محه‌مه‌د عزه‌دین باسی چوار پەرتووكه تازەكەی دەكات
دوای ئه‌وه‌ی په‌رتووكی (بیره‌وه‌رییه‌كانم)ی مووسا عه‌نته‌رم له توركییه‌وه كرده كوردی و ساڵی 2021 بڵاوم كرده‌وه، ساڵی 2022 په‌رتووكی (یاده‌وه‌رییه‌كان)ی ئیسماعیل بێشكچیم كرده كوردی و بڵاوم كرده‌وه. ئه‌م دوو په‌رتووكه‌ی سه‌ره‌وه‌ی چاپی یه‌كه‌میان له ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له بازاڕدا نه‌ما، به‌شێوه‌یه‌ك پەرتووکی (بیرەوەرییەکانم)ی مووسا عه‌نته‌ر بۆ جاری سێیه‌م چاپ کرایەوە.
له دوای ئه‌م دوو په‌رتووكه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌مساڵ واتا ساڵی 2023 به‌یه‌كه‌وه چوار په‌رتووكی وه‌رگێڕدراوم كرده كوردیی ناوه‌ندی و بڵاوم كردنه‌وه. په‌رتووكه‌كان له‌مانه‌ی خواره‌وه پێك هاتوون:
ژیانی “مه‌لا سه‌عیدی كوردی”، له نووسینی عه‌بدولڕه‌حمان نوڕسی
ئه‌م كتێبه له‌باره‌ی ژیانی مه‌لا سه‌عیدی كوردییه‌وه، به‌راورد به‌و په‌رتووكانه‌ی دیكه‌ی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه نووسراون، له دوو خاڵی گرنگدا جیاوازه:
یه‌كه‌م: ئه‌م په‌رتووكه له‌لایه‌ن عه‌بدولڕه‌حمان نوڕسی برازای مه‌لا سه‌عیدەوە نووسراوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ریش زۆربه‌ی كاته‌كان له‌گه‌ڵ مه‌لاسه‌عید بووه، بۆیه زانیارییه‌كانی ناو ئه‌و كتێبه له‌باره‌ی مه‌لا سه‌عیده‌وه له زاری كه‌سی یه‌كه‌مه‌وه ده‌خوێننه‌وه.
دووه‌م: زۆربه‌ی ئه‌و په‌رتووكانه‌ی له‌باره‌ی ژیانی مه‌لا سه‌عیدی كوردییه‌وه به توركی نووسراون و بڵاو كراونه‌ته‌وه، جگه له په‌رتووكه سێ به‌رگییه‌كه‌ی عه‌بدولقادر بادڵی، له زۆربه‌ی ئه‌وانی دیكه‌دا ناوی كورد و كوردستان له ژیاننامه‌ی مه‌لا سه‌عید ده‌رهێندراوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بۆچوونه بۆ به‌شێكی زۆری خودی كتێبه‌كانی مه‌لاسه‌عیدی كوردیش ڕاسته.
جگه له‌و دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم، به‌شی زۆری په‌راوێزه‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگای بڵاوكراوه‌ی (كه‌نت)ەوە نووسراوه. هه‌ر په‌راوێزێكیش کە له كۆتایی‌یه‌كه‌یدا وشه‌ی (وه‌رگێڕ)ی تێدا نووسرا بێت، بۆ ئەوەی ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاترمان لەسەر مژاره‌كەدا بێ، نووسیوومانه.
له‌پاڵ ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بێژم، له به‌شی پاشكۆدا هه‌ر سێ ناونیشانی (ئەی کوردینە!) و (نهێنییه‌كی إِنَّا أَعْطَيْنَا) و (سەعیدی نوڕسی – كوردی) له په‌رتووكه ئۆرجیناڵه‌كه‌دا نییه و ئێمه به‌باشمان زانیوه بۆ زیاتر ئاشنابوونی خوێنه‌ران به ژیان و بۆچوونه‌كانی مه‌لا سه‌عیدی كوردی له پاشكۆی ئه‌م كتێبه‌ی دابنێین.
