نامومکینبوونی هزری كولتووری
وڵامێک بۆ بیرمەندانی ئێرانشارگەرا
دکتۆر ئەحمەد محەمەدپوور
هاندەری سەرەكیی ئەو نووسینە، وتارێكی پڕبایەخی دكتۆر پەیمانی وەهابزادەیە، بە ناوی “ئێران ئەتنیكی نییە”[ ١ ] كە لە ماڵپەڕی “نقد اقتصاد سیاسی”ـدا بڵاو کراوەتەوە. هاوڕێی فرەزانام دوكتۆر ئەفشین مەتین عەسگەری مامۆستای مێژوو و لێكۆڵینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی كالیفۆڕنیا ـ لۆسانجلێس هانی دام بە نووسینی یادداشتێكی مرۆناسانە لەو باسەدا بەشدار بم. بەشێوەی گشتی لەگەڵ بەڵگاندنەكەی دوكتۆر وەهابزادە هاوڕام، ئەوەندە نەبێ، بە باوەڕی من دەبێ بگەڕێینەوە بۆ چەمكی “كولتوور”، چەمكێكی تەواو مرۆیی و ئەخلاقی كە لە مشتومڕی بێبڕانەوەی تیۆری و تێگەیی لەسەر كۆمەڵێك وشەی زۆر ناڕوونی وەكوو “ملییەت” و “نەتەوە” و “قەوم” ڕزگارمان دەكات. وەهابزادە پێشنیار دەكات دەستەواژەی “نەتەوە خۆجێییەكان” یان “نەتەوە بەراییەكان”ـی كە ئەمڕۆ لە ئەدەبیاتی دژەداگیركەریدا باون، بەكار بێنین، كە منیش لەگەڵی هاوڕام. بەو حاڵەشەوە، ئەو چەمكانەش هێشتا مشومڕهەڵگرن، لەو لایەنەوە كە پێكهاتەی ئەو كولتوورانەی لە جوگرافیای ئێراندا نیشتەجێن، كۆمەڵێك جیاوازیی ورد و درشتیان لەگەڵ “نەتەوە بەراییەكان”ـدا هەیە، بەڵام بەڵگاندنە بنەماییەكەی بەڕێزیان هەر بە ڕێخۆشكەر دەزانم.
هەر وا بیرم لەوە دەكردەوە ئاخۆ چۆن خۆ لەو باسە بدەم، كە بەسەر دوو بابەتی تێلێگرامیدا كەوتم: “جنێونامە”ی سەید جەواد تەباتەبایی2 لەبارەی نڤیسارێكی دكتۆر كامران مەتین بە ناوی “ئێران وەكوو كۆمەڵگەیەكی فرەنەتەوە” و، یادداشتێكی دكتۆر حەمیدی ئەحمەدی لە ژێر ناوی “ئەفسانەی نەتەوەكان3 لە ئێراندا” كە وێڕای ڕەخنەگرتن لە بۆچوونەكانی دكتۆر مەتین و ڕەدكردنەوەیان، پشتی بە هێندێ بیرمەندی بواری ناسیۆنالیزم بەستووە و پێی لەسەر جەوهەری تاك و تاقانەی نەتەوەی ئێرانی داگرتووەتەوە و بزاڤەكولتوورییەكانی میللەتی كوردی دژی ناسیۆنالیزمی داپڵۆسێنەری ئێرانیی بە پیلانێكی ستالینیستی و چەپی داناوە. ئەم دەقەی پێشكەشتان دەكرێ، وەڵامێكی گشتییە بەو باسانەی سەرەوە.
گەڕانەوە بۆ كولتوور
وەكی ئافرێد كرۆبێر بیرمان دەخاتەوە، مرۆناسی “مرۆییترین زانست و زانستیترین زانستی مرۆیی”ـیە كە بۆ لێكۆڵینەوە لە “فرەیی مرۆیی” تەرخان كراوە.4 بە واتایەكی دیكە، مرۆناسی زانستی خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەی كولتوورە وەك كۆی بەرهەمی مێژووی مرۆڤایەتی. ئالفێرد كرۆبێر و مەكس گلاكمەن سەرەڕای كۆكردنەوەی نزیك بە دووسەد پێناسە لە كولتوور، هێشتا دڕدۆنگ بوون لە سنوورداركردنی پێناسە و بەربڵاوییواتایی ئەو واژەیە. ڕیمۆند ویلیامز، بیرمەندی ناوداری بواری لێکۆڵینەوەی كولتووری دەڵێ “كولتوور” یەكێكە لە پێچەڵپێچترین دەستەواژەكانی زمانی ئینگلیزی.5 مرۆناسە كولتوورییەكان تا ڕادەیەك هاوڕان لەسەر ئەوەی كولتوور “بریتییە لە هەر شتێكی مرۆڤ دروستی دەكا و فێری دەبێ.” لە ڕاستیدا، كولتوور بۆ مرۆڤ، وەكوو ئاو وایە بۆ ماسی. مرۆڤ ناتوانێ كولتوورساز نەبێ و تێیدا نەژی یان لە دەرەوەی كولتوور بیر بكاتەوە. لەو واتا بەربڵاوەدا تەنانەت شتە سروشتی و بێگیانەكانیش ئەوكاتەی كە بە وتەی”كلیفۆرد گیرتێز” لە “بابەتی سیمبۆلیک” و “بیاڤی ئاگایی”ـی مرۆڤدا خۆ دەنوێننەوە و واتا دەگرن، ئیتر دەبنە بەشێك لە كولتوور.6 هەر لەو واتاسازییەدایە كە ناوەكان، مێژوو، زەین و ئاگایی و زمان ئاوێتەی یەكتر دەبن، بۆ ئەوەی بۆ نموونە زنجیرە چیایەك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوی “قەندیل”، ببێتە بەشێك لە كولتوور و بیرەوەریی كورد، یان ناوی “ژینا” لە هەمبەر ناوی “مەهسا”دا خۆ بگرێ یان وەرگێڕدراوی دروشمی “ژن ژیان ئازادی” بە فارسی، بە واتای داڕنین و ئەستاندنەوەی خاوەنداریەتی لێی و نەزۆككردنی دەر بكەوێ. لەو ڕوانگە واتاییەوە وەختێك كۆمەڵەی زاڵ و سەردەست لە زەینی خۆیدا بە كوردستان/ڕۆژهەڵات دەڵێ “پارێزگاكانی ڕۆژئاوا و سنوور” و ئاوا ناویان دێنێ، دەكرێ ئەو ناوهێنانە وەكوو خەیاڵی داگیركەریی داگیركەر خۆ بنوێنێ. هەر لەو دەلاقەیەوە ڕیمۆند ویلیامز باوەڕی وایە: شەڕی نێوان دەوڵەت و نەتەوەكان بەشێوەیەك شەڕ و ململانێی نێوان كولتوورەكانە لەسەر واتا و هێماكان.
