وتووێژ لەگەڵ هاوڕێ کرماشانی
بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی سەڵتەنەتخوازەکان و کەسانی وەک شەهریار ئاهی، لە سەرەتای پێکهاتنی هاوپەیمانییەکان لە شۆڕشی ژینادا بە ڕاشکاوی باسیان لەوە دەکرد کە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ تاکەکاندا هەڵسوکەوت بکەین نەک لەگەڵ ڕێکخراوە و حیزبەکاندا. پێتان وایە هۆی گرتنەبەری ئەم شێوەیە لە کرداری سیاسی چییە؟ دەکرێ شیکردنەوەی ئێوە لەم بارەوە بزانین؟
ئێرانی نیە، بەڵکوو شێوازێکە لە بیرکردنەوە، چەشنە ستراتژییەکی دژبەرانەیە کە مێژوویەکی لە پشتەوەیە و عەقڵیەتێک لە دەرەنجامی ئەو مێژووەدا بیچمی گرتووە کـــە نــابێ ســـووک بــــۆی بڕوانین. من ئـــەمــــەوێ ئاوا لێکیدەمەوە:
لە سەردەمی مەشرووتە بەملاوە کە لە دەرەنجامی ئاشنایەتی لەگەڵ دنیای رۆژاوا کەڵکەڵەکانی شوناس و یاسا بوو بە بنەمای ئەو بزووتنەوەیە، و بە شکست هێنانی مەشرووتە جۆرە عەقڵیەتێکی سانتراڵیستی لە سەر نەریتی پاشایەتیی زیلوڵاهی و قیبلەی عالەمی بیچم دەگرێ و لە ئەنجامدا بە هاتنە سەر دەسەڵاتی رەزاخانی پەهلەوی ئەو عەقڵیەتە سانترالیستییە لە کەسایەتیی رەزاخاندا دەردەکەوێ. هەرچەندە بە رواڵەت مەجلیسی شوورای میللی درێژە بە کارەکانی دەدا و هەوڵەکانی داڕشتنی قانون بەردەوام دەبێ و لە ئەنجامیشدا ئێران دەبێ بە خاوەنی یاسا، بەڵام سەرەڕۆیی پاشا کە هەموو شتەکانی لە دەست و دەسەڵاتی خۆیدا قۆرخ کردووە و روانگەی تاک نەتەوەیی و تاک زمانیی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکانی جوغڕافیای ئێران وەک تاکە ستراتێژیی مومکین دەسەپێتە سەر پارلەمان و دەخزێندرێتە ناو یاسا و بە کردەوە مەشرووتە دەگۆڕێ بۆ دیکتاتۆرییەک کە بە سوورا و سپیاوی مۆدێڕن دەرازێندرێتەوە و دەسەڵاتی سانتراڵیستی هیــــچ جۆرە جیــــاوازییەکی پێ قبووڵ ناکرێ.
بۆیە هەموو نەتەوە نافارسەکان، دەکەۆنە بەر هوروژمی سیاسەتەکانی پاکتاوی رەگەزی. لە پەنای ئەم دەسەڵاتە سانتراڵەدا عەقڵیەتی سانتراڵیستییش لە ڕێگەی دامودەزگا مۆدێڕنەکانی وەک وەزارەتی مەعاریف و زانکۆ و … وردە وردە پەروەردە دەبێت.
ئەم شێوازە لە دەسەڵات دڵخوازی سانتراڵیست و ناوەندخوازەکانە و تا ساڵی ٥٧ی هەتاوی کە سیستەمی پەهلەوی نغرۆ دەبێت و شۆڕشی گەلانی ئێران دێتەئاراوە و تەنانەت دوای ئەوەش لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا درێژەی دەبێت و لە هەموو دامودەزگاکانی دوای شۆڕش هەمان ستراتێژیی ناوەند خوازیی پێڕەو دەکەن. و تەنانەت لـــە روانگەی ئێستەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆمـــــــاری ئیسلامیشدا بوونی هەیە. هەر ئەوەی کــــە ئۆپۆزیسیۆن بووەتە دووبــەشی ناوەند خــــواز و فیدراڵیست خۆی بــــەڵگەیەکە لە سەر ئەوەی باسم کرد.
