وتووێژ لەگەڵ ئاڵا ڕەیانی
نوسەری کتێبی کچی شەڕ باسێک لەسەر کۆلۆنیالیزمی ئێرانی
ئاڵا ڕەیانی، ئەکتەر و نووسەر، لەدایکبووی شاری مەهابادە و بە منداڵی هاتووەتە سوید. ئاڵا ماجستێری لە زانستی سیاسی هەیە. ماوەیەک لە دەفتەری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە سوید کاری کردووە و دواتر لەگەڵ ڕێکخراوی سویدی “ژن بۆ ژن” لە کوردستان لە بواری پرسی ژنان چالاک بووە. ئاڵا لە منداڵییەوە شەیدای کاری شانۆ و فیلم بووە و ساڵێک لە ڕشتەی فیلم و میدیادا دەرسی خوێندووە. ئێستا وەک ئەکتەر کار دەکا و لە چەندین فیلم و شانۆدا بەشدار بووە. مانگی مای ٢٠٢٣ کتێبی” کچی شەڕ”ی بە سویدی بڵاو کرایەوە. کتێبی کچی شەڕ باسی ژیانی سیاسیی دایک و بابی و هاتنیان بۆ سویدە، بەڵام ئەم گێڕانەوەیە دەبێتە بەهانەیەک بۆ باسی مێژووی کورد، جێنۆسایدی کورد، شۆڕشەکانی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا.
کتێبی کچی شەڕ بە باسی “سایکس پیکۆ” دەست پێکراوە. دەتوانی وەک کەسێکی نەسڵی نوێ، نەسڵی دوای دایکت پێم بڵێی بۆ لەو خاڵەڕا کتێبەکەت دەست پێدەکەی؟
چونکە ئەوە یەک لەو خاڵانەیە کە مێژووی کوردستان تاریف دەکا. سەختە ئینسان باسی کوردستان و کوردبوونی خۆی بکا بێ ئەوەی باسی ڕیشەی پرسی کوردستان نەکا کە لە ئەسڵدا ڕیشەیەکی کۆلۆنیالیستی هەیە. بۆ ئەوە نەک هەرغەیری کورد بەڵکوو خودی کوردیش مێژووی خۆی لەبیر بێ کە بۆ ئێمە وەزعمان ئاوایە.
ئێوە کۆلۆنیالیزم چۆن دەبینن؟ بۆ تۆ کۆلۆنیالیزم چییە؟ ئینسانێکی کــــۆلــــۆنیالکراو چۆنە؟
کۆلۆنیالیزم دەربارەی وەی دایە کە یەک فەرهەنگ و یەک گرووپ لەسەر گرووپێکی دیکە خۆی سالار دەکا و گرووپی غەیری خۆی دەچەوسێنێتەوە بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی. کۆلۆنیالیزم چەندین توێژی هەیە، وەکوو پیوازێک وایە کە چەند توێژی هەیە. هەم پرسێکی سیاسییە، هەم ئابوورییە، هەم دەروونی و کۆمەڵایەتییە. کۆلۆنیالیزم کار لەسەر پسیکۆلۆژی ئەو ئینسانە دەکــا کـە دەیهەوێ بیچەوسێنێتەوە.
ئینسانێکی کۆلۆنیالکراو کەسێکە کە ونە. ڕێشەی لە دەست کەسێکی دیکەیە. دەستی بەسەردا گیراوە. ئینسانی کۆلۆنیالکراو هەست دەکا کە فەرهەنگی ئەویتر لە هی خۆی گرینگترە، جوانترە، باشترە. ئێمە وەکوو کورد هەمیشە خۆمان لەگەڵ فەرهەنگی خەڵکی دیکە بەراورد دەکەین. سیاست وای کار لەسەر ئێمە کردووە کە خودبەخود هەمیشە لەباری دەروونییەوە تەنانەت ئەگەر ئەو ڕژیمە نەمێنێ خۆمان هەمان سیاسەتی ئەوان، سیاسەتی کۆلۆنیالیستی بە بەردەوامی دەربارەی خۆمان دەبەینە پێش. لەبەرانبەر فارس و تەنانەت تورک خۆمان پێ کەمترە. بە زمانی ئەوان قسە دەکەین. بە فارسی قسە دەکەین. فارسیمان پێ جوانترە. کوردییەکەمان فارسیی زۆرتر تێدابێ، یا هەر فارسی قسە دەکەین. ڕەفتار و هەموو شتێکمان