خۆ دەرخەرەکەی ئێران سەرنجەکان لە ناڕەزایەتییەکانەوە بەلاڕێدا دەبا
بلومبرگ – بابی گاش
وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور
لە کاتێکدا ڕێژەیەکی کەم لە ڕێبەرە ڕەواکانی دنیا گرینگی بە دیتران لەگەڵی [ڕەزا پەهلەوی] دەدەن، ڕۆژی سێ شەممە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو بە دەرفەتی وێنەگرتن لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی دڵخۆش بوو. بە هەمان شێوە کوڕی دوایین شای ئێران پێشوازیی لە دەرفەتی بەرز کردنەوەی ناوبانگی خۆی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و بەهێزتر کردنی جێگای متمانە بوونی خۆی لە واشینگتۆن، شوێنێک کە زۆر جار بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل دەبێتە هۆی خەڵاتکران، دەکات.
بەڵام سوودەکان بەوەندە کۆتاییان دێ. ئیددیعاکانی پەهلەوی بۆ نوێنەرایەتی کردنی وڵاتی شوێنی لەدایکبوونی خۆی بەرگەی لێکۆڵینەوە ناگرن. ئەو هەروەها هیچ ئیددیعایەکی لەمەڕ ڕێبەریی بەرگریی دژی کۆماری ئیسلامی نییە. لەوەش خراپتر، گەورە کردنەوەی ئەو سەردانە یارمەتییەکی ئەوتۆ بەو کەسانە ناکات کە چەند مانگە بوێرانە دژی تیۆکراتەکانی تاران خۆپیشاندانیان کردووە. هیچ نەبێ، ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزتر کردنی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ وێنا کردنی ناڕەزایەتییەکان وەک ئامرازی زلهێزە دەرەکییەکان و پاشایەتی بێ ئیعتیباری پەهلەوی.
ڕەزا پەهلەوی چەپکێک شتی پێچەوانەی یەکترە. ئەگەرچی ئەو خۆی وەک کەسێکی “لایەنگری ئێرانێکی سێکولار و دێموکراتیک” دەنوێنێ، لێدوانە فەرمییەکان وەک “شازادەی جێگرەوەی تاراوگە نشین” دەیناسێنن.” (کاتێک شۆڕشی ئێران کۆتایی بە پاشایەتی هێنا تەمەنی ئەو ١٩ ساڵ بوو.) ئەو ئیددیعای کرد کە بە نێوی خەڵکی ئێران سەردانی ئیسڕائیل دەکات، “لە سەر ڕێچکەی کورۆشی مەزن بۆ هەڵسەنگاندنی دەرفەتەکانی قازانجی دوو لایەنەی ئابووری، کولتوریی و ژینگەیی.”
پەنا بردن بۆ کورۆش لەبەر ئەوەیە تا پەیوندییە کەوناراکانی ئەو دوو نەتەوەیە وەبیر ئیسڕائیلییەکان بێنێتەوە: لە سەدەی شەشەمی بەر لە دایکبوونی عیسای مەسیح، ئیمپراتوری پارس جوولەکەکانی لە زیندانی بابلییەکان ڕزگار کرد، ئەوە ڕووداوێکی بەناوبانگە. بۆ ئێرانییەکان، ئەوە وەبیر هێنەرەوەی ڕووداوێکی بەدناو و تازەترە: چەژنی ٢٥٠٠ ساڵەی دامەزرانی ئیمپڕاتوری هەخامەنشی لە لایەن کورۆشەوە، کە شا لە ١٩٧١ بەڕیوەی برد.
بە تەخشان پەخشانێکی زۆر بۆ سەرقاڵکردنی ڕێژەیەکی بەرچاو کەسایەتی ناوداری بیانی و ڕێژەیەکی کەم لە خەڵکی ئێران، شا جەژنەکەی بە لێدوانێک لە سەر گۆڕی ئیمپراتورەکە گەیاندە ترۆپک و لێدوانەکەی بەو ڕستەیە کۆتایی پێهێنا: “بە ئاسوودەیی بخەوە کورۆش، چونکە ئێمە بەخەبەرین.” ڕووداوەکە بوو بە سیمبۆلی زێدەڕۆیی و گوێ نەبیستیی، دەسەڵاتداریی شا.