بەپێچەوانەی كۆمەڵناسەكان كە چاویان لە نەزمیكۆمەڵایەتییە، یان مێژوونووسان كە چاویان بڕیوەتەوە گۆڕانكارییە مێژووییەكان، مرۆناسەكان هۆگری ناسینی مرۆڤ لە گشتیترین واتای خۆیدان. لەو بوارەوە، كروبێر چوار لقی مرۆناسی یانی مرۆناسیی ژینەكی/جەستەیی، مرۆناسیی كولتووری/كۆمەڵایەتی، كەونارناسی و زمانناسیی ناو ناوە “هێشووی پیرۆز” كە ناكرێ لێك جوێ بكرێنەوە.7 یەكەم مرۆڤناسەكان ـ ئەگەر نووسینی گەڕیدەكانی سەدەكانی ناڤین هەر لەبەرچاو نەگرین ـ لەلایەكەوە بە ڕەچاوكردنی مۆدێلی میكانیكی/پۆزیتیڤیستی زانستی سروشتی و لایەكی دیكەوە بە ئیلهاموەرگرتن لە ڕەوتە زاڵەكانی ڕووناكبیریی قۆناغی ڕۆشنگەری، زۆر لە ژێر كاریگەریی ڕەوتی پەرەسەندن بوون. ڕەوتی پەرەسەندن لەژێر كاریگەریی بەرهەم و بیروبۆچوونەكانی كەسانی وەك داروین و ڤالاس و سپێنسێر و لێڤی برۆڵدا، ڕوانگەیەكی یەک هێڵیو بەرەوپێشەوەیان بۆ چەمكی كولتوور هەبوو.8 ئەو ڕوانگە ژینەكی/پەرەسەندنییە لەخۆیدا دەرەتانی ئەوەی نەبوو كولتوورە مرۆییەكان لەسەر جۆرێك یەكانگیری یان پەیژەی شارستانی دەستەبەندی و پلەبەندی بكا. لە ڕاستیدا پێكگەیشتنەوەی “ژینناسی” و “كولتوور” بەرهەمی یەكانگیریی “یەزدانناسیی مەسیحی” و “كۆلۆنیالیزمی ئەورووپایی” بوو، كە “مرۆڤی ڕۆژئاوای” بەلاوە چەقی گەردوون و سەرقافڵەی پێشكەوتن و لە هەمووشی گرنگتر بانگەشەكەر و مامۆستای بەشارستانیکردنی كولتوورە ناڕۆژاواییەكان بوو. بەو جۆرە، ئەورووپاتەوەری، یەزدانناسیی مەسیحی و باوەڕ بە مەزنەژیانی مرۆڤی ڕۆژاوایی لە چاو مرۆڤی ناڕۆژاوایی یان “كێوی” بۆ ماوەی چەندین سەدە بوو بە “ڕژیمی حەقیقەت” یان “ئێپیستمە”ی سەردەست و زاڵی ئەورووپاتەوەری. لە نێوەڕاستەكانی سەدەی نۆزدە بەدواوە لەحاڵێكدا كە كۆمەڵناسی سەرقاڵی توێژینەوە لە كۆمەڵگەی مۆدێڕی ئەورووپایی بوو و كورسییەكانی زانكۆی بەدەستەوە بوو ـ بوارێكی تایبەت بۆ تێگەیشتن لە جیهانی مۆدێڕن بەتایبەتی ئەورووپا ـ واتە مرۆناسی، خەریكی تاوتوێكردنی ڕابردووی “مێژوویی/پەرەسەندنی ژینەكی و كولتووریی مرۆڤی ڕۆژئاوایی بوو و باوەڕی وا بوو كە دەتوانێ بە تێگەیشتن لە كولتووری خەڵكی “كێوی” و “ناشارستانی” دەتوانێ ڕابردووی كولتوورە هاوچەرخەكانی ڕۆژاوا بناسێ، لەو نێوەدا ئەو بوارە بڵێی و نەڵێی كەوتە خزمەتی كۆلۆنیالیزمەوە.9
ئـاوڕدانـەوەیەك لـە پـەرەسەندنی تیۆریی ڕەگەزپەرستانەی زمان و ناسنامە
ئەدەبیاتی مرۆناسیی بەرایی ئەورووپایی تا ڕادەیەك پڕە لە سازکردن و پاساوی سیستەمی جۆراوجۆری دەستەبەندیی كولتووری/ژینەكیی مرۆیی، كە بە باشترین شێوە لە كار و بەرهەمەكانی “هێنری مۆرگان” و “ئێدوارد تایلەر” و “ئالفرێد كرۆبێر” و “جەیمز فریزەر” و “برانسیلا مالینۆڤسكی”ـدا دەر دەكەون. هاوكات و تەنانەت پێشتریش ڕۆژهەڵاتناسانی ئەورووپایی ـ ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەڕەنسی لە سەردەمی پەیوەندیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هۆگر بوون و پێیان خۆش بووە بزانن زمانە ئەورووپاییەكان چ پەیوەندییەكانی لەگەڵ زمانە ڕۆژهەڵاتییەكان بەتایبەتی سانسكریتدا هەیە. یەكێك لە یەكەمین هەوڵەكان لەو بوارەدا لەلایەن “سێڕ ئێدوارد جۆنز” لە 1786ـدا درا، كە پێی وابوو پەیوەندی و نزیكایەتیی نێوان زمانە ئەورووپییەكان و سانسكریتی دۆزیوەتەوە.10 وردە وردە ئەو بیرۆکەیە بوو بە وەهمی گرێدانی زمانبە خوێنەوە. زمانناسانی ئەڵمانی كە پێیان وابوو كولتووری ئاڵمانی بە جۆرێك سەركردە و پێشقەڕەوڵی ڕۆحیی جیهانە، بە پشتبەستن بە كارەكانی جۆنز، زمان و ڕەچەڵەك و خوێنیان پێكەوە بەستەوە. “فردریش شلێگێل” یەكەم كەس بوو كە وشەی “ئاریا”ی داهێنا و بەو جۆرە بواری بۆ كامڵبوونی تیۆریی ئایدیالیزمی ئاڵمانی لەسەر بنەمای هاوپەیوەندیی ڕەچەڵەك و خوێن خۆش كرد: تیۆرییەك كە لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا لە چوارچێوە و فۆڕمی نازیسم و سەرهەڵدانی ئاڵمانی هیتلەریدا خۆی دەرخست.
مرۆناسەكان و بیرمەندانی كۆمەڵایەتیی سەدەكانی هەژدە تا سەرەتاكانی سەدەی بیستەم بەگشتی باوەڕیان بە پاڕادایمی تیۆریی ڕەچەڵەكی كولتوورەكان و دەرەتانی دەستەبەندیی پەرەسەندنی/ژینەكیی ئەوان هەبوو. بۆ نموونە “ئێڕنێست ڕێنان” مرۆڤی شارستانیی ڕۆژاوای لە هەمبەر “مرۆڤی ئیسلامیی ناشتارستانیدا” Homo Islamicus دانا. لەوەپێش تاكسۆنۆمیستگەلێكی وەكوو “فریدریش بلۆمنیاخ” و “كارل لیناس” كولتوورەكانیان بەگوێرەی جوگرافیا و ڕەچەڵەك و خوێن و تەنانەت قەبارەی كاسەسەر دەستەبەندی كردبوو.12 تیۆریگەلی ڕەچەڵەكناسانەی كولتووری لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا بە بەرهەمهێنانی دەقی ڕچەڵەكپەرستانەی “فەتحەلی ئاخوندزادە و “میرزا ئاغاخان كرمانی” هاتنە نێو ئێرانی سەردەمی قاجارەوە. بەرهەمەكانی ئەو دوو نووسەرە هەڵگری ڕەگەزپەرستانەترین و بەكەمگرترین و بێبنەماترین بۆچوونن لە سەر عەرەبەكان و جووەكان و تورك و مەغوول و تەنانەت ڕەشپێست و سوورپێستەكانی ئەمریكاش. كرمانی یەكەم كەس بوو كە بە پەیڕەوی لە ڕۆژهەڵاتناسان دەستەواژەی “ئاریا”ی بۆ هەڵبەستنی ناسنامەی نەتەوەیی تاك و یەكینەی ئێرانی بەكار هێنا. بەو حاڵەشەوە توخمە پێكهێنەرەكانی “ئێرانیبوون” لای ئەو دوو نووسەرە شۆڤێنیستە تەنیا لە “زمان و كولتووری فارسی”ـدا كورت كراویەوە.
