ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ ئەنوەر سوڵتانی



بەگوێرەی ناسنامە، دەبێ له‌ ٢٢/٣/١٩٤٤، ساڵێک پێش دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، له‌ بۆکان له‌ دایک بووبم. دایک و باوکم ئامۆزا و له‌ بنه‌ماڵه‌ی محه‌مه‌د سه‌قزی بوون، دایکم له‌ لایەن دایکییه‌وه‌ خه‌ڵکی ئاڵتوونی لای سه‌قزه‌–که‌ وابوو، به‌ بنەچه‌ سه‌قزیم. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیم له‌ بۆکان بووه‌ و تا پۆلی ١٠م له‌وێ خوێندووه‌. پاشان چوومه‌تە دانشسه‌رای موقه‌دده‌ماتی ورمێ و بوومەتە مامۆستای قوتابخانه‌ لە گوندی باغڵووجه‌ و سه‌را و بوغده‌که‌ندی. لە ١٣٤٣ تەبعید کراوم بۆ شاری ئەراک، لە ١٣٥١ لە زانکۆی ئه‌ده‌بی زانستگه‌ی تاران لیسانسی مێژووم وه‌رگرتووە و لە قوتابخانەی ناوەندیی تاران وانەم گوتووەتەوە. لە ١٣٥٢ تا ١٣٥٤ لە زیندان بووم. لە ١٣٥٥ تا کۆتایی ١٣٥٧ له‌ شیرکەتی “انبارهای عمومی ایران” لقی ته‌ورێز مودیری ئیداری بەشی ئازەربایجانی کۆمپانیاکە بووم. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ی ئێران، هێشتا له‌ ته‌ورێز بووم کە وه‌ک ئه‌ندامی کومیته‌ی شۆڕشی شارەکە‌ هه‌ڵبژاردرام. سەرەتای ١٣٥٨ گەڕامەوە بۆکان و بوومە دەبیری دەبیرستان. هەر لەو ساڵەدا، کاتێ فیدائیانی خەڵق‌ ده‌فته‌ریان له‌ مەهاباد و بۆکان و شارەکانی دیکەی کوردستان کرده‌وه منیش هاوکارییانم کرد. له‌ لایه‌ن فیدائیانی ئەکسەرییەتەوە‌ بوومە کاندیدی مه‌جلیسی خیبره‌گان (شارەزایان) (ده‌وری یه‌که‌م) و کاندیدی مه‌جلیسی و شۆڕا له‌ بۆکان.

دوای هه‌ره‌سی شۆڕش و ده‌سه‌ڵات سه‌ندنی مه‌لای لابه‌لا له‌ ئێران، پشت له‌ دۆست و ڕوو له‌ دوژمن، هه‌ڵاتم بۆ تاران و چه‌ند ساڵێک له‌وێ خۆم شارده‌وه‌. لەو ماوەیەدا جارێک بە ناوی موجاهیدی خەلق گیرام، بەڵام دوای دە دوازدە ڕۆژ ئازاد کرام. لە ساڵی ١٣٦٠ هاوکاریم لەگەڵ فیدائیان کۆتایی پێ هێنا و تا ئێستەش لەسەر بریارم ماوم. له‌ به‌هاری ١٩٨٦ تا ئەمڕۆ‌ له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و دوو منداڵم ده‌ژیم. چەند ساڵێک لە مەڵبەندی ڕۆشنبیریی کورد کارم کرد و پاشان بوومە وەرگێڕ. ئێستا دوو سێ ساڵێکە خانەنشینم. چه‌ند کتێبم نووسیوه‌ و ته‌رجه‌مه‌م کردوون، هه‌روه‌ها بابه‌تم بۆ گۆڤار و رۆژنامه و رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆنی کوردی نووسیون. خۆم بە په‌روه‌رده‌ی سه‌رده‌مێکی گێژ و گومی و ‌به‌رچاو تاریکی دەزانم و لاموایە ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی منداڵی و لاویەتیم کوردستان و ئێران له‌ژێر دیکتاتۆرییه‌تدا نه‌یانناڵاندایه‌ و تۆزقاڵه‌ ئازادییه‌ک هه‌بوایه‌، دوور نه‌بوو به‌ رێبازێکی باشتر و ده‌راوێکی روونتردا برۆیشتایه‌م، لە ئەنجامیشدا نه‌ ئه‌وه‌نده‌م چه‌رمه‌سه‌رێم بدیایه‌ و نه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێ خێر بوایه‌م. به‌ دڵ خزمه‌تکاری گه‌له‌که‌مم، به‌ڵام به‌ توانا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌ده‌ست دێت کە دەیکەم. ده‌زانم باری کورد که‌وتووه‌ و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی، کار و زەحمەتی لەوە زیاتری ده‌وێت. بە کورتی، هەرچی بوو ڕابرد و ئێستا چاوه‌ڕێی کۆتاییهاتنی سه‌فه‌رێکم که‌ ٧٩ ســـاڵی پێچووه‌ و ده‌ڵێی هـــه‌ر نـــه‌بـــووه!



لاپەڕەیەکی بزربووی سەرکوت

ئەوەی ئێرانییەکان پێی دەڵێن “دەوڵەتی مۆدێرن”، بەدەر لەوەی ئەو دەوڵەتە مۆدێڕن بێت یان نا لەسەر پشتی نەتەوەی کورد دامەزراوە و لە پێناو دامەزرانی ئەو دەوڵەتە بەناو مۆدێڕنە هەموو جۆرێک سەرکوت و هەڵاواردنێک لەسەر نەتەوەی کورد تاقی کراوەتەوە! یەک لەو لاپەرانەی کەمتر باسی لەسەر کراوە! دوورخستنەوەی مامۆستایانی قوتابخانه لە ٤٠ـەکان بوو! گرینگیی ئەو باسە تەنیا بۆ شێوازی سەرکوت ناگەرێتەوە، بەڵکوو هەموو دەزانین کە ئەو قۆناغە خوێندەواری لە کۆمەڵگای کوردستان ئاستی زۆر لە خوارێ بوو و، بە دوورخستنەوەی مامۆستایان و پڕنەکردنەوەی شوێنی ئەوان لە قوتابخانەکان هێندەی تر پێکهاتەی خوێندن لە کوردستان تێکڕووخا، بۆیەش دەتوانین بڵێین ئەو دوورخستنەوەیە لەو شێوە سەرکوتانە بوو که لانیکەمی هەتا دوو بەرە کارتێکەری لەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا هەبوو! تیشک بۆ دۆزینەوەی ئەو لاپەرەیە لــــە مێـــژووی سەرکوتی کوردستان وتووێژێکی لــــەگــــەڵ بـــــەرێز مـــامۆستا ئەنوەر سوڵتانی، وەرگێڕ و مێژوونووس ســــازکـــــردووە!



 وەکوو بیرەوەریی خـــۆتـــان ئەم دوورخستنەوەیە لە چ ڕێکەوتێکەوە دەستیپێکرد و بە چ بیـــانــوویەک ئێوەیان نارد بۆ ئەو شارانــــە؟!

دەستپێکی کارەکە لە ساڵی ١٣٤٢ لە شاری بانەوە بوو. لە بانە لە ساڵی ١٣٤٢دا ژمارەیەکی دەوری ١٠ کەس مامۆستای قوتابخانە تەبعید کران(دوورخرانەوە) بۆ شارەکانی لۆڕستان؛ من کە لە دێهاتی سەقز موعلیم بووم خەبەری ئەوەم نەبیستبوو و نەشمزانیبوو، هەتاکوو لە تەبعیدەکەدا ناسیاویمان لەگەڵ یەکتر پەیدا کرد. کەوابوو دەسپێکەکە ئەوە بوو، بەڵام ئەوەیکە بە گشتی دەنگی دایەوە و گەورەتر بوویەوە ساڵی دواتر واتا ١٣٤٣ بوو کە دەکاتە هاوینی ١٩٦٤کاتێ بەگشتی هەموو دەبیرەکانی مەهابادیان پێکەوە تەبعید کرد. لە نێو دەبیرەکاندا تەنانەت فارسێک و تورکێکیش هەبوو؛ فارسەکەم چاک لە بیرە ناوی هووەیدا بوو، هیچ خزمایەتی و شتیشی نەبوو لەگەڵ سەرۆکوەزیران ئەمیر عەبباسی هووەیدا. هەر سەرجەم هەموویانیان تەبعید کرد بۆ شارەکانی ئوستانی مەرکەزی جگە لە تاران، هاوڕێ لەگەڵ ئەوان کەسانێکی دیکە لە شارەکانی دیکەی وەک سەردەشت و بۆکان و سەقز و بانە، منیش لەگەڵ! چـــاک لـــە بیـــرم نییە ئــایـــا شنــــۆ و جێی دیکـــەشی تێدا بــــوو.

بەلام ئیدی زۆر بوو، ژمارەکە گەیشتبووە چل پەنجا کەسێک، یان لانیکەم چل کەسێک دەبوون، هەمووش نێردرابوون بۆ شارەکانی ئوستانی مەرکەزی، تۆ وایبگرە تەفرێش، قەزوێن، ئەراک، محەللات، کاشان، دلیجان و… بەڵام کەسیان بۆ قوم نەناردبوو!



 وەختێک پێیان وتبوون ئێوە قەرارە بچنە ئەو شارانە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێدان، هیچ شتێکیان پێوتن کە بۆچی ئەبێ کوردستان بەجێ بێڵن و بچنە ئەو شارانە؟

بەگشتی لەبیرمە دەیانگوت “مەسڵەحەتی ئیداری”یە و لەوە نەدەترازان. بۆ لای هەرکەسێک بچووبای بۆ هەر کەسێکت بنووسیایە غەیری ئەوە جوابیان نەدەدایتەوە، بەڵام لە بیرم نییە لەنامەکەشدا مەسڵەحەتی ئیداری نووسرابوو یان نا. لام وانییە ئەوەیان گوتبێ، چوونکوو ئەوە ئیدی باری سیاسی هەیە و دەکرێ مانا بکرێتەوە و پرسیاربکرێ مەسڵەحەتی ئیداری چییە و بۆچی؟ حوکمەکان ئیمزای فەڕۆخڕووی پارسا، معاونی وەزیری ئاموزش و پەروەرشی پێوەبوو. وەزیری ئاموزش و پەروەرش( پەروەردە و راهێنان)ی ئەودەم کەسێک بوو بەناوی “هادی هیدایەتی” لە کابینەی “حەسەنعەلی مەنسوور”دا. موعاوینی وەزیر خانمی فەڕۆخڕووی پارسا بوو کە بەداخەوە لەسەردەمی ئەم مەلایانەدا ئێعدام کرا، من موخالیفی ئێعدامم، هەرکەسێک بێ؛ دەشزانم ئەو هۆکاری شتەکە نەبوو، ئەوە ساواک کردی، بەڵام ئەوان لە پشت پەردەوە بوون و حوکمەکە تەنیا بەنێوی فـــەڕۆخـــڕووی پــارسا نووسرابوو.



