ئارامتر بخوێنەوە

شۆڕشی ژینا و دژە شۆڕشی مەهسا

کەماڵ سولەیمانی



لە 16ی سێپتامبری 2022، کارەساتێک قەوما و “ژینا ئەمینی”ی کچە کوردی سەقزی، لەبەر پێشێلکردنی بەناو پێوەرەکانی حیجاب، بە دەستی گەشتی ئیرشادی دەوڵەتی شیعەی ئێرانی بووە قوربانی. بێ‌ئاگا لەوەی لەو سەروبەندەدا، چیرۆکی تڕاژیدیای ژینا شەپۆلێکی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی– سیاسی لە سەرانسەری کوردستان و، تەنانەت ئێرانیش وەڕێ دەخات، کە لەنێو کورددا بە شۆڕشی ژینا ناوبانگی دەرکرد. هەروەکوو پووری پێش‌بینی کردبوو، کاریگەریی قووڵی کوشتنی ناوبراو بە شێوەیەکی بەرین و بەربڵاو دەنگی دایەوە و، مردنەکەی بوو بە هێمای سەرهەڵدان، وەزاڵەهاتن و بردنە ژێر پرسیار و ئالێنگاریی نۆڕمەکانی زاڵ. کوشتنی ژینا پاڵوێنەیەک بوو و کۆمەڵێک خەڵک و گرووپی وەخۆ خستن تا بنەماکانی کولتووری سەرکوتکەر و سەرکوتکەری بەرنە ژێر پرسیار و بەرەنگاریان ببنەوە.

ڕەوتی بەرانبەریش، هەر بەناوی شۆڕش و سەرهەڵدانەوە، بە دووی ئەوەوە بوو کە دەنگی خەڵک، بەتایبەت کورد، ببڕن و لەنێو گوتاری شۆڕشدا دژایەتییان لەگەڵ ویستی یەکسانیی جێندەری، ئایینی، زمانی و نەتەوەیی گرتە پێش. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەو ڕەوتە دژە’’شۆڕشی’’ مەهسا بوو کە بەناوی شۆڕش سەری هەڵدا و هێمای ناوێک، مێژوویەک و کولتوورێک بوو کە بەپێچەوانەی مەیل و ئیرادەی ژینا و بنەماڵەکەی، ئەوانی پێناسە دەکرد و ناسێنەی دڵخوازی دەسەڵاتی بەسەردا دەسەپاندن. ژینا و ناوەکەی وەکوو ناو و کەسایەتیی بە میلیۆن مرۆڤی کورد، ژیانی بە تاک و بەکۆمەڵی هێمای دووانەی خۆسەلماندنی کوردانە (ژینا) و نکۆڵی ئێرانە (مەهسا) بوو. ئەوەی ڕاستی بێ، مەهسا—وەک هێمای نکۆڵی— پێش ناوێکی داسەپاو بەسەر کچێکی کورددا بوو، هێمای کولتووری دژە ژینا و هێمای ئیرادەیەکی مێژووییی داسەپاو، سیاسەتی قڕکردن و تواندنەوەی کۆڵۆنیاڵ بوو کە ئێستاش وەک دەسەڵات لەو جوگرافییایەدا سوور و پێداگرە و لەنێو گوتاری شۆڕشدا داکۆکی لە ڕابردوو و بەدامەزراوەیی کردنی تواندنەوەی غەیرەفارس دەکات و ڕشتنی خوێنی ژیناکانی بەرهەڵستکار بــــە حـــــەڵاڵ دەزانــــــێ.

لە ٨ مانگی ڕابردوودا، لەنێو تابلۆ مەزنەکەی مێژوودا، دوو شۆڕشی دژبەیەک لە کوردستان و ئێراندا هەڵگیرسان و دژ بە یەک وەستانەوە، هەر کامەیان جەوهەر و ئاواتێکی تایبەت بەخۆیان هەبوو. لەنێو دڵی شۆڕشی ژینادا ڕووحی “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ڕێزگرتن لە ژیان و گەڕاندنەوەی کەرامەت و سەروەریی مرۆڤ بەرجەستە بووەوە. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە بە مەیل و خواستێکی قووڵ بۆ یەکسانی دەنگی دایەوە، کە ئامانجی تێک‌شکاندنی مرۆڤ‌خنکێنی، پلەبەندیی جێندەری، زمانی، ئێتنیکی و ئایینی بوو.