جا سیستەمی سانتراڵ و دیکتاتۆر لە بەرژەوەندیی کێ دایە، بە بڕوای من لە بەرژەوەندیی فارسەکانیشدا نیە. لەبەر ئەوەی ئەگەرچی ئەوان دڵخۆشن بەو وەزعەی کە زمان و کولتووریان باڵادەستە و هەموو جمگەکانی دەسەڵات و حکوومەت و هەموو هێز و توانای ئابووریان بـــــۆخۆیان قۆرخ کردووە، لە هەمان کاتدا لە بواری سیاسییەوە زەرەرمەند بـــــوونـــە. دەسەڵاتی سانتراڵ هەموو هێز و تــــوانای خۆی لە ناوەنددا کەڵەکە دەکــــات، لە باری نەتەوەییەوە ئــــــەیــــەوێت هــــەموو نەتەوە نافارسەکان بسڕێتەوە.
سیستەمی سانتراڵ تەنانەت لە باری ئابووریشەوە بەڕادەی پێویست دەرفەتی گەشەی نیە، لەباری کۆمەڵایەتیشەوە دیسان کێشەی هەیە بۆیە ناکەوێتە سەر هێڵی گەشە و پەرەپێدان. هێڵی گەشە پێویستی بە عەقڵیەتێکی پلۆرال هەیە بەتایبەت لە جوغرافیای پان و بەرینی ئێراندا کە جیا لە پانتایی و بەربڵاوی جیاوازیی زمانی و نەتەوەیی و ئایینی، لە باری ژێئۆمۆرفۆلۆژیشەوە زۆر جیاواز و تایبەتە و لە بیاوان و لمەوە تا ئاو و زەریا و لە جەنگەڵ و سەوزەڵانییەوە تا کوێستان و دەشتی بەرین لە کەش و هەوای گەرمەوە تا سارد و موعتەدڵ هەمووی هەیە بۆیە عەقڵیەتی پلۆرال ئەتوانێ بەرەو گەشەی ببات.
دەرباز بوون لە عەقڵیەتی سانترالیستی، دەربازبوونە لە هەژاریی ئابووری لەبەر ئەوەی ئەبێ هەموو جوغرافیاکان بە پێی سروشت و پوتانسیەلیان دەرفەتی کەڵەکەی سەرمایەیان بۆ بڕەخسێ، دەربازبوونە لە تاک دەنگی و تاک زمانی و تاک نەتەوەیی.
دیمۆکراسی ئەوە نیە پاڕلەمانێکت هەبێ بڕیارەکانی نەگاتە ئەوبەری دەرگاکەی، هیچ وڵاتێک بە بێ دامەزراوەی سەربەخۆ و کارامە وک پەرلەمان و سیستەمی دادگا و دامەزراوەی جێبەجێکاری دەوڵەت، پێ نانێتە قـــۆنـــاخی گەشەی سیاسییەوە گــــەشــــەی سیـــاسیش بنەمای هەموو گەشە و پێشکەوتنەکانی ترە.
عەقڵیەتی سانتراڵیستی ئێرانی ترسێکی فۆبیایی لە پلۆرالیزم و لامەرکەزیەت هەیە. ئەو فۆبیایەش بەرهەمی وەهمە، وەهمی رەسەنایەتی مێژوویی و روانگەی ئارکائیک بۆ شوناس کە هەمووی لە سەر بنەمای درۆ و ساختەیە، بۆیە تەنانەت دەرک پێناکەن کە ئەوەی ئێستە لە تاران و ناوەنددایە بەرهەمی سانترالیزمە، بە زیاتر لە شەش مانگ کوردستان لە شەڕی دەستەویەخەی شەقامدا بوو ئەوان تەکانیان نەخوارد. من لەسەر ئەو بروایە نیم کە گەوهەری مرۆڤی کورد جیاوازە، بەڵکوو لای ئێمە حیزبایەتی کولتوورێکی ساز کردووە کە ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە کردیان، بەڵام لای ئەوان حیزب بوونی نەماوە. راستە کۆماری ئیسلامی دژایەتی هەموو دەنگ و حیزبێک دەکا کە لەگەڵ بنـــەمـــا ئیدیۆلۆژیکەکانیدا تەبا نەبێت