مێــژوونــووســان و ئێــرانناسانی وەكوو مستەفا وەزیری13 و ئەفشین مەتین ـ عەسكەری14 و عەلیڕەزا ئەسغەرزادە15 ڕەزا زیا ئیبراهیمی16 بە تێروتەسەلی باسی ســەرهەڵدان و پەرەگرتنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی/فارسییان لە مەودای ساڵانی 1906 تا 1925دا كردووە. بەتایبەتی كۆمەڵێك لە نووسەرانی ناسراو بە “كۆڕی بێڕلین” كە قۆڵیان لە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵە بەرهەمێك هەڵماڵی بۆ پێناسە و پەرەگرتنی تێگەیشتنی پەرەسەندنی و، ئەورووپاەوەر و ڕۆژهەڵاتناسانە لەسەر پێكهاتەی فرەكولتووری و چەندزمانیی ئێران.17 پێناسەیەك كە زمان و ناسنامەی كولتووریی فارسی لەسەر ترۆپكی كامڵبوونی مێژوویی سێهەزار ساڵە دادەنا و كولتوورەكانی دیكەشی لە پەراوێزەكەیدا. گۆڤاری “كاوە” (1916 تا 1922) بە سەرنووسەریی حەسەن تەقیزادە، گۆڤاری “ئیرانشەهر” (1922 ـ 1927) بە سەرنووسەریی حوسێن كازمزادە ـ ئیرانشەهر، گۆڤاری “نامەی فەرەنگستان” (1927 ـ 1922) بە بەڕێوەبەریەتیی موشفیق كازمی و گۆڤاری “ئایندە” (1925) بە بەڕێوەبەریەتیی مەحموود ئەفشاری یەزدی لە مەودای دوو دەیەدا بیچمی جۆرێك “ڕژیمی حەقیقەت”ـیان پێك هێنا، كە لە دەوری تەوەری ئێرانیبوون و میراتگەرایی و كەونارخوازی و لە هەمووشیان گرنگتر “زمانی فارسی” كۆ دەبوونەوە. بۆ نموونە، لەحاڵێكدا كە گۆڤاری كاوە بە پێداگرتن لەسەر ئوستوورەی ئاریایی كە لە بنەڕەتدا سازکراوێکی ڕۆژهەڵاتناسانە بوو ـ باوەڕی بە ڕۆژئاواییبوونی بێلەمپەر بوو، نووسەرانی گۆڤاری ئیرانشەهر وێڕای ڕەخنەگرتن لە ڕۆژاوا، لە گەڕانەوەدا بۆ خۆیان، پێیان لەسەر مەزهەبی شیعە وەكوو ئایینێكی سازگار لەگەڵ “ڕۆحی ئێرانی” و “زمانی فارسی”ـدا دەگرتەوە. كازمزادە لە “خۆنواندنەوەی ڕۆحی ئێرانی”ـدا دەنووسێ “ڕۆحی ئێرانی، وەكوو ئاوێنەی بێپەڵە هەموو تایبەتمەندییە سەرنجگرەكان و تەواوی لایەنە باشەكانی تایبەتی ڕەچەڵەكی سەربەرزی ئاریایی گشت قۆناغەكانی مێژووی خۆی دەرخستووە و نواندوویەتەوە، ڕۆحی ئێرانی بەردەوام بووەتە نوێنگەی ڕۆحی ئاریایی… ڕۆحی ئێرانی باشترین نموونەی ڕۆحی ئاریاییە.” هەر بەو جۆرە نامەی فەڕەنگستان بە پێداگرتنەوە لەسەر نوێبوونەوەی فەرماندەرانەی مستی پۆڵایینی دەوڵەتێك بە واتایەكی تەواو فاشیستیانە، پەرەپێدانی زمان و كولتووری فارسیی بە بەردی بناغەی نەتەوەبوون دادەنا. گۆڤاری ئایندەش وەكوو بەرنامەی یەكدەستكردنی كولتووری و سڕینەوەی كولتوورە نافارسەكان، بە كەمتر لە لەناوچوونی كولتوورەكانی نیشتەجێی جوگرافیای ئێران ڕازی نەدەبوو. ئیرەج ئەفشار لەو بارەیەوە دەنووسێ: “ئەگەر ئازەربایجانی بە زمانی توركی ڕۆژنامە بخوێننەوە و شیعری توركی بنووسن، ئیتر چ پێویستێكیان بە زمانی فارسی هەیە؟ دەبێ كارێكی وا بكەین وردە وردە وشەی فارسی جێی وشە توركییەكان بگرنەوە، بەشێوەیەك كە سەدا حەفتای وشەكانی ببنە فارسی.”18
با بگەڕێینەوە سەر پێناسەی كولتوور. پاش دووەم شەڕی جیهانی، لەگەڵ پاشەكشەی كۆلۆنیالیزمی كلاسیك و پەرەگرتن و گەشەی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە لە وڵاتانی داگیركراودا و سەرهەڵدانی بۆچوونی دابڕێنەرانە و كەلێنسازانەی بیرمەندگەلی وەكوو میشێل فوكۆ و بەشوێنیدا سەرهەڵدانی هەڵوێستی پاشكۆلۆنیالیستی و وەرچەرخان و گۆڕانی لە دووتوێی گوتاری نەهێشتنی داگیركەری، قۆناغێكی شیكردنەوەی كولتوور هاتە گۆڕێ، كە بە “وەرەچەرخانی كولتووری” بەناوبانگە. ئەو گۆڕانكارییانە بوونە هۆی پێداچوونەوە بە بیروبۆچوون و تیۆرییەكانی پەیوەندیدار بە ناسیۆنالیزم. لەو تیۆرییانەدا، چەمكی كولتوور لەچاو چەمكی نەتەوە یان نەتەوەبوون كەمتر سەرنجی پێ درا. بەو حاڵەشەوە خاڵێكی سەرنجڕاتكێش ئەوەیە: ئەو پێناسانەی لە كولتوور و نەتەوە و ملییەت و قەوم دەخرێنە ڕوو، بە سەرنجدان بەوەی كە هەموویان ئاماژەیان بە هەبوونی كۆمەڵەیەكی خاوەن زمان و بیرەوەری و مێژوو و وڵاتی هاوبەشە، بەشێوەیەكی بەربڵاو هاوشێوە و تەنانەت وەك یەكن. بەڵام چەمكی قەومییەت، تۆزێك مشتومڕهەڵگرە و هۆیەكەشی دەچێتەوە سەر بیرخستنەوەی ئەو واتایەی كە مرۆناسە بەراییەكان بەگوێرەی تێڕوانینی ئەورووپاتەوەر خستبوویانە ڕوو و، ئەو چەمكەیان بە هاوواتای چەمكی كۆمەڵگەی نەریتی، ناشارستانی و نامۆدێڕن دادەنا. ئەو تێگەیشتنە لە “قەومیەت” ئێستا لە كۆمەڵناسی و بەتایبەتی لە مرۆناسیدا بەلاوە نراوە، بەشێوەیەك كە زۆربەی تایبەتمەندییەكانی پێناسەی نەتەوە و قەوم وەكوو زمان و مێژووی هاوبەش لەگەڵ چەمكی كولتوور تێك دەكەنەوە. زۆر جاران دەستەواژەی “ئێتنۆ” هاوڕەچەڵەكە لەگەڵ “ئێتنیسیتە” هاوواتای “خەڵك. هەڵبەت لە كەشی ڕووناكبیریی ئێراندا كە تێیدا زانستە كۆەڵایەتییەكان هەر لە بنەڕەتدا دەوڵـــەتخوازانــــە و نــاوەندخوازانەیە، ئەو چەمكانە هێشتا بە واتا سەدە نۆزدەییەكەیان بەكار دەبرێن. بەدوای سەرهەڵدانی تێڕوانینەكانی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم، ئەمڕۆ مرۆناسانە كەلك لە دەستەواژەكانی “نەتەوە خۆجێییەكان” یان “نەتەوە بەراییەكان” وەردەگرن، بۆ ئەوەی پێ لەسەر خاوەنداریەتیی خاك و پێشینەی كولتووری و زمانیی كولتوورە بەکۆلۆنیکراوەکان دابگرنەوە و بیانپارێزن.19
