ئارامتر بخوێنەوە

ناساندنێک بۆ کتێبی: وردە سەرنج

زمان، دەسەڵات، ناسنامە

مەسعود بابایی



لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بە پرسی فەرهەنگی و زمانی و سیاسیی کوردەوارییەوە خەریک بووم، لە چەندین گۆشەنیگاوە و بە پشتبەستن بەو بوارەی کە تێیدا خوێندوومە و خوێندوومەتەوە و ڕاماوم گەلێ وتار و سەرەقەڵەم و سەرنجم لەبارەی دۆخێک کە وەک کورد لەنێویدا دەژین نووسیوە. بەشێک لە وتارەکان لە چەند گۆڤارێکدا بڵاو کراونەتەوە و هەندێکیان بە ناچڵی دەستیان لە هیچ چڵێک گیر نەبوو و بیرۆکەکانیان هەر وا بە هەڵپەسێراوی مانەوە. ئەگەر هەموو وتارەکان بەسەریەکەوە بڵاو کرابانەوە دەبوو بە تێکەڵەیەکی فرەپاتەی وەڕەسکەر. بۆیە ئەو وتارانەم هەڵبژارد کە بیرۆکەکەیان بە پوختی گەیاندووە. واتە ئەگەر لە وتارێکدا بیرۆکەیەکم داڕشتبێ و لە چەندین وتاری هاوشێوەدا سەرسۆراخم کردبێ، ئەو وتارەم هەڵبژاردووە کە بیرۆکەکەی تەسەل کردووە و کرۆکی مانای گەیاندووە. ئیدی وازم لەو وتارانە هێناوە کە ڕەوتی فراژووبوونی بیرۆکەکەن؛ واتە وتارێکم لە کتێبەکەدا گونجاندووە کە پوختکراوی هەموو وتارەکانی پێشووە. بەم شێوەیە توانیم یانزدە وتاری لێ ساخ بکەمەوە کە بتوانن ڕەنگدانەوەی کارێکی بیست ساڵە بن.

ناونیشانی “وردە سەرنج” ڕەنگە وەک هاوڕێیەک گوتی “خاکەڕایی نابەجێ” بێت؛ بەڵام بەهەرحاڵ بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئاڵۆز و شێواوی “کوردبوون” کاری تەمەنیشمان لەبارەی خۆناسینمانەوە ڕەنگە تەنیا وردە سەرنجێکی لێبکەوێتەوە کە شتێک لە شتێکی دیکەی تاریکتر لە خۆی هەڵکڕێنێت کە بەرهەمی دواکەوتنی پرۆسەی “بەنەتەوەبوون”ی ئێمە بێت.

پێم وایە “زمان” پێدراوێکی سروشتییە، بەڵام ناسنامە پێدراوێکی سروشتی نییە و بەرەنجامی پرۆسەی “شوناسبەخشین”ە و دەسەڵات پرۆسەی ناسنامەسازیی لە ئەستۆیە. بۆیە ناونیشانی دووەمی کتێبەکە بوو بە “زمان، دەسەڵات، ناسنامە”. ڕەنگە خوێنەری بیرتیژ هەر لە شێوەی داڕشتنی سەردێڕەکەوە لە شێوازی بیرکردنەوەی نووسەر تێبگات.

کەڵکەڵەی نووسەری ئەم کتێبە گڵۆڵەیەکی شێواوە لە لێژاییی مێژوودا کە هەموو سەرەداوەکانی وا بەنێویەکدا چووگن کە بووەتە گرێی کردنەوەی شلیلەی هەزار سەری مەتەڵێک کە لە ڕووننسێی(سایە روشن/ shining sumac) مێژوودا ئاوێنەیەکی دووڕووی دروست کردووە کە بووەتە کۆسپی “خۆناسین”! ئەگەر ناسنامە دۆخێکی ئاوێنەیی بێت کە “من”، “ئێمە”ی خۆمانی تێدا ببینێتەوە؛ “ئێمە”ی خۆمان بە بێ ناسینی “ئەوی دیکە”ی خۆمان ناخەمڵێت. هەر بۆیە پرسیاری “ئەوی دیکەی” کورد پرسیارێکی چەتوون و ئاستەمە، چونکە لەبەر “ئەوی دیکە”ی “قەڵەمڕەوە نێوخۆییەکان” ڕەنگدانەوە ئاوێنەییەکەی بووەتەوە دژی خۆمان، کە وایە دەستنیشانکردنی “ئەوی دیکەی” کورد بەکردەوە تووشی کێشە بووە!