لە بەرەی بەرانبەردا، دژە شۆڕشی مەهسا سەری هەڵدا، کە هەوڵێکی بێ‌وچان بۆ چەسپاندن و بەردەوامیی نایەکسانی و ڕاگرتنی پێکهاتە و نۆڕمە کۆنەکانی دەسەڵات بوو. شۆڕشی مەهسا بە دروشمێکی فریودەرانەوە لە مەیداندا بوو و، لەسەر سەپاندنی ناوی کۆلۆنیالیستیی مەهسا (بۆ ژینا ئەمینیی گیانبەختکردوو) و پەرەپێدانی سڕینەوەی ئەویدیکەی بندەست، سوور و پێداگر بوو. لەژێر ئەم دروشمەدا ڕاستییەکی زۆر ئاڵۆز خۆی خستبووە ژێر حیجابی دووڕوویی‌یەوە: کودەتایەک کە بە خواستی کۆنەپەرستی، پیاوسالاری، پادشایەتی و ترسی لەنێوچوونی پاشماوەی پادشایانی فارس یان یاسای ویلایەتی فەقیه بۆ حوکمڕانی بەڕێوە دەبرا. بەناو شۆڕشی مەهسا سەرەڕای ئیدیعای گۆڕان، لە بنەڕەتدا جگە لە لابردنی عەمامە لەسەر سەروەریی فارس-تەوەر و لێچکە لەسەر تاکی ئێرانی، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان بۆ دۆخی ئێستا نەدەویست. لایەنگرانی “مەرد، مەیهەن، ئابادی” و پارێزەرانی یەک زمان، یەک نەتەوە و بەردەوامیی دەسەڵاتی ئێستا بەبێ عەبا و عەممامە، بوون. دوژمنی یەکسانیی مرۆڤ لە چوارچێوەی یەکسانیی زمانی، کولتووری و نەتەوەیی بوون و بێ‌باوەر بە یەکسانیی ژن، مافی یەکسانیی ژیان و ئازادیی یەکسان بۆ هەمووان بوون. بۆیە کاکڵ و نێوەرۆکەکەی کودەتایەک بە دژی شۆڕشی ژینا بوو.

سیستەمی حاکم، ژیانی مرۆڤ لە بارەگای خوداوەندەکانی ئایینی و زەمینیدا دەکاتە قوربانی. گرنگیی مرۆڤ و ژیان بە بەردەوامی دەبەستێتەوە بە ئامادەییی مرۆڤ بۆ تەسلیم و قوربانی بوون بۆ خوداکانی دەستکردی مرۆڤی خاوەن دەسەڵات: قوربانیی خاک، قوربانیی دەسەڵات، قوربانیی دەوڵەت و قوربانیی یاساکانی سەروو-مرۆڤ و دژەمرۆڤی دەستکردی کۆمەڵێک نێریی بەهێز. لە ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشی مەهسادا، دیسان دەبوو مرۆڤ و ژیان بۆ ڕەزامەندیی خوداوەندە سەرزەوینییەکان و خاوەنی فرەئیزەدیی بێ‌بەزەیی‌یانە بکرێنەوە بە کۆیلە یان بە قوربانی: بە قوربانیی یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک ئایین. نەتەوەکانی زیندانیی جوگرافییای ئێران، دەبوو دیسان لەبەر پێی و لە بارەگای خوداوەندەکانی دیار و نادیار سەر و ناو و زمانیان ببڕێت.

