وتووێژ لەگەڵ عەدنان حەسەنپوور
بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی سەڵتەنەتخوازەکان و کەسانی وەک شەهریار ئاهی، لە سەرەتای پێکهاتنی هاوپەیمانییەکان لە شۆڕشی ژینادا بە ڕاشکاوی باسیان لەوە دەکرد کە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ تاکەکاندا هەڵسوکەوت بکەین نەک لەگەڵ ڕێکخراوە و حیزبەکاندا. پێتان وایە هۆی گرتنەبەری ئەم شێوەیە لە کرداری سیاسی چییە؟ دەکرێ شیکردنەوەی ئێوە لەم بارەوە بزانین؟
با سەرەتا لە یەکەم دەستەواژەی پێناسەهەڵگری ناو پرسیارەکەوە، واتە ئۆپۆزیسیۆن، دەست پێ بکەین. ئۆپۆزیسیۆن لە هەموو حاڵەتەکانیدا، چ ئۆپۆزیسیۆنی یاسایی لە ناو خودی سیستەمی حکومەتیی وڵاتاندا و چ ئۆپۆزیسیۆنی دەرەکی و خوازیاری ڕووخاندنی حکومەت، پێویستە خاوەنی چەند تایبەتمەندییەکی وەک ڕێکخراوە و گەڵاڵە و مانیفێستی ڕوون و دیاریکراو بن. هێزی ئۆپۆزیسیۆن ئامادەیە لەسەر بنەمای پرەنسیب و مانیفێستەکەی خۆی لەگەڵ هێزە هاوتەریبەکانی خۆیدا کە دەشێت بەپێی زەمەن بگۆڕدرێن، بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بچێتە ناو هاوپەیمانییەوە یان بکەوێتە ڕکەبەرایەتییانەوە. بە هیچکام لەم پێوەرانە پاشایەتیخوازان ناتوانن ئۆپۆزیسیۆن (ی کۆماری ئیسلامی) بن، چونکوو نە خاوەنی ڕێکخراوەن و نە مانیفێستێکیان هەیە کە بشێت بە گەڕانەوە بۆی گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت. ڕەنگە باشترین ناو بۆ ئەم جەماعەتە «تاقم» یان هەمان «کاڵت» بێت. کاڵت گەرچی فۆرمێکی ژێلاتینی و بیچمبەندی نەکراوی هەیە، بەڵام خۆی بە خاوەنی حەقیقەتی ڕەها دەزانێت و پێوەندیی نێوان خۆی و کەس یان گرووپەکانی تر، لە فۆرمی «سەروەر/بەندە»دا پێناسە دەکات نەک هاوتەریب و هاوکار یان ڕکابەر. دیاریکردنی بەها و هێڵە سەرەکییەکان و بگرە وردەکارییەکان لە دەسەڵاتی خودی تاقمدایە و دواجار هەموو کەس، لایەن، گرووپ و توێژێک دەبێ خۆی لەگەڵ ئەو بەها/هێڵانەدا بگونجێنێت، لە دەرەوەی ئەمە بەستێنی «کوفر» دەست پێ دەکات و «لادەر» بە شایانی «تەکفیر» و سزادان دێتە ئەژمار. ئەم تایبەتمەندییانە بە هیچ شێوەیەک لە ناو کایەی سیاسەتدا جێیان نابێتەوە، کە وایە دەتوانین بڵێین ئەو تاقمەیش قەت لە دووتوێی پێناسەی چەمکی ئۆپۆزیسیۆندا جێیان نابێتەوە. هەر بۆیە لە بنەڕەتەوە باسکردن لە ئیمکانی دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵیاندا هەڵەیەکی مەعریفییە. دیارە هەندێ جار درزێک لە نێوان پێناسەی مەعریفی و واقیعی بابەتییانەدا هەیە کە زیاتر لە ڕیالپۆلەتیک و پرسی هاوسەنگیی هێزدا ڕوو دەدات، واتە واقیعی بابەتی بە جۆرێکە ناچاریت تەعامولی هەندێ هێز یان تاکەکەس بکەیت کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەما فیکری و سیاسییەکانتدا یەک ناگرنەوە. ئەگەر لەم ئاستەیشدا سەیری ئەو تاقمە بکەین، دیسان پاشاییخوازان خاوەنی ئەو هێزە گەورە کــۆمـــەڵایـــەتییە نــــەبوون و نین کە وامان لێ بکات بە نـــاچـار مــــامــــەڵەیـــان لـەگەڵ بکەین.