 لە نۆرمی کاروباری ئیداریدا ئێمە وایدادەنێین مەسڵەحەتی ئیداری بووبێت، وەختێک کارمەندێک ڕادەگوێزن بۆ شوێنێکی تر، دەبینی مووچەکەی بۆ زیاد ئەکەن یان ڕەنگە ماڵێکی بدەنێ یان ڕەنگە هەندێک شتوومەکی دیکە بخەنە بەردەستی وەک ماشینێ شتێک یان ئاسانکارییەک بۆ ژیانی بکەن، ئێوە شاملی ئەو شتانە دەبوون؟

ئەو شتانە بۆ وەختێک دەبوو کە کەسەکە پێیان دەگوت “هزینە خارج از مرکز” و شتێکی ئاوا. لە تارانەوە بچووبایەی بۆ شارێکی دیکە پووڵێکیان پێدەدای، شتێکیشیان دەدا بە نێوی “بدی آب و هوا”. ئەو شتانە لە حاڵەتی عادی ئینتقالی ئاساییداهەبوون، بەڵام ئەگەر لە شارێکی چکۆلەوە بچووایەی بۆ شارێکی گەورە، ئەوانە نەبوو. من نە دیتوومە و نە بیستموومە لەکەس کە تمەنێکیان بەکەس دابێ بۆ ئەو ئینتقالە یان کۆمەکێکی وەک ئەوانەی وا ئیشارەتان پێ کرد، ماڵێک یان شتێکی دیکە. هیچکام لەم شتانە نەبوو، کاغەزێکت بەدەستەوە بوو دەبوایە بچووبای کاغەزەکە بەری بۆ ئەو ئیدارەیەی بۆت دیاریکراوە، ئەوانیش بۆت دەست نیشان بکەن لەکوێ دەرس بڵێیەوە، ئەگەر بچووبای هەمان مانگانەی پێشوویان پێدەدای و ئەگەریش نەچوایەی کەس مانع نەبوو، یانی مەجبووریان نەدەکردی لە شارەکەت بڕۆیە دەرەوە، تەنیا نەیاندەویست وەک مامۆستا لەوێ بی و دەرس بڵێیەوە. ئەوە خاڵێکی زەریفە چوون لە نێو مامۆستاکانی مەهاباددا لە بیرمە کەسێکێان نەچووە ئەو شوێنەی بۆی دیاریکرابوو، لەوێ مایەوە و موعەلیمییەکەی بەجێهێشت یانی ئەوان مەبەستی سەرەکییان ئەوە بوو کە ڕابتەی بەینی موعەلیمە کوردەکە و قوتابییەکە بپچڕێنن، لە بارودۆخێکدا کە هەموومان دەزانین ئەو ساڵانە، ساڵی ٤٢ و ٤٣ و ئەوانە، شۆڕشی ئەیلوولە و خەڵک لەڕۆژهەڵاتەوە چوونەتە باشوور، بەدڵنیاییەوە ئەوانە هۆکارێک بوون بۆ ئەو ڕوانگەیەی دەوڵــەت کـــە ئـــەو بەرنامەیەی داڕشت.

دەوڵەت کە دەڵێم مەنزوورم دەزگای ئەمنییەتی واتە ساواکە تەبعەن.



 شتێکی تر کە پێمخۆشە ئیشارەی پێ بکەن من لە بیرەوەرییەکانی کاک حەسەنی ڕەستگاردا خوێندوومەتەوە کە مامۆستایەک لە مەهاباد نەڕۆشتووە و وازی هێناوە لە کارەکەی، ڕێگاکە وابوو کە دەبێ یان واز لە مامۆستاییەکە بێنن یان بچنە ئەو شوێنەی کە بۆتان دیاریکراوە، ئێوە کە چوونە ئەو شوێنە هەستتان بەوە دەکرد کە چاوێکتان بەسەرەوە بووبێ و لەژێر چاوەدێریدا بن، ئیتر لە لایەن کێوە بێ ڕەنگە ئینسان نەزانێ، بەڵام ئەو هەستەتان هەبوو یان ئەو مـــەســــەلــەیـــە نـــەبــــوو؟

نا، کارەکانی ئەودەم وەکوو حەراسەتی ئێستای مەلاکان نەبوو کە بەزەقی و ئاشکرایی قامک بە چاوی کەسەکەدا بکەن، بەڵام چاوەدێرییەکە هەبوو. من درەنگتر لە ئەراک کە ناردبوومیانە ئەوێ و دوو ساڵ لەوێ بووم، داوام دەکرد بچمەوە بۆ کوردستان نەیاندەهێشت. گوتیان بۆ شارێکی دیکە ئەگەر موافقەت دەکەی دەتنێرین. منیش “شهر ری” م نووسی، ناردیانم بۆ “شهر ری” لەوێ لە دێیەک بووم بەناوی” دولت آباد” لە بەینی “شهر ری” و تاران لەوێ موعەلیم بووم لەگەڵ مودیرەکەی کە کەسێکی بێ پەروا بوو هەموو جۆرە قسەیەکی دەکرد تەنانەت نەک هەر لای من، بەڵکوو لای موعەلیمەکانی تریش، گوتی پێیان وتووم ئاگات لەو موعەلیمە بێ کە تازە هاتووە بۆت؛ وتوومە کامە؟ وتوویانە سوڵتانی. جا زۆر بەقەولی فارسی “بد دهن” بوو و ناکرێ قسەکانی بگێڕمەوە، دەیگوت منیش وتوومە ئەوەی من دیومە و دەیناسم ئەگەر هەموو گیانی خەنجەر بێ تۆزێکیشی بە فڵانە جێمدا ناچێ، ئێوە لەوە دەترسن؟! دەیگوت وام پێ گوتوون. جا ئەودەم حەراسەت نەبوو، حەفازەت هەبوو، حەفازەت لە ئیداراتی ئاموزش و پەروەرش هەبوو و، ئەوان چاوەدێرییان بەسەر کارەکاندا دەکرد. هەر ئەوانیش موافقەتیان دەبوو بکردبایە بۆ گەڕانەوە بۆ کورستان یان نەگەڕانەوە. کەوابوو بەڵێ ئەو چاوەدێرییە هەبوو، بەڵام چاوەدێرییەکی نادیار بوو، ئایا من ئەودەمەی لە ئەراکیش بووم مودیرەکەمان- کە زۆریش نێوانمان خۆشبوو و زۆر ئینسانێکی باش بوو، گوزارشێکی لە من دابێ یان نا، یان موعەلیمێکی دیکە گوزارشی دابێ، ئاگام لێ نییە و بە هیچ شێوەیەک نەمزانیوە، زۆریش دوستایەتیم هەبوو لەگەڵ موعەلیمەکان و هاتوچۆی ماڵیانم دەکرد و ئەوانیش دەهاتنە ماڵم. تەنانەت جارێک یەکێکیان لەبیرمە خۆی و هاوسەرەکەی هاتنە ماڵمان، خوشکم شووی کردبـــوو هـــاتن بـــۆ بۆکان، ڕابتــەکـــە ئــــاوا سەمیمی و نـــزیک بوو، بەڵام ئـــایـــا لە پشتیشەوە ساواک چی دەکرد و چی دەویست، دیـــارە ئـــەویش ڕیسی خــــۆی ڕستـــووە.



 کاک ئەنوەر وەک ژیانی خۆتان دەزانین ئەوکات و ئێستاش تەنانەت لە وڵاتێکی وەکوو ئێرانیش کە لە زۆر ڕووەوە دواکەوتووە لە وڵاتانی پێشکەوتوو کەسەکە کە دوای قۆناغێک کە دەرس دەخوێنێ دوایا دەیەوێ درێژە بداتەوە بەدەرس خوێندن، بەهەر حاڵ ئەو ناوەندانەی دیارن بۆ ئەوەی کە پلە و پایە و پۆستی بچێتە سەرێ، بۆ ئەو مەسەلە ئێوە ئەو پەنجا شەست کەسەی کە تەبعیدیان کردبوون هەستتان دەکرد بەربەستێکتان هەیە بۆ ئەوەی کە بخوێنن و درێژە بە خوێندنەکەتان بدەن؟ یان بۆ نموونە بۆ ئەوەی کە لەوشارە بەرپرسیارەتییەکتان هەبێ و ببنە بەڕێوەبەری مەدرەسەیەک؟

ئەگەر ڕاستت بوێ نا. ئەو هەست و تێگەیشتنە نەبوو، هۆیەکەشی ئەوە بوو دەخاڵەتەکە بەو شیددەتە کە ڕێژیمی ئیستا دەیکات لە ژیانی خەڵکدا بەتایبەت کارمەندان، بەوشێوەیە نەبوو. نەزارەتەکە بوو، بەڵام بۆ خوێندن هیچ بەربەست و ڕێگرییەک نەبوو. من لە ئەراک بووم، نمایشنامەیەکیان لە تاران ئیجرا دەکرد نێوی “شش شخصیت در جستجوی نویسندە” بوو، هی پیەر ئانجێللۆ. لە بیرمە لە ئەراکەوە هەستام چووم بۆ تاران بۆ دیتنی ئەو نمایشنامەیە لە ئەنجومەنی فەرهەنگیی ئێران و ئیتالیا. هیچ کەسێک پرسیاری چوون و گەڕانەوەی لێ نەکردم، بەسەفەر چووم بۆ لۆرستان بۆ بروجرد و خوڕەم ئاوا، کەس نەیگوت چۆن یان بۆچی ئەو هاتووچۆیە دەکەی؟ دەگەڕامەوە بۆ بۆکان لە نەورۆز و هاویندا، تەبعەن جاسووسیان هەبوو؛ ئەلعان جاسووسەکەی وا لەسەر من شتی دەنووسی، ٣ دانە لە گوزارشەکانی کەوتنە دەستم، ئێستاش هەر لە بۆکان ماوە، خانەنشینی ئاموزش و پەروەرشە. دیار بوو گوزارشەکانیشی دروست دەکرد، مەسەلەن لە یەکیاندا نووسیبووی ئەنوەر دوێنێ لە تاران هاتەوە بۆکان، فڵان کەس و فیسارەکەسی کۆکردەوە بردنی بۆ لای کوڵتەپە لەوێ دانیشتن شیعری هەژاری بۆ خوێندنەوە؛ نێوی خۆیشی نووسیبوو و ناوی خوازراوی خۆیشی کە ساواک بۆی دیاری کردبوو. هەر ئەسڵەن شتی وا ڕووینەدابوو. من بۆچی دەچمە کوڵتەپە؟ چی لێبوو کوڵتەپە؟ خۆ ئێمە سەرچۆم و گۆمی سەرسەکۆمان هەبوو، ئەو کات لەوێ مەلەمان دەکرد، ئەوێی بنووسیایە! بەهەرحاڵ، مەنزورم ئەوەیە نەزارەتەکان بوو، بەڵام لەو سەتحەدا. کەسیش مانعی خوێندن نەبوو، خۆم یەک لەوکەسانەم کە چەندساڵ درەنگتر لەکۆنکور شیرکەتم کرد، ئەودەم کۆنکوری سەراسەری نەبوو، ساڵێ دواتر دانرا. لە کۆنکوری دانشگای پەهلەوی بوومە نەفەری چوارەم، نێوەکەشم لە ڕۆژنامەدا ئیعلام کرا، هیچکەسێ نەیگوت بۆ. لە دانشگای تاران و لە “دانشکدە تربیت معلم”یش قەبووڵ بووم، لە دانشگای تەورێز بوومە “ڕێزێرو”ی بەشی زمانی ئینگلیزی. بە کورتی، لە ١٣٤٣دا تەبعید کرام و لە ٤٧ چووم بۆ دانشگای تاران.

