ئارامتر بخوێنەوە

ڕانانی کتێبی «ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕکەبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ١٨٧٦ – ١٩٢٦»

داود عوسمانزادە


کتێبی “ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕکەبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ١٨٧٦-١٩٢٦” لەلایەن دکتور کەماڵ سولەیمانییەوە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن دەزگای پەلگرێیڤەوە چاپ کراوە. ئەم کتێبە بە زمانەکانی تورکی، عەڕەبی و فارسی وەرگێڕدراوە.

کتێبێکە لەبارەی سەرهەڵدان و پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و ئایین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. لەم کتێبەدا کەماڵ سولەیمانی هەوڵ دەدات تێگەیشتنێکی نوێ لەسەر ناسیۆنالیزم و بانگەشەی بزووتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکان بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکات. کتێبەکە لە ٣١٢ لاپەڕە پێک هاتووە، بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا دابەش کراوە، کە بریتین لە: ١. بیری ئایینی (ئیسلامی)، ناسیۆنالیزم و سیاسەتی خەلافەت؛ ٢. ناسیۆنالیزمی فەرمی و شوناسی ئیسلامی؛ و ٣. ناسیۆنالیزمی کوردی و ئیسلامە وەدەرنەرەکان (Exclusionary Islams). نووسەری کتێبەکە، کەمال سولەیمانی، پسپۆڕی مێژوو و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرن و جیهانی ئیسلامییە. بوارەکانی توێژینەوەی نووسەر بریتین لە مێژووی سیاسیی ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی عەرەبی، کوردی، فارسی و تورکی. کەماڵ سولەیمانی دکتۆرای لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیۆیۆڕکی ئەمریکا وەرگرتووە. لە زانکۆکانی تورکیا، ئەمریکا و مەکزیک وانەبێژ بووە، هەروەها مامۆستای ململانێ ئێتنۆ-ئاینییەکان لە زانکۆی ئێل کۆلێهیۆ دێ مەهیکۆ، سێنترۆ دی ئیستۆدیۆس دی ئاسیا و ئەفریقایە (سەنتەری توێژینەوەی ئاسیا و ئەفریقا).

سولەیمانی لە بەرهەمەکەیدا پەیوەندیی نێوان ئیسلام و ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرن تەتەڵە دەکات. ئەو شوێنپێی ئەوە دەگرێت کە چۆن ئایین لە قۆناغە چارەنووسسازەکانی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە نزیکەوە لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا تێکەڵ بووە. نووسەر بە بەراوردکردنی ئەو ئەدەبیاتەی کە ناسیۆنالیستە تورکەکانی پێش کۆماری تورکی بەرهەمیان هێناوە لەگەڵ ناسیۆنالیستە کەمالیست/کۆمارییەکانی دواتر، دەیهەوێت ناتەبایی‌یەکانی خوێندنەوەی ناسیۆنالیستی تورکی بۆ ڕابردووی عوسمانی پێش ١٩١٢ نیشان بدات و دەری دەخات کە ئیسلامی عوسمانی لە چەند دەیە پێش ڕووخانی ئەم ئیمپڕاتۆرییەڕا ئیسلامێکی بە تورکی کراو بووە. سولەیمانی بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژوویی‌یەکان دەڵێت، گوتاری دەوڵەتی عوسمانی سەبارەت بە ناسنامەی ئیسلامی، یەکێتیی موسڵمان و مژاری خەلافەت نە دەبێ بە بەهایەکی ڕووکەش وەربگیرێت، نە وەک گوتارێکی ئیسلامیی گشتگیر سەیر بکرێت. سولەیمانی جەخت لەوە دەکاتەوە بەتایبەت لە سەرەتای ڕژێمی عەبدولحەمیدەوە (١٨٧٦-١٩٠٩) گوتار و ستراتیژیی ئیسلامیخوازانەی دەوڵەت و نوخبەی عوسمانی بۆ پرسی یەکگرتووییی موسوڵمانان، ئەوەی ڕاستی بێ، هەوڵێکی کولتووری، دامەزراوەیی و سیاسیی ئاسمیلەکردن و نەهێشتنی غەیری-تورک بووە. ئەو پێی وایە کە چەمکە بە ڕواڵەت گشتگیرە دینییەکانی وەکوو خەلافەت، وەحدەت و ئوممەت، لە ڕووی مێژوویی‌یەوە بە چەندین شێوە لێک دراونەتەوە. بۆیە ئەگەر لێرەوە وەک دیاردەگەلێکی سەروومێژوویی و بێ کۆدەق مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی-مێژوویی خۆیان داببڕێن، دەبنە خوێندنەوەیەکی هەڵە لە مێژوو. بۆیە سولەیمانی پێشنیاری ئەوە دەکات کە زۆر گرنگە مشتومڕەکانی سەردەمی کۆتایی‌یەکانی خەلافەتی عوسمانی بخرێنە ناو چوارچێوەی مێژووییی خۆیانەوە بۆ ئەوەی دەرکەوێ کە ناسیونالیزمی تورکی و غەیری تورک چۆن لە چوارچێوەی گوتاری دینیدا لە بەرانبەر یەک وەستاونەوە.

دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی سولەیمانی نەک هەر ئالنگاریی هەندێک لەو گریمانە باوەکان دەکات کە لە زانستی مێژووی عوسمانیدا هەن؛ بەڵکوو ڕێبازێکی نوێ بۆ پەیوەندیی نێوان بیری ئیسلامیی مۆدێرن و ناسیۆنالیزم و تەنانەت تێگەیشتن لە گوتاری مێژوویی مودێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێشکەش دەکات. بۆ ئەو کارەش، سولەیمانی بە هێنانی چەمکی دەربڕینی ناسیونالیستی (Nationalist Utterance), نیشانی داوە کە بیرکردنەوە لە ناسیۆنالیزم وەک گرێبەستێکی مۆدێرن، بە مانا ئاستینییەکەی (Austinan)، یارمەتیدەرمانە بۆ تێگەیشتن لە ناسیۆنالیزمی دینی یان ئەگەری تێکەڵبوونی ناسیۆنالیزم لەگەڵ بیری ئایینی. نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر بتوانین بیرۆکەی گرێبەست ( بەو مانایەی فەیلەسووفی ئینگلیسی جەی. ئێڵ. ئاستین بەکاری دەهێنێت) فراوانتر بکەین، دەتوانین مانایەکی باشتر لە هەندێک گوتەی ئایینی-ناسیۆنالیستی لە مێژووی مۆدێرنی جیهان ئیسلام و موسڵمان هەڵکڕێنین. بەو مانایە کە ئەگەر ناسیۆنالیزم ڕێککەوتن (contract) ێکی کۆمەڵایەتی بێت کە بەپێی ئەو ‘کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی’ مافی ئەوەی هەبێت ‘بابەتی نەتەوەیی و بابەتی سیاسی’ بکات بە یەک، ئەوە هەر گوتنێک یان دەربڕینێک بەم مەبەستە ناسیۆنالیستییەیە. بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە، خۆئاماژەکاریی (self-referentiality) کۆمەڵایەتی لە خۆیدا (لانیکەم لە بواری تیۆریکەوە) زەمینەیەکی ڕەوا بۆ داواکارییە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان ساز دەکات و مەشروعییەت بە ‘بانگەشەکانی خۆسەروەریی بەکۆمەڵی’ نەتەوە دەبەخشێت.

سولەیمانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر گوتەیەکی (یان دەربڕینێکی) ئایینی یان غەیری ئایینی کە مافە کۆمەڵییەکان بە خۆئاماژەکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە (collective self-referentiality) ببەستێتەوە، مۆدێرن و ناسیۆنالیستییە و لە چوارچێوەی “پارادایمی ناسیۆنالیزم”دا ڕوو دەدات. بۆیە دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە مێژووی ناسیۆنالیزمە ڕکەبەرەکانی مسوڵمانان، تەمەنی درێژە و بۆ پێش جەنگی یەکەمی جیهانی دەگەڕێتەوە. لێرەدا کەماڵ سولەیمانی لە ڕێگەی بە ناوەندکردنی ئەو ڕۆڵە سەرەکی و بنەڕەتییەی کە ئایین لە سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەدا بینیویەتی، ئەو ئیپیستمۆلۆژییە بنەڕەتییانەی کە بنەمای دەوڵەت-نەتەوە بە شێوەیەکی زاتی بە سێکولار دادەنێن، دەخاتە ژێر پرسیار. لێکۆڵینەوەکانی سولەیمانی لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، جیاوازییەکانی نێوان ڕاڤەی ئیسلام لە ناوەند و تێگەیشتنە جۆراوجۆرەکانی ئیسلام لە پەراوێزی ئیمپراتوریدا دەخاتە ڕوو. ئەو دەیسەلمێنێ کە ڕاڤە و تێگەیشتنەکان لە ئیسلام بە شێوەیەکی زۆر گونجاو لەگەڵ ناسیۆنالیزم نۆژەن دەکرێنەوە و گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. سولەیمانی دەری دەخات کە ڕاڤەی دینی مسوڵمانە عەرەب، کورد و تورکەکان لە ئیسلامی خۆیان و بە ‘ڕەسەن’زانینی ئیسلامەکەیان بەگرێدراویی باوەڕ بە ئەفزەلییەت و خۆگەورەبینیی ئێتنیکی (ethnic superiority)’ هەرکام لەم گرووپانە بووە.

سولەیمانی کە شارەزایی لە زمانەکانی عەرەبی، تورکیی نوێ، تورکیی عوسمانی، کوردی (هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی)، فارسی، و زمانی ئینگلیزی هەیە لە نزیکەوە لە تۆمارە ئەرشیڤەکانی بەریتانیا، تۆمارەکانی دەوڵەتی عوسمانی، گۆڤارەکانی عوسمانی و سەرچاوە دەستە یەکەمەکانی دیکە بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی (هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی)، فارسی و تورکیی مۆدێرن، لەژێر ڕۆشناییی تیۆرییەکانی ناسیۆنالیزم و لێکۆڵینەوەی مێژوویی و شیکردنەوەی ڕەخنەیی گوتاری کۆڵیوەتەوە. لە بنەڕەتدا کارەکەی سولەیمانی، کارێکی نێوان بوارییە (interdisciplinary) کە ڕێبازە جۆراوجۆرەکانی مێژوو، سیاسەت، ئیسلام و ناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە گرێ دەدات.