ئەگەر لە بەر ڕۆشنایی ئەم کورتەپێشەکییەدا ئاوڕ لە ناواخنی پرسیارەکە بدەینەوە، دەتوانین بڵێین خولیای ئەوان چەسپاندنەوەی دووبارەی هەمان ئەو دۆخەیە کە ئێرانی مۆدێرنی پێدا تێپەڕیوە؛ خستنەوە سەرپێی وڵاتێکی شکستخواردووی ناوەندگەرای تاک-نەتەوە. دیارە ئەمەش تەنها لە ڕێگای سڕینەوەی هەموو «جیاواز»ـەکانەوە دێتە مومکینبوون. چونکوو «جیاوازی» لەگەڵ چەقبەستوویی و ڕەهاگەریی «کاڵت»دا ناتەبایە و دەبێ بسڕدرێتەوە. بەڵام چونکوو لە دەسەڵاتدا نین، توانای سڕینەوەیان نییە، هەر بۆیە پلانی «لەخشتەبردن»یان گرتە بەر، واتە داماڵینی هەموو هێز و لایەنێکی جیاواز لە ڕەوایەتی و متمانە بە مەبەستی دەستەمۆکردنیان و لەوێشەوە دواجار کۆنترۆڵکردنی کۆی ماکی جیاوازی. ئەوان زۆر باش لەوە تێگەشتبوون کە تواندنەوەی ڕێکخراوە و حیزب گەلێ ئەستەم و بگرە نامومکینە، بەڵام قووتدانی تاکەکەس کارێکی مومکین و بگرە ئاسانە. لاوازترین حیزب و ڕێکخراوەکانیش دیسان خاوەنی کۆمەڵێ دامودەزگا و شوێنی لێکدانەوە و بڕیارسازین و هەر بابەتێک دەشێت بە فیلتەری چەندەها کەس و شوێندا تێ بپەڕێت هەتا بگاتە قۆناغی بڕیاردان. ئەمەش ئەگەری قبووڵکردنی بێئەملاولای ویستەکانی ئەوان زۆر لاواز دەکات. بەڵام تاکەکەس هەرچەندیش خاوەن توانا و بەهرە بێت، دیسان دەکرێت بخرێتە ژێر کاریگەریی هەمەلایەنەوە و بە فێڵ یان بە هێز، یان تێکەڵێک لە هەردووکیان، ملکەچ بکرێت. گەڵاڵەی ئەوان بریتی بوو لە داماڵینی نەتەوە، ڕەگەز، چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە «نوێنەرایەتی و نواندنەوەی ڕێکخراوەیی» و قوتکردنەوەی تاکەکەسەکان و قەبڵاندنیان وەک نوێنەر و سەرۆکی خاوەن دەسەڵاتی ڕەهای ئەوان.
ئەم سێلێبێریتیگەرییە هۆکارێکی دیکەیشی هەبوو: ئەوان جیا لە سێلێبێریتییەکی بەناوبانگ هیچ شتێکی دیکەیان نییە و ناتوانن بیانبێت. لەو ساڵانەدا چەندین جار پێکهێنانی رێکخراوە و حیزب و تەنانەت گرووپی بچووکی فیکرییان تاقیی کردووەتەوە و لە هەموویاندا شکستیان هێناوە. ئێستە تەنها شتێک هەیانە سێلێبێریتییەکەیانە و هیچی تر، کە وایە تاکە یەک ڕێگایان بۆ ماوەتەوە کە بریتییە لە سەرخستنی پلانێکی سێلێبێریتی-تەوەر نەک ڕێکخراوە-تەوەر. ئەمە سروشتیترین کارێکە کە دەتوانن و ناچارن بیکەن، مرۆڤ لە سەر بنەمای سەرمایەکەی خۆی ماڵ دەکاتەوە نەک بەپێی سەرمایەی لایەنی بەرانبەر. چۆن دەکرێت خۆت هیچ ڕێکخراوەیەکت نەبێت بەڵام قبووڵ بکەیت ناوەرۆکی یارییەکە لەسەر بنەمای ڕێکخراوە پێناسە بکرێت. تێگەیشتن لەم هاوکێشە سادەیە هێندە دژوار نییە. لێرەوە ئەوان بیریان لەوە کردەوە کە دەتوانن لە شازادەکەیان «ڕێبەرێکی کاریزما» بەرهەم بهێنن و هێندە قورسایی پێ ببەخشن و هێندە سێبەرەکەی قەبە بکەنەوە کە هەموان بە ناچار بکەونە ژێر سێبەریەوە و ببن بە پاشکۆیەکی ئەو ڕێبەرە بەهەیبەت و دەسەڵاتە.
هەر لە سەرەتایشەوە دیار بوو کە هەم پاشاییخوازان و هەم کۆی بەرەی پانئێرانیست، خولیای مێژوویەکی ساختەی قەبەکراو دەژین و دەیانەوێ سەرکردایەتیی پرۆسەی لابردنی مەلاکان بگرنە دەستی خۆیان و پاشان هەمان ئەو کارە بکەن کە خومەینی لە دوای ٧٩ کردی؛ واتە بەڵێنی دڵفراوان و ڕازاوەی دیمۆکراتیک لە قۆناغی پێش سەرکەوتندا و لە دوای چوونەدەسەڵاتیش وەلانانی هەموو بەڵێنەکان و سەرکوتکردنی هەموو هاوبەشەکانی ناو پرۆسەی ئاوەژووکردنەوە (کە ئەڵبەت تەنانەت ئامادە نەبوون بەڵێنە فۆرمالیتەکەیش بدەن و هەموو شتیان بە لێڵی ئەهێشتەوە). ئەگەر ئەوان بە تەنیا خۆیان توانای ڕووخاندنیان بوایەت قەت بە خەیاڵیشیاندا نەدەهات بیر لە دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەک تاکەکەسیشدا بکەنەوە. واتە تەنانەت خودی ئەم یارییە لەگەڵ تاکەکەسەکانیشدا بۆ ئەوان بژاردەیەکی ناچاری بوو نەک بەرهەمی تێگەیشتن یان باوەڕێکی بیرلێکراوە.