ئه‌م په‌رتووكه به توركی و كورمانجی تا وه‌كوو ئێستا شه‌ش جار له‌لایه‌ن وه‌شانخانه‌ی (نوو به‌هار) و چه‌ندان ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه‌ی دیكه چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه. یه‌كه‌م جاره كتێبه‌كه به شێوه‌زاری سۆرانی چاپ و بڵاو ده‌كرێـته‌وه.
جگه له‌مانه، له چاپه كوردییه‌كه‌دا، دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی پێشه‌كیی بۆ وه‌رگێڕانه كوردییه‌كه نووسیووه.
مه‌كتووب بۆ ئه‌تاتورك، جه‌لاده‌ت عالی به‌درخان
ئه‌م په‌رتووكه به زمانی توركیی عوسمانی له‌لایه‌ن نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان له باكووری كوردستان نووسراوه. په‌رتووكه‌كه، نامه‌یه‌كی جه‌لاده‌ت عالی به‌درخانه و بۆ ئه‌تاتورك نێردراوه. دواتر له دوو توێی په‌رتووكێكدا بڵاو كراوه‌ته‌وه. ئه‌م په‌رتووكه نزیكه‌ی دوو ساڵ به كاری وه‌رگێڕانییه‌وه مژوول بووم. كاره‌كه تا بڵێی هیلاکی کردم، چونكه هه‌م له توركیی عوسمانلییه‌وه كردمه كوردیی ناوه‌ندی، هه‌میش، جه‌لاده‌ت عالی به‌درخان خاوه‌ن زمانێكی ئه‌ده‌بیی باڵا بووه و نووسینه‌كه‌ی له ئاستێكی زۆر باڵای زمانه‌وانیدا نووسیوه. ئه‌م په‌رتووكه ڕه‌خنه‌یه‌كی جددییه له سیسته‌می كه‌مالیزم. چونكه زۆر به‌وردی باسی سیاسه‌ت، كۆمه‌ڵگا و زمان له باكووری كوردستان و توركیا ده‌كات. په‌رتووكه‌كه دوایین چاپی له‌لایه‌ن وه‌شانخانه‌ی ئا‌ڤێستا له باكووری كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه. په‌رتووكه یه‌كه‌م كیتابی جه‌لاده‌ت عالی به‌درخانه كرابێته كوردیی ناوه‌ندی.
برینا ڕه‌ش، مووسا عه‌نته‌ر
ئه‌م په‌رتووكه له‌لایه‌ن مووسا عه‌نته‌ره‌وه نووسراوه، ژان دۆستی ڕۆماننووس، پێشه‌كیی بۆ ده‌قه سۆرانییه‌كه و محه‌مه‌د ئوزوونیش پێشه‌كیی بۆ ده‌قه كورمانجییه‌كه نووسیوه. ئه‌م په‌رتووكه له كورمانجییه‌وه كراوه‌ته كوردیی ناوه‌ندی. كتێبه‌كه له باكووری كوردستان، دوایین چاپی له‌لایه‌ن وه‌شانخانه‌ی ئارامەوە بڵاو كراوه‌ته‌وه. كتێبه‌كه ده‌قێكی شانۆیی‌یه‌وه و مووسا عه‌نته‌ر له زیندانی تاكه‌كه‌سیی حه‌ربییه له ئیستانبوڵ نووسیوییه‌تی. سه‌باره‌ت به ناوه‌رۆكی په‌رتووكه‌كه ژان دۆست ده‌ڵێت: “ له سه‌رده‌می لاوییه‌تیم و له ده‌ستپێكی سه‌رقاڵبوونم به كاروباری وێژه و نووسیندا، ناوی ئاپێ مووسام بیست. کتێبی (برینا ڕه‌ش) یه‌كێك له نووسراوه گرنگ و به‌هێزه‌كانی بوو، له‌وێ ده‌مێدا به كورمانجی خوێندمه‌وه. لێره نامه‌وێ باسی ئه‌و ده‌قه شانۆیی‌یه‌ی به‌رده‌ستتان بكه‌م، چونکە دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك، ئێوه خۆتان ده‌یخوێننه‌وه و تێده‌گه‌ن مه‌به‌ست و ئامانجی ئه‌و ده‌قه جوانه و، كاره‌كته‌ر و به‌سه‌رهاته‌كانی چییە؟ بۆیه گه‌ره‌كمه زیاتر باسی ئه‌و نووسه‌ره تێكۆشه‌ره بكه‌م، كه شوێنێكی گرنگی له وێژه و ئه‌ده‌بی كوردیدا هه‌یه.