رەنگە سانترالیستەکان دڵخۆش بن بە چەوساندنەوەی پەراوێز، دڵخۆشیش نەبن دیارە دەرکی پێناکەن کە دیاردەگەلێکی وەکوو کۆڵبەری و سوتەمەنی بەری بەرهەمی هەمان عەقڵیەتە. راستە لە سیاسەتی سانترالیستی دا کەمترین پارە و سەرمایە دەگاتە پەراوێزو هەمووی لای ناوەند کەڵەکە ئەبێت، بەڵام لە باری سیاسیشەوە هەمان قاعیدە حاکمە. واتە هێزی دەسەڵات لە ناوەنددا، بۆ لەناوبردنی هەموو حیزبە جۆراوجۆرەکان زیاتر و کاریگەرترە و لە حاشیەدا ئەو هێزە لاوازترە، ئەو بێ دەنگیەی تاران دەرەنجامی هەمان هێزی سەرکوتکەرە کە هەموو حیزبەکانی تووچاندووە لە حیزبی توودەوە بگرە تا حیزبی میلەت و جەبهەی میلی و فەدایی و موجاهدینی خەڵق و … بەڕادەیەک کە ئەو حیزبانە تەنیا ناویان ماوە و لە ناو خەڵکدا بە شێوەیەکی هەمەگیر بوونیان نیە تا ئێستە لە ئەنجامی رێکخستنەکانی ئەوان تاران لەو پاسیڤییە دەربێت. بەڵام دەبینین لە کوردستان حیزبایەتی زیندووە و ئەو حیزبانەش توانای رێکخستنیان لە ئاستی کۆمەڵگادا هەیە، کوردستان وڵاتی تاک حیزب و تاک دیسکورس نیە. راستە ئێمە بەشێکین لە وڵاتێکی سانتراڵ، بەڵام لە کوردستان چەشنە پلۆرالیزمێکی حیزبی بوونی هەیە کە سەرەڕای ئەوەی ئەو حیزبانە دژبەری کۆماری ئیسلامین و نایاسایین، بەڵام هەر هیچ نەبێ خاوەنی هێڵی هزری و ستراتژیی تایبەت و جیاوازن لە ئاستی کۆمەڵگای کوردستاندا، شەش مانگ خۆڕاگریی و ناڕەزایەتیی سەر شەقــام بــــەرهــەمی ئەو کولتوورەیە.
سانترالیزمە کە شاپووری بەختیار و دوکتور قاسملو و شەرەفکەندەی لە ئورووپا تیرۆر دەکات، هەمان سانترالیزم داریووش و پەروانەی فرووهەر ڵە تاران چەقۆگاز دەکات و موحەمەدی موختاری و سەعیدیی سیرجانیش دەکوژێت.
لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا شێوازێکی پۆپۆلیستی لە دروشمی لایەنە ئێرانییەکاندا دەبیندرا کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەبێ هەموومان پێکەوە و یەکدەنگ بین تا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، ئەوکات دەکرێ باس لە جیاوازییەکان و ڕژێمی داهاتووی ئێران بکەین. ئێوە پێتان وایە ئەم مێکانیزمە بۆ ڕووخانی ڕژێم گونجاوە؟
ئەو جۆرە دەربڕینانە بە نیسبەت کوردستانەوە، کە ئێستە کاتی ئەوە نیە باسی جیاوازییەکان بکرێت و کاتی یەکدەنگی و یەکیەتییە؛ لە راستیدا ئەوە نیە خۆیان جیاوازییان وەلاوە نابێ و داوای هاوڕێیەتی لە ئێمە بکەن، بەڵکوو ئەمە خۆی هاوارێکی بەرزە کە ئەیەوێ تۆ کوێلەی ئەو بیت، لای ئەو یەک دەنگی و یەک رەنگی یەک مانای هەیە ئەویش ئەوەیە تۆ ببیتە ئەو، ئەگینا خۆیان باسی هەموو شتێک ئەکەن. خۆیان بە چەق داناوە و وێنەیەکیان بۆ داهاتوو و یاسا و ئازادی و دیمۆکراسیی کێشاوە کە تۆ رۆڵێکت تێدا نەبێت، یان زۆر بە لاوازی و لە پەنای ئەودا دەرکەوی. جیاوازیی بۆ ئەو مانای نیە، ئەبێ هەمووان تەسلیمی ئەو بۆچوونەی ئەوان بن. لە کاتی قەیراندا زمانیان نەرم دەبێ و بۆ ئەوەی تۆ سەرقاڵی هەندێ دەستەواژەی بۆش و بێ بنەما بکەن. بۆ نموونە ئازادی و دیمۆکراسیی دڵخوازی هەموو کۆمەڵگاکانە، بەڵام ئەم ئازادییە و ئەم دیمۆکراسییە ئەبێ پانتایی وسنوورەکانی و هەموو شتێکی روون بکرێتەوە