وایە. ئێمەش برینج و خۆرشتمان هەیە، بەڵام دەڵێن قورمەسەبزی ئێرانی. مێژووی خۆت لەدەست داوە. ڕیشەی فەرهەنگت یەکێکی دیکە لێی هەڵگرتووی، لێی دزیوی، ئەتۆش باوەڕت بەوە هەیە. ئەتۆ بەچاوی ئەو کۆلۆنیالیستە چاو لە خۆت دەکەی. ئەو کۆلۆنیالیستە پێی گوتووی ئەتۆ کەمتری، ئەتۆ وەحشیت، ئەتۆ سەر دەبڕی، ئەتۆ دێهاتیت، زمانی تۆ هیچ نییە. ئەو شتانە ئەگەر بەو ڕادەیەش بەخۆتی نەڵێی دیسان توێژێکت تێدایە کە وا چاو لەخۆت دەکا. تەنانەت ئەو کوردانەی خۆشیان پێ کوردە، شیکردنەوە لەسەر دەسەڵات و نابەرانبەری دەکەن، دیسان خۆیان لە بەرانبەر فارسدا پێ کەمترە، چونکە ئەگەر دەگاتە ئەجێندای سیاسی لەسەر میز، حەتمەن ئەجێنداکە ئەجێندای فارسەکەیە و ئێمەش مەرجەکانی ئەوان قەبووڵ دەکەین. ئێمە کەمینە نین، بەڵام بۆ وێنە ئێمە خۆمان لە چوارچێوەی ئێراندا دەبینین. کوردی باکوور خۆیان لە چوارچێوەی تورکیەدا دەبینن، بەڵام لە ڕێشەوە ئێمە یەکین. ئەگەر چاو لە سیاسەتی ئەو وڵاتانەش بکەین دەبینی ئەوان ئێمە وەک یەک نەتەوە دەبینن. بۆیە سیاسەتەکەیان لەبەرانبەر کورددا ئاوایە و هەمیشە هاودەنگن دژی کورد. سیاسەتی شکانمان و دەستی باڵا دەگرن، شەڕ بە کورد دەکەن. کورد شەڕ لەگەڵ یـــەکتــر بکەن و… هتد.
تێرمینۆلۆگی زۆر گرینگە. ئەتۆ کەڵک لە چ وشە و چەمکێک وەردەگری، بۆ گرینگە ئێمە بەخۆمان بڵێین کورد نە ئێرانی. ئەو باسە لەناو کوردیشدا هەیە. بۆ هێندێک کەس ئاساییە کە بەخۆی بڵێ ئێرانی. بەڵام من قەت بە خۆم ناڵێم ئێرانی، بۆ؟ چونکە ئەگەر ئەمن بەخۆم کوت ئێرانی، سیاسەتی ڕژیم، سیاسەتی کۆلۆنیالیستی ئەوان زیندوو ڕادەگرم. سیاسەتێک کە “فارس تەوەر” و “فارس سەنتەر”ە. ئیتنیکی فارس لە سەرووی هیرارشی دادەندرێ. هەموو شت لە دەوروبەری فارس دەخولێتەوە. بۆ من ئێرانی واتە فارس. چونکە سیاستی ئێرانی وابووە. کەسی دیکە ئێرانی نییە. ئێران یانی زمانی فارسی، فەرهەنگی فارسی. جا ئەو فەرهەنگە زۆریشی دزییە. چونکە یەکێک لە بناغەکانی کۆلۆنیالیزم ئەوەیە کە لە هەموو فەرهەنگەکانی دیکە کە دەیانچەوسێنێتەوە لێیان دەدزێ. ئێمەش باوەڕ بەوە دەکەین کە ئەو شتانە هی وانە، هی ئێمە نییە، زۆرجار شتی خۆمانیان دەدەینێ و دەڵێین ئەوە هی فارسانە، هی ئێمە نییە. بەڵام لەڕاستیدا ئەم مێژوویە لە هەوەڵەوە بەدرۆ نووسراوە. ئێمە نە ئەنستیتۆ یا شوێنێکمان هەیە نە هیچ شتێک کە بتوانین فەرهەنگی خۆمان ڕابگرین و بەدروستی بینووسینەوە. هەمیشە یەکێکی دیکە بۆمانی گوتووە و تەنانەت ئێمە لە قوتابخانە ناتوانین دەربارەی مێژووی خۆمان فێربین. تەنیا ڕێگایەک کە ئێمە شتێک فێر بووین ئەوەیە باب و باپیر و داپیرمان ئەو شتانەیان بۆ ئێمە گێڕاوەتەوە کە ئەوەش بۆخۆی شتیکی زۆر گرینگە، وەک موعجیزەیەک کە توانیومانە خۆمان سەدان ساڵ ڕابگرین گەرچی ئەوان وا لـەگەڵ ئێمە تـوند بوون.