مووسا عه‌نته‌ر یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یە کە به هیچ شێوه‌یه‌ك بیر و باوه‌ڕه‌كانی له‌گه‌ڵ ژیانی ئاسایی له یه‌ك جیا نه‌بووه. ئه‌و خه‌باتكارێكی گرنگی زمانی كوردی بووە و، هەوڵی داوە ئازادی بۆ گه‌لی كورد بەدەست بێنێ. له‌پێناو بیر و بۆچوون و باوه‌ڕه‌كه‌شیدا، زۆر قوربانیی گه‌وره‌ی داوه و ساڵیانی ساڵ، كه‌وتووه‌ته ناو زیندانه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك. جا ئێمه ئه‌وه‌ش ده‌زانین، هه‌ر له‌و ڕێگایه‌شدا كۆتایی بە ژیانی هێنرا و، به‌ناحه‌ق و به‌غه‌درەوە كوژرا.
مووسا عه‌نته‌ر، كۆمه‌ڵگای كوردیی باكووری كوردستان زۆر به‌باشی دەناسی. ده‌یزانی ده‌ردی كوردان له باكوور چییه و چۆنیش چاره‌سه‌ر ده‌بێت. بۆیه، به نووسین و وتاره‌كانی، كه زیاتر له ڕۆژنامه‌ی (ئازادیا وڵات) بڵاو ده‌بۆوه، ئه‌ده‌بییاتی كوردیی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد. ئه‌و چالاكێكی ڕێگای ئاشتی و ئازادی و به‌ره‌وپێشبردنی گه‌لی خۆی بوو. بۆیه، هیچ كاتێك ئاماده نه‌بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی خۆی، ده‌ست له‌و دۆز و مافه ڕه‌وایانه‌ی باوه‌ڕی پێیه‌تی، هه‌ڵبگرێ.
هاوینی ساڵی 1992، مووسا عه‌نته‌رم له ئیستانبوڵ دیت. لەبیرمه له‌وێ ده‌مێدا چوومه ماڵه‌كه‌ی، بوومه میوانیان و چه‌ند ده‌مژمێران به‌یه‌كه‌وه ماینه‌وه. ئه‌و كه‌سێكی میواندۆست و كوردێكی ڕه‌سه‌ن و مرۆڤێكی خۆش‌مه‌شڕه‌ب بوو. وه‌ك چۆن له‌سه‌ر درێژه‌دان به بیروباوه‌ڕه كورده‌وارییه‌كه‌یشی پێ‌داگر و توند بوو. ئاخافتنی ئه‌و، له‌باره‌ی مێژوو، جڤات، سیاسه‌ت و ئه‌ده‌بییات، به شێوه‌ی حه‌نه‌ك و قسه‌ی خۆش و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی سه‌یروسه‌مه‌ره، ستایلێكی تایبه‌ت به‌خۆی هەبوو و، ئیدی ئه‌م شێوازه ببووه په‌نجه‌مۆری ئه‌و.
مرۆڤ، دوای بینینی مووسا عه‌نته‌ر، له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا هه‌ستی به‌وه ده‌كرد كه‌سێكی زۆر گه‌وره‌یه و مرۆڤێكه له‌ناو مێژوویه‌كی پڕ ژان و ده‌رد و كه‌سه‌ر. وە‌لێ سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌و به‌رده‌وام ئومێدبه‌خش بوو. وه‌ك چۆن خۆشی، پارچه‌یه‌ك بوو له ئومێد و هیوا.