ئەگەرچی ئەوان لە پێداویستییەکانی ئەم گەڵاڵەیەی خۆیان باش تێگەیشتبوون، بەڵام لە ناسینی کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و کۆمەڵگا و گرووپ و نەتەوە پەراوێزخراوەکاندا بە تایبەتی، گەلێ ساوا و کاڵفام بوون. هەموو چەکی ئەوان بریتی بوو لە پاوانکردنی میدیا و هەوڵدان بۆ زاڵکردنی خۆیان لە ڕێگای هێرشی میدیاییەوە بە چەندین ئاڕاستە و فۆرمی جیاوازدا. بەڵام قەت ئەوەیان نەدەزانی کە ئەم میتۆدە لە جیهانی بەمیدیاییکراوی هەنووکەدا ناتوانێ سەرکەوتوو بێت، هەروەها هیچ زانیارییەکیان لە تایبەتمەندییەکانی ئەو کۆمەڵگا و خەڵکانە نەبوو کە دەیانویست بیانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. لە تێگەیشتنێکی کاڵفامانەی دیکەیشەوە، وایان دەزانی کۆی بەرئەنجامەکانی شکستی کۆماری ئیسلامی لە قازانجی ئەواندا شکاوەتەوە و نۆستالۆژیای ڕابردوویەکی نوێنراوە و ساختە دەتوانێت بیانکاتە خاوەنی زۆرینەی جەماوەر، واتە هیچ لەوە نەگەیشتبوون کە شکستی کۆماری ئیسلامی شکستی گشتێتیی دەوڵەتی مۆدێرنی ئێرانیی فارس-تەوەرە و ئەستەمە لەسەر خۆڵەمێشی ئەم دەوڵەتە، دەوڵەتێکی دیکەی بە ڕواڵەت جیاواز بەڵام بە ناوەرۆک هاوشێوە بونیاد بنرێتەوە کە هەڵگری هەموو تایبەتمەندییەکانی هەمان دەوڵەتی تاک-نەتەوە، ناوەندگەرا و چەقبەستووی پێشوو بێت. کۆی گەڵاڵەکەی ئەوان لاساییکردنەوەیەکی گاڵتەئامێزی خومەینیی ١٩٧٩ بوو، بەڵام جیا لە هەموو جیاوازییە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و جیهانییەکان، گەورەترین جیاوازیی ناوەکیی نێوان پانئێرانیستەکان و خومەینی ئەوەیە کە دەوروبەری خومەینی پڕ بوو لە ستراتیژیستی زیرەک و لێهاتوو کە هەم کۆمەڵگایان باش دەناسی و هەم شارەزای هاوکێشە جیهانییەکان بوون، لە بەرانبەردا دەوروبەری کوڕی پاشای پێشوو لێوانلێوە لە مرۆڤی گەمژە و کاڵفام کە نەتەنها لە سەرەتاییترین چەمک و زەروورەتەکانی سیاسەتکردن لە سەرزەمینێکی فرەچەشندا تێنەگەیشتوون، بەڵکوو ئاستی گەمژەییان هێندە بەرینە کە زۆرجار تاکە بەرهەمیان دەبێتە دروستکردنی ساتەوەختی کۆمێدی و گاڵتەجاڕ! هەروەها خودی ڕێبەرەکەیشیان بەتاڵە لە هەرچەشنە بەهرەیەکی کاریزمایی؛ نە خوێندەوارییەکی هەیە، نە وتاربێژێکی بەتوانایە، نە دەتوانێت ئەرکی ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبردنی پێڕەوانی بگرێتە ئەستۆ و نە تەنانەت سیمایەکی کاریزماییانەی هەیە. بە کورتی دەتوانین بڵێین کۆی پرۆژەکەی ئەوان گەڵاڵەیەکی لێکدژ و بێبەری لە پێداویستییە ناوەکییەکانی ئاوا گەڵاڵەیەک بوو، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە پرۆژەی تەیارەکانی تری ناو بەرەی پانئێرانیزم هەر بەم ئاستە کاڵوکرچ و ساویلکانەیە و ناتوانن هیچ سەرکەوتنێک مسۆگەر بکەن، فاشیزم هەمیشە سیحرێکی هەیە کە دەشێت لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا خۆی وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤ بە جـــەمــــاوەری سیحرلێدراو بقەبڵێنێت.
لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا شێوازێکی پۆپۆلیستی لە دروشمی لایەنە ئێرانییەکاندا دەبیندرا کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەبێ هەموومان پێکەوە و یەکدەنگ بین تا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، ئەوکات دەکرێ باس لە جیاوازییەکان و ڕژێمی داهاتووی ئێران بکەین. ئێوە پێتان وایە ئەم مێکانیزمە بۆ ڕووخانی ڕژێم گونجاوە؟
مخابن جیاوازی لە ناو «لایەنە ئێرانییەکان»دا یان هەر نییە یان ئەوەندە کەمە کە بە کردەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام هەر لایەنێک وتی با جیاوازییەکان و پرسی ناوەرۆکی حکومەت بهێڵینەوە بۆ دوای ڕووخان، بێگومان قەت نایهەوێت ددان بە مافی هیچ کەسێکی تر جگە لە خۆیدا بنێت. ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە هەوڵی ئێرانییەکان بۆ پاوانکردنەوەی بەستێنی گشتی و بردنەپێشی گەڵاڵەی فێڵبازانەی خۆیان. بەڵام پێشوەختە با ئاماژە بەوەش بکەین کە گەڵاڵەی «ئەوان» و «ئێمە» دوو گەڵاڵەی جیاوازە کە تەنها ڕەنگە لە بەشی زەروورەتی لابردنی کۆماری ئیسلامیدا یەک بگرنەوە، ئەگینا جومگەکانی تریان گەلێ دوور و بگرە دژبەیەکن. لە ڕاستیدا کۆی ئامانجی ئەوان تەنهاوتەنها ڕووخاندنی حکومەتی ئێستایە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئاوەژووکردنەوەی کۆی پێوەندییەکانی دەسەڵات و سیاسەتە لەو جوگرافیایەدا. ئەو دوو ئامانجە هێندە لێک دوورن کە باسکردن لە هاوپەیمانی و یەکگرتوویی زیاتر لە گاڵتە دەچێت تا ویستێکی سیاسی. یەکگرتوویی هەمان «وحدت کلمە»ی خومەینییە کە وەک ناوی ڕەمزێک بوو بۆ سەرکوتکردنی هەموو «ئەویدی»یەکان. کۆبوونەوە و هاوکاریی سەلبی لە زەمینەیەکی کۆمەڵایەتیی وەک ئێراندا قەت ناتوانێ بەدیهێنەری ئامانجەکان بێت، هاوکاری تەنها لە کاتێکدا دەتوانێت قبووڵکراو بێت کە لە تەنیشت ڕەهەندە سەلبییەکەدا (ڕووخاندن) بیچمبەندییەکی ئیجابییانەیش (دروستکردن و ڕۆنان) وەربگرێت. واتە بەردی بناغەی هەرچەشنە هاوکارییەک لەم پانتا دیاریکراوەدا بریتییە لە ڕێکەوتن لەسەر ئاسۆی دواڕۆژ لە بەرینترین شێوەی مومکینی خۆیدا. ئەو لایەنانە تەنانەت لەسەر بنەڕەتیترین خاڵەکانیش (مافەکان و فۆرمی بەڕێوەبردنی وڵات) ئامادە نین گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکەن و هەموو شتێک دەهێڵنەوە بۆ داهاتوویەکی نادیار، ئەمە ڕێک بەڵێنێکە بۆ جێبەجێنەکردن، یان بە واتایەکی تر جۆرێک «تعلیق بە محال»ـە و بە دڵنیاییەوە ئەو ساتەوەختە نـــەزانــــراوە قــــەت نـــــایــەتـە دی.
ئایا دەکرێ بزووتنەوەی ژینا وەکوو بزووتنەوەیەکی فێمینیستی سەیر بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێ بێت، ئایا بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد و بەردەوامیی خەباتی نەتەوەکەمان لە پێناو ئازادیدا کە ژنانیش دەورێکی بەرچاویان تێیدا هەبووە، ناخرێتە پەراوێزەوە؟
باشترە بڵێین بزووتنەوەی ژینا یان «ژن، ژیان، ئازادی» بزاڤ و گوتارێکی ژنتەوەرە، واتە «ژن» ئەو ماکەیە کە لێوەی دەست دەکەین بە بیرکردنەوە لە چەمکی ستەم و هاوکاتیش داڕشتنی گەڵاڵەیەک بۆ سڕینەوەی ستەم. ئەم دوانە گرێدراوی یەکدین، واتە بەگژاچوونەوەی هەر ستەمێک پێشوەختە بەندە بە نەخشەکێشکردنی ڕوانگەیەکی مەعریفییەوە لەمەڕ چەمکی ستەم لە واتا گشتییەکەیدا. پێشتریش باس لەوە کراوە کە داڕشتنی ئەم گەڵاڵە یان گوتارە، خۆیشی بەندە بە دیاریکردنی خاڵێکی ناوەندییەوە کە توانستی بوون بە پێوەر بۆ تێگەیشتنی مەعریفی لە ناواخن و جەوهەری ستەم وەک چەمک و وەک دیاردەی مێژووکردیشی هەبێت. دیارە ستەم فرەڕەهەندە و هەموو تاک و کۆمەڵێک بەپێی ژین-جیهانی خۆی لەگەڵ هەندێ یان گشت فۆرمەکانی ستەمدا بەرەوڕوو دەبێتەوە. پێشکەشکردنی پێناسەیەکی