ئارامتر بخوێنەوە

هەموو شێوەکانی بەرگری، بەرهەمێکی
پێویست بۆ بزووتنەوە سیاسییەکان

دیلان هەردی

یەکێک لەو بەرهەمانەی کە سەرنجی چالاکانی بزووتنەوە سیاسییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، کتێبەکەی ئەریک مەک بەی (Aric McBay) بە ناوی «هەموو شێوەکانی بەرگری » (Full Spectrum Resistance)یە. گرنگیی ئەو بەرهەمە لەوەدایە کە هەوڵ دەدا بزووتنەوەکان لە دۆخی پاسیڤ ڕزگار بکا. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، بزووتنەوە سیاسییەکانی جیهان کە دەبوایە شۆڕشگێڕ و چالاک بن، کەوتوونەتە داوی گوتاری ناتوندوتیژی و پاسیڤ بوونەوە، بە جۆرێک کە لە جیاتی ئەوەی لە دۆخی هێرشدا بن، کەوتوونەتە دۆخی بەرگری و پاساو هێنانەوە بۆ پاسیڤ‌بوون. گوتاری ناتوندوتیژی لە لایەن دەسەڵاتەکانەوە توانیویەتی گۆڕانکاریی لە هزری نوخبەی بزووتنەوەکاندا درووست بکات و بەرەو گوتاری ناتوندوتیژی و مەدەنیانەیان ببات. مەیدانێک کە دەسەڵات تێیدا براوەیە، چونکە خۆی هەموو ئامرازەکانی توندوتیژی و هزریی لەبەر دەستدایە بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی. کتێبەکە لە چەندین بەشی جۆراوجۆر پێکهاتووە کە پێشتر بە شێوەی پچڕ پچڕ و کورت هەندێکیم لێ بڵاو کردۆتەوە. لەو بابەتەدا هەوڵ دەدرێ بەرگی یەکەمی کتێبەکە شی بکرێتەوە کە لەسەر هێنانە ئارا و ڕێکخستنی بزووتنەوەکانە.

نووسەر لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا هەوڵ دەدا ئەو پرسیارە وڵام بداتەوە کە «بۆ چی خەبات دەکەین؟». ئەو پێیوایە کە بۆ وەییهێنانی ژیانێکی ئاسوودە پێویستە خەبات بکرێ و خەباتێکیش بکرێ کە ئەنجامی هەبێ، نەک ئەوەی بەردەوام لە خەباتێکدابی کە نە ئەنجامی هەیە و نە گۆڕانکارییەکیش درووست دەکات. بۆیە هەر لە یەکەم هەنگاودا دەبێ جیاوازی بکرێ لە نێوان کەسانی ناڕازی و کەسانی بەرگریکاردا. چونکە کەسانی ناڕازی لە دەسەڵات بە کردەوە هیچ کارێکی ئەوتۆ ناکەن، تەنیا کاتیان بە فیڕۆ دەڕوات. لە کۆمەڵگادا ناڕازی بە دەسەڵات زۆرە بەڵام بەرگریکار کەمە. کەسێکی ناڕازی پێیوایە کە دەسەڵاتدارەکان بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەن یان کۆمەڵگا نادادپەروەرە، بەڵام بە کردەوە هەوڵ بۆ کۆتایی پێهێنانی نادا. گرنگترین چالاکییەکەی بریتییە لە قەناعەت پێکردن بە کەسانیتر. بەڵام کەسانی بەرگریکار کەسانی کردەیین کە هەوڵ دەدەن سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری نادادپەروەر تووشی کێشە بکەن یان بیگۆڕن. بۆ درووستکردنی گۆڕانکاری یان گۆڕینی سیستەم، پێویستە ناڕەزایەتی بگوازرێتەوە بۆ بەرگری. ئەوەش پێویستی بە کۆمەڵێک تاکتیکە کە نووسەر لە درێژەی هەر دوو بەرگی کتێبەکەدا بە وردی باسیان لێ دەکات.

نووسەر نێوانی لەگەڵ ڕێفۆڕمخوازی خۆش نییە و پێیوایە کە ڕێفۆڕمخوازی تەنیا کات بە فیڕۆ دانە و لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدایە. هەروەها پێیوایە شەرمێونی و ترسی کەسانی رێفۆرمخواز لە بەرامبەر سیستەمە سەرکوتکەرەکاندا دەبێتە هۆی ناهۆمێدی و ساردکردنەوەی ئەو کەسانەش کە لە مەیداندا بە کردەیی بەرگری دەکەن.

لە ڕوانگەی نووسەرەوە، ڕێبەرانی سەرکەوتوو لە مێژوودا ئەو ڕێبەرانە بوون کە ئامادەی ڕیسک کردن بوون و ورەیان بە کۆمەڵگا دەدا تا بەرگری لە خۆیان بکەن. هەر ئەوەش کەسایەتیی ڕێبەری لێیان درووست کردبوو. ڕێبەرانی ئێستا کەمترین ڕیسک دەکەن و ترسیان هەیە تەنانەت هاوپەیمانێتیش بکەن. زۆربەیان هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ بارودۆخێک و سیاسەتێک سازگار بکەن کە بێ‌کێشە بێ؛ ئەوەش شانسێکی زۆر کەمی بۆ سەرکەوتن تێدایە.