لە سیستەمی مەهساسازدا، پێوانەی کەرامەتی مرۆڤ بەوەوە بەندە کە ئایا بە زمانی فارسی قسە دەکات، لە ڕووی نەتەوەیی‌یەوە فارسە، یان بە ئایین شیعەیە. سەرکەوتنی دژە شۆڕشی مەهسا هەڕەشەی پتەوترکردنی ئەم پێوەرانە و تۆخ بوونی پلەبەندییەکانی زیاتر دەکات. خیانەت لە “نیشتمانی ئاریایی” کە تەنیا “ئاریا-ڕەگەزان” دیاری دەکەن و دەزانن چییە، بە تاوانێکی گەورەتر لە موحارەبە و شمشێرهەڵگرتن لە دژی خوا لەقەڵەم دەدرێت. ئەم خەباتە لە ئالێنگاری و تەحەدای دەسەڵاتی خودای باقییەوە دەگۆڕێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی نێرە شاکانی ئاریامێهری کە ڕەمز و مانابەخشیی “نەتەوە”، “نەتەوایەتین” و هێمای شانازیی ‘’شارستانییەتی’’ کۆن و چەرخی کۆیلایەتی و پارێزەری یەکپارچەییی سەرزەوینی و نەتەوەیین. ئایینی شاپەرستی بە گۆڕینی خواپەرستیی پێشوو بە بانگەشەی سیکۆلاریستی، نەتەوە بە مەیل و ئارەزووی خوای نوێ دەناسێنێ و سنووری وڵات و گونجان لەگەڵ سنووری فەرمانی شا تێک دەکاتەوە. بۆیە لە فەلسەفەی “مەرد، مەیهەن، ئابادی”دا، گوێڕایەڵی بۆ دەسەڵاتی نێر، مەردایەتییە و شاپەرستی، ئازادییە و کوشتن بۆ یەکپارچەییی مەیهەنی خەیاڵیش، ئابادییە. تەنیا سەڵاح، بەرژەوەندی و ئاوەدانیی ‘’مەیهەن’’ لە گوێڕایەڵیی ئەمری خوسرەواندایە و تەنیا خوسرەوان شایەنی سەروەری و خوداوەند بڕیاردان و لە لێخوڕینی ڕەعییەتدا زانا و کارزانن. قەوام، مانەوەی مەملەکەت، بایەخەکان و مەردایەتیی ڕەعیەت بەندە بـــە ئـــــەمـــر، هێز و توانای پاشاوە.

لە بەرانبەردا، شۆڕشی ژینا پێناسەکردنەوەی قووڵی بەهاکان، لێک هەڵوەشاندنەوەی مانا کۆنەکان، بن هەڵۆڵکردنی چەمکە سەقامگیربووەکان، ژیاندنەوەی کەرامەتی مرۆڤ و مرۆڤ-تەوەر-کردنی ژیانە. بۆیە هەوڵی سەپاندنی ناوی مەهسا بەسەر شۆڕشی ژینادا، هەوڵە بۆ درێژەی جنێوسایدی کولتووری، زمانی و نەتەوەیی؛ بەرگرییە لە سیستەمی زاڵی ڕەگەزپەرست، فاشیست، نکۆڵیکەر و ڕەتکردنەوەی ئاشکرای ڕووحی ڕزگاری. ڕزگاری لە نێرسالاری، لە مەیهەنی نێر-پەروەر و نێر-تەوەر، لە ئابادی و گەشەی ڕەگەزپەرست و ڕەگەز-تەوەر. ڕزگاری لە ناوی داسەپاوی دەوڵەتی، لە باوەڕ کە دەوڵەت خوایە و هەرچی ئەو بیکات، ڕەوایە. ڕزگاری لە سیستەمی ژیناخنکێن وەک هێمای زمانی ژێر حیجاب‌خراو؛ بۆ نەهێشتنی سیاسەتی باو؛ بۆ دادپەروەری، بۆ ژن و پیاو، بۆ حیجاب لابردن لەسەر کولتوور و ناسنامەی شوێنەون‌کراو؛ بۆ ئازادیی ژن و ژنی ئازاد و ژیانی ئازادکراو؛ بۆ هەڵتەکاندنی نەریتە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ‌کوژ و داسەپاو.

ئەوانەی بانگەشەیان بۆ شۆڕشی مەهسا دەکرد، پارێزەرانی سیاسەتی جینۆسایدن، گۆڕهەڵکەنی فرەچەشەنی زمانی، کولتووری و نەتەوەیین؛ مێعمارانی تەوحیدی ڕەنگ، دەنگ، هەست و ویستی مرۆڤن. هەربۆیەش، چەک‌هەڵگری ئیتنۆ-ناوەندگەرایی و بەردەوامیی باڵادەستیی ناسیۆنالیزمی نێر-تەوەری و سوپەرمەسی و بـــەئـــەفـــــزەلــــزانینی فــــارسن.

جیاوازی لەوە زەقتر نابێت و دووانەی ئاوا دژبەر ڕوون و حاشاهەڵنەگر دەرناکەوێت: شۆڕشی ژینا و دژەشۆرشی مەهسا. شۆڕشی ژینا بۆ گۆڕین و بنبڕکردنی بنەڕەت و ئالێنگاریی نۆڕم و کۆتوبەندە چەسپاو و داسەپاوەکانە؛ دژە شۆڕشی مەهسا درێژەی مەیهەنی یەک زمانە و نەتەوەیەکی نێرانە، ئابادیی خاک-تەوەر، بەردەوامی و زاڵبوونی ‘’مەرد’’ و نێرسالاریی شای شایانە.

