ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ هیوا عەلیدووست


بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی سەڵتەنەتخوازەکان و کەسانی وەک شەهریار ئاهی، لە سەرەتای پێکهاتنی هاوپەیمانییەکان لە شۆڕشی ژینادا بە ڕاشکاوی باسیان لەوە دەکرد کە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ تاکەکاندا هەڵسوکەوت بکەین نەک لەگەڵ ڕێکخراوە و حیزبەکاندا. پێتان وایە هۆی گرتنەبەری ئەم شێوەیە لە کرداری سیاسی چییە؟ دەکرێ شیکردنەوەی ئێوە لەم بارەوە بزانین؟

ئەم شێوە هەڵسوکەوتە‌ی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی بەرانبەر بە نەتەوەی کورد لە دوو لاوە کارەساتە. چونکە لە لایەکەوە بێڕێزییەکی زۆر گەورە بە نەتەوەی کورد ئەکرێ و ئەخرێتە بەرچاوی، که گوایە‌ ئێوە خاوەن نوێنەرێکی ئۆرگانیزەکراوی جێگەی متمانەی ئێمە نین، خاوەن ڕێکخراوەیەک نین کە ئێمە بە ڕەسمییەتی بناسین و پرسە گرینگەکانی داهاتووی جوگرافیای ئێرانی لە گەڵدا تاوتوێ بکەین. ئەم لایەنەی پرسەکە دوو خاڵی سەرنجڕاکێش دێنێتە بەرچاومان، یەکەم ئەوەیە کە تا بە ئەمڕۆ نەتەوەی کورد نەیتوانیوە نوێنەرێک بۆ خۆی تەرخان بکات و هەڵبژێرێ کە لە بەستێنی ئەو پرسە جیددی و ئالۆزە سیاسییانەدا بە دەنگێکی دلێر و متمانەبەخۆوە، باس لە بەرژەوەندیی سیاسیی کورد بکات. ناتەباییی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کورد و یەکتروەرنەگرتنیان زۆر بە ئاسانی ئەم کارەساتەی خوڵقاندووە. خاڵی دووەم نەبوونی هێزی بەرچاوە لە بەرانبەر ئوپۆزیسیۆنی ئێرانیدا. لە سیاسەتدا هێز ئامرازێکی زۆر سەرەکییە، هێزی مرۆیی، هێزی ئایدیا و ئایدیۆلۆجی، هێزی نیزامی و هێزی هاودەنگی لە نێوخۆدا، ئەم هێزانە کارێک ئەکەن کە بەرانبەرە‌کەت وابەستەی ئاخافتنی جیددی بێت لە تەکتا. لایەنی دووەمی ئەو پرسە شێوەی سیاسەتی ناسەردەمیی نەتەوەی کوردە. ئێمە هەندێ ڕوخساری بەرچاوی سیاسیمان هەیە کە خۆیان بە هانای هەموو شێوە داواکارییەکی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە ئەڕۆن، ئەم هەستی خۆ بە کەم زانینە نەک هەر ئەمڕۆ و ئێستا بەڵکە لە ڕابردووشدا لەتمەی زۆر گەورەی لە نەتەوەی کورد داوە. باشە لە چ سەردەمێکدا ئەژین کە تاکێکی کورد ئەڕواتە پێش و سەر مێزی ئاخافتن و گفتوگۆ و داکۆکی لە نەتەوەی کورد ئەکا؟ باشە بۆ ئەبێ سەبکی حیزبایەتی و کاری ئۆرگانیزەکراوی سیاسیی ئێمە مەودا بەو شێوە کردەوانە بدات؟ مەگەر ئەو شێوە دیپلۆماسییە سەردەمییە؟ مەگەر ئەو جۆرە فیگوڕانە (کەسایەتییانە) سەردەمین؟ ئەگەر لێرەدا بۆ سەرەتای پرسیارەکەی ئێوە بگەڕێمەوە، ئەوە من لە بەستێنی سەبکی هەڵسوکەوتی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانیدا، تەنیا ئاماژە بە هەڵەکانی خۆمان ئەدەم، ئەوان خۆیان باش ئەزانن کە بۆچی تاکی کوردیان “قەبووڵە”، بەڵام ڕێکخراوەی کورد بە ڕەسمییەت ناناسن؛ پاشان خۆ ئەوان چییان ئەوێت یا ناوێت، نە فەڕزە وە نە دەبێ یاسائاسا ببینرێ، با بۆ ئێمە زۆر گرینگتر ئەوە بێ کە خۆمان چیمان ئەوێ، ئایا بە ڕاستی ئەزانین چیمان ئەوێ؟ ئەگەر ئەوە بزانین، ئەوە نە ناکۆکی دێته نێوانمانەوە، نە ئامادە ئەبین کە تاک وەک تاک بۆ ئاخافتن بنێرین و نە دەرفەت بە تاک ئەدەین کە وە‌ک نوێنەری کورد خۆی و بەرژەوەندیی خۆی لە نەزەر بگرێ. تاک دێ و ئەڕوا، تاک بۆ ڕێگاخۆشکار بەجێیە، تاک ئەتوانێ دەروازە بە سەر باس و پەیوەندییدا بکاتەوە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە ڕێکخراوە هەیە کە بتوانێ میکانیزمی گونجاو و سەردەمییانە بۆ مامەڵە لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و غەیرەکورد بسازێنێت. تاکپەرەستی سیاسەتی چەرخی کۆنە. بەڵام بەداخەوە زۆرینەی حیزبە سیاسییەکانی کورد تاک فەڕز ئەکەنەوە، ئوپۆزیسیۆنی ئێرانیش ئەو دۆخە واقیعە ئەخوێنێتەوە.



لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا شێوازێکی پۆپۆلیستی لە دروشمی لایەنە ئێرانییەکاندا دەبیندرا کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەبێ هەموومان پێکەوە و یەکدەنگ بین تا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، ئەوکات دەکرێ باس لە جیاوازییەکان و ڕژێمی داهاتووی ئێران بکەین. ئێوە پێتان وایە ئەم مێکانیزمە بۆ ڕووخانی ڕژێم گونجاوە؟

بە گشتی ئەو شێوە کارە ئەکرێ لایەنی باشی خۆی هەبێ، چونکە بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی مەلایی لە ئێران هەموو هێزێک پێویستە، هەرچی هێزەکانیش یەکگرتووتر بن، ئەوە ئەگەری سەرکەوتن زیاد ئەکات. بەڵام پرسی نەتەوەی کورد و مێژووی نەتەوەی کورد جیاوازە، هەربۆیە پێویستە لە سەرەتاوە هەموو داواکارییەکانی نەتەوەی کورد دابڕێژرێن و بخرێنە دەقی جیددی و موعتەبەرەوە. نەتەوەی کورد بێجگە لە نەمان و وەلانانی دەوڵەتی ئێران، ئەکرێ کۆمەڵێک داواکاریی ڕەوای خۆی هەبێ کە تەنیا لە ئێرانێکی ئازاددا -کە دیموکڕاسی جێگیر بێ، تۆلەڕانس لە بەرانبەر پرسە جیاجیاکاندا بەدی بکرێ، سیکۆلاریزم و فرەنەتەوەیی و فرەئاینی تەحەمول بکرێ- بە ئاکام بگات. ئێمە پرسی نەتەوەیی، سەربەخۆیی، کەلتوور، زمان، جوگڕافیا و چەندان پرسی سەربەخۆمان هەیە کە ناکرێ لە سەرەتاوە پشتگوێ بخرێن و دواتر لە دۆخێکی نامۆ و چاوەڕواننەکراودا ببنەوە باس. زۆر پێویستە ئەزموونی مێژوو فێری گومان و دوودڵی کردبین و خۆمان نەکەینە سووتەمەنیی هیچ بزووتنەوەیەک کە دواتر پاداشتەکەی بڕواتە گیرفانی کۆمەڵیک پۆپۆلیست و ناوەندگەراوە.