مەعریفی لە ستەم گرێدراوی ڕۆچوونە بە ناخی ئەم چەمکەدا و بۆ ئەمەیش، وەک وترا، پێویستە خاڵێکی ناوەندی دیاری بکەین. ژن دەتوانێت ئەو خاڵە ناوەندییە بێت، چونکوو نەتەنها بارگاوییە بە هەموو ئەو ستەمانەی دەشێت مرۆڤێک گیرۆدەیان بێت، بەڵکوو ستەمێکی تاقانە و تایبەتیی دیکەیش دەژی کە هەمان ستەمی ڕەگەزی یان جێندەرییە. بەم پێیە دەتوانین بڵێین گوتاری ژن، ژیان، ئازادی دەقاودەق ئەو شتەیە کە پێویستمان پێیەتی، چونکوو خاڵی دەسپێکمان بۆ دیاری دەکات و دەڵێت بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی مرۆڤ دەبێ لە لاوازترین و ستەملێکراوترین توێژی مرۆڤەوە دەست پێ بکەین کە لێرەدا ژنە. ئەگەر ئاوا سەیری بابەتەکە بکەین جێگای هیچ نیگەرانییەک بۆ کەوتنەپەراوێزی «خەباتی نەتەوەیی» نامێنێتەوە، تەنانەت بگرە بۆشاییەکانی پێشوویشمان لە پرسی ستەمی نەتەوەییدا بۆ پڕ دەکاتەوە و دەمانکاتە خاوەنی ڕێڕەوێکی فیکریی تۆکمە و دەوڵەمەند. دابڕاندنی فۆرمە جیاوازەکانی ستەم لە یەکتر هەڵەیەکی زەق و پڕخەسارە کە دەشێت بەردەوام لە ناو قەیراندا بمانهێڵێتەوە و هیچکات ئاسۆی ڕزگاریی هــــەمـــــەلایەنەمان بۆ بەرهەم نەهێنێت.
یەکێکی تر لە دەسکەوتەکانی ژنتەوەربوونی گوتاری سیاسیی کوردستان بریتییە لە ڕەخساندنی ئیمکانی بیرکردنەوەی ڕادیکاڵ لە کێشە و دیاردەکانی جیهانی مرۆڤ. گرنگایەتیی ئەم تایبەتمەندییە ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت کە بەبێ پشتگوێخستنی حەقیقەت تێدەگەین جیهان زنجیرەقەیرانێکی گەورە دەژی و ئاوا بڕوات مەزەندەی کۆتایی دونیا و مرۆڤ دەکـــرێت. قــەیرانی ئاوا بنەڕەتی پێویستی بە ڕێگەچارەی بنەڕەتی و ڕادیکاڵیش هەیە و گوتاری ژن، ژیان، ئازادی لەبەر سروشتی ڕادیکاڵی خۆی دەشێت ڕەخسێنەری ئەو ئیمکانە ژیـانبـەخشــە بێت.
بە ئاستێکی تر و لە مەیدانی کردەوەیشدا، گەڵاڵەیەکی سیاسی هەتا هەمەلایەنەتر بێت و توانای کۆکردنەوەی بەشێکی زیاتر لە توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای هەبێ، بێگومان جەماوەریتر و بەو پێیە سەرکەوتووتریش دەبێت. کە وایە نەتەنها بچووکترین دژایەتی لە نێوان بزاڤی ژینا و بزاڤی نەتەوەییی کوردستاندا نییە، بەڵکوو ئەم گوتار و بزاڤە خاڵە لاواز و بۆشەکانی بزاڤی سیاسیی کوردستانیشمان بــــــۆ چــــارەســـــەر دەکـــــــات.
چاوەڕوان دەکرا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا پێکەوە مەنشوورێکیان هەبایە، پێتان وایە تایبەتمەندییەکانی ئەم مەنشوورە دەکرێت چی بن؟
حیــــزبــەکـانی ڕۆژهـــــەڵاتی کوردستان هەرکات توانییان بەبێ هەڵاواردن و حاشاکردن لە یەکتر پێکەوە دانیشن و یەک بەیاننامەی هاوبەشی سادە دەربکەن، ئەوکات چاوەڕێی شتی گەورەتریشیان لێ دەکەین! بە داخەوە سەرەڕای ئەو سەرمایە گەورە کۆمەڵایەتییەی ڕۆژهەڵات، حیزبەکانمان سەلماندیان کە بە هیچ شێوەیەک لە ئێستەدا توانای هەڵگرتنی ئەرکی نوێنەرایەتیکردن و رێبەرایەتیکردنی ئەو خەڵکەیان نییە. با واز لە هەموو باسێکی فیکری و ئـــــەبستـــراکت بهێنین، خۆ حیزبەکانمان ئەو ئەزموونە گەورەیەی باشووریان لە بەردەستدایە و بە چاوی خۆیان بینیویانە کە ئەو دەرفەتە زێڕینە بە هۆی لێکهەڵپژان و حیزبتەوەری و گەندەڵیی یەکێتی و پارتییەوە هێندە لاواز بووە کە مەترسیی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمیش دەکرێت. خۆ دەبینن تورکیا و ئێران تەڕاتێنی تیا دەکەن و کێیان بوێت دەیکوژن، کامە کەرتی کۆمەڵگایان بوێت دەستی بەسەردا دەگرن، کامە کۆنسێرت و فیلمیان بوێت دەیبەنە سەر شانۆ… هەر بۆیە ئەم پرسیارە بازدانێکی تێدایە، چونکوو «حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان» یەکەیەکی یەکگرتوو نین تاکوو چاوەڕوانی «نووسینەوەی مانیفێستێک بۆ گەلانی ئێران»یان لێ بکەین.