نووسەر باسی فەرامۆشیی «کولتووری سیاسی» دەکات کە زیانێکی گەورەی بە بزووتنەوەکان گەیاندووە و پێیوایە کە بەشێک لە بزووتنەوەکان ڕێگای سەرەکیی خۆیان ون کردووە. ئەو پێیوایە بزووتنەوەیەک کە نەزانێ لە کوێیەوە هاتووە، ناشزانێ بەرەو کوێ دەڕوا. چونکە خەباتی ڕابردووی بزووتنەوەکان ئامرازێکی بەهێزە بۆ خەباتی ئێستا. کتێبخانەیەکە کە دەتوانرێ ستراتێژی و تاکتیکەکانی تێدا بدۆزرێتەوە. وەکوو جبەخانەیەکە کە پێداویستییەکانی بەرگری تێدا بێ. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، یەکێک لەو بابەتانەی بزووتنەوەکان تووشی هەڵە دەکات ئەوەیە کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی سەلماندنی حەقیقەتەوە ڕووبەڕووی دەسەڵات ببنەوە. بەڵام دەسەڵات گاڵتەی بە مەنتق دێ و ڕقی لە حەقیقەتە. گوتنی حەقیقەت بە دەسەڵات، واتە بە فیڕۆدان و لە دەستدانی کاتێکی یەکجار زۆر بۆ قەناعەت پێکردنی کە ئەوەش زیانێکی گەورەیە. دەسەڵات جگە لە هێز و لە تێچووە کۆمەڵایەتییەکان گوێ بە هیچ شتێک نادات. جگە لە چەند نموونەی تاکەکەسی، نە لە مێژووی ئاییندا و نە لە مێژووی سێکۆلاردا، هیچکات سەرکوتکەرەکان لە ڕێگەی ئەخلاق و قەناعەت پێکردنەوە وازیان لە سەرکوت و زوڵم نەهێناوە، بەڵکوو هەمیشە ڕێگای خۆیان درێژە پێداوە تا ئەو کاتەی ناچار کراون واز لە دەسەڵاتە خراپەکەیان بێنن. خوێندن و پەروەردە کردن بە تەنیا بەس نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات. چەندین دەیە بابەتێک دەهێندرێتە بەر باس و پێیدا چوونەوە؛ ئەگەر بزووتنەوەیەک لە چاوەڕوانیی ئەودا بێ تا قەناعەت بە هەموو کەس بکات، هەتا هەتایە دەبێ چاوەڕێ بێت. چونکە هیچکات ناتوانێ هەموو کەس ڕازی بکات و قەناعەتی پێ بکات.

بە گوتەی نووسەر، لێکۆڵینەوە دەروونناسییەکان نیشانیان داوە کاتێک قوربانی لە کاتی هاتنەئارای بارودۆخێکی لە ناکاودا دژکردەوە لە خۆی نیشان نەدا، کەسانی تر بارودۆخەکە بە هێند وەرناگرن و گرنگی پێ نادەن. بۆیە پێیوایە بێ‌دەنگی ئەمنییەت بەرهەم ناهێنێت، بەڵام بەرگری بەرهەمی دێنێت، چونکە لە ڕوانگەی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانەوە، بێ‌دەنگی و سازش و بەرگری نەکردن لاوازییە و دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر درێژە بە سەرکوت بدەن. ئەو تیۆرییەیش کە پێیوایە «خراپترین دەسەڵات باشترینە» و دەبێتە هۆی سەرهەڵدان و بە جەماوەری بوونی بزووتنەوەکان، بە کەم گرتنی ڕێژیمە سەرکوتکەرەکانە لە هەوڵوەشاندنەوە و لە لەناوبردنی بزووتنەوە سیاسییەکاندا.

نووسەر لە درێژەی کتێبەکەیدا بۆ چارەسەریی ناهومێدی و بێ‌مەیلیی خەڵک، زۆر گرنگیی بە خۆڕێکخستن و بەرگریکردن دەدات و کۆمەڵێک نموونە باس دەکات. بۆ وێنە، ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو کۆمەڵگە ڕەسەنەکانی کانادا ٨٠٠ هێندەی ڕێژەی نیشتیمانییە، بەڵام بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٣، ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو ئەو کۆمەڵگە ڕەسەنانەی کە خۆیان لە بزووتنەوەکاندا ڕێک خستووە و بەرگری لە مانەوەی خۆیان دەکەن کەمترین ڕێژەیە.

نووسەر هەوڵ دەدا هۆکاری سەرکەوتنی کۆمەڵێک بزووتنەوە لە جیهاندا شی بکاتەوە. ئەو پێیوایە بزووتنەوەیەکی بەرگریکار تەنیا بزووتنەوەیەکی سادەی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو جۆرە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە نەک هەر پێکهاتەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگا بە نادادپەروەر دەزانێ، بەڵکوو بە کردەوە لە بەرامبەریدا ڕادەوەستێ و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بۆ دەدات. لەوانەیە ڕووداوەکان و خۆپێشاندانەکان لە ناکاو بزووتنەوەیەک بهێننە ئاراوە و لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە جەماوەری، بەڵام تەنیا ئەو بزووتنەوانە سەرکەوتوو و خۆڕاگڕ دەبن کە ڕێکخستنی باشیان هەیە. نووسەر لەو بەشەدا هەندێک لە چەمکەکان دێنێتە بەرباس و شیکردنەوە؛ بۆ نموونە، دوو چەمکی «ڕادیکاڵ» و «ڕێفۆرمخواز»  دەخاتە بەرامبەر یەکترەوە: ئەو پێیوایە پێناسەکردنی «ڕادیکاڵ» بە «توندڕەو» نادرووستە. چونکە وشەکە لە لاتینەوە هاتووە کە بە واتای «ریشە»یە. ڕادیکاڵەکان پێیانوایە کە کێشەی دەسەڵات و کولتووری زاڵ بە سەر کۆمەڵگادا ڕیشەییە و بۆ چارەسەریشی پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەییە. ڕادیکاڵەکان دەیانهەوێ پێکهاتەی دەسەڵات لە ڕیشەوە بنەبڕ بکەن، وەکوو ئاپاڕتاید و سەرمایەداری. هەر بۆیە سیاسەتێک پەیڕەو دەکەن کە بە دڵی دەسەڵات نەبێ و بە تەواوی دژایەتی لەگەڵ ئەو سیاسەتە هەبێ کە دەسەڵات حەزی لێیە. ڕێفۆرمخوازەکان بە پێچەوانەوە کێشەکان ڕووکەشانە دەبینن. سیستەم و بەشێکی زۆر لە پێکهاتەی دەسەڵاتیان قەبووڵە و هەوڵ دەدەن لە نێو دەسەڵاتدا گۆڕانکاری درووست بکەن. ڕیفۆرمخوازەکان کەڵک لە سیستەمی نوێنەرایەتی وەردەگرن. یان هەوڵ دەدەن لایەنگرانی خۆیان هەڵبژێردرێن، یان هەوڵ دەدەن قەناعەت بە کەسانی نێو دەسەڵات بێنن.