شتێكمان نییە بەناوی “كولتووری تاقانەی ئێرانی”
حەمید ئەحمەدی لە نووسینەکەی خۆیدا، بۆ ئەوەی بڵێ “نەتەوەبوون بریتییە لە هەر تاقمێكی زمانی و نەژادی و مەزهەبی و… ئەوە بە نەتەوە دەزانێ، نەك لە بەرهەمەكانی ئەو مەزنانەدا شتی وا بەدی ناكرێ، بگرە تا ڕادەیەك هەر هەموویان بەشێوازی جۆراوجۆر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بە لایەنی ناوازەی ئێران كردووە وەكوو نەتەوەیەكی مێژوویی یان یەك نەتەوەی كەونارایی (ancient nation)”، دێ توێژێك لە تیۆرداڕێژەرانی وەك “ئێڕنێست گێلنەر، بێنێدیكت ئەندرسۆن و ئێریك هابسباوم و ئانتۆنی سمیت و دەیڤید میللەر” پێكەوە ڕیز دەكا بەبێ ئەوەی سەرنج بداتە بنەما جیاوازە هزرییەكانیان و ڕوانینی جیاوازیان بۆ پێناسە و چەمكەكانی نەتەوە و ملییەت و ناسیۆنالیزم. ناوبراو وێدەچێ یان بەرهەمی ئەو نووسەرانەی بەباشی نەخوێندبێتەوە، یان بانگەشەكەی لەسەر بنەمای خراپتێگەیشتن لە كولتوور و تێكەڵكردنی ئەو چەمكە لەگەڵ زمان و قەوم و ئایین دامەزراوە. تیۆرداڕێژەرانی ناسیۆنالیزمی ئەزەلی/پرایمۆردیال لەسەر ئەو باوەڕەن كە نەتەوەكان جەوهەرێكی دێرین و سەروومێژوویان هەیە و بوونیان بە مۆدێڕنیتەوە نەبەستراوەتەوە. بۆ نموونە ئانتۆنی سمیت20 لە كتێبی “ناسنامەی نەتەوەیی”ـدا (1991 ل 14) نەتەوە بە “كۆمەڵەیەكی مرۆیی خاوەنی ناو و هەرێمی هاوبەش و ئوستوورە و بیرەوەری و مێژووی هاوبەش، كۆمەڵەیەك و كولتوورێكی گشتی و ئابوورییەكی هاوبەش و خاوەنی ماف و ئەركی یاسایی هاوبەش بۆ هەموو ئەندامەكانی” پێناسە دەكا. هەر بەو جۆرەش ئێڕنێست گێلنەر(1982: ل 43) ناسیۆنالیزم بە هەوڵی “كولتوورێك” یان “قەومێک” بۆ ژیان لە ژێر “میچێك”ـدا دەستەبەندی دەكا.21 ئەو پێناسەیە لە نەتەوەبوون، لە بنەڕەتدا نەتەوەكان ناخاتە سەر ڕێچكەی ڕیزبەندی یان زنجیرەی پەرەسەندن. بەو حاڵەشەوە مێژوونووسەکان و ئاكادیمییە ئێرانییەكانی وەكوو عەباس ئەمانەت22 و حەمید دێهباشی23 و حەمید ئەحمەدی24 بەشێوەی هەڵبژێردە و لە پێناو هەڵبەستنی یەك كولتوور/نەتەوەی تاكانەی ئێرانیدا كەلك لەو دەستەواژانە وەردەگرن، بۆ ئەوەی دەری بخەن سەرەڕای چەندین سەدە هێرشی دەرەكی و گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵ، شەقڵنەشكاو و یەكدەست ماونەتەوە و خۆیان پاراستووە. بۆ نموونە سەید جەواد تەباتەبایی، هەوڵ دەدا بە پشتبەستن بە خوێندنەوەیەکی هێگلی لە ڕۆحی نەتەوەیی (كە لە بەستێنی ئایدیالیزمی ئاڵمانیدا دەستەبەندی كراوە) یەكیەتیی نەتەوەیی لە فرەچەشنی ـ بە بۆچوونی وی ـ قەومی و زمانی و ئەو شتانە هەڵێنجێ، لەحاڵێكدا بەڕێزیان پێی وایە ئەو فرەیی و جۆراوجۆرییانە دەفر و دەرەتانی كولتووری و ناسینی و مەعریفەناسیانەیان تێدا نییە، بۆیە دەرەنجام ئەو یەكیەتییە نەتەوەییەی تەباتەبایی مەبەستیەتی، ناچار هەر لەگەڵ كولتوور و ناسنامەی فارس هاوواتا و هاوشێوە دەبێتەوە. خۆ ئەگەر قەرار وابێ باوەڕمان بە جەوهەری نەگۆڕ و بەرایی نەتەوەكان هەبێ، ئەو جوگرافیایەی ناوی نراوە دەشتی بەرزی ئێران، بەو جۆرەی مێژوونووسەكان باسیان كردووە، هاوكات شوێنی ژیان و گیرسانەوەی سەدان نەتەوە یان كولتوور بووە. ئەو دەشتە بەرزە لە دووتوێی ئەو مێژووە چەند هەزار ساڵەیەدا كە لەبارەیەوە نووسراوە، بەردەوام حەوانگە و شوێنی كولتوورە جۆراوجۆرەكان بووە. سەرەڕای ئەوەی كە دەتوانین ناوی دەیان ئیمپراتۆری یان بنەماڵەی قۆناغی پێش و پاش ئیسلام بێنین لە ئێراندا، بەڵام ئیمپراتۆرییەكان زۆر لە هەرێمە كولتوورییەكان و بوونە سیاسییە مۆدێڕنەكان جیاوازن. ئیمپراتۆرییەكان، پێكهاتەی سیاسی/جوگرافیایی مەزنن، كە سنوور و هەرێمیان بەردەوام لە گۆڕاندا بووە و لەسەر بنەمای پاراستنی دەسەڵاتی هەرێمی و وەرگرتنی پیتاك و ماڵیات دامەزراون. ئەو دەسەڵاتانە توانای جڵەوكردن و فەرمانڕەوایی یان ڕەچاوكردنی سیاسەتی هاوشێوەی دەوڵەتە مۆدێڕنەكانیان نییە. ئەو پێناسەیە بەتایبەتی لەبارەی ئیمپراتۆری و بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی نێو جۆگرافیای ئێران ڕاستە، چونكە ئیمپراتۆرییەكانی كەونارا لە زاتی خۆیاندا لە ڕووی تەكنۆلۆژیك و برۆكراتیكەوە نەیاندەتوانی نەتەوە، قەوم، یان كولتوورێكی تاكانە دروست بكەن. ئەگەر قەرار وابێ، وای دانێین كە بوونی یەك نەتەوەی ئێرانی لە سەردەمی ساسانییەكان یان سامانییەكاندا بێینە پێش چاومان، كەوابوو دەبێ باوەڕمان بەوەش هەبێ، كە بۆ نموونە ئیمپراتۆریی هابسبۆرگیش یەك نەتەوە بووە و ئەو وڵات و نەتەوانەی لێی كەوتوونەتەوە، بە دەردی ناسیۆنالیستە ئێرانییەكان “جوداییخواز” بوون؛ یان بۆ نموونە هەموو ئەم جیهانەی ئەمڕۆ لە ژێر ناوی پاشماوەی نەتەوەكانی