و بێتە سەر کاغەز. بە بۆچوونی من ئەمە هەمان دۆخی سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیە، بڕیار وابوو هەموو حیزبەکان ئازاد بن، لانی کەم قەوڵی خودموختاریشیان بە کورد دا، هەموو ئەمانە فێڵ بوو بۆ ئەوەی ئێمە سەرقاڵ بکەن، دوایی فەرمانی جیهادیان دەرکرد و هێرشیان هێنایە سەرمان. بە نیسبەت پانتایی ئێرانیشەوە، ویلایەتی فەقیه لە دەستووردا موتڵەقە نەبوو، تا ساڵی شەست و حەفت خایاندیان، شەڕی ئێران و ئێراق کۆتایی هات و هەموو هێزەکانیان تارومار کرد و زیندانیانی سیاسیشیان قەتڵوعام کرد و مونتزریش کە خۆی تێۆریسیەنی ویلایەتی فەقیه بوو وەلانراو قەیدی موتڵەقەشیان خستە سەر بڕگەی یاسای ویلایەتی فەقیە. دیکتاتۆری یەکشەوە دروست نابێت. خومەینی خۆی وتی “خدعە”م کردووە، واتە فێڵم لێکردوون. بۆیە بە هیچ شێوەیەک نابێ ئەو ئەزموونە دووپات بێتەوە. ئەوە ئێستە ئێمە هێزی جووڵێنەری ئەم شۆڕشەین چاوی بینینمانیان نیە، دوایی چـــۆن دانمان پیـــا ئــــەنێن.
هێزت نەبێ لەناو ئەچیت، دیموکراسی پێویستی بە پاڵپشتی و هێز هەیە، ئەو هێزەش بەشێکی هەرەزۆری لە دانووساندنەکاندا ئەبێ بسەپێ و خواستەکانی پێ مسۆگەر بکرێت.
دیسکورسی کوردی نابێ خۆی دابەزێنێتە ئاستی ئەوان، ئەبێ خۆی بەرزتر بگرێ، لێدوان و دەرکەوتنی کەسایەتییە سیاسی و حیزبیەکانمان ئەبێ شەرمنۆکی تێپەڕێنێ، تا کەی ئەیانەوێ ئەوان رازی بکەن کە تەجزیەتەڵەب نین، تۆ حیزبی، ئەساسنامە و پێڕەوی ناۆخۆت هەیە، کۆنگرەت گرتووە، هەموو دەرەنجامەکانی دانیشتن و کۆنگرەکانت هەیە، ئەوە ئەوە ئەبێ زەحمەت بداتە خۆی تۆ بخوێنێتەوە، نەک ئەوەی تۆ خۆت عەرزە بکەی ئەوانیش هەر بە پاڵەپەستۆ بتخەنە دەرەوەی هێڵی تەمامیەتی ئەرزییەوە. کەوابوو لەم چل و چەند ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، تۆ ئەوەندە وتووتە من تەجزیەتەڵەب نیم، ئەو هێندە نەیوتووە تۆیش هاووڵاتی منی و مافی نەتەوەییت هەیە. کەوابوو ئەوە ئەبێ گەرەنتی بدات بە ئێمە، من بۆ ئەبێ پابەند بە تەمامیەتی ئەرزییەک بم کە مافم تێیدا دەستەبەر نابێت، بۆیە پێویستە حیزبەکانمان ئەوە بزانن، پێویستیش ناکات ئەوەندە خۆمان بخەینە داوێنیانەوە.
هێزی کوردی خوازیاری ئێرانی فیدراڵ و دیمۆکراتە، ئەگەر قەبووڵتانە لە خزمەتداین، و ئەبێ گەرەنتی بدەن، قبووڵیشتان نیە ئێمە بیر لە بژاردەیەکی تر دەکەینەوە، کە هەر هیچ نەبێ کوردستان نایەتەوە ژێر دەسەڵاتتان و چی پێویست بێت ئەیکەین بۆ ئەوەی تێکەڵتان نەبینەوە.
کەوابووە پێشنیاری وەلاوە نیانی جیاوازییەکان هەمان خودعەکەی خومەینیە و کورد نابێ هەرگیز بڕوا بەو قسە بێ بنەمایانە بکات. چوونکوو لە لایەکەوە ئەیەوێ حیزبە کوردییەکان وەلاوە بنێت و چارەنوووسمان بداتە دەستی جەماعەتێک سێلێبریتی پۆپۆلیست، و لە درێژەی هــــــەمان پلاندا دەڵێت بـــــاس لـــــەجێـــــاوازیی نـــەکــــەن تـــا دوای کـــــۆمـــــاری ئیسلامی.
