دیاردەی گشتی بوونی بەشداری لە کردەوەی سیاسیدا
ئاگری ئیسماعیل نژاد
بەشداری کردنی کۆمەڵگا لە کردەوەی سیاسیدا ، دیاردەیەکی دەسەڵاتی دێمۆکراتیکە، واتە لە دەسەڵاتدارییەکی دێمۆکراتیکدا بەشداری خەڵک لە کردەوەی سیاسەتدا بناغەی پاراستنی دێمۆکراسییەکەیە، لە دەسەڵاتداری دیکتاتۆردا پێچەوانەیە، هەرچی خەڵک لە سیاسەتدا کەمتر بەشداری بکات، ئەوە دەرفەتی مانەوەی دەسەڵاتداری دیکتاتۆر زیاتر دەبێت و تەمەنی درێژتر دەبێت. بەشداری لە کردەوەی سیاسیدا لەلایان کارل شمیت لە کتێبی ” der Begriff des Poletischen” بە وردی باسی لێکراوە یان بڵێن تئۆریزە کراوە.
لە کۆمەڵگای ئێراندا بەشداری لە کردەوەی سیاسیدا لە دوو ڕوانگەوه لەلایان کۆمەڵگای ئێرانەوە سەیری کراوە؛ ڕوانگەی یەکەم سیاسەت وەکوو کردەوەیەکی چینی دەسترۆشتوو سەیری دەکرا، واتە کەسانێک کە لە کردەوەی سیاسەتدا بەشدار دەبوون زیاتر سەربەچینی کۆمەڵایەتی_ئابووری سەرەوەبوون و لە ڕووی ئابوورییە ژیانێکی تێروتەسەلیان هەبووە، هەر ئەوەش وای کردبوو زۆربەی کۆمەڵگا کە چینێکی هەژار بوون خۆ لە بەشداری سیاسی بپارێزن، لێرەدا ناچینە سەر وردەکاری هۆکارەکانی خۆپاراستنی چینی نادەسترۆشتوو(چینی هەژار و مامناوەندی) کۆمەڵگا لە بەشداری نەکردن لە کردەوەی سیاسیدا.
هاوکات لەگەڵ ئەو ڕوانگەیە لە کۆمەڵگای ئێراندا بەردەوام کردەوەی سیاسی لە ڕوانگەی ئەخلاقی ئیسلامییەوە ڕەخنەی لێدەگرێ و دەگوترێ، سیاسەت هەمووی درۆیە، یان سیاسەت دایک و بابی نییە؛ ئەو دوو ڕوانگەیە وای کردبوو، بەشێکی زۆری کۆمەڵگای ئێران لە کردەوەی سیاسەتدا بەشدار نەبن و هاوکات بەشدار نەبوونی خۆیان وەکوو پاکی لە ڕووی ڕەوشتەوە یان زانایی لە ڕووی داهاتووی دیتنەوە لێکدەنەوە.!
لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گشتگیربوونی هێلی ئینترنێت، گشتی بوونی زانست و زانیاری، سازبوونی قەیران ئابووری و گەشە لە ئێراندا وای کردووه ڕوانگەی کۆمەڵگا بەرانبەر بە پرسی بەشداری کردن لە کردەوەی سیاسیدا بگۆردرێت و خەڵکێکی زیاتر لە کردەوەی سیاسیدا بەشداری بکەن، چون هەم ڕوانگەی لەسەر بەشداری کردن لە کردەوەی سیاسیدا گۆردراوە و هەم بەشداری کردن لە کردەوەی سیاسیدا بەمانایی ڕێگایەک بۆ ڕزگاریبوون لە دۆخی خراپی هەنووکەیە! زۆربوونی ڕێژەی بەشداری کۆمەڵگا لە کردەوەی سیاسیدا بەستێنی ئەوەی ساز دەکات کە ڕاوبۆچوونی جیاواز سەرهەڵبدات و هاوکات لەگەڵ ئەوە بەستێنی خوڵقانی بەرە و حیزب و لایەنی سیاسی جیاواز بەرینتر دەکات.
لە ئێرانی ئێستادا بەشداری لە کردەوەی سیاسیدا، گشتی بووە لێرەدا گشتی بوون دوو مانایی هەیە لە ڕووی جوغرافیاییەوە هەموو ناوچەکانی ئێرانی گرتۆتەوە و لە ڕووی چینایەتییەوە هەموو چینەکان بە هۆکارگەلی جیاواز بەشداری کردن لە کردەوەی سیاسی بە پێویست دەزانن . هاوکات لەگەڵ ئەو دیاردەیە بە پێی ئەوەی کە پێکهاتەی ئێرانی بوون لیپاولیپ لە هەڵاواردنە ئەو بەشدارییە هەم ڕووکاری ئەرێ هەیە و هەم ڕووکاری دژکردەوە بەرانبەر بەو هەڵاواردنەیەی هەیە چۆن؟
بۆ وێنە بەشداری خەڵکی کوردستان لە دژایەتی کردنی بنەماڵەی پەهلەوی دەگەرێتەوە بۆ ئەو هۆکارە کە بنەما فکری و سیاسی ئەو لایەنە لە ئێراندا لەسەر هەڵاواردن دامەزراوە و بۆیەش خەڵکی کوردستان هاووشێوەی دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی دژایەتی بنەماڵەی پالەوی دەکەن، چون بەشداری کردنی خەڵکی کوردستان لە کردەوەی سیاسی لە ئێستای ئێران دا بۆ ئەو مەبەستەیە کە هەڵاواردنی کورد لە پێکهاتەی ئێراندا لادەن، دەی ئەگەر پەهلەوویەکان بیانەوێ دیسان ئەو هەڵاواردنە دامەزرێننەوە یان نوێ بکەنەوە، ئەوە دەبێتە پەندەکەی کورد دەیڵێ: کەرێکم دا بە کەرێک سندان لە بن گوێی دەرێ”.
ئەگەر بمانەوە ئەو باسە کۆ بکینەوە دەبێت بڵێن ڕێژەی بەشداری خەڵک لە کردەوەی سیاسی لە ئێراندا هەم لە ڕووی جوغرافیا و هەم لە ڕووی چینایەتییەوە زیادی کردووە، ئەو خەڵکە ئامانجیان لەو بەشدارییە ئەوەیە هەڵاواردنی دژی خۆیان لادەن و دۆخی هەنووکەیان بەرو باشی بەرن واتە کردەوەی سیاسی بۆتە ڕێگایە بۆ ڕزگاری لە دۆخی خراپی ئێستا که هۆکارگەلی جیاوازی هەیە، هەر بۆیەش هەر چەشنە هاوپەیمانییەک کە بناغەی لەسەر ئەوە دانەمەزرێ کە هەڵاواردنی نێو پێکهاتەی ئێرانی بوون بە تەواوی لادات، ئەگەر لە تەمەنیشدا کورت نەبێت، لە کردەوەدا ئاکامی نابێت. لە ڕاستییدا هاوپەیمانی وەکوو مەنشووری ٦ کەسی و “شورای مدیریت گذار” ، “شورای تصمیم” و … بۆیە هەموویان بێ ئاکام مانەوە چون بناغەیان لەسەر ئەوە نەبوو کە هەڵاواردنی نێو پێکهاتەی ئێران لادەن و ڕوونە چوونە سەرێی ڕێژەی بەشداری، خەڵکیش لە کردەوەی سیاسەت وای کرد ئەو هاوپەیمانییانە بە مردووی لە دایک بن.