بەڵام بەمەشەوە دەتوانین بڵێین کە داڕشتنی مانیفێستێکی هاوبەش لەگەڵ نەتەوەکانی تردا پێش هەموو شتێک پێویستی بە توێژینەوەیەکی وردی کۆمەڵناسانە-سیاسی-ئابووری لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و هاوکێشە سیاسی- ئابوورییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران هەیە. زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین گەورەترین پرسی داهاتووی ئێران پرسی نەتەوەکانە، ئەمە هاوکات هەم مەترسییە و هەم دەرفەت؛ دەرفەتە چونکوو دەتوانێت بۆ هەمیشە سیستەمی ناوەندگەرا لە ئێراندا هەڵبوەشێنێتەوە و ببێتە قەڵەمبازێکی گەورە بۆ ناخگیرکردنی دیمۆکراسی و پێکەوەژیانێکی یەکسان و ڕاستەقینە. هاوکات دەتوانێ هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیش بێت، چونکوو سنوورە جوگرافییەکان هێندە لێکتەنراون کە لە نەبوونی گەڵاڵەیەکی تۆکمە و وەڵامدەردا دەتوانێ ببێتە مایەی پێکدادان و شەڕی خوێناوی لە نێوان نەتەوەکاندا، بەتایبەتی کە گەورەهێزێکی هەرێمیی وەک تورکیایش چاوەڕوانە شتێک ڕوو بدات و وەک باشوور و ڕۆژئاوا ئەرتەشەکەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتیش بکات. هەر لەم ڕۆژانەدا بینیمان کە هەواڵێکی سادەی ناو ڕاگەیاندنی حیزبی دیمۆکرات لەسەر شاری خۆی چ کاردانەوەیەکی قورسی لای تورکەکان لێ کەوتەوە. لە ساڵانی پێشوویشدا بینیومانە تا کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە هەردوو پارێزگای کوردستان و کرماشاندا کوژرابێت، دە دوازدە کۆڵبەر لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا کوژراون، ئەشزانین کە کۆنترۆڵی ئەو پارێزگایە بە تەواوی لە بندەستی تورکەکاندایە، ئەمانە هەمووی نیشانەی هەبوونی پان-تورکیزمێکی زۆر مەترسیدارتر لە پان-ئێرانیزمی فارسەکانە کە هەم زۆر توندئاژۆیە، هەم خاوەنی هێزی گەورەی سەربازی و ئابوورییە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا و هەم بونیادەکەی لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ئەویدی، بەتایبەت کورد، دامەزراوە.
ئەگەرچی لە ئێستەدا ئەم درزە کوشندەیە لە هیچ شوێنێکی تری ئێراندا وەکوو کوردستان زەق و ئاشکرا خۆی نەنواندووە، بەڵام بێگومان لە داهاتوودا زۆر بە قورسی دەم دەکاتەوە و دەشێت ببێتە مایەی زنجیرەشەڕێکی چەندلایەنەی ئاڵۆز و خوێناوی، هەر بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بدەینە کێشەی نێوان عەرەب و لوڕ و هەروەها نێوان گیلەک و مازەنی لەگەڵ تورک و فارسدا. کە وایە پێش نووسینەوەی مانیفێست، پێویستمان بە توێژینەوەیەکی هەمەلایەنە هەیە تاکوو سەرەتا تێبگەین کە لە چ دۆخێکداین و دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەممان دەتوانن کامانە بن، ئینجا لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیەدا بگەینە گەڵاڵەیەکی کرداری بۆ ئەم پرسە هەرەسەرەکییە. هاوکات دەبێ ڕاشکاوانە ددان بەو ڕاستییەشدا بنێین کە هیچکام لە حیزبەکانی ئێمە بەتەنیا خۆیان و تەنانەت لەگەڵ یەکتریشدا دەرەقەتی ئەم کارە نایەن، هەر بۆیە پێویستە نەختێک بە تەوازوعەوە داوای هاوکاری لەو هەموو ئەکادیمیسیەن و پسپۆڕە کوردە بکەن کە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی کوردستان لەم بوارەدا خوێندنەوە و توێژینەوەیان ئەنجام داوە. ساڵەهایە ئەم داواکارییە خراوەتە بەردەم حیزبەکان، مخابن تا ئێستا هیچ ئاوڕێکیان لەم زەروورەتە نەداوەتەوە و مرۆڤ نازانێ ئایا دەتوانێ هیوادار بێ لەم دۆخە زۆر جیاوازەی هەنووکەدا سەرئەنجام بپەرژێنە سەری، یان ئەم داخوازییە تا ئەبەد هەر وەک ئــــاواتێـــــک دەمێنێتــــەوە؟!