ئایا دەکرێ بزووتنەوەی ژینا وەکوو بزووتنەوەیەکی فێمینیستی سەیر بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێ بێت، ئایا بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد و بەردەوامیی خەباتی نەتەوەکەمان لە پێناو ئازادیدا کە ژنانیش دەورێکی بەرچاویان تێیدا هەبووە، ناخرێتە پەراوێزەوە؟
ئەوەی کە ئەم بزووتنەوەیە فێمێنیستییە یان نا، بەر لە هـــەرشتێک لە لایــــەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زێهنیەت و پێناسەیەی بۆ فێمێنیزم هەمانە. و لە لایەکی تریشەوە بۆ ئاستی تێگەیشتنمان لە کێشە و قەیران و کەلێنەکانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان.
ڕاستییەکەی ئەڵێی شۆڕش یان ڕێڤۆلوشن، ئەوەندە بەربڵاو و فرە رەهەندە کە من ناتوانم قایل بە هێڵکاریی رەگەزی و ژن و پیاو بم. کومەڵگا پانتاییەکە بۆ هەر دوو رەگەز، و دەستەبەر بوونی مافی ژنانیش بە بێ ئاگایی هەردوو رەگەز دەستەبەر نابێت. بە گشتی لە سەر ئەو بڕوایەم ئەبێ مێشکمان لە هەموو بوارەکانەوە بگۆڕین، ئەو گۆڕانکارییەش پێویستی بە پرسیار خستنە سەر هەموو رەهەند و بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیمانە، لە مێژوو و عورفەوە بگرە تا ئایین و هەموو پێکهاتەی کولتووریمانە.
ئەم شۆڕشە بە ژیناوە، بە کچە کوردێکەوە دەستی پێکرد، دروشمی سەرەکی ژن، ژیان، ئازادی دیسان ژن رۆڵی سەرەکی تێدا هەیە و بەڕاستیش هەروایە ژن و ژیان و ئازادی سێ چەمکی لێک دانەبڕاون، بەڵام ئەتوانین بلێین
لە ئاستی کوردستاندا شۆڕشی ژنانە و ژنان رۆڵی سەرەکی ئەبینن، لێرە مەبەست فیزیکی ژن نیە وەک یەکێک لە رەگەزەکانی مرۆڤ و لە بەرامبەر پیاودا، بەڵکوو لێرە زەین و هزری ژنانەیە گوڕی بەخشیوەتە شۆڕش، لێرە ژن پێشەنگایەتی شۆڕش دەکات، شۆڕشێک کە تەنیا بۆ دەستەبەر کردنی مافی ژنان نیە، بەڵکوو داواکاریی هەموو مافێکی هەیە بۆ هەموو رەگەز و چین و توێژەکان، شۆڕشێک لە پێناوی هەموو ماف و ئازادییەکانی ئێمەدا کەوابوو ئەگەر لە خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتیدا زیاتر پیاوان رۆڵیان ئەبینی لێرە، و لە خەباتی شار و مەدەنیدا ئەوە ژنانن زیاتر ڕۆڵ ئەبینن. بەڵام ناتوانم بڵێم لە ئاستی ئێراندا شۆڕشێکی ژنانەیە، ئێمە نێدا ئاغا سوڵتانمان بینی، کچی شینی ستادێۆمی فووتباڵی ئازادی تارانمان بینی، نەبووە هەوێنی هیچ راپەڕینێک، ئەمە دابەزاندنی ئەوان نیە و خۆبەرکردنەوەی ئێمەی کورد، رووداوەکان ئەوەمان پێ ئەڵێت، تەنیا کاردانەوەی پەیوەندیدار بە کچی شینەوە وریاغە فووری یاریزانی کورد هەیبوو. راستە کوردستانیش وەک بەشێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای رۆژهەڵات چەوساندنەوەی ژن و پێشێلکاریی مافەکانی ژنی تێدایە، بەڵام بە هەموو ئاستەنگەکانییەوە، کوردستان لە زۆر شوێنی تر باشترە. شۆڕشی ئێمە ژنانەیە، لە بەر ئەوەی لە ئاستی گشتیدا ژنانی ئێمە ئەکتیڤ تر دەرکەوتوون، دەرکەوتنی ژن لە کولتووری ئێمەدا خەڵاتێک نەبووە کە پیاو پێی دابێت، وەک هەندێک لە سیاسییە نێرەکان بەو جۆرە رەوایەتی ئەکەن. بەڵکوو بەشێکی هەرەزۆری زەروورەتێکی مێژوویی کۆمەڵایەتی بووە کە ژن و پیاو چۆن پێکەوە لەو ماڵە هاوبەشەی هەیانە دیفاعیان کردووە، بە هەمان شێوەش لە نیشتمانیش داکۆکییان کردووە. ئەوە بەشێک، بەشێکی تری دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی کۆمەڵگای ئێمە کە زیاتر رەنگ و بۆیەکی ناچرالیستی پێوە دیارە و ژن زیاتر لە شوێنەکانی تر پێگە و جێگەی هەبووە.
