ئارامتر بخوێنەوە

بەرەو کوردستانی یەکگرتوو: ئاسۆی چارەی خۆنووسینی کورد*

لوقمان ڕادپەی
و: کەماڵ حەسەنپوور


دکتۆر لوقمان ڕادپەی ئەندامی توێژینەوەیە لە سەنتەری ئێدینبۆرگ بۆ یاسای نێودەوڵەتی و جیهانی (ECIGL) لە زانکۆی ئێدینبۆرگ لە سکۆتلەندا. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی بەرفراوان دەربارەی دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد نووسیویەتی. ناوەندی چاپەمەنی جیهانیی ڕۆتلێج (Routledge)بەم زووانە پەرتوکەکەی بە ناونیشانی ”بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: دیاریکردنی چارەی خۆنووسین لە یاسای نێودەوڵەتیدا“ بڵاودەکاتەوە . پەرتوکەکە نوێنەرایەتی یەکەم توێژینەوەی گشتگیر لە بواری مێژوو-یاسایی دەکات لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ خواستەکانی کورد بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ (واتە دەوڵەتبوون) لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی یاسای نێودەوڵەتیدا لەسەر دیاریکردنی چارەنووس.

سەدەیەک لە دووڕوویانەترین و بەردەوامترین خیانەت لە دەرئەنجامی بنەما لە مێژوودا ڕابردووە. پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و تێکڕمانی ئیمپراتوری عوسمانی، کوردستانێکی سەربەخۆ خەریکی سەرهەڵدان بوو. لە ئورووپا پەیماننامەی ڤەرسای پرینسیپەکانی چارەی خۆنووسینی بۆ گەلانی خاوەن شوناسی ئەتنیکی جێبەجێ کردبوو و ببووە هۆی لەدایکبوونی دەوڵەت-نەتەوەی نوێ. بە هەمان شێوە، لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، کوردەکان بە گوێرەی پەیماننامەی سیڤەر (١٠ی ئاگوست، ١٩٢٠) بەڵێنی خۆبەڕیوەبەریی هەرێمی و پاشان سەربەخۆیی لە ئیمپراتوریی عوسمانییان لە ماوەی ساڵێکدا پێدرابوو. بەڵام ماوەیەکی کورت دواتر، هاوپەیمانان لە پەیماننامەی سیڤەر پاشگەز بوونەوە و لە کۆتاییدا بە پەیماننامەی لوزان (٢٣ی جولای، ١٩٢٣) بەڵینییەکەیان پێچەوانە کردەوە و بەو شێوەیە پێشیان بە سەرهەڵدانی کوردستان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ گرت. سەرەڕای ناوە فەرمییەکەی وەک «پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ تورکیە»، پەیماننامەی لوزان لە جێبەجێ کردنی ئاشتی و سەقامگیری لە نـــاوچـــەکــــەدا، شکستی هێنا.

بەو شێوەیە کوردەکان بەسەر وڵاتانی تورکیە، ئێران، سووریە و عێراق و یەکیەتی سۆڤیەتدا دابەش بوون. لە ١٩٣٠، ستالین کیانی ‹کوردستانی سوور› ( کوردستانسکی ئوەزد یان کرانسکی کوردستان)ی لەگەڵ ئازەربایجان تێکەڵ کرد. بە دەرکردنی کوردان بۆ کۆمارەکانی دیکەی سۆڤیەت، کوردستان وەک ناوچەیەکی یەکپارچەی ئەتنیکی تەنیا بە سەر چوار وڵاتدا دابەش بوو. بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی زلهێزانی هاوپەیمان، بە تایبەتی بریتانیا، فەڕانسە و یەکیەتی سۆڤیەت کە پاشان بوو بە ڕووسیە، دەورێکی یەکلاکەرەوەیان لە نکۆڵی کردن لە سەربەخۆیی بۆ کوردان گێڕا.

ئاسەوارەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووهەم، بوونە هۆی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە خۆرهەڵاتی کوردستان کە لە ئێرانی ئەمڕۆدا هەڵکەوتووە. ئەو کۆمارە لە ١٩٤٦، کاتێک ڕێبەرەکانی لە لایەن ڕێژیمی پاشایەتی پەهلەوی لە ئێران لەسێدارە دران، کۆتایی هات. لەسێدارەدانی ڕێبەرانی کورد هاوشێوەی ئاکارێک بوو کە لە دەوڵەتی تورکیە پاش دامەزراندنی تورکیەی مودێڕن و کاردانەوەکانی بینرابوو. تێرۆری ڕێبەرانی کورد وەک ژمارەیەک تاوان لە لایەن دەوڵەتی فارس لە سەردەمی شا لە ئێران و، دوای ١٩٧٩، لە لایەن ئایەتوڵڵاکانەوە، بە زەبر وەشاندن لە ناوجەرگی ئورووپاودا، بەردەوام بوو.

