998. Autobiography, London: Routledge.
Sabl, Andrew, 2001. “Looking Forward to Justice: Rawlsian Civil Disobedience and its Non-Rawlsian Lessons,” The Journal of Political Philosophy, 9 (3): 307–330.
2021, “Realist Disobedience,” in W. Scheuerman (ed.), The Cambridge Companion to Civil Disobedience, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 153–177.
Sauter, Molly, 2014, The Coming Swarm: DDOS Actions, Hacktivism, and Civil Disobedience on the Internet, New York: Bloomsbury Publishing.
Schock, Kurt, 2015, Civil Resistance Today, New York: Polity.
Scheuerman, William E., 2014, “Whistleblowing as civil disobedience: the case of Edward Snowden,” Philosophy and Social Criticism, 40 (7): 609–628.
2015, “Recent Theories of Civil Disobedience: An Anti-Legal Turn?,” The Journal of Political Philosophy, 23 (4): 427–449.
2018, Civil Disobedience, New York: Polity.
2019, “Why not uncivil disobedience?,” Critical Review of International Social and Political Philosophy, published online 16 November 2019. doi:10.1080/13698230.2019.1693158
2020, “Can Political Institutions Commit Civil Disobedience?,” The Review of Politics, 82 (2): 269–291.
Sharp, Gene, 2012a, Sharp’s Dictionary of Power and Struggle: Language of Civil Resistance in Conflicts, Oxford: Oxford University Press.
2012b, From Dictatorship to Democracy, Cambridge, MA: Albert Einstein Institute.
Shelby, Tommie, and Terry, Brandon M. (eds.), 2018, To Shape a New World: Essays on the Political Philosophy of Martin Luther King, Jr., Cambridge: Harvard University Press.
Simmons, A. J., 1979, Moral Principles and Political Obligations, Princeton: Princeton University Press.
Singer, Peter, 1973, Democracy and Disobedience, Oxford: Clarendon Press.
Smart, Brian, 1991. “Defining Civil Disobedience,” in Civil Disobedience in Focus, Hugo A. Bedau (ed.), London: Routledge, pp. 189 –211.
Smith, William, 2011, “Civil Disobedience and the Public Sphere,” The Journal of Political Philosophy, 19 (2): 145–166.
2013, Civil Disobedience and Deliberative Democracy, Abingdon: Routledge.
2018, “Disruptive Democracy: The Ethics of Direct Action,” Raisons Politiques, 69 (1): 13–27.
2021, “Deliberative Democratic Disobedience,” in W. Scheuerman (ed.), The Cambridge Companion to Civil Disobedience, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 105–127.
Smith, William, and Brownlee, Kimberley, 2017, “Civil Disobedience and Conscientious Objection,” Oxford Research Encyclopedia of Ethics.
Tai, Benny Yiu-ting, 2017, “Civil Disobedience and the Rule of Law,” in M. H. K. Ng and J. D. Wong (eds.), Civil Unrest and Governance in Hong Kong: Law and Order from Historical and Cultural Perspectives, New York: Routledge, pp. 141–162.
Terry, Brandon M., 2018. “Requiem for a Dream: The Problem-Space of Black Power,” in T. Shelby and B. M. Terry (eds.), To Shape a New World: Essays on the Political Philosophy of Martin Luther King, Jr., Cambridge, MA: Harvard University Press, pp. 290–324.
Umoja, Akinyele Omowale, 2013, We Will Shoot Back: Armed Resistance in the Mississippi Freedom Movement, New York: NYU Press.
Walzer, Michael, 1982, Obligations: Essays on Disobedience, War, and Citizenship, Cambridge, MA: Harvard University Press.
Weinstock, Daniel, 2016, “How democratic is civil disobedience?,” Criminal Law and Philosophy, 10 (4): 707–720.
Welchman, Jennifer, 2001, “Is Ecosabotage Civil Disobedience?,” Philosophy & Geography, 4 (1): 97–107.
Zerilli, Linda M. G., 2014, “Against Civility, A Feminist Perspective,” in A. Sarat (ed.), Civility, Legality, and Justice in America, Cambridge, MA: Cambridge University Press, pp. 107–131.
Zinn, Howard, 2002 [1968], Disobedience and Democracy: Nine Fallacies on Law and Order, New York: Random House.
Züger, Theresa, 2021, “Coding Resistance: Digital Strategies of Civil Disobedience,” in W. Scheuerman (ed.), The Cambridge Companion to Civil Disobedience, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 359–383.
Delmas, Candice and Kimberley Brownlee, “Civil Disobedience”, The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Winter 2021 Edition), Edward N. Zalta (ed.), URL = .
383
Link to: اعتراضات ایران، آخرین مرحله از یک دوره طولانی ناآرامیهای عمومی
Link to: اعتراضات ایران، آخرین مرحله از یک دوره طولانی ناآرامیهای عمومی
اعتراضات ایران، آخرین مرحله از یک دوره طولانی ناآرامیهای عمومی...
Link to: کۆمەڵناسیی خەڵکی
Link to: کۆمەڵناسیی خەڵکی
کۆمەڵناسیی خەڵکی
Scroll to top
Scroll to top
Scroll to top