ئایا دەکرێ بزووتنەوەی ژینا وەکوو بزووتنەوەیەکی فێمینیستی سەیر بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێ بێت، ئایا بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد و بەردەوامیی خەباتی نەتەوەکەمان لە پێناو ئازادیدا کە ژنانیش دەورێکی بەرچاویان تێیدا هەبووە، ناخرێتە پەراوێزەوە؟

من پێنج مانگ لەمەوبەر لە گۆڤاری “هێما”–دا لە دەقێکدا بە ناوی “ئەمڕۆی ڕۆژهەڵات” بە تێر و تەسەلی ئاماژەم بەو پرسە داوە و ڕاشکاوانە ئەڵێم کە ئەو بزووتنەوەیە، بزووتنەوەیەکی فێمینیستی نییە. کوا کامە فەلسەفەی فێمینیستی لەو بەستێنەدا بەدی ئەکرێ؟ لە چ دەقێکدا شەفاف ئاماژە بە شێوە ژیانێکی دیکە ئەدرێ؟ ئەوەی کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە حاشای لێ ناکرێت، ئەوەی کە ژنان دێنە حەوزەی سیاسییەوە و هەموو وزەی خۆیان بۆ نەمانی دەوڵەتی ناسەردەمیی ئێران ئەخەنە کار جێگەی پێزانینە. ئەوەی کە ژنان خوازیاری ئەوەن لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی داهاتووی ئەو وڵاتەدا دەنگێکیان هەبێ تەواو بەجێیە و بۆ پشتگیری ئەبێ. بەڵام من هیچ دەقێکی فەلسەفەی فێمینیستی بەدی ناکەم؛ نا، من ئەو بزووتنەوەیە بە بزووتنەوەیەکی فێمینسیتی نازانم، پرسەکانی دیکە‌ی ئەو دیاردەیە گشتیتر و حەیاتین. چونکە لە ئێرانی ئەمڕۆدا هیچ کەس ئازاد نییە، نە ژن، نە پیاو، نە گەنج و نە بەساڵاچوو، تەنانەت نە فەرهەنگ، نە بیرجیاکان، نە ئازادیخواز، نە دادپەروەریخواز و هتد. دواتر من بە شیاوی نازانم کە زۆر دیاردەی وڵاتانی ڕۆژئاوا وەربگرین و بەبێ ئەزموون ئاوێتەی کۆمەڵگەی خۆمانی بکەین. با ئێمە زیاتر باس لە مرۆڤ و مافی مرۆڤ بکەین (تە‌نانەت لێرەشدا پێویستمان بە بیر و هزری جیددی و قوڵ هەیە، بۆ ئەوەی کوێرانە دەقە داڕێژراوەکانی ڕۆژئاوا نەکەینە سەرچاوە و پێوەر بۆ کۆمەڵگەی خۆمان، ئەوان مێژووی خۆیان هەیە، ئەوان فەرهەنگی سیاسی و ڕۆشنگەریی خۆیان هەیە)؛ با ئێمە پێش هەموو شت باس لە مافی مافداری بکەین، ئەمانەوێ چۆن پێکەوە بژین؟ پێکهاتە خێزانی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانمان چۆن بن؟ تا چەنده ئایینمان، ئەخلاقی ئاسمانی و ڕەوشتی ئەرزیی پێویستە؟ چ شێوە ژیانێک بە ژیانی باش لە قەڵەم ئەدەین؟ هەموو ئەم پرسانە وڵامیان ئەوێ، ئەو وڵامانەش تەنیا لە دیسکورس و گفتوگۆدا سەرهەڵئەدەن، خۆ ئەخەنە ڕوو، با وڵامەکان لە منەوە نە‌یەن، لە ئێوەوە نەبن، بەڵکە با بەستێن (حە‌وزه)‌ و مەیدانێکی گشتی بخولقێنین کە تێیدا هەموومان دەنگمان هەبێ، ژن، پیاو، کەسی ئایینی و کەسی عەلمانی و واوەتر. باشە بە ڕاستی ئەگەر ئێمە بە تەواوی لە واتای ئازادی تێبگەین، ئەمڕۆ کێ لە ئێراندا ئازادە، کێ ژیانی خۆی ئەژی. ئەوەی کە ژنی کورد ساڵانێکی زۆرە لە بەرەی خەباتی ئازادیدا چالاک بووە حاشای لێ ناکرێت، ئەوەشی کە نەتەوەی کورد بە ژن و پیاویەوە لە ساڵەکانی ڕابردوودا هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ ئازادیی خۆی هەڵنەگرتووە هەر بەرچاوە. کەوایە با هەمووومان بۆ دەستەبەرکردنی ماف هەوڵ بدەین، ئازادی بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بێ، واوەتر ئێمە وەک نەتەوە گەورەترین پرسمان پرسی ئازادی و سەربەخۆییی نەتەوەکەمانە، هەتا ئەوکات شێوە ژیانی دیکەش ئەزموون بکەین و دەرفەت بە هەموو چین و توێژ، دەرفەت بە شێوە ژیانی جیاواز (ئاینیی و کەمتر ئاینیی)، دەرفەت بە ژن و پیاویش بدەین کە بــــە ئـــــازادیی خـــــۆیـــــان بگەن.