بنەڕەتیترین مافێک کە بە هۆی مافی چارەی خۆنووسین دراوە بە خەڵک، مافی دامەزراندنی ئازادانەی پێگەی سیاسی خۆیانە. بەڵام مافی گەلێک بە پێداگریی لەسەر خاک، ڕاستییە ژیۆپۆلیتیکییەکانی کوردستان پاشگوێ دەخات. واتە، دۆکترینەکە و ڕەوتی گەشە کردنەکەی، بیرۆکەی خۆڕسکی گەلێکی پێشێل کردووە. پرۆسەی داماڵینی کۆلۆنیالیزم، دوای جەنگی جیهانیی دووهەم کێشەکەی خراپتر کرد. چ بە کەمتەرخەمی بێ یان داڕشتنی بێموبالاتانە، پرینسیپی مافی چارەی خۆنووسین، بەو شێوەیە کە دوای دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان داڕێژرا، لە چارەسەر کردنی تایبەتمەندییەکانی کوردان وەک گەلێکی پارچەپارچە کراو شکستی هێناوە. ڕێگاچارەکە دەتوانێ یان مافی چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی لەناو ئەو سنوورانە دابێ کە هەن، یان هی دەرەکی بە شێوەی ســەربــەخــۆیی خاکیی بە جیابوونەوە.

بەشداریی کاریگەری کەمینەکان لە کاروباری گشتی وڵاتدا بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی یەکلاکەرەوەیە. داننان بە جیاوازیی ئەتنیکی هەنگاوی سەرەتایی بەرەو دڵنیا بوون لە بەشداریی واتادارە، چونکە تەنیا مافی سیاسیی تاکەکان بۆ مسۆگەر کردنی دەوری کاریگەری کەمینەکان لە کاروباری پەیوەندیدار بە خۆیانەوە بەس نییە. بە پەیماننامە سێ قۆڵییەکەی ئانگۆرا کە لە نێوان بریتانیا، عێراق و تورکیە لە جوونی ١٩٢٦ بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان عێراق و تورکیە واژۆ کرا، دەوڵەتانی میوانداری کورد ڕەواییان بە ئەتنیکەکانی فارس، تورک و عەڕەب دا، بەڵام نکۆڵییان لە بە فەرمی ناسینی کوردان لەناو سنوورەکانی خۆیاندا کرد. ئەو کەمایەسییە بە دامەزراوەییکراوە هێشتا لە ئێران، سووریە و تورکیەدا بەردەوامە.

ئێران، سووریە، عێراق و تورکیە لە ترسی ئەگەری جیابوونەوەیان، مافی کوردانیان بۆ چارەی خۆنووسین ڕەت کردەوە. بە گوێرەی یاسای ناونەتەوەیی نوێ، نکۆڵی کردن لە مافی چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی بە مانای ئەگەری مافی چارەی خۆنووسینی دەرەکییە، کە مافی یەکلایەنە بۆ جیا بوونەوە دەگرێتەوە. ئەگەرچی کۆمەڵگای ناونەتەوەیی بە گشتی هەڵوێستێکی دژە جیابوونەوەی هەیە، دانپێدانان بە مافی جیا بوونەوەی مەرجدار بوونی هەیە.