مەنزوورم ئەوەیە حەوزەی بەربڵاوی شتەکەم نیشاندابێت کە نە لە هاتوچۆدا نە لە کاردا هیچ مانعێکی وا نەبوو، بەڵام ئیدی دیارە راپۆرتەکان دەچوون و جاسووسەکانیان لەکاردا بوون. ئـــەگەر مەجال بوو دوایی باسی زیـــاتری ئەوانە دەکەین.



 پێمخۆشە لە پێشدا ئەو کارتێکەرییەی کە لەسەر ژیانی خۆتانی هەبووە باس بکەین جا دوایە بچینە سەر مەسەلەکانی تر، کاک ئەنوەر لە ڕووی بنەماڵەییەوە شتێک هەیە لە کەلتووری ئێمەدا کە مێژووناسن و خۆیشت ئاماژەت پێکرد کە هەمیشە کورد یەکێک لە کێشەکانی لەگەڵ دەوڵەتی موستەقەڕ ئەوە بووە کە ئامادە نەبووە کوڕەکەی بنێرێ بۆ سەربازی لەو دەورانەی کە نەزم و نزامێکی ئاوا بووە، بەجۆرێک تەبعید بوونی ئێوە جیاکردنەوە لەو نەزمی بنەماڵەییە بوو کە لە کوردستان هەتاکوو ئێستا وەکوو نەهادێکی گرینگی کۆمەڵایەتی هەیە، ئەوە چ کارتێکەرییەکی کردە سەر بنەماڵەکانتان و قازانج و خەسارەکەی چی بوو ئەو دورخستنەوەیە؟

 قازانجەکەی ئەوە بوو کە بە شوێنیدا خوێندن و چوونە دانشگا هات و لە درێژەدا ئەگەر باسی بکەین ساڵانی دواتر ٤٤ و ٤٥ و ئەوانەش کە دەستەیەکی دیکەیان دیسان تەبعید کرد بە شوێن ئێمەدا، ئیدی کەم کەم وایلێهاتبوو خەڵکەکە خۆی دەیگوت بمنێرن بۆ تاران، بۆ ئوستانی مەرکەزی مەسەلەن، بۆچی؟ چونکە دەیانویست بچن بخوێنن کەوابوو خوێندن و مەدرەک وەرگرتنی دانشگا بەشوێن تەبعیدەکەدا زیاتر بوو. لە ڕابردوودا لە بۆکان من بە قامک دەمبژارد سێ چوار کەس لیسانسیان بووبێ، دەشزانم کێ بوون. دوای ئەوە وای لێهات یەکێکی وەکوو من کە لەبیری ئەوەشدا نـــەبووم، بچم لە تاران دەرس بخـــوێنــــم، بچمە دانشگا؛ خەڵکێکی زۆر لەوانەی کە ئێستا هاوکار و هاوپۆلی خۆم بوون لە بۆکان و دەبیری بازنشەستە (خانەنشینکراو)ن، مـــەدرەکەکەیان لەو بڕگەیەدا وەرگرت.

ئەوە لایەنە ئەرێنییەکەی. بەڵام لایەنە نەرێنییەکەی بۆ زۆر کەس یەک لەوان من، کارەسات بوو. کە دەڵێم کارەسات بە هەموو واتایەکەوە دەڵێم، لە پێشدا باسی خۆم نەکەم، نەمر موحەممەد ئەشعەری یادی بەخێر بێ، ئەوکات موعەلیم بوو لە بۆکان، وەزعی ماڵی وانەبوو کە کەسێکی ببێ کار و کاسبی بۆبکات، تەنیا کەسێک بوو کە دەرامەتێکی بۆ ماڵێ دێناوە لەگەڵ خانمێکی خزمی من لە سەقز ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو. ئەویان تەبعید کردبوو بۆبەخشی دلیجان لە شاری مەحەللاتی نزیک ئیسفەهان. جاتۆ حیسابی بکە تاقە نان هاوردەی ماڵەکە بۆ دایک و باوک و هاوسەر و منداڵ کاک موحەممەدە، دەبێ تەبعید چ کاریگەرییەکی لەو خانەوادەیەدا بووبێ، بیسەر و بینەر دەتوانێ حەدسی لێ بدات. خانەوادەکە گوشارێکی زۆریان لەسەر بوو، ڕووی سوور بێ خانمەکەی منداڵیشی گەورە کرد و دوایی کە هاتنە تاران ئەویش مولحەق بوو پێیان. دوای ساڵێک و دووساڵ ئیجازەی ئینتقالییان دا پێمان، ئەویش داوای کرد، گوتیان بەشەرتێک نەچییەوە بۆ کوردستان! جا لە مەحەللاتەوە هاتبووە تاران. ئەوە کاریگەریی لەسەر ماڵی کاک موحەممەد، بەڵام کاریگەریی لەسەر ماڵی ئێمە بەڕاستی دەڵێم فاجیعە بوو، من بابم بەرگدوور بوو وهەمیشە لە ئیش وکارەکەی خۆی ناڕازی بوو، نەیهێشت نە کاکم نە من فێری خەیاتی بین و دوگمەیەکیش بدوورین! ڕقی لە ئیشەکەی بوو. ئەوەی کە من بووم بە موعەلیم، حقوقێکم بوو، ساڵ ونیوێک شتێکی وا بوو حقوقم وەردەگرت، ئەوە باش بوو. دووکانێکی چکۆلەی هەبوو هەر شوێنە بەرگدرووییەکەی خۆی کردە بەقاڵی؛ باش بوو بۆی. کاکیشم لەسەربازی بوو. بەڵام کاتێ من تەبعید کرام، نەخۆش کەوت و ئیتر هەڵنەستاوە، جارێک هات بۆ سەردانی من لە ئەراک، پێم سەیر بوو، خاڵم هێنابووی لەگەڵ خۆی، یادی هەردووکیان بەخێر بێ، خۆ بابم شارەزا نەبوو، خاڵم هێنای. ئەوەڵجار بوو کە دیم شەرواڵی لە پێدا بوو دوو لینگە! قەتم ئاوا نەدیبوو، لیباسەکانیش نەمزانی لە کێ وەریگرتبوون، هات بۆ ئەراک بۆلام. دوو ڕۆژ لە لام بوو، دوایی پێکەوە چووینە تاران، لەوێوە ئەو چووەوە بۆ بۆکان و منیش گەڕامەوە بۆ شوێنەکەی خۆم. دوای چەند مانگ زانیم نەخۆش کەوتبوو و ئیدی بەداخەوە هەڵنەستایەوە تا ئەوەی لەساڵی ١٣٤٦دا کۆچی دوایی کرد و منیش دیدارەو ئاخری بووم.غەیری ئەوە کارتێکەری زۆر ناخۆشی دیکەشی هەبوو لەسەر ئەندامانی بنەماڵەکەمان. بۆ نموونە، من لە ماڵەوە نەبووم کە خوشکێکم مێردی کرد و خوازبێنی لە خوشکەکەی دیکەشم بەهۆی کەوتنە زیندانی منەوە تێکچوو، زیندانەکەش لە درێژەی تەبعیدەکەمدا بوو.

من بۆخۆم ئەلعان کە بیری لێدەکەمەوە تەنیا خەجاڵەتی و شەرمەزارییەکم بۆ ماوە کە چیم تووشی بنەماڵەکەم کرد و چ بەڵایەکم ئاوقای ملیان کرد، لەبەرئەوەی بەشوێن تەبعیدەکەمدا زیندان هات و نامیلکەی سیاسیی منیان لە ماڵی کاکمدا دۆزییەوە و کاکم تووشی گێرە و کێشەی زۆر هات بەدەست ساواکەوە و هەراسیان بە خۆی و دووکانەکەی هەڵگرت. ئیدی خەم و خەفەتی دایکیشم لەوێ بوەستێ. بەکورتی، ژیان لە ماڵی ئێمەدا شێوا و بوو بە شتێکی دیکە، ژیانمان ئەگەر بە یەک قسە بیڵێم، بەراوەژوو بووەوە. جا ئیدی لەسەر ئەوانی دیکە و خەڵکەکەی دیکەش کەم و زۆر یەکێک کەمتر و یەکێک زیاتر ئەوکارتێکەرییەی بوو، چون کەسەکــــە خۆی نــەیدەویست بڕوات، وەک دەرکـردن دەریـــان کـــــرد.

 کاک ئەنوەر ئێوە لە سەرەتای قسەکاندا فەرمووتان لە دێهاتی سەقز موعەلیم بوون ساڵی ٤٢ش تەبعید کراون، جا ئێمە دەزانین ساڵی ٤٢ باسی ئەوە هەبوو پێیان دەوت سپای دانش و ئەوکاتەی کەسێک کە سیکل بوایە دەیاننارد بۆ شوێنی جیاواز ڕادەگوێزرا؟ ئەوە چۆن لێک دەدەنەوە بەڕاستی؟

ئەو بە ئیستلاح ناتەباییە لە لە زۆر لایەنی سیاسەتی ئێرانی پەهلەویدا دەبینرا، لە لایەکەوە ئەو بەرنامەڕیزییانەی کە کرابوو بۆئیسڵاحاتی ئەرزی “ئینقلابی سپی” واتە ئازادیی ژنان و حەقی دەنگدان و قوتابخانە کردنەوە لە دێهات و سپای بێهداشت و کۆڵێک شتی دیکەی بەشوێندا هات کە ئیدی سەرگوڵەکەی ئیسڵاحاتی ئەرزی بوو و سپای دانشیش بەشێک بوو لەوەی کە باستان کرد، لە لایەکەوە ئەوە بەرنامەی دەوڵەت بوو. لەلایەکی ترەوە ساواک هەبوو، سیاسەتی ساواکیش لە کوردستان بەشێوەیەکی دیکە بوو و سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی ڕەچاو دەکرد، لەوبەری سنوورەکەوە هەر ئەولاتری بانە، باشووری کوردستان بوو، شۆڕشی ئەیلوول بوو و خەڵکێکیش بوون دڵسۆز و نەتەوەیی دەچوونە ئەو دیو پەیوەست دەبوون بە شۆڕش. ساواک ئاگای لەوەبوو و دەیزانی کێ لەوێیە و چی دەکات، ساواک بەرنامەی خۆی هەبوو بۆ پشتگیرییەکی دیاریکراوی شۆڕش لە باشووری کوردستان، بەڵام لەدیوی ڕۆژهەڵات شتێکی دیکەی دەکرد. لەو ناتەباییەدا ئەگەر دیقەت بکەی خاڵێکی زۆر ڕۆشن هەیە کە ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێ:

لە ساڵانی ١٣٤١و ٤٢ و زووتریش، تەنانەت لە ٣٨ و ٣٩وە لە ئێران بە ئیجازەی ساواک ڕۆژنامەی کوردستان دەردەچوو، ڕادیۆی کوردی تاران هەبوو، دوایی ڕادیۆکە گەورەتر کرایەوە و ڕادیۆی کوردی کرماشان دامەزرا، ئەوانە لە لایەکەوە هاندەر و پشتگیر بوون بۆ شۆڕشی ئەیلوول و ڕۆژنامەکە شتی وای تێدا دەنووسرا کە ڕەنگە ئەمڕۆ باوەڕ نەکرێت، چۆن باسی کوردایەتی و باسی خەبات و شۆڕش و ڕاپەڕین و مافی کوردی تێدا دەکرا. شیعری وای تێدا چاپ دەکرا کە ئەلعانیش بەشێکیانم لە بیر ماون، بۆ نموونە:

“من چیمە لە فاسۆنی فەرەنگ، چۆغەی لیوی

تاشاڵی مەرەز یا نە خوری بێتە قومـاشم

دانیشتنی ســـەرچــــاوەیی ئاوانی چیاکـەم،

نایدەم بە هەموو موڵکی جیهان گەرچی گەداشم!”