هەروەها نووسەر چەمکەکانی «چالاک» و «میانەڕەو»-یش دەخاتە بەرامبەر یەکترەوە: كەسێکی «چالاک» پێیوایە کە گۆڕانکاری لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشان و ڕووبەڕوو بوونەوەوەی ڕاستەوخۆوە درووست دەبێ. چالاکەکان هەوڵ دەدەن چالاکیی ڕاستەوخۆ لە دژی دەسەڵات ئەنجام بدەن. بەڵام کەسێکی «میانەڕەو» پێیوایە کە گۆڕانکاری بە هێواشی و پلە بە پلە  لە ڕێگای پەیوەندی و دیالۆگ و لێک‌تێگەیشتنەوە درووست دەبێ. میانەڕەوەکان ئەو ڕێوشوێنانە دەگرنە بەر کە کەمترین مەترسییان هەبێ و بە هێواشی بە رەوە ئامانجەکەیان ببا.

نووسەر ئاماژە بە وتەیەکی باو دەکات کە دەڵێ: «کەسێک کە ناتوانێ بارودۆخێکی خراپ باشتر بکا، لە پێویستییەکان بەها درووست دەکا». واتە کاتێک ناتوانین گۆڕانکاری لە بارودۆخێکدا درووست بکەین، لە ڕێگەی بەعەقڵانی‌کردن و شکۆدارکردنی ئەو شتانەی کە پێمانوایە ناتوانین وەدەستیان بێنین یان بیانگۆڕین بە شێوەیەکی دەروونی خۆمان لەگەڵ بارودۆخەکە دەگونجێنین. ئەگەر ئێمە ناتوانین هێزێک لە دژی دەسەڵات تەیار بکەین، لەوانەیە کێشەکە لە ستراتێژی و لە ڕێکخستنی ئێمە نەبێ، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەیە کە پێمانوایە نابێ هێز بە کار بێنین، ئەوەش بە تەواوی دەمانخاتە خزمەت دەسەڵاتەوە کە لە ئەنجامدا ئێمەین کە دەگۆڕدرێین نەک دەسەڵات. گرووپێک یان رێکخراوێک کە لە ماوەیەکی درێژدا توانای درووستکردنی گۆڕانکاری نەبێ، «کولتووری شکست» تێیدا گەشە دەکا و خوو و کردەوە ناکارامەکان وەکوو بەها سەیر دەکات. نیشانەکانی کولتووریی شکست ئەوانەن: «ڕەفتاری کەسیی»، «دژایەتیی ئاسۆیی»، «ژیانی کەسیی و کشانەوە»، «کردەوەی سەمبۆلیک» و هەروەها «ئامانجی زۆر و هیچ ستراتێژییەک».

«ڕەفتاری کەسی»: کاتێک بزووتنەوەیەک خۆی لە دژی دەسەڵات سازمان نادا، زیاتر ورد دەبێتەوە سەر ڕەفتار و کردەوەی شەخسیی ئەندامەکانی. ئەندامەکانی گۆڕانکاری لە شێوەی ژیانیاندا درووست دەبێ، یان لە ڕووی دەروونییەوە خۆ لەو ڕق و تووڕەییەی کە دەبێ لە دەسەڵات هەیانبێ پاک دەکەنەوە، یان لە ڕووی سیاسییەوە خۆ بە شۆڕشگێرتر لە هاوڕێکانیان دەزانن. لە هەمووی ئەو حاڵەتانەدا، کاتێک ڕەفتاری کەسی دەبێتە ئامانج، بزووتنەوەکان بەرەو ڕووی خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە. ئیتر کار و چالاکیی ڕۆژانەیان خۆڕێکخستن لە دژی دەسەڵات نییە، بەڵکوو چاودێری پۆلیسی نێو ڕیزەکانی خۆیانە و ئەو کەسانە کە بە ڕێژەی پێویست نیازپاکیان نییە، بەروە ڕووی ڕەخنە دەبنەوە یان دەردەکرێن.

«دژایەتیی ئاسۆیی»: کاتێک بزووتنەوەیەک دژایەتی دەسەڵات ناکا، ئەندامەکانی ڕق و تووڕەیی خۆیان لە دژی یەکتر دەردەبڕن. دژایەتی کردنی کەسێکی تەنیشت زۆر ئاسانترە لە دژایەتی کردنی دەسەڵاتدارێک کە زۆر دوورە. تووڕەییەک کە دەبێ لە دژی سەرەوە هەیانبێ، لە دژی تەنیشت بەکار دێنن. دیاردەیەکە  کە دەزگا سیخوڕییەکانی دەسەڵات بە بێ سەرف کردنی هیچ بڕە پارەیەک هەموو زانیارییەکیان لێ دەست دەکەوێ.

«ژیانی تەنیایی و کشانەوە»: کاتێک چالاکەکان لە خەبات دوور دەکەونەوە و بێ‌مەیلی تێاندا ڕوودەدا و زۆربەی کاتەکانیان لە جێاتی خەباتی ڕاستەقینە بە خەبات لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان تێپەڕ دەکەن.