ئەو وڵاتانەی کورد بەسەریاندا دابەش کراوە، بەردەوام کوردیان بە ئەویتر کردووە و ناوچە کوردستانییەکانیان بە سیاسەتی هەڵاواردنی ئەتنیکی و سیاسی هێناوەتە ژێر ڕکێفی خۆیان. بە کۆلۆنی کردنەکە لە ناوخۆدا بەڕیوە چووە و ناوچەکان بەردەوام لە خۆ بەڕیوەبەریی داماڵدراون. تاران، ئانکارا و دیمەشق گەشە پێدانی ناوچە هەژارەکانیان پاشگوێ خستووە. سەرەڕای سامانی سروشتی وەک نەوت، ئاو و زێڕ، ناوچە کوردستانییەکان زۆرترین ئاستی بێکارییان هەیە لە کاتێکدا ئەو سەرمایەی بە سامانەکانی ئەوان کۆ دەکرێنەوە بە قازانجی هێزە دەسەڵاتدارەکان پاشقول دەدرێن. میلیتاریزە کردن و سنووردانان لەسەر ژیانی کوردان بە شێوەی بەربڵاو لە لایەن دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانەوە جێبەجێ دەکرێ. بەڵام هێشتا بارودۆخەکە ناگاتە ئاستی جیابوونەوەی تاکلایەنە کە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ، نکۆڵی کردن لە مافی چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی و لەکار کردنی گشت ڕێگاچارەکانی بەردەست دەگرێتەوە.



جیابوونەوەی کوردستان

هەوڵی کوردان بۆ چارەی خۆنووسین چوار ناوچەی پێکەوە گرێدراوی کوردستانێکی یەکپارچە دەگرێتەوە. لە کوردستانی گەورەی لێکدابڕاودا، دەستەواژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ڕۆژهەڵات لە ئێران)، ڕۆژئاوای کوردستان (ڕۆژئاوا لە سووریە)، باکووری کوردستان (باکوور لە تورکیە) و باشووری کوردستان (باشوور لە عێراق) وەک پێوەری جــوغڕافیایی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت کە لەگەڵ بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی بریتانیا تا ساڵەکانی ١٩٢٠ و ئاخاوتنی زمانی کوردی لە ئێستادا یەک دەگرنەوە.



دۆخی مافەکانی مرۆڤ

ڕۆژهەڵات

بوونی کوردان لەناو سنوورەکانی وڵاتی ئێران نکۆڵییان لێ ناکرێ. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ سڕینەوەی تایبەتمەندییە کوردستانییەکان دەوڵەت جەختی لەسەر پێناسەی فارسی، زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمی و ئایینی شیعە، لەگەڵ میلیتاریزە کردن و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ کردۆتەوە. گۆڕانی ناوی پارس بۆ ئێران لە ١٩٣۵ لە ڕاستیدا بووە هۆی ژیردەستەیی، ئاسیمیلە کردن و چەوساندنەوەی سەرجەم تاقمە نــەتـــەوەیی و ئـــەتنیکییەکــانی دیکە.

کوشتنی نایاسایی سیستەماتیک و توندوتیژیی لە ڕادە بەدەر دژی کوردان لە تۆمارەکانی مافەکانی مرۆڤدا دەبینرێن. ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندانییە سیاسییەکانی کورد حوکمی سێدارەیان بۆ دەردەچێ. پێشێلکارییەکانی مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کوردان بەردەوام تۆمار دەکرێن. تەنانەت سروشت و سیستەمی ژینگەی ڕۆژهەڵات بە ئەمنییەتی کراون و لە سیاسەتە ژینگەکوژەکانی ئێرانی پارێزراو نین. سەبارەت بە تاقیکردنەوەی سەرجەم ڕێگاچارەکان، کوردانی ڕۆژهەڵات هەر ئێستا گەیشتوونە کۆتایی ڕێگا و هیچ جێگرەوەیــەکی سیـــاسی بوونی نییە.



باکوور

تورکیە تێکەڵاوێک لە تایبەتمەندیی دیموکراتیک و دیکتاتۆڕییانە نیشان دەدا کە لە ناوچە جیاجیاکان جیاوازن. دێموکراسی، حوکوومەتی یاسا و مافەکانی شارۆمەندی لە باکووری کوردستان بوونیان نییە، شوێنێک کە ماوەی یەک سەدە یاسای هەڵاواردنکاری دۆخی نایاسایی، کوردانی خاوەن هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕابوو لە ڕوانگەی سیاسییەوە کردۆتە ئامانج. یاسای بنەڕەتی، نیشتمان و نەتەوەی تورکی وەک یەکەیەکی پیرۆزی لێکدانەبڕاوی دەوڵەتی تورکیە پشتڕاست کردوونەوە (پێشەکی یاسای بنەڕەتی تورکیە). ناسیۆنالیزمی ئاتاتورک، تورک بوون و نەتەوەی تورک [جەختکردنەوەکە لە دەقە ڕەسەنەکەدا هاتووە] پرینسیپەکانی پارێزراو لە پێشەکی یاسای بنەڕەتیدان. باڵا دەستی زمانی تورکی لە بڕگەیەکدا هاتووە (بڕگەی ٣)، کە بۆ هەموار کردنەوە و دانوستان نابێ (بڕگەی ٤).

