وێنای دژە کۆلۆنیالیزم و ئینترناسیۆنالیزم لە ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵی باسکدا (١٨٩٢ – ١٩٣٩)*
نووسەر: ماریا ڕێیس بازتان
مامۆستای بەشی زمان و کولتوورەکان، زانکۆی ڕیدینگ، بریتانیا
و: ژیوان ڕۆژهەڵاتی
زۆرجار بزووتنەوە ئێتنۆناسیونالیستەکان، بیرۆکە و ڕووداوەکان ڕێگەیان بۆ خۆش دەکەن کە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا ڕوودەدەن. بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالیزمەکان مۆدێلێکی بنیاتنەری تایبەتیان بۆ ناسیۆنالیستە ڕۆژئاواییەکان دابینکردووە، کە لەم خەباتانەدا لێکچوونێکیان لەگەڵ مێژووی ستەمکاریی خۆیاندا بینیوە. ئەم هەستە هاوبەشانە وەک سەرچاوەیەکی پەیوەندیکردن کاریان دەکرد کە سنوورە نەتەوەییەکانیان تێپەڕاند. ئەمانە ئەو بیرۆکانەن، پاڵنەر بوون بۆ تێزی دکتۆراکەم کە بە شێوەیەکی کاتی بە ناوی وێنای دژە کۆلۆنیالیزم و ئینترناسیۆنالیزم لە ناسیۆنالیزمی توندڕەوی باسکدا (١٨٩٢-١٩٣٩)’. تێزەکەم وەک پڕۆژەیەکی مێژووی بیرکردنەوەی جیهانی بیری لێ کراوەتەوە، لە ڕێگەی شیکردنەوەی هەواڵ و ڕۆژنامەکانی باسکەوە، خۆبەدەستەوەدان و گونجاندن و بەکارهێنانی بیرۆکە دژە کۆلۆنیالیزمەکان لە ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵی بـــاسکی ســــەرەتاییدا دەکۆڵێتەوە. هەروەها بەدواداچوون بۆ گۆڕانی چەمکەکانی ڕادیکاڵە باسکەکان دەکات لەبارەی کۆلۆنیالیزمەوە، کە پەیوەندییان بـــە گـــۆڕانکارییە جیهانییەکانەوە هەیە، کە لـــەم قۆنـــاغەدا ڕوودەدەن. لە وێبلاگەکەمدا، کورتەیەک لە ئەنجامەکانی سێ ساڵ لێکۆڵینــەوەکەم دەخەمەڕوو.
هەرچەندە زانایان حەزیان لێ بوو، گرنگی بیرۆکەکانی دژە کۆلۆنیالیزم بۆ گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی باسک لەبەرچاو بگرن، بەڵام بزووتنەوەکە لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم، بە هەستی دژە کۆلۆنیالیزم ڕەنگڕێژ کرابوو. لە سەردەمێکدا کە ئیسپانیا بە بێ هیواییەوە خەباتی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆلۆنییەکانی دەکرد و لە لایەن زلهێزە ئیمپریالیزمەکانی دیکەوە وەک نەتەوەیەکی پلە دوو هەژمار دەکرا. سابینۆ ئارانا (١٨٦٥-١٩٠٣) دامەزرێنەری ناسیۆنالیزمی باسک، تیــــۆرییــە دژە کۆلۆنیالیزمییەکانی بۆ گـــونجاند بۆ کۆکردنەوەی دانیشتوانی بــــــاسک تــــەرخــــــان کـــرد.
ئارانا بانگەشەی ئەوەی دەکرد، وڵاتی باسک (یان ئیۆسکادی) لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا بووەتە کۆلۆنییەکی ئیسپانی. لە لای ئارانا، کۆلۆنیکردنی ئیسپانیا بۆ باسکەکان کاریگەریی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕەگەزی هەبوو. ئارانا زۆر ئاگاداری گوتارە ڕەگەزپەرستییە زانستییە ساختەکانی سەدەی نۆزدە بوو کە بوونی ڕەگەزێکی باسکی جیاواز لە ئیسپانییەکانی سەلماند و ڕەگەزەکانی باشووری ئەوروپایان لە کۆتایی پۆلی قەوقازدا دانا. ئارانا بە ئیلهام وەرگرتن لەم مشتومڕانە بانگەشەی کرد کە ئیسپانییەکان لە ڕووی ڕەگەزییەوە لە باسکەکان کەمترن. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئیسپانییەکان دڕندە و ناشارستانی بوون، هەر بۆیەش ناشایستەن بۆ حوکمڕانی بەسەر ئیوسکادی یان کۆلۆنیکردنی خاکەکانی تر.