مەترسیدارترین خیانەت بە کورد، بەزەییهاتنەوەیە بە دۆخێکی “سیزیفی” کە خووگرتن بە تلۆربوونەوەی بەردێک، دەیکات بە مایەی بەزەییهاتنەوە! “بەزەیی”یەک کە دەبێتە مایەی “ڕاهاتن” بە قامچیی زۆردارێک کە وای لێدەکات تەنیا یەک “بەرد” و یەک “چیا” ببینێت و لە لووتکە سەرەکییەکانی بوونی خۆی بێبەش ببێت! ئەم “بەزەیی”یە دەبێتە مایەی هێشتنەوەی توک و نەفرەتی “قامچی” وەک بزوێنەری کۆیلایەتی!

بە کارهێنانی مێتۆدی دیاردەناسانە و دەروونناسانە و بەستنەوەی بە “کردەی سیاسی” و هەوڵدان بۆ توێژهەڵدانەوەی کەسایەتیی “ژێردەستە” لەم کتێبەدا بەزەقی دیارە. چێژی ژێردەستەیی هاوکات لەگەڵ هەستکردن بە گوناھ و هەوڵدان بۆ “فەرامۆشی” و “سڕینەوەی یادگە”، یەکێک لە هۆیەکانی “لە سفرەوە دەستپێکردنەوە”یە کە هەروەک گوترا ئەمە تایبەتمەندیی سیزیفیی لە “سفردامانەوە”یە.

مێتۆدی دیاردەناسانە لە “زمان”ەوە تا “ژینگە” و “پێکهاتەی کۆمەڵایەتی” و مێتۆدی دەروونناسانە “ڕەفتارناسی” و دەرکەوتنی بیرکردنەوەی خێڵەکییانە دەگرێتەوە. نیگای گشتیی ئەم پەرتووکە “ڕوانین لەنێوەوە”یە؛ ئەم نیگایە مرۆڤی کورد و کۆمەڵگەکەی لە دۆخێکی شێواودا وێنا دەکات. مێتۆدە ئامادەکان لەبەر ئەوەی کەڵکەڵەی پەیکاڵکردن (تطبیق، پراکتیس) لە لای نووسەر دروست دەکەن، ڕەنگە تەنیا بە دوای فاکتە گونجاوەکاندا بگەڕێن و فاکتە نەساز و ناڕێک و ناکۆکەکان بشارنەوە. هەر بۆیە “فاکتۆلۆژی”یەکەیان خزمەت بە وەڕاستگەڕانی(تصدیق) پێوەرەکەیان دەکات و ئەم کەڵکەڵەیە وا دەکات نووسەر بە دوای فاکتی پژڕاسکەرەوەدا بگەڕێت و بەم شێوەیە بەرەنجامێک کە وەدەست دێت داوەرییەکی پێشبینیکراوی لێدەکەوێتەوە کە دیارە ڕۆحی هەقیقەت ناپێکێت. ئەم جۆرە نووسینانە کە بە ناوی نووسینی ئاکادیمی و سەرچاوەڕیزکردن ڕەخنەیان لێ گیراوە–هەرچەند من گومان لە نرخی توێژینەوەی ئاکادیمیک ناکەم–بەناچار تەنیا ئەو شتانە دەتوانن ببینن کە مێتۆدی پێشوەختە یان تیۆریی ئامادەکراو دەتوانێت بیانبینێت. نووسەری ئەم کتێبە بە شێوازی تێڕامان لە دیاردە و ڕەفتارناسیی کورد بەتایبەتی لە گۆڕەپانی سیاسی و ژیانی جڤاکی لە چوارچێوەی جوگرافیایەکدا کە بە “موزاییکی شێواو” یان ناڕێکی دەزانێت بیرۆکەکانی دادەڕێژێت. گەڕان بەدوای “وێژمان” (دیسکۆرس) و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی جۆرێک لە “هەستی هاوبەش” یان ئاوەزی ڕاساڵ”(عقل سلیم) یان “ئاوەزی باو” (عقل عرفی) پەرۆشی و نیگەرانی و مشووری نووسەرە. ڕوانگەی زمانگەرایانە لەم پێوەندییەدا بەسەر فەزای ڕستە بە ڕستەی ئەم کتێبەدا زاڵە کە ڕەنگە کەسانێک کە زمانگەرایانە بیر ناکەنەوە ڕازی نەکات؛ بەڵام نووسەر بەگوێرەی پێویست لەبارەی زمانیبوونی ناسنامەی کورد بەڵگە و سۆنگەی هێناوەتەوە. هەر چۆنێک بێت هەڵبژاردنی ڕوانگەیەک یان باوەڕ بە ڕوانگەیەک ڕێچکەیەکی بەڵگەهێنانەوە و فاکت و نموونەی لێدەکەوێتەوە کە بۆچوونەکان سۆنگەدار دەکات. ئەم سۆنگەدارییە لەگەڵ ئەوەی ناتوانێ تێکڕای ڕاستییەکە بپێکێت، بەڵام هەمیشە بەشێک لە ڕاستی نیشان دەدات کە ئەمە لە خۆیدا گرنگیی خۆی هەیە.