توانەوە )ئاسیمیلاسیۆن (لە کۆمەڵگای تورکیدا تاقە ڕێگا بۆ نوێنەرایەتی سیاسی لە ئاستی نەتەوەیی و هەرێمییە. بەڵام کوردەکان هاوکات کە وەدوای نۆرمەکانی دێموکڕاتیک کەوتوون، لە بەرانبەر توانەوەدا خۆڕاگرییان کردووە. سەرەڕای دەسکەوتی کەم لە ڕوانگەی مافەکانی زمانییەوە، سکاڵانامەکانی کوردان بۆ لایەنە یاساییەکانی ناوخۆیی و ناونەتەوەیی بوونە هۆی توندوتیژیی دەوڵەتی و کاریگەریی نەرێنی لەسەر مافە سیاسییەکان. خۆ پێناسە کردن وەک ‹تورک› تاقە ڕیگایەکە بۆ هەڵکشانی پلە لە ناو دەوڵەت. بڕگەکانی ٩ و ٧٠ی یاسای بنەڕەتی تورکیە جەخت لەسەر هەمان شوناس بە مەبەستی چوونە ناو کەرتی گشتی و جێبەجێ کردنی دەسەڵاتی یاسایی لە لایەن ‹هەر تورکێک› و لە ‹نەتەوەی تورکدا› دەکەنەوە. لەبەر نەبوونی ڕێگاچارەی دیکە، وێدەچێ کوردەکانی باکوور مەرجەکانی جیابوونەوەی یەکلایەنەیان هەبێ.



ڕۆژئاوا

سووریە وەک یەکەیەکی عەڕەبی بەهەمان شێوە لەسەر بنەمای نکۆڵی کردن لە کەمینەکانی ناو سنوورەکانی دامەزرا، وەک لە یاسای بنەڕەتی هەموارکراوی ٢٠١٢ دا هاتووە. وەک ئەوانی پێشوو، یاسا بنەڕەتییەکە جەخت لەسەر ‹ناسنامەی عەڕەبیی› خەڵک لە هەوڵ بۆ ‹یەکیەتی نەتەوەی عەڕەب› و وڵاتەکەی وەک ‹دڵی زیندووی عەڕەبییەت› دەکاتەوە (پێشەکی) و ‹بەشێکە لە نەوەتەی عەڕەب› (بڕگەی ژمارە ١).

ڕاپۆرتە یەک لە داوی یەکەکانی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکەن کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆف مافی جیا بوونەوەی کوردەکانی ڕۆژئاوا پشتڕاست دەکەنەوە. ڕاپۆرتی ئەمنییەتی لە بارەی جزیر (‹جەزیرە›) ئاشکرای دەکات، کە لە ١٢ی نۆڤەمبەری ١٩٦٣ لە لایەن بریکارێکی پێشووی بەشی هەواڵگریی (محەممەد تالب ئەلهیلال) باسی سڕینەوەی ‹مێژوو›، ‹شارستانیەت›، ‹زمان› و، ‹تەنانەت بنەچەی نەتەوەیی› کوردان و نکۆڵی کردن لە بوونی سەربەخۆی ئەوان دەکات (لێکۆڵینەوە لە لایەنە نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی پارێزگای جەزیرە، ١٩٦٣). دواتر، دەزگای هەواڵگریی، کوردان وەک هاوشانی ئیسڕائیلییان نفرین دەکات و کوردستان وەک ‹جوولەکستان› دەستنیشان دەکات و پێشنیاری سیاسەتێک دەکات کە هاوشێوەی کۆمەڵکوژ کردنە.

بە نەهێشتنی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی سووریە لە ڕۆژئاوای کوردستان و دامەزراندنی خۆبەرێوەبەریی کوردی لە ٢٠١٢ بەولاوە، هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی پێشێلکاریی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ ئاشکرا نەبوون، لە کاتێکدا کە دەوڵەتی دەسەڵاتداری سووریە هێشتا لە بەرانبەر سەرکوتی کوردان پێش شەڕی ناوخۆیی ٢٠١١ و بێدەنگییەکەی بەرانبەر داگیرکردنی بەشێک لە ڕؤژاوا لە لایەن تورکیە لە ٢٠١٨ بەولاوە، دەستدرێژییە بەردەوامەکان و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە دەبنە کوژرانی خەڵکی مەدەنی بەرپرسیارە. خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا هێشتا لە لایەن دیمەشقەوە دانی پێدا نەنراوە. پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەوڵەتی سووریەوە ڕەنگبێ لە کۆتاییدا ڕەوایی بە جیابوونەوە لە دیمەشق بدا یان نەدا، بێتوو دیمەشق هەوڵ بدا کۆنتڕۆڵی خۆی بــەســەر ڕۆژئاوادا بسەپێنێتەوە.