سولەیمانی لە بەرانبەر ئەو ئارگیومێنتانەدا کە پێی وایە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی تەواو عەلمانیی (سیکۆلارە) و ڕۆڵی ئایین لەبەرچاو ناگرن، دەڵێت ئەم بۆچوونە لەسەر بنەمای چەمکێکی جەوهەرگەراییی ئایین وەک شتێکی نەریتی و نەگۆڕ دامەزراوە. لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە مێژووی بەتورکیکردن (Turkification) لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەهەمدا، پەردە لەسەر ناسیۆنالیزمی دینیی عوسمانی وەکوو نموونەیەک لە ناسیۆنالیزمی فەرمی کە بەتایبەتی لە ڕێگەی بیرۆکراسی و دامەزراوە پەروەردەیی‌یەکان و بواری زمانیدا، هەڵدەداتەوە. نوسەر نیشانی دەدات کە سیاسەتی فەرمیی عوسمانی بریتی بووە لە پڕوپاگەندە و تەبلیغی ئیسلامێکی بەئتنیکی کراوی تورکی بۆ ئاسمیلەکردنی موسڵمانانی غەیرەتورک و بەکارهێنانی زمانی تورکیش بۆ ئاسمیلە¬کردنی موسڵمان و غەیرە موسڵمانان. هەروەها، سولەیمانی ئەوە نیشان دەدات کە پان ئیسلامیزم (ئیتحادی ئیسلام) کە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا بڵاو بووەوە و دەوڵەتی عوسمانی پەرەی پێ دەدا، نەیتوانی ڕێگری لە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمە جوراجۆرەکانی غەیرەتورکی بکات و بەبێ ئەوەی ئەو ناسیۆنالیزمانەش زەروورەتەن سیکۆلار بن. بۆیە ئەو باس لە مشتومڕە مێژوویی‌یەکانی ناو موسڵمانان لەسەر چەمکی خەلافەت (حوکمڕانی ‘ئیسلامی’ و جێنشینیی سیاسی بەتایبەت دوای ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی) دەکات و نیشانی دەدات کە ناتوانین لە چەمکە بنەمایی‌یە ئیسلامییەکانی وەک خەلافەت بە شێوەیەکی مانادار تێ بگەن، بەبێ ئەوەی پێوەندیی ئەو جۆرە چەمکانە لەگەڵ کات و شوێنی دیاریکراویاندا لێکیان بدەینەوە. بۆ ئەم باسە، سولەیمانی ئاوڕ لە دەزگای خەلافەت دەداتەوە و دەڵێت دامەزراندنی دەزگای خەلافەت تەنانەت حوکمی دینی یوونیڤێرساڵ نەبووە، بەڵکوو تەرکیزکردن لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ڕکابەریی خێڵەکی و کۆمەڵایەتی بووە. خەلافەت- چ وەکوو چەمکێک و چ وەکوو دامەزراوەیەکی سیاسی-باوەڕی، گۆڕانکاریی مێژوویی جۆراوجۆری بەسەردا هاتووە. لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسیی هاوچەرخ و بە هاتنەگۆڕی چەمکی خەلافەت زۆرجار پێویستی بە پێناسەکردنەوەی چەمکەکە هەبووە. سولەیمانی بە نیشاندانی ئەوەی کە چۆن زیندووکردنەوەی سیاسەتی خەلافەت پەیوەندییەکی نزیکی بە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و خەباتی دژە کۆلۆنیالیزم لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و بیستەمدا هەبووە، ئالنگاریی گریمانە باوەکان دەکات کە پێیان وایە لە کۆتایی‌یەکانی سەردەمی عوسمانیدا ئیسلام بەربەست بووە لەبەردەم خۆئاگاییی نەتەوەیی.

نووسەر بۆ پشتگیریی باسە تیۆرییەکەی، لە نزیکەوە لە تۆمارەکانی دەوڵەتی عوسمانی و گۆڤار و توێژینەوەکانی عوسمانی و ئەدەبیاتی هاوچەرخ لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەکۆڵێتەوە. ئەو بەوردی چوارچێوەی مێژوویی دانپێدانانی دەستووریی زمانی تورکی وەک زمانی فەرمیی عوسمانی لە بەستێنی مێژوویی خۆیدا لێک دەداتەوە. سولەیمانی نیشانی دەدات کە دەوڵەتی عوسمانی چۆن تورکایەتی، و ئەو بەهایەی کە دەوڵەت بە زمانی تورکی و گشتگیربوونی لە سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتدا دەیبەستێتەوە، وەک چەمکێک ساز دەکات. بۆ ئەو کارە نووسەر نزیکەی سەدەیەک (١٨٤٠ تا ١٩٢٠) بەڵگەی دەوڵەتی عوسمان سەبارەت بە وشەی تورک، تورکی وعوسمانی شەنوکەو دەکات و هەوڵ دەدات کە دنیابینیی پشت بەڵگەکان بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم بەڵگەنامانە بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی باس لەوە بکات کە ئیسلامی عوسمانی لە هەمان کاتدا هەم وەدەرنەر (Exclusionary) و هەم گشتگیر (Universalist) بووە. بەو مانایە ئیسلامی کە عوسمانی ئیسلامی غەیرە تورکی بە هەڕەشە و بە هێمای دواکەوتوویی زانیوە، لە هەمان کاتیشدا لە گوتاری هاوبەشی ئیسلامی بۆ ئاسیمیلەکردن و بەکارهێنانی موسڵمانانی غەیرە تورک دژ بە دەوڵەت ئورووپایی‌یەکان کەڵکی وەرگرتووە. لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵەکانی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر بەتورکیکردنی زمان و بیرۆکراسیی دەوڵەت، ئیسلامی عوسمانی تا دێت وەدرەنەرتر دەبێت. بۆیە سولەیمانی دەڵێت بیرۆکەی یەکێتیی ئیسلامی، یان پان-ئیسلامیزم، دەبێ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی و لەم تێڕوانینە دووانەیەی نوخبەکان لە ئیسلامدا تێ بگەین.