ئێوە لە کتێبەکەتدا هەوڵت داوە لە ڕێگای گێڕانەوەی ژیانی دایک و بابت مێژووی کوردیش باس بکەی. باسی سایکس پیکۆ و شۆڕشەکان و کۆمار و… هتد. ئەو ماوەیە کە کتێبەکەت بڵاو بۆتەوە چ سەرنج و ڕایەکت وەرگرتووە؟
کتێبەکە هێستا جارێ لەسەری نەنووسراوە، چونکە ئاخری مانگی مای ڕەخنەگران ئەم کارە دەکەن. ئێمە زۆر جار وەک کورد قسە بە خۆمان دەڵێین و ڕەخنە لە خۆمان دەگرین، بۆ وێنە دەڵێین کورد قەت پشتی کورد ناگرێ، کورد یارمەتی یەکتر نادا، چاو لە خەڵکی دیکە بکەن، فارس چۆن هاوکاریی یەکتر دەکەن و… تاد. بەڵام بەڕاستی وا نییە. هەر لەم چەند ڕۆژەدا کوردێکی یەکجار زۆر نامەیان بۆ ناردووم و پشتیان گرتووم. من هەست دەکەم بە پێچەوانە کورد زۆر جار پشتی یەکتر دەگرن. ئاخر ئەوەش سیاسەتێکی کۆلۆنیالیستییە کە هەمیشە دەیهەوێ وا نیشان بدا کە کورد پشتی یەکتر ناگرن. ئێمە نەتەوەیەکی نەرم و جوانین. خۆشەویستیی لەنێوماندا هەیە. من ئەو هەموو مەحەبەتەم وەرگرتووە. نەک هەر لە کوردی لای خۆمان، لە کوردی هەموو بەشەکان. لە نەسڵی جیاواز و لە وڵاتانی جۆراوجۆر. لێم دەپرسن کەی کتێبەکە بە زمانی دیکە وەردەگێڕی. ئەوە نیشان دەدا ئێمە چەند تینووین کە کاری وا بکەین. باسی خۆمان و باسی چارەنووسی خۆمان بکەین. من ئەوە وەک ئەوە نابینم کە بۆ شەخسی منە، بەڵکوو ئێمە نەتەوەیەکین کە پێویستمان بە کاری ئاوایە، جا نووسین بێ، شانۆ بێ، فیلم و شێعر بێ. سیاسەتەکە وا بووە کە ئێمە هیچ ڕێگایەکمان نییە کە بەشێوەی سیاسی باسی پرسی خۆمان بکەین. پێمان دەڵێن تێرۆریست. ئێران و تورکیە بە کوردان وا دەڵێن. بۆیە هەست دەکەم کاری فەرهەنگی دەبێتە ڕێگایەکی سروشتی بۆ باسی کورد و بۆ باسی چارەنووسی خۆمان بێ ئــەوەی بتـــوانن دەممـــان ببـــەستن.
ئایا ڕێگای فەرهەنگی ئەو خەتەرە دروست ناکا کە پرسی کورد کە پرسێکی سیاسییە ڕێگاحەلە سیاسییەکە وەپاش بدا و ڕێی لێ ببەستێ؟
فەرهەنگ لە ئەسڵدا سیاسەتە. کاتێک چاو لە کۆمەڵگا دەکەین دەبینین فەرهەنگ چەندە کاریگەری بووە لەسەر سیاسەت و گۆڕانی کۆمەڵگا. ئەم دوو ڕێگایە دوژمنی یەکتر نین بەڵکوو دەتوانن هاوشان بن و ئەزقەزا زۆرجار فەرهەنگ وادەکا کە سیاسەت ناچارە بگۆڕدرێ. تەنانەت لەناو خۆماندا سیاسەتمەدارەکانی ئێمە ببیسن و ببینن کە خەڵکەکەیان چ هەستێکی هەیە و خەڵک دەیانهەوێ چ داهاتوویەکیان هەبێ. بۆ وێنە خەڵک چی دەوێ، سەربەخۆیی، فدرالیسم، بێسنووری یا ڕێگای دیکە. ئەوانە لە فەرهەنگدا هەن. ئەوانە دوژمنی یەکتر نین. بەتایبەت بۆ کورد کە هەمیشە لە فەرهەنگدا توانیومانە خەباتی خۆمان بکەین. بە سیمبۆلیسم قسەی خۆمان کردووە. ناچار بووین بە شێوەیەکی شاراوە هەستەکان دەرببڕین. ئینجا ئەگەر ئەتۆ چاو لە دەرەوەی کوردیش بکەی و چاو لە فەرهەنگەکانی دیکەی دنیا بکەی، فەرهەنگ بێسنوورە. ڕەنگە تۆ کەسێک یا نەتەوەیەکت قەت نەدیتبێ، بەڵام فیلمێکی دەبارەیدا ببینی تازە بۆ هەمیشە وەبیرتە. ئێمە هیچمان “هۆلۆکاست”مان نەدیوە، بەڵام کە کوترا هۆلۆکاست، ناو جەرگت دێشێ، چونکە فیلمی Schindler listت دیوە و لە ڕێگای ئەو فیلمە دەزانی هۆلۆکاست چ بووە. یا لە قوتابخانە لەسەرت خوێندووەتەوە. فەرهەنگ سنوورەکان تێدەپەڕێنێ. زۆرجار گۆرانییەک هەزاران جار زیاتر کـــاریگــــەری هــەیە لە خۆپێشاندانێک کـــە کــەس گـــــوێشی نـــــاداتێ.