«کردەوەی سەمبۆلیک»: کاتێک نازانرێ کام کردەوە و چالاکی کاریگەرن، یان هیچ جیاوازییەک لە نێوان چالاکیەکاندا نابیندرێ. لەو حاڵەتەدا چالاکەکان پێیان وایە پێویست بە ڕیسک‌کردن ناکات. ئەگەر خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن، هەوڵ دەدەن خۆپێشاندانی زۆر ئارام و هێمنانە ئەنجام بدەن. یان نامەی سەرئاوەڵا بڵاو دەکەنەوە.

«ئامانجی زۆر و هیچ ستراتێژییەک»: داڕشتنی ستراتێژی پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و چەند پاتەیە. بۆ داڕشتنی ستراتێژی دەبێ  کۆمەڵێک شت تاقی بکرێنەوە،  بزانرێ کامەیان کار دەکا و کامەیان کار ناکا،   بۆ تێگەیشتن لەوانەی کار دەکەن، دەبێ حیساب لەسەر سەرکەوتنەکان بکرێ. بە بێ ئامانجی ڕوون و کۆنکرێت و کورتماوە، کەسانێک بە هزری جیاواز ناتوانن لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە و لێک تێبگەن. ئەگەر نەتوانن لە تەنیشت یەکتر خەبات بکەن، لە دژی یەکتر خەبات دەکەن.

نووسەر تاکگەرایی و ئەو خۆبەبەرپرسیار زانینەی کە لە نێو چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگادا ڕیشەیان داکوتاوە، بە گەورەترین بەربەستی خەبات و بەرگری دەزانێ، چونکە چینی ناوەڕاست بۆ هێنانە ئارای ژیانێکی ئارام هەوڵ دەدات و دەیهەوێ هەموو کێشەیەک بە ئاشتیانە چارەسەر بێ، بەڵام ئەو ئاشتییە هیچکات لە مێژوودا کێشەیەکی چارەسەر نەکردووە، بەڵکوو تەنیا دەوری لە کێشەکە داوە یان بە تەنیشتیتدا تێپەڕیوە بێ ئەوەی چارەسەری بکات.

نووسەر ڕەخنە لەو بزووتنەوانە دەگرێ کە وازیان لە کولتووری بەرگری و شۆڕشگێڕانە هێناوە و چوونەتە نێو گوتاری ئاشتیخوازی و میانەڕەوی کە دەسەڵات خۆی بە مەبەستی لاوازکردنی بزووتنەوەکان بەرهەمی هێناوە. نووسەر چەند نموونەی گرنگی سەدەی بیستەم باس دەکات کە تێیاندا خەباتی مەدەنیانە لە دژی دیکتاتۆر تووشی شکست بووە و خەباتی چەکداری یەکلاکەرەوە بووە:  یەکێک لەوان سەربەخۆیی هیندوستانە کە نیشانی دەدات سەربەخۆیی هیندووستان بەرهەمی خەباتی چەکداری بوو و مەهاتما گاندی ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە سەربەخۆیی هیندوستاندا نەبووە، بەڵکوو گاندی بە ئەنقەست لە لایەن بریتانییەکانەوە کراوە بە سەمبۆلی خەباتی مەدەنی و سەربەخۆیی هیندوستان، بۆ ئەوەی خەباتی چەکداری نەبێ بە ئیلهام بۆ کۆڵۆنییەکانی دیکەی ژێر دەستی بریتانیا. بۆ ئەو مەبەستەش بوجەیەکی زۆر بۆ زەق کردنەوەی گاندی لە ڕووی ئاکادێمی و سیاسی و مێدیاییەوە تەرخان کراوە. بە پێی ئەو بەڵگانەی نووسەر دەیانخاتە ڕوو، یەکێک لە ڕێبەرە هەرە ناسراوەکانی خەباتی چەکداری لە هیندوستان «سوبهاس چاندرا» بوو کە سەرۆکی ڕێکخراوەی «کۆنگرەی نەتەوەیی هیند» بوو کە پێشتر گەورەترین ڕێکخراوەی سەربەخۆییخوازی سەر بە گاندی بوو. بەڵام دوای شکستی کەمپەینەکانی خەباتی مەدەنی و توندوتیژیی پۆلیس، لە گاندی جیا بۆوە و ڕێکخراوەیەکی نوێی بە ناوی «سوپای نیشتمانی هیند» درووست کرد کە لە ٤٠ هەزار چەکدار پێکهاتبوو و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ژاپۆن پێکهێنا لە دژی ئینگلیزەکان.

نووسەر ئەو وتەیەی ساڵی ١٩٤٧ی سەرۆک وەزیری بڕیتانیا وەبیر دێنێتەوە کە ڕایگەیاندبوو «بزووتنەوەی مەدەنی گاندی گوشارێکی ئەوتۆی بۆ سەر بڕیتانیا درووست نەکردبوو، بەڵکوو ڕێکخراوەی سوپای نیشتمانیی هیند و هێزی دەریاوانی بوون کە پاشەکشەیان بە بریتانیا کرد تا سەربەخۆییی هیند قەبووڵ بکا». هەروەها ئاماژە بە مێژوونووس «ڕامێش چاندرا ماژومدار» دەکات کە دەڵێ: «ئەوەیکە بزووتنەوەی مەدەنی و نافەرمانیی مەدەنی هیندوستانی بەرەو سەربەخۆیی بردبێ، بێ‌بنەمایە، چونکە کەمپەینەکانی خەباتی مەدەنیی گاندی ١٤ ساڵ بەر لە سەربەخۆیی بە تەواوی کۆتاییان پێ‌هاتبوو». لە کاتی دانوستان بۆ سەربەخۆیی، ئینگلیزەکان بە ئەنقەست گاندییان بانگهێشت کرد تا وەک لایەنی سەرەکیی بیناسێنن و هیچ گرنگییان بە ڕێبەرانی خەباتی چەکداری و لایەنەکانی دیکە نەدا. هەروەها سوبهاس چاندرا  سەرۆکی ڕێکخراوەی سوپای نیشتمانی لە ساڵی ١٩٤٥ـەوە بێ‌سەروشوێن کرا و تەرمەکەشی نەدۆزراوەتەوە. ئەوە جگە لەو هەموو پڕوپاگەندە و کتێب و فیلم و بەڵگەنامەیەیە کە لەسەر خەباتی مەدەنیی گاندی و بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی جیهانی بەرهەم هێندراون.