ئەوە لە ڕۆژنامەی کوردستان هەڵمگرتووە، من لە ڕۆژنامەی کوردستانەوە فێری کوردی نووسین بووم، فێری کوردی خوێندنەوە بووم. ئێران لەودیو ئاوای دەکرد، بەڵام لە دیوی ئێران خۆ هەر تەبعیدەکە نەبوو، ئەی گیرانەکان بۆ باس نەکرێ؟ لە ساڵی ٣٩ هەتا ٤٢ دوو دەستەی گەورە و گرنگی خەباتکارانی کورد گیران و لە زیندان توندکران. ئەو سیاسەتە ناتەبایە ئەو سیاسەتەی کە لە لایەکەوە هاوکاریی هەبوو لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پشتگیریی شۆڕشی ئەیلوول؛ لە لایەکیشەوە ئەوەی لەداخڵی ئێران دەیکرد و نموونەکەی هەر ئەو تەبعیدەی ئێمە و هێنانی سپای دانش کە تۆ بە درووستی باست کرد. سپای دانشیان هێنابوو لە ئەملا و ئەولای ئیرانەوە لە بن گوێی ئێمە دەرسیان پێ دەگوتنەوە. من لە گوندی بوغدەکەندی بووم و ئەندامێکی فارسی سپای دانش لە گوندی کوچکی سەرێ بوو کە بە پێیان نیوسەعات نێوانیانە، ئەو لەوێ دادەنێن و منیش لەوێ دەردەکەن! دەی دیارە دەبێ سپای دانشێک بێنن داینێن لە جێی من، دەیانویست وا بکەن، منداڵ بە فارسی بخوێنن و بە فارسیش قسە بکەن، مامۆستا کوردەکە بچێ بۆ فارسستان و دیارە ئەویش لەوێ بە فارسی دەرس بڵێتەوە و بە فارسیش قسە بکات، سیاسەتی ئەتاتورکی. ئەوە دروستە، خاڵێکی باش بوو قامکت لەسەر دانا.



 ئایا جێگای ئێوە پڕ کرایەوە، ئەو کەسانە یانی ٥٠ کەس ڕاگوێزران لە کوردستان بۆ شوێنێکی تر، بەشێکی زۆریان لە دێهاتەکان دەرسیان دەگوتەوە، ئەو جێگایەی کە بەتاڵ بوو پڕ کرایەوە یان هەروا وەک کورد دەڵێ بەتەمای خودا بەجێیان هێشت؟

کاری ئێران هەر ئەو دەمیش بەتەمای خوا بوو! بۆ ئەم کارەش هەر وابوو بۆ دەبیری مەهاباد بەڵێ لە ورمێ و تەورێزەوە دەبیریان هێنا بۆ مەهاباد، هۆکارەکەش ئەوە بوو یەک تاقە دەبیریان لە مەهاباد نەهێشتبوو لە ئەنجامدا دەبیرستان دەبوو تەعتیل کرابا؛ بەڵام بۆ ئەوانی دیکە هیچ خەبەرێکم نییە و نەمبیستووە و نەمزانیوە مامۆستای ئاساییان هێنابێ، مەگەر وەکوو باسکرا سپای دانش بەجۆرێ هاتبێتن.



پێمخۆشە بچینە سەر بەشێکی تر لە باسەکە ئەویش ڕوانگەی حاکمییەتی ئەوکاتەی ئێرانە بە نسبەت ئەو بابەتانە، ئێمە کۆمەڵێک شتمان هەیە کە بەجۆرێک پێوەندی هەیە بەو تەبعیدەی ئێوەوە. یەک لە بابەتەکان ئەو سیاسەتە دیپلۆماسییە گشتییە بوو کە بە زمانی کوردی هەر لەوقۆناغەدا لە ٣٩ و ٤٠ بەولاوە دەستیپێکرد، بۆ وێنە ڕۆژنامەی کوردستان دەردەچوو، ڕادیۆی تاران، دواتر ڕادیۆی کرماشان و دواتر تەلەڤیزۆنی مەهاباد و سنەیشی پێ زیاد بوو، بەڵام ئەو سیاسەتە وەک خۆشتان ئاماژەتان پێدا ڕووبە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو. بەڵام ئەو سیاسەتە چ کارتێکەرییەکی لەسەر ئێوە هەبوو وەکوو نوخبەیەکی ئەوکاتە کە لەڕۆژهەڵات بوون و بە جۆرێکش هەم بوون بە بەشیک لە بزووتنەوەی کورد هەم ئەوەش کە لەوقۆناغەشدا ڕاگوێزران و بوون بە قوربانی ئەو مەوزوعەش؟

کــاکە ئـــاگری، ئـــەوانە لەخوارەوەتریش بە شێوەیەک گوتراون، لێرەدا لە زیادی دەچن. لە باری سیاسییەوە لە بیرمە هەر ئەو دەمە هەموو ساڵێ دەچووم داوای گەڕانەوە بۆ بۆکانم دەکرد نەیاندەهێشت. ساڵی ٥٢ -٥٣ بوو، چووم بۆ ئیدارەی حەفازەت لە وەزارەتی ئاموزش و پەروەرش. لەوێ نەیاندەهێشت بچییە ژوورەکەیانەوە، دەلاقەیەک بوو دەبوو لەوێوە نامەیەک یان پرسیارێک ئاراستە بکەی. کابراکەی کە هات قسەی لەگەڵ کردم لەبیرمە ناوی جبل عاملی بوو، گوتی بڕۆ ژیانی خۆت جێبەجێ بکە لە پێشدا، بچۆ خۆت عاقڵ کە لە پێشدا، شتێکی لەوچەشنە! جالب بوو کە بەشوێن ئەودا بە مانگێک و دوو مانگ گیرام. دیار بوو ئەوان لەڕابتەدا بوون و بە هەنــدێک هــەواڵی لای ساواکیان دەزانی.

ئەگەر نیاز لە پرسیارەکە ئەوە بێ چ کارتێکەرییەکی سیاسی لەسەر من بووبێ، بۆ من هاندەرێکی زیاتر بوو لە دژایەتیکردنی ڕێژیمدا، ئەلعان لە بارودۆخی ئەمڕۆوە کە سەیری دەکەم و دەبینم بۆتە مایەی ئەو مۆتەکەیەی کە سواری سەری ئێران بووە واتە حکوومەتی مەلاکان، پێموایە زێدەڕۆییم کردبوو لە هەندێک شتدا، مەسەلەن ئیسڵاحاتی ئەرزی دەبوایە تەئید بکرێ، بۆچی ئێمە دژی دەوەستاین؟ فەرز بکە ڕادیۆی پەیکی ئێران ئەگەر لە ماڵیش نەبوایەم زەبتی سەوتێکم دادەنا زەبتم دەکرد کە بەرنامەیەکیم لە کیس نەچێ؛ تەنانەت فارسییەکەی و کوردییەکەی و تورکییەکەشیم گوێ دەدایە، پێمخۆش بوو، یانێ هاندەرێک بوو بۆ من کە زیاتر لەگەڵ ڕژیم چەپ بکەوم کە کەوتیشم. پێموایە زۆر شتی وەکوو ئازادیی ژنان و حەقی دەنگدان و وەکوو سپای بێهداشت و بەتایبەتی ئیسڵاحاتی ئەرزی شوێنێکی زۆر زۆری دانابوو لەسەر ناوچەکە، دەبوو منیش و زۆر کەسی دیکەش ئەوانەمان تەئید بکردایە، بەڵام نا، من کەوتبووم بەو دیودا و ئەوانەم نەدەدی، زۆرکەسی دیکەش وەک من بوون! ئێمە ناڕاستەوخۆ لەژێر کارتێکەریی سیاسەتی حزبی توودەی ئێراندا بووین کە ئاوێنەی سیاسەتی یەکێتیی سۆڤییەتی بوو لە ئێران و ناوچەکەدا.

 


سیاسەتێک کە لەو قۆناغەدا کە دەگوترێ داڕێژەرەکەی “حوسەینی فەردووست” بووە پیادە دەکرێ و لەوقۆناغە بەولاوە لە کتێب و میدیای ئێرانیدا مەسەلەی ئەوە مەترەح دەکرێ کە کورد بەشێک لە ئێرانی فەرهەنگییە و کورد و هەرجێگایەک کوردی لێ بێ ئەوە ئێرانە و ئەوە دەبێ بە سیاسەت، ئێوە هەست ناکەن ئەو ڕاگواستنەی ئێوە بەجۆرێک بۆ ئیستحالە(ئاسمیلە) کـــردنتان بوو لە نێو بافتی فەرهەنگی فـــــارســــدا یان نەتەوەی بــــــاڵادەستــــدا؟

دڵنیام ئەوە ڕاستە، ئیران بەهەموو جۆرێک هەوڵیدەدا کە ئەو ئیدەیە بەرێتە نێو خەڵکەوە، تەنانەت لە باشووریش خەڵکانێک جەزبی ببوون و ڕێژیم هەوڵی زۆری بۆ دەدا. بۆ نێو کۆنفدڕاسیۆنی خوێندکارانی کورد لەدەرەوەش خەڵکانێ کوردی نارد، ئەوەندەی لە بیرم بێ یەکجاریان سێ کەس بوون بۆئەوەی لەوێ تەبلیغێکی هاوشێوەی ئەو قسانە بکەن وا جەنابت ئاماژەت پێکرد، کە لە ئێران ئەوەتا وەزع ئاوایە و بۆ پێوەندی گرتنەکانیشیان من دەمبیستەوە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ کوردەکانی ئێران کەمتر دەگرت، بەڵام باشوور هەتا باکوور تەماسیان دەگرت ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسەی وا ناردوویانە یان ئەوەی وا قسەی لەگەڵ کراوە خراپ بووبن، بە پێچەوانە خەڵکانی جێگەی ڕێز بوون، مەسەلەن قسەیان کردبوو لەگەڵ دکتور “عیسمەت شەریف وانلی” ئینسانێکی موحتەرەم کە تا ئەو ساڵانەیش مابوو، من ڕێزێکی گەلێک زۆرم لێ دەگرت و بە شەخسی دەمناسی، لەگەڵ ئەو پێوەندییان گرت، لەگەڵ مامۆستا جەماڵ نەبەز کە ئەودەم لە ئاڵمانیا بوو پەیوەندییان گرتبوو. ئەوانە هیچکام پیاوی ئەوان نەبوون، بەڵام بە گوێرەی هەر ئەو سیاسەتە دەیانویست سەرنجیان بەرەو ئێران ڕابکێشن. پان ئێرانیستەکان ئەهرۆمی ئەو کارە بوون، لە کوردستانیش فەعالییەتیان دەکرد، من وەختێک چووم بۆ “خورەم ئاوا”، هەروا بۆ گەڕان چووم، هەموو دەرگا و دیواری شارەکە پڕ بوو لە شوعار بۆ کورد و ئێرانی بوونی کورد، نمایەندەیەکی مەجلیسی ئێران لە مەهاباد [عامری] یان لە پان ئێرانیستەکان دانابوو؟!؛ ڕۆژنامەی هەفتانەی “خاک و خون” و شۆعبەی حیزبی پان ئێرانیست کەم و زۆر لە هەموو شارەکانی کوردستان هەبوو، لە بۆکانیش هەبوو، جارێک دەعوەتنامەیەکی چوون بۆ کۆبوونەوەیەکیان بۆ منیش ناردبوو کە من وەرمنەگرت و فڕێمدا، کەسەکە ئەلعان نەماوە، گلەیی کردبوو کە بۆچی کاری وایکردووە، ئەگەر نەدەهات بیگوتایە نایەم. یانی ئەو کارانە دەکرا کە بڵێن کورد ئێرانین، ئێرە وڵاتی دایکە و دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ئێران. چ سیاسەتێک بوو، ئایا “فەڕدوست” یان کەسێکی دیکە داینابوو؟ ئەوە بیرۆکەیەکی پێشینەدارە لە دەورەی ڕەزا شا و پێش ئەویشەوە هەر بووە و دواتریش تا ئەمڕۆ درێژەی پێدراوە. دوو شیعری کوردیی لاهوتی کرماشانی هەن هەردووکیان باسی ئەو بابەتە دەکەن و بە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەڵێ وەرنەوە وڵاتی خۆمان، کە ئێرانە، ئێرە وڵاتی کــوردە. بـــەڵێ بـووە ئەو سیــــاســـەتە.