باشوور

کوردەکانی باشووری کوردستان کۆمەڵکوژیی ڕاستەقینەیان لە هەڵمەتی پاکتاوی نەژادی بەناوی ئەنفال (‹غەنیمەتەکان›) لە لایەن ڕێژیمی بەعسی عێراق لە ١٩٨٨ ئەزموون کرد، کاتێک بە هەزاران کورد بێ سەروشوێن کران، ئیعدام کران، یان کیمیاباران کران و ٤ هەزار گوند وێران کران.

داوای جیابوونەوەی کوردان بە هۆی هێرشی دەوڵەت بە گازی کیمیایی بەهێز بوو کە بوو بە هۆی لەکیس چوونی مافی سەروەریی دەوڵەت، بەڵام هیچکام لە دووڵەتانی دراوسێ پشتیوانییان لە کورد نەکرد. لە عێراقی ئێستادا هیچ ئاسەوارێکی هەڵاواردنی ئاشکرا، سیستەماتیک و بەردەوام دژی کوردان نابینرێ کە ڕەوایی بە جیابوونەوەی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان بدا. لەبەر ئەو هۆیە، کۆمەڵگای ناونەتەوەیی وێناچێ پشتیوانی لە جیابوونەوەی کوردانی باشوور بە بێ ڕەزامـــەندی بــــەغـــدا بکەن.



چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی

پێشنیاری پێشکەشکراو لە لایەن جووڵانەوەی کوردی بۆ خۆبەرێوەبەریی خاکیی وەک مودێلێک لە چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی بۆ ڕەخساندنی هەلی بەشداریی کاریگەر لە کاروباری گشتی، لە لایەن دەوڵەتانی تورکیە، ئێران و سووریە بە تەواوی سەرکوت کراوە. لە کــاتێکدا کە خۆ بەرێوەبەریی لەناو ڕێککەوتنێکی فیـدڕاڵیدا ڕەنگبێ بتوانێ ئاستێک لە خۆبەڕێوەبەریی دەستەبەر بکات، بەڵام ئەوە ڕێگایەکی جێگای متمانە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردان نییە.

هەموار کردنەوەی یاسای بنەڕەتی وڵاتەکان بژرادەیەکی جێگرەوە نییە. چوارچێوەی دێموکڕاتیکی سیاسی بۆ ئەو کوردانەی لەو وڵاتانەدا دەژین بوونی نییە. ئەوان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا نوێنەرایەتی ناکرێن و پێش بە بەشداریی کاریگەری ئەوان لە پرۆسەکانی بڕیاردان دەکرێ کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەریان هەیە. حیزبەکانی چالاک لە بواری پرسی کورد لە لایەن دەوڵەتانی میواندارەوە بە نایاسایی کراون کە بۆتە هۆی هەڵوەشانیان. بەشداریی کوردان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا تەنیا لە ڕێگای حیزبە سەرانسەرییەکانەوە مومکینە. پرینسپی بەشداریی ڕێژەیی ئەتنیکی لە پارلەمان و دامودەزگا حوکوومییەکاندا نکۆڵی لێ دەکرێ.

لە ئێران، گوایە نوێنەرایەتی لە بەشی یاسادانان و هەرێمیدا زەمانتکراوە بەڵام بە کردەوە و بە گویرەی یاسا، هەڵاواردن بەڕێوە دەچێ. لە هەڵبژاردنە جاربەجارەکانی پارلەمان و هەرێمیدا بەربژێرە کوردەکان لە دامەزراوە حوکوومییەکاندا فیلتەر دەکرێن، لە ناویاندا لە ئەنجومەنی پارێزگار و دامودەزگا هەواڵگرییەکان، تا دەوڵەت لە هەڵبژێردرانی نوێنەرانی لە پێشدا دیرایکراو دڵنیا بێ کە دەچنە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و ئەنجومەنە هەرێمییەکان. ئەوان نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەن نەوەک گەلی کورد. ئەو بۆچوونە بۆ نوێنەرانی کورد لە دەوڵەتی تورکیەشدا ڕاستە.