دوو مانگ دوای ئه‌و دیداره‌ی نێوانمان، هه‌واڵی كوشتنی ئاپێ مووسام له كه‌ناڵێكی توركیدا بینی. به‌ڕاستی سه‌ره‌تا نه‌مدەویست باوه‌ڕ بكه‌م، وه‌لێ نووچه‌كه ڕاستییه‌كی تاڵ بوو و ده‌بوو دانی پێدا بنێم.
مووسا عه‌نته‌ر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ژیانیشدا نەماوە، وه‌لێ ئه‌و هێشتا هه‌ر زیندووه. جا هزر و ئاخافتن و ژیانه پڕ به‌رهه‌مه‌كه‌ی بۆ ئێمه چرایه‌كه، ڕووناكیمان دەداتێ و بڕینی ڕێگاكانمان بۆ ئاسان ده‌كا. جا به‌هۆی ئه‌وه‌ی من تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، له‌ژێر هەژموونیی ئه‌و خیانه‌ته‌م كه له ئاپێ مووسا كرا. بۆیه، ڕووداوی كوشتنه‌كه‌یم هێنا ناو یه‌كێك له ڕۆمانه‌كانم به‌ناوی (ئه‌وان چاوه‌ڕێی كازیوه‌ن). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌و باوه‌ڕه‌دام ژیانی ئاپێ مووسا شایه‌نی ئه‌وه‌یه ببێته ڕۆمانێكی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌تیش.
وه‌رگێڕانی کتێبی (برینا ڕه‌ش)ی محه‌مه‌د عزه‌دین دوای خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌كه بۆ دیالێکتی سۆرانی، ده‌توانم بڵێم كارێكی فره‌جوان و ورده. خوێنه‌رانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش، له‌و ڕێگه‌یه‌وه زیاتر مووسا عه‌نته‌ر ده‌ناسن. جا خوێندنه‌وه‌ی (بیره‌وه‌رییه‌كان)ی مووسا عه‌نته‌ر، كه ئه‌ویش له‌لایه‌ن كاك محه‌مه‌د عزه‌دینه‌وه كراوه‌ته كوردی و ئێستا منیش له‌به‌رده‌ستمه و ده‌یخوێنمه‌وه؛ خوێنه‌ر ئاشنای ته‌واوی ژیانی ئاپێ مووسا و هزر و بۆچوون و به‌سه‌رهاته‌كانی ده‌كات. به خوێندنه‌وه‌ی (برینا ڕه‌ش)یش خوێنه‌ری كورد شاره‌زای توانا ئه‌ده‌بییه‌كانی مو‌سا عه‌نته‌ر ده‌بێ، كه چۆن ئه‌و ده‌رد و برینانه‌ی پێچاوه‌ته‌وه و له شێوازی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی خستوویه‌ته ڕوو.
من ده‌ستخۆشی له محه‌مه‌د عزه‌دین ده‌كه‌م، ئەگەرچی دوو دیالەکتیکی یەک زمانیشن، ئه‌و به‌رهه‌مه گرنگه كلاسیكییه‌ی له كورمانجییه‌وه كردووەته سۆرانی. به‌و هیوایه‌م ئه‌و جۆره كارانه درێژه‌یان هه‌بێ و شوێنی خۆی له‌ناو كتێبخانه‌ی كوردی و له دڵی خوێنه‌راندا بكاته‌وه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به هه‌مان به‌رهه‌م، محه‌مه‌د ئوزوون له پێشه‌كیی ده‌قه كورمانجییه‌كه‌دا ده‌ڵێت: “ ئاپێ مووسا خۆی له كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی “ئه‌و کتێبه‌م ساڵی 1959، ئه‌وكاته‌ی له زیندانی تاكه‌كه‌سیی ژماره 38ی گرتووخانه‌ی حه‌ربییه، له ئیستانبوڵ ده‌ستگیر كرابووم، نووسی”.