کولتووری ئێمەش وەک هەموو کۆمەڵگاکانی تر لایەنی جوان و ناشیرن و باش و خراپی هەیە. نابێ ناشیرینییەکان نەبینین و تەنیا چــــەپڵە بـــــۆ جــــوانییەکان لێـــدەین.
حیزب و ئایدیۆلۆژی وامان هەیە کە نیگایەکی ئۆبژێکتێڤ و تەواو پیاوانەی هەیە بە نیسبەت ژنەوە، بەڕادەیەک کە ژن لە هەموو تایبەتمەندییەکانی خۆی دادەماڵێ و تایبەتمەندییەکانی رەگەزی پیاوی بەسەردا دەسەپێنێ. و دواییش ئەمە بە ناو پێشەنگایەتی لە ئازادی ژندا بە خەڵک دەفرۆشێتەوە. ئازادی واقیعی سروشت و ژیانە و بابەتێک نیە کەسێک بیبەخشێت.
چاوەڕوان دەکرا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا پێکەوە مەنشوورێکیان هەبایە، پێتان وایە تایبەتمەندییەکانی ئەم مەنشوورە دەکرێت چی بن؟
سەبارەت بە پرسیاری چوارەم، پێش هەر شتێک ئەبێ بەرەیەکی کوردستانی پێک بێت، ئەزموونی ناوەندی هاوکاری ئەبێ گەورەتر و تۆکمەتر بکرێت، حیزبەکانی ئێمە ئەبێ بزانن حیزب ئامێرێکە بۆ بەدەستەوە گرتنیدەسەڵات، و ئامانجێکی پیرۆز نیە، حیزبەکان ئامێری دەستەبەر بوونی مافەکانی خەڵکی کوردستانن، کەوابوو هاوکات کە مافی ئەوەیان هەیە جیاوازییان لەگەڵ حیزبە رەکەبەرەکانیاندا بپارێزن، لە هەمان کاتدا نابێ بە جووڵەی ناڕەوا بەرەی کورد لاواز بکەن. ئەمە لە حیزبەکان، لە بەستەری مەدەنیشدا ئیرادەی ئامانجی سەرکەوتن و داخوازیی مافەکانمان بینی، هەموو چین و توێژ و بیرێک هاتە سەرشەقام و یەکدەنگ داوای مافی رەوای کوردستانیان دەکرد.
بۆیە یەکەم هەنگاو پێکەوەنانی ماڵی کوردە، کە ئەمەمان کرد دوایی بە بۆچوونی من دوو بژاردە لە بەردەممان دایە، یەکەم نزیک بوونەوە لە ناوەندخوازەکان و هەوڵدان لە پێناوی گۆڕینی روانگەی ئەوان لە ئێرانێکی تاک نەتەوەیی و تاک دەنگەوە بۆ ئێرانێکی پلۆرال و دیموکراتیک، کە ئەمە بە پێی ئەزموون زۆر زەحمەتە و ئەنجامی نابێت، چونکوو ئەوان لە باشترین حاڵەت و تەنانەت ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن، دان بە مافی شارۆمەندیدا ئەنێن ئەویش بە قسە و هێشتا دەرفەت نەڕەخساوە ببینین بە کردەوە چۆن دەبێت. پێشمەرجی ئەم مافی شارۆمەندییە بۆ ئەوان وەلاوەنانی داخوازییە کۆیی و جوغڕافیایی و نەتەوەیی یان بە قسەی خۆیان قەومیەکانە.