نموونەیەکی دیکە، ئەفریقای باشوورە کە لەوێ نێڵسۆن ماندێلا نزیکەی ١٥ ساڵ بە شێوەی مەدەنیانە لە ڕێکخراوەی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقادا خەبات دەکا، بەڵام نەک هەر هیچ دەستکەوتی نابێ، بەڵکوو حکوومەت زیاتر گوشاری بۆ دێنێت. ناچار دەبێ ساڵی ١٩٦١ خەباتی چەکداری دەست پێ بکات. دوای ئەو کاتە، نێڵسۆن ماندێلا هیچکات خوازیاری ئاشتی لەگەڵ ڕێژیمی ئاپاڕتاید نەبووە و ستراتێژی ئازادیی ئەفریقای باشووریش هیچکات مەدەنیانە نەبووە. ماندێلا لە ماوەی ٢٧ ساڵ زینداندا بە دەیان جار لە لایەن حکوومەتەوە پێشنیاری ئازادکرانی پێ دەدرێ، بەڵام هیچکات ڕازی نابێ لە بەرامبەر ئازادکرانی، فەرمان بە يێکخراوەکەی بکا کە واز لە خەباتی چەکداری بێنێ. ئەو دەیزانی دیکتاتۆڕ لە زمانی ئاشتی تێناگا، بۆیە لە تەواوی ماوەی زینداندا وازی لە تاکتیکی شەڕ نەهێنا. پەیامی ماندێلا ڕوون بوو: «ناتوندوتیژی پڕەنسیپێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو ستراتێژییە و بەکارهێنانیشی وەکوو چەکێکی ناکاریگەر ڕەوشتێکی جوان نییە». بەکارهێنانی گوتاری ئەخلاقی و قەناعەت پێکردن بە سەرکوتکەر ناتوانێ کلیلی سەرکەوتن بێ. لە ئەنجامدا، هێرشەکانی ڕێکخراوەکەی بۆ سەر دامەزراوە حکوومییەکان و کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان و تەقاندنەوەی لوولەی نەوت و هەندێک شوێنی دیکە، حکوومەتی ناچار کرد مل بۆ دانوستان لەگەڵ ماندێلا بدات. ساڵی ١٩٨٦ وتەبێژی کۆمپانیای نەوتیی «شێڵ» کە ئەو کات پشتگیری لە ڕێژیمی ئەفریقای باشوور دەکرد، ڕایگەیاند کە بایکۆتی کۆمپانیاکەیان لە لایەن خەڵک و وڵاتانەوە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر داهاتی کۆمپانیاکەیاندا نەبوو، بەڵام هێرشەکانی ڕێکخراوەی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا لە ڕووی ئابوورییەوە زیانێکی یەکجار زۆری پێ گەیاندبوو.

نموونەیەکی دیکە «بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی» ئەمریکایە کە لە دەیەی ١٩٦٠دا لە لایەن ڕەشپێستەکانی ئەمریکاوە لە دژی هەڵاواردن و نایەکسانی و ڕەگەزپەرستی چالاکی دەکرد و وەکوو سەمبۆلی خەباتی مەدەنی لە ئەمریکا ناسێندراوە، بەڵام ئەویش بەرهەمی خەباتی مەدەنی نەبوو، بەڵکوو چەک یەکلاکەرەوە بوو. ساڵی ١٩٦٤ ڕەشپێستەکان لە دژی هێرشەکانی ڕەگەزپەرستەکان و گرووپی  KKK  ڕێکخراوەیەکی  چەکدارییان بە ناوی «دیکۆنەکانی بەرگری» (Deacons for Defense) درووست کرد کە زیاتر لە ٢٠ لقی لە ویلایەتەکانی دیکە لێ درووست بوو. مەبەستی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوەیە پاراستنی ڕەشپێستەکان لە دەست گرووپی KKK بوو. لە هەر شوێنێک ڕێپێوان یان کۆبوونەوەی ڕەشپێستەکان بوایە، ڕێکخراوەی دیکۆنەکانی بەرگری بە چەک دەیپاراستن. ئەندام و دەستەی چەکداریان لە هەموو شوێنێک لە ناو خەڵکدا هەبوو. لە ڕوانگەی ئەو گرووپەوە خۆپێشاندانی مەدەنیانە و ئارام کە حکوومەت پێشنیاری دەکرد، تەنیا بۆ دەستەمۆکردنی ڕەشپێستەکانە و جۆرێکی دیکەیە لە کۆیلەکردنی ئەوان. لە ڕوانگەی ئەوانەوە خەباتی مەدەنی لە بەرامبەر توندوتیژیی سپی‌پێستەکاندا خەباتێکی پاسیڤە و کاریگەریی نییە. بەر لەوەی ڕێکخراوەی دیکۆنەکانی بەرگری درووست بێ، ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ماوەی چەندین ساڵدا زۆریان هەوڵ دابوو لە هەندێک کتێبخانە و ناوەندی خوێندن کۆتایی بە هەڵاواردنی ڕەگەزی بێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەببوون، کەچی ڕێکخراوەی دیکۆنەکانی بەرگری توانی لە یەک ڕۆژدا ئەو کارە ئەنجام بدا، ئەویش بە سازماندانی خەڵک و بە زەبری چەک توانیان بچنە نێو ئەو شوێنانە و ترس بخەنە نێو ڕەگەزپەرستەکانەوە. دیکۆنەکانی بەرگری توانیان لە نێو ڕەگەزپەرستەکاندا ترس درووست بکەن کە لە هیچ شوێنێک غیرەتی هێرش بۆ سەر ڕەشپێستەکانیان نەبێ. ئەوە وای کرد کە زۆرێک لە کارگە و کارخانەکانیش یاسا و ڕێساکانیان لە بەرژەوەندیی ڕەشپێستەکان بگۆڕن. هەروەها دیکۆنەکان ورەیان بەخشیبوو بە کۆمەڵگای ڕەشپێست لە سەرانسەری ئەمریکا کە چیتر زوڵم  قەبووڵ نەکەن و لە حاڵەتی شەرم و ترس هاتنە دەرەوە. دیکۆنەکان تراکتیان لە هەموو شوێنێک بڵاو دەکردەوە کە بچووکترین هەڕەشە بۆ سەر هەر ڕەشپێستێک وڵامی توندی دەبێ، تەنانەت نامەیان بۆ دامەزراوە و کۆمپانی و کارخانەکانیش دەنارد. مارتین لۆتێرکینگ کە پاڵپشتی خەباتی مەدەنی دەکرد، زۆرجار لە لایەن دیکۆنەکانەوە دەپارێزرا و هیچکاتیش دژایەتیی نەکردن. بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ژێر سێبەری دیکۆنەکان خەباتی مەدەنی دەکرد. هەرچەندە ڕەخنەیان لە دیکۆنەکان دەگرت کە دەبنە هۆی دوورکەوتنەوەی دۆستانی سپی‌پێست، بەڵام هەندێکیشیان پێیان وابوو کە دیکۆنەکانی بەرگری لە جیاتی خەباتی پاسیڤ خەباتی ئەکتیڤیان ئەنجام دا و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی سپی‌پێستەکان لە ڕەشپێستەکان نزیک بنەوە یان ملکەچی هەندێک یاسا بن.