مادام وایه، با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵانی پێش نووسینی ئه‌و کتێبه: له‌وێ ده‌مێدا، سه‌رجه‌م شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی كورد له ساڵانی (1925-1928-1930-1936-1938-1941-1942…) سه‌ركوت كرابوون. كورد بەرەوڕووی ده‌سه‌ڵاتێكی داپڵۆسێنه‌ری هەمەگیر ببووه‌وه. له‌سه‌ر خاكی كوردان، دووكه‌ڵی ئاگرێكی به‌تینی بەردەوام به‌ری ئاسمانی گرتبوو. ترس و بێ‌باوه‌ڕی و نیگەرانی، له هه‌موو شوێنێك، باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشابوو. به سه‌دان و هه‌زاران
ڕووناكبیر و كه‌سایه‌تیی دیاری كورد كوژران، له‌نێو بران و لە وڵات به‌ده‌ر كران. زمانی كوردی و هه‌ر شتێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیی به زمانی كوردییەوە هەبووایە، قه‌ده‌غه كرابوو. كوردی قه‌له‌نده‌ر، خنكاوی دەریای پرسە و شین و شەپۆڕێكی بێ‌بن بوو. وێرانبوونی نیشتمان و ئەو بارودۆخەی تێی کەوتبوو، كوردی بێ‌چاره‌ی خستبووە دەریای هه‌ژاری و مەرگ و ئەسرینەوە.
له سه‌روبه‌ندێكی وه‌هادا، گوتنی “من كوردم” هه‌ر خۆی لە خۆیدا مەردایەتییەکی زۆر گه‌وره بوو. مووسا عه‌نته‌ریش له‌ژێر ئه‌و سیاسه‌ته داپڵۆسێنه‌ره قورس و دۆخه گرانانهدا، شانۆنامه‌كه‌ی خۆی به كوردی نووسی. نەخاسمە ئه‌و كاره‌یشی له زیندانێكی سه‌ربازیدا كرد.
ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان، له ڕووی مانا و گرنگییه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌ت و به‌هێزیان به‌سه‌رده‌مه‌كانی خۆیانه‌وه هه‌یه. سه‌رده‌می وه‌ها بووه، نووسینی ڕسته‌یه‌ك، یان نووسینه‌وه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌ك وه‌ك شۆڕشێك وا بووه. بۆیه، كارێكی وه‌ها به شه‌ڕه‌فێكی گه‌وره داندراوه. له‌كاتێكدا، سه‌رده‌می وه‌هاش هه‌بووه، نووسینی چه‌ندان به‌رگی کتێبیش هیچ گرنگییان نه‌بووه. بۆیه ئه‌وه‌ی (برینا ڕه‌ش)ی مووسا عه‌نته‌ری كردووەته ده‌قێكی زۆر گرنگ و نه‌مری كردووه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌رده‌می نووسینی ئه‌و شانۆنامه‌یه‌یه. له سه‌رده‌مێكدا كه‌س نه‌یده‌وێرا بڵێ كوردم و نه‌ده‌تواندرا ڕسته‌یه‌كیش به كوردی بنووسرێ، مووسا عه‌نته‌ر له‌ناو زیندانێكی سه‌ربازی له ئیستانبوڵ، شانۆنامه‌یه‌كی كوردیی زۆر مانادار و جوان ده‌نووسێ.
گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم، (برینا ڕه‌ش) له دوای دامه‌زراندنی كۆماری توركیا له ساڵی 1923ەوه، جگه له‌و شیعر و داستانه پارچه‌پارچه و پرشوبڵاوانه‌ی له‌ولا و له‌ملا بڵاو ده‌بوونه‌وه، یه‌كه‌م کتێبی كوردییه چاپ و بڵاو كرابێته‌وه. وه‌لێ (برینا ڕه‌ش) وەکو کتێب، یه‌كه‌م كتێبه كه به كوردی نووسراوە و بڵاو كراوەته‌وه. به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌شه‌وه، ئه‌م ده‌قه، له‌ناو مێژووی ئه‌ده‌بییاتی كوردیدا خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی گرنگه.