بژاردەی دووهەمیش ئەوەیە کە بیر لە پێکهێنانی بەرەیەک پێکهاتوو لە نەتەوە ژێردەستەکانی پانتایی ئێران بکرێتەوە، یان بە واتایەک ئیئتلافی پەراوێز بێت لە بەرامبەر ناوەنددا. بەڵام ئەمیش کێشە و ئاستەنگی زۆرە، وەک دەزانین نەتەوەکانی تری ئێران، وەک ئێمەی کورد کولتوور و دیسکۆرسێکی تۆکمەی سیاسییان نیە و بەو رادەیە چالاک نین کە لەگەڵیان هاوپەیمانییەک پێک بێنین. ئەوە ئەهواز و بەلووچستان و ئازەربایجان و تورکمەنەکان ، جگە لە بەلووچستان کامەیان هاتنە سەر هێڵ.
ئەمە هەمان دۆخی دوای شۆڕشی پەنجا و حەوتە کە ئەودەمیش وەک ئێستە نەتەوەکانی تری ئێران داخوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو، دروشمی خودموختاری بۆ کوردستان و دیمۆکراسی بۆ ئێران خۆی سەلمێنەری ئەم قسەی منە، ئەگینا ئەیانوت خوموختاری بۆ نەتەوەکانی ئێران نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵام جگە لە کورد کەس دەنگی ئوتۆنۆمی خوازیی بەرز نەکردەوە . بۆیە نابێ ئێمە ئەو ڕاستییەی ئێستەش نەبینین، شەش مانگ ئێمە لە سەر شەقام بووین کام دەنگی شوناسخوازانەمان لە ئەزەربایجان و لوڕستان و ئەهواز بیست؟
ئەمە یەکێک لە گرفتە جیدییەکانی ئێمەیە، لە لایەکەوە ناوەندخوازان خواستەکانی تۆ بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵنەوە بۆ دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی و ئەمەش فێڵێکی روونە و نابێ فریوی بخۆین، لە لایەکی تریشەوە نەتەوەکانی تری ئێران هێندە تەیار نین کە هیوامان بە رێکخستنێک بێت لە سەر ستراتیژیی پەراوێز لە بەرامبەر ناوەندەوە.
لە ئەنجامدا کورد ئەبێ لە هەردوو بوارەکەدا هەواڵی خۆی بدات، بەڵام هەوڵی سەرەکی دەبێ پشت بەستن بە هێزی کوردستان بێت، بیری تەسکی حیزبی و سەرەڕۆیی سیاسی دەبێ وەلاوە بنرێ، کۆمەڵگای رۆژهەڵات نابێ قبووڵ بکات کە ئاراستەی گشتی و نەتەوەیی کورد بگۆڕێ بۆ ئاراستەی حیزبی.
هەندێک پێیان وایە داواکارییەکانی بزووتنەوەکە لە هەندێک شوێنی وەک کوردستاندا جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بووە و ڕەنگ و بۆنی نەتەوەیی/ئەتنیکی بەخۆوە گرتووە، کە واتە ناکرێ لە یەکەیەک وەکوو خەڵکی ئێران قسە بکەین. ئێوە چۆن ئەم باسە شرۆڤە دەکەن؟
نەخێر ناکرێ وەک خەڵکێکی یەکە حسێب بۆ حەشیمەتی ئێران بکرێت و لە ڕاستیدا وشەی خەڵک لە لایەن عەقڵیەتی راسیستیەوە بۆ شاردنەوە و پەراوێز خستنی هەموو جیاوازییەکان بەکار دەبرێت، ئالێن بەدیۆ ئەڵێت هەرکات وشەی خەڵک وەک سفەتی پێوەندیدار بە ناسنامە و نەتەوە یان نەیشنەوە ببرێتەکار، هیچ جێگای متمانە نیە.