شێوەی گونجێنرانی وتارەکان لەم کتێبەدا بە “بونیادی خێڵەکیبوون” دەست پێدەکات و بە “تەقەی خۆشی یان نەخۆشی” کۆتایی دێت.

بەشێک لە بابەتەکان لە دۆخی “لاڵبوون” دەدوێن، گوێیەک کە دەبیستێت، بەڵام زمان ناتوانێت دۆخەکە شی بکاتەوە. ئازارێک بە موزیک دەردەبڕدرێ بەڵام “بێزمانی”–بە مانای نەبوونی زمانێک بۆ تێگەیشتنی هەمووان–تێگەیشتن لەو ئازارە لەنگ دەکات. هەستەکان بە تراژێدیاکان دەورووژێن، بەڵام “هەست” لە زماندا لەبەر نامۆییی کۆدەکان ناگات بە ئاوەز و لێرەوە “هەستی گشتی” یان “ئاوەزی هاوبەش” ناڕەخسێت. ڕۆحی تراژێدیا ناتوانێت پرسیارە هاوبەشەکە دروست بکات! پرسیاری هاوبەش تەنیا لە “وێژمانی گشتیدا” دەبێت بە “پرسیار بۆ هەمووان”. کاتێک مۆسیقا دەتوانێت جوگرافیای نیشتمان ببڕێت و هەستێکی هاوبەشی هاوسۆزی بورووژێنێت، بەداخەوە زمان لەبەر پارچەپارچەبوون و قەڵەمڕەوە نێوخۆییەکان “پەنگ دەخواتەوە” و ئەم پەنگخواردنەوەیە پچڕانی هێڵی پەیامە لە ڕایەڵی نێردەر–گەیەنەر–وەرگر. واتە “گەیەنەر” ناتوانێت پەیامەکان بگەیەنێت. بە بڕوای نووسەر قەیرانی وێژمانی لە کورددا لە “گەیەنەر” واتە “زمان”دا زەقوزۆپ دەبێت؛ هەستی گشتی نابێت بە ئاوەزی ڕاساڵ و تێگەیشتنی هاوبەش. وەک ئەوەیە بڵێین “شیعر” لەبەر سرکیی ماناکەی نابێت بە “فەلسەفە”. دۆخی هەست بۆ دۆخی ئاوەز وەرناگێڕدرێت؛ تەنیا لەبەر قەیرانی تێگەیشتن کە هەمان قەیرانی وێژمان (دیسکۆرس)ە.