شۆڕشی ژینا خاڵی وەرچەرخانە دژی نێرپەرستی و پیاوسالاری و، ڕوانگەیەکی نوێ لە مانای ژیانە. لە دڵی شۆڕشی ژینادا ئەوەی بەڕەسمی ناسینە، مافی سەروەریی مرۆڤە، مرۆڤ خۆی سەرەوەر و خۆی ناوەندە، تەنیا مرۆڤ ناوەندە، مرۆڤ خۆڵقێنەری واتایە، واتای “بوون” لە ئازادی و ژیانی مرۆڤدایە. لە شۆڕشی ژینادا، نیشتمان بوونی لە پێناو مرۆڤایەتی و مرۆڤە، وەتەن بە مرۆڤەوە لەسەر پێیە و ڕووحی دەبەردایە و، زەوی و سەروەت و سامان بۆ مرۆڤن، نەک خودایانی خوازیاری خوێنی مرۆڤ. لە شۆڕشی ژینادا، بەها و سەنگی نیشتمانەکان بە ژمارەی ئەو گیانانە ناپێورێت کە لە پێناویدا بوونە قوربانی، بە ڕادەیەک کە کەرامەتی مرۆڤ لەنێو خۆیدا چرۆی کردووە. بەهای ئێران، یان هەر ناوێکی جوگرافییای دەستکردی دەسەڵات، بوون و گرنگی بەستراوەتەوە بە یەکسانیی نەتەوەیی، جێندەری، ئازادیی نەتەوەکان و تاکەکانەوە. لە شۆڕشی ژینادا، نیشتمان بۆ پاراستنی ژیان بە مانا زەمینییەکەیەتی، نەک خاوەنی بەها بە مەرجی قوربانیی دنیای نەبینراوە.

لە پاڕادایمی شۆڕشی ژینادا، سنوورەکان لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆڤ پێناسە دەکرێن و بنیات دەنێرن. بە پێچەوانەی شۆڕشی مەهسا کە بتەکانی ئێرانی و ئێرانی بوون لە سەرووی کەرامەتی مرۆڤ، یەکسانی و ئازادییەوەن؛ تەنانەت لە گەرمەی بەکارهێنانی بەهێزتری چەکوچۆڵ بۆ پارێزگاری لەوان، شۆڕشی ژینا لەرزۆک بوونی ئەم بتانە و بێ بنەمابوونی ئەم بنیاتە نامرۆڤانەی نیشان دا. لە شۆڕشی ژینادا کچانی وەک ژینان کە سروشتی دەوڵەت پێناسە دەکەن، بەهاکەی هەڵدەسەنگێنن و لەسەر ئەخلاقی بوونی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی بڕیار دەدەن. بەپێچەوانەوە، دژە شۆڕشی ژینا، لە شۆڕشی ژینادا، ژینا خۆی مامۆستا و پۆلیسی ئەخلاقە، بە بەردەوامی ئالێنگاریی ڕەوایی و شەرعییەتی دەوڵەت و دەسەڵات دەکات و شەرعییەتی دەوڵەت هەڵدەسەنگێنێ. لە شۆڕشی ژینادا، شەرعییەتی دەوڵەت لە دژایەتیی سیستەم لەگەڵ هەڵاواردندایە، نەک شەرعییەتی دەوڵەت بگەڕێتەوە بۆ ڕادەی هەڵاواردنی زمانی، جێندەری، نەتەوەیی و ئایینی.

شۆڕشی ژینا دەستپێکی پێناسەکردنەوەیەکی قووڵی چەمکەکانی ئەخلاق، یەکسانی و بەهاکان بوو. بەهاکان چی دیکە وابەستە و دەربەستی دوور و نزیکی یان پەیوەندییان بە دەسەڵات یان سەروو-سروشتەوە نییە. لە شۆڕشی ژینادا، مرۆڤایەتی لە سنوورەکانی “ئێمە”ی ڕەگەزی واوەتر ڕۆیی. بەرتەسک کردنەوە و سنووردارکردن و بنیاتەکانی نامرۆڤانەی بتە ڕەگەزی و جێندەرییەکانیشی تێپەڕاند. بزووتنەوەیەکی گۆڕانخوڵقێن بوو و تاکەکانی لە کۆتوبەندی پلەبەندیی ئایینی یان زەمینی ڕزگار کرد. لەم شۆڕشەدا، کوردان ماف و ئازادیی خۆیان بۆ ژینا ناونانی کچەکانیان—وەکوو بەڵگەی سەروەری و ڕزگاریی زەینی لە هەژمۆنی ئەویدیکەی زاڵ- وەرگرتەوە. بەپێچەوانەوە، لە ڕوانگەی پێداگری لەسەر ناوی مەهسا، هێمای پێداگری لەسەر ڕەگەزپەرستی، فاشیزم، نکۆڵیکەری و بەڵگەی سووکایەتی بە بنەماکانی شۆڕشی ژینا لەقەڵەم دەدرا.

لە بەستێنی شۆڕشی ژینادا، سەپاندنی ناوە فارسییەکان بەسەر غەیرەفارسدا، وەک لوتەک سووکایەتییەکی ڕەمزیی دیاری کرا. شاردنەوەی ژینا لەژێر حیجابی مەهسادا سەلمێنەری توندوتیژیی زمانی، کولتووری و ڕەمزی بوو؛ داپۆشێنی ژینا بە حیجابی مەهسا هەوڵێکی بەئەنقەستە بۆ سڕینەوەی ناسنامە و شەرعییەتدان بە دامەزراوەیی کردنی کوردۆفۆبیا و کوردکوژیی ڕەمزی. ئەم ئەکتە پێداگرییە لە بەردەوامیی ژێردەستە کردن و سەرکوتی تاک و کۆمەڵی بندست کراوە و سڕینەوەی سیستماتیکی مەعریفە و میراتی کولتووریی ئەویدیکەی بندەستی فارس و ئێتنۆسایدی مەعریفی و سیمبۆلیکە.

شۆڕشی مەهسا بەتوندی داکۆکی لە ئۆتۆریتە و دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناونان و لە پێناسە کردن و لە سەروەریی خۆ-ناوهێنانی ژینا دەکات. پشتوپەنای سیاسەتی ستەمی زمانی و بەردەوامیی سڕینەوەی سیستماتیکی هەمەجۆری و مافی نکۆڵی لێکراوانە. دژە شۆڕشی مەهسا سوورە لەسەر چەمکی وەهمیی باڵادەستیی “ئاریایی” و، لێبڕاوە لە پشتیوانیی بەردەوامبوونی کوشتاری زمانی. ئەو کەسانەی ڕەگەڵ دژە شۆڕشی مەهسا کەوتن و بوونە هاوتەریبی، پارێزگاریی ڕاسیزمی دەوڵەتی و دامەزراوەیین بۆ داسەپاندنی ناوی نەخوازراو، بۆ قووڵترکردنی ڕەگەزپەرستیی ئێرانی ڕەگ‌داکوتاو؛ پێداگرن لەسەر پابەندییە پتەو و بەردەوامی بە باڵادەستیی زمانی، کولتووری و مێژووییی ناسیۆنالیزمی ئێرانی فارس-تەوەر.

دوولایەنەبوونی نێوان شۆڕشەکانی ژینا و مەهسا ڕەوتی دژوازی بەردەمیانی زەق کردەوە. یەکەمیان، خوازیاری شکاندنی بەربەستەکانە، خولیای ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و هەڵوەدای یەکسانی و ئازادیی هەمەجۆر و ژیانی یەکسانە. هێزە سەرکوتکەرەکانیان و بیری سەکوت بەرەو ئالێنگاری دەبات و لۆژیکی سەرکوت وەکوو بنەمای سڕینەوە تووشی شێواوی دەکات. لە بەرانبەردا، دژە شۆڕشی مەهسا، هەوڵی لۆژیکی نواندنی سەرکوتە؛ پێداگری لەسەر پێویستیی سڕینەوە و نکۆڵییە؛ شەرعییەتی بەستراوەتەوە بە چەسپاندنی پلەبەندیی جێندەری، زمانی، نەتەوەیی و ئایینییەوە. لەگەڵ پەرەسەندنی دوو شۆڕشەکەدا، چارەنووسی دوو جۆر کۆمەڵگا بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی یەکێک لەو دووانە: یان پاراستنی پلەبەندی، نایەکسانی و سڕینەوە یان بەرەوپێشچوون، یەکسانی و ئازادیی فرەچەشن.

داگرتنی بابەت