چاوەڕوان دەکرا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا پێکەوە مەنشوورێکیان هەبایە، پێتان وایە تایبەتمەندییەکانی ئەم مەنشوورە دەکرێت چی بن؟

ئاوەها مەنشوورێک زۆر ئاڵۆزە، چونکە ڕەنگە داواکارییەکان جیاواز بن. خاڵێک کە ئەتوانێ زۆرینەی نەتەوەکان کۆ بکاتەوە، بیرۆکەی فیدڕالیزمە، بیرۆکەی فیدڕالیزمی ئێتنیکی یاخۆ جوگڕافیایی بێ. به گشتی لە سەرەوەی هەموو پرسێک پرسی دیموکڕاسی و فیدڕالیزمە کە ئەتوانێ مافی ڕەوا بە هەموو لایەک بدات. ڕەنگە نەتەوەی کوردیش لەم ڕێگەیەوە بە زۆرینەی داواکاری و بەرنامەکانی خۆی بگات، چونکە فیدڕالیزمێکی دادپەروەریخواز ئاوڕ لە زۆر لایەن و پرسی ئاڵۆز ئەداتەوە و ئەکرێ دوور لە پرسی ناوەندگەرایی زۆران بە قەناعەت بگەینێت. ئاوەها مەنشورێک ئەتوانێ زۆران لە دەوری پرسی: “پێش هەمووشت لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی ئێران” کۆ بکاتەوە؛ واوەتر ڕێگەش بۆ ئەوە خۆش بکات، دواتر پاش نە‌مانی ئەو ڕێژیمە بە تەبایی هەندێ پرسیاری لۆکالی و نــــاوچـــەیی یـــەکلایی بکرێنەوە.



هەندێک پێیان وایە داواکارییەکانی بزووتنەوەکە لە هەندێک شوێنی وەک کوردستاندا جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بووە و ڕەنگ و بۆنی نەتەوەیی/ئەتنیکی بەخۆوە گرتووە، کە واتە ناکرێ لە یەکەیەک وەکوو خەڵکی ئێران قسە بکەین. ئێوە چۆن ئەم باسە شرۆڤە دەکەن؟