لە ڕوانگەی نووسەرەوە، لە «ئەفسانەی ئاشتیانەی قەناعەت پێکردن»دا، کێشە لە ئاشتیخوازبوونەکەیدا نییە، بەڵکوو کێشە لە قەناعەت پێکردنەکەیدایە. ئێمە ناتوانین لە ڕێگەی ئەخلاق و ئاشتیخوازبوونەوە قەناعەت بە دیکتاتۆرێک یان سۆسیۆپاتێک بکەین، تەنانەت لە ڕێگەی توندوتیژیشەوە ناتوانین قەناعەتی پێبکەین. قسەکە ئەوەیە نابێ خۆمان بخەینە نێوان دوو گوتاری توندوتیژی و ناتوندوتیژیدا، بەڵکوو دەبێ خۆمان بخەینە نێوان دوو گوتاری کاریگەربوون و ناکاریگەربوونەوە. واتە کامیان کاریگەرترە لەوی تر؟ بەشێک لە ڕێکخراوەکان باڵی ڕادیکاڵ لە نێو ڕێکخستنەکانیان درووست دەکەن. بۆ ئەوەی دەسەڵات ناچار بێ داخوازییەکانی باڵی میانەڕەو قەبووڵ بکات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا نووسەر باس لە «پەنجەرەی ئۆڤێرتۆن» دەکات کە بیرۆکەی بیرمەندێکی ئەمریکی بە ناوی ژۆزێف ئۆڤێرتۆنە بۆ کاریگەری دانان لەسەر ڕای گشتی. ئەو بیرۆکەیە ئەوە دەخاتە ڕوو کە چلۆن لە چەند قۆناغدا سیاسەتێکی ئەستەم و بیرلێ‌نەکراوە بکرێ بە سیاسەتێکی جەماوەری و دواتریش «حەتمی». بۆ ئەو مەبەستە لە قۆناغی یەکەمدا کە سیاسەتێک یان ئامانجێکی سیاسی لە ڕای گشتیدا وەکوو ئەستەم دەبیندرێ، لە قۆناغی دووهەم دەبێ بە ڕادیکاڵترین شێوە خۆی دەربخات. دوای ئەو قۆناغە لە قۆناغی سێهەم ڕای گشتی وەکوو ئاسایی سەیری دەکات. لە قۆناغی چوارەمدا هەستیاری درووست دەکات. لە قۆناغی پێنجەمدا دەبێ بە جەماوەری و لە قۆناغی کۆتاییدا دەبێ بە سیاسەتێکی فەرمی کە ناتوانرێ لێی دەربچی.

لە ڕوانگەی نووسەرەوە، هەتا بیرۆکەیەک، سیاسەتێک یان ئامانجێکی سیاسی ڕادیکاڵتر بێ، قەبووڵ‌کردنیشی لە لایەن جەماوەرەوە ئاسانترە (هەروەک پێشووتر باس کرا، ڕادیکاڵ بە واتای ڕیشەییە نەک توندڕەوی). بۆیە پێیوایە ئەگەر بیرۆکەیەکی نوێی سیاسی لە لایەن بزووتنەوەیەکەوە پێشکەش دەکرێ، دەبێ بە ڕادیکاڵترین شێوە پێشکەش بکرێ تاکوو کۆمەڵگا پەسندی بکا، نەک بە میانەڕەوترین شێوە. ئەگەر دەسەڵات ناچارە وتووێژ لەگەڵ لایەنێکی ڕیفۆرمخواز بکات، لەبەر بەهێزیی ڕیفۆڕمخوازی نییە، چونکە دەسەڵات لایەنی ڕیفۆرمخواز بە مەترسی بۆ سەر خۆی نازانێ، بەڵکوو ترس لە لایەنی ڕادیکاڵە کە وای لێ دەکا بۆ مانەوەی دەسەڵات پەنا بۆ ڕیفۆرمخواز ببات. گۆڕانکارییە گرنگەکان لە مێژوودا کە دەسەڵاتەکانی ناچار بە ئەنجامدانیان کردووە بەرهەمی ترسی دەسەڵاتن. واتە سیاسەتوان و دەسەڵاتداران تا ترسیان نەبێ مل بۆ هیچ گۆڕانکارییەک نادەن. ئەوەی کە بزووتنەوەیەک بەرەوە چەکداری دەڕوات، هۆکارەکەی هەر دەسەڵات خۆیەتی. واتە تا دەسەڵات لە بەرامبەر داخوازییەکان سەرکوتکەرتر دەرکەوێ، بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەش توندوتیژتر دەبێ.

بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی سەرکەوتوو ئەو بزووتنەوەیە کە کەڵک لە هەموو ئامراز و تاکتیکێک وەرگرێ، بەڵام بزووتنەوەیەک کە لە دژی دیکتاتۆر خەبات دەکات، نابێ وزە و توانای سەرەکیی خۆی لە کاری سەمبۆلیک و خۆپێشاندانی هێمنانە و لۆبیگەری لە ناو دەسەڵاتدا بە فیڕۆ بدات، چونکە لە ڕێژیمێکی دیکتاتۆڕدا سوودێکی ئەوتۆیان نابێ، بەڵکوو دەبێ زۆرترین وزەی خۆی سەرفی زیان گەیاندن بە دەسەڵات و دامودەزگاکانی بکات. زۆر جار تاکتیکەکان دژایەتییان لەگەڵ یەکتر هەیە، ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی لە ناو بزووتنەوەکەدا ڕووبەڕووبوونەوە و جیابوونەوە درووست بێت. بۆیە پێویستە ستراتێژییەکی گشتیی دیاریکراو هەبێ تا هەموو تاکتیکەکان لە ژێر خۆیدا کۆ بکاتەوە. واتە هەموو تاکتیکەکان لە چوارچێوەی یەک ستراتێژی و بەرەو یەک ئاراستە بن.

نووسەر باسی گرنگیی هاوپەیمانێتی لە نێوان بزووتنەوەکانی هاوئامانج دەکات و پێیوایە دەبێ بە تەواوی ڕێز لە سەربەخۆیی هاوپەیمانەکان بگیرێت و دووری بکرێ لە خۆسەپاندن و بەکەم‌گرتنی کار و چالاکییەکانیان، چونکە دەبێتە هۆی درووستبوونی کەلێن و بچووکترین کەلێنیش لە نێو هاوپەیمانێتیدا لە لایەن دەسەڵاتەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێ. بە هیچ شێوەیەک نابێ جیاوازییەکان و کێشەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکە لە کاتی خەبات لە دژی دەسەڵات بە ئاشکرا باس بکرێن، بەڵکوو دەبێ لە نێوان خۆیاندا بە نەهێنی چارەسەر بکرێن.

بەشێکی دیکەی کتێبەکە لەسەر شێوازی ئەندام گرتن و پەروەرە کردن و مانەوەی ئەندامە لە کار و چالاکیی بزووتنەوەکدا. واتە چلۆن ئەندام ڕابکێشرێ؟ چلۆن چالاک بێ و چی بکرێ کە لە بزووتنەوەکەدا بمێنێتەوە و لە چالاکی بەردەوام بێ؟ نووسەر بە شێوەی پڕاکتیکی و تەکنیکی و زانستی باسی شێوازەکانی پەروەردەکردنی تاک دەکات و پێیوایە دەبێ بابەتەکان بە شێوەیەکی دیکە بۆ ئەندام پێناسە بکرێنەوە. واتە بابەتی ڕەشبینانەی تاکگەرایانە دەبێ بگوازرێنەوە بۆ بابەتی خۆشبینانەی ڕادیکاڵ، بۆ نموونە: لەوانەیە لە هزری کەسیی تاکدا، «هەژاری، ژێردەستی، ڕەگەزپەرستی، پیاوسالاری و کۆیلەیی هەمیشە هەبوون و هەمیشەش دەمێنن»، بەڵام پەروەردەی بزووتنەوەکە دەبێ هزرەی ئەوەی تێدا بەرهەم بهێنێ کە «هەژاری، ژێردەستی، ڕەگەزپەرستی، پیاوسالاری و کۆیلەیی درووست کراون و لە بنەڕەتەوە نەبوون، کەوابوو دەتواندرێ لە ناویش ببردرێن. هیچکامیان هەتاهەتایی نین و ڕۆڵی ئێمە وەک بزووتنەوە خێراکردنی لە ناوچوونیانە».