ئینسانی کورد ئاگایە لەو زوڵمەی لە ئێراندا دەکرێ، بەڵام ئایا پێتوایە کە ئاگا بێ لەوە کە کۆلۆنیال کراوە؟ زۆرجار دەبیسین کە دەڵێن ئەو زوڵمەی لە کورد دەکرێ لە خەڵکانی دیکە و فارسیش دەکرێ.؟
ئەوە بەشە سەختەکەیە. ئەتۆ لە چوارچێوەیەکدای کە لە ئەسڵدا هەر کەس ڕای جیاوازی هەبێ سەرکوت دەکرێ، هەر کەس دژایەتیی حکومەتی ئێران بکا دەبێتە دوژمنی. بەڵام گرفتی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە لە “خەبات لەناو خەبات”داین. لەم شۆڕشەی ژینادا دیتمان کە نیوەی شەڕەکەمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی فارسە. تەنانەت جارجار دەبێ زۆرتر شەڕ لەگەڵ پەهلەویچییەکان بکەین. ئەوە بەشێکە لە کۆلۆنیالیسم کە ئەو مۆنستێر و وێنانە نابینێ. ئەوە بەشێکە لە ئاسیمیلەکردنی ئەو کۆلۆنیالکراوە. شتێکی سەیر نییە کە بەشێکی زۆری کورد ئاسیمیلە کراون. ئەوە پرۆسەیەکی سروشتی بووە کە سەدان ساڵ بە سیاسەتێک کە دەیهەوێ ئەتۆ لەناو بەرێ، ناسنامەت لەناو بەرێ، زمانی تۆ لەناو بەرێ، کەرەسە و موسیقا و گۆرانیت لەناو بەرێ. هەر شتێک بڵێی نەک هەر ئەو حکومەتە بەڵکوو هەموو حکومەتەکانی ئێرانی کە دەسەڵاتیان بووە لەژێر یەک ئایدۆلۆژیدا، ئایدۆلۆژی فارس، نەتەوەی فارس، ئەو ئاسیمیلاسیۆنەی کورد ڕووبەڕووی بووەتەوە. کەوایە شتێکی زۆر سرووشتییە وردە وردە بتوێیەوە بۆ ئەوەی تەنیا بژی و نەتکوژن. ئاسیمیلاسیۆن ڕاست ئەوەیە بۆ ئەوە ژیانت بپارێزی، وردە وردە بە هەموو شتیک دەڵێی وایە، من ئێرانیم، من فارسم. خەڵک لە کوردستانڕا دەنێرنە ئەوبەری تاران و ئێران بۆ تاراوگە. ئیدی دوای نەسڵێک دوو نەسڵ لەبیرت دەچێتەوە کێی و بۆ لەوێی. بەشێک لە خەباتی ئێمە ڕاست ئەوەیە کە خەڵکەکەی خۆمان ئاگا بکاتەوە کە وەخەبەر بێن. ئەو فیلتێرە لابەرن کە ئێمە لە چاویلکەی ئێرانییەوە چاو لە خۆمان دەکەین. ئێمە مافەکانی خۆمان کەم دەکەینەوە. خۆشحاڵ دەبین ئەگەر ببینە بەشێک لەوان. لەجیاتی ئەوەی ئەوان ممنوون بن و ئێمە قانع بکەن کە ئێمە لەلای ئەوان دانیشین، بەپێچەوانەوە ئێمە خۆمان دەکوژین بۆ ئەوەی بەشێک بین لە ئۆپۆزسیۆنێک کە کۆماری کوردستانی شکاند، کە تەنیا سەرۆک کۆمارێک کە لە ڕۆژهەڵات هەمانبوو ئێعدامی کرد. ئەوە یانی چی؟ یانی ئەوە کە ئێمە خۆمان کەم دەکەینەوە و بۆخۆشمان باوەڕمان بە مافی خۆمان نییە وەک نەتەوەیەک کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە. دەبێ وەبیرمان بێ هیچ کەس وەک خودی خۆمان، وەک نەتەوەی کورد ناتوانێ بە ئێمە بڵێ کێین و کێ نین. ئێمە خۆمان ئەگەر بڵێین کۆلۆنیالیزە کراوین بەمانای ئەوەیە کۆلۆنیالیزە کراوین. ئێمەین کە مافی شڕۆڤەی خۆمان هەیە. ئێمە عادەتمان گرتووە کە بەچاوی خەڵکی دیکە خۆمان ببینین. بەڵام دەبێ ئەو دەسەڵاتە بگەڕێنینەوە دەست خۆمان. ئیستاش بەو شێوەیە باسی خۆمان دەکەین کە فارس باسمان دەکەن. فارس قەت ناڵێ کە ئەوانە خەڵکێکی ڕەسەنی ئەو ناوچەیەن کە کۆلۆنیالیزە کراون، چونکە ئەو کات دەبێ بە تەواوی بە مێژووی خۆیاندا بچنەوە کە