 بــەجــۆرێک بزووتنەوەیەکی سیاسی هەم لە ڕۆژهەڵات هەم لە باشووری کوردستان لەگۆڕێدا بوو، تاچەندە کارتێکەری ئەو بزووتنەوەیە بووە هۆکار بۆ ئەوەی ئێوە تەبعید بکەن؟

کارتێکەری ڕاستەوخۆی هەبوو! ئەوە جوابی منە. ئەوەڵەن ئەو چەند کەسەی کە لە بانەوە تەبعید کران لەساڵی ٤٢ لە پێوەندیی ڕاستەوخۆی شۆڕشی ئەیلوولدا بوون، لە قۆناغەکەی دواتریشدا کە ئێمەی گرتەوە ئەوە ئامانجی سەرەکی بوو: دابڕان لە شۆڕشی ئەیلوول و تەئسیراتی ئەو. ئیدی هەمووی ئەوانەی وا تەبعید کرابوون وانەبوو ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیی ئەوێدا بووبێتن، تەئسیراتی شۆڕشەکە بەربڵاو بوو کە لە هەموو کوردستاندا بوو، ئیدی بۆ موعەلیم کە هیچ، کەس نەبوو لە شار و دێ کە بەو شتە نەزانێ و تەبعەن پشتگیریی نەکات. خەڵک باربووی شۆڕشەکەیان دەکرد، هەرکام بە شێوەیەک. باوکم کوتاڵیان دەدایە و جلوبەرگی بۆ پێشمەرگە و ئەو کوردانەی ڕۆژهەڵات دەدووری، بۆ نموونە بۆ چەند ئەندامی بنەماڵەی موهتەدی کە چووبوونە باشوور. بە بۆچوونی من هۆکاری زۆر گرنگی بەرنامەکە نەک تاقە هۆکار ئەوە بوو. کەسانێک کە ساواک پێیوابوو لە باری فکرییەوە یان لە باری پێوەندییەوە لە پێوەندی ئەوێدان ئەوانە لابچن، لە ناوچەکە لاببرێن و نەهێڵرێت کارتێکەرییان هەبێ لەسەر جیلی دواتریان. من بۆ نموونە، دەفتەر و کاغەزم دەدایە قوتابییەکانی گوندی باغڵووجە و فەقێی مزگەوتەکەی، لە لای سەرەوەی دەفتەرەکان ئەم شیعرەی حاجی قادری کۆییم دەنووسی:

“حەیفە بۆ تۆ کە نەسڵی کوردانی / حورمەتی ئاو و خاک نازانی

کاغەزت بێ بە تورکی ئەینووسی / یا زمانی زەبوونی ئێرانی!”

ئەوە نموونەیەکە لەو کارتێکەرییە. من پێشتر حاجی قادرم نەدەناسی و شیعرەکانیم نەخوێندبووەوە، تەنیا ناویم بیستبوو.

 


فەرمووتان دوای ئێوە چەند مامۆستایەکی دیکەش تەبعید کران واتا ئەو تەبعیدە وەک لەپێشدا لە بانە دەستپێدەکات و دواتر دێتە ناوچەی موکریان و دواتر دوبارە تەداومی دەبێت ئەو تەبعیدە چەند ماوەی کێشا و کەی توانیتان بگەڕێنەوە کوردستان؟

ئێمە لە ساڵی ٤٣ شاربەدەر کراین، لە ساڵانی ٤٣ و ٤٤دا بە ڕوونی خەڵکەدەرکراوەکە دەناسم و لە بیرمە و هەمووشی ماون شوکور، ئەلعان بازنشستەن، ساڵی ٤٢ تا ٤٤ قەتعی و حەتمی بوو دەمبیستەوە کە خەڵکێکی دیکەش لە ٤٥ تەبعید کرابێتن، بەڵام ئیتر لە ٤٥ بەولاوە نەما یان وەزعەکە گۆڕا، یان ساواک دڵنیا ببوو کە کوردی ڕۆژهەڵات چیتر لە لای شۆڕش وەرناگیرێن، یا پێداویستییەکە نەمابوو، یان لە ڕەنگدانەوەی خەڵک دەترسان، هەرچی بوو، بەرنامەکە وەستێنرا. ئەوە بۆ مەسەلەی ئیدامەکەی. ئەوجار مەسەلەی گەڕانەوە و ئیجازەی گەڕانەوە: وەکوو باسم کرد من شەخسەن هەتا وەختێ کە گیرام لە ساڵی ٥٣دا تا ئەو وەختە هەموو ساڵێک داوای گەڕانەوەم کرد و موافەقەت نەکرا، ئەوە من. بەڵام یەک دووکەس لەبیرمە و دەزانم دوای چوار پێنج ساڵ گەڕانەوە، هەر هەمووشیان مرۆڤی چاک و پاک بوون؛ ئەوانەیان چۆن هەڵدەسەنگاند بە حیسابی بنەماڵە، پێداویستییەکانیان، یان هەر شتێک، چەند کەسێک وانەبوو بڵێی هەمووشی لە ڕۆژێک و ساڵێکدا بێت، ئیدی بەین بەین چەند کەسێک گەڕانەوە؛ بەڵام بەشی زۆری هەر لەتاران مانەوە و جەزبی ئەو کۆمەڵگایەی ئەوێ بوون و زۆربەیان هاوسەرگیرییان کرد، کاریان پەیدا کرد، ئیدی خۆیان و بنەماڵەیان و منداڵەکانیان بوونە ئەوێیی (تارانی).



 باسێکی دیکە کە هەیە هەر لەو قۆناغەدا چینێکی تریش لە خەڵکی بۆکان و شارەکانی تری کوردستان تەبعید دەکرێن، ئەو چینە بڵێین موڵکدار و دەستڕۆیشتووی شار بوون و زۆربەیان سەر بە بنەماڵەی ئاغاکان بوون، هۆکاری ئەو تەبعیدە چی بوو، ئایا پێوەندی بەو پەسندکردنەوە ئەوانەوە هەبوو؟

پێوەندەی ڕاستەوخۆی نەبوو، بەڵام لەیەک شتدا یەکیان دەگرتەوە ئەویش ئیرتبات بوو لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول، بە بۆچوونی من تەبعیدی ئەوانیش هەر لەو پێوەندییەدا بوو. من هی شارەکانی دیکە ناناسم، بەڵام هی بۆکان دەزانم، ئەو کەسانەی کە تەبعید کران ئەگەر هەمووشیان نەبووبێ چەندکەسی سەرەکییان لە ئاغاواتی بۆکان، ئاغاواتی دێبۆکری، ئیلخانیزادە و موهتەدی و ئەوانە بوون کە پێوەندییان بەشۆڕشی ئەیلوولەوە بوو، مەسەلەن فەرز بکە لە دێبۆکرییەکان یەکێ وەک کاک سەعدی موهتەدی لە ئیرتباتدا بوو، یەکێ وەک هەمزە ئاغای حەمیدی لە ئیرتباتدا بوو؛ ئەوان چووبوونە ئەودیو جا وەختێک تەبعیدەکە دەستی پێکرد قاسم ئاغای موهتەدی یان برایم ئاغای ئێلخانیزادە تەبعیدکران، ئەوانە هەموو بنەماڵەیەک و ئامۆزای یەکتر بوون، کەوابوو ئــەگەر لە ئیرتباتی نێوان تەبعیدی مامۆستایان و ئاغاکان بگەڕێین، من پێموایە لەو ئاڵقەی شۆڕشی ئەیلوولەدا یەکتری دەبیننەوە، دەنا نە پێموانییە مەسەلەن وەک ئیرتباتی شەخسی، فەردی، تاکەکەسی، یەکێک لە ئێمە کە مامۆستا بووین لەگەڵ ئاغاکان پێکەوە هاوکارییەک و حزبایەتییەکمان کردبێ و ئەوە بوونی بووبێ، مەگەر بە هەڵکەوت دەنا نە. هەر بەگشتیش، ترسی ساواک لە پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆکاری هەموو زیندانیکــردن و تــــەبعیدەکـــان بــــــوو.

 


پیتانوایە ئەو تەبعیدەی ئێوە و ئاغاکان چ کاریگەرییەکی کردەسەر بزووتنەوەی ئەوکاتی کوردستان بەتایبەتی بزووتنەوەی ئەیلوول، ئەو خەباتە چەکدارییەی کە لە ٤٦ -٤٧ کرا؟

دڵنیام تەئسیری بووە لە چەند بارەوە، یەکیان ئەوەی ئەوانە هەموو کەسانێک بوون کە خۆیان بەجۆرێک لایەنگری شۆڕشی ئەیلوول بوون؛ لە دابەشبوونی شۆڕش و جیابوونەوەی مەکتەبی سیاسیشدا فەرق ناکات، دیسانەکە کەسانێک لایەنگری ئەملا بوون، کەسانێک لایەنگری ئەولا. بەڵام هەردووکیان لە یەک شتدا یەکیان دەگرتەوە ئەویش ئەوە بوو کە خوێندکار و مامۆستا و خوێندەوار و باسەوادی کورد لە ڕۆژهەڵات بە چاوێکی ئەرێنی تەماشای شۆڕشی ئەیلوولیان دەکرد و ئەگەریش ڕاستەوخۆ لە لەگەڵیدا پێوەندییان نەبووبێت ئەوا ئەدەبیاتی شۆڕشیان دەدی و دەبیست، شتیان دەخوێندەوە وجاروبارە لێرە و لەوێ شیعرێکیان بڵاوکردبێتەوە و غەیرە، ئەو پێوەندییە حەتمەن هەبوو لە ئەوانەی وا چوونە ئەو دیویش و گەڕانەوە بەشێکیان هەر دۆست و ڕەفیق و ئاوماڵ وهاودەنگی هەر ئەو کەسانە بوون کە تەبعید کرابوون، ئیتر دەمێنێتەوە ئایا هاوکاریی ڕاستەوخۆی ئەو شۆڕشەیان کردبێ یا نە، بە بۆچوونی من ئەو هاوکارییەش بوو بەتایبەت لە دێهاتدا. من ئەو ساڵانەم جوان لە بیرە ساڵی ٤١ و ٤٢ ئیسڵاحاتی ئەرزی بوو هەندێک پەیدا ببوون پێیان دەگوتن چەتە، هەر بەڕاستی ئەوانەی هاتنەسەر بوغدەکەندی کە من لەوێ مامۆستای منداڵەکانیان بووم، دوو شەو هاتن و تایەی خەڵکیان ئاگر تێبەردا، ئەوانە چەتە بوون، یەکێکیشیان لێ بریندار بوو، پێموایە خەڵک دەستی کردەوە و برینداری کرد، گوتیشیان کوژرا، نێویشی هەبوو، ئەودەم ئەوان کەسانێک بوون کە نائەمنییەکیان دەنایەوە، باسی ئەو نائەمنییەم کرد، تەوزیحێکی بدەم، لە بیرمە لە بەینی بۆکان و سەقز لە ساڵی ٤٢ ماشین لەدوای سەعات چواری دوای نیوەڕۆ هاتوچۆی نەدەکرد، خەڵک دەترسان چوون چەتەی سەر بە ئاغاواتی ناڕازیی لـــە ئیسڵاحاتی ئـــەرزی بــوونیان هەبوو.