خەڵکی یەکەی ئێران بوونی نیە، و ئەو یەکە بوونە نیشانەی ئیرادەیەکی ئایدیۆلۆژیک و پۆپۆلیستیە، کام خەڵک، ئەو خەڵکەی کە خاوەن بڕیارن و ساڵەهایە لەم وەزارەتخانەوە بۆ ئەو وەزارەتخانەکەی تر هەوار دەگوێزنەوە؟ ئەو خەڵکەی بنەماڵەی مەلاکانی تارانن و پێوەندیی خوێنی و ئابووری و مافیایی و … یان هەیە؟ ئەو خەڵکەی بەڕۆژانە بە دووی نانێکێ بژی و مەمردا وێڵن، کام خەڵک، خەڵکی کەمینە ئایینییەکانی وەک بەهایی و ئەرمەنی و زەردەشتی؟ یان خەڵکی قاڕنا؟و قەڵاتان؟
ئەو خەڵکەی خومەینی فەتوای جەهادی دا و هێرشی کرایە سەر؟ یان ئەو خەڵکەی بە دەم فەتواکەی خومەینیەوە چوون و بەچەکەوە هێرشیان هێنا بۆ کوردستان؟
هەموو ئەمانە بەڵگەن لە سەر ئەوەی چەمکی خەڵکی یەکە درۆیەکی حاشاهەڵنەگرە و بنەمایەکی پۆپۆلیستی و فریودەرانەی هەیە.
بزووتنەوەی ژینا، بزووتنەوەی کوردستانە، تەشەنەی سەند بۆ شوێنەکانی تری ئێران و بێ گومان روانگە و هزر و داخوازی کوردستان جیاوازە. کوردستان هەر لە مێژە خەبات ئەکات لە پێناو ماف و داخوازییەکانیدا، و ئەو داخوازییانەش بە پێی مافە پێشێلکراوەکانی جیاوازیی هەیە لەگەل شوێنەکانی تردا. کوردستان دژ بە هەموو هەڵاواردنێک وەستاوەتەوە، ئابووری، کۆمەڵایەتی، رەگەزی جوغرافیایی، حوقووقی، چینایەتی کە بەڕای من هەموویان دەچنە خانەی مافی نەتەوایەتییەوە. لەبەر ئەوەی هەموو هەڵاواردنێک ریشەی لە هەڵاواردنی نەتەوەیی دایە. بۆ نموونە نابەرابەریی چینایەتی، پێوەندی راستەوخۆی بە سیاسەتی ناوەند پەراوێزەوە هەیە کە بمانەوێ و نەمانەوێ نەتەوەییە، ئەگەر ئایینی و ئاینزایی با، دەبوو پارێزگای ئیلام و ئەو بەشەی پارێزگای کرماشان و سنە کە سەر بە ئاینزای شیعەن دۆخی ژیانیان باشتر لەسنە و مەهاباد بایە، کەچی دەبینین وەها نیە.
ئـــایــا سەرکـوت دەتوانێ بزووتنەوەی ژینا لەناو بەرێ؟ ئێوە داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە چۆن دەبینن؟
سەبارەت بە سیاسەت و میکانیزمەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی بزوونەوەی ژینا، بێ گومان هەموو دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری هەوڵی خۆیان ئەدەن بو کپ کردن و سەرکوتی دەنگی نارەزایەتی خەڵک. کۆماری ئیسلامیش لەم پێناوەدا، هەوڵی زۆری داوە و هێشتاش بەردەوامە لێی. تا پێش شۆڕشی ژینا بابەتی حیجاب بۆ شاردنەوەی گرفتی ئابووری و گرانی و زۆر کێشەی تر، سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی کۆماری ئیسلامی گیرۆدەیەتی، بوو بە ئەولەویەتی یەکەم، تا ئەوەی هەر ئەو بابەتە بوو بە هۆی شەهید بوونی ژینا و دواییش سەرهەڵدان و پەرەسەندنی شۆڕش. لە پاش شۆڕشیش دەسەڵات دیسان بە هەمان میکانیزمی حیجابەوە ئەیەوێت ئەم بزووتنەوەیە و کۆی جووڵانەوەی کوردستان لە مەعنا داماڵێت، بەردەوام لە هەوڵدایە ئەم شۆڕشە دابەزێنێ بۆ بێ حیجابی و بێ حیجابیش بە بەرەڵایی مەعنا دەکاتەوە. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە وەستانی بۆ نیە، چونکوو لە لایەکەوە و لە دنیای میدیا و سۆشیاڵ میدیادا ئاستی وشیاریی خەڵک زۆرتـر لەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بتوانێ .
187
Link to: وتووێژ لەگەڵ ئاڵا ڕەیانی
Link to: وتووێژ لەگەڵ ئاڵا ڕەیانی
وتووێژ لەگەڵ ئاڵا ڕەیانی
Link to: مصاحبە با ژیار جهانفرد
Link to: مصاحبە با ژیار جهانفرد
مصاحبە با ژیار جهانفرد
Scroll to top
Scroll to top
Scroll to top