لە تورکیە، زۆربەی شارەوانە هەڵبژێردراوەکانی کورد بە تۆمەتبار کردنی ئەوتۆ کە هاندەری سیاسی لەپشتەوە بوو، لەسەر کار لابران و دەستبەسەر کران و لەجیاتان کەسانی دەستنیشانکراو لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژتر لە مۆڵەتی یاسایی، دانران. هەروەها پارلەمانتارانی کورد کە، بەرەوڕووی زێدەڕۆیانەترین و هەڵاواردنکارانەترین سنووری هاتنە ژوور بۆ ناو پارلەمان لە ناو وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئورووپا (OSCE) دەبنەوە، بە کۆمەڵ پارێزبەندیان لێ زەوت دەکرێ و حوکمی زیندانی درێژمەودایان پێ دەدرێ. داوای دادگای مافەکانی مرۆڤی ئورووپا (ECtHR) بۆ ئازادیی دەستبەجێی هاوسەرۆکانی حیزبی لایەنگری کوردان، پارتی دێموکڕاتیکی گەل (HDP)، کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان لە ٢٠١۵ بەولاوە لە زیندانن، هیچ ئاکامێکی نەبوو. ئەو پرۆسەیە هێشتا بەردەوامە.



دەرئەنجام

ئەوە گاڵتەجاڕیی مێژوویە: ئەگەرچی کوردستانی سەربەخۆ دوای جەنگی جیهانیی یەکەم سەری هەڵنەدا، شانسی چارەی خۆنووسینی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ بەر لەوەی چارەی خۆنووسین ببێتە بەشێک لە یاسای ناونەتەوەیی، زیاتر بوو. بە گوێرەی هەر تیۆرییەکی سیاسی چارەی خۆنووسین، ئاشکرایە کە نەتەوەی کورد دەبێ لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیدا بژی. هۆی جێبەجێ نەکرانەکەی، زۆر شت لەبارەی پێشداوەرییەکانی یاسای نـــاونــــەتــــەوەیی ئــــاشکرا دەکات.

ماوەی سەدەیەکە دەوڵەتانی میوانداری کوردان سیاسەتی بەرهەلستکارانەیان دژی کورد و کوردستان ڕەچاو کردووە. ئەوان کەڵکیان لە دەستەواژەگەلی ‹تێرۆریست›، ؛(جیاییخواز› و ‹یەکپارچەیی خاکیی› وەرگرتوە بۆ سەرکوتی داوای کوردان بۆ مافەکانیان. فارساندن، عەڕەباندن و تورکاندن، گواستنەوە و داگیرکردنی خاکی کوردان و گواستنەوەی ناکوردەکان بۆ کوردستان، لەگەڵ سیاسەتی بەردەوامی تواندنەوە و بەکۆلۆنیکردنی ناوخۆیی ڕەچاوکراو لە لایەن دەوڵەتانی میوانداری کوردان، بۆتە هۆی کـــەمتــــر بـوونەوەی ڕووبەری کوردستان.

ڕووداوەکانی ئەو دواییانەی عێراق و سووریە بوونە هۆی دامەزراندنی کیانی دێفاکتۆی کوردی بە شێوەی چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، لە کاتێکدا کە کوردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەگەیشتوونە هیچ جۆرێک لە کۆنتڕۆڵ. شێوازە بەردەوامەکانی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ ڕەنگبێ ببنە هۆی ڕەواییدان بە ڕێگاچارەی جیا بوونەوە. بەڵام، ئاستی سەرکوت لەوە کەمترە کە ببێتە هۆی ستانداردی پێشنیارکراو وەک دۆخی بەنگلادێش، کۆسۆڤۆ و باشووری سودان.

