ئارامتر بخوێنەوە

ئەریک فرۆم، بیرمەند و دەروونشیکار

ئازاد بەرزنجی


لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، یەکێک لە کتێبەکانی «ئەریک فرۆم»م بۆ کوردی وەرگێڕا، واتە کتێبی ‹›بە ناوی ژیانەوە››، کە دەکرێ بڵێین پوختەی بیروبۆچوونەکانی فرۆمە و وێنایەکی گشتی بەدەست خوێنەرەوە دەدات، بەڵام وێڕای ئەمەش، ئاشکرایە کە هیچ پوختەیەک لە توانایدا نییە تەواوی بیروبۆچوونەکانی بیرمەندێک یان فەیلەسوفێکمان بۆ بخاتەڕوو. بۆیە ئەمە وای لێ کردم جارێکی تر بگەڕێمەوە بۆ سەر نووسینەکانی فرۆم، کە بە ڕاستی خوێندنەوەی بۆ هەموو خوێنەرێکی کورد بە پێویست دەزانم، چونکە بیرمەند و دەروونشیکارێکە زۆر بە وردی دۆخ و حاڵەتەکانی مرۆڤی هاوچەرخمان بۆ شی دەکاتەوە و دید و ڕوانینێکی نوێمان بۆ ژیان و بوون پێ دەبەخشێت.

ئەریک (یان ئێرێک) فرۆم ساڵی ١٩٠٠ لە خێزانێکی جوولەکەدا هاتووەتە دنیاوە، تاقانەی دایک و باوکی بووە و حەزیان کردووە ببێت بە حاخام. بۆیە لە تەمەنی سیانزدە ساڵییەوە دەستی بە خوێندنی تەلموود کرد و ئەم خوێندنەی چواردە ساڵێکی خایاند، بەڵام لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا دەسبەرداری بیرکردنەوەی دینی بوو و ڕەتی کردەوە، چونکە هەستی کرد پڕە لە ناودژێتی، گەرچی کاریگەریی هەر بەسەرەوە ما. دواتر فرۆم لە زانکۆی هایدڵبێرگ کۆمەڵناسیی خوێند و دیپلۆمی تێدا بەدەست هێنا، لە ساڵی ١٩٣٥دا لە پەیمانگەی دەروونشیکاریی بەرلین خوێندنی دەروونشیکاری تەواو کرد، ئینجا لە پەیمانگەی فرانکفۆرت بۆ توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەستی بە کار کرد. هەروەها دوکتورای لە فەلسەفەدا هێنا.

لە ساڵی ١٩٣٩دا لە قوتابخانەی فرانکفۆرت جیا دەبێتەوە، دوای ئەوەی نازییەکان لە ئەڵمانیا دەسەڵاتیان گرتەدەست، فرۆم بەرەو جنێڤ ڕۆیشت، لەوێشەوە چوو بۆ زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک. لە ساڵی ١٩٤٥دا لقی کۆلێجی دەروونپزشکی لە واشنتۆن کردەوە و پاشتریش پەیمانگەی ولیەم ئالانسۆن.

لە ساڵی ١٩٥٧ تا ١٩٦١، لە زانکۆی ویلایەتی میشیگان مامۆستای دەروونناسی بوو. ساڵی ١٩٧٤ چوو بۆ سویسرا و لەوێ مایەوە تا لە ساڵی ١٩٨٠دا کۆچی دوایی کرد.

هەڵبەتە ئەریک فرۆم بە تەنها دەروونشیکارێک نەبووە کە لە نەخۆشییەکانی تاک و کۆمەڵگەی کۆڵیبێتەوە، بگرە ئەو بیرمەندێکی گەورەش بووە، بیرمەندێکی شارەزا لە ئەنترۆپۆلۆجیا، کۆمەڵناسی، ئابووری، سیاسەت، ئایین و هونەر و هتد…دا.