دژایەتیی قووڵی “ئاوەزی خێڵەکی” لەگەڵ دروستبوونی زمانی ستاندارد، لە ئێستای کوردەواریدا ڕووناکبیرانە، بیرمەندانە، شارەزایانە و فێڵبازانە دەدوێت. ئەم ئاوەزە بە چەکی تیۆری و مێتۆد دەدوێت، تیۆرییە دژبەیەکەکان دەهێنێتەوە، مێتۆدەکان ئاوێتە دەکات، فاکتەکان بە قازانجی خۆی ڕیزبەند دەکات تا “نەتەوەخوازانی ڕاستەقینە” دەمکوت بکات. “ئاوەزی خێڵەکی” فێر بووە کە چۆن “مافی ئیتنیکی” وەک کارتی فشار بەکار بهێنێت. فێر بووە کە دانوستانی نێوخۆیی ناکام بکات. فێر بووە بە چ شێوەیەک زاراوەکانی “فاشیزم” و “شۆڤێنیزم” بە سەفسەتەیەکی شارەزایانە بەکار بهێنێت. سەفسەتەیەک کە ڕێگە لە دیسکۆرسی “زمانی ستاندارد” بگرێت. لە ڕاستیدا خودی “ئاوەزی خێڵەکی” کە مانەوەکەی بە مانەوەی “قەڵەمڕەوە نێوخۆییەکان”ەوە بەندە، بەرهەمهێنەری “لۆکاڵیتە”یەکە کە کوردستان بە سەدان ساڵ لە “میرنشینی”دا ئەزموونی کردووە.

کەڵکەڵە و پەرۆشییەک کە نووسەر هەیەتی نەخەمڵیویی “چەمکی نیشتمان”ە لە سایەی “نیشتمان لەنێو نیشتماندا”. بەم شێوەیە لەبەر نیشتمانە وردیلانەکانی “خێڵ” کە هەمان “قەڵەمڕەوەکان”نن، نیشتمانی مەزن دەبێت بە “بەڵام”ی پاش ڕستە، بۆ لەباربردنی مانای ڕستەکە!

بەشێک لەو وتارانەش کە تایبەتن بە “زمان و دەسەڵات” و بابەتی وەرگێڕان و بەگشتی بابەتە فەلسەفی و هزرییەکان، دۆخی چەمکسازی و زاراوەسازی کەڵکەڵەیەکی سەرەکییە. پۆلێنکردنی مانایی، چەقی سەرنج لە زماندا، هاوڕێژەییی واتایی لەپێناو نیشاندانی ڕەهەندی هزر لە زمانی کوردیدا بەشێک لە بیرکردنەوەی نووسەر پێک دەهێنێت. بڕوا بە قسەکەی هیگڵ کە دەڵێ: “من دەمهەوێت فەلسەفە فێر بکەم بە زمانی ئاڵمانی بدوێت” یەکێک لە هۆیەکانی وردەکاریی زمانییە لای نووسەر.

بە پوختی ئەم کتێبە بە زمانێکی ڕادیکاڵ نووسراوە، خوڵکەخزمانێ (تعارف، مجاملە) لەگەڵ دۆخی هەنووکەییدا نەکراوە و نووسەر لە ترسی ڕەخنەی نەیاران وشەکانی بۆیاخ نەکردووە و بە زمانی ڕەمز و ئەلیگۆریا نەدواوە. ئەگەریش تەوسێک هەبووە لە بارودۆخێک دراوە نەک کەس یان کەسانێکی دیاریکراوە. بەگشتی لەگەڵ ئەوەی لە هەندێ شوێندا زمانی ڕەخنە زۆر توندە بەڵام بەگشتی لە سووکساریکردن بەدوورە و سنوورەکانی ئەدەب نەبەزێنراون.

داگرتنی بابەت