هەروەها نووسەر گرنگی بە هەندێک حاڵەتی مێژووییی مێژووی کورد دەدات و بە شێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوە لەسەر نووسراوەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (سەرکردەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٨٨٠ی کورد)، سەعید نورسی و شۆرشی شێخ سەعیدی پیران دەکات. نووسەر پێی وایە نووسینەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان ئیسلام و ناسیۆنالیزمی کوردین. دیارە شێخ عوبەیدوڵڵا بە تامەزرۆیی‌یەوە بە دوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیدا دەگەڕا. شێخ عوبەیدوڵڵا، دەوڵەتی وەک ئامراز و دەزگایەک بۆ گۆڕانکاری سەیر دەکرد کە ناکرێ چاوپۆشی لێ بکرێت و پشتگوێ بخرێت. بۆیە، سولەیمانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەوڵەت جێگەیەکی ناوەندی لە پڕۆژەی ئایینی-سیاسی شێخ عوبەیدوڵڵادا—وەکوو یەکەم شۆڕشی ناسیونالیستیی کورد— هەبووە و شێخ بەهایەکی زۆری بە ڕۆڵی دەوڵەت لە پەروەردەکردنی هاووڵاتییاندا دەدا.

کتێبەکەی کەماڵ سولەیمانی کتێبێکی گرینگە لەسەر پەیوەندیی نێوان ئایین و ناسیۆنالیزم، ناسیۆنالیزم و دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناسیۆنالیزمی کوردی. ڕەنگە یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم پەڕتووکە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەی کوردییەوە هەبێت. لە لێکۆڵینەوەی کوردیدا، دوو ڕوانگەی سەرەکی سەبارەت بە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی هەیە. یەکەمیان، بە جۆرێک لە جۆرەکان بە چاویلکەیەکی تیۆریی پڕایمۆردیاڵ (ئەزلی) سەیری ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات. ئەم ڕوانگەیە پێی وایە ناسیۆنالیزمی کوردی ڕەگ و ڕیشەکەی بۆ سەردەمی پێش مۆدێڕن و تەنانەت پێش سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمیش، دەگەڕێتەوە. ڕوانگەی دووهەمیش، پێی وایە ناسیۆنالیزمی کوردی پەرچەکرداری ناسیۆنالیزمی ئەویدیکەی کوردە و دوای شەڕی دووهەمی جیهانی سەرهەڵدەدات. سولەیمانی بە پێچەوانەی هەردوو ڕوانگەکە، بە دروستی پێشانی دەدات کە مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ کۆتایی‌یەکانی سەدەی نۆزدەهەم دەگەڕێتەوە. سولەیمانی بەوردی بەڵگەنامەکان شی دەکاتەوە و، پێشنیاری ئەوە دەکات کە پڕۆژەی ئایینی-سیاسیی شێخ عوبەیدوڵڵا دەکرێ وەک خاڵی دەستپێکی ناسیۆنالیزمی کوردی بەتایبەت و، ناسیۆنالیزم لە جیهانی ئیسلامدا بەگشتی، سەیر بکرێت.