له كولتوور و فه‌ر‌هه‌نگ و ته‌جره‌به‌ی نه‌ته‌وه پێشكه‌وتوو و ڕۆشنبیره‌كانی دیكه‌ی دنیاڕا ده‌زانین، مرۆڤی ڕووناكبیر ئه‌و كه‌سه‌یه، هه‌نگاوی نوێ داوێ و ڕێگا ڕووناک ده‌كاته‌وه و ده‌بێته ڕێپیشانده‌ر‌ی گه‌له‌كه‌ی. جا كه ڕێگایه‌كی تازه‌ش ده‌كاته‌وه، زانیاری و زانستی له‌سه‌ر ئه‌وه زۆره، تا چۆن بتوانین به‌و ڕێگایه‌دا گوزه‌ر بكه‌ین. وه‌لێ بێ هیچ گومانێك، له هه‌مووی بایه‌خدارتر، كردنه‌وه‌ی ڕێگایه‌كی تازه‌ی ده‌رچوونه بۆ گه‌له‌كه‌ی.
سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ته‌وژمه نه‌رێنی و زه‌حمه‌تییانه‌ی هه‌بوون، وه‌به‌رهێنانی ده‌قی باڵا پێویستییه‌كی ناچاری بوو. مووسا عه‌نته‌ر و (برینا ڕه‌ش) وه‌ك نموونە‌یه‌ك به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ده‌قێكی پێویستی ناچارین، ئه‌وه‌نده‌ش خاوه‌ن كه‌ڕامه‌ت و باڵابه‌رزین.
مووسا عه‌نته‌ر له پێشه‌كیی ده‌قه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: “برینی ڕه‌ش له ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات[١] زۆرن. هه‌ر له باپشكێو و وه‌ره‌م و گولی[یەوە] بگره، تا چه‌ندان نه‌خۆشیی دیكه؛ له هه‌مووشی گرانتر و هه‌ش به‌سه‌رتر، نه‌زانی و فه‌قیرییه”. جا ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ی مووسا عه‌نته‌ر بۆ ئه‌و برینه ڕه‌شانه، وه‌ك ده‌رمانێكه. جه‌هاله‌ت و هه‌ژاری، بۆ هه‌موو گه‌ل و نیشتمانێك، برینێكی ڕه‌شی سه‌خته. جا ئه‌و برینه‌ش، هۆكارێكه بۆ ئه‌و گه‌له تا به‌رده‌وام هێسكی بشكێندرێ و وه‌ك دیل مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێ و ڕێ له پێشكه‌وتنی بگیرێت. ده‌رمان و چاره‌سه‌ریی هه‌ژاری و جه‌هاله‌تیش، شارستانییه‌ت، په‌روه‌رده، خوێندنه‌وه، نووسین و ڕووناكبیره ڕێگا ڕۆشنكه‌ره‌وه‌كانین. عه‌نته‌ریش به پشتبه‌ستن به‌و بنه‌مایه، بناغه‌ی سه‌ره‌كیی شانۆنامه‌كه‌ی له‌سه‌ر خوێنده‌واری داڕشتووه. وه‌ك چۆن به زمانێكی ڕه‌وانی كوردیش، باس له نه‌داری و جه‌هاله‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌كا. گوندی زۆراڤا و ژیانی زینۆ، برۆ و په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی بێچاره، نموونە‌ی ناو شانۆنامه‌كەنی. له‌لایه‌كی دیکەشەوە، بەدۆی كوڕی زینۆ و برۆ، نموونە‌ی ئه‌و ڕووناكبیره‌یه كه نووسه‌ر ئامانجیه‌تی بیكاته كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی شانۆنامه‌كه‌ی. به‌دۆی خاوه‌ن كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی شانۆنامه‌كه، ئومێدی داهاتووی گه‌لی كورده. به‌دۆ، دوای ته‌واوكردنی خوێندن، ده‌بێته دكتۆر و ده‌ست به پێچانه‌وه‌ی برینه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كات و ده‌بێته ده‌رمانێك بۆ چاره‌سه‌ریی ته‌واوی برینه ڕه‌شه‌كان.