بەریتانیا و ئیسپانیا یان پۆرتۆگال پێناسە بكەین، بەتایبەتی كە زمانی سپانیۆلی ئێستا زمانی باوی وڵاتانی ئەمریكای لاتینە. ڕوانگەی پرایمۆردیال ئەگەر قەرار بێ نەتەوەیەكمان بەناوی نەتەوەی ئێران بۆ پێناسە بكا، كە لە بنەبانی مێژووەوە هەبووە، دەبێ دەری بخا و پێمان بڵێ ئەو نەتەوەیە چ زمانێك، چ ئایینێك و ئەدەبیات و شیعر و وڵات و بیرەوەریی و دابونەریتێكی دیار و یەكدانەی هەبووە و پێوەی ژیاوە. لێرەدا لە سێ وەڵام زیاتر بەو پرسیارە نادرێتەوە: یان دەبێ هەر كام لە كولتوورەكانی نیشتەجێی نێو ئێران وەك نەتەوەیەكی جیاواز پێناسە بكەین، یان دەبێ حاشا لە جیاوازییە زمانی و ئایینی و كولتووری و ناسنامەییەكانی ئەو كولتوورانە بكەین، یان دەبێ چەمكی نەتەوەی ئێران بە “دال”ـێكی بێ “مەدلوول” بزانین. بەتایبەتی ئەوەی كە وشەی ئێران لە هیچ بەرهەمێكی مێژوویی و ئەدەبیی پێشمۆدێڕندا بە هاوواتای ناسنامەی نەتەوەیی و بە مانا مۆدێڕنەكەی بەكار نەهاتووە و ناكرێ بەكار بێ، بەڵكوو بە مانای جۆراوجۆر و هێندێ جار دژ بەیەكی هەرێمی سیاسی جوگرافیایی و دینی بووە. لەو ڕووەوە، ئێران و نەتەوەی ئێرانی ـ بەپێچەوانەی زمان و كولتووری فارس و هەروەها كولتوورە نافارسەكان ـ پێكهاتەیەكی مێژوویی مۆدێڕنە نەك بوونێكی ئەزەلی و ئەوپەڕمێژوو. لە ڕاستیدا ئەوە لەگەڵ شۆڕشی مەشڕووتەیە كە چەمكی كۆن و فرەخوازی “مەمالیكی مەحرووسەی ئێران” گۆڕدراوە و كراوە بە چەمكی تازەی “نەتەوەی ئێران” و لەو ڕەوتەدا واتای وشەی “نەتەوە” لە “كۆمەڵگەی ئایینی”ـیەوە دەكرێتە “نەتەوەی مۆدێڕن.” لەگەڵ بەدەسەڵاتگەیشتنی ڕەزاخانە كە لە پرۆسەی كۆمەڵێك نامەگۆڕانەوەدا ناوی “پێڕشیا” بە فەرمی دەگۆڕدرێ و دەكرێتە ئێران.
تیۆرییەكانی مۆدێڕن و بیچمدەری ناسیۆنالیزم وەڵامێكی باشتر بۆ تێگەیشتن لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەدەستەوە دەدەن. ئێریك هابسبام (1983)23 نەتەوەخوازی بە جۆرێك ئایدۆلۆژیا دەزانێ كە ئامانجەكەی پێكهێنانی تەباییە لەنێوان یەكەی سیاسی و یەكەی نەتەوەییدا. هابسبام وێڕای ڕەخنە لە تیۆریی ئەزەلی ـ ئەبەدیبوونی نەتەوە، باوەڕی وایە ئەو ناسنامە و نەریتانەی بانگەشەی پێشینە دەكەن، شتێكن بەو دواییانە دروست بوون و داهێنراون. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە لەو واتایەدا تەواوی ناسنامەكان لە بنەڕەتدا بریتین بەو بەرهەم و پێكهاتە مێژوویی و كولتوورییانەی كە هەڵگری گۆڕانن، ناسنامەی ئێرانی یەكێكە لە باشترین نموونەكانی ئەو داهێنانە. بێنێدیكت ئەندرسۆن (1983)26 لەوەی تێپەڕاندووە و ناسنامەی نەتەوەیی بە “كۆمەڵەیەكی وێنایی” و بەرهەمی سەرهەڵدانی پیشەسازیی چاپ دادەنێ. بە واتایەكی دی، ناسنامەی نەتەوەیی یان نەتەوە وەك “كۆمەڵەیەكی وێنایی” ناكرێ پێش مۆدێڕنیتە هەبووبێ. بۆ نموونە وەرزێڕێكی فارسی خەڵكی مەشهەد چەند سەدە لەوەپێش چۆن دەیتوانی بیهێنێتە پێش چاو و خەیاڵی خۆی كە لەگەڵ كەسێكی سنەیی یان بووشێهری كۆمەڵێك توخم و خاڵی هاوبەشی كولتووری و زمانییان هەیە؟ سەرهەڵدانی ئەو وێنا تایبەتە مێژوییە لە ناسنامەی نەتەوەیی تەواو پەیوەندیی بە پێشمەرجی هەبوونی تەكنۆلۆژی و پەیوەندییەكان و پەروەردە و ڕاگەیاندنەکان و باقی دەرەتانە مۆدێڕنەكانەوە هەیە. حەمید ئەحمەدی، دیسان لە یادداشتەكەی خۆیدا كە ڕەخنە لە دوكتۆر كامەران مەتین دەگرێتەوە، دەڵێ: “ئەو پێناسەیەی ناوبراو لە نەتەوە مەبەستیەتی، لە ساڵی 1920 بەدواوە لەلایەن یەكیەتیی سۆڤیەت و دامودەزگای بانگەشەكەری ئەو وڵاتەوە دەرخواردی تاقمە قەومییەكانی سەرانسەری جیهان درا، بۆ ئەوەی هاوشێوەی سۆڤیەت لە وڵاتەكەی خۆیان جوێ بكاتەوە و بیانخاتە سەر خۆی.” من گومانم لەوە نییە كە بەڕێز ئەحمەدی مێژووی هاوچەرخی ئێرانی خوێندووە. بەدڵنیاییەوە ناوبراو لە هەموو كەس باشتر دەبێ شارەزای هۆكارەكانی سەرهەڵدان و تێشكانی بزووتنەوەی مەشرووتە و سەرهەڵدانی دەقە ڕەگەزپەرستانەكانی ئاخوندزادە و كرمانی و لە هەمووشیان گرنگتر هۆكارەكانی بەدەسەڵاتگەیشتنی ڕەزاخانی میرپەنج بە كۆدەتای بەریتانیا و لێكەوتەكانی دواتری بێ. ئەو لێكەوتانە، لە كوشتوبڕی سەرهەڵدانە كولتوورییەكانەوە تا كوشتاری عەشایەری بەختیاری و بوێرئەحمەدی و قەشقایی و لوڕ و عەرەب لەخۆ دەگرێ، كە هێندێ مێژووزانی وەكوو هومایون كاتوزیان و كاوە بەیات بە هاوشێوەی پـــاكتاوی ڕەگــــەزیی سوورپێستانی ئەمریكای باكووری دادەنێن. بەڕێزیان وەكــوو مێــژووزانێك بــەدڵنیاییــەوە ئــاگــــاداری دەوری ڕۆژهــەڵاتناس و كەوناراناسانی وەكوو “ئاڕتۆر پۆپ”ـە لە پەرەپێدانی ئوستوورەی ئاریایی لە سەردەمی پەهلەویدا و بەخشینی ناسناوی “پاكزاد”ی ئاریایی لەلایەن محەمەدعەلی فرووغییەوە بە ڕەزاخان لە ڕۆژی تاجلەسەرنانیدا لە ساڵی 1926. ئیلهاموەرگرتنی دەستوپەیوەندەكانی ڕەزاشا لە نازیسمی ئەڵمانی و تەقینەوەی ئەو چیرۆك و ئوستوورانەی جەنابی ئەحمەدی بۆ بەشێك لەوان پشت بە بەرهەمەكانی ئانتۆنی