بەڵام هیچ پێوەرێکی بەردەوام بۆ ئاستی چەوساندنەوە بۆ دەستەبەر کردنی مافی جیابوونەوە کە لەگەڵ هەموو بار و دۆخێکدا بگونجێ، نییە. بۆیە دەبێ چەوساندنەوە بە گوێرەی دۆخە تایبەتییەکانی تاقمەکان لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانەوە بێ. هەروەها، هیچ نموونەیەکی ئەستاندنەوەی ڕێکاری خۆبەڕێوەبەریی یان کەمکردنەوەی ئاستی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی یان لەکیس چوونی دەسەڵات لە ئاستی نەتەوەییدا بەدی ناکرێ. بۆیە دۆخی کوردان ڕەنگبێ هێشتا بۆ پەنا بردن بۆ چارەسەریی یەکجاریی جیابوونەوە گونجاو نەبێ، ئەگەرچی هێشتا وەلانانی سیاسی، نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە دەوڵەت بە شێوەی نوێنەرایەتی کاریگەری کوردان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا و ئاستی هەڵاواردنی چالاکانە و یاساکانی ئاسیمیلەکار بە دژی پێناسە و زمانی کوردستانی لە لایەن دەوڵەتەکانەوە بەڕێوە دەچێ. توانایی کوردان بۆ جێبەجێ کردنی چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی زۆر دەمێکە لە پەلوپۆ کەوتووە و هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکە نەماوە.

ویستی درکاوی کوردان بۆ جیابوونەوە دژوارە نیشان بدرێ چونکە گشتپرسی لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتانی تورکیە، عێراق و ئێران بۆ بیر لێکردنەوە نابێ. سەرەڕای سکاڵا ڕەواکانیان، کوردەکان لەبەر سیستەمە نادێموکڕاتیکەکانی دەوڵەتە میواندارەکانیان گەیشتوونە چەقبەستوویی. پێداگریی کۆمەڵگای ناونەتەوەیی دەوڵەتان لە سەر بڤە بوونی یەکپارچەیی خاکیی، بەربەستی سەرەکی بۆ مافی چارەی خۆنووسینی کوردانە، ئەگەرچی دەوڵەتانی میوانداری ئەوان بۆخۆیان ملکەچی پرینسیپەکانی مافی یەکسان و چارەی خۆنووسینی گەلان نابن. یاسای بنەڕەتی ٢٠٠۵ی عێراق تاکە دانپێدانانی مافی دەستووریی کوردانی باشووری کوردستانە کە بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییان دەداتێ کە بە نوێنەرایەتی لە ئاستی وەزارەت لە بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتدا تەکمیل دەکرێ، ئەوە پاش هەشت دەیە سەرکوت لە لایەن دەوڵەتی عیراقەوەیە. دەوڵەتە سەرکوتکەر، یەکدەست و ناسیۆنالیستەکانی دیکە، سەرەڕای ئەوە کە ڕێککەوتننامەکانی مافەکانی مرۆڤیان واژۆ کردووە، لەسەر نکــۆڵی کردن لــە دانپێدانان، پێداگرن.

لە سەدەمین ساڵی پەیماننامەی لوزان، گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە چوارچێوەی کوردستانی مەزن کە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بگرێتەوە، لە ئێستادا زەمانەت ناکرێ. دەرفەتی جیاجیا بۆ هەر کام لە بەشەکان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی زۆرتر ڕیی تێدەچێ. بێتوو بەشێکی کوردستان بگاتە سەربەخۆیی، سێ بەشی نائازاد (‹چارەسەر نەکراو›) دەمێننەوە کە ڕەنگبێ ڕۆژێک، بە هۆی سیاسەتی وەسەریەک خستنەوە (irredentism)، بتوانن بگەڕێنەوە سنوورە مێژوویی و ئەتنیکییەکانی خۆیان و وڵاتە یەکگرتووەکانی کوردستان دروست بکەن.

وێنە: کوردستان، نەخشەی فەڕانسەیی. لە بولتەنی مانگانەی ناوەندی لێکؤڵینەوەی کوردی، ژمارە ٨، ئاگوستی ١٩٤٩ دا بڵاو کراوەتەوە (FO 371/75123). لە تۆمارەکانی کوردان: خاک، سەرهەڵدان و ناسیۆنالیزم، لە نووسینی ئانیتا باردەت دا هاتووە، ١٩٧٩-١٨٣١: سەرچاوە بەڵگەییەکانی بریتانیا، بەرگی ١٣ (CUP 215). کەڵک لێوەرگیرانی لە لایەن ئارشێوەکانی نەتەوەیی، لەندەن، ئینگلیز، ڕێگا پێدراوە.

*https://www.ejiltalk.org/towards-a-united-kurdistan-prospects-for-kurdish-self-determination/

داگرتنی بابەت