جێگای سەرسوڕمان نییە کە سەردانی ڕەزا پەهلەوێ لە لایەن ئێرانییەکانەوە پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ نەکراوە، لە ناویاندا بەرهەڵستکارانی ڕێژیم. ئەگەرچی خۆپیشاندەران لە ئێران بە گشتی پێشوازییان لە پشتگیریی کەسایەتییە دیارەکانی تاراوگە کردووە، بەڵام پێشوازییەکی کەمیان لە دامەزراندنەوەی پاشایەتی کردووە. زۆر کەس لە گریمانەی پەهلەوی کە گوایە نوێنەرایەتی خەڵکێک دەکات کە باوکیان ڕەت کردۆتەوە، ناڕازین.
بیرەوەرییەکانی سەرکوتی بێبەزەییانەی شا ڕەنگبێ لە بەراورد لەگەڵ ئەزموونە دڕەندانەکانی ئەو دواییانە کاڵ بنوێنن، بەڵام ئەوان هێشتا پاک نەبوونەوە.
بۆ هێندێک کەسایەتی ئوپۆزیسیۆن، سەفەری پەهلەوی بۆ ئیسڕائیل هەلپەرستییەکی بێموبالاتانەیە، ژێستێکە کە زۆرتر بۆ بایدن و هەروەها ناتانیاهوویە. هەر چۆنێک بێ، ئەو لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، هەرکات پێی خۆش با دەیتوانی سەردانی ئیسڕائیل بکات. بۆ چی ئێستا چوو؟
بانگەشە کردن جێگای باوەڕڕترین گریمانەیە. ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران دەرفەتێکی داوە بە پەهلەوی تا خۆی وەک بەرهەڵستکارێکی ڕێژیم نیشان بدا. بەڵام ئەو ناچار بووە شانۆیەکە لەگەڵ کەسایەتی دیاری دیکەی تاراوگە بەش بکات، لە چالاکی وەک مەسیح عەلینژاد و وەرگری خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، شیرین عیبادی ڕا بگرە تا ئەستێرەی هالیوود، نازەنین بۆنیادی.
سەفەری ئیسڕائیل، پەهلەوی لە تاقمەکە جیا دەکاتەوە و لە وڵاتە یەکگرتووەکان و هەروەها لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەردەنگێکی زۆرتری بۆ دەستەبەر دەکات. ئەو یەکەم کەسی تاراوگە نشین نییە کە سەرنجی واشینگتۆن بە باوەش کردنەوە بۆ ئیسڕائیل ڕادەکێشێ. ئەو ڕووداوو ئەحمەد چەلەبی بیر مرۆڤ دێنێتەوە. لە هەڵمەتەکەی بۆ قەناعەت پێهێنان بە ئەمریکا بۆ هێرش بۆ سەر سەددام حوسێن، ئەو عێراقییە تاراوگە نشینە ئیعتیباری خۆی وەک ڕێبەرێکی ئازادیخواز بە ڕاداشتنی دەستی دۆستایەتی بۆ ئیسڕائیل و تاقمە جوولەکەکان لە ئەمریکا بەهێز دەکرد.
پاش داگیرکاریی ئەمریکا، ئەحمەد چەلەبی پشتی لە هاوکارێکی کرد کە بە ڕاستی سەردانی ئیسڕائیلی کردبوو و، دوای ئەوە کە ئەمریکاییەکان خۆیان لە دانی دەسەڵاتی ڕەها بە ناوبراو بوارد، وەفاداریی خۆی بەرەو ئێران گۆڕی.
هیچ ئاسۆیەک بۆ چوونی پەهلەوی بۆ بەرەی تیۆکراتەکان بەدی ناکرێ. بەڵام ئەوان پێشوازیی لە بەلاڕێدا بردنی سەرنجەکان بە هۆی سەردانی ناوبراو لە ئیسڕائیل و دەرفەتی بێ ئیعتیبار کردنی بەرهەڵستاکاران لە ناوخۆ دەکەن. بەڕێوەبەرایەتی بایدن دەبێ سەرنج بداتە خۆپیشاندەرەکان، نەوەک خۆ دەرخەرەکە.
سەرچاوە:
246
دیاردەی گشتی بوونی بەشداری لە کردەوەی سیاسیدا...
ئۆپێک پلاس و تێکۆشانی سەرمایەداری هەمبەر هەڵاوسان...
Scroll to top