سمیت و كەسانی دی دەبەستێ، بوو بەهۆی سەرهەڵدانی سیستەمی تاكڕەو و ئەو گوتارە داگیركەرانەیەی لەسەر دروشمی “یەك نەتەوە، یەك زمان و یەك وڵات” دامەزراوە. هێندێ مێژوونووس و ڕووناكبیری پێداچوونەوەخوازی ئێرانی وەكوو ئەفشین مەرعەشی27 و عەلی مەسعوودی ئەنساری28 ئەم بابەتە پشتڕاست دەكەنەوە. چاوخشاندنێكی زۆر خێرا بەسەر مێژووی هاوچەرخدا بە ڕوونی دەریدەخا كە ئێران وەكوو یەك دەوڵەت ـ نەتەوەی مۆدێڕن لە دەیەكانی پاش یەكەم جەنگی جیهانیدا بنیات نرا. پێكهاتنی دەوڵەت و نەتەوەی مۆدێڕن لە ئێراندا بە یارمەتیی پڕۆژە هزرییەكانی ڕووناكبیرانی وەك ئەندامانی “كۆڕی بێرلین” كە دواتر لە سەردەمی پەهلەویدا بوونە دەسەڵاتدار لەلایەك و سەركوتی كولتوورە نافارسەكان بە هێزی سەربازی لەلایەكی دیكەوە ـ بۆ نموونە كۆمەڵكوژیی لوڕەكان لەلایەن سپاسالار ئەمیرئەحمەدییەوە كە بە “ئایشمەنی ئێران” ناسراوە ـ بەڵگەی ئەو پرسەن، كە ناسنامەی نەتەوەی ئێرانی هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای حاشالێكردن و سڕینەوەی كولتوورەكانی نێو ئەو جوگرافیایە بنیات نراوە.29 هەر بۆیە نازانم تێگەیشتن لە ئێران وەك كۆمەڵگەیەكی “فرەنەتەوە” یان لە ڕوانگەی منەوە “فرەكولتوور” چ پەیوەندییەكی دەكرێ بە ستالینیزم و ئەو ئایدۆلۆژیا چەپەوە هەبێ كە بەڕێز ئەحمەدی باسی دەكات؟ لە ڕاستیدا، ئەو شتەی وا لای بژاردەی زاڵی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە ناوی “فیتنە و سەربزێوییە قەومی و عەشیرەتییەكان”ـی وەك شۆڕشی شێخ خەزعەل و شۆڕشی سمكۆ و كۆماری كوردستان و كۆماری ئازەربایجان خرایە نێو مێژوونووسینی زاڵ و دەسەڵاتدارەوە و بوو بە باو، جگە لە بەرگری و سەرهەڵدانی كولتوورەكان و ئەو نەتەوانە نییە، كە لە هەمبەر سیاسەتی ستاندەرسازیی كولتوور و مێژوو و بیرەوەریی نەتەوەیی هاوبەشدا لەلایەن دەوڵەتی مۆدێڕنەوە ڕاپەڕیبوون و بەربەرەكانێیان دەكرد. لەو ڕوانگەیەوە، ناسنامەی ئێرانی بەگوێرەی تێڕوانینی كۆنستراكتیڤیستی، نەك بەدەردی هابسابم “داهێنەرانە”ـیە بگرە ناوەڕۆکێکی کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستیشی هەیە، كە لەسەر بنەمای سەپاندنی زمانی فارسی وەكوو “حبل المتین”ـی ناسنامەی نەتەوەیی ئێرانی دامەزراوە. لە ڕاستیدا، بەپێچەوانەی بەڵگاندنەكەی حەمید ئەحمەدی، ناسنامەی نەتەوەیی ئێرانی یەكێكە لە باشترین نموونەكانی ئەو داهێنانە مۆدێڕنە. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا و لە سایەی سیاسەتەكانی حاشالێكردن و یەكسانكردنی ڕابردوودا، كولتوورە نافارسەكان لە زاراوە و زمانە خۆجێییەكان و فولكلۆر و نەریتە زارەكییەكاندا بچووك كراونەتەوە. ئەو بچووككردنەوە و سڕینەوە كولتوورییە، دیارە بەرگری و بەرەنگاریی نەتەوە ژێردەستەكانی لێ كەوتووەتەوە.
ئێرانشارگەرایی وەك “سڕینەوەی جیاوازییەكان”
حەمید ئەحمەدی نەتەوە نافارسەكانی بە تاقمی زمانی و قەومی ناو بردووە و دەڵێ: “باشە ئەگەر بكرێ كوردەكان بەگوێرەی پێناسەی ستالینی و بەهۆی تۆزە جیاوازییەكی زمانی كوردی لەگەڵ فارسیدا بە نەتەوەیەك دابنێی، ئەوكات یەك نەتەوەی كورد چ بەزم و واتایەكە كە باسی دەكا؟ ناوبراو نازانێ لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و دەرەوەی ئەو ناوچانەشدا ئێمە كۆمەڵێك جۆراوجۆری و فرەیی زمانی و زاراوەیی و ئایینی و تاقمایەتیمان هەیە، كە زۆر لە فرەیی و جۆراوجۆرییەكانی نێو ئێران پترن؟ سەرەڕای چوار زمان و زاراوەی كوردیی كرمانجی و سۆرانی و هەورامی و زازا و زاراوە جۆراوجۆرەكانی كەلهوڕی و…. جۆراوجۆریی شیعی ـ سوننی، ئیزدی (یان یەزیدی) و گەلێ تاقمی ئایینی وەكوو نەقشبەندی و قادری و… ئێمە لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیەی ناوبراو لە نەتەوە دەیخاتە ڕوو، لانیكەم لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دە نەتەوەمان هەیە. جیاوازییەكانی نێوان ئەو زاراوە و زمانانە لە ناوچە كوردنیشنەكاندا لەگەڵ یەكتر جاری وایە زۆر زیاترە لە جیاوازییەكەیان لەگەڵ زمانی فارسی”. نامۆبوونی ئەحمەدی لەگەڵ چەمكی كولتوور و بەتایبەتی لەگەڵ كولتوورەكان و زمانە نافارسییەكان ـ كە بەدڵنیاییەوە لە نێو هەرەزۆری كۆمەڵناسان و مرۆناسان و مێژووناسانی نێو ئێرانیشدا زۆر باوە ـ وا دیارە ناوبراو بەو ئاكامە گەیاندووە، كە شتێكی زۆر مەزنی دۆزیوەتەوە. یەكەم ئەوەی كە هەبوونی زار و بنزاری جۆراوجۆر لە هەر زمانێكدا زۆر سروشتییە و پتر لە هەموو شتێك بە واتای پێچەڵپێچیی ئەو زمانەیە، ئەوەش جەوهەری بزۆك و زیندووی كولتوور دەخاتە ڕوو و تایبەتی یەك یان دوو كولتوور و نەتەوەی تایبەت نییە. ئەو پێچەڵپێچییانە دەكرێ لە زمانی عەرەبیدا (كە لە زیاتر لە دە دەوڵەت/وڵاتی عەرەبیدا قسەی پێ دەكرێ) یان زمانی چینی و تەنانەت فارسیشدا بەدی بكرێ. دووەم، ئەگەر بەڕێز ئەحمەدی هەر تۆزێك بە زمان و كولتووری كوردی ئاشنا بوایە، دەیدی، كە جیاوازیی ڕێزمانی