لە ڕوانگەی نووسەرەوە، بەرلەوەی خەڵکێک لەسەر خاکەکەیان دەر بکرێن،  بەرگری بۆ مانەوەی خۆیان دەکەن، بەڵام کاتێک لەسەر خاکەکەیان دەرکران، زۆر زەحمەتە بەرگری بکەن. نووسەر بەراوردی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا دەکات کە تا چەندە دەچنە نێو بزووتنەوەکان. ئەو پێیوایە کە هەتا زیاتر خەڵک سەرقاڵی بژێویی ژیانیان بن، کەمتر مەجالی ئەوەیان هەیە خۆیان سەرقاڵی بزووتنەوەکان بکەن، بۆ نموونە هەژارترین چینی کرێکاری کۆمەڵگا لە بەر سەرقاڵیی بە کار و کاسبی کەمتر سەرنج دەداتە بزووتنەوەکان. چینی سەرووی کۆمەڵگاش کە هیچ حەز بە گۆڕانکاڕی و شۆڕش ناکات. بەشی سەرووی چینی ناوەڕاست زۆرترین کات و زۆرترین تێگەیشتنی بۆ تێکەڵبوون بە بزووتنەوەکان هەیە. نووسەر لەو بەشەدا سەرنجی خستۆتە سەر پەروەردەکردنی ناوەوەی بزووتنەوە و کۆمەڵێک مێکانیزم و پێشنیار و مێتۆدی بۆ ڕاکێشانی ئەندام و پەروەردەکردنی بە وردی خستۆتە ڕوو. ئەو ئەندامەی نووسەر مەبەستییەتی پەروەردە بێ، ئەو ئەندامە سادەیە نییە کە تەنیا کارتێکی لە گیرفان دایە، بەڵکوو ئەندمێکی چالاکی ڕادیکاڵە کە بە تەواوی تێکەڵ بە بزووتنەوەکە بووە. هەروەها بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەو مێکانیزم و مێتۆدانە کۆمەڵێک بزووتنەوەی لە جیهان بە نموونە هێناونەتەوە کە لەو بوارەدا سەرکەوتوو بوون و بە ئامانجەکەیان گەیشتوون.

لە بەشی پێنجەمی کتێبەکەدا نووسەر سەرنجی خستۆتە سەر ڕێکخستنی بزووتنەوەکان، کە بەشێکی ئاشکرایە و بەشێکی دەبێ نەهێنی بێ. لەو بەشەدا، شێوازە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخستنی ناو کۆڵان و شەقامەکان و شانە چالاکەکانی بزووتنەوە شی دەکرێنەوە و کۆمەڵێک نموونەش بۆ پشتڕاست کردنەوەیان دەهێندرێنە بەر باس.  نووسەر پێیوایە کە تا شانە و گرووپ و کۆمیتەکانی ڕێکخستن بچووکتر بن، چالاکترن و خێراترلە نێو خۆیاندا بۆئەنجامدانی چالاکی بڕیار دەدەن، بە پێچەوانەوە ئەگەر شانەکانی ڕێکخستن ژمارەی ئەندامەکانیان زۆر بێ، لە چالاکیدا لاوازترن و زۆر جار ناتوانن لەسەر بابەتێک هاودەنگ بن و بڕیار بدەن. هەروەها شانەی بچووکی ڕێکخستن ئەو سوودەی هەیە کە ئەگەر یەکێکیان لە لایەن دەزگا سیخوڕییەکانەوە چاودێری بکرێ، کاریگەریی و مەترسی بۆ سەر شانە و ڕێکخستنەکانی دیکەی بزووتنەوەوە نابێ، چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ڕێکخراو لە نێوان دوو شانە یان گرووپی بچووکدا نییە تا زانیارییە نەهێنییەکان بگوازرێنەوە. نووسەر کۆمەڵێک مێکانیزم دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی گرووپ و شانە چالاکەکانی بزووتنەوە بتوانن زۆرترین چالاکی بکەن بێ ئەوە تووشی مەترسی بن.

بەشی کۆتایی کتێبی یەکەم تایبەتە بە ئەمنییەتی بزووتنەوەکە. لەو بەشەدا نووسەر هەوڵ دەدا مێکانیزمەکانی تایبەت بە پاراستنی ئەمنییەتی بزووتنەوەکە و ئەندامەکانی بخاتە بەر باس. نووسەر پێشانی دەدات کە چلۆن زانیارییە نەهێنییەکانی بزووتنەوەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە دەکرێنە ئامانج و چلۆن دەزگا سیخوڕییەکان دزە دەکەنە نێو بزووتنەوەکان. بەشی زۆری نەهێنییەکانی بزووتنەوە لە لایەن بەشی ئاشکراوە دزە دەکەنە دەرەوە نەک لە لایەن بەشی نەهێنییەوە. بۆیە نووسەر پێیوایە دەبێ لە یەکەم هەنگاودا دیوارێکی متمانە پێکراوی پۆڵایین لە نێوان بەشی ئاشکرا و بەشتی نەهێنیدا درووست بکرێت. دووهەم، دەبێ کولتووری ئەمنی لە بزووتنەوەکەدا جێگیر بکرێت. واتە کۆمەڵێک پڕەنسیپی ئەمنی کە هەر ئەندامێک دەبێ بیانزانێ و پابەندیان بێت. ئەندامی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی جیاوازە لە تاکێکی ئاسایی کۆمەڵگا. ئەندامی بزووتنەوەیەک کۆمەڵێک کار هەن نەک لە شوێنی گشتی، بەڵکوو بە شێوەی نەهێنیش نابێ ئەنجامیان بدات و کۆمەڵێک کاریش هەن دەبێ ئەنجامیان بدات. نووسەر کۆمەڵێک پێشنیاری خستوونەتە ڕوو بۆ ئەوەی چلۆن ئەندامانی بزووتنەوەیەک بتوانن ڕێز لە کولتووری ئەمنی بگرن. هەروەها کۆمەڵێک مێکانیزمیشی بۆ گواستنەوەی زانیاریی لە نێوان ئەندامانی بزووتنەوەکان خستۆتە ڕوو.

کتێبی یەکەم لەسەر هێنانە ئارا و ڕێکخستنی بزووتنەوەکان بوو. لە کتێبی دووهەمدا نووسەر سەرنجی خستۆتە سەر ئەو تاکتیک و ستراتێژییانەی کە بزووتنەوەکان بەرەو سەرکەوتن دەبەن. بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە ڕێکارەکان، کۆمەڵێک بزووتنەوەی سەرکەوتووی وەکوو نموونە هێناونەتەوە. هیوادارم لە داهاتوودا کتێبی دووهەمیش شی بکەینەوە تا خوێنەرانی بەڕێز کەڵکی لێ وەرگرن و بۆ خوێندنەوەی کتێبەکان هان بدرێن.

داگرتنی بابەت