بەڵام لەو لاشەوە شۆڕشگێڕەکان هەبوون کە لە مەنتەقەی بانە بوون، لەسەردەشت بوون، بەگشتی دەشکشانە نێو گەورکایەتیی بۆکان و سەقز و بەشێکیشیان هەر لەوێ شەهید بوون، لە قەرەگوێر بوون بۆ نموونە، یانی حزووریان هەبوو، حزوورەکە ئەگەر جسمیش نەبێ نێوەکەیان هەبوو، نێوەکە گەورە و خۆش بوو لەگوێی خەڵکدا، ئەوان تۆڵەستێن بوون بۆ کورد، بەڵام ئیتر کێشەی نێوخۆییان و موشکلەی پێوەندیی ساواک لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر گەڕانەوە، بە ناڕەزایی گەڕانەوە لە شۆڕش، کە هاتنەوە هەمووی شڕ و پەتۆر و هەموو نانیان نەبوو، پاتۆڵ و پێڵاویان نەبوو، پشتیان تێکردبوون، ئەگەر بەشێکیش تەحویل درابنەوە یاخود هەر لە باشوور و لەناو شۆڕش لەسەر خواستی ساواک شەهید کرابێتن وەک نەمر سولەیمانی موعینی، ئەوانە بەشێکن لەمێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەمووی ئەوانەی بە شوێندا هات و ڕاپەڕینەکە تووشی شکست هات. ئێستا پرسیاری ئەوە دێتە گۆڕێ ئایا بەڕاستی ڕاپەڕینەکەی ساڵانی ٤٧ و ٤٨ و جیابوونەوەیان لە بەژنی سەرەکیی حزبی دیموکرات لە شوێنی خۆیدا بوو و لەکاتی خۆیدا بوو یان نا؟ ئەوەی ئایا بە تەبەعی کومیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی توودەی ئێران کە هاتن بەینێک لەوێ چالاک بوون و کارتێکەرییان هەبوو لەسەر ئەو ئەندامانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش، ئایا هەر چاولێکەری ئەوان بوو، یان شتیکی گەورەتری جیهانی بوو؟ مائۆئیزم لە دنیادا نفوزی پەیدا کردبوو، ساڵانی ٦٠ نەک هەر لە مەنتەقەی ئێمە بەڵکوو هەتا لە ئەوروپاش ئەو کردەوە شۆڕشگێڕانەیە ڕەنگیدابووەوە، هەموان بەقەولی برادەرانی باشوور مۆعجیب بوون بە مائۆئیسم. بە بۆچوونی من ئەو دابڕانەی بەشێک لە لاوان لە بەژنی حزبە کلاسیکەکان ڕیشە و بنەمای پێکهاتنی ئەو باڵە شۆڕشگێڕییە بوو کە هەم لە حیزبی توودەدا سەریهــەڵــــدا، هـــەم لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا .

داوەریکردن لەسەر ئەوەیکە ئایا کارەکە لەو کات و شوێنەدا دەبوو بکریایە یان نا، شتێکی دیکەیە، بەڵام هەرچی بوو کەسانێکی پاک و خالس و خزمەتکاری گەل و دڵسۆزی خەڵک و گیانبەختکردوو بوون و گیان لەسەردەست، هاتنەوە ئێران بەو ئامانجەی کە ماتۆرە چکۆلەکەی ئەوان قەتاری کۆمەڵانی گەل بە شوێن خۆیدا بکێشێ، بەڵام ئێران لەپێشدا خۆی بۆ ئامادە کردبوو و سەرۆکی ژاندارمری کوللی کیشوەر “ئووەیسی” بۆ ماوەیەکی زۆر هاتبوو بنکەی لە پادگانی جڵدیان دانابوو، چونکە ئەوان شتەکەیان گەورە وەرگرتبوو. بەداخەوە ڕاپەڕینی ئەو خەباتکارە شۆڕشگێڕانە تووشی شکست هات، ئەمە بابەتێکی جیاوازە و مەسەلەی وتـــووێــــژی ئــــەمڕۆی ئێمە نییە.



کاک ئەنوەر بەشی زۆری ئێوە تەبعید کران بۆ دەوروبەری تاران، ئەو پارێزگایەی کە بەهەرحاڵ لە تاران نزیکتر بوو لە کوردستان؛دوو سێ سەعات ڕێگا بوو تا کوردستان و دواتر ئینتقال دران بۆ خودی تاران لەو قۆناغەی دەهەی چلدا ئێمە بزووتنەوەیەکی خوێندکاری یان بزووتنەوەیەکی مەعریفی ئەدەبیمان هەبوو کە خوێندکارە کوردەکانی تاران خەریکبوون بەڕیوەیان دەبرد، ئەو هاوڕێیانەی وەکوو کاک ئەمیری حەسەنپوور و کاک سوارە ئیلخانیزادە و چاوە و عەلی حەسەنیانی و…. ئێوە پێوەندیتان لەگەڵ ئەو خوێندکارانە و لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە هەبوو، ئەگەر بکرێ نێوی بزووتنەوەی لێ بنێین؟

با مـــن لە پێشدا ئەوە بڵێم بیـرەوەرییـــەکــــانی کـــــاک حەمەدەمینی سیراجی ئێستا لەسەر یوتیووب بڵاو دەبێتەوە لە بەشی یەکەمیدا زۆر باش باسی ئەوساڵانەی کردووە، خەڵکی دیکەش هەر باسیان کردووە. با ئەوەش بڵێم کە لەپێش ئەوانیشدا لە ساڵانی ١٣٢٤ و لە کاتی کۆماری کوردستاندا خوێندکاری کورد کە زیاتر سنەیی و… بوون لەتاران ئەنجومەنی خوێندکارانی کوردیان هەبوو. کە وابوو، ئەوکارە بێ زەمینە نەبوو، بەڵام ئەوە شتێکی بەتەواوی جودا بوو لەوان، ئەو کەسانە کە نێوتان برد و کەسانێکی دیکەش وەک کاک سمایلی شەریفزادە و کاک سەلاحی موهتەدی، کەسانێک بوون کە خەریکی هەم خوێندن، هەم کاری سیاسی بوون، مەجمەعێکیان هەبوو کۆبوونەوە هەبوو، هاتوچۆیان هەبوو بۆ ماڵی یەکتر و بەتایبەت بۆ ماڵی نەمر حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی. لەوێ وەک بیستوومە، شاعیرەکان شێعری خۆیان دەخوێندەوە و نەقد دەکرا و …. هەر لەو سەردەمانەدا من لە بیرمە چیرۆکی کوردی دەنووسرا، کە من ٢ یان ٣ چیرۆکیانم بینی هی کاک سەلاحەدینی موهتەدی بوو، بەڵام ئەوەی من لە ئیرتباتدا بووبێتم لەگەڵیان نەخێر، من درەنگتر گەیشتبوومە تاران، کەسێکی واش نەبووم کە ئەوان تەحویلم بگرن، من لەوان کەم تەمەن تر بووم؛ لە کاک سەلاحی موهتەدی چیرۆکی “نان و فیشەک “م وەرگرت یانی خۆی پێیدام، گوتی بیخوێنەوە و بۆم بێنەوە، بۆم بردەوە. بابەتەکەی هاوکاریکردنی گوندنشینەکانی کورد بوو لەگەڵ پێشمەرگە، بابەتێکی ناسیاوی گوێی من کە لەگەڵ بیروباوەڕمدا یەکی دەگرتەوە. لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، یەکێک لەخەڵکی دێیەکە بە پێشمەرگەی دەگوت “مەترسە نانمان زۆرە!”، ئەویش وەڵامی دەدایەوە “مەترسە فیشەکمان زۆرە!” لەگەڵ کاک سوارە ئیلخانیزادە ئیرتباتێکی نزیکترم هەبوو و هاتوچۆی ماڵیشم دەکرد، یادی بەخێر بێت کاک سوارە و یەک دوانێکی دیکەیان بە نیسبەت ئەوانی تر چەپتر بوون، کاک سوارە لە بیرمە کتێبێکی پیدام بە نێوی “سیر تاریخ”ی گۆردن چایلد، کە عەلی ئەکبەری بێهمەنش وەریگێڕابووە سەر زمانی فارسی، ئەوەم چاک لە بیرە، چونکوو بێهمەنش دوایە بوو بە مامۆستای ئێمە لە دانشگا. کاک سوار لەگەڵ کتێبەکە کە پێیدام گوتی هەر لەوچەشنە کتێبانە بخوێنەوە، ئەوەندە خەریکی شتی دەرەبەگایەتی و ئەوانە مەبە، ئەو وشەیەشم جوان لە بیرە ئیدی ئەو لە کام قۆناغ و مەرحەلەدا خەتێکی جیاواز لەوانی دیکەی گرتبووەبەر، نازانم، بەڵام دەزانم کەسێکی وەک کاک ئەمیریش کە دواتر شانازیم هەبوو بیناسم ئەویش هەر چەپ بوو، هەر بە گشتی لەنێو خوێندکارە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا وەک باشوور، ڕوانگەیەکی چەپ هەبوو، ڕوانگەیەکی بە قەولی خۆمان نەتەوەییش هەبوو. بەڵام پرسیارەکە ڕووی لە من بوو، من تەنیا ئیرتباتێکی ساکارم بووە، ئەویش زۆر درەنگتر لەوساڵانەی کە ئەوان بە دەوری یەکترەوە بوون. مەکۆی ئەوان لە ساڵانی ٤٠ و ٤١ و ئەوانەدا بوو، من لە ساڵی ٤٥دا چوومەتە تاران. لەگەڵ ئەوەشدا دوو جار چوومە ماڵی حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی، دواتریش لەگەڵ کاک سەلاح و کاک سوارە ئەو پێوەندییەم پەیدا کرد، ئیتر غەیری ئەو هاتوچۆیە نەخێر هیچ پێوەندییەکم لــەگـــەڵیان نـــەبــــــووە.