هەندێک پێیان وایە داواکارییەکانی بزووتنەوەکە لە هەندێک شوێنی وەک کوردستاندا جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بووە و ڕەنگ و بۆنی نەتەوەیی/ئەتنیکی بەخۆوە گرتووە، کە واتە ناکرێ لە یەکەیەک وەکوو خەڵکی ئێران قسە بکەین. ئێوە چۆن ئەم باسە شرۆڤە دەکەن؟
تـــەنانەت هەندێ لە خاوەنقەڵەمانی خودی ئێران، بۆ وێنە مەحموود سەریعولقەڵەم، دەڵێن جوگرافیای ئێران هێشتا نەبووەتە وڵات لە واتا سیاسی و کۆمەڵناسانەکەیدا، واتە دانیشتوانی ئەم جوگرافیایە خاوەنی وەها یادەوەری و ئامانج و داخوازیگەلێکی هاوبەش نین کە هێندە پتەو و یەکانگیر بێت کە خەڵکەکە لە دەوری کۆمەڵەبەها و ڕەمزێکدا کۆ بکاتەوە و ئینتیمایەکی تەواو و هاوشێوەیان لە ئاست جوگرافیای نیشتەجێبوونیاندا بۆ دروست بکات. هاوکات بە شێوەیەکی یەکسانیش لە سەرچاوە و سەرمایەی ئەم وڵاتە بەهرەمەند نەبوون و هەڵاواردنی ئاشکرا -چینایەتی، ڕەگەزی، نەتەوەیی و…- بناغەیەکی سەرەکیی دەسەڵاتداری بووە لە ئێراندا. هەر بۆیە چەمکی «نیشتمان» قەت نەبووەتە چەمکێک کە توانیبێتی لە لای هەموو دانیشتوانی ئێران یەک وێنا و خولیا پێک بهێنێت، واتە دالێک نییە کە بە سەر یەک مەدلوولی یەکگرتوو و چونیەکدا دەلالەت بکات. ڕەنگە پێش شۆڕشی ١٩٧٩ دۆخەکە بڕێک جیاوازتر بووبێت، بەڵام لە ئێستەدا کەمترین ئاستی ئینتیما بۆ «ئێرانیبوون» دەبینین. هەوڵە چڕوپڕەکانی جەواد تەباتەبایی بۆ ڕۆنانی بنەچەیەکی فیکری-مێژوویی بۆ ئێران و گۆڕینی ئەم ناوە بۆ چەمکێکی سەرووزەمەنی و سەروومێژوویی، بەرئەنجامی دەرککردنیەتی بەم ناتەواوی و بێبونیادییە. بەڵام دابڕاندنی ناوی ئێران لە واقیعی هەنووکەیی کە واقیعێکی تەژی لە ستەمکارییە و هەوڵدان بۆ وێناکردنی «ئێرانشار» وەک چەمک و زەروورەتێکی بەرزەجێیانە، نەیتوانیوە هیچ لە واقیعی لێکجــودابـــوون و لێکتـــرازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی ئەم جوگرافیایە بگۆڕێت. تاکە بەرهەمی ئەم هەوڵە بە ڕواڵەت فیکری و بە ناوەرۆک توندئاژۆیە بریتی بووە لە زێدەکەوتەیەکی فاشیستی کە دوای دامـــرکانەوەی جووڵەی سەر شەقام بە شێوەیەکی ڕووت و پەتی خۆی نیشان دا و ئێستەش خـــەریکە بـــە چەندین فۆرم و ئاڕاستەی جیاواز بــە نـــاخی کـــۆمــــەڵگادا ڕۆ دەچێت.
ئەڵبەت ئەم باسە لە ئاستی فیکریدا شتێکە و لە ئاستی کردارییشدا شتێکی تر، ئەوەی کە ئێران «وڵات/کشور» نییە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە چارەنووسی هەموو دانیشتوانەکەی گرێدراوی یەکترە. ئێمە کۆمەڵە دوورگەیەکی سەربەخۆ لە یەکتر نین و ناتوانین لە پرۆژە و خولیای سیاسیماندا خەڵک و نەتەوەکانی تر پشتگوێ بخەین.