هەروەها ئەو بیرمەندێکی مرۆگەرا، هیومانیست (Humanist) بووە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاقاری هیومانیزم لە سەدەی بیست و دواتریشدا هەبووە. بێگومان بۆ تێگەیشتی زیاتر لە جیهانبینیی ئەریک فرۆم و لە تێزەکانی، پێویستە خوێنەر بزانێت ئەو کاریگەرییە فەلسەفی و زانستییانە و ئەو فەیلەسوف و بیرمەندانە کێ بوون کە ڕۆڵیان لە فۆرمولەکردنی هزر و جیهانبینیی فرۆمدا هەبووە و ئەو کاریگەرییەش لە چ ڕوویەکەوە بووە. بەر لە هەموو شتێک، وەک ئاماژەشمان بۆ كرد، فرۆم بە منداڵی لە ژینگەیەکی ئایینیدا ژیاوە. بۆیە یەکێک لەو کتێبانەی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەری هەبووە، پەیمانی کۆن، یان با بڵێین تەورات بووە، هەر ئەمەش وای کردووە زۆر جار نموونە لە پەیمانی کۆن و پێغەمبەرانی ڕۆژگاری دێرین بهێنێتەوە. بەڵام لەو بیرمەند و فەیلەسوفانەی زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ئەریک فرۆم هەبووە، فرۆید و مارکس بوون، بە جۆریک کە دەتوانین بڵێین فرۆم مارکسیستێکی فرۆیدی بووە، گەرچی ئەو ڕەخنەی لە هەردووکیان گرتووە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکی بەڵگەنەویستە کە تیۆرییە ڕەخنەییەکەی ئەریک فرۆم، ئاوێتەیەکە لە تیۆریی فرۆیدی و تیۆریی مارکسی. با سەرەتا لە کاریگەرییەکانی مارکسەوە دەست پێ بکەین.


فرۆم و مارکس

فرۆم وا سەیری مارکس دەکات کە هەم هەڵگری میراتی ڕۆشنگەرییە و هەم داڕێژەری تیۆرییەکی نوێیە بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە. بە لای فرۆمەوە، لایەنە هیومانیستییەکەی مارکس کەمتر جێی بایەخی شرۆڤەکەرانی بووە، لە کاتێکدا بە لای ئەوەوە، ئەو لایەنە سیمای ڕاستەقینەی مارکسە. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەشی، پشت بە کتێبی ‹›دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکان››ی مارکس دەبەستێت، واتە مارکسی لاو. مارکس گەرچی جەخت لەسەر کاریگەریی بـــارودۆخی ئـــابووری و پەیوەندییە ئابوورییەکان لەسەر مرۆڤ دەکاتەوە، بەڵام باوەڕی وایە کە مرۆڤ کاتێک دەتوانێ خۆی و جیهان بگۆڕێت کە لە نەزانین و وەهم ڕزگاری ببێت و هۆشیاریی بە خۆی و بە جیهان لا دروست ببێت. ئەم هۆشیارییەش لە ڕێی ئەقڵ، گومان، بیرکردنەوە و ئەزموونی ژیانەوە فەراهەم دەبێت. بۆیە ئەو هۆشیارییە، هۆشیارییەکی پەیوەستە بە ژیانەوە. ئەم تێڕوانینەی مارکس جێبایەخی فرۆم بووە و لە زۆربەی نووسینەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە مارکس باوەڕی وابوو مرۆڤ بەردەوام لەژێر کاریگەریی بارودۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندایە، سروشتی مرۆڤ لە گۆڕاندایە و شتێک نییە پێی بوترێ سروشت یان جەوهەرێکی مرۆیی نەگۆڕ. هەر لەم ڕەوتە مێژووییەشدایە کە مرۆڤ پەرە بە توانا و کارامەیی خۆی دەدات؛ بە مانایەکی دی، مرۆڤ خۆی چەند لەژێر کاریگەریی ڕووداوە مێژووییەکان و هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندایە، بە هەمان شێوە، ئەمیش کاریگەریی لەسەر ئەو ڕووداو و هەلومەرجانە هەیە و دەیانگۆڕێت، واتە مێژوو چەند ئەم دروست دەکات، ئەمیش بە هەمان شێوە، مێژوو دروست دەکات.

ئەم بۆچوونەش جێباوەڕی فرۆم بوو، لە کاتێکدا لای هەندێ فەیلەسووفی پێشین و لە هەندێ تیۆریدا جەخت لەسەر نەگۆڕیی «سروشتی مرۆیی» دەکرایەوە، بەڵام ئەریک فرۆم لە ڕێی کاریگەریبوونی بە مارکسەوە، گومانی بەرانبەر بەو بۆچوونە فەلسەفییانە و ئەو تیۆرییانە لا دروست بوو و باوەڕی وابوو کە شتێک نییە پێی بگوترێ «سروشتێکی مرۆیی نەگۆڕ»، بەم پێیە، مرۆڤ گەرچی سەرەتا بوونەوەرێک بووە وابەستە و گرێدراو بە سروشتەوە، بەڵام کاتێک وردەوردە هۆشیاریی لا دروست دەبێت، دەتوانێت بەسەر سروشتدا زاڵ بێت و سەربەخۆیی خۆی لە سروشت بە دەست بهێنێت.