ئەوەندەی من بزانم مەرحومی کاکتان دەبێ لەگەڵیان لە ئیرتباتدا بووبێت، دیارە ئەوە پرسیارێکی شەخسی خۆمە، ئەوەی کە من بیستبێتم لە سالڵنی دواتر لەمە جامعەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کە لە بۆکان هەبوو بەحسی ئەوە مەترەح دەکرا کە عومەری کاکتان پێوەندی لەگەڵ ئەو تیمە هەبووبێت و کاری لەگەڵ کردبێتن، ئەگەر بکرێ لەسەر ئەو مەسەلەیەش باسێ بکرێ مەمنوونتم؟

کاکم چەپ بوو، لە ساڵانی ٣١ و ٣٢ و ئەوانەدا ڕۆژنامەفرۆش بوو، ڕۆژنامەکانی حزبی توودەی دەفرۆشت و لە فەزای فیکریی حیزبی توودەدا بوو، دواتریش کە هات بۆ تاران و من لە تاران بووم پێکەوە دوو جار چووینە ئەنجومەنی ئێران و شۆرەوی، جارێکیش لە ساڵۆنی کووی دانشگا فیلمیان پیشان دەدا، فیلمی”رەزمناوی پاتیومکین”فیلمی شۆرەوی بوو، پێکەوە چووین بۆ دیتنی فیلمەکە. یانی ئەوە فەزای فیکرییەکەی بوو و لەگەڵ ئەوکەسانەش دۆستایەکی نزیکی هەبوو کە باستان کرد، لەو دەمەدا لە بۆکان کتێب فرۆش بوو، کتێب فرۆشییەکەشی وەکوو بڵێین پاتۆقێک بوو بۆ هەرکەسێک وەکوو ئەوانەی کە خوێندکار بوون و ئەوانەی لە تاران و تەورێزەوە دەهاتنەوە یاکوو موعەلیمی غەیرە بوومی بۆکان هەر هەموویان، من کەم کەسم دیوە موعەلیم بووبێ و نەهاتبێتە دووکانی کاکم، یان دانەنیشتبێ و قسەی نەکردبێ، زیاتر لە هەموان دۆستایەتیی کاکم لەگەڵ کاک سوارە بوو، هەروەها لەگەڵ کاک عەلی حەسەنیانی کە وەکیل بوو لە میاندواو کاری دەکرد، کاری دادگای لە بۆکانیش وەردەگرت، دەهاتە دوکان لەگەڵ کاکم هەمیشە شیعریان پێکەوە دەخوێندەوە، من لە بیرمە ئەو شێعرەی پیرەمێرد “هاتن شەهیدەکان بە جلی سوور و خوێنەوە / دایکی وەتەن دە هەستە سڵاویان بسێنەوە” ئەو شێعرەی دابوو بە کاکم. دواتر ئەو بۆی خوێندمەوە، من لەبەرم بوو. ئیدی ئیرتباتەکان ئاوا بوون.

کاک “فاتێح چاوە” هاتووچۆی بۆکانی ڕەنگە ئەوەندە نەکردبێ، بەڵام هەر دیومە لە دوکانی کاکم، یەکتریان دەناسی. پێوەندییەکان لەڕێگایەکی تریشەوە بوو، ئەوان هەموویان لە ڕۆژنامەی کوردستاندا شێعریان بڵاو دەکردەوە. ئیدی ئەلعان ڕۆژنامەی کوردستانەکە چاپ بۆتەوە و بە باشی ئینسان دەتوانێ بیبینێ، ئەوەی بە بۆنەی مەرگی مامۆستا گۆرانەوە بوو ژمارەی تایبەتی دەرکرا، ئەوەش مەتڵەبی زۆر گرینگ بوو کە کاک ئەمیر و کاک سوارە و کاک چاوە و هەموویان لەگەڵ بوون بڵاویان کردەوە و لە غەیری ئەو ژمارەیەش جاروبارە شێعریان لەوێدا بڵاو دەکردەوە، کاکیشم بە هەمان شێوە، ئەوەش بەجۆرێ بەیەکەوە گرێی دابوون، پێموانییە لە ڕادیۆ کرماشان پێوەندییان پێکەوە بووبێ، نەمبیستووە ئەوکەسانە لە ڕادیۆ کرماشان شێعریان خوێندبێتەوە، بەڵام شیعرێکی کاکم لە بیرە لە ڕادیۆ کرماشان خوێندیەوە بۆ ئیسڵاحاتی ئەرزی “ بۆ پێشەوە جووت بەندە دونیا بە تۆوە بەندە!” کاکم بەو جۆرە دیارە هاوکاری ڕادیۆ کرماشانیشی کردووە، ئەمن لە ئەوانی دیکە نەمبیستووە، تەبعەن کاک سوارە بۆخۆی لـــە ڕادیـــۆ تـــاراندا بوو و لەوێ بــــەرنــــامــــەی بوو.

 

کاک ئەنوەر ئەو پێوەندییەی کە باسمان کرد و ئەو جۆرە هەستانەی کە هەبوون بۆ وێنە لە تاران بە جۆرێک، لە کوردستان بە جۆرێکی دیکە، بەڵام هەتا ئەوانەی کە دەچوونە باشووری کوردستان بەجۆرێکی تر وەلێ هەموو یەک خاڵ کۆیان دەکاتەوە یان بڵێین خاڵێک پێکەوە گرێتان دەداتەوە خاڵی کوردایەتی یان دەغدەغەیەکی نەتەوایەتی، ئەو کانوونانەی کە هەبوون چەندە دەتوانن بە ئەدەبیاتی ئەمڕۆیی پێی بڵێن کۆمەڵگای مەدەنی یان پێی بڵێن مقاومەتی مەدەنی کە لەو قۆناغەدا هەبووە و بەجۆرێک مقاومەت بووە لە بەرانبەر وتارە باڵادەستییەکە کە دەوڵەت و حاکمییەت بەرهەمیان دەهێنا؟

لەو پێوەندییەدا بڵێم من ساحێب نەزەر نیم، بەڵام یەک شت ڕوونە ئاماژەی پێبکەم: خەباتی مــەدەنی گــەلی کورد هەمیشە چۆتە ژێر چەترێکی قورسی شۆڕشی چــەکـــدارانــــەوە و لە هەرشوێنێکیش سەریهەڵدابێ بەجۆرێک ئاخرەکەی گەیشتۆتە ئەو کارە. ئایا بارودۆخی وڵاتەکە ئەوەی کردووە، ئایا بارودۆخی جوغرافیایی و هاوسنووری لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ئەوەی کردووە، ئایا ئەوە بەشێکە لە فەرهەنگی کوردی، ئایا ئەوە خوویەکی عەشیرەییە و زۆر شت و قەزایای دیکەی لەو چەشنە بەداخەوە تۆ دەست بۆ هەر خەباتێکی مەدەنیی کورد دەبەی بەجۆرێک سەر لە کاری شۆڕشگێڕانە و چەکدارانە دەردێنێ، ئەلعان بۆ نموونە ڕێبەرانی کورد، حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات هاوار دەکەن ٢٥ ساڵە ئێمە کاری چەکدارانەمان دژ بە ئێران نەکردووە، بەڵام لەولاشەوە کارە چەکدارانەکە نانێنە لاوە بەگشتی، بێن بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بڵێن باشە ئێمە کاری مەدەنی دەکەین و تەواو؛ ئەوەی هەیە شتێکە نە ئەمە نە ئەوە، لە ئەنجامدا ئەوە زیانێکی زۆری داوە لە کورد. تۆ ئەو ڕاپۆرتانە تەماشا بکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤانە دەیدەن لە ڕاپۆرتەکانیاندا چەند بە گرینگییەوە بۆ نموونە باسی زوڵم و زۆرێک دەکرێ کە لەئێران لە بەهاییان دەکرێ، دیارە سەبارەت بەوان هەرچی بڵێن هەر کەمە، خۆ ئەوە نییە بڵێم خراپە، ئەوە کارێکی زۆر چاکە دەیکەن، دەبێ لەوەش زیاتر پشتیوانی بکرێن، چونکوو بەهایی زوڵمی گەورەی لێکراوە لە ئێراندا. بەڵام زۆر بەکەمی باسی کورد دەکرێ، هۆکارەکەشی من زۆر سەرنجم داوەتێ، هەمیشە من ئەو گوزارشتانە کە دەبینم لێرە–جا بە کوردی یان بە ئینگلیزی- قورسایی ئەو زوڵمەی کە لەکورد دەکرێ لە ڕاپۆرتەکاندا کەمە، بۆچی وایە؟ بەهەڵسەنگاندنی خۆم کورد تێکەڵاوی کێشەی چەکدارییە و ئەوان نایانەوێ بەجۆرێ دیفاع لەحەرەکەتێکی چەکدارانە بکەن کە دوایی تاوانبار بکرێن بە لایەنگریی لێی، جێگایەکی وەکوو یەکێتیی ئەورووپا بۆ نموونە. ئەو خەباتە مەدەنییەی کە تۆ باسی دەەکەی لە زۆر قۆناغدا بە ئیستڵاح چەخماخەکەی لە کوردستان لێدراوە، بەڵام لەدواییدا بەجۆرێ خەباتە چەکدارانەکە بەسەریدا زاڵ بووە و بۆتە کاری چەکدارانە. خەباتی وەکوو ئەو ڕاپەڕینەکەی باڵی شۆڕشگێڕ و هەر ئەوان لە بنەڕەتدا خۆیان چەکدار بوون ئەوە هیچ، ئەوە ناکرێ بەو حیسابە دابنێی ئەوان پێیان وابوو کە حیزبی دێموکرات خۆی یان حیزبی توودە خۆی بەوجۆرەی کە پێویستە شۆڕشگێڕ نین یانی ئەکتی شۆڕشگێڕانە ناکەن و حەقی ئەوانە کە ببنە بزوێنەری بچووک کە قەتاری خەڵک بەدوای خۆیاندا بکێشن، لەم شۆڕشەی ئەخیری ساڵی ٥٧دا ئێمە دیمان تەنیا ئەو حزبانە هاتن لە کوردستان چالاکییان کرد کە چەکدار بوون، لە نێو فیداییانی خەڵقدا هیچ شاخەیەکی چەکدار نەبوو جگە لە کوردستان، یانی دیتنی ئەو جیاوازییانە گرنگە بۆ هەڵسەنگاندن. من کۆمەڵناس نیم ناتوانم جوابێکی ڕوونی پرسیارەکەت بدەمەوە، بەڵام ئەوانە دەبینم بە چاو و پێشیەوە دەناڵێنم کە بۆچی وایە، ئەو هەمووە بەدبەختییە بەسەر کۆڵبەر دێ، مەگەر لە دوو سایت و فەیسبووکدا نێوی بێنن دەنا هیچ پشتیوانییەکیان بۆ نییە. ئەوان بۆ ڕۆژێ ١٠ دۆلار و کەمتر لە کەمینی پاسدار و بەسیجی دەکەون و گیانی خۆیان و حەیوانەکەیان همیشە لە مەترسیدایە؛ بۆ ئەوە دەنگ ناداتەوە؟ ئەوە دەبوو دنیای کەڕ بکردایە. ڕژیمی مەلاکان بە زیرەکی نیسبەتی هەڵەیان دەداتە پاڵ، دەنا هەر سپای پاسداران ئەوەندە شتوومەک هاوردەی ناو ئێران دەکات کە بە تاقە کەشتییەکی لە چەند هێندەی هاوردەی ساڵانەی هەموو کۆڵبەرە کوردەکان زیاترە و دەنگ لــەکـــەسیش دەرنــــایــــەت.