ئەوان قەت ئەو کارە ناکەن. بۆیە من لە تەواوی وتووێژەکاندا ئەوە دەڵێم کە ئێمەی کورد خۆمان دەبێ شڕۆڤەی پرسی خۆمان بکەین نەک خەڵکی دیکە پێمان بڵێن ئێوە کێن. بەسە ئەو کاتەی کە فارسێک دەێنن کە باسی کورد بکا کە کورد کێیە یا نییە. تەنانەت ئەورووپی و سویدییەکان. بۆ وێنە “ئینگمار کارڵسۆن”ێک هەبوو کە کاتی خۆی لە تورکیە سەفیر بوو. ئەو کتێبێکی لەسەر کوردان نووسی و باسی ئێمەی دەکرد. بۆ وێنە دەیکوت کورد خەڵکێکن کە بە زمانی جیاواز قسە دەکەن و لێک تێناگەن. ئەو زەمان تەواو بوو کە کەسێک بێ ئاوا باسی ئێمە بکا. ئەوە کۆلۆنیالیزمە. ئێمە خۆمان دەبێ باسی خۆمان بکەین. لە کتێبەکەمدا ئاماژە دەکەم کە ئەو کۆلۆنیالیزمە تەنیا ئێران و عێڕاق و تورکییە و سورییە نییە. ڕۆژاوا کوردی دابەش کرد و ئیمەی بە ئێرە گەیاندووە، بۆیە چارەسەرکردنی پرسی کورد و کوردستان بەرپرسایەتی ڕۆژاوایە. ئێمە دەبێ ئەو ئەرکە لەسەر شانی هەموان دانێین کە ئەوان یارمەتی چارەسەری کێشەکە بدەن. لەسەر ویژدانی وانە، ئەوان هەرچی نەوت و گاز و کانزای سروشتی کوردە لەسەری ژیاون. ئێستاش کوردی ڕۆژهەڵات بە مینی سوید دەست و قاچی دەپەڕێ. ئەوانە کە دەردەکــــەیان بــــە ئێمـــە داوە دەرمــــــانیشیان لایە. ئــــەوان بــــەرپــــــرسن. پرسی ئێمە لێڕەدایە کـــە قفـــڵ بــووە. پرسێکی پێچەوپڵووچە.
ئێوە شەش ساڵان بووی کە هاتوویتە سوید، چۆن بەو ئاگاییە گەیشتووی کە کورد داگیر کراوە؟ ئایا هەموو گەنجەکانی کورد لە سوید بەو ئاکامە گەیشتوون؟
لە هیچ کوێی دنیا هیچ کەس دروست وەك یەک بیرناکاتەوە. ئیمکانی نییە کە هەموو کورد لەسەر هیچ شتێک یەک نەزەریان هەبێ. نە لەسەر سیاسەت و نە داهاتوو. ئەو منداڵانەش کە لێرە گەورە بوون هەر کام لە بنەماڵەیەک گەورە بوون و هەر کام ئەزموونێکیان هەیە. ڕەنگە زۆریان لەو بنەماڵانە بن کە بۆیان هاسانترە بڵێن من لە ئێران ڕا هاتووم. من وەبیرمە کە لە گرووپی هەڵپەڕکێدا بووم کە لەهەر بۆنەیەکدا بە جلی کوردی بەشدار دەبووین. دە ساڵە بووم. وەبیرمە کچەکانی دیکە دەیانکوت ئەمن کوردی ئێرانم، ئەمن کوردی عێڕاقم. من زۆر منداڵ بووم، بەڵام دەمزانی کە نابێ ئینسان وا بڵێ. پێم دەکوتن کە دەبێ بڵێین ئێمە لە کوردستانڕا هاتووین. ئەوە لەبەر ئەوەیە کە هەرکاممان لە بنەماڵەیەک ڕا هاتووین. بۆ ئەوان سرووشتی بوو کە بڵێن لە ئێران ڕا هاتوون. ئەوە میراتێکە کە هەر کەس لە بنەماڵەی خۆی وەریدەگرێ. بەڵام بەڕای من ئەوەی کە جوانە و ئێمە منداڵانی دیاسپۆڕا هەمانە و دایک و بابەکانمان نەیانبوو ئەوەیە کە توانیومانە یەک بگرینەوە. لێرە هیچ سنوورێک نییە کە چواربەشمان بکا. ڕەفیقمان هەیە هی قامیشلویە، هی سلێمانییە، لێرە نزیک بووینەتەوە، تەنانەت عادەتمان بە دیالێکتی یەکتر گرتووە. لێرە زۆر کەس کوردترە، چونکە توانیومانە باسی ئەوە بکەین لە کوردستان چ ڕوودەدا و چمان لێ دەکرێ. لە سوید خوێندن بە زمانی کوردی هەیە. من لێرە فێری کوردی نووسین بووم. ئەمە بۆ سازکــردنی نــاسنامــە زۆر گـــرینگە.