ئـــایــــا سەرکـــوت دەتوانێ بزووتنەوەی ژینا لەناو بەرێ؟ ئێوە داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە چۆن دەبینن؟
ئەگەر مەبەست لە سەرکوت تەنها سەرکوتکردن لە ڕێگای هێز و توندوتیژییەوە بێت، دەتوانین بڵێین کە وەها شتێک لە سەرزەمینێکی پڕقەیران و پڕدرزی وەک ئێراندا نامومکینە. چونکوو دەسەڵاتی حاکم تووشی چەندەها بونبەستی پێکهاتەیی بووە و سەرکوت تەنها دەتوانێ شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی ناڕەزایەتیی بنچینەیی خەڵک بۆ ماوەی کاتی دابمرکێنێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە درێژماوەدا و بەم نەفەسەی ئێستایەوە هەرگیز ناتوانێ قەیرانی شەرعییەت و کارامەیی خۆی بنبڕ بکات و ئەمەش مانای بەردەوامبوونی دۆخی ڕۆچوونی بەردەوام و نەبڕاوە بە قەیرانی گەورە و گەورەتردا. گریمان لە ئاست هەندێ ماف و ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی دەرەوەیشدا پاشەکشە بکات، ئەی چی لە قەیرانی ناکارامەیی دەوڵەت دەکات کە هەر ئێستا بۆ دابینکردنی مووچە و سووتەمەنی و کارەبا تووشی بونبەست بووە؟ پارەچاپکردنیش کە بووەتە چای وەیل و بەردەوام هەڵاوسان زیاتر دەکات. یاخود چی لە گەورەقەیرانی ژینگە و ئاو دەکات کە چەند ساڵێکە لە هەندێ ناوچەدا تەنانەت تا ئاستی شەڕی دەستەویەخەی خەڵک لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ حکومەتیشدا چووە؟ کەوایە سەرکوتی ڕووت شتێکی ئەوتۆی پێ ناکرێت، هەرچەند پێدەچێ بە پلانێکی تێکەڵکرد، وەک ئەوەی ئێستا لە بواری قوتکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ساختەی وەک پەهلەوی و شەڕنانەوە لە نێوان نەتەوەکاندا دەیبینین، بتوانێت سەرەڕای قەیرانە چەندڕەهەندییەکان بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژە بە ژیانی خۆی بدات. بەڵام بیرمان نەچێ کە ئەم بابەتە بەتەنها خۆی ناتوانێ سەرکەوتنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی گەرەنتی بکات. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەبێ بوونێکی بزۆزی هەبێ و هەڵگری دوو تایبەتمەندیی گرنگی «قووڵبوونەوە» و «گەشەسەندن» بێت. قەتیسمانەوەی بزاڤی کۆمەڵایەتی لە شوێنێکدا و پەلنەهاوێشتنی بۆ ڕووبەر و ئاستی سەرووتر و بەربڵاوتر، ڕێگرێکی گەورەیە لە بەردەم سەرکەوتنیدا. هاوکات تاکتیکەکانی بزاڤەکەیش گەلێ دیاریکەرن. تەنها وەک نموونە؛ لە میسردا یەک لەو شتانەی بزاڤەکەی سەرخست مانەوەی خەڵک بوو لە مەیدانی تەحریردا، ڕەنگە ئەگەر وەک بزاڤی سەوزی ئێران ئێوارە گەڕابانەوە ماڵ و سبەی دیسان هاتبانەوە سەر جادە، ئەو شۆرشە سەر نەکەوتایەت.
ئێستە نسکۆیەک کەوتووەتە نێوان شەپۆلە چاوەڕوانکراوەکانی بزاڤی ژینا، ئەمە زەمانێکی سیاسیی ئێجگار کارامەیە، بە مەرجێک بکرێتە دەرفەتێک بۆ خوێندنەوەی ئەوەی ڕووی داوە و ئەوەی کە دەبێ بکرێت. ئێستە سیمای حەقیقیی زۆربەی لایەن و کەسەکان تا ڕادەیەکی زۆر دەرکەوتووە و خەریکە تێدەگەین کە لە ناو چ کۆمەڵگا و هێزگەلێکدا دەژین و لەگەڵ چ جۆر کێشەگەلێکدا دەستەویەخەین. هاوکات هێزە سیاسییەکانمان نابێ لە ئاست ڕەخنەی ڕادیکاڵدا پەرچەکرداری خراپیان هەبێت، بە پێچەوانەوە دەبێ بە دڵفراوانی و سوپاسیشەوە پێشوازی لەو ڕەخنانە بکەن و لەمە زیاتر لەو دۆخە مەییو و چەقبەستووەدا نەمێننەوە. توانای خۆڕێکخستنی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات لە ئاستێکی کەموێنەدایە، مخابن ئەم پۆتانسیەلە لە سیاسەتی حیزبەکانماندا وەک خۆی حسێبی بۆ ناکرێت و زۆرجار هۆکارە دەرەکییەکان دەکەونە گرێژەنەی شیکاری و بڕیارەکانیانەوە. ئێمە نابێ چاوەڕێی ئەگەرە شیمانەکراوەکانی ناو هاوکێشە سیاسییە جیهانی و هەرێمییەکان بین و چاومان لە دەستی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بێت، گرێدانی بزاڤی کۆمەڵایەتی بە هۆکاری دەرەکییەوە ڕێک هاوتای لەخشتەبردنی بزاڤەکە و سووژایەتیی مرۆڤ دەکەوێتەوە. ئێمە دەبێ بە پشتبەستن بە زەروورەت و ئیمکانە ناوخۆییەکانی خۆمان درێژە بە بزاڤەکە بدەین، ئەوکات لە ئاستی جیهانی و هەرێمییشدا هەرشتێک ڕوو بدات ئێمە خۆمان ئەکتەرین و ئەوان هەر بە ناچار دەگەڕێنەوە بۆ لامان، یاریچییەکی بچووک کاریگەرترە لە هێزێکی پەراوێزکەوتەی چاوەڕێ.
161
مصاحبە با سمکو ابراهیمی
وتووێژ لەگەڵ هیوا عەلیدووست
Scroll to top