ئەمنیش دەقاودەق وای ئەبینم، داواکاری و خۆزگە سیاسییەکان یەک شێوە نین. ئەوە تەنیا یەک خۆزگەی سەرەتاییە کە لە زۆرینەی ناوچەکان بەرچاوە، ئەویش نەمانی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام هەر بە خێرایی و پاش تێپە‌ڕبوون بە سەر ئەو خۆزگەیەدا‌ دۆخەکە ئاڵۆز ئەبێ. نەتەوەی کورد زۆر لەمێژە پرسی سیاسیی خۆی یەکلایی کردووەتەوە؛ ئەمەش داواکارییەکی شاردراوە نییە. لە ئێرانێکی داهاتوودا، لە داهاتوویەکی نزیک و دووردا پرسی نەتەوەیی و ئێتنی ئەبنە پرسە جیددیە‌کان، حاشاکردن لە نەتەوەیەک کە ژمارەی خەڵکەکەی بە زیاتر لە دە میلێۆن مەزندە ئەکرێ ئەستەمە. بەڕەسمیەت نەناسینی نەتەوەیەکی بە زمان، فەرهەنگ، ئایین، تا ڕادەیەک مێژوو جیاواز، بەردەوام و بەردەوام پرسی سیاسیی لێ دەکەوێتەوە، چونکە ئەو شێوە مامەڵەیە ناسەردەمییانەیە. بە واتایەکی دیکە و بە کورتی، پرسی سەرەتاییی ئەو بزووتنەوەیە لە نێو ئێراندا نەمانی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام پرسە جیددی و بنەڕەتییەکان دواتر دێنە ئاراوە و داوای وڵامی خۆیان ئەکەن. من بەش بە حاڵی خۆم دۆخی ئەو بزووتنەوەیە زۆر ئاڵۆزتر ئەبینم و ئــەوەندە گەشبین نیم و هەروا بە ئاسانی لە گەڵ ئەو گەشبینییە هـــاکــــەزاییـــەی زۆرینەدا ناڕۆم.



ئـــایــــا سەرکــوت دەتوانێ بزووتنەوەی ژینا لەناو بەرێ؟ ئێوە داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە چۆن دەبینن؟

بەڵێ، بەداخەوە. لەناوچوون یا لە ناوبردن یانی چی؟ ئەوە ئێستا ئەو بزووتنەوەیە زیاتر کپ بووە، ئەو هەموو لاوە خوێنیان ڕژا، ئەو هەموو سەختی و دژوارییە بە سەر ژیانی خەڵکدا هات، ئایا ئەو بزووتنەوەیە سەرکەوتوو بوو؟ بێگومان هەندێ دەسکەوتی سیاسیی لێ کەوتەوە، بەڵام من زۆر بە گومانم کە ئەو بزووتنەوەیە بەو ئاقارە و بەو شێوە‌یە درێژەی هەبێ. ئەو بزووتنەوەیە تەنیا کاتێ ئەکرێ داهاتوویەکی گەشی هەبێ، کە خەڵکی ناوخۆ بە شێوەیەکی دیکە ئۆرگانیزە بکرێن و هێزی سیاسیی دەرەکییش پشتگیریی لێ بکەن. بە‌ڵام هیچ هێزێکی دەرەوەی وڵات نەیتوانیوە کاری دیپلۆماسیی سەردەمی بکات و چالاک بێ. باشە لە گەرمەی ئەو بزووتنەوەیەدا کامە ڕێکخراوە توانی لە دەرەوە کاریگەر بێ؟ کامە ڕێکخراوە توانی خۆی وەک ئەلتەرناتیڤ و بەدیل پیشان بدات؟ کامە ڕێکخراوە لە نێو سیاسەتی نێونەتەوەییدا خاوەن کاری لۆبیگەرایی سیاسیی سەرکەوتووە؟ ئەگەر بڕوانینە نەتەوە بچووکەکانی وەک ئەرمەنستان و ئیسڕائیل، ئەوکات ئەتوانین هەندێ فێری کاری لۆبیگەریی سیاسی و دیپلۆماسی بین. بە گشتی چونکە زەمینە بۆ ئەو کـــارە گـــەورانـە خۆش نـــەکــــراوە، من ئـــاکامی ئەو بزووتنەوەیە گەش نابینم.

داگرتنی بابەت