جگە لە بنەماڵەکەت سەرچاوەکانی تۆ بۆ ئەم ئاگاییە کە ئێمە کۆلۆنی کراوین چ بوون؟ بۆ گەیشتن بەم ئاگاییە لە دەرەوەی وڵات ڕادەیەکی سەرتر پێویستە؟
ئەمن خۆم زانستی سیاسیم خوێندووە. چەند کارم لەکاتی خوێندن لە زانکۆ لەسەر کورد کردووە. ئینسان لێرە لە سوید چاوی دەکرێتەوە. بۆ وێنە لێرە لە باکووری سوید سامەکان هەن. یا خۆجێییە ڕەسەنەکانی ئەمریکا چاو لێ بکەن. قەدیم پێیان دەکوترا سوورپێست، کە ئەمە هەڵەیە و نابێ وایان پێ بڵێی. ئینسان دەبینێ کە تەنیا ئێمە نین، بەڵکوو سیستەمێکە کە ئەم دنیایە کەڵکی لێوەردەگرێ تا خەڵکی ڕەسەنی خۆجێیی هێندێک شوێن بچەوسێنێتەوە. ئەوە بەشێکە لەوە کە کاپیتالیسم چۆن کار دەکا. ئەو وڵاتانە کە خۆیان بە دێمۆکڕات دەناسێنن دەبینی چەندە سیاسەتەکەیان پیس و دووڕوویە. بۆ وێنە بۆ چوونە ناو ناتۆیەک چۆن کورد دەفرۆشن. ئەتۆ هەموو ئەو شتانە وەک پازڵێک دادەنێی و دەبینی لەوە لاوازتر نابی. ئەتۆ لە ژێر ژێرەوەی هیرارشی دنیادا دەژی. ئێمە نە لە یووئێن، نە لە هیچ ئۆرگانێکی دنیادا نوێنەرمان نییە. ئێمە هیچ دەنگێکمان نییە، کەس دەنگی ئێمە ناگەیەنێ. ئەگەر ئەوە کۆلۆنیالیزم نییە ئەدی چ شتێک کۆلۆنیالیزمە. شتەکە لە ئەسڵی خۆیدا زۆر ئاڵۆز نییە.
ئێستا بۆ وێنە لە “شۆڕشی ژن ژیان ئازادی” دا فارسەکان دەڵێن هەر کورد داگیر نەکراوە، بەڵکوو هەموو ئێران بە دەست ڕژیم بارمتەیە و داگیر کراوە. ئایا هیچ جیاوازییەک لەنێوان کوردی داگیرکراو و تارانییەک هەیە؟
سەد لە سەد، جیاوازییەکی زۆر هەیە. پێشتر باسمان کرد کە هەموو کە لەژێر دەسەڵاتی ئەو حکومەتەدا دەژین لەژێر گوشارن. بەڵام ئەتۆ وەک کورد توێژێکی دیکەی کە گوشارت لەسەرە. ناسنامەی کورد بوون، پرسی ئیتنیسیتە. ئینجا وەک ژنی کورد توێژێکی دیکەشی دێتەسەر. ژنێکی کورد و ژنێکی فارس لە ئێراندا ناکرێ وەک یەک ببینرێن. ئەوە هەڵکەوت نییە کە ڕاست ژینا ئەمینی کە بۆ سەفەرێک چوو بۆ تاران، لە تاران وای بەسەر هات. ئەزقەزا کەیسی ژینا نموونەیەکی زۆر باشە کە وەزعی کورد لە ئێران چۆنە و فارس چۆن کورد دەبینێ. ئەتۆ کوردی، بەڵام بە مەرجی ئەوان و لە چوارچێوەی ئەواندا. ئەوان بڕیار دەدەن چ جۆرە کـــوردێک بی. دەبێ ئێرانی بی، دەبێ ناوت مــــەهســـــا بێ.