کاکە گیان ئەو بەشەی کە لە خوارەوە هاتووە لە کۆتایی وتوێژەکەدا باستان کردووە ئەگەر حەز بکەن من کاتی چاپ دەتوانم وەکوو پێشەکی لەزاری خۆتانەوە دایبرێژم؟

من هیچ شتێکم نییە یەک دوو شتم یادداشت کردبوو سەبارەت بە بارودۆخی جیهانی، دەمویست بڵێم نە ئەو شۆڕشەی ئەیلوول و نە خەباتەکەی نێوخۆی ئێران ئەوانە هیچکامی وا نەبوون کە دابڕاو بن لە باقی دنیا، لە فەزای مەنتەقەکە و فەزای جیهانی. ئەوە شەڕی ڤێتنام، ئەوە کامبۆج و کوبا؛ سەرمایەداری لە هەموو لایەکەوە لە ژێر گوشاردا بوو، لە عێراقیش کودەتای عەبدولکەریم قاسم حەرەکەتێکی گەورە بوو، گەلێک گەورە نەک هەر بۆ عێراق، بەڵکوو بۆ ناوچەکەش، بە باشی لەبیرمە کلاسی ٩ بووم باش تێدەگەیشتم. خەڵکەکە زۆر باسی ئەوەیان دەکرد لە ئۆردن و ئێرانیش کودەتایەکی هاوشێوەی ئەوێ ڕووبدات، ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانیش دەست پێشخەرییان کرد، نزیکایەتییان لە شۆڕشی ئەیلوول کرد، یەکێتیی سۆڤییەتی لەگەڵ “قاسم”دا پەیمانی ١٥ ساڵەی بەستبوو و ئاوڕی ئەوتۆی لە کورد نەدەدایەوە. نامەوێ بڵێم شۆرشی ئەیلوول دەسکردی ئێران بوو، بەڵام ئەوان دەوریان هەبوو لە هاندان و هەڵخەڵەتاندنی هەندێک لایەنی ناو شۆڕشەکەدا. عیسا پژمانی گەورە جاسووسی ئێرانی دەڵێ دوو کەسم لە باشوورەوە هێنا و بردمە تاران بەلیباسی عەجەمییەوە چەکمان پێدان و چوونەوە. یانی ئێرانییەکان لەڕێگەی ئەو کەسانەوە کە ئەودەم بە ناوی بەرپرسی سیاسی نێردرابوونە باڵوێزخانەی ئێران لە بەغدا، هەموو هەوڵێکیاندا بۆئەوەی ئەو فەزا شۆڕشگێڕانە و دژی ئەمریکایەی سەردەمی قاسم بەجۆرێک تێک بشکێنن، من پێموایە شۆڕشی ئەیلوول زوو بوو دژ بە عەبدولکەریم قاسم. قاسم کارێکی گەورەی کرد کە تا ئەمڕۆش و بۆ هەمیشەش دەمێنێ. ئەو عێراقی کردە وڵاتی عەرەب و کورد، هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچە ئەوەی نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کورد لە عێراق کەمە. ئەوشتانە هەیە و پێویست بـــە بــــاس ناکـــات.

تەنیا یەک شت بڵێم کە باسمان نەکرد ئەوەی کە لەو وەختانەی کە ئەو تەبعیدانە ڕوویدا ساواک لە ژێر دەستی “نخست وزیری”دا بوو، ساواک وەزارەتخانەیەک نەبوو وەکوو ئیتلاعاتی ئێستای ئێران، بەڵکوو ئیدارەیەک بوو لە ژێر “نخست وزیری”، ڕەیسی ساواک ئەودەم لە ساڵی ٤٢دا سەرلەشکەر پاکڕەوان بوو، لە ساڵی ٤٣دا سەرۆکوەزیران گۆڕا لەبەر ئەوەی “حەسەن عەلی مەنسوور” ترۆر کرا و کوژرا، بە شوێنیدا “ ئەمیر عەباسی هووەیدا “ هات. لە هەموو ئەو ماوەی تەبعیدانەدا هووەیدا “نخست وزیر” بوو. لە ساڵی ٤٣ و ٤٤ و ٤٥‌دا هەتا ٤٦یش ڕەیسی ساواک کە جێگری سەرۆک وەزیرانیش بوو “سپهبد نعمت اللە نصیری” بوو. لە بەهمەنی ٤٣ هەتا ٤٦ وەزیری ئاموزش و پەروەرش هادی هیدایەتی بوو. مەبەستم ئەوەیە لە ماوەی ساڵانی١٣٤٢ هەتا ٤٦ کە ئەو تەبعیدانە لە کوردستان ڕوودەدات، ئەو کەسانە بەرپرس بوون لە ئێراندا و پێویست بە گوتن ناکات کە شا بەرپرسی یەکەم بووە لەهەموو کاروبارێکی سیاسی و ئەمنیی ئێرانی ئەوساڵانەدا. من لە ورمێ ئیمتحانی شەشی ئەدەبیم دەدا بە داوتەڵەبی، کە هاتمەوە لەسەر خیابان نامەبەری ئیدارەی ئاموزش و پەروەرش هات گوتی ئەو نامەیە هی تۆیە، ئیمزام کرد و وەرمگرت، تەماشام کرد حوکمی تەبعیدەکەمە! بەڵام وەکوو باسم کرد هیچکام لەوانە جگە لە ساواک مەسئول نەبوون، نازانم ئیداراتی ئاموزش و پەروەرش گوزارشیان ڕەتکردبێ و گەیشتبێتە دەست ساواک، ئەوانە هەمووی مومکینە؛ بەڵام من ئیدارەی ئاموزش و پەروەرش لە سەقز و لە مەهاباد بە مەسئولی ڕاستەوخۆی ئەو تەبعیدانە ناناسم، بەرپرسی ئاموزش و پەروەرشی سەقز کەسێک بوو بەناوی ئاغای موحسنی کە لەم ساڵانەی دواییدا لێرە لە لەندەن چاوم پێکەوتەوە زۆر ئینسانێکی موحتەرەم بوو، بەرپرسی ئیدارەی ئاموزش و پەروەرشی مەهاباد ناوی “محسنی” بوو. بۆکان وەک بەخشی شارستانی مەهاباد، سەرۆکی ئیدارەی ئاموزش و پەروەرشەکەی ئەوساڵەی کە من تەبعید کرام “حەسەنی مەجدی” برای محەمەدی مەجدی بوو خەڵکی مەهاباد. من ئەوانە بە مەسئول دانانێم، ئیدی ئەگەر شتێکیان بیستبێ یان کەسێک گوزارشێکی ناردبێت من ئاگام لێ نییە و نازانم، من تاوانباریان ناکەم. گەرچی یەکجار نامەیەکی من بۆ ئیدارەی ئاموزش و پەروەرشی بۆکان کە ڕەنگی سیاسی بوو، نێردرابوو بۆ ئاموزش و پەروەرشی مەهاباد و لەوێوە ئاغای گوڵجەبینی نێردرابووە بۆکان بۆ لێکۆڵینەوە لە مەسەلەکە. گوڵجەبینی بۆرە خزمایەتییەکی لەگەڵ ئێمە هەبوو و کارەکەی لەبەرژەوەندیی مندا شکاندەوە، گەرچی دووری نازانم ئیدارەی ئاموزش و پەروەرشی مەهاباد مەسەلەکەی بە ساواک ڕاگەیاندبێت لەبەر ئـەوەی زۆر گـــەورەیان کــردەوە.

ڕەئسی ساواکی سەقز کەسێک بوو بەنێوی سەرهەنگ مونشی خەڵکی سنە بوو، کە ئێستا گوایە لە ئاڵمانیا دەژی. جارێکیش پێش ئەو تەبعیدە منی بانگ کرد بۆ ساواکی سەقز، چەند ژمارەی ڕۆژنامەی “کوهستان”م لە نەمر مامۆستا مەلا “هادی ئەفخەمزادە” وەرگرتبوو و خوێندبوومەوە، کەسێکی خۆفرۆش کە ببوو بە جاسووسی ساواک و هاوکار و ڕفێقیشمان بوو! گوزارشی لێ دابووم کە ئەو ڕۆژنامانەی وەرگرتووە، چونکە هەر ئەو هاتبووە ماڵەکەم لە گوندی باغڵووجە و تەنیا ئەویش ڕۆژنامەکانی دیتبوو. بانگ کرامە ساواکی سەقز؛ سەرهەنگ مونشی هەندێک قسەی کرد و هەڕەشە و ئەوانە، کە وادەکەین و وا دەکەین، دامەزرێ و لەوکارانە گەڕێ! ئەوە پێش تەبعیدەکەم بوو. ئەودەم ڕەیسی ساواکی مەهاباد پێموایە سەروان کەنزی بوو، ئەوانە مەسئولی ساواک بوون لە ناوچەکە و جگە لە کارمەندی لاوەکی هەندێک لە کوردانیش هاوکارییان دەکردن. یەک شتی سەیر و سەمەرە ئاماژەی پێبکەم: من کە داوای گەڕانەوەی کوردستانم دەکرد لە ئەراکەوە، هیچ موافقەتیان نەدەکرد، بەڵام گوتیان دەتوانی بۆ جێی دیکە داوا بکەیت، من داوای “شهر ری” م کرد پێموایە کەرەجیش. تارانیان نەدەداینێ. بۆیە بۆ “شهر ری” موافقەتیان کرد و چووم لەوێ دەرسم دەگوتەوە و دوای ساڵی ٤٧ چوومە دانشگای تاران و دەرسم خوێند. جاسەیرەکە چی بوو؟ وەختێک کە من لە سەقزەوە تەبعید کرام ڕەیسی ساواکی سەقز وەک گوتم، “سەرهەنگ مونشی” بوو، کە چووم و گەیشتمە “ شهر ری” رەئیسی ساواکی ئەوێش هەمان “سەرهنگ مونشی” ی کورد لە سەقزەوە هاتبووە “شهر ری”! ئیتر بەخت بوو، هەڵکەوت بوو، ڕێکخستنێکی تێدا بوو، چی؟من خۆم بە هەڵکەوتی دەزانم. داوای ڕاگوێزران بۆ شەهر ڕەی و کەرەجم کردبوو کە هەردووکیان لە بن گوێی تاراندا بوون و دەکرا ماڵم لە تاران بێت، بەڵام لەوێ دەرس بڵێمەوە. نێردرامە ڕەی و خزمەت سەرهەنگ مونشی! ئەویش تەبعەن منی دەناسی بە نێو. لە دەبیرستانی”کوی نهم آبان” کە بووم، دواتر بیستمەوە لەهەر پۆلێک کە من دەرسم تێدا دەگوتەوە یەک نەفەریان وەکوو نمایەندە بانگ کردبوو، بردبوویاننە شوێنێک، مەئموورێکی ساواک لێی پرسیبوون فڵانەکەس لە نێو پۆل دەڵێ چی و شتی ئەوتۆ. بەستنەوەی ئەو ئاڵقانە بەیەکەوە دەریدەخات کە دەوری سەرەکی لە مەسەلەی تەبعید کردندا ساواک گێڕای، دیارە لەسەر بنەمای ئەو هەواڵانەی وا هەواڵدەرە خۆجێییەکان پێیان گەیاندبوون. ماڵیان بشێوێ وەک بوو و ماڵە بابی شاکەیان شێوا!

داگرتنی بابەت