یه‌كه‌م جار، ساڵی 1971، مووسا عه‌نته‌رم له به‌ندیخانه‌ی سه‌ربازیی دیاربه‌كر دیت. له‌وێ ده‌مێوه، یه‌كه‌م هه‌ست و باندۆڕ كه مووسا عه‌نته‌ر له‌سه‌ر منی به‌جێ هێشت، ئه‌مه بوو “خه‌م و كه‌سه‌ر”. زۆر به خۆی و دۆخه‌كه‌ی دڵته‌نگ و بێ‌تاقه‌ت ببووم… من له‌وێ ده‌مێدا گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵان بووم. ئه‌ویش ئاپۆیه‌كی ته‌مه‌ن 55 ساڵان. عه‌نته‌ر ئەودەمی قژه‌كانی سپی ببوون. ته‌مه‌نی لاوی و ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نی جێ هێشتبوو و به‌ره‌و ئیختیاری هه‌نگاوی ده‌نا. كاتێك زیاتر و له نزیكەوە ناسیم، تێگه‌یشتم زۆر به‌هه‌ڵه‌دا چوومه. چونکە مووسا عه‌نته‌ر به‌دڵنیایی‌یه‌وه هۆكاری خه‌مبار بوونی مرۆڤ نه‌بوو. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و به‌رده‌وام ئومێد و به‌رخۆدانی له ناخی مرۆڤه‌كان ده‌چاند.
مووسا عه‌نته‌ر، به وته و كاره‌كته‌ر و كرداره‌كانی، ئومێد و بڕوا و گه‌رمییه‌كی به به‌ندیخانه ده‌به‌خشی. ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ی ده‌بوو تژیی ترس و دوودڵی و نائومێدی بێ، عه‌نته‌ر كردبووی به شوێنێكی زۆر پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه. ئیدی زیندان بۆ ئه‌و ببووه شوێنی په‌روه‌رده و كه‌یف و خۆشی. گرتووه‌كان هه‌ر كاتێك بێ‌تاقه‌ت و دڵته‌نگ و نا‌ئومێد بانا، ده‌چوونه لای مووسا عه‌نته‌ر، ئه‌ویش به گاڵته، چیرۆك، گۆرانی، حیكایه‌ت و به‌سه‌رهاته‌كانی، هه‌رچی هه‌ستی تاریك و ناخۆش هه‌یه، له‌لای ده‌ڕه‌واندنه‌وه. چونکە نووسه‌ری (برینا ڕه‌ش) به‌رده‌وام به‌دوای ئه‌و ئامانجانه‌یدا بوو، کە له‌ناو شانۆگه‌رییه‌كه‌یدا نووسیویه‌تییه‌وه.
(برینا ڕه‌ش)، له‌ناو مێژووی ئه‌ده‌بییاتی كوردیدا خاوه‌نی پایه‌یه‌كی به‌رزه. هه‌وڵ و ته‌قه‌للای شانۆنامه‌كه، هه‌وڵی هه‌ستكردن و زانینه بۆ ئه‌وه‌ی سوودێكی گه‌وره به گه‌لی كورد بگه‌یه‌نێت، بۆیه بایه‌خێكی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. هه‌موو ئه‌مانه وا ده‌كات بڵێین، به‌دڵنیایی‌یه‌وه نابێ مووسا عه‌نته‌ر له‌بیر بكرێ، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ به‌رده‌وام کتێبه‌كانی چاپ بكرێنه‌وه و بخرێنه به‌ر دیدی خوێنه‌ران.”
كورته‌ی ژیانم، ئه‌كره‌م جه‌میل پاشا
ئه‌م په‌رتووكه یه‌كێك له په‌رتووكه ناوازه‌كانی، سیاسه‌تمه‌دارێكی ناوداری كوردی ده‌وڵه‌مه‌ندی به بنه‌چه دیاربه‌كرییە. ئه‌كره‌م جه‌میل پاشا كه‌سێکی زۆر دیار و ناوداره له باكووری كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا وه‌كوو ئێستا، زۆر كه‌س له باشوور و ڕۆژهه‌ڵات نایناسن. ئه‌م په‌رتووكه له توركییه‌وه كردوومه‌ته كوردیی ناوه‌ندی. یه‌كه‌م په‌رتووكی وه‌رگێڕدراوی ئه‌كره‌م جه‌میل پاشاشه بۆ سه‌ر زمانی كوردی.