فرۆم لە کتێبی «مرۆڤ لە ڕوانگەی مارکسەوە»دا دەیەوێت جەخت لەسەر وێنە هیومانیستییەکەی مارکس بکاتەوە و دژ بەوانە بوەستێتەوە کە مارکس وەک ئایدۆلۆژژیستێک پیشان دەدەن، گوایە فەلسەفەکەی چ نییە جگە لە ئایدیۆلۆژیایەکی ماددی کە گرنگترین فاکتەر بە لایەوە، فاکتەری هەوڵ و تەقەللایە بۆ سوودی ماددی، یان ئەوەی کە مارکس دژ بە تاک و ئازادیی تاک و ئاقارە ڕۆحییەکانە، بۆیە لە وەڵامی ئەوانەدا فرۆم پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ئامانجی مارکس ئازادکردنی مرۆڤ بووە لە کۆت و زنجیرە ئابوورییەکان و گەڕانەوەی ئازادیی و سەربەخۆیی بۆی و دروستکردنەوەی پەیوەندییەکی ساغڵەم لەگەڵ مرۆڤەکانی تر و لەگەڵ سروشتدا.

تا ئێرە، فرۆم بەرگری لە تێز و بۆچوونەکانی مارکس دەکات، بەڵام هەر بەوەوە ناوەستێت و دواتر دەست بە ڕەخنەکانی خۆی دەکات. بە لای فرۆمەوە، مارکس لەوەدا شکستی هێناوە کە نەیتوانی پێشبینیی ئەوە بکات سەرمایەداری تا چ ڕادەیەک دەتوانێت پەرە بە خۆی بدات، هەروەها پێشبینیی مەترسییەکانی بیرۆکراسی و بەمەرکەزیکردنی دەوڵەت و ئابووریی نەکرد.

پاشان فرۆم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مارکسیزم كاریگەریی فاکتەرە نائابوورییەکانی لەسەر مرۆڤ فەرامۆش کردووە، بە تایبەتییش فاکتەرە سایکۆلۆژییەکان و فاکتەری ئابووری کردووە بە تەوەری بایەخدانی.

هەروەها فرۆم ڕەخنە لە گەشبینییە سادەکەی مارکس دەگرێت کە پشتئەستوورە بە باوەڕی بە زانست و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، لەم ڕووەشەوە وای دەبینێت کە مارکس و ئینگێڵس زۆر لەژێر کاریگەریی نەریتی چینی بوورژوادا بوون. هەروەها لەو ڕەخنانەی تر کە فرۆم لە مارکسی دەگرتن، باوەڕی ماركسە بەوەی کە هاتنەدیی سۆسیالیزم شتێکی حەتمییە و پەیوەستە بە کاتەوە. پاشان ئەوەی کە مارکس بایەخی بە ڕەهەندی ئەخلاقی نەداوە و ڕەهەندی ئابووری چەقی تێزەکەی بووە.


فرۆم و تیۆرییەکەی فرۆید

کەس ناتوانێت نکۆڵی لە کەشفە گەورەکەی فرۆید بکات، واتە کەشفی بۆ نەست

(لاشعور_unconsciousness)، تەنانەت نەیارەکانیشی. فرۆم ئەمە ناو دەنێت بە دۆزینـــەوەیـــەکی مەزن و فـــرۆیـــد بە میراتگری بزاڤی ڕۆشنگەری لە قەڵەم دەدات.

«نەست» ئەو بەشە نەبینراوەیە لە کاراکتەری مرۆڤدا کە لە منداڵیدا ئارەزووە (سێکسی)یەکان و ڕووداوە ناخۆشە چەپێنراوەکانی تێدا خەفە دەبن و دواتر لە کاتی تردا لە ڕەفتاری مرۆڤدا خۆیان دەخەنەوەڕوو. هەر ئەم چەپاندنە دەبێتە مایەی چەندین نەخۆشی و گرێی دەروونی.

بە لای فرۆیدەوە، مرۆڤ تا بە تەواوی بە نەستی خۆی ئاشنا نەبێت و گرێ و نەخۆشییەکانی خۆی نەناسێت و بەسەریاندا زاڵ نەبێت، ڕەفتارێکی ساغی نابێت. بۆیە مرۆڤ تا خۆی لەو گرێ و نەخۆشییانە ڕزگار نەکات، ئازاد نابێت.

دەبینین فرۆم لە کاتێکدا ڕەهەندە هیومانیستییەکەی مارکس لەوەدا دەبینێتەوە کە هەوڵ دەدات مرۆڤ لە کۆتە ئابوورییەکان ئازاد بکات، وای دەبینێت فرۆیدیش هەوڵ دەدات مرۆڤ لە کۆتەکانی نەستی ئازاد بکات.

تێزێکی تر لەو تێزانەی فرۆید کە کاریگەریی لەسەر فرۆم هەبووە، تێزی لیبیدۆ Libido بوو، کە فرۆم بە غەریزەکانی ژیان ناوی دەبات. هەروەها ئەوەی فرۆید ناوی دەنێت ئیرۆس و ساناتۆس، فرۆم ناوی دەنێت ژیاندۆستی و مەرگدۆستی.

وەک وتمان، گەرچی فرۆم فرۆید بە زانا و بیرمەندێکی مەزن دەزانێت کە توانیویەتی گۆڕانکارییەکی گەورە لە بواری دەروونشیکارییدا بهێنێتە دی، بەڵام ئەویش وەک مارکس دەخاتە بەر نەشتەری ڕەخنەکانی.

یەکێک لە ڕەخنەکانی فرۆم لە فرۆید ئەوەیە کە بەگوێرەی تیۆرییەکەی فرۆید، مرۆڤ بە چارەنووسێکی فیزیۆلۆژی و سایکۆلۆژی مەحکوومە و هەر لە منداڵییەوە ئەو چارەنووسەی دیاری دەکرێت و بایەخ بە فاکتەرە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لەسەر هۆشیاری و کاراکتەری مرۆڤ نادرێ، لە کاتێکدا ئەو فاکتەرانە لە دیاریکردنی کاراکتەر، هۆشیاری، ڕەفتاری مرۆڤەکان، کاردانەوەکان و هەڵبژاردنەکانیاندا ڕۆڵی خۆیان هەیە.

پاشان تیۆرییەکەی فرۆید نەیتوانیوە وەک تیۆرییەکی ڕەخنەیی بەردەوام بێت و ڕۆڵی کاریگەر ببینێت و، گۆڕا بۆ تیۆرییەکی دۆگماتیکی داخراو و زۆربەی دەروونشیکارەکان لە بازنەیەکی داخراودا دەخولانەوە.

بەمەش تیۆریی دەروونشیکاریی فرۆید ڕۆڵی گۆڕانکارانەی خۆی لە دەست دا. لە کاتێکدا فرۆم خەونی بە تیۆرییەکی دەروونشیکارییانەی ڕەخنەگرانەوە دەبینی کە ئامانجەکەی دیاریکردنی نەخۆشییەکانی تاک و کۆمەڵگە بێت و پاشانیش پێشنیازکردنی چارەسەری ڕیشەییی گونجاو بۆ ئەو نەخۆشییانە. بەڵام تیۆریی فرۆیدی، بە باوەڕی فرۆم، بەو شێوە دۆگماتیک و وەستاوەوە، کەوتە خزمەت تێزە پاشکەوتوو و دەسەڵاتە سیاسییە(کۆنەپارێزەکان) موحافەزەکارەکانەوە. لە کاتێکدا دەبێ تیۆریی دەروونشیکاری، ڕۆڵی لە گۆڕین و پەرەدان بە هۆشیاریی ڕەخنەییدا هەبێت.

هەموو ئەمانە وایان لە تیۆریی دەروونشیکاریی فرۆیدی کرد تووشی قەیران بێت (فرۆم خۆی کتێبێکی لەو بارەیەوە بە ناوی «قەیرانی دەروونشیکاری» نووسیوە).

بەو جۆرە، دەروونشیکاری بە دەوری تاکدا دەخولایەوە، کۆمەڵگە و فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی ئەفەرۆز دەکرد و لە شیکاریدا بۆ حاڵەتە سایکۆلۆژییەکان، بە تەنها جەختی لەسەر فاکتەری «چەپاندنی سێکسی» دەکردەوە.


مرۆڤ لە ڕوانگەی «فرۆم»ەوە

هەڵبەتە تەوەری بایەخپێدانی دەروونشیکاری، مرۆڤ و دەروون و دۆخە سایکۆلۆژییەکانییەتی، بەڵام لەم ڕووەشەوە ڕوانینی دەروونشیکارێک لە دەروونشیکارێکی تر جیاوازە. فرۆم لە گەلێ شوێندا دەیەوێ لەسەر ماهییەتی مرۆڤ بدوێت و پێمان بڵێت کە مرۆڤ کێیە.

لە دیدگای فرۆمەوە، هەرچەندە مرۆڤیش وەک هەر گیانەوەرێکی تر لە بوونەوەری زیندوو دێتە دنیاوە، دەخوات و گەشە دەکات، وەچەی چەشنی خۆی دەخاتەوە و پاشانیش دەمرێت، بەڵام لە کاتێکدا هەموو گیانەوەر و زیندەوەرەکان ملکەچی غەریزەکانیانن و ئەو گیانەوەرانەی پەرەسەندووترن، کەمتر ملکەچی ئەو غەریزانەن، ئەوا مرۆڤ لە توانایدایە جڵەوی غەریزەکانی خۆی بکات و ئاڕاستەیان بکات.

لە کاتێکدا گیانەوەرەکان و زیندەوەرەکانی تر هەر ئەوەندەیان لە دەست دێ خۆیان لەگەڵ سروشتدا بگونجێنن، ئەوا مرۆڤ توانیویەتی سروشت لەپێناوی خۆیدا بگۆڕێت و تەنانەت گۆڕانکاری بەسەر کردارە ئۆرگانییەکانی تریشدا، وەک خواردن و خەوتن و سێکسکردن، بهێنێت.

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە مرۆڤ «ئەقڵ»ی هەیە و ئەمە سەرەکیترین جیاکەرەوەیەتی لە گیانەوەرانی تر. ئەو لە ڕێی ئەقڵ و هۆشیارییەوە دەتوانێ ژیانی خۆی ڕێک بخات، سوود لە ئەزموونەکانی خۆی ببینێت، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی نوێ و پەیبردن بە نهێنییەکان بدات، دەسکەوتە ماددی ومەعریفییەکانی خۆی بۆ وەچەکانی دوای خۆی جێ بهێڵێت.

هەروەها مرۆڤ تاقە بوونەوەرە کە لە بوونی خۆی ڕادەمێنێت و لێی دەکۆڵێتەوە و کار بۆ داهاتووی دەکات. تاقە بوونەوەریشە کە هۆشیاریی بە مەرگی خۆی هەیە، دەزانێ و لەوە دڵنیایە کە ڕۆژێک دێت دەمرێت. ئەو دەزانێ کە جەستە و غەریزەی هەیە و دەبێ ئەو پێداویستییانەیان بۆ دابین بکات کە دەیانخوازێت. هەروەها ئەو دەزانێ کە ناتوانێ بە تەواوی چارەنووسی خۆی بزانێ و وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری تری سەبارەت بە بوون و گەردوون چنگ بکەوێت، ئەمەش وای لێ دەکات ترس و ئازار و دڕدۆنگیی لا دروست ببێت.

بێگومان پێناسەکردنی مرۆڤ لە چەند فۆرمەلەیەکدا کارێکی ئاسان نییە و فرۆمیش نایەوێت ئەو کارە بکات. بۆ ئەوەی لە تێڕوانینی فرۆم بۆ مرۆڤ بگەین، پێویستمان بەوەیە تەواوی کارەکانی بخوێنینەوە، چونکە ئەو باوەڕی وایە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی هەمیشە بگۆڕە و بوونەوەرێک نییە وەستاو و لەقاڵبدراو بێت، بگرە ئەو ئەدگارەکانی هەموو مرۆڤایەتی لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام دواجار مرۆڤ بە لای فرۆمەوە، بوونەوەرێکی سروشتییە کە هەم ملکەچی غەریزەکانی و سروشتە، هەم لە تواناشیدایە بچێتە سەروو غەریزەکانی و سروشتیشەوە.


پێداویستییەکانی مرۆڤ:

ئاخۆ ئەگەر پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ بریتی بن لە خواردن، خواردنەوە، خەوتن، سێکسكردن و… ئەی بۆچی لای بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان، بە تێربوونی ئەم پێداویستییانەش، داناساکێن؟ نەک هەر داناساکێن، بگرە ئەو پێداویستییانە دەگۆڕێن بۆ جۆرێک لە ئالودەبوون و، مرۆڤ تا بێت هەڵپەی زیاتریان بۆ دەکات و بە تێربوونیشیان هەست بە ڕەزامەندی ناکات، بەڵکو هێشتا هەست بە برسێتیی زیاتر بۆ ئەو پێداویستییانە دەکات و زۆرجاریش دەبنە ئەنگێزە بۆ شەڕ و وێرانکاری و چەوساندنەوەی مرۆڤەکانی تر؟

بە لای فرۆمەوە، کێشەکە لەوەدایە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی بەرخۆریی هاوچەرخدا، ئەم پێداویستییانە بە «چەندێتی» سەیر دەکرێن و دەپێورێن، واتە ئەو پێداویستییانە شەقڵی «کاڵا» وەردەگرن، ئەو سیستم و کۆمپانیایانە برەو بەم جۆرە ڕوانینە دەدەن، هانی خەڵک دەدەن بۆ ئەو پێداویستییانە و پێگەی «مرۆڤبوون» بەگوێرەی بڕی خاوەندارێتییان بۆ ئەو «کاڵا»یانە دەپێون. تۆ «چەند»ت هەبێت، «چەند» بکڕیت، «چەند» مەسرەف بکەیت، ئەوەندە مرۆڤیت. سیستمە هاوچەرخەکانیش زیاتر ئەم نموونەیە بەرز ڕادەگرن و برەوی پێ دەدەن، واتە نموونەی ئەو مرۆڤانەی کە باشترین کڕیار و باشترین خاوەن و باشترین بەکارهێنەر و بەرخۆرن. لە کاتێکدا ئەم پێداویستییانە لە پێکهاتە فیزیۆلۆژییەکەی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن و ئەگەر لە خزمەتی بوونیدا نەبن، ئەوا دەبنە مایەی نەخۆشیی و دڕدۆنگی. بە لای فرۆمەوە، دەبێ تێرکردنی ئەم پێداویستییانە لەپێناوی پەرەدان بە توانا و بەهرەکانی مرۆڤدا بێت، چونکە چیتر مرۆڤ نایەوێ بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاژەڵانە و دەیەوێ بچێتە سەروو ژیانێکی لەو چەشنەوە. بۆیە ناسینی ئەو پێداویستییانە و کارکردن لەسەریان، ڕێگەیەکە بۆ گەشەسەندن و فراژیبوونی مرۆڤ. بەڵام ئاخۆ ئەو پێداویستییانە کامانەن؟

بە لای فرۆمەوە پێنج پێداویستی هەن کە مرۆڤ لە ڕێیانەوە هەوڵ دەدات ژیانێکی هاوئاهەنگی هەبێت، ئــەو پێـــداویستییانـــەش ئـــــەمانەن:


یەکەم: پێداویستی بۆ ئینتیما

لە سەرەتادا مرۆڤ، بە حوکمی ئەوەی خۆیشی بەشێکە لە سروشت، لەگەڵ سروشتدا تەبا و ساز بوو، بەڵام کە هۆشیاریی بە خودی خۆی لا دروست بوو، تا لەو ڕێیەوە بچێتە سەروو ژیانی ئاژەڵانەوە، وەک ئینتیما بۆ خێزان، نەتەوەیەک، نیشتمانێک، کولتوورێک، ئایینێک، بزاوتێکی کۆمەڵایەتی یا سیاسی و… هتد، ئەو تەباییەی لەگەڵ سروشتدا لە دەست دا.

ئەم ئینتیمایە لە مێژووی کۆندا، خۆی لە ئینتیما بۆ گرووپی کۆمەڵایەتی بینیوەتەوە، ئەو گرووپانەی کە باوەڕهێنان بە ئەفسانەیەک، یان دینێک یان کەش و ڕێوڕەسمی تایبەت پێکەوە کۆی کردوونەتەوە، لێ لە سەردەمی هاوچەرخدا، ئەو ئینتیمایە خۆی لە مرۆڤ و دەزگا کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینێتەوە. بەڵام وەک چۆن هەستکردن بەم ئینتیمایە بۆ ئەو گرووپانە لای مرۆڤ، دەبێتە پێداویستی؛ گیرخواردن و قەتیسبوونیشی لەو گرووپانەدا دەبێتە مایەی ئازار و هەندێ جار دەمارگیرییش، بۆیە دەبێ مرۆڤ هۆشیار و وریا بێت و ئەو ئینتیمایەی بۆ هەر گرووپێک لە ڕەهەندی مرۆڤدۆستیی نەخات.


دووەم: پێداویستی بۆ باڵابوون و داهێنان

مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی لە گیانەوەران جیا بکاتەوە، پێویستی بەوەیە گەشە بە ژیانی خۆی بدات، واتە پەرە بە توانا و بەهرەکانی خۆی بدات و شتی نوێ دابهێنێت. هەڵبەتە بۆ ئەمەش مرۆڤ پێویستی بە خۆشەویستییە، واتە هەم خۆی، هەم مرۆڤەکانی تر و هەم مرۆڤایەتی خۆش بوێت، چونکە داهێنانی ڕاستەقینە بەبێ خۆشەویستی نایەتە دی و داهێنانی بێ خۆشەویستی، وەک سەنعەتێکی خاڵی لە جۆش و خرۆشی مرۆیی لێ دێت. لە ڕەوتی داهێنان و باڵابوونیشدا، مرۆڤ هەستێکی خوڵقێنەرانەی لا دروست دەبێت، بەو مانایەی لە هەستکردن بەوەی کە مەخلووقە، دەچێتە هەستکردن بەوەی کە خالقە، ئەمەش دەبێتە مایەی خۆشنوودی و بەختەوەری لە لای. مرۆڤی داهێنەر لە ناخیدا هەست بە بەختەوەری دەکات، داهێنانیش هەروا لە خۆڕا نایەتە دی. دەبێ مرۆڤ هەوڵ و تەقەللا و کۆشش بکات بۆ پەرەدان بە توانا و بەهرەکانی خۆی، تا بگات بەوەی ببێتە داهێنەر، بۆ ئەمەش دەبێ هەست بە ئازادی بکات.

هێندەی پەیوەندیی بە داهێنانەوە هەبێت، مرۆڤ دوو ڕێگەی لە بەردەمدایە: یان ئەوەتا وەک ئاماژەمان بۆ كرد، بە عیشقەوە بۆ ئینسان و بۆ ژیان هەوڵی داهێنانی شتی جوان و سوودمەند بدات، یان گەر نەتوانێ و لەمەدا شکست بهێنێت، ئەوا پەنا دەباتە بەر وێرانکردن و ئازاردانی ئەوانی تر، بێگومان ئەمەش سفەتی ئەو مرۆڤە لاوازانەیە کە ناتوانن لە هیچ شتێکدا داهێنان بكەن، ئیدی لەبەر هەر هۆیەک بێت.

لەمەیشدا و بۆ پێگەیاندنی مرۆڤی داهێنەر، دامودەزگا فێرکاری و پەروەردەییەکان ڕۆڵێکی ئێجگار کاریگەر دەبینن.


سێیەم: پێداویستی بە شوناس

مرۆڤ لە سەرەتای ژیانییەوە و دوای ئەوەی هۆشیاریی لا دروست دەبێت، هەوڵ دەدات چواردەوری خۆی، ژینگە، خێزان، زمان، دین و نەتەوەکەی و… هتد بناسێت، ئەم ناسینە بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە، تا بە ڕیشەکانی بوونی خۆی ئاشنا ببێت و پاشان لەم ڕێیەوە هەوڵ بۆ ناسینی خۆی بدات، لە هەمان کاتدا بچێتە سەر ڕەوتی خوڵقاندنی شوناسیش بۆ خۆی.

واتە مرۆڤ نابێ ببێتە زیندانیی ئەو چوارچێوەیەی تێیدا هاتووەتە بوونەوە و تێیدا ژیاوە، بەڵکو دەبێ ئەوانە تێبپەڕینێت و بەرەو شوناسێکی کراوەتری مرۆیی هەنگاو بنێت و نەبێتە کۆیلەی دەست خێزان یان خێڵ یان نەتەوە یان هەر ئاقارێکی سنوورداری تر.


چوارەم: هاوپەیوەستی

یەکێکی تر لە پێداویستییەکانی مرۆڤ هاوپەیوەستییە، بەو مانایەی کە مرۆڤ بە جیابوونەوەی لە سروشت، تەنیا دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی تەنیاش نەمێنێتەوە، پێویستی بە پەیوەندیبەستن لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا هەیە، چونکە بەدەر لەم حاڵەتە، مرۆڤ بەرگەی ئەو تەنیاییە ناگرێت و نەخۆشی دەخات.

ئەم هاوپەیوەستییەش، هەم بۆ ئەوەیە ئەوانی تر لێمان تێ بگەن و ڕێزمان لێ بگرن، ئێمەش لێیان تێ بگەین و ڕێزیان لێ بگرین. لەم ڕووەشەوە، خۆشەویستی و هاودەردی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەو هاوپەیوەستییە. کەواتە، تێربوونی ئەم پێداویستییە سەرەکییانە بناغەن بۆ ساغڵەمیی تاک و کۆمەڵگە و هەر کەموکورتی و بۆشاییەکیش لە تێرکردنی ئەم پێداویستییانەدا، ئەنجامەکەی بە نەخۆشی دەشکێتەوە.


پێنجەم: بوونی چوارچێوەیەک بۆ چالاکی

بە باوەڕی فرۆم، مرۆڤ لە بوونی ڕاستەقینەیدا، بوونێکی چالاک و ئەرێنییە، نەک بوونێکی پاسیڤ، بۆ ئەوەی ئەو چالاکییانەشی ڕۆڵی کاریگەری خۆیان ببینن، پێویستیان بە چوارچێوەیەک، یان ئاقارێک هەیە کە بیانگرێتە خۆی. لێرەدا مەبەست لەو چوارچێوە یان ئاقارە، ئەوەیە کە بەبێ ئامانجێکی مرۆیی و ژیاندۆستانە کە ببێتە ئاقارێک بۆ چالاکی و بەرهەمەکانی، مرۆڤ دوچاری جۆرێک لە ونبوون و نامۆبوون دەبێت و ئەو چالاکییانەی بێبەر دەبن و ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان ناگێڕن. بەڵام فرۆم مەبەستی لەم ئاقارە، ئاقارێکی ئایدیۆلۆژی و دۆگماتیک و داخراو نییە، بەڵکو ئاقارێکە کە لە خزمەتی ژیان و مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکاندا بێت، نەک لە خزمەتی بەبتکردن یان پەرستنی شتێک یان ئایدیایەک یان کەسێکدا.

ئەم کتێبەش كە ئێستا لە بەردەستی خوێنەردایە، واتە «هەمانبێت یان هەبین»، دوایین بەرهەمی فرۆمە بەر لە مەرگی، کە تێیدا باس لە دوو ئاڕاستەی سەرەکی دەکات لە بووندا یان لە ژیاندا؛ ئاڕاستەی «خاوەندارێتی»، کە خۆی لە بەخاوەنبوونی شتەکان و ئایدییاکان و بگرە تەنانەت مرۆڤەکانیشدا دەبینێتەوە و مرۆڤ لەم مۆدێلەی ژیان و بووندا، بە چاوی «شت»ـەوە دەڕوانێتە هەموو بوون و ژیان و شتەکانی و دەیەوێ لە ڕێی ئەو بەخاوەنبوونەیانەوە بوونی خۆی بهێنێتە دی، کە بە بۆچوونی فرۆم ئەمە ئاقارێکی مەترسیدارە و جگە لە بەدبەختی و نامۆبوون و وێرانکردنی ژیان و سروشت و مرۆڤ، هیچی تری لێ ناکەوێتەوە. ئاڕاستەی دووەمیش بریتییە لە «هەبوون»، کە تێیدا مرۆڤ هێز و وزە مرۆییە ژیاندۆستەکانی ناو ناخی دەخاتە گەڕ بۆ داهێنان و خزمەتکردن بە ژیان و مرۆڤایەتی و بە چاوێکی عاشقانەوە دەڕوانێتە دونیا و ژیان و مرۆڤەکان و ژینگە و، خوازیاری هاوپەیوەستییە لەگەڵ مرۆڤەکاندا و دەیەوێ باڵایی و جوانی بە ژیان ببەخشێت. لە ڕاستیدا ئەمە یەکێکە لە گرنگترین کتێبەکانی ئەریک فرۆم، کە تێیدا دۆخی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نوێ شی دەکاتەوە، نەخۆشییەکانی دەستنیشان دەکات و پێشنیازەکانی خۆیشی بۆ دەرچوون لەو دۆخە تراژیکە دەخاتەڕوو و هۆشداری دەدات بەوەی گەر هەموومان هەوڵ نەدەین دید و ڕوانین و شێوازی بەرخۆرانەی ئێستامان بگۆڕین و بە ڕۆحییەتی «هەبوون»ـەوە مامەڵە لەگەڵ دونیا و ژیانماندا نەکەین، ئەوا کارەساتێکی گەورە چاوەڕێی هەموومان دەکات.

داگرتنی بابەت