و ئەلفوبێ و خەزێنەی وشە كوردییەكان لەگەڵ زمانی فارسیدا زۆر زیاترە لە جیاوازییەكانی نێوان فارسی لەگەڵ عەرەبی. ئەگەر قەرار وابێ لێرەدا زمانێك لە ڕووی ڕێزمانی و ئەلفوبێ و داڕشتنەوە لق یان زاراوەی زمانێكی دیكە بێ، ئەوە زمانی فارسییە كە دەبێ بنزارێكی عەرەبی بێت. بۆ ئاشنابوونی بەڕێز ئەحمەدی لەگەڵ زمانی كوردی، داوای لێ دەكەم چاوێك لە “فەرهەنگی زارەكیی موكریان” بكا، كە تا ئێستا دوازدە بەرگی لێ بڵاو بوەتەوە و هێشتا نەگەیشتووەتە پیتی “ق”.30 سێیەم، زمانی كوردی بەپێچەوانەی زمانی فارسی سەرەڕای ئەوەی زۆر كەم كەوتووەتە ژێر كارتێكەریی زمانی عەرەبی، دەرەتانی وشەسازی و زمانەوانیشی زۆر زیاترە. داوا بە بەڕێزیان دەكەم بۆ خوێندنەوەی دەقێكی كوردی، بۆ نموونە كتێبێكی من لە بارەی “شێوازناسیی چەندایەتی و چۆنایەتی” بخوێنێتەوە كە بە زمانی كوردی نووسیومە و چاپ و پەخشی لۆگۆس چاپی كردووە.31
پتر لە سەدەیەك سەپاندنی زمانی فارسی لەلایەن ئەرتەش و لەشكری بژاردە و مێژوونووسانەوە و سەدان بەرنامە و ناوەندی گەشەپێدان لە ئێرانی پاش 1304ـەوە و تەنانەت پشتیوانیی دارایی و دامەزراوە و زانكۆیی لە دەرەوەی وڵاتیش، نابێ بەڕێز ئەحمەدی چەواشە و تووشی ئەو خراپتێگەیشتنە بكەن، كە دەكرێ زمانی كوردی بە بن لقێك (بنزارێك)ی زمانی فارسی دابنرێ، ئەگەرچی سروشتییە زمانەكان شت لە یەكتر وەردەگرن. بەڕێز ئەحمەدی، زمانەكان، نەتەوەكان و قەومەکان لە “تاقم”ـدا بچووك دەكاتەوە. هەر كۆمەڵەیەكی زمانی و قەومیی، بەشێوەی سەربەخۆ كولتوورێكی سەربەخۆیە و مافی كولتووری و مرۆیی یەكسان لەگەڵ ئەوانی دیكەی هەیە و، بە مۆركی تاقم و زار و بنزار و شتی لەو چەشنە ناتوانی بڕیاری لەناوبردن و یەكدەستكردنی جۆراوجۆرییەكانی مرۆیی بدەی. وەها بانگەشەیەك لەلایەن ئەحمەدییەوە زیاتر لە قسە و بانگەشەی بانگەشەكەرێكی مەسیحی یان كاربەدەستێكی داگیركەری سەدەی هەژدەیەم دەچێ تا بۆچوونی خوێندەوارێك، كە لە ئێرانیش ژیاوە و دەشتوانێ زۆر بە ئاسانی دەستی بەو كولتوورانە ڕا بگا و تێیان بگا، بەڵام خۆی لێ بێبەش كردوون. لە هەر شوێنێك زمان هەبێ، لەوێ كولتوور دروست دەبێ، زمان بەشێك نییە لە كولتوور، زمان خۆی هاوواتای كولتوورە. وەك فڕانس بواسی مرۆناس و زمانناسی دژەڕەگەزپەرستی دەڵێ، زمان گرینگترین كۆڵەكەی كولتوور و بەرهەمهێنەری كولتوور و سەرووتر لەویش خودی كولتوورە. كولتوورەكان لەوانەیە لە ڕووی ژمارە و جەماوەرەوە بچووك بن، بەڵام هەڵناگرن بە پێوانەی چۆنایەتی و چەندایەتی هەڵسەنگێنرێن. ناكرێ كولتوورەكان دەستەبەندی بكەی، ئەویش بە زەبر و زۆرداری. كولتوورگەلێك ـ بۆ نموونە كولتووری “پیراكان” لە ئەمازۆن ـ لەم جیهانەدا هەن، كە ژمارەی ئەندامەكانیان ناگاتە چەند هەزار كەسێكیش، بەڵام زمان و ناسنامەی كولتووری و جیهانبینیی تایبەتی خۆیانیان هەیە. بۆ نموونە كولتووری پیراكان، “سیستەمی ژماردن”، “كات” و چەمكێك بە ناوی “خودا”یان تێدا نییە. 32 بچووككردنەوە یان دەستەبەندیكردنی كولتوورەكان لە بنەڕتدا كردەیەكی کۆلۆنیالیستییە لەسەر بنەمای ڕەتاندن و چەوساندنەوە و لەناوبردنی مرۆڤ. جەماوەری كەمی كولتوورێك یان ژمارەی كەمی ئاخێوەرانی زمانێك، ئەوان ناكاتە تاقم، بەڵكوو جۆراوجۆریی كولتوورە مرۆییەكانی پێ زیاد دەبێ. ڕێچكەگەلی وەك هەڵسوكەوتی سەید جەواد تەباتەبایی و حەمیدی ئەحمەدی لەگەڵ هەڵاواردنی چەمكی زمان لە گەل و گەل لە نەتەوە و نەتەوە لە كولتوور و مێژوو، لەپێناو ڕەخساندنی دەرەتانی تیۆریی بچووككردنەوەی كولتوورەكانی نێو جوگرافیای ئێراندایە تا ئاستی “یەكەی شیاوی بندەستی و ناشارستانیی بێ دەرەتانی كولتووری و مەعریفی”، ئەوەش لە پێناو پاساوی ئیمپریالیزمی زمانی و وڵاتێكدا كە لە یەكەیەكی كۆلۆنیالیستیی بەربەریندایە بەناوی ئێران. وەها ڕوانگەیەك بۆ كولتوور و وڵات، بیرهێنەرەوەی شێوەی زاڵی كۆلۆنیالیستیە لە كۆنترین و توندوتیژترین شێوەكەیدا، كە بە پشتبەستن بە پاساوگەلی بایۆلۆژیكی و زەینی لە هەوڵی داگیركردنی وڵات و دەستگرتن بەسەر كولتوورەكەیدا و سڕینەوەی مۆركی مرۆڤایەتی لە كولتوورە مرۆییەكاندایە. هەر وەك بیرمەندگەلی وەكوو هانا ئاڕێنت ئاماژەیان پێ كردووە، تێڕوانینی ئاوا لەلایەن بژاردەی زاڵەوە ڕێخۆشكەرە بۆ “ژینۆساید”ی كولتووری و لەوانەیە سڕینەوەی فیزیكییش. لایەنێكی دیكەی مەترسیداری ئەم ئایدۆلۆژیایە ئەوەیە كە بە ناوی بەرگری لە “مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ” ئەوەی تێدایە پاساودەر و هاندەری هەموو چەشنە تاوان و زەبروزەنگێك بێت. ئەو تێگەیشتنە نەژادی و زمانییە لە مافەكانی مرۆڤ دەكرێ بە واتای كانت، بە جەنایەت دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم بدرێ، ئەوەی كە دەتوانی زمانێك لەناو ببەی، وڵاتەكەی داگیر بكەی، ئاخێوەرەكانی یەكدەست بكەی و كولتوورەكەی بسڕیتەوە، جگە لە ڕاگەیاندنی شەڕ دژی بنەماییترین مافەكانی مرۆڤەكان هیچ شتێكی دیكە نییە.