دەڵێن کە دوو کچی ژوونالیستی فارس کەیسی ژینایان باس کرد و هەواڵەکانیان بڵاو کردەوە. لە تاران لەبەر دەرکی نەخۆشخانە خەڵک کۆبووەوە. ئێمەش مافی خۆمانە ژینا بە هی خۆمان بزانین.
ئەمە وێنەیەکی یەکجار باشە کە کۆلۆنیالیزم بە چ مانایە. چۆن حەقیقەت دەگۆڕدرێ کە بە قازانجی دەسەڵات و ئەو گرووپەی کە دەسەڵاتی هەیە بشکێتەوە. ژینا حەقی بوو کە ببێتە سیمبول ئەگەر بە مەهسا ناسرا. “ژن ژیان ئازادی” بکوترێ ئەگەر بە فارسی بێ. دەنا جیاوازی دروشمەکە بە کوردی لەگەڵ زمانی فارسی چەندەیە؟ ئەگەر “کوردستان چشم و چڕاغ ایران”ە بۆ ناڵێی “ژن ژیان ئازادی”؟ ئێمەی کورد دەزانین کە خۆپێشاندانەکان لە سەر گۆڕی ژینا دەستی پێ کرد و ژنان لەوێ حیجابیان لابرد و ئەم دروشمەیان دا. لە تاران ئەم دروشمە زۆر دواتر کوترا. کەس ناڵێ کە فارس زیندانی نەکراوە و یا ئەو ژۆرنالیستانە نەگیراون و سەرکوت ناکرێن . ئێمە باسی زەبروزەنگێکی پێکهاتەیی دەکەین. ئەتۆ چاو لە ژمارەی ئێعدامەکان لە ئەمساڵدا بکە. تەنیا ئەمساڵ لەو ٢٠٠ نەفەرەی ئێعدام کراون نیوەیان کورد و بەلووچ بوون. ئەمە چمان پێ دەڵێ؟ ئەمە “پاکتاوی نژادی” پێ دەکوترێ. ئەمە تاوانێکی شەڕە
. ئۆپۆزیسیۆن دەڵی ژنی فارسیش لە تاران و لەسەر شەقام لێی دەردێ و ئێمەش مافی خۆمانە بڵێین “زن زندگی آزادی” و دروشم لە دنیادا هی تەنیا یەک خەڵک نییە. هەر ئەو جۆرەی ئێمە سەردەمانێک دروشمی “بەرابەری، برایەتی، ئازادی”ی شۆڕشی فەڕانسەمان وەرگرتووە.
ئەتۆ وەک کەسێک لە گرووپێک کە دەسەڵات و هێژموونیت هەیە و گرووپێکی دیکە دەچەوسێنیتەوە، بەرپرسایەتییەکت هەیە کە هەمیشە ئەو گرووپەی لەژێردەستتدایە وەپێش بخەی. هیچ شتێک لە ژنی فارس کەم نابێتەوە ئەوە بە کوردی بڵێ، یا بڵێ ژینا. بەڵام ئەمە Cultural appropriation کە بناغە و ئەساسی کۆلۆنیالیزمە کە شتی گرووپێکی دیکە هەڵدەگری و دەیکەیتە هی خۆت و لێی دەستێنی. ئەوان ئەو شۆڕشەیان کردە هی خۆیان. بێ کوردستان ئەو شۆڕشە نەدەبوو. کوردستان چەندین ڕۆژ مانی گرت دوایە لە شارەکانی دیکە خەڵک هاتنەدەر. بۆ کوردستان ئاوا بە توندی میلیتاریزە کرا؟ بە هیچ جۆر تاران ئاوا میلیتاریزە نەکرا. گازیان لە خەڵک کوژاندەوە، ئاویان لە خەڵک بڕی. تەنانەت دواتر ئەوانەی ئێعدام کران کورد و بەختیاری بــوون. بە ڕۆژێک سی کورد و ١٠٠ بەلــــوچیان کـــوشت. قەت ئەو زەبــــــروزەنگە لـە تـــــاران ناکرێ.ئـــەمــــە واقعی کـــۆلـــۆنیالیزمـــە.