دژە کۆلۆنیالیزمی ئارانا زیاتر دژی ئیسپانیا بوو. هەرچەندە لە سەرەتادا هەندێک جار بانگەشەی بۆ کۆتایی هاتنی کۆلۆنیالیزمی جیهانی دەکرد، بەڵام لە ساڵانی دواتردا بە ئاشکرا ستایشی پراکتیکەکانی کۆلۆنیالیزمی وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکای دەکرد. ئەمەش لەو تەلەگرامانەدا دیارە کە لە ساڵی ١٩٠٢ بۆ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لۆرد سالزبێری و سەرۆکی ئەمریکا ڕۆزڤێڵت نووسیویەتی و ستایشی کۆلۆنیالیزمی نەرمی یەکەمیان کردووە و پیرۆزبایی لە کۆلۆنیالیزمی دووەمیان کردووە کە کوبای لە ژێر دەسەڵاتی ئیسپانیا ڕزگار کردووە. ئەمە شێوازی ئارانا بوو بۆ جیاکردنەوەی پراکتیزە کۆلۆنیالیزمەکانی ئیسپانیا – کە بەهۆی سروشتی کەمتر و ناشارستانیی ڕەگەزی ئیسپانیاوە پووچەڵکرایەوە – لە کۆلۆنیالیزمی گوایە باڵاتر و شارستانیتری ڕەگـــەزەکــــانی ئــــەنگلــــۆســـاکسۆن.
ئەم دیدە هەڵبژێردراوەی کۆلۆنیالیزم لە ئەنجامدا تیۆرییەکانی کۆلۆنیالیزمی باشی لێکەوتەوە، کە جێنشینەکانی ئارانا سا ئەوانەی دەیانویست سەربەخۆیی بەدەستبهێنن (میانڕەوەکان) و لە لایەکی تر ئەوانەی دەیانویست سەربەخۆیی (ڕادیکاڵەکان) – دوای مردنی لە ساڵی ١٩٠٣ پەرەیان پێدا، ئەم بیرۆکەیەی ئیمپریالیزمی باش بوو بەتایبەتی لە کاتی جەنگی گەورەدا باو بوو. بۆ بەرگریکردن لە دەستێوەردانی سەربازی بەریتانیا، باسکە ناسیۆنالیستەکان لایان وابوو بەریتانیا وەسوەسەی ئیمپریالیستیی نەمسا ڕادەگرێت و سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیز زۆر مرۆییتر و لیبڕاڵترە لە زلهێزەکانی تر.[١] بەریتانیا وا هەست دەکرا کە کاردەکات بە یەکگرتوویی لەگەڵ خواستەکانی ئەو کـــەســـانەی کە حوکمڕانی دەکات.[٢]
هەمووان لەگەڵ ئەم مەنتقەدا کۆک نەبوون. لەگەڵ سەرهەڵدانی جێژنی ئیستەر لە ساڵی ١٩١٦ لە ئێرلەندا و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی دژە کۆلۆنیالیزم لە دوای جەنگی گەورە، بەشێکی توندڕەو لەناو بزووتنەوەکەدا دەستیانکرد بە تەحەدای تیۆرییەکانی کۆلۆنیالیزمی باش. دوای سەرهەڵدانی جێژنی ئیستەر، هەواڵنامەیەکی باسکی دەڵێت، (ئێمە) ئەوە مەحکووم دەکەین هەر نەتەوەیەک خۆی زاڵ بکات بەسەر نەتەوەیەکی تر، بەتایبەتی کاتێک کە توندوتیژن و کۆیلایەتییەکەیان نەرم نییە. ئەمڕۆ و نەک پێشتر، پێویستە بەریتانیا (…) بخەینە نێو ئەمانە.[٣]
ژمارەی ئابێری، لە ساڵی ١٩٢٢ بڵاوکرایەوە. وەک هەموو جەژنی جەژنی ئیستەر، ئەم ژمارەیە یادی ڕاپەڕینی ئێرلەندی دەکردەوە و ستایشی ‘شەهیدان’ی بزووتنەوەکەی دەکرد.
لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩١٠ بەدواوە ڕادیکاڵەکانی باسک هەموو جۆرە کۆلۆنیالیزمێکیان مەحکووم کرد. لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ دوو هەواڵنامەی ڕادیکاڵ زمانێکی دەوڵەمەندی دژە کۆلۆنیالیزمییان پەرەپێدا کە سوودیان لە تیۆرییەکانی ئارانا وەرگرت. ئەم دوو هەواڵنامەیە کە ناویان لێنراوە ئابێری و جاگی–جاگی، باسکەکانیان لە خەباتێکی گوایە جیهانیدا لە دژی کۆلۆنیالیزم لە پاڵ نەتەوەکانی دیکەی وەک مەغریب، هیندستان و ئێرلەندا جێگیر کردووە، کە زۆربەی زمانی دژە کـــۆلـــۆنیالیزمیان لێ وەرگرتووە.
لە تێزەکەمدا دەڵێم ئەم فۆرمە نـــوێیەی دژە کــۆلـــۆنیالیزم سێ مـــەبەستی سەرەکیی هــــەبووە.
یەکەم: وەک ئارانا لە ماوەی ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕادیکاڵەکانی باسک دژە ئیمپریالیزمیان بەکارهێنا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بانگەشەی سەربەخۆییی باسک. لە قۆناغێکدا کە ناسیۆنالیزمی دژە کۆلۆنیالیزم لە ئاستی جیهانیدا بڵاو دەبووەوە، ناسیۆنالیستە باسکەکان لایان وابوو کۆلۆنیالیزم دەبێت کۆتایی بێت و کۆلۆنیالیزمەکان پێویستیان بە ڕزگاربوونە لە شارە گەورەکەی خۆیان. وەک هەر کۆلۆنییەکی تر، ناسیۆنالیستە باسکەکان پێیان وابوو، یوسکادیش دەبوو سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت.
دووەم: دژە کۆلۆنیالیزم ئامرازێکی کاریگەر بوو بۆ دروستکردنی ڕق و قین لە دژی ئیسپانیا لە نێو کۆمەڵگەی باسکدا. ناسیۆنالیستەکان بە خستنەڕووی ئیسپانییەکان وەک نەتەوەیەکی خراپەکاری کۆلۆنیالیزم، ئەگەری هەر جۆرە هاوکارییەکیان لەگەڵ حکومەتی ئیسپانیا بۆ گەیشتن بە چارەی خۆنووسین بە دووریان زانی. بەم بیرۆکەیە، ڕادیکاڵەکانی باسک دەستیانکرد بە ڕەچاوکردنی ستراتیژیی نافەرمانی مەدەنی و توندوتیژی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی. ناسیۆنالیستە باسکەکان ئەم بیرۆکانەیان لە هیندستان و ئێرلەندا هاوردە کردووە بۆ ئیوسکادی (بڕوانە وێنەی خوارەوە).
زیندانییانی باسک لە مانگرتن لە خواردن، ساڵی ١٩٣١. لە ساڵی ١٩٣١ بە ئیلهام وەرگرتن لە مانگرتن لە خواردن بە سەرۆکایەتیی ناسیۆنالیستی ئێرلەندی تێرێنس ماکسوینی، هەندێک لە باسکە ناسیۆنالیستە مانیان لە خواردن گرت. ئەمەش بوو بە تاکتیکێکی دووبارەبووەوە کە ناسیۆنالیستی باسک بەکاری دەهێنا.
سێیەم: دژە کۆلۆنیالیزم بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی دۆزی باسک زۆر پێویست بوو. باسکە ناسیۆنالیستەکان لە زۆر بۆنەدا خۆیان بە دوژمنی ئیمپریالیزمی خۆپەرستانە ڕاگەیاند کە نەتەوەکانی دیکە دەخاتە ژێر دەسەڵاتی دیسپۆتیکی خۆیەوە.[4] باسکە ناسیۆنالیستەکان لۆمەی ئیمپریالیزمی جیهانییان کرد و هەڵمەتەکانیان دژی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم لە وڵاتانی داگیرکراوی وەک مەغریب و حەبەشە دەستپێکرد و هاوسۆزییان دامـــــەزرانــــد کــــە سنـــوورەکــــانی تێپـــــەڕانـــــد.