لە كۆتاییدا، بەو دەرەنجامە دەگەم، كە دەستەواژەگەلی وەك “كولتووری ئێرانی” یان “ئێرانی كولتووریی بەرینتر” یان “World Persianate: كە لەلایەن مێژوونوووسانی وەكوو عەباس ئەمانەت و ئەوانی دیكەوە بوونەتە باو، لایەنی بایەخی و سیاسیی کۆلۆنیالیستی و سەركوتكەرانەیان هەیە.33 ئێران، یەك كولتوور نییە، بەڵكوو یەك جوگرافیایە كە كولتوورەكانی نێو ئەو جوگرافیایە لە ماوەی چەندین سەدەدا پێكەوە و لەتەنیشت یەكتر ژیاون و كاریان لە یەكتر كردووە. هەبوونی فاڵێكی حافز یان شانامە لە گوندێكی هیند یان بەكارهێنانی زەعفەران لە شوێنێكی ئەنەدۆڵ “ئێرانی كولتووری” دروست ناكا، ئەگەر لەسەر بەو قسانە بێ، خۆ بەكارهێنانی “جیهانی عەرەبی” عەقڵانیتر دێتە بەرچاو، چونكە زمانی عەرەبی ئێستاشی لەگەڵ بێ، نەك هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرە لە باكووری ئەفریقا و شوێنەكانی دیكەی دونیاش زمانی شەرع و دین و بنەمای ئەلفوبێ و واژەگەلی فارسی و هەروەها دابونەریتی ئایینییە. ئەو جوگرافیایەی ناوی ئێرانە، هەواری كولتوورگەلێكە وەكوو كورد و فارس و لوڕ و عەرەب و بەلووچ و مازنی و گیلەكی و توركمان و … كە هەر كام زمان و هەرێم و دابونەریت و بیرەوەریی هاوبەشی تایبەت بەخۆیان هەیە. لەو نێوەدا فارس نە كۆڵەكەی كولتووری ئێران و ئاڵاهەڵگری سەروومێژووی شارستانیسازیی ئەو جۆگرافیایەیە، بەڵكوو یەكێكە لەو كۆمەڵە كولتوورەی لەو جوگرافیایەدا نیشتەجێن، بەڵام بە پشتیوانیی ئەرتەشی مۆدێڕن و لەشكری بژاردە و پیاوانی دەوڵەت و هەلومەرجی سیاسی و جیهانیی بەربڵاوتر توانیویەتی وەكوو بوونێكی سەروومێژوو خۆی بناسێنێ. ئەو تایبەتمەندییە “سەروومێژووییە” بە نرخی “سڕینەوەی مێژوو” و “كوشتنی مێژوو”ی كولتوورەكانی دیكە بەرهەم هاتووە.34 ئەو كولتوورانەی زیاتر لە سەدەیەكە بۆ دۆزینەوەی ناسنامە و مێژووی لەدەستچووی خۆیان خەبات دەكەن. بە قسەیەكی جەلالی ئالی ئەحمەد باسەكەم تەواو دەكەم، كە لە لاپەڕەی 310ی كتێبی
خزمەت و خیانەتی ڕووناكبیران”ـدا ئاماژە بەو كولتووركوژییە دەكا: “ئێستا ئەوە چل و چەند ساڵێكە كە هەموو هەوڵی حكوومەتەكانی ئێران نەك بۆ سنوورداركردنی زمانی توركی، بەڵكوو بۆ لەناوبردنی ئەو زمانە. ناویان نا ئازەری، زمانی داسەپاو، ناوی شار و گەڕەكەكانی ئازەربایجانیان گۆڕی، فەرمانبەر و سەربازی توركیان ناردە شوێنە فارسنیشنەكان، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێ، بچووكترین سەركەوتنمان بۆ لەناوبردنی زمانی توركی بەدەست نەهێناوە.”
سەرچاوەکان:
(pecritique.com) ایران«اتنیک»ندارد! / پیمان وهاب زاده – نقد اقتصاد سیاسی.
https://t.me/jtjostarha/363
https://t.me/iranvayj/5
Haviland, William A. et al. (2008), Cultural Anthropology: The Human Challenge. Belmont, CA: Thomson Wadsworth.
Williams, Raymond (1985), Keywords: A Vocabulary of Culture and Society. New York: Oxford University Press.
Geertz, Clifford (1973), The Interpretation of Cultures: Selected Essays. New York: Basic Books.
Segal, Daniel and Sylvia Yanagisako (2005), Unwrapping the Sacred Bundle: Reflections on the Disciplining of Anthropology, Duke University Press.
McGee, Jon (2012), Anthropological Theory: An Introductory History, New York: McGraw-Hill.
Asad, Talal (1973), Anthropology and Colonial Encounter, Ithaca Press.
Lehmann, Winfred (1967), A Reader in Nineteenth Century Historical Indo-European Linguistics, Indiana University Press.
Hockey, Katherine, and David Horrell (2018), Ethnicity, Race, Religion: Identities and Ideologies in Early Jewish and Christian Texts, and in Modern Biblical Interpretation. London: T&T CLARK.
Welsh, Robert, et al., (2020), Anthropology: Asking Questions About Human Origins, Diversity, and Culture, Oxford University Press.
Vaziri, Mustafa (1993), Iran as Imagined Nation: The Construction of National Identity, New York: Paragon House.
Asgharzadeh, Alireza (2007), Iran and the Challenge of Diversity: Islamic Fundamentalism, Aryanist Racism, and Democratic Struggles, New York: Palgrave Macmillan.
Zia-Ebrahimi, Reza (2016), The Emergence of Iranian Nationalism: Race and the Politics of Dislocation, New York: Columbia University Press.
Matin-Asgari, Afshin (2014), “The Berlin circle: Iranian nationalism meets German countermodernity” In: Scot-Aghaei, Kamran and AfshinMarashi (eds) Rethinking Iranian Nationalism and Modernity, Austin: The University of Texas Press, pp. 49–67.
18.افشار، محمود «یک پاسخ»، داریا، 6 آبان 1324.
Gomes, Alberto (2013), “Anthropology and the Politics of Indigeneity”, In: Anthropological Forum A Journal of Social Anthropology and Comparative Sociology, Vol 23, Issue 1, https://doi.org/10.1080/00664677.2012.749179
Smith, Anthony (1991), National Identity, University of Nevada Press.
Gellner, Ernest (1983), Nations and Nationalism, Oxford: Blackwell Publishing.
Amanat, Abbas (2017), Iran: A Modern History, New Haven: Yale University Press.
23 Dabashi, Hamid (2007), Iran: A People Interrupted, New York: The New Press.
احمدی، حمید ( 1376 )، قومیت و قوم گرایی در ایران ، افسانه یا واقعیت، تهران: نشر نی.
Hobsbawm, Eric and Terence Ranger (1983), The Invention of Tradition, Cambridge University Press.
26 Anderson, Benedict (1983), Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, Verso.
Marashi, Afshin (2008), Nationalizing Iran: Culture, Power and the State, The University of Washington Press.
Ansari, Ali (2012), The Politics of Nationalism in Modern Iran, Cambridge University Press.
Soleimani, Kamal & Ahmad Mohammadpour (2019), “Can non-Persians speak? The sovereign’s narration of “Iranian identity.”” Ethnicities, 19(5), 925–947. https://doi.org/10.1177/1468796819853059
30 https://kurdpress.com/fa/news/2956/
https://irlogos.com/products/allbooks/metodnasi/
32.https://www.theguardian.com/technology/2012/mar/25/daniel-everett-human-language-piraha
Amant, Abbas and Assef Ashraf (2018), The Persianate World: Rethinking a Shared Sphere, Brill.
Mohmmadpour, Ahmad and Kamal Soleimani (2022), “Silencing the Past: Persian Archaeology, Race, Ethnicity and Language”, Current Anthropology, Volume 63, Number https://www.journals.uchicago.edu/doi/10.1086/719886 2021 “.
341
Link to: روزانگی خشونت تماشایی در جمهوری اسلامی
Link to: روزانگی خشونت تماشایی در جمهوری اسلامی
روزانگی خشونت تماشایی در جمهوری اسلامی
Link to: زێناوا ئیوۆ
Link to: زێناوا ئیوۆ
زێناوا ئیوۆ
Scroll to top
Scroll to top
Scroll to top