پێتوایە ئــــەگــــەر خەڵکی تاران وەک کوردستان هاتبانە سەر شەقام هەر ئاوا خەڵک نەکوژرابان؟
حەتمەن دەکوژرێن. هەر خەڵک بێنە دەر دەکوژرێن. بەڵام ئیمکانی نییە تاران ئاوا میلیتاریزە بکرێ. ئەتۆ ناتوانی ناوچەکانی فارس لەگەڵ کوردستان بەروارد بکەی. بە شێوەیەکی سیستماتیک، ئابووری و ئینفـــراستـــروکتور (infrastructure)ژێرخانی ئابووری کوردستان مارجینالیزە کراوە و پەڕاوێز خراوە. ئەو کوردەی کە دەچێتە سەر شەقام زۆر زیاتر لە تارانییەک دەکەوێتە بەر خەتەر. لە تاران لەناو میلیۆنێک خەڵکدا ون دەبی، بەڵام بۆ وێنە لە مەهاباد خێرا دەناسرێیتەوە. ئەسەڵەن ڕەهێڵەی هاتوچووی شارەکان وەک یەکتر نییە. چاو لە بێکاری، هەژاری، کۆڵبەری و سوتەمەنیبەری کورد و بەلووچ بکە. ئەتۆ قەت ناتوانی ئەمانە لەگەڵ تاران بەراورد بکەی. کاتێک فارسێک دەڵێ ئێمە هەموو وەک یەکین و ئەگەر ئێوە باسی پرسی کورد بکەن دوور دەکەوینەوە، ئەوە خۆی “مێنتالیتەی فارستەوەر” نیشان دەدا. ئەگەر پرس و باسەکە باسی فارس نەبێ بە حیساب نایە. جا هەر شتێک بێ. هەرچی لە ئێران ڕوو بدا دەبێ لە قاڵبی فارس و ئێرانیدا باس بکرێ. هیچ ناسنامەیەکی دیکە نابێ باس بکرێ و زیندوو بێ. ئەمە “سەرکوت لەناو سەرکوت” دایە. ئۆپۆزسیۆنی فارس کە بە قەولی خۆیان باسی دێمۆکراسی دەکەن لەو خەباتەدا ئێستا کورد و بەلوچ و عەرەب دەچەوسێننەوە. ئەوە شۆڕشێکی دێمۆکـــراسیخوازانـــە نییە. چـــونکە لە ئێـــراندا هــەرگیــــز هیچ ئایـــدۆلـــۆژییەک دێمۆکرات نــەبــووە کـــە دان بە ئەوانی دیکەدا بنێ.
پێت وایــە ئێستـــا کە خۆپێشاندانەکان کەمترن هۆیەکەی چییە؟
من پێموایە ئەم شۆڕشە زۆر فۆڕمی جیاوازی هەیە. لە ڕژیمێکی ئاوادا تەنانەت ئەگەر هەناسەیەک بە هەڵە بکێشی دەتوانن زیندانیت بکەن، هەر شتێک کە بیکەی بەشێکە لەو شۆڕشە. ئەو وێنە و دروشمانەی کە لەسەر دیوارەکان دەکێشرنەوە، لە قوتابخانەکان کچان حیجاب لادەبەن و وێنەی قژیان دەگرن، مانگرتنەکان، بەڵام بەڕاستی ئەو ڕژیمە یەکێک لە دڕندەترین ڕژیمەکانە کە دنیا بەخۆیەوە دیویە. دیکتاتۆرییەک بە تەواوی مانا. بەڵام جوان دیارە کە کاتێک کوردستان میلیتاریزە کرا خۆپێشاندانەکان کەم بوونەوە. ئەوەش نیشان دەدا کە ڕیشەی شۆڕشەکە ئەوێ بوو. خەڵکی تاران و ئەوانە پشتی کورد و بەلوچیان نەگرت. ئەمە ڕاستییە. بەڵام سەختە بۆ من کە لێرە دانیشتووم باسی ئەو شتانە بکەم، چونکە خەڵک ژیانی خۆی لە خەتەر داوێ. ئەوان مافی خۆیانە کە ئاگاداری ژیانی خۆیان بن. ئەمە پڕۆسەیەکە. ئەم شۆڕشە تــــازە دەستی پێ کردووە و پێشی نــــاگیـــرێ. جا کەی سەردەکەوێ سەختە بیــزانیــــن. بەڵام کـــــاتێک دروشمـــەکـــــە “مــــەرگ بەر دیکتـــاتۆر”ە خۆی هـــەمــــوو شتیکمان بــــۆ ڕوون دەکــــاتـــــەوە.
196
وتووێژ لەگەڵ ئەنوەر سوڵتانی
وتووێژ لەگەڵ هاوڕێ کرماشانی
Scroll to top