وێرای خوێندنەوەیەکی نوێ لە مێژووی کورد و هێنانە ژێر پرسیاری مێژوونووسیی ڕۆژئاوایی و مێژووسازیی دەوڵەتگەرایانەی ئەویتری کورد، بە هێنانەئارای خۆتێگەیشتنی کورد لە خۆی و لە مێژوویەکەی، سولەیمانی بکەری مێژوویی کورد بە ڕوونی دەنوێنێتەوە. بەم شێوەیە سووژە و ئۆبژەی لێکۆڵینەوەی کوردی هەم لەباری مەعریفییەوە و، هەم لەباری میسداقییەوە، دەبێتە کورد. جگە لەوەیش، سولەیمانی هەوڵ دەدات: ١. بە خستنەڕووی کاریگەریی ڕاڤەی دینی لەسەر ناسیۆنالیزم، ئەوە بسەلمێنێ کە ڕاڤەی دینی بەئاسانی ئیمکانی دابڕانی لە ڕاڤە و ڕوانگەی ناسیۆنالیستی نییە. لە سەردەمی مۆدێڕندا بە شێوەیەکی زۆر جیددی سنوورە دینی و سنوورە نەتەوەیی‌یەکان یەک دەگرنەوە. ئەوە بەتایبەت بۆ نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. دەوڵەت-نەتەوە ڕێگە بە هیچ پەیوەندییەکی دینی و غەیرەدینی لە دەرەوەی یاسای خۆی نادا و بە پێی تێگەیشتنی سولەیمانی هەموو پەیوەندییەکی دینیی مودێڕن لە یاسای دەوڵەت-نەتەوەدا سنووردار کراوە. بۆیە هاوسۆزی لەگەڵ موسڵمانی دەرەوەی سنووری سیاسیی دەوڵەت-نەتەوە، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندیی نەتەوەییدا گونجاو نەبێت، خەیانەتی نیشتمانی ئەژمار دەکرێت. ئەگەر موسڵمانێکی سوننەی ئێرانی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتێکی سوننەی عەرەبی هەبێت، ئەگەری زۆری هەیە ئیعدام بکرێت. ٢. وێڕای ئەو لایەنە تیۆریکانە، سولەیمانی بە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لە ئەڕشیڤەکاندا، نیشانی دەدات کە بەڵگە مێژوویی‌یەکانی نزیک ١٥٠ ساڵی ڕابردوو دەیسەلمێنن کە هەوڵی بەئیتنیکی و بەنەتەوەیی کردنی باوەڕ و ڕاڤەی دینی، بە پێی ڕەوتی دەوڵەت-نەتەوەسازی، ڕۆژبەڕۆژ لە گەشە¬سەندنی زۆرتردا بووە. ٣. هەروەها، نووسەر بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆرییە زمانییەکان، پێڕفۆرماتیویتی و کردە-زمان و بە داهێنانی چەمکی ”دەربڕینی ناسیۆنالیستی”، یارمەتیی مێژووناسەکان دەدات کە بەبێ لەبەر دەستدابوونی بەڵگەی زۆری مێژوویی، دەکرێ مێژوونووس ”دەڕبڕین” و بەیانی ناسیۆنالیستی لە مێژووی مودێڕندا ببینێتەوە. بەو شێوەیە و لە ڕێگەی چەند بەڵگە و نووسینەوە، مێژوونووس دەتوانێ بڕیار بدات کە ئایا کەسایەتییەک یان بزووتنەوەیەک لە دوایین دەیەکانی سەدەی نۆزدەوە تا ئێستا، ”دەربڕینی ناسیۆنالیستی” لە وتە و نووسینەکانیدا بەدی دەکرێت یان نا، هەر بەو پێوەرەش دەتوانێ بڕیار بدات کە ئایا ئەوانە ناسیۆنالیست بوون یان نا؟

داگرتنی بابەت