لە زۆر بۆنەدا ئارەزووی ئینتەرناسیۆنالیستی لێکەوتەی ماددی هەبوو. نموونەی هەرە وێناکەر دروستبوونی بەناو کۆمەڵەی نەتەوە چەوساوەکانە لە ساڵی ١٩٢٤ کە بۆ یەکخستنی یوسکادی، کەتەلۆنیا، میسر، فیلیپین، هیندستان، ئێرلەندا و مەغریب بوو. باسکە ناسیۆنالیستەکان ئەو ڕێکخراوەیان بۆ یارمەتیدانی یەکتر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان: ئازادی و بەنێودەوڵەتیکردنی کێشەکانمان (باسک) دروستکرد.[٥] تێزەکەم ورد دەبێتەوە لە ڕێکخراوە دژە کۆلۆنیالیزمەکانی باسکی وەک ئەم ڕێکخراوە، کە لە مێژوونووسیدا مەیلیان هەبووە چاوپۆشییان لێ بکرێت.
تێزەکەم لە ساڵی ١٩٣٩ کۆتایی دێت، بەڵام دژە کۆلۆنیالیزمی ڕادیکاڵی باسکی بەوەوە کۆتایی نایەت. ئەو هەڵمەتە توندوتیژییە درێژخایەنەی کە گرووپی چەکداریی لایەنگری سەربەخۆیی ئیتا لە ساڵانی شەستەکانەوە ئەنجامیدا، لە زۆر بۆنەدا لە ڕێگەی خۆبەدەستەوەدانی زمانی دژە کۆلۆنیالیزمەوە ڕەوا بوو. هەرچەندە بڵاوبوونەوەی بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالیزمەکانی جیهانی سێیەم لە ماوەی ساڵانی پەنجاکان و شەستەکاندا بۆ گەشەسەندنی ئەم زمانە زۆر گرنگ بوو، بەڵام زۆرترین ڕاستەوخۆ قەرزاری ئەو تیۆرییە دژە کۆلۆنیالیزمانەیە کە لەلایەن باسکە ڕادیکاڵەکان لە سەدەی نۆزدەیەمەوە تا کۆتاییەکانی ١٩٣٠ پەرەی پێدراوە. بەم شێوەیە دەتوانرێت تێزەکەم وەک دووبارە لێکۆڵینەوەیەک لە سەرچاوەکانی بیرکردنەوە لە یەکێک لەو ڕێکخراوانە چاو بکرێت کە زۆرترین شێوەی مێژووی ئەم دواییەی ئیسپانیــایـــان لـــە قاڵبداوە.
ماریا ڕێیس بازتانلینک: لە پەنجەرەیەکی نوێدا دەکرێتەوە، خوێندکاری ساڵی کۆتایی دکتۆرا لە زانکۆی وارویکە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە مێژووی جیهانی و بەراوردکاری لە وارویک (٢٠١٧) و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو لە زانکۆی ڤالێنسیا (٢٠١٦). تێزی دکتۆراکەی بە ناوی خەیاڵی دژە کۆلۆنیالیزم و ئینترناسیۆنالیزم لە ناسیۆنالیزمی ڕادیکـــاڵی بـــاسکە (١٨٩٢-١٩٣٩).
* https://warwick.ac.uk/fac/arts/history/ghcc/blog/anti-colonial_imagination_and/
ژێدەرەکان:
[1] Euzkadi, 30 July 1914, Num. 542, p. 4 and Euzkadi, 10 August 1914, Num. 553, p. 1.
[2] Euskalduna, 10 March 1906, Num. 433, p. 5.
[3]K, ‘POR IRLANDA. PARA EL DIARIO EUZKADI’, Bizkaitarra, 13 May 1916, Num. 15, pp. 2-4.
[4] Jagi-Jagi, 4 April 1936, Num. 95, p. 2.
[5] Translated from the original draft of the League of the Oppressed Nations: